رۆمانتیزمی ڕووسه‌کان له سه‌رده‌می گۆگۆل و پوشکین
2010ساڵی مێواندارێتی ڕووسیا بوو له فه‌ره‌نسا، مۆزه‌خانه‌ی ژیانی رۆمانتیزم له پاریس پێشوازی له 75 به‌رهه‌می هونه‌ریی هه‌مه‌جۆر کرد‌بوو. به‌و بۆنه‌یه‌وه چه‌ند په‌یکه‌رێک و ئیکۆن و تابلۆی هونه‌رمه‌نده ناوداره‌کانیان نمایش کرابوون. هه‌موو به‌رهه‌مه‌کان له نێوه‌ندی سه‌ده‌ی هه‌شده بۆ سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، واته بۆ سه‌رده‌می قه‌یسه‌ر ئه‌لکسه‌نده‌ری یه‌ک 1777-1825 و براکه‌ی نیکۆلای یه‌ک 1799-1803 ده‌گرێنه‌وه. کۆی به‌رهه‌مه‌کان له مۆزه‌خانه‌ی تریتیاکۆڤ له مۆسکۆوه بۆ پاریس گواسترابوونه‌وه.
به‌رهه‌می رۆمانتیزمه ڕووسه‌کان له ئه‌وروپا هه‌تا سه‌رده‌می قه‌یسه‌ر میشێل رۆمانۆڤی یه‌ک له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا نه‌ناسراو بوون، ئه‌م ناسینه‌وه‌یه‌ش له ئازایه‌تیی و بلیمه‌تی ئه‌وه‌وه‌یه. له هه‌مان کاتدا وه‌ک میراتگه‌ریی سه‌ده ناوه‌ڕاسته‌کانیشه. ئه‌م قووتابخانه‌یه به ده‌سپێکی سه‌ده‌ی ڕووناکیه‌کان ستیلی بارۆکی ئه‌وروپی له خۆگرت و گه‌شه‌ی به خۆوه بینی هه‌تا به‌شی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده و له‌وه‌دوا ”نیو کلاسیزمی” له خۆگرت.
ئیمپراتوریه‌تی نوێی ڕووسیا به دامزراندنی پایته‌خته نوێکه‌ی سان پترسبۆرگ که قه‌یسه‌ر پێیری یه‌که‌م له ساڵی 1703 بڕیاری له‌سه‌ردا، ده‌ستی پێ‌کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌م دامزرانه‌دا، شازاده کاترینی دوو فه‌رمانی دوورستکردنی په‌یکه‌ری ”لو که‌ڤالیێه ئێغا” یاخود ”شۆڕه‌سواری ئاسن”، به ده‌ستی هونه‌رمه‌ند ”فالکۆنێه” به‌کرد دا. ئه‌م په‌یکه‌ره دواتر ئه‌ندێشه‌ی شاعیری به‌ناوبانگی ڕووسی پۆشکینی هه‌ژاند، ناوبراو هه‌ڵبه‌ستێکی درێژی به هه‌مان ناونیشانه‌وه بڵاوکرده‌وه، و نووسه‌ری فه‌ره‌نسی ناسراو ”ئه‌لکسه‌نده‌ر دیوما” له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ر ئه‌لکسه‌نده‌ری یه‌ک و به تایبه‌تی له کاتی شه‌ڕه خوێناویه‌کانی ناپۆلیۆن له‌گه‌ڵ ڕووسیادا، وه‌ڕیگێڕایه سه‌ر فه‌ره‌نسی و به بازنه‌ی ئه‌ده‌بیی فه‌ره‌نسیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ناساند.
دواتر له سه‌رده‌می نیکۆلای یه‌که‌وه و هه‌تا ساڵی 1855 کۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌ندێکی ڕووسی ده‌ستپێشکه‌رییان له نوێکردنه‌وه‌ی جۆره هونه‌ریه‌کاندا کرد که هه‌تا ئه‌و کاته ته‌نها بۆ هونه‌ری نێو هۆڵ و ڕاڕه‌وه‌کانی مۆزه‌خانه‌ی ”کۆشکی زستان” دا ته‌رخانکرابوو. ئه‌و کۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌نده ڕوانگه و بۆچوونی نوێیان سه‌باره‌ت به هونه‌ر پێکهێنا و به‌رهه‌مه‌کانیان به ڕه‌وایی له ده‌رگای رۆمانتیزمی ڕووسیه‌وه هاته نێو مێژووی هونه‌ری جیهانه‌وه.
ئه‌گه‌ر باسی ساڵانی نێوان 1820 بۆ 1840 بکه‌ین ئه‌وه جیاوازیه‌کی ئیجگار گه‌وره‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه له نێوان رۆمانتیزمی ڕۆسه‌کان و وڵاته ئه‌وروپیه‌کانی دی. هه‌رگیز ناتوانین رۆمانتیزمی فه‌ره‌نسی و ئیتاڵی و ئینگلیزی له هه‌مان پله‌ی رۆمانتیزمی ڕووسیدا دابنێین. چوونکه ئه‌و وڵاتانه به به‌راورد له‌گه‌ڵ رۆمانتیزمی ڕووسه‌کان ڕابردوویه‌کی زۆر دوور و درێژیان له هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا هه‌بووه. له‌کاتێکدا به‌رهه‌می ڕووسه‌کان له موزیک و هونه‌ر و هه‌ڵبه‌ستدا ته‌نها بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌شده ده‌گه‌ڕێته‌وه و به هاندانی ”پێیری مه‌زن” ئه‌م لایه‌نه گه‌شه‌ی پێدرا.
ده‌بێ ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌ین که هه‌تا سه‌رده‌می سه‌ده‌ی هه‌شده هونه‌ر ته‌نها ئه‌وه بووه که ده‌سه‌ڵاتی پیاوه ئاینیه‌کانی کلێسه ڕیگایان پێدابوو، هه‌ر بۆیه هونه‌ر له قاڵبه ئایینیه‌که‌یدا چه‌قی گرتبوو و هونه‌رمه‌ندی ئازاد و سه‌ربه‌ست و داهێنه‌ر مایه‌یی گفتوگۆ نه‌بووه و نه‌زاندرابوو.
سه‌ده‌ی هه‌شده وه‌رچه‌رخانێکی به خۆوه بینی، هونه‌رمه‌نده بیانیه‌کان به‌ره به‌ره ده‌گیشتنه ڕووسیا و هونه‌رمه‌نده ڕووسه‌کانیش به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌وانیان کۆپی ده‌کرده‌وه و له‌لای خۆشیانه‌وه ئه‌وانیش ئیتر گه‌شته بچووکه‌کانیان به‌ره‌و وڵاته ئه‌وروپیه‌کان به تایبه‌تی فه‌ره‌نسا و ئیتاڵیا و گه‌شته گه‌وره‌کانیان به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات ده‌کرد، ئه‌مه‌ش وای کرد‌بوو سوود له هه‌موو بواری هونه‌ر و ئه‌ده‌بی ئه‌و وڵاتانه وه‌ر‌گرن. زۆر که‌می خایه‌ن و ئه‌و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده ڕووسانه به ئه‌ندازه‌یه‌ک که پسپۆڕانی هونه‌ری سه‌رسام کرد، شێوازی تایبه‌تی خۆیان دوور له کاریگه‌ریی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ئه‌وروپی پێکهێنا و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان سه‌لماند.
به بڕوای ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب، یه‌کێک له‌و نووسه‌رانه، شاعیری گه‌وره‌ی ڕووسی پوشکینه که به یه‌که‌م نووسه‌ریشیان داده‌نرێ، ته‌نها به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌موو نووسه‌ره ئه‌وروپیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه شوێن ڕێز و سه‌رسوڕمانه. وێڕای ئه‌وه‌ی ساڵی 1820 قه‌یسه‌ر ئه‌لکسه‌نده‌ری یه‌ک حوکمی دوورخستنه‌وه‌ی پوشکین ده‌دا، نووسه‌ر له ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش ساڵه‌ی له تاراوگه گرنگترین به‌رهه‌مه رۆمانسیه‌کانی وه‌ک ”زیندانیه‌که‌ی قوقاس” ده‌نووسێته‌وه.
به باسی نووسه‌ری ناوداریان گۆگۆل، ئه‌وه ئه‌و نووسینانه‌مان وه‌بیردێته‌وه که له سه‌ره‌تای ساڵی 1830 نووسیوێتی، بێجگه له به‌رهه‌می رۆمانه شیعریه‌که‌ی ”رۆحه مردوه‌کان” به به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی نووسه‌رانی فه‌ره‌نسای ئه‌و سه‌رده‌مه ”به‌لزاک” و ”ستندال” ته‌واو شوێن سه‌رنجه، چوونکه ئه‌زموونی نووسینی ئه‌ده‌بی له‌لای به‌لزاک و ستندال زۆر له پێشتر بووه که‌چی به‌رهه‌مه‌کانی گۆگۆل به ماوه‌یه‌کی که‌م به هه‌موو جیهان ناسرا. نکۆڵی له‌وه ناکرێ که هات و چۆی نێوان وڵاتان کاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر گه‌شه‌کردنی هونه‌ر هه‌بووه، ئه‌مه‌ش وایکرد به‌رهه‌می رۆمانتیزمه ڕووسه‌کانیش ببێته به‌شێک له میراتگه‌ریی نێو نه‌ته‌وه‌یی.
لێره‌وه ده‌پرسین ئایا ئه‌و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ره ڕووسانه به رۆمانتیک داده‌نرێن؟
به‌ڵی، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ئه‌وان به کلاسیکیش له‌قه‌ڵه‌م دراون. ڕوونه له‌لای پسپۆرانی ئه‌و بوارانه که رۆمانتیزم له هاودژی کلاسیک هاتۆته کایه‌وه، که‌چی له ڕووسیا ئه‌م لایه‌نه پشتگوێ خراوه و هه‌تا راده‌یه‌کیش تێکه‌ڵبووه، چوونکێ له لایه‌که‌وه ئه‌و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رانه ده‌بوایه وه‌دووی ئه‌زموونی نوێی رۆمانتیزم بکه‌ون، له‌لایه‌کی دیکه‌وه ده‌بوو ڕێز له هه‌ندێ یاسا و قاڵبه کلاسیکه‌کان بگرن. هه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه‌شه تایبه‌تمه‌ندی به قووتابخانه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕووسی داوه و له به‌رهه‌می ئه‌وروپیه‌کانی جیا کردۆته‌وه.
هه‌ر وه‌ک باسمان کرد که وێنه‌کێشانیش له ڕووسیا به چه‌شنی موزیک و ئه‌ده‌ب، به گه‌شتکردنی هونه‌رمه‌نده‌کان ده‌ستیپێکرد. هونه‌رمه‌ند ”کارل باڤلۆڤیتش بریۆلۆڤ” نموونه‌یه‌که له‌و هونه‌رمه‌ندانه که له ساڵی 1821 و له ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی پشتگیریی هونه‌رمه‌ندان ناردرا بۆ رۆما و هه‌ر له‌وێ ساڵی 1830 تابلۆی ”دوا رۆژی پۆمپێیه‌ی” کێشا و تابلۆکه بۆیه مایه‌ی نه‌مریی ئه‌و هونه‌رمه‌نده که له‌و باره‌وه وتراوه: ” تابلۆی ”دوا ڕۆژی پۆمپێیه” سه‌ره‌تای هونه‌ری وێنه‌کێشانی ڕووسیه”.
هونه‌رمه‌ندێکی تری هه‌مان ماوه به‌ڵام له تۆمارکردنێکی ته‌واو جیاواز له بریۆلۆڤ، هونه‌رمه‌ند ”سیلڤیستر تاتشیدرین” که به یه‌که‌م وێنه‌کێشی سرووشتیشیان داده‌نرێ. هه‌ستیاری ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌رامبه‌ر به جوانی ئاسمان و شیعریه‌تی وێرانه، واته پاشماوه‌ی شوێنه‌وار پله‌یه‌کی ئیستاتیکی خسته‌ۆته سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی. له تابلۆی ”خه‌رمانه‌ی مانگ له ناپل” به چاکیی ڕه‌شبینی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خه‌واڵۆیی شوێنه‌که تێبینی ده‌کرێ. ده‌پرسین ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش رۆمانتیکه؟ به‌ڵێ، وه‌لی به فلته‌رێکی سرووشتی کلاسیکی ڕووسیدا تێپه‌ڕێوه.
جگه له دوو تابلۆی دیکه که یه‌کێکیان پۆشکینه به فلچه‌ی ”ئوتکین” و گۆگۆل به فڵچه‌ی ”مۆله‌ر”، چه‌ندین تابلۆی تریش شوێن ده‌ستی ئه‌و هونه‌رمه‌نده رۆمانتیکانه‌ی ڕووسیا ڕوون ده‌که‌نه‌وه. تابلۆی ”دوو خانمی شازاده” به ده‌ستی بریۆلۆڤ که ڕه‌نگی ئاویی تێدا به‌کارهێناوه و هه‌ردوو خانمه‌که به شێوه‌ی دانیشتنی یه‌کێکیان و ڕاوستانی ئه‌وی تریان، به ڕه‌نگی جل و به‌رگه‌کانیان و پشت له سرووشتێکی هێمن، نموونه‌یه‌کی تره له ئه‌زموونی رۆمانتیزمی هونه‌رمه‌نده ڕووسه‌کان.
له پۆرتریتی ”ئیگۆر ئیڤراڤۆڤیتش”، به فڵچه‌ی ”کیپنیسکی” ڕووناکی خراوه‌ته سه‌ر ده‌م و چاوی سه‌ربازه لاوه‌که، له ته‌ماشایه‌کی خه‌واڵوودا ڕه‌نگه‌کان له تۆنێكی کاڵ و هه‌تا ڕاده‌یه‌ک بۆرباو نزیک له پێنووسی ڕه‌ش، ڕه‌هه‌ندێکی تایبه‌تی به‌م تابلۆیه داوه. هونه‌رمه‌ند ته‌نها به‌و شێوه‌یه ستیلی خۆی وه‌ک یه‌کێک له رۆمانتیزمه‌کان ده‌سه‌لمێنێ.
له‌و تابلۆیانه‌ی سرووشتی ڕووسیمان به شێوه‌یه‌کی رۆمانتیکی بۆ ده‌خه‌نه به‌رچاو تابلۆی ”په‌ڕێنه‌وه له دینیپر” هونه‌رمه‌ند ”ئیڤانۆڤ ئه‌نتۆن ئیڤانۆڤیتش”، سێ که‌سایه‌تی له سه‌ر به‌له‌مێک کێشاوه، یه‌کێکیان ئیڤانۆڤ خۆیه‌تی و یه‌کێکی تریان نووسه‌ر گۆگۆله. له ڕووبارێکی هێمن و له ئێواره‌یه‌کی هێمنتر، ڕه‌نگه‌کان و که‌سایه‌تیه‌کان له ڕووباره‌که‌دا ڕه‌نگده‌ده‌نه‌وه، دوا تێشکی خۆره‌تاو هێڵێکی به‌ره‌و ناخی ڕووباره‌که کێشاوه و وێنه‌یه‌کی پڕ خه‌ون له پێاسه‌ی شه‌وێکی تایبه‌تیدا ئامێز بۆ رۆمانتیکیه‌تی سه‌ده‌یه‌ک کردۆته‌وه.
تابلۆیه‌کی گرنگی تری ئه‌م پێشه‌نگایه، به ده‌ستی هونه‌رمه‌ند ”ڤۆروبیێڤ”، تابلۆی ”هه‌وره تریشقه”یه، لێره‌دا هونه‌رمه‌ند ڕاپه‌ڕینێکی دژ به سرووشت داهێناوه، تێدا هه‌وره تریشقه‌یه‌ک به هێڵێکی سپی له دارێکه‌وه تێپه‌ڕیوه. ئه‌م یاری نێوان سێبه‌ر و ڕووناکی و تاریکیه‌کی زاڵ به سه‌ر سرووشتدا نیشانه‌ی ئاگادارکردنه‌وه‌ی مرۆڤه به‌رامبه‌ر به مه‌ترسی سرووشت، له هه‌مان کاتدا بێ ده‌سه‌ڵاتیی مرۆڤیشه و سیمبۆلێکه بۆ کاره‌ساته جیهانیه‌کان.
له هه‌ردوو تابلۆی ”دیمه‌نێکی ناوه‌وه”، هونه‌رمه‌ند ”تیخوبرازۆڤ” دیمه‌نی دوو خانمی کێشاوه له نێو ماڵدا دانیشتون، ئه‌و دوو وێنه‌یه به‌ڵگه نامه‌یه‌که له سه‌ر ژیانی ئه‌ریستوکراته ڕووسه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، له لایه‌که‌وه هونه‌رمه‌ند بایخه‌ی به‌لایه‌نی که‌ل و په‌لی نێو ژووره‌که داوه، له‌لایه‌کی تریشه‌وه وێنه‌یه‌که بۆ داخراویی جیهانی ئه‌ریستوکراته‌کان.
له تابلۆی ”سرووشتی شارێک” له‌ودیو کاغه‌زێکی شه‌فافدا، هونه‌رمه‌ند ”تۆلیستوی فیۆدۆر بیترۆڤیتش” تابلۆیه‌کی بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تانی چاو کێشاوه، دیمه‌نی شارێک له‌ودیو کاغزێکی چرچ و لۆچه‌وه، ڕاستی و ئه‌ندێشه‌ی تێدا تێکه‌ڵ کردوه، ئه‌م تابلۆه‌یه هه‌ستی ئه‌وه‌مان له‌لا درووست ده‌کات که تابلۆکه ته‌واو نه‌بووه، به‌و جۆره رۆمانتیکیه‌تی کاره‌که ده‌سه‌لمێنێ و پله‌یه‌ک ده‌خاته سه‌ر ئاستی داهێنانی.
گرنگیشه باسی ”بۆڵشۆی” که‌ین، که به ڕوحی رۆمانتیزمی ڕووسه‌کان داده‌نرێ، شانۆی ”بۆڵشۆی” به واتای ”شانۆی گه‌وره”یه، له ساڵی 1825 له شوێن شانۆی پیترۆڤیسکی دامزرا و به هۆی ئاگره‌وه به ته‌واویی له ناوچووبوو. ئه‌م شاکاره وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌ی له مێژووی هونه‌ریی ڕووسیا درووستکرد. ”بۆڵشۆی” له‌و ساته وه‌خته‌وه بۆیه مه‌ڵبه‌ندی ئۆپێرا و هونه‌ری کۆریگرافی و نمایشی موزیک و ده‌یان شاکاری ئه‌ده‌بی ڕۆمانتیکه‌کانی لێ نمایشکرا.
پووخته‌ی ئه‌م ماوه‌یه له سه‌رده‌می رۆمانتیزمی ڕووسه‌کان له هونه‌ردا خۆی له چه‌ند بۆچوونێکدا کوورتده‌کاته‌وه: سرووشت له‌لای ئه‌وان به ڕووناکیه‌کی زیوی داپۆشراوه و ئاسمانێکی تاریک باو، وه‌لی شه‌وێک به ره‌نگی سپی وێناکراوه. کاریگه‌ریی گه‌شت و به‌رهه‌می هونه‌ریی و ئه‌ده‌بی ولاتانی تره‌وه به‌سه‌ر ڕووسه‌کان و دواتریش هی ئه‌مان به‌سه‌ر کلتووری ئه‌وانه‌وه. هه‌مه جۆریی به‌رهه‌مه‌کان له‌و سه‌رده‌مه‌دا بایه‌خێکی زۆری خستۆته سه‌ر جۆری هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌کان تا فۆرم و ناوڕۆکێکی تایبه‌تی به‌خۆی داوه. ئه‌مانه هه‌مووی فڵچه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه کێشاوێتی و په‌ڕی ئه‌و نووسه‌رانه دایرشتۆته‌وه که له ناخی رۆمانتیزمه‌وه به‌هره‌یان سه‌ری هه‌ڵدابوو.
به‌یان سه‌لمان
سه‌رچاوه‌کان: دۆکیومه‌نتی مۆزه‌خانه‌ی ژیانی رۆمانتیزم له پاریس
وێنه‌کان: گرتنی به‌یان سه‌لمان
تێبینێ: هه‌ندێ وێنه له‌به‌ر نه‌بوونی شوێن له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌که‌دا نین