Skip to Content

Sunday, May 19th, 2024
سەرەنجامی نادادپەروەری و ئەگەرەکان!

سەرەنجامی نادادپەروەری و ئەگەرەکان!

Closed
by March 19, 2011 گشتی

 

لەکاتێکدا خەڵک پێیوابوو لە سایەی دەسەلاتی خۆماڵی کوردی دوای ڕاپەڕین دەحەسێتەوەو بەری ڕەنجی خوێن و ماندوبونی خۆی دەچنێتەوە، کەچی بەداخەوە ئەوان نادادپەروەریەکی بێئەندازەیان لەناو هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگادا پەیڕەوکرد، موڵک و ماڵی خەڵک و هی گشتیان تەنانەت کۆمەڵگاشیان بەسەر هەردوو حیزبدا دابەشکرد. جا لەبەرئەوەی ئەم ئەنجامە پێشبینی نەدەکرا بۆیە خەڵکی کوردستانی تووشی بێئومێدیەکی زۆر کرد.  هەرچەندە تووڕەبونی خەڵک دەمێکە پەنگی خواردۆتەوەو بە شێوازی جۆراوجۆر دەربڕدراوە، بەڵام لە دوای کارەساتی ١٧ی شوباتەوە خۆپیشاندانەکان چوونەتە قۆناغێکی تر. لە ناوچەکانی هەولێرو دهۆکیش هەمان ناڕەزایی و بگرە زۆرتریش هەیە بەڵام دیارە هێشتا بارودۆخەکە پێنەگەییوە.

جا پێشئەوەی باسی ئەگەرەکان بکەم، بۆ تێگەیشتنی حاڵەتەکە، پێویستی بە خستنەرووی چەند داتایەک هەیە لە سەر نەخشەی سیاسی کوردستان کە دەبێ بە هەندی وەرگرین. خۆپیشاندانێکی بەرفراوان زۆربەی شاروشارۆچکەکانی ئەوێی خرۆشاندووە کە نزیکەی مانگێک دەبێ سوورن لە سەر داوا رەواکانیان، تا ئێستا هەشت شەهیدو دووسەد بریندار هەیە، لەولاوە دەسەڵاتیش سەرەتا بە زەبری چەک و خوێنڕشتن، بەم دواییەش بە بەڵێنی جێبەجێنەکراو کاتەکە بەسەردەبات بۆ بڵاوەپێکردن و ماندووکردنیان. دەبێ بزانین کە دەسەڵات لە چەپڵە یان گلەیی شەرمنانە زیاتر فێری خۆپیشاندانێک نەبووە کە بە دەسەڵات بڵێ، نەخێر بۆ سیستەمەکەت و دەمەوی تۆ بگۆرم! ئەم جۆرە خەباتە بۆ ئەوان و بۆ خەڵکیش نوێیە، ئەمە لە کاتێکدا شەپۆلی ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هێندێکیان سەرکەوتن و هێندێکیان بە ڕێگەوەن، کاریگەری خۆی لەسەر کوردستانیش نواندووە، کورسیە گەرمە خواپێداوەکەی دەسەڵاتدارانی هەژاندووە.

 هەروەها ئەمڕۆ پاشماوەی دوو ئیدارەیی هەیە، دوو لەشکر و دوو دارایی دوو سەرۆک و هتد هەیە. ئۆپۆزیسیۆن بە گۆڕانی سێکیولار کە تاڕاددەیەک توند دێتە بەرچاو، بە یەکگرتوو و کۆمەڵ کە ئیسلامی سیاسین، لە سلێمانی بەهێزترە وەک لە شارەکانی تر. لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا پەرواێزی دیموکراتی زۆرترە بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا لە هەولێرو دهۆک ئازادی مۆڵەتی خۆپیشاندانی ئۆپۆزیسیۆن نیەو باکیان بە بەکارهێنانی توندوتیژی زۆریش نیە، ئەمەو جگە لە سۆزی خەڵکێکی زۆری بنکەی یەکیتی بۆ خۆپیشاندانەکان. دەبێ لەبیری نەکەین کە دەسەڵات لەشکرێکی گەورەی چەکداری جۆراو جۆری ئەمنی و سەربازی حیزبییان هەیە لە ژێر ناوی جیاجیاو لەبەرگی جیاوازدا، لە کاتی لێقەومانی حیزبدا بۆ سەرکوتکردن بەکاریان دێنێ. هەروەها خەڵکێکی زۆری بە مووچەی جۆراوجۆر بێلایەنکردووە. شایانی باسە دەسەلاتی کوردی شارەزاترین وەستای خەڵەتاندنە، دوور نیە خۆی بکاتە خاوەنی هەموو داخوازیەکانی خۆپیشاندەران، بگرە قەرزاریشیان بکاتەوە، بەوەی کە دەسەڵات هەڵگری هەموو چاکسازیە بنەڕەتیەکانە بەڵام ئاژاوەگێڕان دەرفەتی نادەن، ئەڵبەت بۆ ئەوەی داخوازیەکانی جەماوەر خەڵک ئیفلیج بکات. بابەتێکی تریش هەیە پێویستە تیشکی بخەینە سەر ئەویش لە کوردستاندا خەڵک لە دوای ٢٠٠٣ وە لەبارودۆخی گرانیەکی سەختەوە پێی ناوەتە بارودۆخی ژیانێکی خۆشترو باشترو ڕێژەی هەژاری زۆر لەجاران کەمتر بۆتەوە، کە ئەڵبەت ئەم هۆیە ئابووریە کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان.

لەبەر ئاڵۆزی و کەم ڕۆشنی بارودۆخی کوردستان کە پێشهاتی لەناکاوی زۆرە و کاریگەری ووڵاتانی دەوروبەرو دەولەتی عیراقی و نێودەولەتی لەسەرە، بۆیە پێشبینی ئەگەرەکانی ڕێڕەوی ئەم خۆپیشاندانانە کە لەم ناعەدالەتیەی باسمکرد سەرچاوەی گرتووە، کارێکی ئاسان نیە.

خۆمان دەزانین خۆپیشاندان لە سلێمانی بەردەوام و گەرم وگوڕە، بەڵام ئەگەر خۆپیشاندانەکان هەولێریش نەگرێتەوە کە دیارە بڕیاردەرە، بەهۆی ئەم دام و دەزگا داپلۆسێنەرەی کە دەسەڵات هەیەتی، لەوەدەچێ ئەم جووڵانەوەیە لە پارێزگای سلێمانی قەتیس ببێ و ببێتە هۆی جۆرێک لە دابڕینی هەولێر لە سلێمانی، سەرەتاکەی لە هاتوچۆی بازگەکان و زانکۆکان دەرکەوتوە، وەک بینیمان پارتی بە هیچ جۆرێک بواری خۆپیشاندان نادات لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، دیارە ئەوەندە باکی بە زۆنی دەسەڵاتی یەکێتی نیە، دەسەڵات پاشی ئەم هەموو قوربانیەی خۆپیشاندەران، تەنیا بە هەڵبژاردنێک ڕازیە، لەژێر چەتری دام و دەزگا ترسێنەرەکانی خۆیدابێ کە پێشوەخت ڕێژەی سەرکەوتنی زۆرینەی بۆ مسۆگەر دەکات، ئۆپۆزیسیۆنیش بەبێی حکومەتێکی بێلایەن رەتی کردۆتەوە. بەم دواییە دەسەڵات لە چەند کەناڵێکی دەسەڵاتەوە داوای گفتوگۆی کردووە، ئەوە نیشانەیەکی پۆزەتیفە هەرچەندە جێگای باوەڕیش نیە، بۆیە هەقوایە شەقام و ئۆپۆزیسیۆنیش هەنگاو بەرەو جۆرە ڕێککەوتنێک بنێن لەگەڵ دەسەڵات کە بە قازانجی خەڵک بشکێتەوە. ئەوە جگە لەوەی قورسایی شەقام زیاد دەکات، دەبێتە هۆی ئەوەش کە دەسەڵات نەتوانێ بڵێ ئەوانە بە هیچ ڕازی نین و باوەڕیان بە گفتوگۆ نیە. دەشکرێ ململانێیەکە هەڵپەسێرن تاوەکو هاوکێشەی ململانێکە دەگۆڕێ و لەکاتێکی شیاوتردا گەرمببێتەوە. بەڵام بۆ بارودۆخی ئەمڕۆ، پشتگیری لە گفتوگۆیەکی شەفاف بکرێ بۆ جۆرە ڕێککەوتنێک کە داخوازیەکانی جەماوەری خۆپیشاندەر بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوە چارەسەرێکی کاتی شیاوە، کە ئەنجامی خێری لێدەکەوێتەوە.

ئەگەر هات و چ  ئۆپۆزیسیۆن و شەقام لەلایەک و چ دەسەڵات، هەر سوور بن لەسەر بۆچونەکانی خۆیان و بەتایبەتیش دەسەڵات کە بۆ چەواشەکاری ئاڵای گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان بەرزدەکاتەوە، لەلایەکی تریش ناوناوە پرۆپاگەندی ناشیاو لەسەر خەڵکی خۆپیشاندەرو ئۆپۆزیسیۆن بڵاو دەکاتەوە ئەڵبەتە پێویستە وا نەبێ چونکە نیازپاکی دەخاتە ژێر پرسیارەوە! ئەو بارودۆخە ئەگەری ئەوەی هەیە کە دەسەڵات وەک بینیمان توندوتیژی زۆرتر بەکاربێنێ کە ڕەنگە خوێنڕشتنێکی زۆرتری لێبکەوێتەوە. ئەوکاتەش توڕەییەکان پەرەدەسێنێ و بواری گفتوگۆ تەسکتر دەبیتەوە، ئەوکاتە شەقام ناچار دەبێ کە بە چەک بەرگری لە خۆی بکا. لێرەدا، ڕاپەڕینی جەماوەری، یان شەڕێکی کۆمەڵایەتی دێتە کایەوە، کە بە گوێرەی ئەم هاوکێشەیەی ئەمڕۆ سەرنجامەکەی نادیارە.

خۆ ئەگەر یەکێتی لە ڕەوتی گەشەسەندووی ڕاپەڕیندا بەهۆی هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ستراتیجی بکەوێتە بەرەی گەلەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا بکەونە سەرخەت، خەڵکی هەولێرو دهۆکیش خۆپیشاندان بکەن، ئەوە جولانەوەکە بەرفراوانتر دەبێ و تەنگ بە دەسەڵاتی زۆنی پارتی هەڵدەچنێ، ئیدی دەسەڵات ناچار دەبێ کە بە کەمترین زیانی ماددی و خوێنڕشتن واز لە دەسەڵات بهێنێ. ئەوکاتە هەموو ڕەنگەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەشدار دەبن لە داڕشتنەوەی سیستەمیکی نوێ لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی نوێوە بۆ ئەوەی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێ دابمەزرێنن، کە کۆمەڵانی خەڵک لەسایەیدا دادپەروەری زۆرتری تیا دەسکەوێ و چارەسەری بۆ دیاردە دزێوەکان بدۆزرێتەوە.

ئەو نادادپەروەریەی دەسەڵات، وەهای کردووە کە ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی بێچارەی هەژار ئەو دەسەڵاتدارانە حەواڵەی خوابکا، ئیدی منداڵێک ماوەی بیست ساڵ ئەم قسەیەی لە دایک و باوکی گوێ لێبووبێت و لەم ئاوهەوایەی کە ئۆپۆزیسیۆنی سێکیولاری ڕێکخراو ماوەیەکی درێژە دەورێکی ئەوتۆی نەبووە، لە سایەی ئەم ستەمەدا، ڕێژەیەکی زۆری ئەم نەوەیە دەبنە ماددەی خامی ئیسلامیەکان، بۆیە بەدوور نیە کە ئیسلامی سیاسی باسکیان بەهێز ببێ و کاریگەری گەورەیان لەسەر دەرەنجامی خۆپیشاندانەکان هەبێ و بەری ڕەنج و خەباتی خەڵک بە ئاقارێکی ئاینی توندڕەودا ببەن. نموونەشمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆرە، لە ئێران ئاخوندەکان ویلایەتی فەقیهیان دامەزراند، لە تورکیا حیزبی دادو گەشەسەندن هات، سەرکەوتنی حەماس بەسەر ڕێکخراوی فەتحی فەلەستینی، تاڕاددەیەک دەسەڵاتی زۆری حیزبە دینیەکانی عیراق لەدوای ڕوخانی سەددام، هەڵکشانی ئیخوان موسلمینی میسری، هەڵکشانی حیزبوڵڵای لوبنانی، ڕەنگە ووڵاتانی لیبیاو بەحرەین و یەمەنیش هەمان چارەنووسیان هەبێ.

بەو حیسابەی ئێمە بەشێکین لە دەوڵەتی عیراق بۆیە ئەگەری هاتنە سەرخەتی دەوڵەتی عیراقیش لەئارادایە، بەتایبەتی ئەگەر ململانێکان کارەساتی گەورەی لێبکەوێتەوە، بەلای کەمی ڕەنگە عیراق بۆ ناوبژی بێتە ناو سنووری هەرێمی کوردستانەوە، هەروەک چۆن تورک هاتە بەینی شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی. هەروەها نابێ نادیدەبگیرێ کە دەوڵەتانی دەوروبەریش لەوانە تورکیاو ئێران، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە شێوەی جۆراوجۆر بەشداری ململانێکان دەبن.

ئینجا ئەگەر دەسەڵات وەکدەڵێ بەڕاستی خەمی ئەزموونی کوردی و شاڵاوی شۆڤینیەکان و کەرکوکیەتی، دەبا بە بەخۆیدا بچێتەوەو چاکسازی ڕیشەیی بۆ سیستەمی حوکم  بکات، دادپەروەری کۆمەڵاتی پەیرەو بکات، گوێ لە داخوازیەکانی خۆپیشاندەران و ئۆپۆزیسیۆن بگرێ، ئەگەرنا، بەرپرسیاری سەرەکی هەر سەرەنجامێکی نەخواستراوی وەک پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی، هەڵگیرسانی شەڕی ناوەخۆیی، هاتنە ناوەوەی حکومەتی عیراق و ئێران و تورکیا، هەروەها لەدەستدانی ناوچە دابڕاوەکان، هەموو مەترسیەکان، ئۆباڵەکەی بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتدارانەیە کە بەدەیان ساڵە بوونەتە مۆتەکەی سەر گیانی تاکی کوردی و وازیش لە دەسەڵات ناهێنن. لە کۆتاییدا دەڵێم، سەرەنجامی نادادپەروەری خۆپیشاندان و ڕاپەڕینە، هەقوایە دەسەڵاتی کوردی سوود لەم پەندە کوردیانە وەرگرێ کە دەڵێ: پەتی درۆ کورتە و زۆرداریش هەتا ئەستورتر بێت زووتر دەپسێت.

hoshmend-salih@hotmail.com
18-03-2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.