Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
نەمری لەودیو دەرگاوەیە و بەفر شان و ملی سپی كردووە

نەمری لەودیو دەرگاوەیە و بەفر شان و ملی سپی كردووە

Closed
by March 25, 2011 ئەدەب

 
1. نەمری لەودیو دەرگاوەیە و بەفر شان و ملی سپی كردووە .. لەمدیویش مەرگ نێرگەلەیەكی بە دەمەوەیە قیت و قوت دانیشتووە
      
پیاوێك .. 
لە حاڵی مردندا بوو
ڕەسوڵی نەمری لە دەرگایدا
نامەی خودای پێ بوو
نامەیەك ..
لە خوداوە
بە قەڵەمی لێوی ژنێك
نوسراوە ..

( نەمری .. 
ئەوەندەی نەماوە بۆ مردن
لە نێوان من و ئەودا
ھەناسەیەك ماوە
ھەناسەیەك
تەنھا بۆ تۆ .. )
 
پیاوێك ..
كە ئێستا
لە خودا تووڕەیە
پێی لەسەر شانی مەرگ
داناوە و
سواری ئەسپەكەی ئەبێت
 

2. ژنێك بە لایلایەی خۆشەویستی لە ناو جەنازەیەكدا پیاوێكی خەواند

لەژێر پێی ژنێكەوە
پیاوێك ..
لەسەر شانی ڕۆژانی ڕابوردووە
ماچێكی شەرمن و گازێكی ھار و
چڕنوقێكی گرینۆك
لە دوایەوە ئەڕۆن

پیاوێك ..
لەناو جەنازەیەكدا
 گوڵێكی سپی بە دەستەوەیە
نینۆكێكی سور و
سوراوی..
لێوێكی خرپن 
لەسەر سنگی بە جێماوە
 
لە ژێر پێی ژنێكەوە
پیاوێكی موعتاد
جەنازەكەی خۆی بە شانەوەیە
لە سوچی مەیخانەیەكدا
قومێكی تر ..
ئەخواتەوە 

ئەو جەنازەیە ..
نمەی ھەنسكی
ژنێك ..
لە دوایەوە ئەڕژێت و
بۆنی خۆڵی گرتووە 

لە ژێر پێی ژنێكەوە
پیاوێكە ..
شمشاڵێكی بێوەژن ….
لە پێشیەوە ئەڕوات و
بە شیوەن ئەقیژێنێت
 
پیاوێك ..
لە جەنازەیەكی شكاودا
شەقامێك ھەڵیگرتووە و
پایز بە دوایەوە
قژ ئەڕنێت ..
 

3. كلیلی ئەو دەرگایە لە ناو جەنازەكەدایە  

ژنێك لە پەنجەرەكەیەوە
پیاوێك ئەكاتەوە
سەیرە ..
لە ناو گۆمی گریاندا
دوو چاوی ژنانە
نوستوون ..

ژنێك لە پەنجەرەكەیەوە
پیاوێك ئەكاتەوە
سەیرە ..
لەم قەراغەدا
شەپۆلی خەم ..
دڵێكی خنكاوی ھێناوە
خورپەكانی زیندوون

ژنێك ..
دەرگاكە ئەكاتەوە
نەمری ..
نامەیەك ئەداتە دەستی
سەیرە ..
نامەی پیاوێكی دڵشكاوە

 

4. من شكم لە خودا ھەیە
 
لە ژێر پێی ژنێكەوە
پیاوێك ..
ئایەتێك ئەخوێنێتەوە

ئایەتێك ..
لە پەنجەرەی ژنێكەوە
كەوتۆتە خوارەوە
پڕە لە كوشتنی پیاو و
درۆی ژن ..

ئایەتێك ..
پیاوێكی تێدایە و
لە ئاسمانەوە
ئەكەوێتە خوارەوە

لەسەر ئەرز
پیاوێك ..    
لە ژێر پێی ژنێكەوە
ئەشكێت ..

ژنێك ..
گسكێكی بە دەستەوەیە
پارچەكانی كۆئەكاتەوە

Simkan97@hotmail.de
 
 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.