Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
كەناڵەكانی گفتوگۆ …. ئیرۆن عومەر

كەناڵەكانی گفتوگۆ …. ئیرۆن عومەر

Closed
by March 22, 2011 گشتی

بۆ چارەسەری ئەو دۆخەی ئێستای كوردستان واتا ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكان و كاردانەوەكانی بەرامبەری لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەشێوەیەك كە ئەنجامەكان بە بەرژەوەندی گشتی و كۆمەڵگای كوردستانی بشكێتەوە، دوو كەناڵی سەرەكی هەن بۆ لەیەك گەیشتن و وتوێژو خستنەڕووی داواكاریەكان و وەرگرتنیان، یەكەمیان كەناڵەكانی راگەیاندن و دووەمیان كۆنتاكتی راستەوخۆی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئەو خەڵكە خۆپیشاندەرە. 
ئەوەی رۆڵێكی زۆر كاریگەر دەبینێت لە زەمینەسازی بۆ بەدیمكراسی بوون و ریفۆرم و باشكردنی سیستەمی حوكمڕانی لە وڵاتدا راگەیاندن و وشیاری كەسانی ناو راگەیاندنەكانە. راگەیاندن ئەگەر خواستێكی دڵسۆزانەو بەرپرسانەی لە پشتەوە بێت ئەتوانێت رۆڵی یەكڵاكەرەوە بگێڕێت لە پاراستنی ئارامی و جێبەجێ‌ بوونی خواستی خەڵك و خەڵكی ناڕازی و خۆپیشاندەر بە ئاشتی و ئارامی، بە پێچەوانەش رۆڵێكی رووخێنەرو كارەسات هێنەر دەتوانێ‌ ببینێت.
لە ئێستای كوردستاندا بەداخەوە راگەیاندن رۆڵێكی خراپ دەگێڕێت، بەهۆی ئەوەی توێژێك بەسەر ئەو راگەیاندنانەدا زاڵە كە توانای تێگەیشتنی ئەقڵیەتی چارەسەری كێشەكانیان نییە، ئەو دۆخەی ئێستا لە ئارادایە پیشانی داین كە لەسەر شاشەكان و سایتەكانی ئینتەرنێت و لاپەڕەكانی رۆژنامەكان چەند كەس پەیامی ئاشتی و ئارامییان هەڵگرتووەو چەن كەسیش بە ئاراستەی هێنانە كایەوەی توندوتیژی كار دەكەن، بەداخەوە ئەوانەی دووەم زۆر پترن.
من واتێدەگەم كە مینبەرەكانی راگەیاندن بوونەتە دادگاو لە باتی دادگا تۆمەت ئەبەشنەوەو حوكم دەر ئەكەن، لەكاتێكدا راگەیاندنكار ئیشی تەنها گواستنەوەی رووداوەكانە وەكو خۆی و دواندنی  خەڵك و كەسایەتییەكانە ئەویش بەبێ‌ لایەنی. بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی و چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەیی نابینین لەسەر بنەمای وەرگرتنی بۆچوون و خستنەڕووی داتاو ژمارەو دۆكیۆمێنتی حاشاهەڵنەگر ئیش بكات، ئەوەندەی بۆچوونی شەخسی بەرپرسانی حزبی و ناحزبی ئەدەن بەگوێماندا. راگەیاندنكار یان نوسەرو شیكاركەرەوەی سیاسی وا هەن لەكاتی قسەكردن و دەربڕیندا پێیان وایە ئەگەر هێرش نەكەنە سەر كەسانی ترو ناشیرینیان نەكەن حزبەكەیان بە دڵسۆزی خۆیان نازانێت و نابێتە جێگای متمانە، نائاگا لەوەی بەو كردەوەیە زیانی زیاتر بە حزبەكەیان دەگەیەنن و لەباتی جوانكردنی ناشیرینی دەكەن. گەورەترین هەڵە كە راگەیاندنەكانی كوردستان تێیكەوتوون ئەوەیە كە هەریەكەیان لایەنگری حزبەكەی خۆی و هاوڕاو نزیكەكانی خۆی ئەدوێنێ‌، كە ئەوەش سەنگەر لەیەكگرتن و بێزارییەكی زۆر دروست دەكات، ئەبوایە هەریەك لەو راگەیاندنانە كەسانێك بانگهێشتی ستۆدیۆكانیان بكەن كە بێلایەن یان سەر بە بەرەكەی تر بن، ئا بەو شێوەیە گفتوگۆی راستەقینەو لەیەك گەیشتن ئەهاتەكایەوە.
بۆیە من بڕوام وایە كە بۆ ئارام كردنەوەی دۆخەكەو چارەسەرەكان كە ناڵی یەكەم كە راگەیاندنەكانن جێگای پشت پێبەستن و هۆكاری لەیەك نزیك بوونەوەو لەیەك گەیشتن نین، كەواتە دەبێت خەڵك و دەسەڵاتداران كەناڵی دووەم هەڵبژێرن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەكتردا، ئەویش چوونی راستەوخۆی حكومەت و پەرلەمانە بۆناو خەڵكی خۆپیشاندەر لە هەموو شارو شارۆچكەكان، لە رێگای چەند لیژنەیەكی تایبەت و كاراو شارەزا لەو بوارەو بەهاوكاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، لەباتی 17 خاڵ و 22 خاڵ و چەندخاڵی تری ئەملا و ئەولا هەموو پێشنیارو داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بە رەواو ناڕەواكانیانەوە وەربگیرێن، ئینجا لە رێگای هەڵسەنگاندن و جیاكردنەوەیان لەچوارچێوەی تواناو بودجەی هەرێم گرنگ و بە پەلەكانیان بخرێنە بەرنامەی ئەمساڵ و ئەوانی تریش بەڵێنی جێبەجێ‌ كردنیان بدرێت لە داهاتوودا. بەمشێوەیە لایەنی دەسەڵات بۆی روون ئەبێتەوە كام لەو داخوازیانە راستەقینەو هی جەماوەرن و كامیشیان سیاسی و هی لایەنەكان، هەر لەو رێیەشەوە دۆخەكە ئارام دەبێتەوەو نارەزایەتییەكان وەڵام دەدرێنەوە. بەڵام دەبێت هەموو ئەو هەنگاوانە بە ئاشكراو بەبەرچاوی كامیراوە بن و هیچیان نەچنە ناو كۆبوونەوە نهێنییەكان و تا دەكرێت پەلەشیان لێ‌ بكرێت. كاتی هاتووە پرەنسیپەكانی هاونیشتمانێتی بچەسپێنرێن و كۆتایی بێت بە حاڵەتی بە دوژمن سەیركردنی یەكترو نە خەڵك و نە هیچ لایەنێك حەزناكات ئەو ئەزموونەی لە كوردستان هەیە بەرەوڕووی مەترسی و لەناوچوون ببێتەوە، هەموومان ئەزانین كۆتایی ئەزموونە كوردیەكە كۆتایی هەموومانە.

Previous
Next