Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
تۆڵە و دیموکراسی و ئازادی لە ڕوداوەکانی کوردستاندا

تۆڵە و دیموکراسی و ئازادی لە ڕوداوەکانی کوردستاندا

Closed
by March 21, 2011 گشتی

سەرەتا ئەمەوێت بە 2 وتەی سیاسەتمەدارانی ناوەداری هیندی دەسپێبکەم، یەکێیان مەهاتما گاندیە کە بە باوکی (بابۆ)ی هیندستان ناسراوە دەڵێت:
 “An eye for an eye ends up making the whole world blind” واتە ئەگەر چاوێک بەرامبەر بە چاوێک بێت وائەکات کە هەموو جیهان کوێر بێت. هەروەها ئەندێڕا گاندی سەرۆک وەزیرانی پێشوی هیندستانیش سەبارەت بە دیموکراسی ئەڵێت:
“A democracy can not exist without rules. Freedom does not mean you can drive on the wrong side of the street. “. واتە  دیموکراسیەت بوونی نابێت ئەگەر یاسای و پێوەری نەبێت، ئازادی مانای ئەوە نیە کە تۆ بۆت هەبێت لەسەر لای هەڵەی شەقامدا لێبخوڕیت،  گاندی ئەڵێت ئەگەر بۆ لەدەستدانی هەرچاوێک داوای چاوێک بکرێت ئەوا هەموو مرۆڤایەتی کوێڕ دەبێت و ئەگەر توند و تیژی تاکە ڕێگا چارە بێت، دەبا تۆزێک زیاتر گرنگی بدەین بە چاوی پێش دواهەمیننیان.
لێرەدا من کە ئەو ووتانە دێنمەوە لەبەر ئەوەیە کە لەلایەن کەسانێکەوە وتراون کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبوە لەسەر دەسنیشانکردن و بەرەوپێشبردنی سستمێکی دیموکراسی کەم وێنە لە کۆمەڵگەیەکی پڕ لە تەنگەژە و دوبەرەکی ئاینی، مەزهەبی، کۆمەڵایەتی، زمان، نەتەوە، ئابوری و ئاستی جوێندەرواری و ڕۆشنبیریدا کە هیندستانە. و لەسەردەمێکدا بوو کە ئاستی تەکنۆلۆژی و پەیوەندی نێودەوڵەتی زۆر خاو و کەم بەرهەم بوو بە شێووەیەک کە ڕووداوەکانیش وەک ئێستا خێرا نەبوون ، و هاوبەشبوون هێندەی ئێستا بەهەند وەرنەگیرابوو. بەڵام ئەوەی ئەمەوێت لەو دوو وتەیەدا جەختی لەسەر بکەم گرنگی بوون و هێزی لێبوردەییە، و تێگەیشتن لە پێناسەی ئازادی و زانینی سنورەکانیەتی لە چارەسەرکردنی پرسە گرنگەکانی کۆمەڵدا.
ئەوەی تێبینی دەکرێت لە ڕووداوەکانی ئێستای کوردستان و ئەو بارودۆخەی باشوری کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، نەک هەر چاو بەچاوە بەڵکو دەست و قاچیشی لەگەڵدا داوا دەکرێ بۆ شکاندنیان، بۆ نمونە هێرشانەی لە 17/2 دا ڕووی دا و ئەو تۆڵە و تۆڵەسەندنەوانەی دوای هێرشەکە ڕوویدا. کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باس لە تۆڵەسەندنەوەی ڕەفتاری پێشوتری ئەو حیزب و لایەنانە دەکرا کە بەرامبەر یەکتریان ئەنجامداوە. بەبۆچونی من پێدەچێ هەموو لایەنە دژەکان یان بە تۆڵە سەندنەوەی جەستەیی تێریان نەخواردوە، یان لە بەر هەندێ بارودۆخ ئەنجامدانی تۆڵەی جەستەی ئاسان نەبێت، لەبەر ئەوە پەنا براوەتە بەر هێرش کردنە سەر باری کەسایەتی یەکتر بێ گوێدانە فەرهەنگی سیاسی یان کۆمەڵایەتی و جیاکردنەوەی ململانێی سیاسی لە ڕێزگرتن لە بونەوەری مرۆڤ وەک تاکێکی کۆمەڵ. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هێندە بەدوای تۆڵەوەیە، بەدوای دابینکردنی پێوەرێکی دروست بۆ ژیان نیە کە هەموو ڕەنگەکانی تێد بێت. خاڵێکی گرنگی تریش هەیە کە پێویستە لەبیرمان نەچێت ئەویش ئەوەیە کە فەرهەنگی ئیسلامی و عەرەبی باڵی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا کێشاوە، لە فەرهەنگی ئیسلامی و عەرەبیشدا تۆڵە سەندنەوە وەک شەهامەت و مافێکی ڕەوا سەیر دەکرێ (العین بالعین والسن بالسن و البادئ ا‌ظلم) هەروەها ( وبشروا القاتل بالقتل).
کە دێینە سەر باسی ئازادی و تێگەیشتنی لە سەروبەندی ڕوداوەکاندا، ئەبینین نە تێگەیشتن و نەسنور هەیە بۆ ئەو دەستەواژەیە، بۆنمونە ئۆپۆزیسیۆن  بە ئازادی ئەزانێت کە قسە لەسەر پڕۆژە بکات و واژۆیشی بکات و پاشان لێی پەشیمان بێتەوە، ئۆپۆزیسیۆن پشتگیری لەوە دەکات کە خەڵک گوێ لەیاسا نەگرێت و پێویستی بە مۆڵەتی خۆپیشاندان نەبێت و وەک ئازادییەکی سەرەتایی باسی دەکات، لەهەمان کاتیشدا خەڵکی خۆپیشاندەر و قسەکەرەکانیان بە ئازادی ئەزانن شوێنێک بۆ خۆیان بگرن و ڕێگەنەدەن کەسی دیکە خۆی تێدا ببینێتەوە. لەبەرامبەریشدا دەسەڵات واتە هەموو ئۆرگانە باڵاکانی حکومڕانی،  ئازادی خۆپیشاندان و ڕەوایی داواکارییەکان پشتڕاست دەکەنەوە، و لەهەمان کاتیشدا مافی ئازادی خۆیان بەکاردێنن بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکان یان نا، و ئەگەر هەندێکیان جێبەجێ بکرێن ئەوا ئازادانە بڕیار دەدەن لەسەر چۆنیەتی و چەندایەتیەکەی.
بەکارهێنانی هەندێ دروشم و دەستەواژە و تەنانەت سیناریۆ و تۆمەتی ڕاست و ناڕاست بۆ یەکتر بەشێکی زۆر دیاری ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستانە، کە بەرگریکەری ئازادی و مافخۆر و مافخوراو و ئازادی زەوتکەر و زەوتکراو تێکەڵ بەیەک بوون و هەر لایەک بەپێی بەڵگەکانی خۆی بە قوربانی دەستی ئەوی تریان خۆی نیشان ئەدات، تەنانەت ئامادەیە بەناوی هەموو گەلی کوردستانیشەوە قسە بکات، ئەوانەی بەردەرکی سەرا خۆیان وەک نوێنەری هەمو گەلی کوردستان نیشان ئەدەن بەمەرجێک لەچەند هەزارێک زیاتر نین، حکومەت و حیزبی دەسەڵاتداریش بەهەمان شێوە لەبەر ئەوەی ئەڵێن خەڵک هەڵیانبژاردوین، لەم نێەندەدا حیزبی ئۆپۆزیسیۆن لەهەردوکیان زیاتر خۆیان بە نوێنەری گەل ئەزانن لەبەر ئەوەی لەهەردولان. لەگەل خۆپیشاندەران ئەیانەوێت حکومەت و دەسەڵات بڕوخێنن و لەهەمان کاتیشدا دڵیان نایە سەر سفرەی دەسەڵاتیش بەجێبهێڵن.، تەنانەت لەم بارودۆخە یەکجار ئاڵۆزەدا، سەرکەوتوانە توانیان ڕێکەون لەسەر زیادکردنی بوجەی حیزبەکان بەڕێژەی 123% ی لە بوجەی پێشو کە بریتی بوە لە  90 ملیار دینار.
ئەگەر لە ووتار و ڕاگەیاندنی هەموو حیزبەکان بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتداریشەوە وردبیتەوە ، هەمویان لە ڕوانگەی خۆیانەوە ڕاست دەکەن، کە یەکتر بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکەن، کە خۆیشیان بە قوربانی و خەباتگێڕیش نیشان دەدەن، هەروەها ڕاستیش دەکەن کە هییچ کامیان میوانداری گیانی لێبوردەیی ناکەن. شتێکی حاشاهەڵنەگریش هەیە کە هەموو دژەکان لە کۆتاییدا هەر ئەبێت ڕێک بکەون و ئەزمونی کوردستان ئەبێت بپارێزرێت، و ئەو پاراستنە نەک تەنها خواستێکی کوردستانیە، بەڵکو خواستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە و ئەوەی تێکی بدات دوچاری سزا ئەبێت. هەڵبەتە لە کێشەی گەورەی لەو جۆرە ڕێو ڕەسمی تایبەتی هەیە بۆ تەواوبوونی، ئای قوڕ بەسەر ئەوەی لە کۆتاییدا ئەکرێ بە قوربانی و هەموو خەتاکانی بەسەردا ئەشکێتەوە ئازادانە ڕووبەڕوی تۆڵەی هەموو لایەکیان ئەبێتەوە.
دواجار ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە فەرهەنگی تۆڵە و بانگەشەی چاو بەرامبەر بە چاو، لەگەڵ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن ناگونجێت و وەک ڤایروسێک جەستەی دیموکراسیەت کڕۆڵ ئەکات.

 

19 . 03 . 2011
colnadar@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.