رۆشنبیره كه‌ونییه‌كانمان!! …. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
ئه‌و رۆژانه‌ی به‌یه‌كه‌وه ناته‌بابووین و ده‌ستمان له یه‌كتر ده‌وه‌شاند، بینیان ئه‌وه‌نده درێژ نه‌بوو رایانكرد، ئه‌و شوێنانه‌ی لێی گیرسانه‌وه ناویان نا تاراوگه، مه‌نفا و …تاد. له‌وێوه كه‌وتنه زمانگێڕان به‌ولا و به‌ملادا و نه‌یانتوانی هه‌ل و مه‌رجه‌كانی ئه‌وێ بۆ هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی خۆیان بقۆزنه‌وه، تا هات لاسه‌نگتر و تا رۆیشت به وڵات نامۆتر ده‌بوون.
هه‌یانبوو نیشتمانی وه‌ك سه‌رزه‌مینی جه‌هل وه‌سف ده‌كرد و نه‌ته‌وه‌ش وه‌ك كۆمه‌ڵێ جاهل. هه‌شیانبوو له‌وێدا و له نێو كولتووری دووه‌مدا تاوانه‌وه و كه ده‌هاتنه‌وه به پۆزه‌وه به سه‌ر شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕۆیشتن و به بێزه‌وه ته‌وقه‌یان له‌گه‌ڵمان ده‌كرد و به فیزه‌وه ده‌دوان. هه‌شبوون به‌ڵام ئه‌وه‌نده نه‌بوون تا ده‌هات بۆ نیشتمان ده‌سووتان و له وێدا و ته‌نانه‌ت له نێو ژوورێكی بچو‌وكدا نیشتمانێكیان ده‌نه‌خشاند و له‌و رووبه‌ره بچووكه‌دا بۆ كوردستان ده‌توانه‌وه.
چه‌نده ناخۆشه كه‌سه‌كانت له رۆژه هه‌ره سه‌خته‌كاندا ده‌ستت لێبه‌رده‌ن و بۆ خۆت و ته‌نها بۆ خۆت به‌جێتهێڵن، ئه‌و رۆژانه‌ی ده‌ر و دراوسێ هه‌موویان پێمان ده‌كه‌نین و به خه‌نده و بزه‌وه سه‌ریان له بنگوێی یه‌كتر ده‌نا و له دیمه‌نه‌كانی دیكه‌ی خوێنی براكان ده‌دوان. ئا له‌و رۆژگاره‌دا ئه‌وانه‌ی به خۆیان ده‌وت رۆشنبیره كه‌ونییه‌كان به سه‌ر شانی سیاسییه‌كاندا بازییان هه‌ڵدا و په‌ڕینه‌وه و ئاماده نه‌بوون له رۆژه‌كانی سه‌ره‌تای قه‌یراندا كه ده‌كرا به هه‌موومان به‌ری لێبگرین، نه‌ك ده‌ستێكی تێوه‌رده‌ین به‌ڵكو به ده‌م و قه‌ڵه‌م و دڵیش دوو قسه‌ی تیا بكه‌ین و له ئاراسته‌گرتنێكی دیكه‌یدا رۆڵ و پێگه‌یه‌كمان هه‌بێت.
له‌وێ به‌و قسانه‌ی كه هه‌رگیز باجیان له‌سه‌ر نییه كه‌وتنه خۆ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئاسمانه‌وه بۆ كه‌سانێك بدوێن كه هه‌رگیز له‌و سه‌رزه‌مینه‌ی خۆیان ئومێدی به‌رز بوونه‌وه‌یان لێناكرێ. قسه‌كانیان تا ده‌هات لای كاڵ فامه‌كان قالبی پیرۆزیان وه‌رده‌گرت، ئه‌وان ئه‌گه‌رچی كه رایانكرد شه‌قیان له هه‌موو پیرۆزییه‌كان هه‌ڵدا و شتێكیان نه‌هێشته‌وه ته‌نانه‌ت نیشتمانیش سووكی نه‌كه‌ن كه‌چی لای خۆیانه‌وه به ئاگاوه به‌ڵێ به ئاگاوه ئیشیان له‌سه‌ر پیرۆزكردنی خۆیان ده‌كرد و پێیانوابوو و ئێستاش پێیانوایه هاونیشتمانییه‌كانیان ته‌نها بوونه‌وه‌ری بایۆلۆژین و ئه‌وه‌كه‌ی ترمان كه فیكرمانه نیمانه و ئه‌وان دێنه‌وه هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له هیجره‌تدا بووبن سه‌ر له‌نوێ زمانێكی تر و عه‌قلێكی تر و ره‌فتارێكی ترمان بۆ وێنه ده‌كێشن. ئه‌و هیجره‌ته‌ی ئه‌وان كه هه‌رگیز له سه‌ر كێش و سه‌روای هیجره‌تی په‌یامبه‌ره‌كان نییه جێهێشتن و ره‌دوكه‌وتنێكی فیكرییه و ئامانجه‌كه‌شی ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه نییه بێنه‌وه ئاسته‌كانی زمان و فیكر و توراسی نه‌ته‌وه و له‌وێوه هه‌نگاو هه‌ڵنێن به‌ره‌و ئاسته باڵاكانی دیكه.
ئه‌وان به‌نگخواردووی فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنه بوون و ساده‌له‌وحانه كه رایانكرده ئه‌وێش به سیحری ژیانه ماتریاڵییه‌كه‌ی خۆرئاوا زیاتر له هۆش خۆیان چوون و له جیاتی ئه‌وه‌ی له وێوه له لووتكه به‌رزه‌كانی فیكری به ماتریاڵبووی خۆرئاواوه كه هاتنه‌وه له‌سه‌ر لكه نزمه‌كانی هزری كورده‌واری خۆمان بنیشنه‌وه و به دوای میتۆد و شێوازێكدا بگه‌ڕێن گونجاو بێ بۆ ئه‌م ئاستانه، دێن و پێمانده‌ڵێن زووكه‌ن به‌خۆكه‌ون با هه‌موومان به یه‌كه‌وه هیجره‌تی فیكری و ئه‌خلاقی و كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ین و له ئێستا و رابردوو دابڕێین، پێشمان ده‌ڵێن ده‌كرێ له‌م هیجره‌ته‌دا نیشتیمان به‌جێنه‌هێڵین و هه‌ر لێره بین وه‌لێ روحی ره‌وانمان، عه‌قڵمان به‌ره و ئه‌وێ بچێ و هه‌میشه هه‌ر له پێچه به‌ده‌وره هزری و شارستانییه‌كانی ئه‌وێ بخولێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌و برا و خوشكه كه‌ونییانه ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن له حیكایه‌ته‌كانی نه‌نكم ده‌چێ كه شه‌وانه سه‌ری ده‌خستمه سه‌ر كۆشی و هێواش هێواش بۆی ده‌گێڕامه‌وه تا خه‌و ده‌یبردمه‌وه و به دیوێكی دیكه‌شدا رێك شێتكردن و تووشكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه به شیزۆفرینیا.
له وێناكردنی كه‌سێتی وڵاتی خۆت به كه‌سی نێو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فیكر به ماتریاڵبوودا، جگه له‌وه‌ی گومانمان ده‌چێته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه خودی ئه‌م بوونه‌وه‌رانه‌ی ئاسمان كه‌سی شیزۆفرینین، ئه‌وا هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه تاكه‌كانیشمان دووچاری شیزۆفرینیا بكه‌ن و سه‌ره‌نجام نه‌ته‌وه، كۆمه‌ڵگه جه‌سته‌ی له لایه‌ك و ره‌وانی له لایه‌كی تر ده‌بێت. وه‌ك ئه‌و واقیعه‌ی ئێستا له وڵات‌دا ئێمه خه‌ریكه دوچاری ده‌بین. كه‌ونیه‌كانی وڵاتی ئێمه كه جاران هه‌ر نه‌بێ به جه‌سته لامان بوون ئێستا خۆیان وته‌نی ته‌نها به روح له گه‌ڵمانن و جه‌سته‌یان له شوێنێكی دووره زۆر دوور بۆ ئه‌وه‌ی له به‌ڵاكانی وڵات دوور بن. ئه‌وان به هه‌ڵه له مردنی (جوگرافیای) ڤێریللۆ و (مردنی مرۆڤی) فۆكۆ و (كۆتایی مێژوو)ی كۆجییف و هیگل و …تاد گه‌یشتوون. ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر زاری شپینگله‌ر و توینبی و نیتشه و هیتردا قسه‌یان له‌سه‌ر مردنی عه‌قڵ و چیتر حه‌تمینه‌بوونی عه‌قڵ و مردنی شارستانییه‌تی خۆرئاوا كردووه، چوون پێیان وابوو كه ئیتر شارستانییه‌تی ئه‌وروپا و پیاوه فاوستییه‌كان پیر بووه و به پرنسیپه‌كانی كویجلیش هه‌موو قۆناغه‌كانی ژیانی خۆی ته‌واو گه‌یاندۆته سه‌ر و ئیدی به‌ره‌و شۆڕبوونه‌وه و ته‌نانه‌ت مردنیش ده‌چێ.
ئێمه ئه‌و كه‌سانه نه‌بووین به جاهل وه‌سف بكرێین، ئه‌وه‌ی به باكگراوندی جینیتیكی و بایۆلۆژی و كولتووری خۆی شه‌رم بێ و لێی رابكات هه‌مان ئه‌و رێویانه‌ن كه له كولانه‌كانی خۆیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه و سه‌ره‌نجام گول ده‌بن. له سه‌ر زه‌مینی ئێمه‌دا كۆمۆنه كڵانییه‌كان له هه‌نگاوێكی نوێیاندا كشتوكاڵیان دۆزییه‌وه و دواتر پێش ئه‌سینا و ئه‌سپارته و رۆما له ئوروك و ته‌دمور و شوێنی تردا كۆبوونه‌وه‌ی شارستانیان دروستكرد. ئه‌وانه‌ی له‌و زه‌مه‌ندا ئه‌م سه‌ره‌تا پڕشنگداره‌یان ده‌ستپێكرد عه‌قڵه پشكوتووه به‌هه‌شتییه‌كانی ئێمه بوون و دواتر هه‌ر لێره ئه‌م رووناكییه دنیای ئه‌ودیو ئیجه و ئه‌مدیو زاگرۆسیشی گرته‌وه.
خوشك و برا كه‌ونییه‌كانمان به پێودانگی مردنی جوگرافیا و بزۆزی و رێژه‌ییبوونی به‌هاكان و مردنی مرۆڤ دێن فاكته‌ره‌كانی جوگرافیا و تۆبۆگرافیا و كه‌ش و هه‌وا و ئینجا مێژوو و بونیاد و پێكهاته سایكۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه وه‌لا ده‌نێن و هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی به دابڕانی مرۆڤ له هه‌موو ئه‌مانه یه‌كسه‌ر و سیحربازانه كۆمه‌ڵگه بخه‌نه نێو قالبه‌كانی مۆدێرنه، ئه‌مه له كاتێكدا كه‌ونییه‌كانی خۆرئاوا قسه‌ی ئێستایان له‌سه‌ر وه‌ستان و كۆتایی مۆدێرنه و گه‌ڕانه به دوای فۆڕمی دیكه‌دا و ئه‌وان له رۆژگاره‌كانی رۆشنگه‌رییه‌وه به عه‌قڵێكی به‌رنامه‌ڕێژكراو سه‌روه‌رییان بۆ مرۆڤ گێڕایه‌وه و كردیان به بابه‌تی وجود و سه‌نته‌ری بڕیاردان و به زاڵبوونی میتۆده‌كانی عه‌قڵ و زانسته‌وه به‌ستیانه‌وه و هه‌ر ئه‌مه‌شه ئێستا مشتومڕی بیرمه‌نده‌كانی خۆرئاوای له‌سه‌ره و پێیانوایه هه‌ر به‌ته‌نها عه‌قڵ و زانست به‌س نین و سۆز و ویژدان و رۆحیش ئه‌و فاكته‌ره به‌هێزانه‌ن كه پێویسته بۆ میتۆد و سیستم بگه‌ڕێنه‌وه تاوه‌كو له‌مه‌ولا مرۆڤه‌كان ئینسانانه بژین. ئه‌وانه‌ی پێیانده‌ڵێن رووناكبیر و به كۆڵ و بارێك له هزری خۆرئاوا ناوه ناوه دێنه‌وه لامان و لێره‌ش تا ئه‌مڕۆ شه‌ڕ له‌سه‌ر داوه‌تكردنییان لێره و له‌وێ ده‌كرێ و سیاسییه‌كانی وڵات و حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش هه‌میشه ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان هه‌بووه ئه‌گه‌ر ئه‌وان رازی بن ئه‌وا له‌سه‌ر ده‌ستی خۆیانیان داده‌نێن و موغره‌یاتی دنیایان بۆ هه‌ڵ ده‌ڕێژن. هه‌میشه قسه‌یان له‌سه‌ر سنوور و دیواری به‌رزی نێوان ده‌سه‌ڵات و رۆشنبیران بوه و هه‌ندێكیان پێیانوابووه ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت له ژورێك بێت ئه‌وا ئه‌وان له ژووره‌كه‌ی ترن و دانوویان به‌یه‌كه‌وه ناكوڵێت، كه‌چی كه ده‌نووسن به هه‌ناسه‌یه‌كی زۆر سیاسیانه ده‌نووسن و ته‌نانه‌ت له كاره ئه‌ده‌بییه‌كانیشیاندا فه‌زای هه‌ره گه‌وره‌یان بریتییه له فه‌زای سیاسه‌ت، و ئه‌ده‌ب له‌وێدا ته‌نها هۆكارێكه له خزمه‌ت ئامانجه سیاسییه‌كانیاندا. كه قسه‌ش ده‌كه‌ن له سیاسییه‌كان توڕه و ته‌نگاوترن و نه‌یانتوانیوه فۆڕم و شێوازه كلاسیكییه‌كانی هونه‌ری خیتابه‌ش تێپه‌ڕێنن و سه‌ری هه‌موومان كاس ده‌كه‌ن و هه‌موو ره‌نگه جوانه‌كانی دنیامان به ره‌شیی نیشان ده‌ده‌ن و یه‌ك زه‌ڕڕه ئومێد به تاك و كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه و نیشتمان ناهێڵنه‌وه. ئه‌مانه هه‌مووی كاری ئه‌م جۆره سیاسیانه‌یه كه پڕۆژه‌ی وێرانكردنی به‌رامبه‌ریان لایه نه‌وه‌ك پڕۆژه‌كانی دیسانه‌وه هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه.
ئه‌مانه هه‌رگیز له مه‌نفا و تاراوگه ناگه‌ڕێنه‌وه لامان و هیچ كاتێكیش له غوربه‌تدا نه‌بوون، له مه‌نفادا كه‌س نه‌یتوانیوه قسه‌ی به ئاره‌زووی خۆی بكا و به ئاراسته‌یه‌ك بجولێ له خۆی زیاتر سوود یا زیان به كه‌س بگه‌یه‌نێ ئه‌مه چجای ئه‌وه‌ی كه‌ی مه‌نفا شوێنێك بووه له ژێر هه‌ڵبژاردن و ئیراده‌ی مه‌نفییه‌كاندا بووه؟. ئه‌وان مانه‌وه‌یان له وڵات و راكردن و ژیانیشیان له خۆرئاوا و هاتنه‌وه‌شیان بۆ ئێره و قسه و دنه‌دانه‌كانیشیان هه‌میشه له ئیراده‌ی خۆیانه‌وه بووه. ئه‌وان له خۆرئاوا زۆربه‌یان كولتووری دایكیان تووڕهه‌ڵدا و له‌وێش به باشیی كولتووری ئه‌وروپایان له كۆڵ نه‌نا و هه‌میشه باری كولتووریان لاسه‌نگ بووه و له‌و سۆنگه‌یه‌وه ئه‌ریكسۆن وته‌نی شوناسی راسته‌قینه‌ی خۆیان ونكردوه و له به‌تاڵایی كولتووریدا ماونه‌ته‌وه. جێی ئاماژه بۆ كردنه كه جێهێشتنی نیشتمان له زه‌مه‌نی سه‌دام وه‌ك ئه‌و جێهێشتنه‌ی دوای راپه‌ڕین نییه چ له رووی ده‌لالاتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و چ له رووی شه‌رایته مادییه‌كانی ژیانه‌وه، راكردن له سه‌دامێك كه جێبه‌جێكاری پڕۆژه‌یه‌كی تاواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوو به‌رامبه‌ر به‌كورد جودایه له‌و راكردنه‌ی تۆ دێیت و له كه‌س و هاونیشتمانییه‌كانی خۆت راده‌كه‌یت و ئه‌و ماڵه‌ی كه ناخۆشی و شه‌ڕی تێكه‌وتووه له نێوان ئه‌ندامانیدا كه هه‌موویان خوشك و برای یه‌كترن به قه‌ولی خۆیان بۆسیاسییه‌كان جێده‌هێڵن و چیدی مه‌عریفه‌ی ئه‌وان لێره نییه تاوه‌كو هه‌رنه‌بێ ناوه ناوه ببن به‌و پشتێنه سه‌وزانه‌ی ناكۆكه‌كان له‌یه‌كتر داببڕن.
كه‌ونییه موهاجیره‌كانمان وه‌ك ئه‌وه‌ی له حه‌ج هاتبنه‌وه ده‌بێ زیاره‌تیان بكه‌ین و ده‌ستیان ماچ بكه‌ین و چاومان له ده‌ست و دیارییه‌كانیان بێت. له كاتێكدا ئه‌و حاجیه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌و نیازه‌یه ئیدی له‌مه‌ولا پاكبێته‌وه و خۆی چاكتر بكا و تا پێشی بكرێ رێنوێنی خه‌ڵك و خزم و كه‌س و كاری بكات. به‌ڵام حاجیه خۆرئاواییه‌كه نه له خۆرئاوا(كه حه‌جی ئه‌وه) نه له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا دوو قسه‌ی خێر بۆ ره‌عییه‌ته‌كه‌ی!! ده‌كات.
به پێوه‌ری ئه‌وان نه نووسه‌ره‌كانمان نووسه‌رن و نه شاعیره‌كانمان شاعیر و نه رۆژنامه‌نووسه‌كانمان رۆژنامه‌نووس و نه سیاسییه‌كانمان سیاسینه و نه بازاڕمان بازاڕ و نه شارمان شار و نه لادێمان لادێ و ته‌نانه‌ت تاكه‌كانیشمان هاوڵاتی نین. هه‌موو ئه‌و دیدانه‌ی ئه‌وان حه‌تمین و خۆ ئه‌گه‌ر بواریان هه‌بایه بۆ(قه‌ناعه‌ت) كه هیچ ده‌روازه‌یه‌كیان بۆی نییه ئه‌وا ده‌كرێ بڵێین هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئاماژه‌مان بۆ كردن راسته تایبه‌تمه‌ندی بواره‌كان نین و كه‌م و كوڕی به‌رچاویشیان هه‌یه به‌ڵام به حه‌تمیی هێڵی راست و چه‌پیان به‌سه‌ردا بێنی ئه‌وا جۆرێك له توندڕه‌وییه و بۆنی هێڵێكی فیكری رادیكاڵ و عه‌قڵێكی نوخبه‌وی ئه‌وتۆی لێدێ كه هه‌ڵگرانی جگه له كه‌سانی سیاسی دیكه چیدی نین و له فۆڕم و فه‌زای ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه و سۆسیۆلۆژی و هیتردا خۆیان مه‌ڵاسداوه و ئه‌وه‌تا ئێستا ده‌چنه سه‌ر شانی خۆپیشانده‌ران و ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌ی به‌شێك له هاوڵاتیان كه داوای چاكسازیی ده‌كه‌ن به‌ره و ئه‌و جێگایانه بچن كه له خه‌یاڵی سیاسی خۆیاندا ره‌سمیان كردووه و ئێمه‌ش جوان لێمان دیاره، ده‌یانه‌وێ رۆڵ و پێگه‌ی نا ئاسایی له كۆمه‌ڵگه وه‌رگرن ئه‌مه له كاتێكدا هه‌ر زوو نه ئه‌و رۆڵه‌یان قبووڵ بووه كه هی خۆیان بووه نه پێگه‌ش. دێن و داوای رۆڵ و پێگه‌ی كه‌سانی دیكه ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ له مه‌نجه‌ڵه‌كه به‌شیان هه‌بێ .
خۆپیشاندان جگه له‌وه‌ی به‌ده‌نگهاتنی خه‌ڵكه له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆیان ده‌روویه‌كی سایكۆلۆژیشه بۆ به‌تاڵبوونه‌وه‌ی خۆنیشانده‌ران و مانه‌وه‌یان وه‌ك كه‌سی ساغ له رووی ده‌رووندروستییه‌وه و له زۆر شوێنی دنیادا نموونه‌ی ئینگلته‌ره و نیوزیلاندا پاركی تایبه‌تییان بۆ به‌تاڵبوونه‌وه‌ی تاكه‌كان ته‌رخانكردووه و تیایدا هه‌میشه ئه‌وانه‌ی رووی تێده‌كه‌ن له‌وێدا رقه‌كانیان ده‌ڕێژن و له جیاتی ئه‌وه‌ش كه په‌لاماری موڵكی خه‌ڵك و موڵكی گشتی بده‌ن به شكاندنی شووشه‌یه‌ك یا شه‌ق تێسره‌واندنی دیوارێك به‌تاڵ ده‌بنه‌وه.
ده‌زگاكانی وڵاتی ئێمه گه‌نده‌ڵییان تێكه‌وتووه و له زۆر رووشه‌وه بیرۆكراسی كاری ئیداری و مۆنۆپۆلكردنی بازاڕ و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی نا یاسایی و نه‌بوونی كه‌سه شیاوه‌كان له شوێنی خۆیان و بوونی كه‌سه نه‌شیاوه‌كانیش له شوێنی تر و ده‌ستوه‌ردانی حزب له كاروباری حكومه‌ت و جیانه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌ركه حزبی و حكومییه‌كان و دواكه‌وتنی دامه‌زراندنی دامه‌زراوه نه‌ته‌وه‌ییه سه‌نتڕاڵه‌كانی وه‌ك سوپا و ئاسایش و پۆلیس و به گرنگ سه‌یرنه‌كردنی سیستمی په‌روه‌رده‌یی و خوێندنی باڵا و زۆر شتی تریش هه‌موو ئه‌مانه هه‌ڵده‌گرن ناڕه‌زاییان له باره‌وه ده‌ربڕین و هه‌موو شێوازه دیموكراسییه‌كانی گه‌یاندنی ناڕه‌زاییش مافه ئاساییه‌كانی هاونیشتمانیانن له به‌رامبه‌رییان بگیرێته به‌ر، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری كوردیی نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی میسرییه‌كان ئاسا هوتافه‌كانی game over و (بڕۆن واز له ده‌سه‌ڵات بێنن)یان بۆ بكێشن و وه‌ك دژه گه‌ل سه‌یریان بكه‌ن. گه‌نجه خۆپیشانده‌ره‌كانمان هه‌میشه له خه‌ڵكه‌وه هاتوون و به‌شێكن له‌و توانا فیزیكییه‌ی عه‌قڵمه‌نده‌كانمان ده‌بێ به ئاراسته‌ی راست و درووستدا بیانبه‌ن و به‌سه‌ر كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كاندا به‌ریان نه‌ده‌نه‌وه و له پلاتفۆڕمه‌كانی راده‌ربڕینیاندا لێیان نه‌بن به فه‌یله‌سووفه‌كانی ئه‌سینا و بیرمه‌نده‌كانی فرانكفۆرت و خیتابیان له زه‌مه‌نی مردنی خیتابدا بۆ بده‌ن به شێوه‌یه‌ك هه‌ڵبچن كه هه‌موو جه‌سته‌یان بله‌رزێ و زمانیشیان بێته ئاستێك ئه‌گه‌ر لاكان زینوو بێته‌وه و شیكارییه‌كی ده‌روونییان بۆ بكات ئه‌وا یه‌كسه‌ر حوكم له‌سه‌ر تووشبوونیان به یه‌كێك له كێشه عوسابییه‌كان ده‌دات.
كه‌ونییه‌كانی ئێمه با چیتر رۆڵی داعیه و واعیز نه‌بینن و ورد بن له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌ته و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه وه ئاگا بن له‌وه‌ی نه‌بن به به‌رادعی و راشید ئه‌لغه‌نووشی و به هه‌ناسه سوارییه‌وه و به بۆنی كه‌بابه‌وه بچن. ئه‌وان پێشتر له چه‌ندین گرته‌ی كامیرادا لاسایی سیاسییه‌كانیان كردۆته‌وه و وێنه‌ی ئاشتبوونه‌وه و ته‌وقه‌كانیان له سه‌ر رووپه‌ڕی رۆژنامه‌كان بڵاوبۆته‌وه و له‌م یه‌ك دوو رۆژه‌شدا هه‌ر له نێو فڕۆكه‌وه تا پلیكانه‌كانی فڕۆكه و دواتر هۆڵی حه‌سانه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه كامیڕا به دوایانه‌وه بوو و دیمه‌نه‌كه‌یان زیاتر له گه‌ڕانه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كان یا ئه‌وانه ده‌چوو كه فریادڕه‌س بن و هاتبنه‌وه وه‌ك محه‌مه‌دی مه‌هدی له تاریكایی رزگارمان بكه‌ن و شه‌ڕی ده‌جاڵمان بۆ بكه‌ن!!و ئیدی له‌مه‌ولا دنیامان بۆ بكه‌ن به شامی شه‌ریف و گورگ و مه‌ڕیش به‌یه‌كه‌وه ئاو بخۆنه‌وه.
هیوادارین دوای ئه‌و هیجره‌ته دوور و درێژه‌یان بگه‌ڕێنه‌وه نێومان و له‌مه‌ولا له خۆسازدانه‌وه‌یه‌كی دیكه و ده‌رس و ده‌ورێكی كوردانه‌دا له ئاسته‌كانی گه‌شه‌ی سرووشتی و ئاسایی كۆمه‌ڵگه‌دا تێهه‌ڵچنه‌وه و به هه‌موومان هه‌لێك بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بسازێنین و به یه‌كه‌وه و له گه‌ڵ هه‌ڵسووڕاوانی فه‌زای سیاسی و ئایینی و كولتووریدا قسه‌ی دیكه له خوار و خێچییه‌كان بكه‌ین و به زمانێكی باڵاتر و به ره‌فتاری شارستانییانه و مه‌ده‌نییانه ئه‌وه‌ی هه‌مانه و ده‌مانه‌وێ بیگه‌یه‌نین. زمان میكانیزمێكی هه‌ستیاره و له هه‌مان كاتیش‌دا فه‌زایه‌كی فراوانه و ئه‌وه ئێمه‌ین دێینه نێو زمان و به سیمبوله‌كانی وێنه‌ی خۆمان نمایش ده‌كه‌ین و ده‌ور و به‌ر له خۆمان حاڵی ده‌كه‌ین.
با چیتر له سۆنگه‌ی به دوژمنكردنی به‌رامبه‌ر یه‌كتر نه‌خوێنینه‌وه ئه‌و هه‌ڵانه دووباره نه‌كه‌ینه‌وه كه ئێمه‌یان گه‌یانده ئه‌مڕۆ.