Skip to Content

Tuesday, May 21st, 2024
سروشتى ژیان … ره‌حمان مه‌حمود ئه‌حمه‌د

سروشتى ژیان … ره‌حمان مه‌حمود ئه‌حمه‌د

Closed
by March 24, 2011 چیرۆک

 

 

کەم ڕۆژ  هەبوو لەماڵى ئێمەدا شەڕێک بەرپا نەبێت ، لەو شەڕانەى کە تەنها خوێنى ووشەى تێدا  دەڕژا . شەڕ لەنیوان باوکم و دایکمدا . من نەمدەزانى هۆى ئەو شەڕانە چى یە . ڕەنگە تۆش لەو تەمەنەى مندابیت تەلیسمى ئەوشەڕانەت بۆ نەکریتەوە .ئەو هەموو تووڕە بوون و پلار لەیەک گرتنە .
باوکم پیاویکى هێمن و کەم دوو بوو ، گرنگى بەڕێپۆشى و هاوجۆرى جل و بەرگ نەدەدا ، هەمیشە بێ دەنگى مەملەکەتى دڵە ئۆگرەگرتووەکەى ئەوى داگیر کردبوو،  کەم جار ددانى دەردەکەوتووە و پێکەنیوە ، زۆر حەزى بەتێکلاوى خەڵک نەدەکرد . بەیانیان دەچووە سەرکارەکەى و ئێواران دە گەڕایەوە ماڵەوە . دایکم بە پێچەوانەى باوکمەوە ئافرەتێکى زۆربلێ بوو،  زۆر حەزى بە خۆڕ ازاندنەوە و ڕێکپۆشى دەکرد، هەمیشە بۆنى خۆشى لە خۆى دەدا و  پرچەکانى شانەکراو بوو .
باوکم کاتێک دەگەشتەوە ماڵەوە لەدواى کارەکەى دایکم دەستى دەکرد بە پلار تێگرتنى . (( هاتەوە ، پیاو هاتەوە  )) . باوکیشم تا ماوەیەکى زۆر بێدەنگ دەبوو ، ئیتر خۆ ى پێڕاگیر نەدەکراو وەلامى دایکمى دەدایەوە و دەکەوتە قسە پێووتنى ، دایکم هەندى قسەى بە باوکم دەووت من نەم دەزانى ماناى چى یە ، باوکیشم بە هەمان شێوە . ئەو قسانە  کلیلى کردنەوەى نهێنى شەڕەکانى نێوانیان بوو کە قورس بوو درگاى داخراوى ئەونهێنیانە بە من بکرێتەوە .
باپیرم تەمەنى نەوەد ساڵ بوو لەگەڵ ئێمەدا دەژیا ، گوێى گران و چاوى کز بوو  . ززۆر بە زەحمەت لە قسە تێدەگەیشت و دەیبیست . ئەو وەک باوکم نەبوو زۆر حەزى بەقسەکردن دەکردو زۆر قسەى خۆش بوو ، تەنها یەک پرسیار بەس بوو بۆ ئەوەى ڕۆژێک بەوەڵامدانەوەى ئەو پرسیارە بەڕێ بکات . دەنگ بەرزکرنەوە ى باوکم و قیژەى دایکم کارێکى باش بوو  بۆ بیستن و تێگەشتنى ئەو . کە دایک و باوکم شەڕیان دەبوو باپیرەم پێدەکەنى ، ئەو هەرگیز کارى بە شەڕى ئەوانەوە نەبوو ،ئەو زۆر کات گوێى لە ڕادیو دەگرت ، ڕادیۆیەکى هەبوو دەینووساند بە گوێیەوە ئەمەش باش بوو بۆ ڕەوینەوەى تەنیاى و بێ تاقەتى ئەو.
دایکم زۆر ڕێزى لە باپیرەم دەگرت ،  حەزى لەچ خواردنێک بوایە بۆى ئامادە دەکرد ، ریشى بۆ دەتاشى ، نەخۆش بوایە دەیبردە لاى دکتۆر ، باپیرەم هەمیشە جلەکانى بەرى پاک و خاوێن بوو ، دایکم زۆر گرنگى بە باپیرەم دەدا و ئەوەى بەکارێکى چاکەکردن دەزانى .من بەو تێگەشتنە منداڵیەى خۆمەوە لەو نێوەندەدا سەرم لێ تێکچوو بوو ، لەخۆم دەپرسى بۆچى دایکم زۆر گرنگى بە باپیرەم دەدات و کەچى زۆر جارلەگەڵ باوکمدا شەڕیانە ؟ . شەڕێک وەک نەخۆشى درێژخایەنى لێهاتبوو !. هەندێ جار دەمویست بزانم ئەم شەڕە بۆ کۆتاى نایەت لە ماڵى ئێمەدا پرسیارم دەکرد لەدایکم ئەو دەیووت هیچ نیە کوڕى خۆم باوکت دەیەوێت ژنى تر بێنێت، وەلامەکەى دایکم جێگەى بڕوانەبوو . لە باوکم دەپرسى باوە ژنى تر دێنیت ؟
باوکم بەپێکەنینە سەیرى دایکمى دەەکرد و دەیووت نا کوڕم بەشى دایکیشتم پێنەماوە . لەوەڵامەکەى باوکم تێنەدەگەشتم .
خانوەکەشمان وەک من تاقانە بوو ، هیچ دراوسێیەکمان نەبوو ، ئەمەش جوگراافیایەکى باش بوو بۆ ئەوەى شەڕى دایک و باوکم دراوسێکانمان بێ تاقەت نەکات . مزگەوتێک و چەندماڵێک لە سەرو ماڵى ئێمەوە بوو ، لەگەڵ منالانى ئەو ماڵانەدا هاوڕى َبووم و بەیەکەوە دەچووینە قوتابخانەوە و یاریمان دەکرد. زۆر لە ئێوارانى ڕۆژانى هاوین یان ئیوارانى بەهار گەر دنیا ساماڵ بوایە دەستى باپیرەم دەگرتوو دەبوومە چاوساخى بۆ ئەوەى بیبەم بۆ مزگەوت بۆ لاى هاوتەمەنەکانى خۆى کە ئاشنایەتى باشى هەبوو لە گەڵیاندا . کۆڕى قسەکردنیا پڕ بوو لەیادوەرى ڕۆژانى گەنجیەتیان . باپیرەم لە هەموویان زیاتر قسەى دەکرد وبەشى شێریان بە ئەو دابوو . لەیەکێک لەِو ڕۆژانەدا لە رێگەلەباپیرەم پرسى بۆچى باوک و دایکم زۆر شەڕ دەکەن باپیرەم ووتى نازانم زۆر ماڵ ئەو شەڕانەى تیدا ڕودەدات ، با گەورەبیت  ڕەنگە تۆش شەڕى وات تووش بێت .
من لەگەڵ دایکم لە ژوورێکدا دەنووستین و باپیرەم و باوکیشم لە ژوورێکى تردا . دایکم دەیووت لەبەر ئەوەى باوکت ئاگاى لە باپیرەت بێت . باپیرەم نەخۆشى پرۆستاتى هەبوو  زوو زوو میزى دەکرد و میزى بۆ ڕاگیر نەدەکرا . لە ڕۆژدا پێوویستى بەکەس نەبوو یارمەتى بدات هەرچەندە چاویشى کز بوو بەڵام لە شەودا دەبوو یەکێک یارمەتى بدات بۆ ئەوەى چەندجارێک بچێتە سەرئاو . ئەم یارمەتى دانە بە باوکم نەدەکرا چوونەکە بەڕۆژ هیلاک دەبوو بە شەویش وەک دایکم دەیووت هەردواى شێو کردن خەوى لێدەکەویت و ئاگر لە سەر پشتى بکەیتەوە خەبەرى نابێتەوە، ئەمەش دوو وەڵامى جیاواز بوو بەڵام لەو کاتەدا هەستم پێ نەدەکرد  . بەهەرحاڵ دایکم دەبەیەکى پلاستیکى بەتاڵى لە ژوورەکەدا دانابوو بۆ باپیرەم بۆ ئەوەى شەوان میزى تێ بکات و شەو هاتوچۆى دەرەوەنەکات بۆ ئەوەى نەکەوێت و شوێنێکى بشکێت . دایکم هەموو بەیانیەک دەبەکەى بەتاڵ دەکردومیزەکەى دەڕشت . لەسەرەتادا ئاسایى بوو کە پیرەمێردیک شەوى پێنج سەد سی سی میز بکات ، بەڵام پاش ماوەیەک ئەم ڕێژەیە گۆڕا بۆ هەزار سى سى و بگرە زیاتریش . شەوێک لە شەڕى دایک و باوکم بەخەبەرهاتم، دایکم ئاگرى گرتبوو بە باوکمى دەوت چۆن شتى وادەکەیت ، باپیرەشم دەیووت با دووان بێت یەکێکیش بۆ ئەو دانێ . جێگەى بڕوانابێت کە میزکردنى باپیرەم بەوشێوەیە زیاد بکات بۆیە دایکم دەکەوێتەگومانەوە و ئەوشەوە خۆى حەشار دەدات تا درەنگێ دەردەکەوێت باوکیشم تاقەتى نابێت شەو هەستێت بۆ میز کردن ئەویش دەیکاتە دەبەکەوە . ئیتر باوکم بارى لار دەبێت ، ئەوشەوە  باوکم دەستى گرتم و بردمیە ژوورەکەى باپیرەم و لاى ئەو بخەوم ، دواتر هەر دوو کیان چوونە ژوورەکەى تر و تاخەوم لێکەوت هەرگوێم لە دەنگیان بوو . من و باپیرم ڕاهاتبووین لە شەڕى هەردووکیان . ئەو شەوە لاى باپیرم خەوتم .
بەیانى کاتێک لە خەو هەستام ماڵ ئارام بوو ، دایک و باوکم پێکەوە نانى بەیانیان دەخوارد . دایک لەگەڵ باوکم پێدەنى و قسەى خۆشیان دەکرد .  دیمەنێکى سەیر بوو ، زۆر کەم باوک و دایکمم دیوە پێکەوە پێکەنیبن و لەگەڵ یەکتر قسەى خۆشیان کردبێت  . چووم دەمو چاوم شۆردو دایکم بانگى کردم دەستى باپیرەمم گرت و چووین بۆ خواردنى نانى بەیانى . باوکم ئەو بەیانیە خۆى شۆرد و جلێکى جوانى لە بەرکردو چووە بۆ سەرکارەکەى  .
بەپێچەوانەى ڕۆژەکانى تر ئەو بەیانیەپاش کاتژمیریک دەستى باپیرەم گرت  بردم بۆ لاى هاوڕێ بەتەمەنەکانى و خۆشم چووم بۆ لاى ئەومندالانەى ماڵیان نزیک بە مزگەوتەکەبوو لەتەمەنى خۆمدابوون و پێکەوەیاریمان دەکرد . تانزیک بە نیوەڕۆ دواتر لە گەڵ باپیرەم دەچوینەوە بۆ ماڵە . ئەوان  باسى ڕۆژە بەسەرچوەکانى تەمەنى خۆیان دەکرد و سەوداو مامەڵەیەکى زەرمەند و دۆڕاویان لەگەڵ مەرگدادەکرد . بیرم دێ جارێک هاوتەمەنێکى باپیرەم دەستى هێنابەسەرمدا و ڕووى لە باپیرەم کردو ووتى ئەم کۆڕە زایەت لە کەسێک دەچێت،  باپیرەم دەست بەجێ وەلامى دایەیەو ووتى ڕاست دەکەیت باوکى زۆر گەڕاوە زۆر کەس لەم دەچێت . من هیچ تێ نەگەشتم .
پاش ماوەیەک لەگەڵ باپیرەمدا گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە ، ژنێکى خزمان هاتبووە سەردانمان دەستى باپیرەمى ماچ کردو منیش لە ئامێز گرت و ماچى کردم .دواى چەند دەقیقەیەک وەستان و قسەکردنى باپیرەم لەگەڵ ژنەکەدا دەستى باپیرەمم گرتو بردم بۆ ژوورەکەى خۆى،دایکم و ژنەکە بەجۆرێک قسەیان دەکرد من هیچى لێ تێ نەدەگەشتم . ئیستە بوایە دەمزانى چ دەردەدڵێک بۆ یەکتر دەکەن.گوێم لێ بوو دایکم بە ژنەکەى دەگووت پیاوى چى مانگى جاریک پێکەوە بنوین دەبێت بڵێم خوانەى بڕێت .

*** *                                       ****                                                      ****
 گۆرانى گەورە لەماڵماندا ڕوویدا ، من گەورەبووم و  باپیرەم مرد . باوکم خانەنشین کرا . دایک و باوکم شەڕەکانیان کز بوو ئەگەر بلێم هەرنەما و بەیەکەوە دەخەوتن . زۆرجار بیرم لەڕۆژانى منداڵى شەڕەکانى ئەوان دەکردەوە . بەڕاست سەیربوو ئەو دوو مرۆڤە لە و دووکەسەى ڕۆژانى زوو نەدەچوون .
خوێندنم تەواوکردو لەیەکێک لە فەرمانگەکان دامەزرام ، ئەو ڕۆژەى یەکەم مووچەم وەرگرت یەکێک بوو لە ڕۆژەخۆشەکانى ژیانم وەک دەلێن ڕەحمەتیەک ووتبووى (( مووچەى ئەوەڵ جار و خۆشى یەکەم شەو )) ، سەرو دیارییەکم بۆ دایک و باوکم کڕى .
پاش دوو ساڵ لەگەڵ یەکیک لە کچەکانى فەرمانگە بڕیاماندا پێکەوە زەماوەند بکەین . کارەکەمان سازا . دایک و باوکم زۆر پێیان خۆش بوو .بۆ مانگى هەنگوین چووین بۆ سەیرانگاو هوتێلەکانى باکوورى وولات .
بەڕاستى ڕەحمەتیەکە باشى ووتبوو . ڕۆژانێکى باشمان ڕابواردو سەردانى زۆرشوێنى سەرجڕاکێشمان دەکرد و شەوانیش دەهاتینەوە هوتێلەکە وەک بڵێم بووکەخان زۆر لێم ڕازى بوو .پاشان دواى بەڕێکردنى مانگێکى هەنگوینى گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە .دایک و باوکم بەگەرمى بەخێرهاتنەوەیان کردین و هاوڕێکانمان هاتنە سەردانمان .
ماوەیەکى پێنەچوو دایکم کۆچى دواى کرد و باوکم تووشى نەخۆشى پرۆستات بوو ، باوکم لەو ژوورەکەى باپیرەمدا دەنووست . دەبەیەکم بۆ دانابوو میزى تێبکات بۆ ئەوەى شەوان زۆر هاتوو چۆى دەرەوە نەکات .
بەڕاستى خیزانەکەم لەخەمى باوکمدابوو باش خزمەتى دەکرد و ڕێزى لێدەگرت ، باوکم زۆر لێمان ڕازى بوو زۆرى خۆشدەویستین . من لەگەڵ باوکمدا وەک هاوڕێ بووین زۆرجار پێکەوە دەچووینەدەروە پیاسەمان دەکرد لەیەکێک لەو جارانە بۆ خۆشى لە باوکم پرسى بۆ لەگەڵ دایکمدا ئەوەندە شەڕتان دەکرد باوکم پێکەنى ووتى ئەوەى ئاشتى دەکردینەوەو نەیدەهێشت شەڕبکەین مردبوو ، هەردووکمان دەستمان کرد بەپێکەنین .
پاش دوو ساڵ مندالێکمان بوو ، زۆر خۆشحاڵى کردین ماڵى قەرەبالغ کرد . بێئەندازە باوکم پێى خۆش بوو. دواى سێ  سالى تر کچێکى جوانکیلەمەان بوو .  
***                                                         ***                                                ***
دواى چەندسالێک بە هۆى هیلاکى و پێرانەگەیشتن بە دابین کردنى بژێوویدا شەوان زوو لێى دەنووستم .ئەوە بوو بەهۆى ئەوەى شەڕلە نێوان من و خێزانەکەمدا دەست پێبکات.  دەبێت بڵێم باوکم گوێى گران و چاوى تەواو کزبوو کوڕکەمان لەلاى باوکم دەنووست و یارمەتى دەدا ، خیزانەکەم وازى لە کارى فەرمانگە هێنا و بوو بە خانمى ماڵەوە . هەندێ جار کە لەکار دەگەڕامەوە پەرمێزى گەرماوەکە ئیشى بکردایە ئەژنۆم دەشکا . جار جار خۆم دەکرد بە نەخۆش سوودى نەبوو .ژنە لێم لووتەلابوو کەوتە بۆڵەبۆڵ . دەبێتَ بڵێم نەباوکم ونە من هیچ گوناهێکمان نەبوو . وەک چۆن دایکم و خێزانەکەشم گوناهیان نەبوو .چوونکە دواجار ڕاستیەک هەیە کە هەموو کارێک پێداویستى خۆى هەیە ئەو پێداویستیە لەلاى من و باوکم وەک پێوویست نەبوو ، ئەویش هۆکارى خۆى هەیە هەندێکى لە چیرۆکەکەدا باس کرا ، تۆش هەندێکى ترى دەزانیت .
.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.