Skip to Content

Sunday, April 21st, 2024
بەراورد و لێکچون لە نێوان ڕاپەڕینەکانی ١٩٩١و٢٠١١

بەراورد و لێکچون لە نێوان ڕاپەڕینەکانی ١٩٩١و٢٠١١

Closed
by March 19, 2011 گشتی

پێناسێکی گشتی بۆ مێژوو بریتیە لەو کردە مرۆییانەی کە لەڕابردودا ڕویانداوە کە سەرنجی مرۆڤ لەمرۆدا رائەکێشی و وای لێدەکات کە بەئەزمون وەرگرتن لەو کردانەی خۆی ئێستای بخوێنێتەوە و داهاتوشی پلانڕێژ بکات. ئەگەر سەرنجی مێژووی ئایینەکان بکەین ئەوا لە هەمویاندا باس لە ڕابردوو کراوە و وەکو ئەزمون نیشانی مرۆڤەکان دراوە. لەهەموو زانستە مرۆڤایەتیەکانیشدا دیسان مێژوو وەک سەرچاوەو پاڵپشتی سەرەکی لەقەڵەم ئەدرێت، بەتایبەتی لەزانستی سیاسیدا. ئەو سیاسەتمەدارەی کە توانای خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی مێژویی لاواز بێت نەك هەر ناتوانێ سیاسەت بکات بەڵکو بە حوکمی پێگەکەی، لەوانەیە گەورەترین بەڵا بەسەر خەڵکەکەی بینێ. زۆر کەس لەوانەیە گوێنەدانیان بە مێژوو، لەو تێڕوانینەوە بێت کە مرۆڤ هەمیشە لە پێشکەوتن دایەو ئەوەی لە ڕابردودا رویداوە دوبارە نابێتەوە. بەڵام بەخوێندنەوەی خودی میژوو بۆمان دەر دەکەوێ کە لەوانەیە دیاردەو کردە مرۆڤایەتیەکان لە کاتی جیاوازدا بە فۆرمی جیاواز خۆیان دوبارە بکەنەوە. ئەو تراژیدیانەی کە ڕۆژانە مرۆڤ بە سەریەکتری دێنێ مەگەر دوبارە بونەوەی مێژوو نیە؟ من پێموایە، ئەگەر هەموو شتیک لە مرۆڤدا گۆرانکاری بەسەردا هاتبێ ئەوا جەوهەری دەستەڵات توانیویەتی خۆی بپارێزێ. کە بریتیە لە خواستی کەسێک یان گروپێك بۆ بەڕێوەبردنی داخوازی وبەرژەوەندیەکانی خۆی لەڕێگەی ناچار کردنی کەسانی تر، جا ئەو ناچارکردنە لەڕێگەی توندو تیژیەوە بێت یان نەرمی. دیارە لە بەرامبەر ئەوەشدا خواستی کەسانی بەکار هاتوو و ژێردەستەی ئەو گروپ و کەسانەش جەوهەری ئازادی خوازانەی خۆیان هەرگیز ون ناکەن.
لە ساڵی ١٩٩٠ سەددام بە نەخوێندنەوەی وردی مێژوو و ئەو جەوهەری دەسەڵاتەی کە لەسەرەوە باسم کرد، بەڵایەکی گەورەی بەسەر گەلانی عێراق داهێنا کە تا ئێستاش بەدەستیەوە ئەناڵینن. ئێمەی کوردیش، وەك قوربانی هەرگەورەی ئەوە و سیاسەتەکانی پێشوتری ئەو دیکتاتۆرە، جامی رق و توڕەییمان لەبەرامبەر ئەو زوڵمە گەورەیەی کە لێمان دەکرا لەسەری ڕژاو بە سودوەرگرتن لە هەل و مەرجەکە، تەکانێکی مێژویی زۆر بەجەسارەتمان دا بەخۆمان کە ئەوەی لە هەمووکەس زیاتر شۆک بو و باوەڕی نەدەکرد سەرکردەکانی ئێستامانن. ئەوەی کە زەمینەی ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ی ساز کرد تەنیا هەل ومەرجی دەرەکی نەبوو. بەڵکوو هۆکاری سەرەکی ئەو زوڵمو چەوسانەوەیە بووکە  دەسەڵاتی بەعس بەسەر کوردی هێنابوو. ئەوەی چەخماخەی ڕاپەرینیشی دا بەد بەخترین کەسی ناوچەی ڕاپەڕین کاکە حەمە بوو کە حەمباڵێکی چوار قورنە بوو و هەر بە حەمەشێت ئەناسرا.* بەڵام دەر کەوت کاکە حەمە نەک هەرشیت نەبوو بەڵکو لەزۆرێک لەو سەرکردانەی ئێستا زاناتریش و بە جەسارەتتریش بوو. ئەوگەنجە تونسیەی کە عارەبانەکەی زەوتکرا و ئێستاش بە گڕی جەستەی ئەو، بۆکروزی دکتاتۆریەت وا خەریکە هەموو جیهان ئەگرێتەوە، کاکە حەمەی خۆمانم بیردەخاتەوە. ئەوەی ئەڵی مێژوو خۆ دوبارە ناکاتەوە دەتوانی چ هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەوە بکات کە گەنجە تونسیەکەش هەر ناوی محمد(محمد البوعزیزی) بوو و ڕاپەرینەکەی ئێستای باشوریش لە بۆنەی پیرۆزکردنی شۆڕشەکەی محمد البوعزیزیەوە دەستی پێکرد. 
ئەگەر هۆکاری سەرەکی ڕاپەڕینی ١٩٩١ نا دادوەری و چەوسانەوە بوبێت، ئایا خۆگیلکردن لە هەبونی هەمان هۆکار لە ساڵی ٢٠١١، بەڕەی دەسەڵات لەئاو دەردەخات؟ خۆ ئەگەر هۆکاری دەرەکیش یارمەتی دەری راپەڕینی ٩١بوبێ ئەوا هەمان زەمینە ئێستاش لەبارە، بەڵام بە شێوازێکی تر.
خەسلەتیکی تری هاوبەش لە نێوان ئەو دوو کاتە مێژویەدا بەبۆچونی من ئەوەیە کە گەل ترسی لەدەسەڵات شکاوە و باکی بە مردنیش نیە. ئەو گەنجانەی کە لە چوارقورنە بەرەو دامو دەزگاکانی ڕژێم بەڕێ کەوتن تاکە چەکی دەستیان ئیرادەی خۆیان بوو. ئەوەی کە لە ڕانیە دەستی پێکرد و ڕاپەڕینەکەی یەکلا کردەوە بەچەک دەستی پێکرد. ئەبینین ئەو گەنجانەی کە لەبەردەمی لقی چواریشدا خەڵتانی خوێن کران هەر بێچەک بون.
ئەوەی کە لێرەدا پیویستە بەراورد بکرێت ئامانجی ڕاپەڕینەکانە لەم دوو کاتە جیاوازەدا. هەڵبەتا ئامانجی ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ پیویستی بە شیکردنەوەیەکی ئەوەندەئاڵۆز نیە. تاکە ئامانج ڕزگار بون لە دەسەڵاتی داگیرکاری و پشودان بوو لە ژیرسایەی دەسەڵاتێکی خۆیی. کە ناتوانرێ تەواو لەگەڵ ئامانجی ئەم راپەڕینەی ٢٠١١ لەیەک بچوێنرێت بەڵکو دەتوانرێت وەک تەواو کەری ڕاپرینەکەی ٩١ بنرخێنرێت، کە تەنیا دەسەڵاتێکی خۆ ماڵی دروست کرد کە لە جەوهەردا لەدەسەڵاتی پێشووتری داگیرکەر جیاوازی نیە و بە کرداریش ئەودەسەلاتە سەلماندویەتی. دیارە هینانەوەی سوپای ئەوڕژێمەی کە گەل لەبەرامبەری ڕاپەڕی بۆ هەولێر و هاوکاری کردنی هەردوو ڕژێمی ئێران و تورکیا بۆ سەرکوتکردنی کورد، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن. کەواتا ئەم ڕاپڕینەی ئەمجارە دەتوانرێت وەک بەردەوامی ڕاپەڕینی یەکەم سەیر بکرێت نەك وەك لەباربەری دەستکەوتەکانی. لێرەشدا شتێکی زۆر گرینگ ئەوەیە کە ئەو نەوەیەی کە لەسەردەمی ڕاپەڕینی یەکەمدا هەر لەدایکیش نەببو ئەمڕۆ دوای ٢٠ساڵ شەرەفی بەشداریکردنی ئەو ڕاپەڕینەی پێ ئەبڕێ و ئەیخاتەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی، کە بریتیە لە ڕێکردن بەرەو ئازادی و دادپەروەری. بۆیە ئەوانەی ئەو نەوە تازەیە بە ئاژەوەگێڕ و جل ڕەش بە ناو دەکەن و بێڕێزیان بەرامبەر دەکەن ، هیچ جیاوازیێکیان لەگەڵ ئەوانەدا نیە کە لە ٩١ بەرامبەر ڕاپەڕینی خەڵك سەنگەری بەعسیان هەڵبژارد. دیارە ئەوانەی ئەمڕۆ بێڕێزی بەرامبەر خۆپیشاندەرەکان دەکەن هەر ئەوانن ئەوکەسانە دەپارێزن کە لە ٩١ لەسەنگەری دوژمندابوون.
ڕاستیێك و لێکچونێکی تری نێوان ئەو دوسەردەمە، کە زۆر گرینگ ویەکلاکەرەوەیە، یەکگرتنێکی سروشتی گەلە کە لەسەروی حیزبەکانەوە پێکهاتوە. لەساڵی ١٩٩١کەس پرسیاری ئەوەی نەدەکرد کە کێ سەر بە چ حیزبێکە، بەڵکو هەموو خەڵک بەرەو یەك ئامانج ئاراستەیان گرتبوو و بێگوێدانە هیچ جیاوازیێك دەست لەناو دەست کاریان دەکرد. ئەمرۆش بەهەمان شێوە ئەو خەڵکەی کە ڕۆژانە لەبەر دەرکی سەرا کۆدەبنە هەمویان یەك ڕەنگ و هەڵگری یەک ئایدۆلۆژی تایبەت نین، بەڵکو هەموو چین، توێژ و گروپە جیاوازەکان بەیەکەوە گرددەبنەوە وگفتوگۆ لەسەر پرسە هاوبەشەکانیان دەکەن. بەیەکەوە گوێ لە وتارە جیاوازەکان دەگرن و نوێژی بە گشتی دەکەن. دیارە ئەمەش دیاردەیەکی هەرە پیرۆزی سەرەتای هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینێکە ئەگەر خیانەتی لێنەکرێت و ڕێزی لێبگیررێت. چونکە ئەوەی کە ڕاپەڕینەکەی بەهاری ٩١ی بەلاڕێدا برد خیانەتکردن بوو لەو گردبونەوە هاوبەشە کە نەك هەر شار، گەڕەک، گروپ،حیزب و دراوسێکان بەڵکو براو براش لەیەکتری کران بە دوژمن. مەگەر نەبوینە شاهێدی کوشتنی برا بەدەستی برا لەسەر جیاوازی حیزبایەتی؟ بۆیە ئەوەی کە لێرەدا گرینگە و یەکلاکەرەوەیە پەرەپێدانی ئەو گیانی هەستکردنەیە بە چارەنوسی هاوبەش. پێویستە ئەو دەنگەناخۆشانەش گوێلێ نەگیرێن، کە بەزانابون یان بەنەزانی،  کەلێنی ناکۆکی شارەو شار فراوانتر دەکەن. دەبێ ئەوە تێبگەین کە بێدەنگی ناوچەکانی تر مانای ڕازیبوون بە ڕەوشی هەیی نیە. کە گڕکانێك ئەتەقێتەوە تەنیا لە لوتکەیەك یان کونێکی بچوکەوە دەردەکەوێ بەڵام خودی ناوچە گڕکانیەکە زۆر لە ڕوبەری ئەو کونە بەرفراوانترە و ئەگەری تەقینەوە لە هەرشوێنێك و ئان و ساتێکدا چاوڕوانکراوە.

———————————————————————————-

*دیارە  مێژوی دەستپێکردنی ڕاپەڕینەکە زۆر گفتوگۆی لەسەرە. بەڵام ئەوەی کە من ئاگادارم بەهۆی ئەوەی کە من لەچوارقورنە ژیاوم سەرەتای راپەڕینەکە سەرلەبەیانی ٥ی٣ لە چوارقورنە دەستی پێکرد کە کاکە حەمە بەرمیلە زبڵەکانی فڕێدایە سەر جاددەو دروشمی ڕوخانی بەعسی وتەوە. بەوەش گەنجانی شارەکە کە هەندێکیان پلانی پێشوەختیان دانابوو بەرەو دامو دەزگاکانی رژێم بەڕێکەوتن. مخابن بەهۆی زۆری هێزەکانی ڕژێم لە چوارقورنە ڕاپەڕینەکە سەرکوتکرا بەڵام تازە کار لەکار ترازابوو هەواڵی ڕاپەرینی چوارقورنە گەشتبۆ ڕانیەو حاجیاوا چونکە چوارقوڕنە دەکەوێتە نێوان ڕانیە و حاجیاوا. من لێرەدا تەنیا مەبەستم ناو هێنای کاکە حەمەیە نەک شتێکیتر. هیوادارم کەسانی ئاگادارتر لەمن بتوانن ئەو بابەتە زیاتر ڕونبکەنەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.