
شازده‌ی سێ … حه‌سه‌ن مسته‌فا
شازده‌ی سێ ئه‌مه به‌رواری له‌بیرنه‌چوونه‌وه‌یه..له‌بیرنه‌چوونه‌وه‌ی جومگه‌یه‌كی گرنگی مێژوو.. مێژووی كاڵكردنه‌وه و سڕینه‌وه، مێژووێك كه به‌رده‌رگای گرتبووین نه‌یده‌هێشت رۆحمان به تروسكه‌كانی ده‌ره‌وه بگات..نه‌یده‌هێشت مژێك..ده‌نووكی هه‌ناسه‌یه‌ك له هه‌وای ئازاد بده‌ین. مێژووێك كه كه‌ڕبوو بۆ هاواره‌كان، لاڵبوو له ئاست داواكان، كوێربوو له‌ئاست بینینی كه‌وتنی لاشه‌ی فریشته و په‌پووله‌كان كه له‌به‌رپێی شنروێ هه‌ڵڕژابوون..چه‌ند بێهیوابوو ئه‌م كۆسته‌ی كورد.. چه‌نده شه‌كه‌ت بوو هه‌ڵه‌بجه له‌ژێر باڵی چڵكنی دووكه‌ڵ…دووكه‌ڵی خه‌رده‌ل و سیانید. تۆ چه‌ند دڵپاك بوویت هه‌ڵه‌بجه، كه سنگت وه‌ك قه‌لغان بۆ زه‌بری نه‌شته‌ری به‌عس راگرتبوو قه‌ت پێت وانه‌بوو قژ زه‌ردێكی رۆژاوایی له‌پشته‌وه خه‌نجه‌ر له‌نێو قۆڵنجه‌كانت گیربكات، ئه‌م خه‌نجه‌رانه ژه‌هراویترن..ئه‌م خه‌نجه‌رانه دزێوترن..خۆ ئه‌م خه‌نجه‌رانه كه‌م نین كه چه‌قیوونه‌ته سه‌ر په‌ڕه‌ی دڵمان، هه‌ڵه‌بجه.
ده‌زانین له شازده‌ی سێ چه‌ند به نائارامی خه‌وتیت. چه‌ند خه‌ونێكی هه‌ڵبزڕكاوت بینی.. چه‌ند بێكه‌س مایته‌وه له‌ژێر ته‌ونی چنراو له ویژدانی تۆپیوی ئه‌وانه‌ی قه‌ڵه‌م ده‌ئاژوون بۆ نووسین و زیادكردنی بڕگه‌یێكی دی له جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ…كام ماف؟!..كام مرۆڤ؟! تائێستاش ئێمه له‌پله‌ی مرۆڤه‌كان ئه‌ژمار نه‌كراوین .. تا ئه‌مڕۆش نه‌ته‌وه‌كه‌م گیروگازیه‌تی بۆ ئازادی.
له شازده‌ی سێ دا هه‌ڵه‌بجه ته‌نها مایه‌وه. كه‌س فریای ناشتنی ئه‌و هه‌موو لاشانه نه‌كه‌وت ..كه‌س فریانه‌كه‌وت هه‌ناسه‌ی ساوایه‌ك به ئاوی گوڵه‌باخ فێنك بكاته‌وه..برینی پیرێك به گیراوه‌ی گوڵانی مانگی گوڵان سارێژكات، نه‌غمه‌ی زامداری شاگوڵێك بێنێته‌وه ناو ئاوازێكی ته‌ڕ.. سه‌دایه‌ك نه‌بوو ده‌نگی گه‌نجانی كانی عشقان بخواته‌وه، كه پڕ به گه‌روو هاواریان ده‌كرد ” بڵێن به بوكی تازه‌ی یه‌ك شه‌وه‌م گه‌ر هاته سه‌ر نه‌عشم ، بڵێن خۆی بۆ وه‌ته‌ن كوشت و له‌ڕێی ئه‌وا گیانی به‌خشی”* . ئه‌و رۆژه له‌م “وه‌ختی زارییه هه‌موو ره‌فیقان شینیان كرد، هیچیان ته‌قسیریان نه‌كرد له گریان شیوه‌نیان یه‌كجاری بوو”** ، ” هێنده جاری بوو له‌چاوی كوردستان فرمێسكی خه‌م بێ ته‌مـاشـاكـه‌ن! هه‌زاران تـانجه‌ڕۆ و سیروان ئه‌كــا”***. ئه‌م هه‌موو ئه‌شكه، ئه‌م هه‌موو قوڕپێوان و رۆڕۆیه ، ئه‌م هه‌موو نزایه بۆ تۆبوون هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵام پێده‌چێ كاریگه‌ری ئه‌م هه‌وره سامناكه‌ی رۆژی شازده‌ی سێ به‌سه‌رته‌وه‌مابێت..پێده‌چێ سییه‌كانت كه له‌به‌ر گزنگ هه‌ڵتخستوون پڕ هه‌وا نه‌بووبن..هێشتا عه‌وداڵی هه‌وای ئازادیت..هێشتا عه‌وداڵی ده‌ستێكی له‌م هه‌موو ده‌سته چڵكنانه‌ی مێژوو پاكت كاته‌وه، هێشتا عه‌وداڵی ده‌ستێكی له‌نێو هه‌ور‌وچڕه دووكه‌ڵ ئازادتكات.. خزمه‌تتكات، هه‌ڵه‌بجه.
* ئاماژه‌یه بۆ دێڕه شیعرێكی گۆران.
** ئاماژه‌یه بۆ دێڕه شیعرێكی نــــالی.
*** ئاماژه‌یه بۆ دێڕه شیعرێكی قــانع.