
من و كه‌ره‌كه‌ی مه‌سیح
ئێمه هه‌ر له‌دایك ده‌بین له‌وێین لای مردن، هه‌موومان له‌سه‌ر خوانی مردن ئاماده‌ین، مردنێك ئێوه ناوتان لێناوه تۆپین. ئێمه ژیانمان پڕهیلاكی و نه‌سره‌وتنه، ژیانیك به‌بیرم نایه‌ت شه‌وێك به‌بێ هیلاكی ڕۆژ له‌سه‌ر زه‌وی ڕه‌ق خه‌وم لێكه‌وتبێت. من ئێستا ته‌واو پیربووم و چوار په‌لم به‌زه‌حمه‌ت توانای هه‌ڵگرتنی لاشه لاوازه‌كه‌می هه‌یه. پاش ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ی مرۆڤ جێگه‌یه‌ك نییه دواڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نمی تێدا به‌سه‌ر به‌رم و به‌ئارامیی و هه‌ر ڕۆژه‌ی شوێنێكی جه‌سته‌م هه‌ڵنه‌دڕن بۆ توێكاریی و نه‌شته‌رگه‌ریی و لێووردبوونه‌وه. ئێمه ته‌نها گیانه‌وه‌رێكی پڕ سوودو بێزیانین بۆ مرۆڤ كه‌چی هه‌ر هێنده داڵده‌ده‌درێین تاتوانای بارهه‌ڵگرتن و كاركردنمان ده‌بێت و پیرنه‌بووین وه‌ك ئێستای من كه‌هێنده باری قورسیان لێنام تاتووشی جه‌ده‌و بووم دواتر به‌ره‌ڵای كۆڵانه‌كانی شاری ئازادییان كردم.
من دڵته‌نگترین گیانه‌وه‌ر بووم كه‌مرۆڤم له‌سه‌ر كۆڵم ده‌ناو ئه‌و پێده‌كه‌نی، ڕه‌نگه تۆ گه‌ر به‌وردی سه‌یری ناوچاوو سیمام بكه‌یت بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌من غه‌مناكترین گیانله‌به‌رم. من هه‌میشه خۆم به‌خۆم ده‌وت كه‌سیمام بۆ پێكه‌نین و خۆشی نه‌خوڵقاوه، ڕه‌نگه به‌هه‌ڵه نه‌چووبم كه‌من لمۆزو ده‌موچاوم پێكه‌نین هه‌ڵناگرێ و ده‌نگیشم هێنده‌یتر ناشیرینی كردووم له‌لای مرۆڤ.كه‌جاشولكه‌بووم له گه‌وره‌كانم ده‌بیست كه‌خواوه‌ند ناخۆشترین ده‌نگی پێ به‌خشیووم ئه‌وكات من له‌و واتایه نه‌ده‌گه‌یشتم تاته‌مه‌نم هه‌ڵكشا، تا ڕۆژیك له‌وه‌رزی به‌هاردا من له‌سه‌ره‌تای ساڵانی هێزی كاركردن و باربردندا بووم به‌یانیه‌ك خاوه‌نه‌كه‌م به‌سه‌ر پشتمه‌وه ده‌چوو بۆ كاركردن بۆ ئه‌و ڕه‌زه‌ی كه‌به‌بناری شاخێكی پشت كۆماوه‌وه‌بوو، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌كاره‌كه‌ی له‌پێده‌شتێكی سه‌وزاییدا به‌ستمێوه به‌دارێكه‌وه‌و خۆشی له‌بن داریكی تردا ویستی سه‌ر خه‌وێك بشكێنێت كه‌ده‌نگی باڵنده‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر داره‌كه ده‌هات، من له‌سه‌یری فه‌رشی سه‌وزی پێده‌شت و خواردنی ئه‌و گیا زۆره كه‌بۆ من خوانێكی شاهانه‌بوو مه‌ست بووبووم، نازانم خاوه‌نه‌كه‌م چاوی لێكنابوو یاننا كوڕێكی لاو په‌یدابوو به‌سوار پشتی جاشماكه‌رێكه‌وه كه‌هێنده‌ی درێژی چه‌ند گوریسێك دوور له‌شوێنه‌كه‌ی ئێمه‌وه به‌ئاراسته‌ی بێشه‌ڵانه‌كه ده‌ڕۆیشتن، جاشماكه‌رێكی شۆخ و شه‌نگ، به‌نازێكی پڕ له‌جوانی كه‌رانه‌وه ئاوڕی لێدامه‌وه و گیانی پڕ له‌زه‌ت كردم، جاش نێره‌كه‌رێكی وه‌ك منیش كه له‌به‌هاری ته‌مه‌نمدا بووم پڕ به‌ده‌نگم با‌نگم لێ‌كرد ( ها، ها، ها، ها، چه‌ند جوانی، ها، ها )، له‌ساته خۆشه‌كانی ژیانی ئێمه‌ی كه‌ردا كه‌من له ئازار‌و ئێشی جه‌سته‌م به‌ئاگا هاتم خاوه‌نه‌كه‌م به‌دارێكی دوژمن كوژ به‌ر بووه سه‌رو گوێلاكم، پشتی گوێچكه‌م كه‌ئێوه پێیده‌ڵێن كه‌رتۆپێن زه‌برێكی هێنده به‌هێزی به‌ركه‌وت خوێنی فیچقه‌ی كرد ئیتر قسه‌ی گه‌وره‌كانم بیركه‌وته‌وه كه ئێمه‌ی گوێدرێژ ناخۆشترین ده‌نگمان هه‌یه.
ئێمه له‌لای ئێوه‌ی مرۆڤ زۆر بێ‌ڕێز لێمان ده‌ڕوانن تا ئاستێك كه بۆ نه‌فامی و نه‌زانین و له‌خۆباییبوونی خۆتان په‌ند له‌سه‌ر ئێمه سازده‌كه‌ن وه‌ك ده‌ڵێن ( به هێستریان وت باوكت كێیه وتی خاڵم ئه‌سپه ). ئێمه‌و ئه‌سپ وماین و هێستر له‌یه‌ك ڕه‌گه‌زین. ئه‌سپ و ماین و ئێستر حورمه‌تێكی زیاتر‌و جێگه‌یه‌كی شیاوتر و ژیانێكی خۆشترو گرنگییه‌كی تایبه‌تیان پێده‌درێت له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه، ئه‌وان ته‌ویله‌و گه‌وڕو ئاخوڕی باشیان بۆ سازده‌كرێت وئاڵف و كاوجۆو خواردنی باشیان پێده‌درێت. ئه‌وان جل و كورتان و زینی باشیان لای وه‌ستای ده‌ستڕه‌نگین بۆ دروست ده‌كرێت و ده‌برێنه لای ناڵبه‌ندو ناڵ ده‌كرێن و سمه‌كانیان وه‌ك سمی ئێمه له ڕۆشتندا ئازاریان نادات به‌تایبه‌تی كاتێك باری قورسمان لێده‌نێن، ئه‌وان خۆش ژیان تر‌و نازدارترن و په‌سه‌ند ترن له‌لای مرۆڤ گه‌رچی هێنده‌ی ئێمه به‌سوودنین بۆ مرۆڤ.
مرۆڤ خودی ئێمه‌ی كردووه به ئامرازی ناشیرین كردن له‌ناو خۆیاندا گه‌ر به‌رامبه‌ر یه‌كدی بێڕێزی بنوێنن ده‌ڵێن ( وه‌ك كه‌ر وایه، عه‌قڵی كه‌رێكی نییه، كه‌ر له‌چاویدا فه‌یله‌سوفه،…). به‌ڵام بۆدڕنده‌یی خۆیان به‌یه‌كدی ده‌ڵێن ده‌ڵێی شێره.
ئێمه‌ی ڕه‌گه‌زی كه‌ر له‌مێژووماندا پشتمان له‌ڕه‌گه‌زی خۆمان نه‌كردووه و بێوه‌فاییمان به‌رامبه‌ر به‌ڕه‌گه‌زی خۆمان نه‌كردووه، به‌ڵام مرۆڤ بۆ كاره ناشیرینه‌كانی و خۆفرۆشتن و كاركردن دژی ڕه‌گه‌زی خۆی و باوه‌شكردن به‌دوژمندا هێشتا خۆی پێ جوانه‌و ناوی به‌چكه‌ی ئێمه ناشیرین ده‌كات و ده‌ڵێن (جاش).
ئێمه ژیان گه‌لێك زوڵمی لێكردووین و مرۆڤیش بێخه‌م بووه له ئازاره‌كانمان. ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ هاوڕێیه‌كی دێرینمم له‌یه‌كێك له‌كه‌لاوه ڕووخاوه زۆره‌كانی شاردا بینی، ئه‌و لاشه‌یه‌كی بێهێزو تووشبوو به‌مه‌قاو و جه‌ده‌و چوارپه‌لێكی سست و دوو چاوی ڕیپۆقاوی، ئه‌و هاوڕه‌گه‌زه‌م سه‌رده‌مانێكی زوو پیاوێكی له‌سه‌ر پشتی خۆی ده‌ناو به‌دزی پیاوه دڕنده‌كانی ئیمپراتۆرو شمشێرو قامچییه‌كانی ده‌ستیانه‌وه له‌جوگرافیایه‌كدا كه‌پڕبوو له‌سته‌م ده‌گواسته‌وه بۆ ئه‌و جێگه مه‌به‌ستدارانه‌ی كه‌خواستی ئه‌و پیاوه‌بوو كه‌دواجار هه‌ڵگری په‌یامێك بوو بۆ ئاشتی و خۆشه‌ویستی و پاكێتی ده‌به‌خشی به‌سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی. ئێمه ناوێكی تایبه‌ت به‌خۆمان نییه ناسینه‌وه‌و ناوهێنانمان به‌ناوی خاوه‌نه‌كانمانه‌وه‌یه، كاتێك چه‌ندین سه‌ده گه‌ڕانه‌وه و نزیكبوونه‌وه‌م له‌هاوڕێی دێرینم له كه‌لاوه‌یه‌كی ڕووخاوی شاردا دیتم ئه‌و بوو گوێدرێژه‌كه‌ی عیسای په‌یامبه‌ر.
-له‌كه‌یه‌وه وات به‌سه‌ر هاتووه؟
-زۆر ده‌مێكه، ده‌بوو سه‌رده‌مانی زوو گورگان خواردبوومایه‌و ئه‌م ڕۆژه تاریكانه‌ی ته‌مه‌نم نه‌دیبایه.
-ئێره و ئێستا، ئه‌وێ و ئه‌وسا چۆن ده‌بینی؟
-ئێره و ئه‌وی، ئه‌وسا و ئێستا چ جیاوازیه‌كی نییه.
-ئێره چۆنه، پشووی جه‌سته‌یی و ڕۆحیی تێداده‌ده‌یت؟
-نا هاوڕێ ژیان بۆ ئێمه زیندانێكی بێده‌نگه، له‌هه‌ر كوێبین یان له‌هه‌ر ڕۆژگارێك.
دوای لێكدی ڕوانین و ڕشتنی فرمێسكێكی زۆر ئه‌و وتی ده‌ڕۆم له‌هه‌ركوێ بێت مردن په‌یداده‌كه‌م.
ئه‌و ڕێگه‌ی تاریكی گرته‌به‌رو چاوه‌كانی پڕ پرسیاربوو پرسیارگه‌لێك وه‌ڵامه‌كه‌ی له‌ویژدانی شێواوی مرۆڤایه‌تیی وه‌ڵامی ده‌ویست.
من كه‌رم، ناوم كه‌ره بۆره، له‌گوندێكی به‌رده‌م شاخێكی پشت كۆماوه‌ی كوردستاندا له‌دایك بووم له‌دایكێكی تووك ڕه‌شی ژێر سك سپی و باوكێكی ون. ئه‌وه‌نده‌ی له‌بیرم بێت باركێشی و جووت و كاری قورسم پێده‌كرێت تا ئه‌و ساته‌ی تووشی جه‌ده‌وبووم و پیربووم و به‌ره‌لای كۆڵانه‌كانی ناوشاری ئازادی كرام. من نێره‌كه‌ره بۆرم، نێره‌كه‌رێك كه‌نه‌متوانی له‌زه‌ت له نێره‌كه‌ریی خۆم ببینم به‌هۆی خه‌ساندنمه‌وه له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌كه‌مه‌وه ئیتر توانای په‌ڕینم له‌ده‌ستداو خاوه‌نه‌كه‌م ئه‌م خه‌ساندنمه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد به‌هێزبم و كه‌مێك له‌و هێزه‌م له‌په‌ڕیندا له ده‌ست نه‌ده‌م. له‌ڕۆژانی ته‌مه‌نمدا زۆر ڕێكه‌وتووه جاش ماكه‌رێك یان ماكه‌رێك به نیازی په‌ڕین لێیان ڕوانیبم له ناخه‌وه حه‌زم به‌تۆپینی خۆم كردووه كه‌هیچ وه‌ڵامێكم نه‌بووه بۆیان پاش كه‌مێك ده‌یانزانی كه‌نێره‌كه‌رێكی خه‌سیوم. خه‌ساندنم له‌سه‌ره‌تای هێزی كاركردنمدابوو كه‌خاوه‌نه‌كه‌م له‌ڕۆژێكی به‌هاردا بۆی ده‌ركه‌وت كه‌سه‌ره‌تای په‌ڕینمه پاش ده‌ركه‌وتنی جاشماكه‌رێك كه‌لاوێكی به‌سه‌ره‌وه‌بوو به‌ره‌و بێشه‌ڵانێكی ده‌بردو ده‌ربڕینی سۆز‌و خۆشه‌ویستیم به‌ده‌نگم بۆی و خه‌و زڕاندنی خاوه‌نه‌كه‌م ئیتربووم به‌خاوه‌نی ناخۆشترین یادوه‌ریی له‌ژیانمدا. پاش ئه‌و هه‌موو جه‌نگ و شه‌ڕه زۆرانه‌ی كه‌سه‌رتاپای وڵاتی گرتبۆوه له‌نێوان دوو به‌ره‌ی دژ كه شۆڕشگێڕه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی خنكێنه‌ری ئازادی من له‌خزمه‌تی به‌ره‌ی یه‌كه‌مدا بووم و باری قورسی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هه‌ندێك جاریش شۆڕشگیڕێكی برینداریان له‌سه‌ر پشتم ده‌ناو خاوه‌نه‌كه‌م جڵه‌وی ده‌گرتم و به‌سه‌ر شاخ و هه‌ورازو ڕێگه‌ی تاقه‌ت پڕوكێندا ده‌یانبردم تاده‌گه‌یشتنه شوێنی مه‌به‌ستیان، ڕۆژانی گه‌رمای هاوین و شه‌وانی به‌فرو كڕێوه‌ی زستان چ جیاوازییه‌كی نه‌بوو بۆ كارپێكردن و بار باركردن لێم. كاتێك ده‌سه‌ڵات ئازادی ده‌خنكێنی و ژیان له‌ناوچه‌كه ده‌كوژێت ناوچه‌كه ژیانی تێدانامێنێت بۆ مرۆڤ و ڕووه‌ك و گیانله‌به‌ران خاوه‌نه‌كه‌م خۆی له‌سه‌ر پشتم ده‌هاوێت و له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕه‌كان ده‌چنه ئه‌و شاخ و كێوه دوره ده‌ستانه‌ی كه‌ده‌ستی ڕه‌شی دوژمن پێیناگات. ڕۆژگار تێده‌په‌ڕێت من له خزمه‌تی خاوه‌نه‌كه‌م و هاوڕێ شۆڕشگێڕه‌كانیدا ده‌بم، ڕۆژانه باری قورس و تووشبوون به جه‌ده‌و، ڕێگه‌ی هه‌ڵدێرو شه‌خته‌و سه‌رماو ڕێكردن به سنووری مردن‌دا، تاخۆری ئازادی هه‌ڵدێت. ئه‌و ڕۆژه‌ی كه له‌ناوچه‌كه‌و ناو شاردا زه‌ماوه‌ندی ئازادی ده‌كرێت خاوه‌نه‌كه‌م به‌سه‌ر پشتی منه‌وه له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕه‌كانی هاوڕێیدا خۆی ده‌كات به‌شارداو گۆرانی ئازادی ده‌ڵێن. كاتێك خاوه‌نه‌كه‌م له‌سه‌ر پشتم داده‌به‌زێ و قاچ ده‌خاته سه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ی بۆنی ئازادی لێدێت ئیدی بێ‌ئاگا ده‌بێت لێم. دوای ئه‌و خزمه‌ته زۆره به‌مرۆڤ به‌ره‌ڵای كۆڵانه‌كانی ناو شاری ئازادی ده‌كرێم، شه‌وان له‌كه‌لاوه زۆره‌كانی ناو شاردا به‌سه‌رده‌به‌م و ڕۆژانیش هێنده‌یتر ژیانم لێده‌كرێت به‌دۆزه‌خ به‌هۆی مناڵانی شاری ئازادییه‌وه. ژیان تێپه‌ڕی و پیریی ونه‌خۆشی و سست بوونی چوار په‌ل و لاشه‌یه‌كی لاواز. ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ بڕیارمدا وه‌ك هاوڕێ دێرینه‌كه‌م له هه‌ركوی بێت مردن په‌یدا بكه‌م چوون ژیان درۆیه‌كبوو هێنده‌ی باڵای ئازادی. هه‌نگاوی سست و بڕینی ڕێگه به‌ره‌ومردن و دووركه‌وتنه‌وه له شار و تاریك داهاتنی دنیای ده‌وروبه‌ر، ڕۆیشتن وگه‌یشتنم به پێده‌شتیكی دووری شار كه‌جاده‌یه‌كی ڕه‌ش وه‌ك مارێكی درێژ له‌پێده‌شته‌كه‌دا ڕاكشابوو، ده‌ركه‌وتنی ڕوناكییه‌كی به‌هێز كه‌چاوانم توانای ڕوانینی نه‌ما تا ئه‌و ساته‌ی چوار ده‌وورم بوو به‌چراخان و له‌جووڵه‌كه‌وتنی جه‌سته‌م و كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌لێك مرۆڤ له‌سه‌ر جه‌سته بێبزووته‌كه‌م و پیاكێشانێكی به‌هێزی ماشێنێك پیامدا، ژماره‌یه‌ك ماشێنی جوان و قه‌شه‌نگ ئه‌و شه‌وه‌تاریكه‌یان كرد به‌ڕۆژی ڕووناك، ئه‌وبوو، خۆی بوو، به‌تفه‌نگه‌كه‌ی به‌ربووه گیانم، هیوامبوو مردنم پێببه‌خشێت، خۆیبوو، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی دوژمن كوژیان كردم، به‌ڵێ ناسیمه‌وه خۆیبوو، خاوه‌نه‌كه‌م بوو. كاتیك به‌ئاگا هاتم لاشه‌یه‌كی زامدارو جه‌سته‌یه‌كی تێكشكاو له‌قه‌راغ ئه‌وڕێگه قیركراوه‌دا له‌به‌یانیه‌كی تری ته‌مه‌نی پڕ ئازارم، ماشێنێك دێت و لاشه پڕ ئازار‌و تێكشكاوه‌كه‌م ده‌خه‌نه پاشكۆیه‌وه‌و ده‌مگه‌یه‌نه به‌شی تاقیگه‌ی توێكاریی و نه‌شته‌رگه‌ریی ڤێرته‌رنه‌ری. ئێستا ئه‌و گیانله‌به‌ره‌م هه‌موو ڕۆژێك شوێنێكی جه‌سته‌م له‌و تاقیگه‌یه‌دا هه‌ڵده‌دڕن بۆ خوێندن و لێووردبوونه‌و توێكاریی و فێربوونی نه‌شته‌رگه‌ریی له‌لایه‌ن قوتابیانی ئه‌و كۆلیژه‌وه كه له‌دواڕۆژدا به‌نیازن چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشی و كێشه ته‌ندروستیانه بكه‌ن كه‌ڕوو له‌ڕه‌گه‌زمان ده‌كات. ئێسته جه‌سته‌یه‌كی پڕبرین و پینه‌كراو، پیریی و نه‌خۆشی و بریندارییم به‌خشنده‌یی خاوه‌نه‌كه‌مم بیرده‌خاته‌وه كه له‌سه‌ره‌تای توانامدا بۆ په‌ڕین خه‌ساندمی چونكه نه‌بوومه هۆی خوڵقاندنی هاوڕه‌گه‌زێكی تری وه‌ك خۆم.
ڕەحمان مەحمود ئەحمەد