
بایادی ئەنفال بكەینە رۆژی سەرنەبڕین ، رۆژی گۆشت نەخواردن.
ڕێگایەكی تر بۆ یادكردنەوە
بایادی ئەنفال بكەینە رۆژی سەرنەبڕین ، رۆژی گۆشت نەخواردن.
كارێكی كەمو واتایەكی گەورە :
دەبوایە لەدوای تاوانی ئەنفالو هەڵەبجە، هەروەها پێش ئەوانیش هەردووك تاوانی كۆمەڵكوژی كوردانی فەیلیو دەركردنیان لەوڵاتو تاوانی كۆمەڵكوژی بارزانیەكان، لەسەدەی ڕابودودا پەندی گەورەیان لێوەرگیرابا، لەسەرئاستی نێودەوڵەتی كورد مافی ئەوەی هەبوو ئێستاش ئەو مافەی هەیە وەك نەتەوەیەكی جینۆسایدكراو شكۆی بۆبگەرایەتەوەو لەسەر ئاستی ناوخۆش بەتایبەتی لەدوای یەكلایی كردنەوەی دۆسێی ئەو تاوانانە دەوڵەتی عێراق بەئەركی یاساییو سیاسیو ئەخلاقی خۆیەوە پابەندبوایەو بەفەرمی داوای لێبوردنی لەگەلی كورد بكردایە، گەلی كوردیش نەك هەر بەهیچ پاساوێك بیری لەشەڕی ناوخۆو یەكتری كوشتن نەكردایەتەوە..بەڵكو رێزی لەهەموو زیندەوەرێكی سەر رووی زەمین بگرتایە. بەڵام ئەفســـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــوس.
ئێستاش لەدوای بیستوسێ ساڵی تاوانی كۆمەلكوژی شاری هەڵەبجەو گوندەكانی سێوسێنانو گۆپتەپەو عەسكەرودۆڵی بالیسانو كۆمەڵكوژی ئەنفال، جگەلەوەی لە یادەوەری ئەو تاوانانەدا مەراسیم دەگێڕدرێت، پێویستمان بەپەیامێكی كۆمەڵایەتی گشتگیرتر هەیە، كەهەم گوزارشت لە هەستێكی بەرزی كۆمەڵایەتی بكاتو رێزگرتنێكی بەكردەوەش بێت لەژیانی زیندوانو قوربانیەكان، هەم ببێتەمایەی شەرمەزاریش بۆهەرجۆرە تاوانێك ، لەم بارەیەوە گۆڤاری ئەنفالستان كە ساڵنامەیەكی تایبەتە بەتاوانی ئەنفالو جینۆساید چەند پێشنیارێك دەخاتە بەردەست هەرتاكێكی كورد، تاوەك ئەركێكی ئینسانیو نەتەوەیی بەكردەوە رۆژێك بۆ (سەرنەبرین)ورێزگرتن لەبەهای ژیانوخۆشەویستیو قوربانیەكانی دابنێت .
پێشنیـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــارەكان:
یەكەم : لەهەردوو یادەوەری 16/3 و 14/4 هەمووتاكێكی كورد گۆشتخواردن لەخۆی قەدەغە بكات، واتە لەو دوو رۆژەدا هیچ پەلەوەرو ئاژەلێك سەرنەبڕدرێتو قەسابخانەكانو چێشتخانەكان پابەندبن بەم پەیامە كۆمەڵایەتیەوە.و گۆشت نەفرۆشن.
دووهەم : هەرتاوانێكی خوێن رشتن لە دژی مرۆڤ حوكمەكەی دووئەوەندەی برگە یاساییەكان بێت كە لە یاسای دەولەتدا هاتووەو لەدەستوریشدا جیگەی بۆبكرێتەوە.
سێهەم : رۆیشتن بۆ سەرمەزاری قوربانیەكان لە هەڵەبجەو بالیسانو بانی مەقانی چەمچەماڵو دێبنەی ناحێی رزگاری لە سەنتری شارەكانیانەوە رۆیشتن بە ئۆتۆمبیل یاساغ بێتوبە پیادە برۆنە سەرمەزاری قوربانیانی ئەنفالو كیمیاباران.
ئامانجی پێشنیارەكان :
1- وەك كاردانەو پەرچەكردارێكی ئاشتیخوازانە دژ بەكۆمەڵكوژیو جینۆسایدی گەلی كورد.
2- بێگومان هەموومان دەزانین لەجیهانی ئیسلامیدا رۆژانی جەژنی قوربان دەبێتە ڕۆژی سەربرینو كوشتارو لەپێناوی سفرەی خانەوادەكان زۆرترین ئاژەڵو پەلەوەرسەردەبڕدرێت . بەڵام لەساڵی 1988 دا بەتایبەتی كە تاوانی ئەنفال لەناوچەی گەرمیاندا كەوتە مانگی رەمەزانەوەو ئەنفالی قۆناغی چوارەمیش ناوچەی شوانو قەڵاسێوكەو شێخ بزێنیو دەشتی كۆیەی گرتەوە لەنیوان ئەو دووجەژنەدا دەیان هەزار خەڵك نەك هەرفریای جەژنو گۆشتخواردن نەكەوتن بەڵكو، سەرباری برسیكردنیان لەكەمپی تۆپزاوا پۆلێنكران بۆ كۆمەڵكوژی، بەپێی قسەی دەربازبووەكانی گۆری بەكۆمەڵ دوای برسیكردنو تینوكردنو بێهێزكردنیان پرۆسەی كۆمەڵكوژیەكە ئەنجامدراوە، ئەوانەشی برابوون بۆ نوگرەسەلمان شەش مانگی ژیانیان بەبرسێتی بەسەربرد.
3- هەلەبجەییو بالیسانیەكانیش لەئێوارەی 16/3 و16/4 دا لەبری ژەمە نانخواردن ژەهریان دەردخوارددرا. بۆیە لەو رۆژەدا دەتوانین بەحەرامكردنی گۆشتخواردن رێز لە قوربانیانی ئەو تاوانە بگرین.
2- گۆشت نەخواردن لەو رۆژانەدا، بەواتای ڕۆژی رێزگرتن لە ژیان بەواتایەكی تر رۆژی سەرنەبرین
3- ئەمە رەنگە ببێتە مایەی سەرنجی میدیای جیهانیو پشتیوانیەكی گەورەی نێونەتەویی بۆناساندنی تاوانی جینۆساید لەجیهانداو هەنگاوێكیش بێت بۆ چارەسەری كێشەی سیاسی كورد.
4- لەداهاتووشدا كۆمەڵگەی كوردی بەكردەوە دەباتە سەر رێگاكانی ژیاندۆستیو تەندروستر مامەڵە لەگەڵ ناكۆكیو ململانێ سیاسیەكانی دەكات .و رەگەزەكانی دڵرەقیو توندرەفتاری كاڵدەكاتەوە.
تێبینی :
ئەم پرۆژەیە لەئەنجامی ئەو بەدواداچوونو دیدارە رۆژنامەوانیانەی ئەنفالستانەوە هاتوون لەماوەی ئەو حەوت ساڵەی دەرچوونیدا، دەردەكەوێت كە زۆربەی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان تائەو كاتەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە موچەیان بۆ براوەتەوە لەجەژندا توانای گۆشت كرینیان نەبووە، هەروەها زۆربەیان دوای هاوسەر گیریو ماڵپێكەوە نانەوەش ئەگەر تواناشیان هەبووبێ گۆشتیان بۆجەژن نەكریووە تا ئەوكاتەی منداڵەكانیان گەورەبوونو هەتا ئێستاش، زۆربەیان لەبەرخاتری پیرۆزی بۆنەكەو هەستی مندالەكانیان رۆژانی جەژن گۆشت دەخۆن.
كەوایە دەتوانین ئێمەی كورد لەو دوو رۆژەدا هەم هاوخەمی قوربانیانی ئەنفالوكیمیابارانو هەم وەك بەرچەكردارێكی كۆمەڵكوژی ئەو رۆژە دژی سەربرین بینو ژیاندۆستو تەندروست بین . تۆش وەك تاكێك پابەندبە بەم ئەركە كۆمەڵایەتیەوە .
ناونيشان/ سليَمانى
07301223421 ساناتيَل 07701520287 ئاسيا سيَل