
ده‌سه‌ڵات له هه‌ردوو رووبه‌ری خه‌یاڵ و راستیدا
زۆر ده‌گمه‌نن و به ئاسانی په‌یدا نابن، ئه‌و مرۆڤانه‌ی ده‌توانن جڵه‌وی خۆیان به ده‌ستی خۆیان بگرن و ئه‌فسوونی ده‌سه‌ڵاتدارێتی فریویان نه‌دات . ژماره‌یان یه‌كجار كه‌مه ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات نابینایان ناكات و ده‌توانن یان لێی دوور بن، یاخود كاتێك ده‌سه‌ڵاتدار بن، دادپه‌روه‌رانه كار بكه‌ن و ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان خراپ به‌كارنه‌هێنن. ئه‌و سه‌ركرداانه‌یش نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ئازادی ده‌گه‌یه‌نن و ده‌بن به هۆی ئه‌وه‌ی گه‌لێك به مافی خۆی بگات، زۆر كه‌میان پاش ئازادبوون، ده‌سه‌ڵات و دانیشتن له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه. ناخوم گۆڵدمان (1895- 1982) یه‌كێكه له‌و سه‌ركرده ده‌گمه‌نانه‌ی دیرۆك. ناوبراو دامه‌زرێنه‌ری كۆنگره‌ی جیهانی جوله‌كه‌یه (1936).
)World Jewish Congress, WJC(
ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی چه‌ترێكه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو رێكخراوه‌كانی جوله‌كه.
هه‌روه‌ها ئه‌و پیاوه ساڵانێكی درێژ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ده‌زگا گرنگه‌ی جوله‌كه‌ی كردووه. گۆڵدمان، ئه‌و مرۆڤه‌ی له دیرۆكی جوله‌كه و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل‌دا ناوێكی گرنگه، ساڵی 1900 له‌گه‌ڵ دایك و باوكی دێته ئه‌ڵمانیا و له شاری فرانكفورت نیشته‌جێ ده‌بن. ئه‌و له شاره‌كانی ماربورگ و هایدلبێرگ و پاشان به‌رلین خوێندوویه‌تی. قانون، فه‌لسه‌فه و مێژووی خوێندووه. پاشان له قانون و فه‌لسه‌فه‌دا، له زانستگه‌ی فرایبورگ، دكتۆرا ته‌واو ده‌كات. ئه‌و كه له زۆر بواری نووسین و هزردا كاری كردووه، هه‌ر له ساڵی 1918 به‌دواوه چالاكانه بۆ بزوتنه‌وه‌ی زایۆنیزم كاری كردووه. له‌و ده‌مه‌وه بیری له لای دروستكردنی ده‌وڵه‌ت بووه، ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ جوله‌كه‌كان. به‌ڵام له خه‌یاڵی ئه‌ودا ده‌وڵه‌تێك بووه بۆ ئه‌وه‌ی ببێـت به ماڵی دادپه‌روه‌ری و پێكه‌وه ژیان بۆ هه‌موو جوله‌كه‌كانی جیهان. سه‌رباری ئه‌و هه‌وڵه گرنگانه‌ی ئه‌و پیاوه بۆ گه‌له‌كه‌ی، به‌رده‌وام ئه‌و باوه‌ڕی به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینیش هه‌بووه، ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌كسانی و مافی به‌رانبه‌ر. كاتێك ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هاته دامه‌زراندن، گۆڵدمان نه‌یویست ببێت به یه‌كێك له ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته. سه‌رباری داواكاری زۆر، ئه‌و پیاوه نه‌یویست ببێت به سه‌رۆك یان پۆستێكی گرنگی وه‌ڵات وه‌ربگرێت. ئه‌و پێی وابوو، دیاره له‌و باره‌یه‌وه بۆچوونه‌كانی به ئاشكرا ده‌ربڕیوه، ده‌وڵه‌ت شتێكه له خه‌یاڵدا جوان و له راستیدا پڕ له دزێوی. بۆ ئه‌و تابلۆی ده‌وڵه‌ت له خه‌یاڵدا شتێكی دیكه بووه، ئه‌و دیوه‌ی ده‌وڵه‌ت گۆڵدمان خه‌ونی پێوه بینیوه، دوور بووه له دیوه راستییه‌كه‌ی. ئه‌و باش دیوه‌كه‌ی تری له راستیدا له‌به‌رچاو بووه. ئه‌و دیوه بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵات زۆر كاری ناڕه‌وای له ده‌ست دێت و ده‌توانێت گه‌لێ تاوان به‌رهه‌م بهێنێت. بۆیه گۆڵدمان رازی نا‌بێـت وه‌كو پیاوی ده‌وڵه‌ت كار بكات و ته‌نانه‌ت پاش ده‌مه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی جوله‌كه زۆربه‌ی ژیانی له ده‌ره‌وه به‌سه‌ر ده‌بات، له وه‌ڵاتانی وه‌كو ئه‌ڵه‌مانیا، سویسرا و فه‌ره‌نسا ژیانی به‌سه‌ر ده‌برد. ئه‌و هه‌رچه‌نده له ئیسرائیل كه‌متر ده‌ژیا، به‌ڵام به‌رده‌وام له خه‌می ئاشتی مرۆڤه‌كاندا بوو. له پای ئاشتی و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردندا هه‌وڵی زۆری له‌گه‌ڵ لایه‌نی جوله‌كه و عه‌ره‌ب ده‌دا. دیاره هه‌میشه ئه‌و هه‌وڵانه‌ی گۆڵدمان به دڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل نه‌بوون. ته‌نانه‌ت كاتێك ساڵی 1970 ده‌ستی به وتووێژ كرد له‌گه‌ڵ جه‌مال عه‌بدولناسر، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل بوون به ئاسته‌نگ له پێش ئه‌و هه‌وڵه‌دا. بۆیه پاشان گۆڵدمان په‌یوه‌ندی به یاسر عه‌ره‌فاته‌وه كرد، بێگومان هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی گۆڵدمان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی ململانێیه‌كی ترسناك و بۆ دڵنیایی مرۆڤه‌كانی ناوچه‌كه بوو. به‌ڵام به هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌وه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌فات، گۆڵدمان، دامه‌زرێنه‌ری كۆنگره‌ی جیهانی جوله‌كه و یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیله‌وه به “ناپاكی” تاوانبار كرا و ناوی “ناپاك”یان خسته دووی. ناخوم گۆڵدمان به‌ر له‌و گه‌مه كرێتانه، پێناسه‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی له لا بوو. ئه‌و زووتر شیرۆڤه‌ی تابلۆ ده‌وڵه‌تی له رووبه‌ری (جوانی) خه‌یاڵ و (دزێوی) راستیدا كردبوو. ئه‌و ده‌یگوت: كاتێك ده‌وڵه‌تمان هه‌بێت، زیندانمان ده‌بێت، دزمان ده‌بێت، دوژمن و سوپا و پاره و هتد ده‌بێت. بێگومان كاتێك ده‌وڵه‌ت هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتدار زۆر بیانوی به ده‌سته‌وه ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ناڕه‌وایی بكات و بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری ئه‌وانی تر بدات.
گۆڵدمان نمونه‌یه‌كی ده‌گمه‌نه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌توانن ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه. نمونه‌كانی تر كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ن، گه‌لێ زۆرن و لاپه‌ڕه‌كانی مێژوویان زۆرتر داگیر كردووه. به‌ڵام مرۆڤ، یان ئه‌وانه‌ی خوازیاری وه‌رگرتنی پۆستی ده‌وڵه‌تی و ده‌سه‌ڵاتن، ده‌توانن سوود له هه‌ردوو نمونه‌كه وه‌ربگرن. خه‌یاڵی جوانی گۆَڵدمان بكه‌ن به وزه‌ی كار و هاوكات دزێوی و شه‌ڕه‌نگێزی ئه‌وانی تر له خۆیان دووربخه‌نه‌وه. له ناوچه‌كه‌ی ئێمه، به‌و پێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران كه‌م ده‌خوێننه‌وه، خۆیان ده‌ڵێن: به هۆی كاری به‌رده‌وام كاتیان بۆ خوێندنه‌وه نییه، ده‌بوو شتێكیان له به‌سه‌رهات و مێژووی ئه‌و ناودار و مرۆڤه كاریگه‌رانه‌ی مێژوو به فیلمی دۆكومێنتی ته‌ماشا بكردایه. بۆ ئه‌وه‌ی به‌راوردێكیان له لا دروست بێت كه چه‌ند له نمونه خراپه‌كان نزیك و له گۆڵدمانه‌كانیش چه‌ند دوورن.
20.3.2011
سیروان ره‌حیم