Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
حیکایەتەکانی ئەم نیشتمانۆچکەیە

حیکایەتەکانی ئەم نیشتمانۆچکەیە

Closed
by March 27, 2011 گشتی

ماوەی مانگێکە زیاتر دەرهاوێشتەی نیو سەدەی ژیانی ئەم نیشتمانۆچکەیە، حیکایەتە پڕ لە گرێیەکانی وەک بورکانەکانی ناو زەریا گەورەکان لە تەقینەوەن. جارێک ئەم حیکایەتانە لە درامای شەڕی براکان لە شاخەکاندا پلۆتی گرێیەکان ئەستوور دەکا، دەمانێکی تر بەشێوەی شەڕی ناوخۆ ئەو گرێیانە بە بەژنی شەقامەکاندا خوێن دەڕژێنێ. حیکایەتەکان ئەوەندەی ساغبوونەوەی قینی ئەو پیاوە بەئاکار تۆڵەسێنەمان نیشان دەدەن، هیچ حیکمەتێکی ژیان لە خێرو شەڕدا بەرجەستە ناکەین. نیو سەدەیە لە شەڕی گەڕەک و کۆڵان و شارەوە، شەڕی بوونی ئەم نیشتمانە نەبۆتە گێڕانەوە بۆ نەوەکان! شەڕی کەلام لەپێناو تەییکردن بە بیرکردنەوە نەبۆتە ماهیەتی بیرکردنەوەی ئەقڵ، بەڵکو ئەوە دەروونە نەخۆشەکانن بوونەتە سەرلەبەسەری سڕینەوەو، کۆتایی هەر حیکایەتێک بە کۆتایی هاتنی لاپەڕەیەکی دیکەی سوورتر دەست پێدەکاتەوە.
دەفتەری ئەم نیشتمانۆچکەیە لە بەرگێکی سوور، پەڕەی سوور، مێژووی سوور، بەسەر رەفەو کتێبخانەو بیرەوەرییەکانمدا چێژ دەبەخشێ، لە ناو ئەم حیکایەتانەدا ئێمە چێژ وەردەرگرین لە بینینی سوور هەڵگەڕانی وشەکانمان، چێژ وەردەگرین لە جامانەی بە خوێن و شەڕواڵی پڕ لە خوێن و سینگی خوێناوی بووی کچەکانمان و ژنەکانمان و تا دوا رادەی ئەوەی چێژ وەردەرگرین لە فانیلەو تیشێرتەکانی ئەو مێردمنداڵانە کە بەرد دەهاوێژن. هەموو دیمەنەکانی ئەم حیکایەتانە پاڵەوانەکانی پیاوە بە ئاکار تۆڵەسێنەکانن، ئەو پیاوانەی لە شاخەکان بوون، هەریەکەو ناوچەیەک و پانتاییەک و دڵی داگیرکەرێکی ئەم نیشتمانەی رازی دەکرد. لە ئێستاشدا گردو ناوچەکانیان بۆ شەرعیەتێک دانێکی تر دابەشکردووە.
لەم نیشتمانۆچکەیەدا ئاخاوتن دیوێک دەگرێتەوە، مەیلێک دەگرێتەوە، گرێیە وابەستەبووەکان لە رەگی رۆحمان شین دەکاتەوە. کەسێک نییە تێڕوانینێکی هەبێت لە دەرەوەی ئەم مەیلانە، ئەم دابەشبوونانە، ببێتە حیکایەتخوانێک چاکەو شەڕی ئەو دنیایەمان بۆ بگێڕێتەوە. یان هەر هیچ نەبێت لە دیمەنەکاندا رووناکییەک نیشان بدا، بزەو ئومێد بخاتە دڵی تەمداگرتوومان!
حیکایەتخوانەکان لە سێبەری مەیلی گرێیەکان رووداوەکان هەڵدەچننەوە، لێکدانەوەکان نەشمونما دەکەن. هەر یەکە بە دیدێک داستانێک دەگێڕێتەوە، بە دیدێک تەخوین دەبەشێتەوە، بەوەی ئەو کە لەمێژە رقێک لە دەروونیدا چەکەرەی کردووە، هەر بەو رقەی رابردوو لە ئایندە دەڕوانێت. حیکاتەکانی ئەمڕۆمان تەنها لە رابردوویەکی رووت شتێکی تر نییە بۆ ئایندە!
ئێمە لە کۆی رووداوەکانی دوێنێ، هەوڵی ئەوە دەدەین رووداوی هاوشێوە بێنینەوە. بینەرەکانمان، گوێگرەکانمان، خوێنەرەکانمان لەسەر یەک هێلدا دەڕۆن، ئەویش هێلی مردنێکی گاڵتەجاڕە، مردنێک هاوکات دووبارە، هاوکات یەک بیانوو، هاوکات یەک مانا. مردنێک لە سەرەتاکەی تراژیدی بوون، کۆتاییەکەشی کۆمیدی. ئا ئەمەیە نیشتمانۆچکەیەک لە گرێ و وابەستەیی، نیشتمانێک لە حیکایەتی گاڵتەجاڕی و بێباکی!

شێروان خدر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.