
ئه‌جێندای پارتیی و دڵسافیی هه‌ولێرییه‌کان!
له‌نێوان کێشه سیاسیی و کولتوورییه‌کاندا، زۆرینه‌ی کورد خه‌ریکی سیاسه‌ته، به‌ڵام پارتیی ئه‌جێندا کولتوورییه‌کانی خۆی هاوشانی ئه‌جێندا سیاسییه‌کانی ده‌باته پێشه‌وه. بڕوا ناکه‌م هیچ نه‌ته‌وه‌و گرووپێکی ئێسنیکیی، ئه‌وه‌نده‌ی کورد رۆشنبیره‌کانی به‌سیاسه‌ته‌وه خه‌ریک بن، کورد لافاو بیبات، سیاسه‌تمه‌دار وسیاسیی دێرین و خوێندکاری دۆکترا و ماسته‌ر له زانسته سیاسییه‌کاندا ده‌یگرێته‌وه. به‌داخه‌وه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی خوێندنی سیاسیی له‌رۆژئاواش ده‌خوێنن و هه‌ندێکیان ته‌واویشیان کردووه، له‌باری کو‌لتووریی و مه‌عریفه‌ی فیکرییه‌وه زۆر به رووکه‌شیی له کایه سیاسیی و کولتوورییه‌کانی بواره‌که‌ی خۆیشیان ده‌گه‌ن. به‌کورتییه‌که‌ی له‌نێوان سیاسییه ئه‌کادیمییه‌کانی زانکۆکانی رۆژئاوا‌و سیاسییه‌کانی شاخدا جیاوازییه‌کی فیکریی و کو‌لتووریی ئه‌وتۆ نییه. هۆکاره‌که‌یشی روونه، مرۆڤ گه‌شه‌ی فیکریی و مه‌عریفیی به‌گشتیی و له‌بواری کولتوورییشدا به‌تایبه‌تیی نه‌کات، له‌ڕووی تیۆری سیاسییه‌وه هه‌رچه‌ند پانوپۆڕبێتهوه، ناتوانێ له ریشه‌ی کێشه کولتوورییه‌کان بگات.
به میلیۆن میلیۆن وشه و پاره‌گراف له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانی کوردستان نووسران، به‌ڵام رێژه‌ی ره‌های شییکردنه‌وه‌کان، ته‌نیا و ته‌نیا له‌دیدی سیاسییه‌وه شرۆڤه کراون. له‌کاتێکدا پارتیی وه‌ک حیزبێکی خاوه‌ن ته‌جروبه ده‌یان که‌س و چه‌ندین ده‌سگای ته‌جنید کردووه بۆ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی کو‌لتووریی له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانییدا و تا راده‌یه‌کیش سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه. پارتیی لای که‌م توانیویه‌تی دڵسافیی خه‌ڵکی هه‌ولێر بۆ بابه‌ته کولتوورییه‌کان هه‌ستیار بکاته‌وه‌و بۆ ئه‌جێندا سیاسیی و ئایدۆلۆژییه‌کانی خۆی به‌کاریان بهێنێت. پارتیی ته‌واو ده‌ستی له سلێمانیی و گه‌رمیان و ته‌نانه‌ت که‌رکوکیش شۆریوه، چونکه دڵنیایه ناتوانێ هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی فیکریی و سیاسیی و کو‌لتووریی خۆی جێکه‌وت بکات. بۆیه به‌هه‌موو توانایه‌کیه‌وه ده‌یه‌وێ شه‌قڵه کولتوورییه‌کانی نێوان سلێمانیی و هه‌ولێڕ گه‌وره‌تر بکات. پارتیی ئه‌و ئیمکاناته زۆره‌ی له31 ی ئابه‌وه بۆ خنکاندنی ده‌نگی ئازاد له‌هه‌ولێردا خه‌رجی کردووه، بۆ ئازادکردنی که‌رکوک بیکردایه، هه‌نووکه که‌رکوک له‌قۆناغێکی تردا ده‌بوو.
کاتێ له‌سه‌ر نه‌کردنی خۆپیشاندان له‌هه‌ولێر، نووسه‌رێ ده‌یه‌وێ هه‌ندێ لێکدانه‌وه بکات، پێویسته به‌رله‌وه‌ی سیاسیی بیربکاته‌وه، کو‌لتووریی بیربکاته‌وه. تێنه‌گه‌یشتنی ورد له ره‌هه‌نده کو‌لتووریی و ئهنسرۆپۆڵۆجییهکانی جڤاکی کوردیی، ده‌ردێکی قورسه، به‌شێکی زۆری نووسه‌رو رۆشنبیری کورد پێوه‌ی ده‌تلێته‌وه. پارتیی پێی خۆشه شه‌ڕی کو‌لتووریی نێوان ناوچه‌کان و شاره‌کان قووڵ بێته‌وه. به قووڵبوونه‌وه‌ی ئه‌م کێشه‌یه، پارتیی جه‌وری ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی مکۆمتر ده‌بێته‌وه‌و به‌شێکیش له‌خه‌ڵکی هه‌ولێر ده‌لاوێنێته‌وه. هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و ته‌واوی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان له‌شه‌ڕی کو‌لتووریی نێوان سلێمانیی و هه‌ولێردا زه‌ره‌ر ده‌که‌ن، ته‌نیا پارتیی قازانج ده‌کات. ئه‌م کارته‌ش باشترین گه‌مه‌ی سیاسیی و کولتوورییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ولێر ئازادیی نه‌بینێ. پارتیی هه‌رگیز ناتوانێ ئازادیی بۆ هه‌ولێر دابین بکات، هیچ شتێ ئه‌وه‌نده‌ی ئازادیی دوژمنی پارتیی نییه، به‌دابینکردنی ئازادییه‌کی راسته‌قینه، پارتیی ده‌سه‌ڵاتی له‌ڕێی ده‌نگدانه‌وه له‌ده‌ست ده‌دات و له‌وێشه‌وه ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌مه‌ش بۆ پارتیی شتێکه ههڵناقوڕێنرێ. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئازادییه دابین نه‌کرێ، پارتیی به‌به‌رده‌وامیی هه‌ولێر له‌شه‌ڕێکی کولتوورییه‌وه ده‌گلێنێ و به‌گژ سلێمانیی و گه‌رمیانیدا ده‌کات و دوژمنی وه‌همیی بۆ داده‌تاشی و ناوچهگهرییهتیی خۆی له هێزو لایه‌نی تردا خاڵیی ده‌کاته‌وه.
هاوزه‌مان، زۆر گرینگه نووسه‌ران و رۆشنبیرانی سه‌ربه‌خۆی هه‌ولێڕ، جیاوازتر لههاووڵاتیی ئاسایی، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌هه‌نده‌رانن، بوێرانه‌ترو راشکاوانه‌تر قسه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه سیاسیی و کولتوورییه بکه‌ن که پارتیی به‌سه‌ر مێنتا‌ڵیتی هاووڵاتیی ساده‌دا سه‌پاندوویه‌تی. ده‌یان نووسه‌رو رۆشنبیر، ئه‌وانه‌ی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی شاری هه‌ولێرن، زۆربه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا نیین، که‌چیی له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا به‌باش و به‌خراپ قسه‌یه‌ک ناکه‌ن، ئه‌مه بۆشارێکی گه‌وره‌ی وه‌ک هه‌ولێر ماڵوێرانییه. چوار که‌س لهڕۆشنبیرهکانی له ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه ،خۆیان ناکه‌ن به‌خاوه‌نی هه‌ولێر و به‌ره‌نگاری ئه‌و گۆڵمه‌زه کو‌لتووریی و سیاسییه‌ی پارتیی له‌سه‌ر هه‌ولێڕ ده‌یکات نابنه‌وه. نیڵسۆن ماندێلا قسه‌یه‌کی جوانی هه‌یه، ئه‌و ده‌ڵێ” کاتێ له‌گه‌ڵ که‌سێکدا به‌زمانێک قسه ده‌که‌یت که لێت تێده‌گات، قسه‌کان ده‌چێته ناو مێشکییه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌زمانه‌که‌ی خۆی له‌گه‌ڵیدا قسه بکه‌یت، ئه‌وه ده‌چێته ناو دڵیه‌وه”. ( له‌ئه‌ده‌بی ئینگلیزییدا، دڵ و ده‌روون باره رۆحییه‌که نیشان ده‌دات). رۆشنبیره‌کانی هه‌ولێریش ده‌توانن قسه‌کان بگه‌یه‌ننه ناو دڵی خه‌ڵک، به‌ڵام سلێمانییه‌ک و که‌رکوکییه‌ک هه‌رچه‌ند قسه‌ش بکه‌ن، کاریگه‌ریی به ئه‌ندازه‌ی هه‌ولێرییه‌که نابێ. ئه‌مه داتا‌و فاکتی ناوێ، چونکه خۆبه‌خۆ له بواری کولتوورییدا ئه‌مانه فاکتن.
ئه‌گه‌ر له‌بواری کو‌لتووریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، خه‌ڵکی شاره‌که بیت ، قورسایی هه‌یه، به‌هه‌مان میتۆدیش له‌ڕووه سیاسییه‌که‌شه‌وه ئه‌مه پشتڕاست ده‌کرێته‌وه. چۆن پارتیی وه‌ک بارمته‌یه‌ک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا ده‌کات، به‌هه‌مان شێوه‌ش، ئۆپۆزیسیۆن به گۆڕان و بهئیسلامییهکانیشهوه وه‌ک نامۆیه‌ک له‌و شاره‌دا هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن. زانیتمان سه‌رکوتی پارتیی و پێشێلکردنی ئازادیی له‌هه‌ولێر سه‌رده‌می به‌عسیشی تێپه‌ڕاندووه، به‌ڵام نه‌مانزانی بۆچیی له‌م شاره‌دا چه‌ند فیگه‌رو ئایکۆنێکی سیاسیی و رۆشنبیریی له‌ناو ئۆپۆزیسسیۆن و خه‌ڵکانی سه‌ربه‌خۆدا په‌یدا نابن و بتوانن شارێک که سه‌رتاپای ناعه‌داله‌تیی و گه‌نده‌ڵییه بجوڵێنن. راسته چه‌ند که‌سایه‌تیی و رۆشنبیرێک هه‌ن، به‌ڵام بۆ گه‌وره‌یی شارێکی وه‌ک هه‌ولێر زۆر زۆر که‌من. لێره‌دایه پارتیی توانیویه‌تی، که‌سایه‌تیی به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌کادیمیست و رۆشنبیره‌کانی هه‌ولێر له‌ناخه‌وه تێک بشکێنێ و رامیان بکات، ئه‌وانه‌ی که به‌ره‌نگاری هه‌ژموونی پارتی‌یش بوونه‌ته‌وه، ئۆپۆزیسیۆن پشتیان به‌ته‌واویی ناگرێ و خۆی ناکات به‌خاوه‌نیان و بێکه‌سییان پێوه دیاره.
لێره‌دایه زۆر گرینگه له‌ڕووه کو‌لتووریی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌که‌یه‌وه، ئه‌و ره‌خنانه‌ی که‌سێکی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر ده‌یگرێ، خودی خه‌ڵکی هه‌ولێر، نووسه‌ر و رۆشنبیر‌و سیاسییه‌کانی هه‌ولێر بیگرن، چونکه کاریگه‌ریی زیاتری هه‌یه. به‌داخه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی بزانم، من و چه‌ند دۆستێکی تر، چه‌ندین جار داوامان له هه‌ندێ نووسه‌رو رۆشنبیری سه‌ربه‌خۆی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک هه‌ولێریی کردووه که قسه‌یه‌ک بکه‌ن، به‌کورتییه‌که‌ی ته‌کلیفمان لێکردوون، که‌چیی به‌داخه‌وه وێڕای ئه‌وه‌ی له‌ناخی خۆیاندا زۆریش دژایه‌تیی سیاسه‌ته‌کانی پارتیی ده‌که‌ن، به‌ڵام تا هه‌نووکه بێده‌نگییان نه‌شکاندووه. ئه‌مه ترسه له‌پارتیی، یان بێده‌ربه‌ستیی و ده‌ست بهکڵاوگرتنی خۆیانه‌وه‌یه، یاخود پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی تاکه‌کانه یان هه‌رچییه‌ک بێت، به‌جێی خۆی. به‌ڵام پێویسته ئه‌و به‌شه له رۆشنبیران و نووسه‌رانی هه‌ولێر، ئه‌وانه‌ی دژی ناوچه‌گه‌ریی و دابڕانی هه‌ولێرن له به‌شه‌کانی تری کوردستان، به‌سنگێکی فراوانه‌وه وه‌ریبگرن و ئه‌وانیش ئه‌وه‌نده دڵیان ناسک نه‌بێت له‌ناو ئه‌م هه‌موو شه‌ڕه‌دا، شه‌ڕ بۆ ئازادیی، شه‌ڕ دژی گه‌نده‌ڵیی و نادادپهرورهیی پێویستیان به‌و لاواندنه‌وه‌یه بێت که پارتیی له دوای 31ی ئابه‌وه هه‌ولێری پێ ده‌لاوێنێته‌وه.