گه‌نجی كورد گاڵته‌ی به ده‌سه‌ڵات دێت!
ئه‌م بابه‌ته پێشبینییه‌كی وردی نووسه‌ره ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی ئه‌مڕۆ له كوردستاندا ڕووده‌ده‌ن..
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 29/7/2007 دوا یاری خولی چوارده‌هه‌مینی جامی میلله‌تانی ئاسیا، له نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و سعودییه‌دا ئه‌نجامدرا, سه‌ره‌نجام شێره‌كانی رافیده‌ین یارییه‌كه‌یان برده‌وه‌و جامه‌كه‌یان به‌رزكرده‌وه.
ئه‌مه هه‌واڵێكی وه‌رزشی بوو، ده‌بوایه ته‌نها میدیا وه‌رزشییه‌كان گرنگییان پێی بدایه، كه‌چی زۆر له‌وه گه‌وره‌تركراو له ده‌نگوباسی سه‌رجه‌م میدیاكانی جیهاندا به چڕوپڕی باسی لێوه كرا.
وه‌ك هه‌موومان ئاگادار بووین دوای بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق, له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا له به‌سره‌وه تا زاخۆ، خۆشی‌و ئاهه‌نگگێڕان ده‌ستی پێكرد، بڕوا ناكه‌م ئه‌و شادییه هیچ شارێكی لـێ به‌ده‌ر بووبێت, وه‌ك موعه‌للیقی كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی وه‌رزشی له كاتی یارییه‌كه‌دا ده‌یگوت: ” ئه‌مڕۆ سه‌رتاسه‌ری عێراق ئارامه‌و هه‌مووان چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی ئه‌م یارییه‌ن, ته‌نانه‌ت خۆكوژه‌كانیش ئه‌مڕۆ پشوویانه‌و ته‌ماشای یارییه‌كه ده‌كه‌ن”!.
شاره‌كانی كوردستان له‌م ئاهه‌نگگێڕان و خۆشییانه‌دا پشكی شێریان به‌ركه‌وت, هه‌ولێر ڕاسته‌وخۆ له هه‌ندێ كه‌ناڵی عه‌ره‌بی عێراقییه‌وه پیشان ده‌درا, ئه‌وه سلێمانی هه‌ر مه‌پرسه, خه‌ڵكی سلێمانی وه‌ك هه‌میشه له خوا خواسته‌ی بۆنه‌یه‌كیانه تا بیكه‌ن به ڕۆژی خۆیان, ئه‌م هه‌له‌یشیان قۆسته‌وه‌و به‌فیكوفاك‌و هۆڕنلێدان شه‌قامه‌كانیان پڕكرد له هه‌را…!
به هه‌رحاڵا ئه‌وه‌ی بووه جێگه‌ی مشتومڕو، ده‌موچاوی هه‌ندێك كه‌سی پێ گرژ بوو، هه‌ڵكردن‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای عێراق بوو له كاتی ئاهه‌نگ‌و خۆشییه‌كاندا.. وه‌ك ده‌زانرێت كێشه‌ی ئاڵای عێراق تا ئێستایش به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه, له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی كوردی تا پێش ماوه‌یه‌ك، له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی سه‌وزی پێشوو، ئاڵای عێراق له‌سه‌ر هه‌موو بینایه‌كی حكومی و حیزبی له پاڵ ئاڵای كوردستاندا هه‌ڵدرابوو! تا له‌م دواییانه‌دا به بڕیارێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ئاڵایه هێنرایه خواره‌وه.
ده‌بێت دان به ڕاستییه‌كی تاڵ‌دا بنێم, ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتی كوردی له ئاست ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا تووشی ئیزدواجییه‌ت و نیفاقێكی قوڵ بووه, له لایه‌كه‌وه به‌رده‌وام عێراقیبوونی خۆی بۆ لایه‌نه شیعه‌و سوننه‌كانی تر دووپات ده‌كاته‌وه‌و عێراقییه‌كی عه‌یاره بیستویه‌كه‌و، به حاڵ ده‌ستی پێوه بده‌ی تۆزی عێراقیبوونی لێهه‌ڵده‌ستێت, له لایه‌كی تریشه‌وه لاف‌وگه‌زافی كوردستانیبوون‌و ده‌وڵه‌تی كوردی لێده‌دات, ئه‌م ده‌رده زیاتر براده‌رانی مه‌مله‌كه‌تی زه‌ردو ئه‌ده‌بیاتی ئه‌وانی گرتووه‌ته‌وه!
چاك وایه مرۆڤ كه بووه ده‌سه‌ڵاتداری وڵاتێك، وه‌ك سه‌رۆك خێڵێك بیرنه‌كاته‌وه‌و زیاتر چاوی كراوه بێت و به به‌رچاوڕوونی هه‌نگاو بنێت.. حه‌یفه تا ئێستا كه‌سانێك كه خۆیان به سه‌رۆكی هه‌موو كورد داده‌نێن، میلله‌ت به مێگه‌ل ده‌زانن و هه‌رچی بڕیارێك به خه‌یاڵیاندا بێت، به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ لای گه‌ل ده‌یده‌ن و، زۆرجاریش ئه‌نجامه‌كه‌ی په‌شیمانی و داوای لێبوردن كردنه! یان ته‌سریحی پێش وه‌خت له باره‌ی بابه‌تێك یان هه‌واڵێكه‌وه ده‌ده‌ن, كه زۆر نابات پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌رده‌چێت و، خاوه‌نی ته‌سریحه‌كه توشی ئیحراجی ده‌بێت. هه‌ق وایه ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان هه‌ڵوێستی خۆیانمان له ئاست عێراقیبوون یان كوردستانیبوونه‌وه به جوانی بۆ ڕوون بكه‌نه‌وه, تا ئێمه‌ی قوڕبه‌سه‌ریش شوێنی خۆمان له چوارچێوه‌ی یارییه‌كه‌دا بزانین!
تۆ لێره بڕیارێك ده‌ده‌یت و ده‌ڵێی سێ به سێ ته‌ڵاقت ده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر بیشكێنیت و, سوێند ده‌خۆیت تا ماوه ئاڵای عێراقی سێ ئه‌ستێره كه هێمای به‌عسه، نابێت له‌سه‌ر خاكی پیرۆزی كوردستان هه‌ڵبكرێت, له‌ولاوه سه‌رۆك كۆماری عێراق و ئه‌و هه‌موو وه‌زیره كورده به‌ڕێزه له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه ده‌رده‌كه‌ون و هه‌ر یه‌كه‌ی ئاڵایه‌كی زلی عێراقی (به‌عس!)یان له پشته‌وه‌یه‌و، یه‌ك دوو ئاڵای بچوكیشیان له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی به‌رده‌میاندا چه‌قاندووه, ئێمه نازانین بڕوا به كامتان بكه‌ین‌و سوێند به شانی كام لایه‌كتان بخۆین؟! تاكه‌ی درێژه به‌م مه‌هزه‌له ده‌ده‌ن؟! هه‌ڵبه‌ت پاساوێكی جوان ده‌هێننه‌وه بۆ هه‌ڵنه‌كردنی ئاڵای عێراق، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌م ئاڵایه په‌رچه‌می به‌عسه‌و هه‌ر له ژێر ئه‌م په‌رچه‌مه‌دا هه‌زاران كورد قه‌تڵوعام كران و سه‌دان دێهات و گوند خاپووركران. . من چه‌ند پرسیارێك ئاراسته‌ی هه‌ردوو پارتی فه‌رمانڕه‌واو ئه‌و كه‌سانه‌یش وا لافی كوردستانیبوون لێده‌ده‌ن، ده‌كه‌م:
ئایا ته‌نها ئاڵای عێراق كوردی له ژێردا كوژرا؟! ئایا هه‌ر ئه‌و ئاڵایه‌ی سێ ئه‌ستێره‌ی سه‌وزو سێ ڕه‌نگی سوور‌و ڕه‌ش و سپی تێدایه به‌یداخی جه‌نگ بووه‌و كورد نه‌فره‌تی لێده‌كات ؟! باشه ئه‌م خه‌ڵكه بۆ كه‌سێكیان تێدا هه‌ڵناكه‌وێت هاوارێك به گوێی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆو براكوژانی دوێنێدا بكات و بڵێت: ئه‌دی ئه‌و پارچانه‌ی كه كرابوونه ئاڵای حیزبه شه‌ڕكه‌ره‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ‌و هه‌ریه‌كه‌ی سوپایه‌كیان له پاڵدا مۆڵدرا بوو چی؟! ئایا ئه‌وانه ڕۆڵه‌ی كوردیان له‌ژێردا قه‌تڵوعام نه‌كرا؟ منداڵی كوردیان له‌سه‌ر ئاواره نه‌بوو؟! ئایا خه‌ڵك له‌سه‌ر له‌به‌ركردنی كراسی فڵانه ڕه‌نگ, كه ڕه‌نگی حیزبی به‌رامبه‌ر بوو تێهه‌ڵدان نه‌ده‌كرا؟! ئه‌ی بۆ ئێستایش ئاڵای ئه‌و حیزبانه ده‌شه‌كێنه‌وه‌و كه‌سێكیش ناوێرێت بێَََژێت: گه‌وره‌ینه كه جه‌نابتان هێنده چاوتان دوور ده‌بینێت بۆ به‌رده‌می پێی خۆتان نابینن؟! ئه‌گه‌ر ئێوه ڕاست ده‌كه‌ن و مه‌به‌ستان ئه‌وه‌یه ئه‌و ئاڵایه بگۆڕن كه له‌ژێریدا خه‌ڵكی به‌سته‌زمانی كورد كوژراوه، له ئاڵای حیزبه‌كه‌ی خۆتانه‌وه ده‌ستپێ بكه‌ن, چونكه له شه‌ڕی ناوخۆدا جه‌رگی سه‌دان دایكتان له‌ژێر ئه‌و ئاڵایانه‌دا سووتاند! هه‌رچه‌نده بڕوا ناكه‌م ئه‌م بیرۆكه‌یه تا ئێستا به بیری هیچ كوردێكدا هاتبێت, وه‌لـێ ئه‌گه‌ر وایش بێت ئه‌وا من بۆ یه‌كه‌مین جار پێشنیازی ده‌كه‌م، با كاری له‌سه‌ر بكرێت!
له‌م شه‌وانه‌ی پێشوودا له كه‌ناڵی زاگرۆسه‌وه، به‌رنامه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه (مه‌سه‌له‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای عێراق) سازكرا, جارێ سه‌ره‌تا پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه وا باسی لێوه‌كرد من له‌رز گرتمی پڕ به دڵ ترسام! به كاره‌سات ناوی برد‌و وای پیشاندا كه ئیتر كار له كار ترازاوه‌و وه‌زعه‌كه له ده‌ست ده‌رچووه, له هه‌مووی خۆشتریش دیسانه‌وه بنێشته خۆشه‌كه‌ی ژێر ددانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هێنایه ناوه‌و قه‌وانه كۆنه‌كه‌ی لێدایه‌وه, وتی : ” هه‌ڵكردنی ئاڵای عێراق له ئاهه‌نگه‌كانی كوردستاندا ده‌ستی له پشت بووه! ” ، هه‌ڵبه‌ت من هه‌ركات گوێم له‌م جۆره ده‌سته‌واژانه ده‌بێت، زیاتر بێئاگایی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد‌و میدیای حیزبیم بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وان تا ئێستاش نازانن خه‌ڵكی هه‌ر كه گوێیان له ده‌سته‌واژه‌ی (ئه‌مه ده‌ستێكی له پشته) ده‌بێت، له قاقای پێكه‌نین ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن هه‌م به‌زمه‌كه‌یه..
پێشكه‌شكاره‌كه_وه‌ك وتم_ ده‌یویست بیسه‌لمێنێت كه بیشفڕێت هه‌ر بزنه‌و ئه‌م كاره هه‌ر ده‌بێت ده‌ستێكی له پشت بێت, بێ ئاگا له‌وه‌ی ئاڵای عێراق زۆر نییه له‌سه‌ر بیناكانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی نیشتمانی لابراون و ئه‌مه‌یش به پێی ڕێكه‌وتنێكی هه‌ردوو لایه‌نی یه‌كێتی و پارتی بووه‌و، ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ ده‌نگدانی خه‌ڵكی له‌سه‌ر نه‌بووه‌و بڕیاره‌كه به پێی میزاجی هه‌ندێك كاربه‌ده‌ست ده‌رچووه! گریمان با وا دابنێین هه‌ندێك خه‌ڵكی تێكده‌ر له كوردستان به‌م كاره هه‌ڵساون و ده‌بێت سزا بدرێن, ئه‌ی (هه‌واری مه‌لا محه‌مه‌د) ئه‌و یاریزانه‌ی به‌رپرسانی كورد كێبركێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر خه‌ڵاتكردنی, ته‌نها یاریزانێك بوو له ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ئاڵایه‌كی گه‌وره‌ی عێراقی له خۆی پێچا بوو, تۆ بڵێیت ئه‌ویش ده‌ستی له پشت بوو بێت؟! ئه‌گه‌ر وایه، ئه‌و بۆ خه‌ڵات ده‌كه‌ن؟! بانێكه‌و دوو هه‌وا.. هه‌ر له كاتی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا, براده‌رێك له به‌ریتانیاوه په‌یوه‌ندی كرد‌و وتی: ” به ڕاستی ئه‌م كاره زۆر ناخۆشه‌و هه‌ڵكردنی ئاڵای عێراق له كوردستان تاوانی حكومه‌تی هه‌رێمیشی تێدایه … ئینجا وتی كه‌سمان (31 ئاب) مان له بیر نه‌چووه …. ” هه‌ر كه ئه‌م قسه‌یه‌ی كرد، پێشه‌شكاری به‌رنامه‌كه ڕه‌نگی گۆڕاو زمانی كه‌وته ته‌ته‌ڵه‌كردن، باش بوو براده‌رانی كۆنترۆڵ خێریان بگات! زوو فریا كه‌وتن و قسه‌كه‌یان به شه‌كر له ده‌مدا پێی بڕی!
حه‌زده‌كه‌م ڕووخسه‌تم بده‌ن لێره‌وه قسه‌ی ئه‌و براده‌ره بریتانیاییه ته‌واو بكه‌م: … باشه له ساڵی 1996دا، كاتێك تانك و ده‌ببابه‌كانی ڕژێمی به‌عس هاتنه ناو هه‌ولێره‌وه‌و سه‌رو ئاڵای عێراقی به‌عسیان به‌سه‌ره‌وه بوو, له‌سه‌ر داوای كێ هاتن و كێ پێی وتن فه‌رموون؟! ئه‌ی ئه‌وه ده‌ستی كێی له پشته‌وه بوو؟! من نازانم ئه‌وانه‌ی له میدیای حیزبییدا كارده‌كه‌ن, بۆچی چاویان عه‌یبی حیزبه‌كه‌ی خۆیان نابینێت؟ ئه‌رێ خه‌ڵكینه! تا كه‌ی كه‌سێك هاوارێك به‌گوێی ئه‌م كه‌ڕانه‌دا ناكات؟ دڵنیا بن تا ئێمه وا لاڵ و بێ زمان بین ده‌بێت هه‌ر ئاوها ژێرده‌ست بین..
ئه‌رێ به‌ڕاست له جیاتی ئه‌و وڕینه‌كردن و بۆڵه‌بۆڵانه‌ی سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و فیشه‌ك به تاریكییه‌وه‌نانه, باشتر نه‌بوو ده‌سه‌ڵاتداران بیرێك له ئێستا‌و داهاتووی خۆیان بكه‌نه‌وه؟ هه‌ق نه‌بوو خاوه‌ن بڕیاره‌كانی ئه‌م هه‌رێمه ده‌ست به ئه‌ژنۆ دابنیشین و تێروپڕ بۆ خۆیان بگرین؟! جێی خۆی نه‌بوو بیرێك له‌و هه‌موو ماوه‌یه‌ی نێوان خۆیان‌و جه‌ماوه‌ر بكه‌نه‌وه؟
ده‌بوایه ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌م بۆنه‌یه‌یان بكردایه‌ته وێستگه‌یه‌ك بۆ به خۆداچوونه‌وه, ئاخر زۆر سه‌یره مرۆڤ هێنده متمانه‌ی به خۆی بێت نه‌زانێت چ چاوه‌ڕێی ده‌كات‌و كاتێ بزانێت هه‌موو شتێكی به‌سه‌ردا شكاوه‌ته‌وه, ئه‌مه ده‌ردی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداره ناداپه‌روه‌ره‌كانی دونیایه, سه‌دام حوسێن تا ئه‌و ڕۆژه‌یش ئیعدام كرا, هه‌ر به ته‌مای گه‌ڕانه‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵات بوو و ده‌یگوت گه‌لی عێراق منیان به سه‌رۆكی خۆیان هه‌ڵبژاردووه, ئه‌و بیری چووبوو كه هاتنه سه‌رحوكمیشی له‌ئه‌نجامی كوده‌تاوه بوو! من لێره‌وه به ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێم و ده‌ڵنیایشم كه‌سێكیان ئه‌م بابه‌ته نابینن, چون ئه‌وان ئه‌هلی خوێندنه‌وه نین, پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نم: نه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌یه تووڕه, بێزار, سنوربه‌زێن, هیچی نیه بترسێت له ده‌ستی بدات, ئه‌و گه‌نجێكی پیركراوه, ئه‌و كوڕێكه كه سی ساڵی تێپه‌ڕاندووه‌و له خه‌ودا نه‌بێت ده‌ستی به‌ر ده‌ستی كچێك نه‌كه‌وتووه, ئه‌و كچێكی بیستوپێنج ساڵه‌یه‌و كوڕێك له‌م وڵاته نه‌ماوه تا بێته خوازبێنی، ئاخر زۆربه‌ی كوڕان وڵاتیان به‌جێهێشتووه، ئه‌وه‌یشی ماوه‌ته‌وه توانای ژنهێنانی نیه! نه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌یه ئینتیمای بۆ هیچ شتێك نیه, ئه‌و ئینتیمای بۆ ئایین كز بووه، چونكه كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك خۆیان كردووه‌ته خاوه‌نی دین، مرۆڤ به بینینیان سه‌رودڵی ده‌گیرێت؟ ئه‌وان ئینتیمایان بۆ وڵات و نیشتیمان نه‌ماوه، چون كه‌سانێك ده‌م باسی نیشتیمانپه‌روه‌ریی ده‌كه‌ن, هه‌ر ڕۆژه‌ی باڵه‌خانه‌یه‌ك ده‌كه‌ن به ئاسمانداو, پاره‌یان له بانكه‌كانی ئه‌وروپایشدا جێگه‌ی نابێته‌وه, منداڵه‌كانیان له باشترین زانكۆكانی دونیادا ده‌خوێنن و, خۆیشیان لێره، هه‌ر شه‌وه‌ی له باوه‌شی ئافره‌تێكی جوان‌دا ڕۆژ ده‌كه‌نه‌وه, كاره‌بایان قه‌ت نابڕێت, دوو سێ ئۆتۆمبێلی ئاخر مۆدێل به‌رده‌وام له به‌رده‌رگایاندا وه‌ستاون , نه‌ك بۆ خۆیان به‌ڵكو سه‌گه‌كانیشیان جوانترین (سپلیت)یان بۆ دانراوه, ئه‌وان له وڵاتێكدا ده‌ژین كه ژماره‌ی وه‌زیره‌كانی، له ژماره‌ی شاره‌كانی زۆرترن, كه‌چی پرۆژه‌یه‌ك چه‌ند ساده‌و كه‌م بایه‌خیش بێت, به ده ساڵ ته‌واو نابێت و, ساڵێك نابات تێكده‌چێت! ئه‌وان په‌رله‌مانێكیان هه‌یه, دونیایه‌ك بڕیار ده‌رده‌كات و هیچی جێبه‌جێ نابێت, كۆمه‌ڵێك ئه‌ندام په‌رله‌مانیان هه‌یه گوایه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان ده‌كه‌ن, كه‌چی له ده‌ستهه‌ڵبڕین زیاتر كارێكیان نیه, خوایه تۆبه بیرم چوو بڵێم، كارێكی تریشیان هه‌یه, جارجار له ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا سه‌رخه‌ویش ده‌شكێنن! ئه‌م نه‌وه‌یه ڕۆژانه به به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه سنوری وڵات ده‌به‌زێنن و نیوه‌یان له ده‌ریادا ده‌خنكێن و نیوه‌كه‌ی تریشیان یان له ناو به‌فردا ڕق ده‌بنه‌وه و یان ده‌ستیان ده‌گاته به‌هه‌شتی هه‌نده‌ران.. ئه‌وانه‌یشیان وا له كوردستاندا ماونه‌ته‌وه، ده‌ستیان داوه‌ته جگه‌ره‌كێشان و مه‌شروب خواردنه‌وه‌و هه‌ندێكیان له‌وه‌ش خراپتر خه‌ریكه گیرۆده‌ی ماده بێهۆشكه‌ره‌كان ده‌بن..
وا هه‌ستده‌كه‌م ئه‌م نه‌وه‌یه، ئه‌مڕۆو به‌یانی شتێك ده‌شكێنن، بڕوایش ناكه‌م به‌نداوێك كه شكا به ئاسانی به‌ری پێ بگیررێت, جا ئه‌وجایش مه‌گه‌ر بڵێن ئه‌مانه ده‌ستێكیان له پشته! ئێوه قه‌ت بیرتان له‌وه كردووه‌ته‌وه, ئه‌و ده‌سته‌ی له پشتی هه‌ر ئاژاوه‌و خۆپیشاندانێكه‌وه‌یه هه‌ر خۆتانن؟ چه‌ند عه‌یبه گه‌نجێكی هه‌ڵه‌بجه‌یی وا بێزار بكرێت, ئاڵای عێراق زیاتر به هی خۆی بزانێت تا ئاڵای كوردستان؟ ئێوه ئێستایش ڕۆژانه شه‌ڕ له‌سه‌ر داهات ده‌كه‌ن و مووچه‌ی مانگانه‌تان له به‌غداوه بۆ دێت.. ئێوه ڕۆڵه‌ی كورد بۆ پارێزگاریكردن له یه‌ك پارچه‌یی خاكی عێراق ڕه‌وانه‌ی باشووری عێراق ده‌كه‌ن و, كه‌چی له‌م لایشه‌وه هه‌ڵكردنی ئاڵای عێراق له لایه‌ن گه‌نجێكه‌وه, كه هێشتا فێرنه‌كراوه ئاڵا چییه‌و؟ كه‌ی ده‌بێت هه‌ڵبكرێت؟ به كاره‌سات ده‌زانن.. ئه‌م ئیزدیواجیه‌ته چه‌ندی به چه‌ند؟
ئێوه له جیاتی سه‌رقاڵكردنمان به باسی ئاڵاهه‌ڵكردنه‌وه, وه‌رنه ناو خه‌ڵك و له حاڵا و گوزه‌رانیان بپرسن, من له جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌پرسم: ئه‌وا ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێزتان ته‌واوبوو(مه‌به‌ست حكوومه‌ته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانییه)، زه‌حمه‌ت نه‌بێت پێمان بڵێن ده‌ربه‌ندیخان چه‌ند سه‌عات له سلێمانییه‌وه دووره؟! ئایا ناحیه‌ی ڕزگاری(صمود) ده‌كه‌وێته كوێی شاری (كفری)یه‌وه؟!
له سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌پرسم: توخوا له‌وه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتتان گرتووه‌ته ده‌ست، چه‌ند جار سه‌فه‌ری ڕۆژئاواتان كردووه؟ ئه‌ی چه‌ند شوێنی كوردستان گه‌ڕاون؟! تا ئێستا گه‌رمیانتان دیوه؟ پێم خۆشه به ڕاشكاوی پێمان بڵێن شاره‌كانی نه‌مسا باش ده‌ناسن یان ئه‌وانه‌ی كوردستان؟! ئێوه كاتێك سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌تان كرد، هه‌ندێ وه‌عدتان به خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌داو سوێندتان خوارد ئه‌گه‌ر تا فڵانه مانگ ئه‌و پرۆژانه جێبه‌جێنه‌كرێن, من ده‌ست له كار ده‌كێشمه‌وه, ئه‌وا نه‌ك مانگ, به‌ڵكو ساڵێكیش به‌سه‌ر ئه‌و واده‌یه‌دا تێپه‌ڕبوو و شه‌قامه‌كانی هه‌ڵه‌بجه هێشتا به هه‌ڵدڕاوی ماونه‌ته‌وه, به‌ڕێزتان په‌یمانه‌كه‌تان بۆ نه‌برده سه‌ر؟ ئیوه كه هێنده زوو وه‌عدو په‌یمان له بیر ده‌كه‌ن، ئیتر چاوه‌ڕێی چی له گه‌نجێكی هه‌ڵه‌بجه‌یی ده‌كه‌ن؟ چاوه‌ڕێن بڕیاره‌كانتان جێبه‌جێ بكه‌ن؟
له میدیای حیزبی و پیاوانی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌پرسم: ئێوه بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای عێراق له شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا به عه‌یب ده‌زان؟ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاڵای به‌عسه‌و به‌عسیش خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ی كوشتووه؟ تۆ ویژدانتان به‌عس زۆر ئازاری خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ی داوه یان ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد؟! به‌عس یه‌كجار خه‌ڵكی كوشت, ئاخر دووژمنی بوو, كورد نه‌بوو, وه‌لێ ده‌سه‌ڵاتی كوردی شانزه ساڵه درێژه به كوشتنی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه ده‌دات, شانزه ساڵه گاڵته به خه‌ڵكی ئه‌و شاره ده‌كات, دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌وه كورد بوو خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ی ده‌ربه‌ده‌ر ده‌كرد نه‌ك به‌عس، عه‌ره‌بیش ده‌ڵێن: وڤُلم ژوی القُربی أشدُّ مَچاچه‌ً علی المر‌و مِن وقع السِّهام المهنَّد
به كورتی و كرمانجی: شه‌قی خزم له هی دووژمن به سوێ تره..
ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه چاوتان ته‌نها ورگ و ناولنگی خۆتان ده‌بینێت! چاوێك به‌رزبكه‌نه‌وه‌و ببینن خه‌ڵكی تریش ورگ و ناولنگیان هه‌یه!
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كه خۆشترین ناوچه‌ی ئه‌م خاكه‌تان كردووه‌ته موڵكی خۆتان و خه‌ڵكی بۆ ڕاوكردنیش ناتوانن سه‌ردانیان بكه‌ن! بزانن نه‌وه‌ی نوێ به سایه‌ی سه‌ری جه‌نابتانه‌وه بڕوای به نیشتیمانپه‌روه‌ریی نه‌ماوه, گه‌نجی كورد ئه‌مڕۆ گاڵته‌ی به بڕیاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی دێت, پێكه‌نینی به دانیشته‌كانی په‌رله‌مان دێت.
دڵنیابن ئه‌م نووسینه ده‌ستی ئاژاوه‌گێڕان‌و دووژمنانی ئه‌زموونی ساوای(!) ده‌سه‌ڵاتی كوردی له پشته‌وه نییه!
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كه بڕواتان به مردن نییه‌و له خه‌یاڵیشتاندا بیر له ڕۆژی مردنتان ناكه‌نه‌وه! دڵنیابن ئه‌گه‌ر بارودۆخ وا بڕواته پێش، نه‌وه‌ی نوێی كورد چیتر لێتان قبوڵناكات و ڕۆژێك جامی تووڕه‌یی خۆیتان له سه‌ردا به‌تاڵده‌كاته‌وه..!
منیش ئه‌م به‌یته شیعره‌ی (مه‌حوی)تان وه‌بیردێنمه‌وه:
فه‌لــــــه‌ك هه‌رگـــــا كه‌سێكی هه‌ڵبڕی, وه‌قتــی هه‌لاكه‌تیـه
كه سه‌ر بۆ گه‌ینه په‌ت بێ، پێ له كورسی و ئه‌سكه‌مل چبكـــا؟
چه‌ند تێبینییه‌ك:
* ئه‌م بابه‌ته وه‌ختی خۆی له (ژماره: 36ی 1/9/2007)ی هه‌فته‌نامه‌ی (ئاسۆی گه‌نج)دا بڵاوبووه‌وه‌و پاشانیش له چوارچێوه‌ی كتێبی (نه‌خوێنده‌واری له زانكۆدا)دا چاپكرا، لێره‌دا ته‌نها به‌شێكی ئه‌و بابه‌ته‌م هه‌ڵبژادووه، ئه‌و به‌شه‌ی په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به‌م ڕووداوانه‌ی دوایی كوردستانه‌وه هه‌یه.
* حه‌زده‌كه‌م خوێنه‌ر دیققه‌ت بدات چۆن به‌نده به‌ر له چوار ساڵا پێشبینی ئه‌م ڕووداوانه‌ی ئه‌مڕۆم كردووه‌و وریاییم به ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردییش داوه، وه‌لـێ هاواركردن به گوێی كه‌ڕدا چ سوودێكی هه‌یه؟
* من خۆم نه‌ك هه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌م له‌بیر چووبوو، به‌ڵكو ماوه‌یه‌كی زۆریشه هیچی وام ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت نه‌نووسیوه‌و له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی شاره‌كانی كوردستانیشه‌وه بێده‌نگ بووم، خێری ئه‌و براده‌ره بگات كه پێش چه‌ند ڕۆژێك ته‌له‌فوونی بۆ كردم‌و هه‌ڕه‌شه‌ی لێكردم‌و پێی وتم: ” تۆ ئه‌گه‌ر ده‌ستێكت له پشت نه‌بووبێت چۆن پێش ئه‌وه‌نده ساڵه پێشبینی ئه‌م ڕووداوانه‌ی ئه‌مڕۆت كردووه؟” منیش پێم وت: ” له جیاتی ئه‌م گه‌فانه به گه‌وره‌كانت بڵـێ با ئه‌وان هێنده ئازا بن پێشبینی چوار مانگی تر بكه‌ن‌و فریای خۆیان بكه‌ون”!
* بابه‌ته‌كه چونكه هی چوار ساڵا له‌مه‌وبه‌ره، بۆن‌و به‌رامه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی لێدێت كه تێیدا نووسراوه، وه‌لـێ به‌داخه‌وه زۆر شتیش هه‌ر وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر خراپتریش نه‌بووبێت.
* ئیمه‌یلی نووسه‌ر: Hemnxurshid79@gmail.com