ئازادی راسته‌قینه … ئاسۆ جه‌بار
سارته‌ر لهنوسینێكدا پێمانده‌ڵێت: “مه‌حاڵه فه‌لسه‌فه‌ی ئازادی شوێن له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا بدۆزێته‌وه كه هێشتا خه‌ڵكی تیایدا پێویستیان به ئازادی راسته‌قینه هه‌بێت.” ئازادی راسته‌قینه قوڵ په‌یوه‌ندی به ئاستی فهرههنگیو كۆمه‌ڵایه‌تی‌و شارستانییه‌وه هه‌یه، وه‌كچۆن ئازادی ئینسانه‌كان به‌بێ دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سه‌روه‌ری یاسا‌و قبوڵكردنی جیاوازییه‌كان نابێته ئازادییه‌كی ئینسانی‌و شارستانی، به‌هه‌مانشێوه ئازادی راسته‌قینه ستانداردێكی شارستانی‌و ئینسانییه له‌فه‌زایه‌كی یاسایی‌و كراوه‌و شهفافو پهیوهندیامێزو خولقێنه‌ری دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئینسانی، وه‌ك یاسپه‌رز ده‌ڵێت: “ئازادی ناژی ته‌نیا له‌جیهانی ئازادییه‌كاندا نه‌بێت.”
كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه واته كۆمه‌ڵگه‌ی هێزه فهرههنگیو شارستانییه جیاواز‌و هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كان، واته كۆمه‌ڵگه‌ی دامه‌زراوه راسته‌قینه سهربهخۆو زیندووهكان، واته كۆمه‌ڵگه‌ی پهیوهندیو دامه‌زراوه‌ی سیاسی‌و شارستانی‌و رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی جیاجیا، دواجار كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه واته كۆمه‌ڵگه‌ی ئۆپۆزسیۆنه سیاسی‌و فهرههنگییهكانو كۆمه‌ڵگه‌ی ململانێی زیندوو و راسته‌قینه، كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه واته كۆمه‌ڵگه‌ی میدیای ئازاد‌و چاپه‌مه‌نییه سهربهخۆكانو كۆمه‌ڵگه‌ی روانین‌و دنیابینییه جیاوازه‌كان.
ڤالته‌ر لیپ ده‌ڵێت: دیموكراسی گوزارشته له‌ده‌زگایه‌ك یاخود میكانیزمێكه كه به‌پێی توانا یه‌كانگیری ئیراده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵك بێت، چونكه هه‌تا كۆنترۆڵ‌و چاودێری حكومهتو ده‌وڵه‌ت له‌كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكدا زیاتر بێت، ئاسایش‌و ئارامی خه‌ڵك كه‌متر ده‌بێته‌وه. .. كاتێك ده‌سه‌ڵات ده‌بێته ماشێنێكی گه‌وره بۆ داگیركردنی ژیان‌و سه‌رله‌به‌ری كایه‌و پێكهاته ئابوری‌و سیاسی‌و فهرههنگیو كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌رباری ئه‌و داگیركارییه جاهیلانه‌یه، جارێكی دیكه ده‌بێته‌وه به زمانحاڵی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌و گروپه جیاوازه‌كان، جارێك ده‌بێت به قسه‌كه‌رێكی ئایدۆلۆژی، پێكڕا به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان لهكاتو شوێنه جیاجیاكاندا خۆی ده‌گۆڕێت بۆ بونهورێكی جیاواز، هه‌ندێجار وه‌ك خوتبهبێژێكی ئاینی، ناوبه‌ناو ده‌بێت به گوته‌بێژێكی دیكتاتۆر‌و رههاگهر، هاوكات به‌رده‌وام ده‌بێته قسه‌كه‌رێكی كاریزمی بۆ بهرههمهێنانو په‌خشكردنی وههمو خۆَشباوهڕی، خولقاندنی فه‌نتازیای چاوهڕوانیو سازكردنی سهرزهمێنێكی وێكچووی پڕ له‌بێئاگایی، به‌ڵام لێوانلێۆ له‌وه‌هم، خاڵی له‌ژیان، به‌ڵام لێوان له‌حیكایه‌ت‌و یادهوهریپهرستیو پیرۆزخوازیو حیزبسالاریو دواكهتوخوازیو جههلخوازی.
كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو سه‌رباری ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی قسه‌كه‌ره، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی رهخنهگرو فشاردروستكهرو هه‌مه‌ڕه‌نگه له‌رووی فهرههنگیو دنیابینی‌و رۆشنبیرییه‌وه، هاوكات كۆمهڵگهیهكیشه له‌سه‌ر كه‌مترین بڕ له‌مافه‌كانی خۆی ده‌نگی به‌رزده‌كاته‌وه، كۆمه‌ڵگه‌ی مردووش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه كه له‌سه‌ر پێشێلكردنی سه‌رله‌به‌ری مافهكانیو چه‌وسانه‌وه‌ی ئابوری‌و رۆشنبیری‌و ژیان له‌رووبه‌رێكی گه‌وره‌ی گهندهڵخۆریو عهنتهریاتخانهی حیزبی‌و بهڕهڵاخانهیهكی ئابوری‌دا ده‌نگی لێوه نایه‌ت.
جیاوازی گه‌وره هه‌یه له‌نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو و كۆمه‌ڵگه‌ی مردوودا، هه‌ر له‌رووی فه‌رهه‌نگییه‌وه تاده‌گاته مۆرال‌و تاده‌گاته روانین‌و دنیابینی‌و ههستو درك‌و زهوقو چه‌شه‌ی كولتوری‌و ئیستاتیكی‌و تاده‌گاته فهنتازیاو بیركردنه‌وه‌و گۆڕان‌و وه‌رچه‌رخانی گه‌وره. كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پڕ له‌گۆڕانكاری‌و كار‌و كاریگه‌ری هزرو روانینه ناكۆك‌و ته‌باو جیاوازه‌كانه، واته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ماڵتی روانین‌و فره جیهانبینییه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی مردوو ته‌واو جیاوازتره به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌كیه‌ك بیركه‌ره‌وه، وه‌كیه‌ك تێڕوانین‌و وه‌كیه‌ك ته‌ماشاكردنی دنیا‌و، دواجار كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه بۆ كوشتنی جیاوازییه‌كان، بۆنمونه كۆمه‌ڵگه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كان یان تۆتالیتارییه‌كان یان ده‌سه‌ڵاته مهزههبگهراو حیزبسالاراكان رووت ده‌كرێنه‌وه له‌ئه‌كتیڤتی‌و جیاوازی‌و ئه‌بستراكت ده‌كرێن بۆ تاكه‌یه‌ك دنیابینی هاوشێوه‌و هاومه‌به‌ست‌و هاوئیراده، واته دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌كیه‌كی له‌كوتله‌یه‌كی كۆنكرێتی سیاسی‌و ئابوری‌و رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی داخراودا. هاوكات له‌و كۆمه‌ڵگایه‌نه‌شدا كه گهندهڵیو راوڕوتی حیزبی‌و عه‌نته‌ریاتی مافیاگه‌ری حیزبی ده‌گاته دوا ترۆپكی چێژی داگیركردن‌و ده‌ره‌به‌گخوازی‌و پاڵه‌وانبازیی ناعه‌داله‌تی تائه‌وپه‌ری دامركانه‌وه‌ی زه‌وقی ده‌ره‌به‌گخوازی حیزبی‌و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ژیان لهبههاو نرخه مرۆیی‌و شارستانی‌و روحییه‌كان، ده‌ره‌نجام خولقاندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مردووه، واته خولقاندنی رووبه‌رێكی گه‌وره له‌بێبایه‌خی‌و كوشتنی گۆڕانكاری‌و ئیراده‌و دنیابینییه جیاوازه‌كان، روبه‌رێك لێوان‌لێو له‌كۆنخوازی، به‌ڵام خاڵی لهگۆڕانكاری نوێ‌و وه‌رچه‌رخانی فهرههنگیو گه‌شه‌ی شارستانی. به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو ده‌رخه‌ری ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه خولقێنه‌ری گۆڕان‌و پهیوهندیو كرانه‌وه‌ی شارستانی‌و فه‌رهه‌نگییه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ر نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوری‌و فهرههنگیو سه‌رله‌به‌ری ئه‌و ناحهقیو ئه‌و كاره نائینسانیانه‌ی كه به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌و هاوڵاتیان ده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بهرپسیارهو دادگایه‌كی ئهخلاقیو شارستانی گه‌وره‌یه بۆ ریسواكردن‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت له‌ده‌سه‌ڵاته هه‌مه‌جی‌و بكوژ‌و دیكتاتۆر‌و گهندهڵو ده‌سته‌وتاقمه مافیایی‌و ناشارستانییه‌كان.
چۆن ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسیارو نابهرپسیار هه‌یه، هاوكات كۆمه‌ڵگه‌ی بێدهنگو نابهرپسیار هه‌یه، به‌ڵام له‌زۆر شوێندا باسمان له‌كۆمه‌ڵگه‌ی بێدهنگو خامۆش كردووه، ده‌كرێت له‌م شیكردنه‌وه‌یه‌دا باس له‌ته‌وه‌رێكی گرنگ بكه‌ین، كه بریتییه له‌كۆمه‌ڵگه‌ی به‌رپرسیار، ره‌نگه كه‌مترین قسه له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه گرنگه‌ی كۆمه‌ڵگه كرا بێت، به‌ڵام به‌بێ كۆمه‌ڵێك پرینسپی كرداری‌و كاریگهرو به‌رهه‌مهێنه‌ری پهیوهندیو ئاڵگۆركێ كه زامنی گۆڕان‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فهرههنگیو شارستانیین، مه‌حاڵه باس له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌رپرسیارو زیندوو بكه‌ین.
ئالان تۆرین له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه فهرههنگیو دیموكراسییه‌كانی تاكه‌كه‌سه‌وه كار له‌سه‌ر كڵێشه‌یه‌كی دیكه ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت یه‌كێك له‌و تێزه گرنگانه‌ی كه هاوڵاتی داناماڵێت بۆ ته‌نها كۆمه‌ڵه مافێكی دیاریكراو تێزه‌كه‌ی ئه‌م بیرمه‌نده‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و پێیوایه خاڵیكردنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌هه‌ر گۆڕان‌و وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌و له‌هه‌ر خه‌ونێكی جیاواز بۆ ژیان‌و شارستانیه‌ت، واته به‌تاڵكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه لهگۆڕانو داخرانی زیاتری فهرههنگیو سیاسی‌و ژیاری‌و ده‌ڵێ:”دیموكراسی مرۆڤایه‌تی داناماڵێت بۆ ته‌نها هاوڵاتی، به‌ڵكه وه‌ك تاكه‌كه‌سێكی ئازاد دانیپیاده‌نێت، به‌ڵام هه‌روه‌ها وه‌ك تاكه‌كه‌سێكی په‌یوه‌ست به كۆگهله ئابوری یان رۆشنبیریی ئیعترافی پێده‌كات.”
میكانیزمه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌رپرسیار
ئه‌و هێزانه‌ی كه ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، كۆمه‌ڵه هێزێكی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و پیشهییو كولتوری‌و رۆشنبیرین، له‌دنیای مۆدێرندا سه‌رله‌به‌ری ئه‌م هێزانه ده‌بنه ناوه‌ندگه‌لێكی چاو‌دێر به‌سه‌ر دهسهڵاتو دابینكردنی مافه‌كانی هاوڵاتیانو هه‌روه‌ها ده‌بنه هێزێكی ره‌خنه‌یی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌كان بۆ دهسهڵاتو ناوه‌نده به‌رپرسسه‌كان، به‌ڵام له‌دنیای ده‌سه‌ڵاته داخراو‌و كۆمه‌ڵگه داخراوه‌كاندا، كه ده‌سه‌ڵات سه‌رله‌به‌ری سه‌رچاوه‌كان داگیرده‌كات، ئه‌و ناوه‌ندانه نه‌ك هه‌ر نه‌بوونه‌ته هێزو فشار، به‌ڵكه ناوه‌ندگه‌لێكی بێدهسهڵاتو موچه‌خۆرو پاشكۆی ده‌سه‌ڵاتن، به‌واتایه‌ك ناوه‌ندگه‌لێكی كارتۆنینو هیچی تر. هاوكات زۆرجار ده‌بنه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هاوڵاتیانو ده‌سه‌ڵاتدا، له‌به‌رده‌م ده‌نگی جدی‌و رایجیاوازدا.
دنیای مۆدێرن دنیای گفتوگۆ‌و په‌یوه‌ندییه، دنیای جیاوازی‌و ره‌خنه‌و به‌دواداچونه، پتر دنیایه‌كه بۆ ره‌خساندنی به‌رپرسیارێتی، هاوڵاتیان بۆئه‌وه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ی خۆیان ببیستنه‌وه، بۆئه‌وه‌ی ره‌خنه‌و ناڕهزاییو رای جیاوازی خۆیان ده‌رببڕن پێویستیان به میدیای ئازاد هه‌یه كه‌بریتین له: رۆژنامه‌ی ئازاد، ته‌له‌فیزۆنی ئازاد، بڵاوكراوه‌ی ئازاد…..تاد. لێره‌دا مه‌به‌ست له‌وشه‌ی ئازاد، ته‌نها ناو نییه، هه‌موو حیزب‌و لایه‌نێك ده‌توانن ناوی ئازاد له‌خۆیان بنێن‌و باس له‌ئازادی رۆژنامه‌وانی بكه‌ن، هاوكات دیكتاتۆره‌كان له‌هه‌موو كه‌س زیاتر باس له ئازادی‌و پاشكۆی ئازاد ده‌كه‌ن وه‌ك ناو‌و شوناس‌و بانگه‌شه‌و پڕوپاگه‌نده‌و سهرلێشێواندنو چه‌واشه‌كاری، به‌ڵام میدیای ئازاد شتێكی دیكه‌یه جیاوازتر له‌هه‌موو ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی حكومهتو گروپی ناپسپۆرو خزمایهتیو بێئاگاییه‌كی لۆكاڵی‌و نادنیابینییهكی ده‌سته‌گه‌رایی، جیاوازتر له‌ده‌زگاكانی حیزب. میدیای ئازاد پردێكی په‌یوه‌ندی ره‌خنه‌گرانه‌و چاودێرانه‌یه له‌نێوان هاوڵاتیانو ده‌سه‌ڵاتدا، هاوڵاتیان ته‌نها له‌ڕێی ئه‌و میدیای ئازادانه‌وه ده‌توانن رای خۆیان به ئازادی ده‌رببڕن. به‌ڵام لێره‌دا ته‌نها ئه‌وه گرنگ نییه تۆ وه‌ك هاوڵاتیه‌ك رای خۆت به ئازادی ده‌رببڕیت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه تا چه‌ند حكومهتو ده‌سه‌ڵات بایه‌خ به رایگشتی‌و ره‌خنه‌و گازهندهكانی هاوڵاتیان ده‌ده‌ن، له هه‌مووی گرنگتر چۆنێتی دروستكردنی فشاره له‌سه‌ر دهسهڵاتو حوكمه‌ت‌و ناوهندهكانیان، ئایا هاوڵاتیان چۆن ده‌توانن فشار دروستبكه‌ن، چ شێوازێك به‌كارده‌هێنن بۆ ناچاركردنی حوكمه‌ت‌و دام‌و ده‌زگاكانی، دواجار ناچاریان ده‌كه‌ن چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكه‌ن؟ هاوكات ده‌بێت میدیای ئازاد كۆمه‌ڵه میكانیزمێكی مۆدێرن به‌كاربهێنێت بۆ بڕینی دیواره قورقوشمییهكانی دهسهڵاتو كردنه‌وه‌ی دهرگاداخراوهكانو ناوه‌نده كۆنكرێتییه‌كانی به‌رپرسه‌كان. نابێت میدیای ئازاد ته‌نها ناوه‌ندێك بێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌و پیشاندان‌و پێشكه‌شكردن. هاوكات ده‌بێت ببێته ناوه‌ندێكی گه‌وره بۆ كۆكردنه‌وه‌ی روانینه جیاوازه‌كان‌و هێزه جیاوازه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی دهسهڵاتو پردێكی په‌یوه‌ندی ره‌خنه‌ئامێز له‌نێوان ئهوانو ده‌سه‌ڵاتدا، دواجار ده‌بێت په‌یامێك بێت له‌هاوڵاتییه‌وه بۆ هاوڵاتی، ده‌رخه‌ری توانا‌و بیركردنه‌وه جیاوازه‌كان بێت بۆ دروستكردنی گفتوگۆ‌و به‌رپرسیارێتی. ئه‌مه‌ش پڕۆسه‌یه‌كی نه‌فه‌س درێژه‌و تیشكۆی خۆی ده‌خاته سه‌ر ته‌واوی ئه‌و دیارده‌و رووداو گۆڕانكاری‌و ئه‌و ستراكچه‌ره داخراوانه‌ی ده‌سه‌ڵات كه میدیای ئازاد ده‌بێته ئه‌و به‌ربه‌سته مه‌ده‌نییه‌ی كه داوای روونكردنه‌وه‌ی زیاتر‌و شه‌فافیه‌تی زیاتری لێده‌كات، ئه‌وه میدیای ئازاده ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵات وه‌كخۆی پیشانبداتو ده‌رگای په‌رله‌مان بخاته سهرپشتو په‌نجه‌ره‌كانی حكومهتو دامه‌زراوه‌كانی له‌هاوڵاتیان بكاته‌وه، ئه‌وه میدیای ئازاده ده‌بێت خۆی بكات به به‌ندیخانه ئاشكرا‌و شاراوهكانداو بارودۆخی مافی مرۆڤ بۆ كۆمه‌ڵگه‌و رێكخراوه‌كانی داكۆكیكار له‌و كێشانه ده‌خاته روو، له‌به‌رئه‌وه پێویسته ئه‌وه له‌یادنه‌كه‌ین كه میدیای ئازاد ته‌نها ده‌ركردنی رۆژنامه‌یه‌ك یان ته‌له‌فزیۆنێك نییه، به‌ڵكه چه‌ند گرنگه رۆژنامه‌یه‌كی ئازاد ده‌ربكه‌یت، سه‌دان ئه‌وه‌نده‌ش گرنگه خهمو مه‌هامی ئه‌م رۆژنامه‌یه چیییه، چه‌ند به توانایه له‌ڕووی توانست‌و كاریگه‌ری‌و میكانیزم‌و ستراتیژ‌و بهدواداچوونو ناچاركردنه‌وه.
هاوكات گروپه‌كانی فشار‌و رێكخراوه شارستانی‌و فهرههنگیو رۆشنبیری‌و سه‌رله‌به‌ر ئه‌و ده‌زگاو دامه‌زراوه كولتوری‌و رۆشنبیریانهش ده‌گرێته‌وه كه پێكڕا به‌رپرسیارێتییه‌كی شارستانی‌و یاسایی‌و سیاسیان ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌ستۆ بۆ به‌رهه‌مهێنانی په‌یوه‌ندییه‌كی شارستانی كراوه‌و ئاڵوگۆڕ له‌ئاستی بهرپرسیارێتیو گه‌شه‌پێدانی كولتوری دیالۆگ‌و شهفافیهتو پهیوهندیو گۆڕان‌و چاكسازی.
ره‌نگه ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بتوانێت ئه‌و ململانێ سیاسی‌و ده‌سه‌ڵاتگه‌راییه بگه‌یه‌نێته ئاستێكی پێشكه‌وتوی دبلۆماسی‌و گۆڕان‌و وه‌چه‌رخانی زیندوو دروستبكات، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆنی رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی ده‌بێته خولقێنه‌ری دنیابینییه‌كی جیاواز‌و دروستكاری روانینگهلێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ‌و پهیوهندیامێزو رهخنهئامێزو به‌رپاكردنی فه‌زایه‌كی بهرپرسیارامێزو توێژینه‌وه‌و لێپێچینه‌وه‌ی مهعریفیو رۆشنبیری له‌ئاستێكی شارستانی مۆدێرن‌و هاوچه‌رخدا.
رۆشنبیری زیندوو، كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو
دواجار رۆشنبیری زیندوو هێزێكی گه‌وره‌ی پشتیوانیی‌و به‌رگریكاره لهروانینو دنیابینی مۆدێرن‌و ره‌خنه‌یی‌و هه‌ر حه‌قیقه‌تێكی زیندوو، ڕۆشنبیری نوێخواز به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كاریزمیهی كه جیاوازیهكانو ڕوتبونهوهو شه‌فافیه‌ت قبوڵناكات ته‌نها ڕاڤه‌كردنی ئه‌و بارودۆخه ڕاناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكه كار بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی هزرێكی ڕه‌خنه‌یی ده‌كات، تا له‌ڕێیه‌وه ئه‌و ستراكتۆره كۆنكرێتیه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه كه وێنه‌كانی دهسهڵاتو وێناكراوه وههمیو كاریزمییهكانی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌و تیایدا به‌رجه‌سته‌بووه، ئه‌و ڕۆشنبیره‌ی خوازیاری ههڵكۆڵینو لهبهریهكههڵوهشانهوهی كڵێشهسازییه وههمیهكانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كاریزمیهیه، هێزێكی مه‌عریفیشه بۆ به‌رهه‌مهێنانی ره‌خنه‌و دامه‌زراندنی دنیابینی جیاواز‌و خولقێنه‌ری به‌رپرسیارێتییه‌كی شارستانی سه‌ربه‌خۆیه.