Skip to Content

Tuesday, December 3rd, 2024
ھەڵەبجە خانمێكی توڕەیە …..   زمكان عەزیز

ھەڵەبجە خانمێكی توڕەیە ….. زمكان عەزیز

Closed
by March 22, 2011 ئەدەب

ئەم ئێوارەیە پەنجەكانی مینەی لولكژەن بە قەد و باڵای ھەڵەبجەوەیە .. شیوەنێك بۆ شمشاڵەكەی ئەژەنێت
 

1. ھەڵەبجە خانمێكی توڕەیە

واز لەو خانمە بێنن
ماندووە ..
مەیھەژێنن ڕاینەچڵەكێنن
بیریمەخەنەوە ..
ئەو ھەموو ھەڵوەرینە
ئەو ھەموو شكان و
كەوتن و
ئەو ھەموومردنی ئینسانە
بیریمەخەنەوە
سەری سەرا بوو ..
گڕی گرت و
خەونەكانی سوتا
مۆردانە بوو ..
لە ژێر بەرد و گڵ و داری
خانووەكانەوە ئەیقیژاند
بیریمەخەنەوە ..
ئەو كیژۆڵەی كچێنی تەقی و
ئەو پیرە ژنەی نەیتوانی
ڕاكات ..
بیریمەخەنەوە
ئەو پیاوەی .. 
خەنجەرەكەی كرد بە سكیا
ئەو گەنجەی ..
خۆیدایە بەر ڕێژنەی فیشەك
ئەو ھەموو پەنجە پەڕیوانەی
ئەڵقەی دەزگیرانیەتیان
دزرا    
بیریمەخەنەوە ..
ئەو خانمە بە ئاگا مەھێننەوە
توڕەیە .. توڕە

2. ھەڵەبجەی تەنیایە و لەناو گردە گۆڕەكاندا گوڵێكی سپی بە دەستەوەیە

ھەڵەبجە توڕەیە
توڕە ..
توڕە لە خودا و
لە من و لە ئێوەش
توڕە لە دنیای كەڕ و
توڕە لە یاسای كوێر و
توڕە لە ئینسانی بێفەڕ
توڕە لە خۆی و لە سروشت
توڕە لە جوانی و لە ڕەنگ
توڕە لە گۆرانی و
توڕە لە ئاھەنگ
توڕە لە كورد لە كوردستان
توڕە لە ھەمووتان
توڕە لە خیتابەكانتان
ئەو خانمە ڕانەچڵەكێنن
توڕەیە .. توڕە

3. لە دوامانەوە ئەیقیژاند .. بە جێمانھێشت

ھەڵەبجە ..
كەنیشكێكی دڵشكا و
كوڕیلەیەكی عاشق و
جامانەیەكی دڕا و
مشكیەكی گوڵگوڵین و
كڵۆباڵێكی تۆزاوی و
كۆڵوانەیەكی تەڕ و
كۆرپەیەكی ساوای
گرینۆك بوو
لەناو كۆشی شنروێدا
بە تەنیا جێمانھێشت

4. ئەو گۆچانە سەوڵەجانە .. گوێی بۆ بگرن

ئێستا ..
ھەڵەبجە داپیرەیەكی توڕەیە و 
گۆچانێكی دار ھەڵوژە
ھەڵیگرتووە

5. نازانم لە كوێم .. ئەگەر لێرە بم یان لەوێ

من توڕەم
توڕە ..
سیاسەت توڕەی كردم و
ھەڵەبجە دەریكردم و
مەنفا دەستی گرتم و
غرور بردمی و
تەنیایی چرایەكی بۆ داگیرساندم
موعتادیم لە مەیخانەیەكدا 
ناسی و
ئێستا نازانم ..
من چیم و من كێم
 

6. من نیم و مەنفا پیری كردووم

من ..
لە مەنفایەكەوە
ھاتمە ناو مەنفایەكی تر و
لە مەستی زیاتر
كەسم نەدی ..
مەست بە تۆ و شەقام و
كوچەكانت ..
مەست بەو بەردانەی
سەری منداڵی
ئەشكاندم ..
مەست بەو شەرمانەی
گەنجێتی ..
ڕەحەت ئەكردم
مەست بە ئاودەستەكانت
لە ناویدا ..
ئازادترین مەخلوق بوم
مەست بە فەلاقە كردنی
ناو قوتابخانەكانت
مەست بە ئیمتیحان و
مەست بە ساڵحێتی و
دزینی باخ و گڵۆپ و
بەنجەرە شكاندنت 
مەست بە نوێژی
بەیانیانی زووت
لە دوای وسڵ دەركردنەوە
مەست بە شەوانت
شەوانی بەیان ھەڵواسین و
نامەی عەشقبازی و  
مەست بە دزە دزەی
ناو مەیخانەكانت
 

7. ھەڵەبجە دانیشتووە و شانی ناوە بە دار ھەنارێكی پیرەوە

تۆ ئەی پیرمحەمەد
یوسف بە یوسف
بۆ زولەیخا ..
دوعایەك بكە و
داپیرە زیندوكەرەوە
ئەو گۆچانەی لە دەست فڕێدە و
سەوڵەجانێكی بدە دەست
تا پرچە سپیەكەشیان
بەشنەكردووە

8. ھەڵەبجەیان لە ئاخونێكی خەڵەفاو سیغە كرد

ھەڵەبجە ..
لەبەردەم كوڕەكانیدا
ئایەتوڵایەكی ئێرانی
لە پێكێك ژەھردا
ھەڵەبجەی خواردەوە

9. لەشی ھەڵەبجەیان حوجرە حوجرە كرد

فەقێكان ..
دوای فەتوا و
خەتمی حونجە
لەبەردەم ئیمامدا
پەلی ھەڵەبجەیان گرت و
فڕێیاندایە ناو ئاگری
سیانید و خەردەلەوە
كە گەڕانەوە ..
بۆ بەڕەحمەتمانكە یا ئەڕحەمەڕاحمین
ئیمام ..
دەرگاكەی لێنەكردنەوە

 
10. لە بازگەیەكی مافی مرۆڤدا ھەڵەبجەیان گرت تەسكەرەی پێنەبوو

ھەڵەبجە ..
لە كۆنگرەی نەتەوە یەگرتووەكاندا
نامەیەكی لولكراو بوو
بە بەرچاوی مافی مرۆڤەوە
دڕاندیان و
خستیانە ناو تەنەكەی خۆڵەوە

11. تەنەكەیەك نەوتی عەرەبییان كردە ژوورەوە و دەرگاكەیان لەسەر ھەڵەبجە داخست

ھەڵەبجەیان بینی
دەست و قاچ و زمانیان
بڕیوە ..
ھەڵەبجەیان بینی
چاوەكانیان ھەڵكۆڵیوە و
برینەكانیان پڕكردووە
لە مارمێلكەی عەرەبی
ھەڵەبجەیان بینی ..
بە دەستی ڕۆژنامەنوسێكەوە  
لە كۆنگرەی ڕۆژنامەنوسانی جیھاندا
ویستی قسە بكات
بە درۆیان خستەوە و
كردیانە دەرەوە

12. خودا ئاگادارە

كڵێسا ..
لە حەوشەكەیدا
لەشە ماندووەكەی
ھەڵەبجەی بینی
كەوتووە ..
ئاسمانیان داخست و
دەرگا تەختە گەورەكەی
ئەرزیان
ھەڵقەڕێز كرد و
چوونە ژوورەوە

13. حەلاجێكی كوردیان كوشت

ھەڵەبجە ..
دەست وقاچیان لێكردبویەوە
لەبەردەم خودادا
وەستا و
وتی ..
( آنا آلحق )
پیاوانی ئاینی
سوێندیان لەسەر خوارد و
بە نەعلەتیان كرد

 
14. ڕاینەچڵەكێنن مەیھەژێنن بیریمەخەنەوە

ھەڵەبجە ..
زولەیخایەكی كوێرە و
یوسفەكانی كورد
نایناسنەوە

Simkan97@hotmail.de
 

 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.