گۆڕانی بهردهوامو گۆڕانی نابه‌رده‌وام
من له‌م پرسیاره‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌م، بۆچی هه‌میشه به ئه‌زموون هه‌ر وامان بینیوه، که ئۆپۆزیسیۆن، هه‌ر کاتێ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست، کولتووره رۆشنبیرییه‌که‌ی له دۆخێکی جووڵاوه‌وه هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌گۆڕێ بۆ دۆخێکی چه‌ق به‌ستوو؟ به دهستهواژهیهکیتر، بۆچی ئۆپۆزیسیۆن، کاتێ له سه‌ر کورسیی ده‌سه‌ڵاتدا نییه کولتووره رۆشنبیرییه‌که‌ی سات به سات گۆڕانی تیا به‌دی ده‌کرێ، به‌ڵام کاتێ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست، یان کاتی ده‌بێته به‌شێ له ده‌سه‌ڵات، یان به‌شدار ده‌بێ له ده‌سه‌ڵات، بۆچی کولتووره رۆشنبیرییه‌که‌ی له دۆخی گۆڕانه‌وه هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخێکی نه‌گۆڕو چه‌ق به‌ستوو؟ ئه‌م پرسیاره پرسیارێکی‌تر ده‌خاته به‌رچاو، که به‌م جۆره‌یه: ئایا ئه‌م میتۆده شۆڕشگێڕییه‌ی کولتووری ئۆپۆزیسیۆن له‌پێناو له‌باربردنی کولتووری ده‌سه‌ڵات، که دژه‌که‌یه‌تی، هه‌ر په‌رچه‌کرداری خۆیه‌تی؟ واته هه‌ر بۆ له‌باربردنی خه‌سڵه‌تی رۆشنبیریی خۆیه‌تی، یان بۆ له‌نێوبردنی جۆره خه‌سڵه‌تێکی رۆشنبیرییه، که وه‌ستاوه‌و چه‌ق به‌ستووه‌و ده‌یه‌وێ له بریی ئه‌وه خه‌سڵه‌تێکی رۆشنبیریی نوێ بهێنێته جێگه‌ی، که چه‌ق نهبهستێو به‌رده‌وامی له گۆڕاندا به خۆیه‌وه ببینێ؟ ئه‌م پرسیاره‌یان دوو جۆر له گۆرانی ئۆپۆزیسیۆنانهمان بۆ ده‌ستنیشان ده‌کا، یه‌که‌میان گۆڕانی نابهردهوامو دووه‌میان گۆڕانی به‌رده‌وام.
ئێمه ئه‌م دیارده‌یه له مێژووی نوێماندا، به ئه‌زموون، له‌و کاته‌وه ده‌یبینین، که پارت‌و گرووپه سیاسییه‌کانی کورد، به تایبه‌تی پارتی‌و یه‌کێتی، که خه‌باتی چه‌کدارییان کردووه، له دژی داگیرکه‌رو ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی، کاتێ له به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن بوون، له پێناو ئه‌وه کردوویانه، که کولتوورێکی چه‌ق به‌ستوو بگۆڕن به کولتوورێکی چه‌ق نه‌به‌ستوو، (به هه‌موو ناوه‌ڕۆکی ئاوهزیو کۆمهڵایهتیو رامیاری‌و ئابووری‌و ئایینییه‌وه)، واته له پێناو ئه‌وه‌ی کولتووری دۆگما نه‌هێڵن، که‌چی، کاتێ له دوای رووخانی رژێمی به‌عس، که هاتنو ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، ئیتر له به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه گۆڕان بۆ به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام له بریی ئه‌وه‌ی میتۆدی شۆڕشگێڕانه‌ی گۆڕانی به‌رده‌وام بگرنه به‌ر، که‌چی به ئه‌زموون بینرا، میتۆدی ناشۆڕشگێڕانهیان گرته به‌رو هه‌مان کولتووری چه‌ق به‌ستووی ده‌سه‌ڵاتی رژێمی پێشوویان په‌سه‌ندو په‌یڕه‌و کرد.
ئه‌م دیارده‌یه، به راستی بۆ میلله‌تی کوردی هیواخوازو ئازادیخواز له هه‌رێمی کوردستاندا چاوه‌ڕوان نه‌کراو بوو. ئه‌م دیارده‌یه، ده‌قاوده‌ق کۆپیکردنی ئه‌و په‌یڤه دۆگماوییه بوو، که رژێمه ده‌سه‌ڵاتداره تۆتالیتاره‌کانی ناوچه‌که ده‌یان ساڵه په‌یڕه‌وی دهکهنو حوکومڕانیی پێ ده‌که‌ن. به تایبه‌تی دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری کورد، که پێشتر ئۆپۆزیسیۆن بوون له دژی رژێمه‌کانی به‌غداو خاوه‌نی کولتووری گۆڕان بوون، به‌ڵام کاتێ بوون به خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات، بۆ ماوه‌ی بیست ساڵی رابروو، کۆپیکهرهوهی هه‌مان میتۆدی کولتووری چه‌ق به‌ستووی رژێمی پێشوویان په‌یڕه‌و کرد. به هه‌مان شێوه‌ی رژێمی پێشوو کولتووری گۆڕانی ئۆپۆزیسیۆنیان قبووڵ نه‌کرد. وه‌کو ئه‌لبێر کامۆ ئه‌ڵێ: “لاسایی جه‌للاده‌کانی خۆیانیان کرده‌وه”. یان وه‌کو جۆرج ئۆرویڵ له چروکی (گێڵگه‌ی ئاژڵان)دا ده‌ڵێ: “ئاژه‌ڵه‌کان جێگای خاوه‌نه‌کانیان گرته‌وه”.
من، ئه‌مه‌م له‌به‌ر ئه‌وه روونکرده‌وه، که بڵێم، به ئه‌زموون ئه‌وه‌مان به‌دی کردووه، که ئۆپۆزیسیۆن کاتێ له‌سه‌ر کورسیی ده‌سه‌ڵات نه‌بوو، دروشمی ئه‌وه‌ی هه‌بوو، که کولتووری چه‌ق به‌ستوو له‌نێوبه‌رێ، به‌ڵام، کاتێ له‌سه‌ر کورسیی ده‌سه‌ڵات دانیشت، هه‌مان کولتووری چه‌ق به‌ستووی دووباره کرده‌وه. واته، له بریی ئه‌وه‌ی ئه‌و کولتووره چه‌ق به‌ستووه‌ی رژێمی به‌عس بنێته گۆڕ، که‌چی ئامڕازو دهزگایتری بۆ سازنا بۆ پاراستنی پرنسیپه‌کانی هه‌مان رژێمی پێشوو بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵات.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ستراکتووره دیالیکتیکییه (په‌رچه‌کرداری خۆیه) ته‌نها لای رژێمه تۆتالیتار‌و دیکتاتۆره‌کاندا به‌دیی ده‌که‌ین. به‌ڵام ده‌بینین له کولتووری ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدا نین، کاتێ، که ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست، پرنسیپی گۆڕان له‌ده‌ست ناده‌ن، واته نابنه په‌رچه‌کرداری خۆیان. به‌ڵکو له ماوه‌ی مانه‌وه‌یاندا ئه‌و میتۆده شۆڕشگێڕیانهیان په‌یڕه‌و دهکهنو به‌رده‌وامیی پێ ده‌ده‌ن. واته نابنه حزبی گۆڕانی چه‌ق به‌ستوو، به‌ڵکو پرنسیپیان هه‌ر گۆڕانی به‌رده‌وام ده‌بێ. هه‌ر له‌م روانگهیهشه باوه‌ڕیان به‌وه ده‌بێ، حزبیتر، که ده‌بێته ئۆپۆزیسیۆن، له بریی ئه‌مان، دووباره، به هێزو تواناییه‌کی پێشکه‌وتووتره‌وه بێته‌وه سه‌ر دهسهڵاتو بۆ ماوه‌یه‌ک جێگای ئه‌مان بگرێته‌وه. به‌م میکانیزمه، ئیتر توندڕهویو توندوتیژیو دۆگما له سیستمی کۆمه‌ڵگادا به هه‌موو جۆرێک زۆر لاواز ده‌بێ، چونکه باوه‌ڕ نامێنێ به‌وه‌ی سهنترالیزهیشن ببێته پرنسیپ، به‌ڵکو دیسهنتراڵیزهیشن جێی ده‌گرێته‌وه. هه‌روه‌ها دۆگمای عه‌قڵی تاکو دۆگمای کاریزماو کولتووری ده‌سه‌ڵاتی خێڵهکیو ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی باوی نامێنێ. ئیدی ئۆپۆزیسیۆنی گۆڕان له بریی ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدا بگاته چه‌ق به‌ستن، ده‌بێ به گۆڕانێکی بهردهوامو ئیدی له هه‌موو بواره‌کانی سیستمی کۆمه‌ڵگاییدا ره‌نگ ده‌داته‌وه.
من له راستیداد هۆکاری دیارده‌ی چه‌ق به‌ستنی پرنسیپی گۆڕان له سیستمی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا ده‌گێڕمه‌وه بۆ ره‌هه‌نده‌ی دۆگمای ئایدیۆلۆجی‌و ره‌هه‌نده‌ی ئایینی. ئیتر له هه‌ر ئایدیۆلۆجیایهکو له هه‌ر ئایینێکدا بێ. به‌ڵام، ئه‌وه‌ی شایانی باسه، زۆر جار له هه‌ندێ قوتابخانه‌ی ئایینی‌دا ئه‌م ره‌هه‌نده‌ی دۆگمایه بوونی نابی. بۆ نموونه له (مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعی)دا دۆگما به‌دی ناکرێ، چونکه ئه‌و پرنسیپه‌ی تێدا هه‌یه، که پراکتیزه‌کردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه، به گوێره‌ی کات‌و شوێن ده‌گۆڕێ. واته له کاتێکه‌وه بۆ کاتێک دهگۆڕێو له شوۆێنێکهوه بۆ شوێنێک ده‌گۆڕێ. هه‌ر بۆ نموونه جیوازی له پڕاکتیزه‌کردنی (مه‌زهه‌بی شافعي) له میسڕدا جۆرێکه‌و له عیراقدا جۆرێکیتره. به‌ڵام زۆر جار به‌دی ده‌کرێ، که حزبێکی ئایینی، که له به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆندا ده‌بێ، به‌ر له‌وه‌ی بێته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، په‌راوێزێک بۆ ئازادی شارستانی وه‌ک پرنسیپ داده‌نێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ناوهڕٶکدا بڕوایشی پێ نه‌بێ، به‌ڵام مانۆڕی له‌سه‌ر ده‌کا. به‌ڵام، کاتێ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست، رۆشنبیرییه ئاینییه‌که‌ی زاڵ ده‌کا به‌سه‌ر رۆشنبیریی شارستانیدا. بۆ بنموونه له ئێران‌و له ئه‌فغانستان به‌دیمان کرد. ئه‌مه‌ش هه‌میشه ترس لای ئه‌و مرۆڤه تاکانه‌دا دروست ده‌کا، به تایبه‌تی لای سکۆلاره‌کان، که ده‌ترسن ئازادیی تاکو ئازادیی شارستانی له‌ده‌ست بچێ. ئه‌وه‌ش دیسان مه‌ترسیی گه‌وره لای ده‌سه‌ڵاتی سکۆلارو ئۆپۆزیسیۆنی سکۆڵاریش دروست ده‌کا.
به گوێره‌ی ئه‌م بنه‌مایه ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵگری ئایدیۆلۆجیای دۆگما رێگه نادا بیر‌و باوه‌ڕی گۆڕان له به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن بێته شوێنی، له هه‌ر جۆره بار‌و دۆخێک‌دا بێ. چونکه به شێوه‌یه‌کی ره‌ها دیالیکتیکی رۆشنبیریی ئۆپۆزیسیۆنی گۆڕانی به‌رده‌وام پشت گوێ ده‌خاو ره‌تی ده‌کاته‌وه. ئه‌م دیاره‌یه ئیمڕۆ له سیستمی حوکومڕانیی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له هه‌رێمی کوردستاندا وه‌ک نموونه‌ی ئاشکرا ده‌یبینین، که دوو حزبی ده‌سه‌ڵات، پارتی‌و یه‌کێتی، که سه‌رده‌مانێ پرنسیپی گۆڕانیان له خۆ گرتووه، به پاساوو بیانووی جۆراوجۆر ده‌سه‌ڵاتیان، بۆ ماوه‌ی بیست ساڵه، تا ئه‌م ساته، قۆڕخو مۆنۆپۆڵ کردووه.
ئه‌مه چیمان پێ ده‌ڵێ؟ ئه‌مه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ، که کولتووری هێزی چه‌ق به‌ستوو هه‌رگیز گۆڕان‌و چاکسازیی به‌سه‌ردا نایه‌ت ته‌نها له مه‌یدانێکی ته‌سکدا نه‌بێ، که ده‌سه‌ڵاتی تیادا بۆ خۆی پێ قۆرخ بکا. بۆ نموونه ده‌بینین. چ پارتی‌و چ یه‌کێتی، له‌و بازنه حزبییه ته‌سکه‌و داخراویاندا. له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی ئهندامانو لایه‌نگرانی خۆیاندا ئازادی بۆ ئهندامانو لایه‌نگرانی خۆیان فه‌راهم ده‌که‌ن. به‌ڵام هه‌ر ئازادیی بیروڕایه‌ک له نه‌یارانیانه‌وه به‌دیی بکه‌ن، به کولتووری دوژمنکارییو گێرهشێوێنیو خیانهتکاریو بێ بنهماییو بێ رهوشتیو بێ ئابڕووییو ئاژاوه‌گێڕی‌و دژ به ئهزموونو پێشکهوتنو گهشهکردنو دژ به ئاساییش‌و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئیتر بیریان چۆته‌وه ئه‌وانیش رۆژێك به‌و عه‌یام به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن بوون، گۆڕانیان خواستووه، به‌ڵام رژێمی به‌عس هه‌مان ناو‌و ناتۆره‌ی لێده‌نان، که ئه‌مان ئێستا له به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ده‌نێن، له شه‌قامی ده‌نێن. شه‌قامیش بێ گومان ترسێکی هه‌یه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئایا ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا ئه‌گه‌ر له ئاینده‌دا ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، رووداوی نێو چیرۆکی (کێڵگه‌ی ئاژه‌ڵان) دووباره ناکاته‌وه. به واتایهکیتر، ئۆپۆزیسیۆن، که هاته سه‌ر کورسیی ده‌سه‌ڵات، پرنسیپی گۆڕانێکی به‌رده‌وام ده‌بێته کولتووری؟ ئه‌م پرسیاره له ئێستادا نادرێته‌وه. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی شه‌قام متمانه‌ی هه‌بێ، ده‌بێ ئۆپۆزیسیۆن نیشانی بدا، که خۆی هه‌ڵقوڵاوی شه‌قامه‌که‌یه. به رای من، ئه‌مه وه‌ڵامدانه‌وه ده‌بێ بۆ پرنسیپی هه‌موو ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی، له ئه‌نجامی شۆڕشی گه‌نجان، له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، که گه‌نجانی کورد به‌شێکن لێیان، له ئاینده‌دا دێنه دی.
نه‌ورۆزی ساڵی ٢٠١١
لامپیتهر – وێڵز –
نووسینی: فوئاد عه‌بدولڕه‌حمان