Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شارە حەیاتەکەی تاڵەبانی …. ئاری ئەبوبەکر

شارە حەیاتەکەی تاڵەبانی …. ئاری ئەبوبەکر

Closed
by March 22, 2011 گشتی

 

لە سەرەتای ژیانی سیاسی جەلال تاڵەبانییەوە تا هەنووکە شاری سلێمانی ئامێزی خۆی بۆ تالەبانی کردۆتەوە و درۆ نییە گەر بڵێین شاری سلێمانی دەور و کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لە پێگەیاندنی ئەم  تاڵەبانییەی، ئیستا سەرۆککۆماری عێراقە، تا ئەو رادەیەی کە ئیبراهیم ئەحمەد کچەکەی خۆی دەداتێ و ئیتر لێرەوە سلێمانی نیشانی تالەبانی دەدات کە نەک تەنها سیاسییەن لە ئامێزی خۆی گرتووە، بەڵکو لە ڕێگەی یەکێک لە کچەکانی ئەم شارەوە کۆمەڵایەتییەن سلێمانی تاڵەبانی لە ئامێزی گرتووە. ڕەنگە هەر ئەمەشە وابکات لەگەڵ ئەوەی کە تاڵەبانی خەڵکی سلێمانی نییە، بەڵام ئەم شارە زۆرترین قوربانی بۆ تاڵەبانی داوە و بەشێکی بەرچاوی ڕۆڵەکانی خۆی کردە سووتەمەنی ئەو شٶڕشەی کە تالەبانی کەسی یەکەمی بوو.
کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە ئەوەندەی تالەبانی سوودمەند بووە لە سلێمانی و لە ڕێگەی ئەم شارەوە پێگەی سیاسی قایم بووە، تا ئەو ڕادەیەی درۆ نییە گەر بوترێت سلێمانی نەبوایە سیاسییەکمان نەدەبوو بە ناوی تاڵەبانی، هەربۆیە ئەگەر سالانێکی زۆر سلێمانی ئامێزی خۆی بۆ تاڵەبانی کردبیتەوە، جێی خۆیەتی بپرسین کە ئایا تاڵەبانی بە چ شێوەیەک پاداشتی چاکەی سلیمانی داوەتەوە یان دەداتەوە، بەتایبەتی تر لە پەیوەند بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەوە، کە تالەبانی بیدەنگییەکی کوشندەی هەڵبژارد.
بێدەنگی تاڵەبانی لە دوو هەفتەی یەکەمی خۆپیشاندانەکاندا، نیگەرانیەکی گەورەی دروستکرد، نیگەرانییەک پێی دەوتین تاڵەبانی سلێمانی لەبیرکردووە، چونکە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکاندا چەندین کەس لەم شارەدا بونە قوربانی ، بەڵام تاڵەبانی بێدەنگی هەڵبژارد و ئامادە نەبوو کە ئەزیەتی ئەوە بکێشێت لە بە‌‌غدادەوە بگەڕێتەوە سلێمانی و لە نزیکەوە هەوڵی چارەسەری بدات یان لانیکەم لەگەڵ ئێشو ئازاریدا بژی.
پاش تێپەڕبوونی دوو هەفتە تاڵەبانی لەسەر شارە حەیاتەکە هاتە گۆ و گەڕایەوە سلێمانی، بەڵام هەموو پێشهاتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لەوەتەی تاڵەبانی هاتوەتەوە شارە حەیاتەکە، توندوتیژی زیاتر بووە، سووتاندنی خیمەکانی سەرا، هەڕەشەکردن لە نوسینگەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی و ڕادیۆی نەوا، چاوسوورکردنەوە لە مەلا و کەسایەتییە ئەکتیڤەکانی خۆپیشاندەران، دەستپێکردنی حەملەیەکی ڕاگەیاندن و پێچەوانە، کە دەخوازێت هەم ئاڕستەی خۆپیشاندانەکان بە لاڕێدا بەرێت و هەم شەڕی ڕاگەیاندن لەگەڵ یەک یان چەند لایەنێکی دیاریکراودا ببێتە ئەجێندای سیاسی و لە دەنگۆی ناڕەزایەتییەکان کەمبکاتەوە، هەموو ئەمانە ئەوە دەسەلمێنن کە تاڵەبانی بێباکانە مامەڵە لەگەڵ شارە حەیاتەکەدا دەکات، کە دوێنێ و ئەمڕۆ و پێدەچێت سبەینێش سیمبول و خاڵی بەهێزی مانەوەی تالەبانی و حیزبەکەی بێت لە بەرامبەر هێزە سیاسییە ڕکابەرەکانیدا.
ڕەنگە لە تەکانی سیاسی شارە حەیاتەکەدا، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا هەستیار نەبێت و وەک ئێستا پیویستی بە باوەشکردنەوەی تاڵەبانی نەبێت، چونکە شارە حەیاتەکە ئیستا لە دوڕیانێکدایە، کە کەس نازانێت هیچ کام لەو دوو ڕێگایە شارە حەیاتەکە بەرەو چ داهاتوویەک دەبات، بۆیە پرسیارە جەوهەرییەکە داوای هەڵوێستێکی حەکیمانە لە تاڵەبای دەکات، هەڵوێستێک کە یان تاڵەبانی مل بۆ داواکارییەکانی شارە حەیاتەکە دەدات، یان ئەوەتا تاڵەبانی دژی خواستەکانی دەوەستێتەوە و بۆ هەمیشە کەلێنێک دەخاتە نێوان خۆی و شارە حەیاتەکەوە. هەڵویستەکانی تاڵەبانی داهاتووی ئەو پەیوەندییەی نێوان خۆی و شارە حەیاتەکە دیاریدەکات، کە پێدەچێت ئەمە دوا فرسەتی تاڵەبانی بێت بۆ ئاشتکردنەوەی یان تۆراندنی هەمیشەیی سلێمانی.

Arei1976@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.