Skip to Content

Wednesday, May 29th, 2024
له‌دایکبوونه‌وه‌ ….سه‌لام محه‌مه‌د

له‌دایکبوونه‌وه‌ ….سه‌لام محه‌مه‌د

Closed
by March 19, 2011 ئەدەب

مێشکم به‌تاڵ ئه‌که‌مه‌وه‌
به‌تاڵ به‌تاڵی ئه‌که‌مه‌وه ‌
له‌ هه‌موو ئینسانه‌ به‌تاڵه‌کان
له‌ هه‌موو جه‌نگ و رووداوه‌ به‌تاڵه‌کان
له‌ هه‌موو کتێبه‌ به‌تاڵه‌کان
 له‌ هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ و شیعره‌ به‌تاڵه‌کان
له‌ هه‌موو ئاین و نوێژه‌ به‌تاڵه‌کان
 به‌تاڵ به‌تاڵی ئه‌که‌مه‌وه‌
 له‌ هه‌ڵمژینی لێوی  به‌تاڵ
له‌ میزڵدانی مه‌مکی به‌تاڵ
 له‌ ماچی به‌تاڵ
له‌ خۆشه‌ویستی به‌تاڵ
له‌ دۆستایه‌تی به‌تاڵ
له‌‌ فرمێسك و زه‌رده‌خه‌نه‌ی به‌تاڵ
له‌ کچه‌ کووله‌که‌ی به‌تاڵ
له‌ سه‌ری به‌تاڵ
له‌ ئه‌قڵی  به‌تاڵ
 له‌ تام و بۆنی به‌تاڵ
له‌ شووشه‌ عه‌تری به‌تاڵ
له هه‌زاره‌ها‌ بوتڵه‌ ویسکی به‌تاڵ
 

= = = = = = =

یه‌ك به‌ یه‌ك هه‌موو سه‌رخان و ژێرخانی
یه‌ك به‌ یه‌ك هه‌موو ئه‌ندام و ئۆندام و ئیندامی
 شانه‌کانی مێشکم
هه‌ڵئه‌وه‌شێنمه‌وه
به‌تاڵ به‌تاڵیان ئه‌که‌مه‌وه له‌ ئه‌تڵه‌سی به‌تاڵ
 له‌ دارستانی به‌تاڵ‌
له‌ خانووی به‌تاڵ ، ژووری به‌تاڵ
 له‌ کورسی به‌تاڵ
له‌ په‌ڕله‌مانی به‌تاڵ
له‌ سیاسی و دیپلۆماسی و ‌ دیموکراسی به‌تاڵ ‌
ئای که‌ مێشکم ده‌مێکه‌ دزراوه‌
 له‌شکری بۆشایی و تارمایی
 پایته‌خته‌که‌یان داگیرکردووه‌
پراوپڕیان کردووه‌‌ له‌ هه‌ناسه‌ی تاریکایی
به‌تاڵ و حه‌تاڵ بۆته‌وه‌
‌‌ له ئاسووده‌یی و رۆشنایی

= = = = = =

ئه‌گه‌ر له‌  دوای ئه‌م  به‌تاڵبوونه‌ پڕ ئه‌فسوونه‌‌ نه‌مردم
له‌ ره‌گوڕیشه‌وه‌
خه‌ریته‌ی مۆخ و ده‌ماغم ئه‌گۆڕم
خه‌ریته‌ی کۆڵانه‌کانی ناوه‌وه‌م ئه‌گۆڕم
خه‌ریته‌ی دڵم ئه‌گۆڕم
خه‌ریته‌ی هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌کانم ئه‌گۆڕم
خه‌ریته‌ی هه‌موو بیرکردنه‌وه‌م ئه‌گۆڕم
خه‌ریته‌ی نووسین و خوێندنه‌وه‌م ئه‌گۆڕم
خه‌ریته‌ی سه‌رتاسه‌ری
خۆم و نیشتیمانه‌که‌م ئه‌گۆڕم

= = = = =

سوید
19 / 03 / 2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.