مۆزخانه‌ی پاكیزه‌یی
مۆزخانه‌یه‌ك خاڵی له گوناه،
به‌ڵام
تژه له ساتی سه‌رسامكار
سیروان ره‌حیم
ناوی ڕۆمان: مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی
ناوی ئۆرژینالی:
Masumiyet Müzesi
لاپه‌ڕه: 592
نووسه‌ر: ئۆرهان پاموك
زمان: تركی
بابه‌ت: ئه‌ڤین
له بڵاوكراوه‌كانی وه‌شانخانه‌ی ئیله‌تیشیم/ 29.8.2008 ئیسته‌نبوڵ-تركیا.
وه‌رگێڕانی له تركییه‌وه بۆ كوردی: به‌كر شوانی..
ئه‌م وه‌رگێڕانه هێشتا چاپ نه‌كراوه.
له هه‌ڤپه‌یڤینێكیدا له‌گه‌ڵ N.TV
ڕۆژی 2.9.2008 ئۆرهان پاموك (1952) سه‌باره‌ت به دوا ڕۆمانی خۆی (مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی) ده‌ڵێت:
له ڕۆمانه‌كانی دیكه‌م جیاوازه. سه‌رسوڕهێنه‌ره. ڕۆمانێكی 592 لاپه‌ڕه‌یی ئه‌ڤینه. پێموایه له داهاتوودا به‌م ڕۆمانه یادم ده‌كرێته‌وه.
ئه‌ڤیندارێكی ده‌گمه‌ن
چونكه كه‌مال باسماجی (پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه) هه‌موو هۆشی خۆی، له سه‌دا سه‌دی وزه و ئاوه‌زی داوه به ئه‌ڤینی فویسون، وا ده‌زانێ هه‌مووان له‌وه بێ ئاگان ئه‌و چ ده‌كات و چ به‌ڵایه‌ك (ی شیرین) ژیانی ته‌نیوه. كه‌مال وا حاڵی بووه به درێژایی هه‌شت ساڵی هاتوچۆی شه‌وان بۆ ماڵی دڵبه‌ره‌كه‌ی، نه باوك، نه دایك، نه چه‌تینی شۆفێری و نه كه‌سی دی ئاگای له‌وه نییه ئه‌م چ ده‌كات. ئه‌مه نائاگایی كه‌مال ناگه‌یه‌نێت، ئه‌مه تواندنه‌وه‌ی ئه‌وه له ئه‌ڤینێكدا كه ژیانی بۆ ته‌رخان كردووه. ده‌وروبه‌ری كه‌مال ته‌نها له هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌مال به ئاگان، له‌وه بێ ئاگان چ له هه‌ناو، له دڵ و له گیانیدا ده‌بزوێت. دیاره له‌وه‌یش بێ ئاگان كه‌مال ئیتر كه‌سی بۆ گرنگ نییه، ئه‌و هۆشی له ده‌ست نه‌داوه، ئه‌و تێكنه‌چووه، نه‌خێر كه‌مال پێی ئه‌خزه كات بدات به شتی دیكه و به مه‌به‌ست ده‌یه‌وێ هه‌موو كاته‌كه‌ی خۆی، هه‌موو وزه‌ی بدات به ئه‌ڤینه‌كه‌ی. كه‌مال ئیتر ئه‌ڤینی فویسونی كردووه به پیشه‌ی سه‌ره‌كی بۆ خۆی.
كه‌مال كۆڵنه‌ده‌ره، هه‌رچه‌نده كار به‌وه‌یش بگات گۆشه‌نووسی ڕۆژنامه‌كان له‌سه‌ری بنووسن، به‌ڵام ئه‌و وه‌كو هه‌میشه پێیوایه، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه ده‌رببڕێت، ئه‌وانی دیكه، واتا هه‌موو ده‌وروبه‌ر ناحاڵین له ئه‌ڤین و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌ڤیندا، ئه‌ڤینێك له سۆنگه‌یه‌وه هه‌موو ژیانی ئه‌م مرۆڤه تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ بووه.
كه‌مال مرۆڤێكه له هه‌ڕه‌تی لاوی‌دا، كوڕی یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئیسته‌نبوڵه. تازه سیبه‌ل-ی نیشان كردوه. سیبه‌ل كچی دیپلۆماتێكی تركه و له فه‌ره‌نسا خوێندنی ته‌واو كردووه. به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ی كه‌مال ده‌چێته بوتیكی شانزه‌لیزێ تا جانتای جینی كۆلۆن بۆ سیبه‌لی ده‌زگیرانی بكڕێت، فویسونی شۆخ له‌و بوتیكه ده‌بینێ و جانتای جینی كۆڵۆن له‌و فرۆشیاره نازداره ده‌كڕێت. بینینی فویسون له بوتیكی شانزه‌لیزێ، ساتێكه كه‌مال تێیدا به جۆرێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر عاشقی ئه‌و كه‌نیشكه ده‌بێت، به جۆرێك نه‌ك سه‌ره‌تای له ده‌ستدانی سیبه‌ل ده‌بێت، به‌ڵكو سه‌ره‌تای گۆڕینی سه‌رتاپا ژیانی كه‌مال ده‌بێت له كاره‌وه بۆ ده‌زگیراندارێتی و له په‌یوه‌ندی خێزانییه‌وه بۆ په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی. فویسون كه كچی ماڵه هه‌ژارێكی دووره خزمی كه‌ماله، به جۆرێك ژیانی كه‌مال ده‌گۆڕێت هه‌مووان سه‌رسام ده‌كات و هه‌مووانیش ئه‌و ته‌لیسمه، ته‌لیسمی ئه‌و ئه‌ڤینه‌یان بۆ ناكرێته‌وه. كه‌مال، ته‌نها خۆی له‌و نهێنییه ده‌گات، به‌ڵام ئه‌ویش ناتوانێ بۆ كه‌سی به‌یان بكات و زه‌خیره‌ی قسه‌ی له‌و باره‌وه پێ نییه‌وه. كه‌مال ته‌نها له هه‌ناوی خۆیدا پێی ده‌كرێ باس له‌و ئه‌ڤینه ئاسمانییه بكات. فویسون وه‌كو بوونه‌وه‌رێك، ئه‌ڤینی فویسون و هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ فویسوندا ده‌بێت ده‌بن به مایه‌ی وزه و جوڵه‌ی كه‌مال و ئیتر ئه‌م بێ ئه‌و بۆن و به‌رامه‌ی عیشقه هه‌ڵكردنی پێده‌چێت مه‌حاڵ بێت. سه‌ره‌تا ئێمه كه به‌ڕه‌وشی كه‌مال ئاشنا ده‌بین، وا هه‌ست ده‌كه‌ین جۆرێك له پێوه‌نان و زیاده‌ڕۆیی هه‌یه. وا هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌م پیاوه بێ ده‌سه‌ڵاتێكه و ده‌یه‌وێ به‌چیرۆكێكی وه‌ڕسكه‌ری بێ ئه‌رزشه‌وه بێزارمان بكات، به‌ڵام كاتێك به‌رده‌وام ده‌بین له‌گه‌ڵیدا و هه‌نگاو به هه‌نگاو له په‌رژینی به‌سه‌رهاته‌كه‌وه به‌ره‌و ناوه‌ند ده‌مان بات، ئه‌و ده‌مه حاڵی ده‌بین كێشه‌ی ئه‌م عیشقه‌ی كه‌مال چییه و ئه‌و ده‌مه به حه‌زێكی قوڵه‌وه ده‌مانه‌وێ به‌رده‌وام بین، نه‌خێر نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێ ببین به هاوكاری و هه‌ر نه‌بێت له كۆكردنه‌وه‌ی شتگه‌ل و كه‌ره‌سته‌كانیدا بۆ مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی ده‌ستێك بده‌ینه باڵی.
پاموك ڕۆمانی ئه‌ڤینی نووسیوه. پاڵه‌وانێكی پێشكه‌ش به دنیای ئه‌ڤین كردووه ده‌گمه‌ن. كه‌مال له كه‌سه كۆڵنه‌ده‌ره‌كانی مێرگه‌كانی ئه‌ڤینه. ئه‌ڤیندارێكه كلاسیك. كه‌مال هی سه‌رده‌می خۆی نییه. كه‌مال مرۆڤێكی نامۆیه به كات و شوێنی خۆی. سه‌رده‌می كه‌مال ئه‌ڤینداری وه‌های تێدا له دایك نابێت، بۆیه چیرۆكه‌كه سه‌رسامكه‌ره، چیرۆكێكه به‌ره‌و مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی ده‌مانبات. ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ی تژه‌یه له ساتی سه‌رسامكار.
راسته نووسه‌ری كۆلۆمبی كابریل گارسیا مارگیزه (1927) له “خۆشه‌ویستی له ڕۆژگاری كۆلێرادا” ئه‌ڤیندارێك پێشكه‌ش ده‌كات له پێناوی دڵبه‌ره‌كه‌یدا په‌نجا و یه‌ك ساڵ و نۆ مانگ و چوار ڕۆژ چاوه‌ڕوان ده‌بێت. به‌ڵام له بیرمان نه‌چێت له‌و ماوه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌دا فلۆره‌نتینۆ ئاریزا له‌گه‌ڵ 622 ژن‌دا په‌یوه‌ندی سێكسی داده‌نێت. ڕاسته چاوه‌ڕوانی كه‌مال هه‌شت ساڵه، به‌ڵام چاوه‌ڕوانییه‌كی پاكیزه‌یی، ته‌نانه‌ت كه‌مال، سیبه‌لی ده‌زگیرانیشی له ده‌ست ده‌دات. سیبه‌ل ئاماده‌یه به ده‌ست هه‌ڵگرتنی كه‌مال له فویسون له‌گه‌ڵیدا بمێنێته‌وه. به‌ڵام كه‌مال بۆی مه‌حاڵه بێ فویسون بچێته ئامێزی ژنی تره‌وه، یان ئامێزی بۆ ژنی تر بكات به هۆبه‌ی هه‌دادان.
فلۆره‌نتینۆ ئاریزا و كه‌مال باسماجی هه‌ردوو لێدراوی ئه‌ڤینن. هه‌ردوو عاشقی گه‌وره‌ی سه‌دساڵه‌ی ڕۆمانه‌كانن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌مال
له پای خۆشه‌ویستیدا ده‌یكات شتێكه سه‌رسامكه‌ر. فلۆره‌نتینۆ ئاریزا په‌نجا و یه‌ك ساڵ و نۆ مانگ و چوار ڕۆژ چاوه‌ڕوان ده‌بێت، به‌ڵام چاوه‌ڕوانییه‌كی پڕ له سه‌ركێشی و تژه له شه‌وانی ته‌ڕ و پاراو. كه‌مال هه‌شت ساڵ چاوه‌ڕوان ده‌بێت، دیاره به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فلۆره‌نتینۆ كه‌متره، به‌ڵام هه‌شت ساڵی ته‌واو دابڕان له هه‌موو خۆشییه‌ك و له هه‌موو ئاوێته بوونێك. هه‌شت ساڵ تاكه ده‌روو، تاكه هیوا و خه‌ون بینین، ته‌نها چه‌پكه تیرێژێك ده‌روونی كه‌مال ڕۆشن بكه‌نه‌وه، ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ن كه‌مال له ماڵی فویسون ده‌یاندزێت و ده‌یانخاته سه‌ر خه‌رمانی شته كۆكراوه‌كانی تری كه به‌ر له‌ش و به‌ر ده‌ستی دڵبه‌ره‌كه‌ی كه‌وتوون.
پاموك له ڕوانگه‌ی كه‌ماله‌وه مێژووی ئه‌و ساڵانه، به سه‌رهه‌ڵدانی ته‌وژمی چه‌پ، ئیسلامی، چۆنیه‌تی كاری ڕۆژنامه‌كانی ترك، هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤی ترك له‌گه‌ڵ به ئه‌وروپایی بوون و ڕۆژئاوایی بووندا، كوده‌تای سه‌ربازی و زۆر شتی دیكه‌ی، ده‌خاته به‌رده‌ستمان. چه‌ند جوانه كاتێك كه‌مال له دیدی ئه‌ڤیندارانه‌ی خۆیه‌وه كوده‌تای سه‌ربازی 1980 له تركیا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. كه‌مال هه‌موو ئێوارانێك ده‌چێته ماڵی فویسون، ماڵه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی چوكورجوما و تا دره‌نگی شه‌و له‌وێ ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام كاتێك ئه‌فسه‌رانی سوپا كوده‌تا ده‌كه‌ن. هه‌موو ئێوارانێك له سه‌عات 10ه‌وه ئیتر هاتوچۆ و چوونه ده‌رێ قه‌ده‌غه ده‌كرێت، له‌و سۆنگه‌یه‌وه كه‌مال هه‌موو شه‌وێ چه‌ندین سه‌عات له‌ده‌ست ده‌دات. چه‌ندین سه‌عات دابڕان له نیگا و له ته‌ماشاكردنی “پێستی هه‌نگوینیی ئه‌و ژنه، نیگای مه‌نگ و غه‌مگینی، پێچخواردن له دۆكه‌ڵی جگه‌ره‌كه‌ی”دا. ئه‌وه كوده‌تای سه‌ربازی و ده‌سه‌ڵاتی عورفییه وا ده‌كات كه‌مال شه‌وانه سه‌عات 9.45 ماڵی فویسون جێبهێڵێت و به‌ره‌و ماڵ بێته‌وه. كه‌مال ئه‌ڤیندارێك نییه بۆ خۆی به ته‌نها. ئه‌و قسه‌كه‌ری ناخی مرۆڤه‌كانه. به بیانووه‌كانی، به هه‌ڵسوكه‌وتی و به قوربانیدانی خۆی باس له هه‌ناوی هه‌موومان ده‌كات. چه‌ند پڕ حه‌سره‌ت و هاوكات چه‌ند جوانه كاتێك كه‌مال باس له سه‌ركه‌وتنی خۆی ده‌كات به سه‌رخۆشی له نهۆمی یه‌كه‌می ماڵی فویسونه‌وه بۆ نهۆمی دووه‌م به‌مه‌به‌ستی چوونه سه‌رئاو. كه‌مال سه‌رخۆشه، ئه‌وه‌نده یه‌نی راكی خواردۆته‌وه له‌تر ده‌دات، ناتوانێ به‌ته‌نها سه‌ركه‌وێت و یارمه‌تی ده‌ری هه‌یه، ئه‌و یارمه‌تیده‌ره‌ی ده‌ستی به باڵییه‌وه گرتووه فویسونه. كه‌مال به جۆرێك باس له‌و ماوه كورته ده‌كات، تۆ ده‌ڵێی كات به‌های خۆی بزر كردووه و چه‌قیوه، خۆشییه‌كی ئه‌وه‌نده پڕ وزه‌یه، ئه‌وه‌نده قوڵه، خۆشییه‌ك كاته‌كه‌ی له‌وه درێژتره كه‌سانێكی ناعاشق لێی حاڵی ده‌بن. سه‌ركه‌وتنێكه له سه‌ركه‌وتنه ده‌گمه‌نه‌كانی چنینی چیرۆك.
جوانترین دزی
هه‌میشه ئه‌و شتانه‌ی فویسون به كاریان ده‌هێنێت یان ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ له‌شی فویسوندا ده‌بێت، بۆ كه‌مال سه‌رنجڕاكێش و مایه‌ی پاراستنن. سه‌ره‌تا كه‌مال هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی باڵه‌خانه‌ی “مه‌رحه‌مه‌ت” ده‌پارێزێت، ئه‌وه باڵه‌خانه چۆڵه‌ی ماڵی كه‌مال كه یه‌كه‌مجار له‌وێوه گڕی سوتێنه‌ر له ئه‌ڤینی خۆی و فویسون كه‌وته‌وه. كه‌مال له‌وێ كه‌ره‌سته‌ی وه‌ك دۆشه‌ك، پێخه‌و، خوه‌لیدان “ژێر سیگار” و هتد ده‌پارێزێت كه له قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌ڤین و ئاوێته‌بووندا به‌ر ده‌ست یان له‌شی فویسون كه‌وتوون. پاشان له قۆناغی دووه‌مدا له ماڵه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی چوكورجوما- ماڵی فویسون و دایك و باوكی، ده‌ست ده‌كات به دزینی شت. شه‌و نییه كه‌وچكێكی چای، خوێدانێك یان ورده شتێكی دی نه‌دزێت. به‌ڵام هه‌موو جار كه‌مال یان شتی نوێ له بری ئه‌و شتانه ده‌كڕێت و بۆیان ده‌هێنێت یاخود پاره به جێده‌هێڵێت. كه‌مال ده‌بێت به دزێكی به ده‌ست و برد له‌و ماڵه‌دا. هه‌ر شتێك فویسون به‌كاری بهێنێت و بۆ ئه‌م سه‌رنجڕاكێش بێت، ده‌یدزێت. دزییه‌ك زۆر جوان و زۆر جیاواز. كه‌مال هه‌موو ئه‌و شتانه كۆ ده‌كاته‌وه و دواتر كاتێك هه‌زاران مۆزه‌خانه‌ی دنیا ده‌گه‌ڕێ، له كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌زموندا، دێته سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی كه ده‌بێ ئه‌میش مۆزه‌خانه‌یه‌ك، مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی، بۆ كه‌لوپه‌له‌كان فویسون و هه‌موو یادگارییه‌كانی بكاته‌وه. مۆزه‌خانه‌یه‌ك با زۆربه‌ی كه‌ره‌سته‌كانیشی به دزی كۆكرابنه‌وه، به‌ڵام مۆزه‌خانه‌یه‌كه خاڵی له تاوان. مۆزه‌خانه‌یه‌ك خاڵی له‌گوناه و تژه له ساتی سه‌رسامكار.
كه‌مال چونكه كه‌سێكه بۆ ئه‌ڤینه‌كه‌ی ڕاستگۆیه، له دزێۆترین شت یادگاری جوانی ئه‌ڤین ده‌خه‌مڵێنێت. ئاخر ئه‌گه‌ر نه وه‌ها بێت
قونكه جگه‌ره چییه ببێت به یادگاری خۆشه‌ویستی. ته‌نها ئه‌ڤینی له‌و چه‌شنه‌یه ده‌توانێ ببێت به هۆی ئه‌وه‌ی دزێوترین شت، بنه جگه‌ره، جوانترین بیره‌وه‌ری لێ دروست ببێت. دزینێك هه‌یه، دزینی ره‌نده‌ی هه‌رمێ، ئه‌وه‌نده جوانه ته‌نها سه‌لیقه‌ی ئه‌ڤینداره، چ هی ژن بێت یان وشه، ده‌توانێ ره‌نده‌ی هه‌رمێ بكات به توخمێكی ئه‌وه‌نده جوان و بزوێنه‌ر. یه‌كه‌م شه‌و كه كه‌مال ئه‌و ره‌نده‌یه ده‌دزێ سه‌ربازه‌كانی سه‌ر شه‌قام ره‌نده‌كه ده‌بینین و لێیده‌پێچنه‌وه ئه‌و ره‌نده‌یه چییه. ئه‌وان قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان راگه‌یاندووه. ئه‌وان، سه‌ربازه‌كان، له دنیای ره‌شی خۆیاندا ده‌ژین و ئاگای له دنیاكه‌ی كه‌مال نییه. ئه‌وه‌نده نامێنێت به‌و هۆی ئه‌و ره‌نده‌یه‌وه كه‌مال و چه‌تینی شۆفێری تووشی به‌ڵایه‌ك ببن. ساڵانێكی زۆر دواتر، كاتێك ئۆرهان پاموك سه‌ر له دایكی فویسون ده‌دات، ئه‌و خانمه به رێكه‌وت، كاری به ره‌نده‌ی هه‌رێمی ده‌بێت و له پاموك ده‌پرسێ تكایه بزانه كه‌مال له مۆزه‌خانه‌كه‌ی داینه‌ناوه؟
پاموك هه‌موو ئه‌مانه له ڕۆمانێكدا ده‌خاته ڕوو كه خوێنه‌ر قایل ده‌كات ئه‌و ڕه‌وشه‌ی كه‌مالی تێكه‌وتووه به‌شێكی سروشتی یه له ڕه‌وشی مرۆڤی ئه‌ڤیندار. ئه‌و به چیرۆكی كه‌مال و عیشقه‌كه‌ی ڕۆمانێكی خستۆته به‌رده‌ست سه‌ركه‌وتوو. چه‌ند سه‌ركه‌وتووه ئه‌و ڕۆمانه‌ی ئه‌وه‌نده له خوێنه‌ره‌وه خۆی نزیك بكاته‌وه، به جۆرێك خوێنه‌ر وا بزانێت خۆی ده‌توانێ بینووسێت، یان خۆی نووسیوویه‌تی.
كه‌مال و مۆزه‌خانه:
پاموك له‌و دیداره‌ی ن. تیڤیدا (له 2.9.2008)دا، ده‌ڵێ: ده ساڵ بیرم له نووسینی ئه‌م ڕۆمانه كردۆته‌وه، پاشان حه‌فت ساڵ سه‌رقاڵی نووسینی بووم. ئه‌و كه له پای نووسینی ئه‌م ڕۆمانه‌دا وه‌كو خۆی ده‌ڵێت:( ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌ستم كرد به نووسینی ڕۆمانه‌كه، هاوكات ده‌ستم كرد به گه‌ڕان به مۆزه‌خانه‌كانی جیهاندا. سه‌ره‌تا له ئه‌ورپاوه ده‌ستم پێكرد و پاشان مۆزه‌خانه‌كانی جیهان. سه‌ره‌قه‌ڵه‌مم ده‌نووسی. ئه‌و باری سه‌رنجانه‌ی له‌وێ ده‌منووسین گه‌شه‌یان به سه‌ره‌تاكانی ڕۆمانه‌كه ده‌كرد. ده‌توانم چی له مۆزه‌خانه‌كه‌دا پێشان بده‌م. به چ شێوه‌یه‌ك ده‌كرێ فویسون پێشان بده‌م. كه‌مال ده‌توانێ چ شتێكی فویسون ببات. ڕاستییه‌كه‌ی له گه‌ڕانمدا به مۆزه‌خانه‌كانی ئه‌وروپا و جیهاندا ئه‌م بیرۆكانه گه‌شه‌یان ده‌كرد. واته له خه‌مڵاندنی ئه‌م كتێبه‌دا تێبینی و سه‌ره‌قه‌ڵه‌می من له‌و مۆزه‌خانانه و له‌و گه‌شتانه‌دا شوێنگه‌ی گرنگیان هه‌یه. له كاتی ئه‌و گه‌ڕانانه‌مدا چه‌ندین ده‌فته‌رم له تێبینی و سه‌ره‌قه‌ڵه‌م پڕكردوونه‌ته‌وه).
بۆیه كه‌مال ئه‌وه‌نده سه‌باره‌ت به كاری مۆزه‌خانه و به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌زا بووه ته‌نانه‌ت ده‌یه‌وێت كارمه‌ندان و به‌ڕێوه‌به‌رانی مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی له‌سه‌ر كراڤاته‌كانیان وێنه‌ی گواره هه‌بێت. گواره‌یه‌ك كاتی خۆی ئه‌م پێشكه‌شی فویسونی كردووه، له بزربوونیدا زۆر نیگه‌رانی ده‌كات و پاشان له‌و مۆزه‌خانه‌یه‌دا شوێنێكی شایسته ده‌گرێت. شوێنێك له‌سه‌ر كه‌راڤاتی كارمه‌نده‌كان و به‌رده‌وام له جوڵه و له بینین‌دا ده‌بێت. ئه‌زموونی گه‌ڕان به جۆرێك كه‌مال له كاری به‌ڕێوه‌بردنی مۆزه‌خانه‌دا قاڵ ده‌كات، ته‌نانه‌ت بڕیار ده‌دات مۆزه‌خانه‌كه (گۆڤاری پاكیزه‌یی)یشی هه‌بێت.
ره‌وشی كه‌مال پاش بینینی مۆزه‌خانه‌ی باگاتی ڤالسێجی له میلانۆ، ڕه‌وشێكه پڕ له شپرزه‌یی. فرۆشتنی به‌شێكی ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه به كارگه‌ی جانتای جینی كۆلۆن كه‌مال غه‌مگین ده‌كات. غه‌مگینییه‌كی تاسه‌بارانه.
كه‌مال سه‌ره‌تای جیابوونه‌وه‌ی خۆی له سیبه‌ل ده‌ڵێت: ( ئه‌و ڕۆژه‌ی له یه‌ك جیابووینه‌وه، سیبه‌لم پاش 31 ساڵ بینییه‌وه.) راستییه‌كه‌ی كه‌مال هه‌رگیز سیبه‌ل نابینێته‌وه، ئه‌و رۆژه‌ی كه‌مال شپرزه و نیگه‌رانه له میلانۆ، ئه‌و رۆژه سیبه‌لی كچی بینیوه نه‌ك دایك، ئه‌و كچه‌ی سیبه‌ل ته‌واو له دایكی ده‌چێت. وه‌كو سیبه‌ل خۆی دواتر به ئۆرهان پاموك ده‌ڵێت: “ته‌واو له خۆم ده‌چێت”. له میلانۆ كه‌مال به ڕێكه‌وت ئه‌و كه‌نیشكه ده‌بینێت و بانگی ده‌كات: سیبه‌ل. له ڕۆمانه‌كه‌دا به جوانی و سه‌رنجڕاكێشانه باس له‌و كاته كراوه. كات له لای كه‌مال وه‌ستاوه و سیبه‌ل به‌وه نه‌گه‌یشتووه ببێت به دایك، له كن كه‌مال هه‌ر ئه‌و لاوه‌ی ئه‌و ده‌مه‌یه، بۆیه كه‌مال ئه‌و كه‌نیشكه به سیبه‌ل بانگ ده‌كات.
كه‌مال سه‌رجه‌م ورده‌كاری ئه‌ڤینه‌كه‌ی بۆ پاموك گێڕاوه‌ته‌وه، ئه‌و خۆی داوا له‌و نووسه‌ره ده‌كات چیرۆكی ژیان و عیشقه‌كه‌ی بكات به ڕۆمانێك. چه‌ند داوایه‌كی جوانه، پاموكیش چه‌ند هونه‌ریانه چیرۆكه‌كه‌ی چنیوه. پاموك خۆی له‌و دیداره‌ی ن.تیڤیدا ده‌ڵێ: (ڕۆمانه‌كه له بوتیكی شانزه‌لیزێوه ده‌ست پێده‌كات)، كه‌واته ده‌بێ له مۆزه‌خانه‌كه‌دا جانتای جینی كۆلۆن له شوێنی به‌رجه‌سته و به‌رچاودا دابندرێ… له بیرمان نه‌چێت دواجاریش كه‌مال به هۆی فرۆشتنی نیوه‌ی مۆزه‌خانه‌ی باگاتی ڤالسێجی به كارگه‌ی جانتای جینی كۆلۆن چه‌ند تاسه‌بار و غه‌مگین ده‌بێت. كه‌واته جانتای جینی كۆلۆن توخمێكی گرنگی ئه‌م چیرۆكه‌یه و ده‌بێ له مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌ییدا شوێنی شایسته‌ی هه‌بێت.
تاكه شتێكی دیكه‌ی سه‌رسامكه‌ر، وێنه‌یه‌كی لاوێتی فویسونه و كه‌مال تا ئه‌و شه‌وه نه‌یبینیووه كه جه‌یدا (ده‌سته‌خوشكی فویسون) ده‌یدات به كه‌مال بۆ مۆزه‌خانه‌كه‌ی. كاتێك له نێو ئۆتۆمبیل‌دا و له ژێر ڕووناكی گڵۆپه‌كانی سه‌ر شه‌قامدا پێكه‌وه ته‌ماشای ده‌كه‌ن، كه‌مال به نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه، واته به ئۆرهان پاموك ده‌ڵێـت: (به ڕاستی ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر ژیام). ئه‌مه له كاتێكدا كه ده‌وروبه‌ر پێیانوایه كه‌مال هه‌موو ژیانی خۆی كرد به قوربانی ئه‌ڤینه‌كه‌ی و خۆشی له خۆی نه‌بینی. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو شۆخی به ئاوه‌زی كه‌مال ده‌كه‌ن كه ژیانی خۆی بۆ كه‌نیشكێك به فیڕۆدا.
پاموك له‌و دیداره ته‌له‌فزیۆنییه‌دا ده‌ڵێت: (ویستم ڕۆمانی خۆشه‌ویستی بنووسم. به‌ڵام ده‌موویست ڕۆمانێكی جیاوازیی خۆشه‌ویستی بێت).
به‌راستی ڕۆمانێكه سه‌باره‌ت به خۆشه‌ویستی و هاوكاتیش جیاواز.
پاموك له هه‌مان دیداری ته‌له‌فزیۆنیدا ده‌ڵێت: (ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ی كه‌مال بۆ فویسونی كرده‌وه، من له گه‌ڕه‌كی چوكورجوما ده‌یكه‌مه‌وه. دوای ئه‌م بڕیاره‌م من له‌و گه‌ڕه‌كه باڵه‌خانه‌یه‌كم كڕی. شوێنه‌كه‌م وا لێ‌كرد بۆ مۆزه‌خانه بشێت. پاشان هه‌ستێكی كه‌مال ئاسام له خۆمدا به‌رجه‌سته كرد و ده‌ستم به كۆكردنه‌وه شتومه‌ك كرد).
له هه‌مان دیداری ته‌له‌فزیۆنیدا، ئۆرهان پاموك، پاسكیلێكی سێ چه‌رخه‌ی هێناوه، له نێوان خۆی و ئه‌و خانمه‌دا كه دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه، داندراوه. پاسكیلێك له‌و چه‌شنه‌ی له ڕۆمانه‌كه‌دا توخمێكی گرنگه، پاسكیلی منداڵی فویسونه. پاموك ده‌ڵێت (چونكه له كتێبه‌كه‌دا شوێنێكی گرنگی هه‌یه، بۆیه له مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌ییش پێشان ده‌درێت.).
سه‌باره‌ت به وه‌رگێڕانه‌كه:
به‌كر شوانی كه پێشتر سێ ڕۆمانی پاموكی وه‌رگێڕاوه، ماوه‌یه‌كی كه‌م نییه ئه‌م ڕۆمانه‌ی كردووه به كوردی و چاوه‌ڕوانی چاپكردنێتی. به‌كر شوانی، (مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی) به زمانێكی ڕه‌وان و جوان وه‌رگێڕاوه، زمانێك شایسته‌ی جوانی ڕۆمانه‌كه و كاری ئه‌و نووسه‌ره به توانایه‌یه.
مایه‌ی غه‌مێكی قوڵه بازاڕی كتێب و ئه‌ده‌بیات له لای ئێمه به‌و جۆره‌یه. خوێنه‌ر و وه‌شانخانه‌كانی ئێمه كه‌متر به دوای ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دا وێڵن. له ئێستادا سیاسه‌تی كولتورییه له وه‌ڵاتی ئێمه‌به جۆرێكه كه‌متر بایه‌خ به وه‌رگێڕانی سه‌رچاوه گرنگه‌كان ده‌دات. سیاسه‌تێك له‌به‌ر زۆر هۆ تا هه‌نووكه هه‌نگاوی گرنگی وه‌رگێڕان نانێت. هێشتا كاری وه‌رگێڕان له وه‌ڵاتی ئێمه ئه‌و پلانه تۆكمه‌یه‌ی بۆ دانه‌ندراوه كه ده‌بێ هه‌بێت. زمانی كوردی یه‌كێكه له‌و زمانانه‌ی زۆر پێویستی به كاری وه‌رگێڕان هه‌یه. هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام سه‌رچاوه‌ی پێویست و زانیاری نوێ بخاته كتێبخانه‌كه‌یه‌وه، هه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی قه‌لسی و كێماسی زمانه‌كه‌مان بۆ ئاشكرا بێت و هه‌نگاوێك له گه‌شه‌كردنی زمان نزیكمان بخاته‌وه. پێموایه وه‌شانخانه‌كانی ئێمه، دیاره ئه‌گه‌ر بوار و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێت، ده‌بێ كاری وه‌رگێڕان بكه‌نه سه‌رتڵی كاره‌كانیان. وه‌رگێڕان چه‌ندین په‌نجه‌ره‌ی پێویست له‌سه‌ر زمان، هزر و ئه‌ده‌بیاتی ئێمه ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌و په‌نجه‌رانه‌ی ڕووناكی تر و تیرێژی جیاوازیان لێ دێته ژووره‌وه‌ی كو‌لتور و ڕۆشنبیریمان.
به‌كر شوانی كه چواره‌مین ڕۆمانی پاموك به‌و قه‌واره گه‌وره‌یه ده‌كاته كوردی، له نیزكه‌وه ئاگاداری كاركردنیم و ده‌زانم چه‌ند به ده‌ربه‌ست و مشوورخواردنه‌وه ئه‌و كاره ده‌كات. ئاگادارم له سۆنگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی وشه‌ی گونجاو‌دا چۆن هه‌میشه په‌یگیرانه له سۆراخدا ده‌بێت. كاتێك له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه بوومه‌وه، دیاره وه‌رگێڕانه‌كه‌ی به‌كر شوانی، هه‌ستم كرد به زمانێك كردوویه به كوردی شایانی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه. زمانێك به‌ڕه‌وانی له جوڵه‌دایه و به‌رهه‌مه‌كه‌ی به گه‌شی بۆمان گواستۆته‌وه.
13.6.2010
تێبینی:
سه‌رچاوه‌ی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌ی ئۆرهان پاموك له ئه‌رشیفی ن. تیڤی:
http://arsiv.ntvmsnbc.com/news/457412.asp