ئیسلامی سیاسیی ئه‌ڵته‌رناتیڤی رژێمه عه‌ره‌بییه‌كان نییه
ئیسلامی سیاسیی له كوردستان، گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیو ده‌كات
تسۆنامییه‌ك له رۆژئاوای نیشتمانی عه‌ره‌به‌وه هه‌ڵیكرد و زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی گرته‌وه، ئه‌م زریانه زۆر به خێرایی و چاوه‌ڕواننه‌كراو هه‌ردوو رژێمی سیاسیی له تونس و میسر له‌سه‌ر كار لادا، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌گه‌ر و پێشبینییه‌كانه‌وه، ئه‌م زریانه له ره‌گه‌وه ئه‌و سیستمانه‌ی هه‌ڵكێشا كه هۆكاری ئه‌و بارودۆخه خراپه‌ن هه‌نووكه مرۆڤی عه‌ره‌ب پێی ئالوده بوو، چوونكه به‌شێك له ژێده‌ره ئه‌كادیمیی و زانستییه‌كان پێشبینی ئه‌وه‌یان كردبوو، رژێمی موباره‌ك تا ساڵی 2020 ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ك بینیمان نۆ ساڵ زووتر ئه‌و رژێمه كۆتایی هات. حاڵی حازریش ئه‌و تسۆنامییه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر توند لافاوی تووڕه‌یی به‌سه‌ر رژێمی لیبیا و یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و سوریادا ده‌ڕێژێ، ئه‌گه‌ر كار وا بڕواته پێشه‌وه دوورنییه له ماوه‌یه‌كی نێزیك‌دا هه‌ر یه‌ك له رژێمه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ش بڕوخێن. خولاسه‌ی قسه ئه‌وه‌یه شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایی و راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی بێ ئایدۆلۆجیا سه‌رتاپای ئه‌و پانتاییه جوگرافییه‌ی گرتۆته‌وه كه به نیشتمانی عه‌ره‌بی ناوزه‌د ده‌كرێت. به‌ڵام پرسیارێكی سترۆكتۆریی لێره‌دا دێته ئاراوه، ئایا رژێمه‌كانی دوای رژێمه ناسیۆنالیستییه رووخاوه‌كانی دنیای عه‌ره‌ب، چ جۆره رژێمێك ده‌بن؟. ئایا ئیسلامی فێنده‌مینتالیستی توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤ خۆی ته‌رح بكات؟. ئایا لیبرالیزمی عه‌ره‌بی خه‌مڵیوه كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی به‌ره‌و دیموكراسیی و پلۆرالیزم و لیبرالیزم ببات؟. ئه‌گه‌رچی وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیارانه كارێكی سه‌خته و ئه‌وه گه‌مه سیاسییه‌كانی داهاتوون دیاری ده‌كه‌ن چۆن رژێمه عه‌ره‌بییه‌كان خۆیان داده‌ڕێژننه‌وه، له‌هه‌مان كاتیش‌دا به روونی ده‌بینرێت ئیسلامی رادیكاڵ ناتوانێت وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤ بێته مه‌یدان، به‌پێچه‌وانه‌وه مه‌رگی ئیسلامی ئسوڵی هاوكاته له‌گه‌ڵ مه‌رگی ئه‌و رژێمه عه‌ره‌بییانه‌ی هه‌نووكه رووخاون یان له سه‌ره‌مه‌رگدان، چوون پێده‌چێت ئه‌و زه‌وینه‌یه‌ی ئیسلامی سیاسیی هێنابووه سه‌ر سه‌حنه‌ی سیاسه‌ت له بنه‌ماوه له‌نێو بچێت.
ئیسلامی سیاسیی ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌یه‌كانی رابردوو بوو
ئیسلامی سیاسیی له نیشتمانی عه‌ره‌بیی ئیفرازاتی زۆر هۆكار بوو، له‌وانه شه‌ڕی ساردی نێوان هه‌ردوو كامپی ئه‌و كاته‌ی جیهان، كه بینیمان كامپی سه‌رمایه‌داریی خۆرئاوایی به سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، ئیسلامی سیاسیی كرده یه‌كێك له مقاشه‌كانی ده‌ستی خۆی بۆ دژایه‌تییكردنی بلۆكی سۆشیالیستیی خۆرهه‌ڵات، ئه‌مه‌ش بووه فاكتۆری به‌هێزبوونی ئه‌و ره‌وتانه له جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا، ته‌نانه‌ت دوای گه‌شتی عه‌ره‌ب ئه‌فغانه‌كان به‌ره‌و مه‌یدانی جیهاد، دژی رووسیای كۆمۆنیستی، خوێنێكی زۆر رژایه ده‌ماره سڕبووه‌كانی ئیسلامی سیاسیی و جیهادیی له دونیای عه‌ره‌بیدا، به‌تایبه‌ت كه له میسری ناسریی و زۆرێك له وڵاتانی تری عه‌ره‌بیدا به زه‌بری هێز په‌ڕاوێز خرابوون. له‌په‌نا ئه‌مه‌شدا یه‌كێكی تر له فاكتۆره‌كانی به‌هێزبوونی ره‌وتی ئیسلامی فێنده‌مینتالیستی ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی سیاسیی‌دا پێی ده‌وترێت “رابوونی ئیسلامی”، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شكستی هه‌ر دوو پڕۆژه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیی و بزووتنه‌وه چه‌په ته‌قلیدیی و كلاسیكییه‌كانی وڵاتانی دونیای عه‌ره‌ب هه‌ر له كه‌نداوه‌وه تا ئۆقیانووس.
ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب پاش ئه‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب له ده‌ستی كۆلۆنیالیزم و داگیركاریی بیانیی رزگار ده‌كات، له بری ئه‌وه‌ی بینای مرۆڤی عه‌ره‌ب و كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌ب بكاته‌وه، جۆرێك له دیكتاتۆریی ئه‌رستۆكراتی و بنه‌ماڵه‌گه‌ریی هێنایه بوون، كه به هه‌موو شێوه و ئامڕازێك مرۆڤی عه‌ره‌بییان ده‌چه‌وسانده‌وه، به لایه‌نی كه‌مه‌وه رژێمه ناسیۆنالیستییه عه‌ره‌بییه‌كانی چه‌شنی میسر و تونس و یه‌مه‌ن و جه‌زائیر و هتد.. له بری ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خۆشگوزه‌ران و كراوه دابمه‌زرێنن، هاووڵاتیانی خۆیان ده‌چه‌وسانده‌وه و دیلی كۆمه‌ڵێك دروشمی نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌ی یۆتۆپییان كردبوون، ئه‌مه‌ش سه‌رئه‌نجام بووه هۆی به‌رینبوونه‌وه‌ی سپه‌یسی نێوان رژێم و جه‌ماوه‌ر، ئه‌مه له‌لایه‌ك و له‌لاكه‌ی تریشه‌وه هێزه چه‌په‌كان یان ئه‌وه‌تا ببوون به به‌شێك له هاوپه‌یمانی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆرانه‌ی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان وه‌ك له نموونه‌ی سوریادا ده‌رده‌كه‌وێت، یان ببوونه هێزی پاسیڤ و لاوازیی هیچ له‌باردا نه‌بوو وه‌ك له نموونه‌ی میسردا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌رگای واڵا كرد بۆ ئه‌وه‌ی هێزی سێیه‌م وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌ردوو هێزه‌كه‌ی تر خۆی پیشان بدات و بێته سه‌ر شانۆ، ئه‌و هێزه‌ش له چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوو ئیسلامی سیاسیی بووه.
ئێمه ئه‌گه‌ر به‌وردیی شیكاریی بۆ دۆخی ئیسلامی سیاسیی بكه‌ین كه له ده‌یه‌ی حه‌فتا و هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، ئه‌ڵته‌رناتیڤی سه‌ره‌كیی رژێمه عه‌ره‌بییه‌كان بوو، ئێستا كه‌وتۆته دۆخێكه به‌ره‌و ئاوابوونی رۆڵی كارای خۆی ده‌چێت، چوونكه هه‌نووكه ئه‌و ئیسلامگه‌رایه له دوو جه‌مسه‌ری سه‌ره‌كیی پێكهاتووه، یه‌كێكیان له بۆته‌ی قاعیده و ئیسلامگه‌رای جیهادییدا خۆی به‌رجه‌سته كردووه، ئه‌م جه‌مسه‌ره نه‌ك شانسی ئه‌وه‌ی نییه ببێته جێگه‌ره‌وه‌ی رژێمه عه‌ره‌بییه‌كان به‌ڵكو له بناغه‌وه خۆی هێزێكی بێزراوه. هه‌رچی باڵی دووه‌میشه له چه‌ند ساڵی رابردوو وه‌ك هێزی ریفۆرمیست و ئۆپۆزیسیۆنی په‌رله‌مانی كاری كردووه، ئه‌ویش دیسانه‌وه له قه‌یرانێكی سه‌خت و قووڵدا ده‌ژی، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌به‌ر ئه‌و فاكتۆره‌ی نه‌یتوانیوه ته‌رحێكی جیاواز له ته‌رحی ناسیۆنالیزمی فه‌رمانڕه‌وا پێشكه‌ش بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه له باشترین حاڵه‌تدا ئه‌جیندای ئه‌م هێزه به چه‌ندان فرسه‌خ له دوای ئه‌جیندای ئه‌و ناسیۆنالیزمه فه‌رمانڕه‌وایه‌وه بووه كه ئێستا گڵۆڵه‌ی كه‌وتۆته لێژی و له غه‌رغه‌ری مه‌رگدایه. بۆیه به بڕوای من ئیسلامی ئسوڵی ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی دێرین و پێشووتری رژێمه عه‌ره‌بییه‌كان بوو، یان راستتر وایه بڵێین قۆناغی زێڕینی ئه‌وان چه‌ند ده‌یه‌ی كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م بوو نه‌ك ئێستایه‌ك كه خه‌ریكه ناسیۆنالیزمی فه‌رمانڕه‌وا و ئیسلامی سیاسیی پێكه‌وه ده‌كاته كه‌له‌پوور.
بۆچی ئیسلامی سیاسیی ئه‌ڵته‌رناتیڤ نییه؟
وه‌ك له پێشه‌وه ئاماژه‌مان پێدا، ئیسلامی سیاسیی ده‌رهاویشته‌ی قۆناغێك له قۆناغه‌كانی كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بیی و ئیسلامییه‌كان بوو، به‌ڵام به ئه‌زموون بۆ كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌كان ده‌ركه‌وت ئیسلامگه‌رای رادیكاڵ ناتوانێت ببێته ئه‌و به‌دیله‌ی خه‌ونی پێوه ده‌بینن، چوونكه له بری ئه‌وه‌ی ئیسلامی فێنده‌مینتالیستی كۆمه‌ڵگه‌كانیان پێشبخات به‌ڵكو بۆ هه‌زاران ساڵ له‌وه‌وپێش ده‌یگێڕێته‌وه، ئه‌مه له‌لایه‌ك و له‌لاكه‌ی تره‌وه ئیسلامی سیاسیی به ئه‌زموون نیشانی داوه له جیاتی رزگاركردنی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی له‌و قه‌یرانانه‌ی تێیكه‌وتوون چه‌ندین قه‌یران و ته‌نگژه‌ی تریشی ده‌خاته سه‌ر، بێجگه له‌وه‌ش وه‌ك بیرمه‌ندی ناسراوی عه‌ره‌ب “سه‌میر ئه‌مین” بۆی چووه “یه‌كه‌مینی قوربانیانی ده‌ستی ئیسلامی سیاسیی، میلله‌تانی ئیسلامی خۆیانن”. چوونكه هێشتا له ده‌سه‌ڵات نین و هێزێكی كه‌میان له بنده‌سته هه‌ڕه‌شه له ژیان و ئازادیی هاووڵاتیان ده‌كه‌ن، جا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بێت، هه‌ر مه‌پرسه چی ده‌كه‌ن، له باشترین حاڵه‌تدا ئه‌وه ده‌كه‌ن بزووتنه‌وه‌ی تاڵبان له ماوه‌ی شه‌ش ساڵدا له ئه‌فغانستان كردی.
ئه‌گه‌ر به ئینساف و واقیعبینییه‌وه قسه بكه‌ین، كێشه‌ی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌كان ته‌نیا نان و كار نییه، هه‌رچه‌نده ئه‌و دوو كێشه‌یه كه‌م نین، به‌ڵام یه‌كێك له ئیشكالییاته هه‌ره سترۆكتۆرییه‌كان له نه‌بوونی ئازادیی سیاسیی و مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵات و حكومی هه‌تاهه‌تایی و نه‌بوونی پلۆرالییه‌تدا خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌مه‌ش نه‌ك به ئیسلامی سیاسیی چاره ناكرێت، به‌ڵكو فێنده‌مینتالیزم هێنده‌ی تر ده‌رگایان له‌سه‌ر داده‌خا، چوونكه ئیسلامی سیاسیی بوونی خۆی به سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانیتره‌وه گرێداوه، جۆرێك له فاشییه‌ت په‌یڕه‌و ده‌كات، كه هه‌موو ده‌نگێكی ده‌ره‌وه‌ی خۆی به شایانی سه‌ركوت و له‌نێوبردن ده‌زانێت. هه‌ر ئه‌م ترسه‌شه وای له هزرمه‌ندێكی ناسراوی وه‌ك “هاشم ساڵح” كردووه به ده‌نگێكی به‌رز هاوار بكات “له ئێستادا توندڕه‌ویی ئیسلامی بۆ من له فاشیزم ترسناكتره، چوونكه ده‌مامكی دینداریی و خواپه‌رستی له‌سه‌ر كردووه”. هه‌نووكه له دونیای عه‌ره‌بیدا نه‌ك رۆشنبیران به‌ڵكو هاووڵاتیانی ئاسایی و ساده‌ش له‌و راستییه دڵنیا بوونه‌ته‌وه، ئیسلامی سیاسیی یه‌كێكه له مه‌ترسییه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه چه‌ندین ساڵه پرۆسه‌ی گۆڕانكاریی له وڵاتانی عه‌ره‌بی دواكه‌وتووه، چوونكه هێشتا جه‌ماوه‌ر ئاماده نه‌بوون له به‌رانبه‌ر موباره‌ك و بن عه‌لی و كێ و كێی تردا، ئیسلامی سیاسیی هه‌ڵبژێرن، ئه‌گه‌رنا ده‌مێك ساڵ بوو ئه‌و تسۆنامییه هه‌ڵیكردبوو بۆ راماڵینی ئه‌و سیستمه سیاسییانه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌یه قوڕقوڕاگه‌ی هاووڵاتیانی عه‌ره‌بیان گرتووه.
زۆرێك له شرۆڤه‌كاران و پسپۆرانی بواری ئیسلامی سیاسیی باس له‌وه ده‌كه‌ن چیتر بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌ستێره‌ی به‌ختی ئیسلامگه‌رای رادیكاڵ نادره‌وشێته‌وه، توێژه‌رێكی به‌ناوبانگی وه‌ك “جیڵ كێبڵ” له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا “پێغه‌مبه‌ر و فیرعه‌ون” په‌نجه بۆ ئاوابوونی ئه‌ستێره‌ی به‌ختی ئیسلامی سیاسیی راده‌كێشێت. هه‌ر بۆیه “هاشم ساڵح” له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كتێبه‌وه ده‌نووسێت: تێزی سه‌ره‌كیی ئه‌م كتێبه‌ی جیڵ كێبڵ به‌مجۆره‌یه: ئه‌و بزووتنه‌وه ئوسوڵییانه‌ی له ماوه‌ی چاره‌گه سه‌ده‌ی رابردوودا له كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كاندا شوێن پێی خۆیان قایم كرد و سه‌ركه‌وتنی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێنا، له ئێستادا ئه‌ستێره‌ی به‌ختیان له ئاوابووندایه و به‌ره‌و دواوه ده‌چنه‌وه. به‌ڵام ئاخۆ هۆكاری ئه‌مه چی بێت؟. هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی له نێوان ئه‌م توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌دا هه‌بوو: بۆرژوازییه‌تێكی ئیماندار له شاره‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌نجانه‌ی به‌ده‌ست هه‌ژاریی و نه‌بوونییه‌وه ده‌یانناڵاند، هه‌روه‌ها ئه‌و توێژه‌ش كه له گه‌ڕه‌كه میللیی و دووره ده‌سته‌كانی شاره گه‌وره‌كانی وه‌ك قاهیره و جه‌زائیر و دارولبه‌یزادا ده‌ژیان، سه‌ره‌ڕای خوێندكارانی زانكۆكان كه له رۆشنبیرانی بزاوته فێنده‌مینتالیسته‌كان بوون.
شۆڕشی وڵاتانی عه‌ره‌بی شۆڕشی ئیسلامی نییه
له سه‌روبه‌ندی شۆڕشه‌كانی تونس و میسر، ئایه‌توڵا عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری رۆحی كۆماری ئیسلامیی ئێران، له یه‌كێك له وتاره‌كانی خۆیدا له نوێژی هه‌ینیدا ئه‌و خۆپیشاندان و راپه‌ڕینانه‌ی وه‌ك شۆڕشی ئیسلامیی و به دیاریكراویی به “بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی ئیسلامی” پێناسه كرد، داواشی كرد ئه‌و گه‌لانه وه‌ك گه‌لانی سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی كۆماری ئیسلامی ئێران بن و شوێن پێی شۆڕشی 1979ی ئێران هه‌ڵبگرن و كۆمارێكی ئیسلامی هاوشێوه‌ی ئێران دابمه‌زرێنن. هه‌رچه‌ند ئه‌مه كه‌مێك حه‌ماسه‌تی به بڕێك له هێزه ئیسلامییه‌كان به‌خشی و كه‌وتنه لێكچوواندنی ئه‌و شۆڕشانه به شۆڕشی 1979ی ئێران، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له رۆشنبیرانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی باسیان له لێكچوونی مێژوویی راكردنی شاهنشای ئێران و بن عه‌لی ده‌كرد، كه له یه‌ك مانگدا بووه، به‌ڵام زۆر زوو له‌لایه‌ن راپه‌ڕیوانه‌وه به ئیخوان موسلیمینیشه‌وه وه‌ڵامی عه‌لی خامنه‌یی دراوه، به‌وه‌ی خۆپیشاندان و راپه‌ڕینه‌كانی ئه‌وان ناچنه خانه‌ی شۆڕشی ئیسلامییه‌وه به‌ڵكو شۆڕشن له پێناوی نان و ئازادیی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات و جێكه‌وتی دیموكراسیی و له‌ناوبردنی حكومی هه‌تاهه‌تایی سه‌رۆكه‌كان. ئه‌مه له‌لایه‌ك و له‌لاكه‌ی تره‌وه خه‌ڵك بۆ ئاین و له‌سه‌ر پرسی ئاین راپه‌ڕینی نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت ئۆلیڤییه روا وته‌نی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی ئێستا له دونیای عه‌ره‌بیدا سه‌رمه‌شقی شۆڕش و خه‌باتن بۆ گۆڕینی رژێمه‌كان، نه‌وه‌یه‌كی پۆست ئیسلامن و بۆ ئه‌وان ئیسلامی سیاسیی دیارده‌یه‌كی كۆنه و ناتوانێت وه‌ڵامی پێویستییه‌كانی ئه‌م قۆناغه بداته‌وه.
رۆژنامه‌نووسی ناوداری ئه‌مه‌ریكی “تۆماس فریدمان” له وتارێكدا له “نیۆیۆرك تایمز” ره‌تیده‌كاته‌وه راپه‌ڕینی هاووڵاتیانی عه‌ره‌بی راپه‌ڕین و شۆڕشی ئیسلامی بن و ده‌نووسێت: ئێستا خه‌ڵكی وڵاتانی تونس و میسر، كۆتاییان به ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و رژێمانه هێناوه و چه‌ندین رژێمی دیكه‌ی وه‌كوو یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و عوممان و لیبیاش له له‌رزیندان. خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه له‌به‌ر ئێمه یان وه‌كوو وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ بن لادن خۆپیشاندان ناكه‌ن. ئه‌وان له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه بۆ خۆیان ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، چوونكه ئازادییان ده‌وێت و ده‌یانه‌وێت چاره‌نووسی خۆیان كۆنترۆڵ بكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانیوویانه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌كی به‌هێزی مودێرن بۆ بن لادنیزم دروست بكه‌ن، هه‌ر بۆیه ئه‌لقاعیده ده‌می به‌ستراوه. وه‌ڵامی ئه‌لقاعیده بۆ رووداوه‌كانی ئێستای جیهانی عه‌ره‌بی هاندانی خه‌ڵكه بۆ دروستكردنی خه‌لافه‌ت، به‌ڵام خه‌ڵك هه‌ر له تونسه‌وه تا ده‌گاته یه‌مه‌ن، وه‌ڵامی خۆیان هه‌یه بۆ توندڕه‌ویی ئاینیی و ئه‌و رژێمانه‌ی ماوه‌ی ده‌یان ساڵه رۆژئاوا یارمه‌تیان ده‌دات، بێگوومان ئه‌و وه‌ڵامه پێی ده‌وترێت دیموكراسی.
له‌لای خۆیشیه‌وه “رۆبێرت كاپڵان” له گۆڤاری “فۆرین پۆڵیسی”دا ئه‌م پرسه زیاتر روون ده‌كاته‌وه و ده‌نووسێ: خۆپیشاندانی خه‌ڵك دژ به‌داگیركاریی ئیسرائیل یان دژ به رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا نییه، به‌ڵكو دژ به رێژه‌ی بێكاریی، دیكتاتۆرییه‌ت، گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی ئازادییه، ئه‌مه‌یش گۆڕانێكی مه‌زنه له مێژووی خۆرهه‌ڵاتی نێویندا. بۆیه ناكرێت هیچ به‌راووردێك له نێوان ئه‌م شۆڕشانه و شۆڕشی ساڵی 1979ی ئێران بكرێت، چوونكه ئه‌مه‌ی ئێستا شۆڕشی گروپێكی ئیسلامیی نییه دژی هێزێكی عه‌لمانی، به‌ڵكو ته‌نیا تووڕه‌یی خه‌ڵكه و له‌ناو خۆپیشانده‌راندا كه‌سێكی هاوشێوه‌ی ئایه‌توڵا خومه‌ینی نییه كه رابه‌رایه‌تی ئه‌و راپه‌ڕینه بكات. هه‌روه‌ها ئه‌م راپه‌ڕینانه كاریگه‌ریی گه‌وره‌یان ده‌بێت و به‌هۆیه‌وه سیاسه‌ت له جیهانی عه‌ره‌بیی ئاسایی ده‌بێته‌وه و پێگه‌ی رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ش به‌ره‌و لاوازبوون ده‌ڕوات. چوونكه ئه‌نجامدانی گۆڕانكاریی له وڵاتانی عه‌ره‌بییدا ده‌بێته هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی دروشمه بریقه‌داره‌كانی ئه‌و رێكخراوه چه‌كدارییه.
ئیسلامی سیاسیی كورد گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیو ده‌كات
له كوردستان ماوه‌ی مانگێك زیاتره پرۆسه‌ی خۆپیشاندان له پارێزگای سلێمانی به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌گه‌رچی خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ر سێ ئۆپۆزیسیۆنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه به‌ڕێوه ده‌بڕێت و ئاڕاسته ده‌كرێت، به‌ڵام نه‌بۆته شۆڕش یان راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریی، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك توێژه‌ری به‌ناوبانگ و شاره‌زای وه‌ك ئۆلیڤییه روا پێیانوایه ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی له دونیای عه‌ره‌بیشدا رووده‌ده‌ن ناتوانرێت به شۆڕش ناوببرێن چوونكه نه رابه‌رایه‌تی و رێكخستنی تۆكمه و دیاریان هه‌یه نه حزبێكی سیاسیی دیاریكراو به ره‌سمی ئاڕاسته‌ی ده‌كات، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له دونیای عه‌ره‌بیدا روو ده‌دات به شۆڕش حیساب نه‌كرێت و یان له نێوان دوو كه‌وانه‌دا پێی بوترێت شۆڕش، ئه‌وه بێگوومان مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی كوردستان به شۆڕش ناوزه‌د نه‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش رۆشنایی ده‌خاته سه‌ر هه‌ڵاوێردی كوردستان له‌و تیۆری “پولی دۆمینه”یه‌ی هه‌نووكه له‌سه‌ر رژێمه عه‌ره‌بییه‌كان تاقیده‌كرێته‌وه، كه به‌كه‌وتنی یه‌ك پول كۆی پوله‌كانی تریش به‌شێوه‌یه‌كی جادوویی به‌دویدا ده‌كه‌ون، ئه‌م ئه‌زموونه‌ش نوێ نییه و درێژه‌دانه به ئه‌زموونی كۆماره‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران له ساڵی 1989 كه یه‌ك له دوای یه‌ك وه‌ك پولی دۆمینه داڕوخان به‌سه‌ریه‌كدا.
ئیسلامی سیاسیی له كوردستان ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی سیاسه‌تێكی ئۆپۆرتۆنیستی بووه به درێژایی بوونی ده‌سه‌ڵاتی كوردیی، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ په‌نا ده‌باته به‌ر شه‌قام و جووڵاندنی جه‌ماوه‌ر له دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌گه‌رچی لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ره‌وایی جووڵاندنی شه‌قام نییه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئیسلامییه‌كانی كوردستان وه‌ك هێزێكی تاریكبین و خاوه‌ن گووتارێكی كۆنزه‌رڤاتیڤ گره‌وێكی دۆڕاو ده‌كه‌ن یان با بڵێین گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیو ده‌كه‌ن. چوونكه ئه‌گه‌ر قه‌راره ده‌سه‌ڵات له كوردستان بگۆڕێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له رێی راپه‌ڕین و شۆڕشیشه‌وه بێت، ئیسلامی رادیكاڵی كوردیی هیچ شانسێكی نییه بگاته ده‌سه‌ڵات، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا قووتبوونه‌وه‌ی حكوومه‌تێكی ئیسلامی له په‌نای ئێران‌دا قبوڵ ناكات، له‌وه زیاتریش گۆڕان هێزێكه به ئاسانی قبوڵی نییه، ئیسلامی سیاسیی به‌سه‌ر ره‌نج و ماندوبوونی ئه‌ودا بازبدات و حكوومه‌تی خه‌لافه‌ت دابمه‌زرێنێت، خۆ ئه‌گه‌ریش سیستم له كوردستان نه‌گۆڕا و پرۆسه‌كه بوو به كرده‌ی چاكسازیی سیستم، دیسانه‌وه زیانمه‌ندی سه‌ره‌كیی ئیسلامی سیاسیی ده‌بێت، چوونكه به گه‌شه‌ی دیموكراسیی و به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی تاكه‌كه‌س و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه قورسه‌كانی ئێستا، ئیسلامی رادیكاڵ هێنده بچووك ده‌بێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌مابێت. له حاڵه‌تی سێیه‌مدا ئه‌گه‌ر وه‌زعه‌كه وه‌ك هه‌نووكه بمێنێته‌وه كه ئه‌مه ئه‌گه‌رێكی لاوازه، هه‌مدیسان ئیسلامی سیاسیی ناتوانێت هیچ قازانجێكی ئه‌وتۆ بكات به‌ڵكو ره‌نگه پاشه‌كشه‌ی به‌رچاو خۆیه‌وه ببینێت.
به‌هه‌رحاڵ بارودۆخه‌كه به‌ره‌و هه‌ر وێستگه‌یه‌ك بڕوات، ئیسلامی سیاسیی له كوردستان شانسی له‌مه زیاتر به‌هێزبوونی نییه كه ئێستا تێیدایه، چوونكه بارودۆخی ناوخۆیی كوردستان، هه‌لومه‌رجی نوێی ناوچه‌كه، ده‌وڵه‌تانی زلهێزی جیهان، رێگه به‌وه ناده‌ن ئیسلامی سیاسیی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نیمچه عه‌لمانییه‌ی ئێستا له كوردستان هه‌یه (به‌هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانیشه‌وه) له ناو ببات، ئه‌گه‌ر كارێكی وا رووبدات ئه‌وه ده‌بێت له‌لایه‌ن هێزێكی عه‌لمانییه‌وه ئه‌نجام بدرێت، ئه‌و هێزه‌ش ئه‌مڕۆ بوونی هه‌یه كه گۆڕانه. له‌وه خه‌مناكتریش بۆ ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌یه سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕان به پله‌ی یه‌كه‌م زه‌ڕبه‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌وان، چوونكه پێش له دایكبوونی گۆڕان ته‌نیا ئیسلامییه‌كان ئه‌ڵته‌رناتیڤی ده‌سه‌ڵات بوون، كه‌چی ئێستا گۆڕان تاكه ئه‌ڵته‌رناتیڤه، گۆڕان بێجگه له‌وه‌ی خه‌ونی ئه‌وانی له‌باربرد، زۆر زیره‌كانه‌ش رایكێشاونه‌ته ناو یارییه‌كه‌وه كه سه‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به قازانجی خۆی ته‌واو ده‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ریش كۆتایی یارییه‌كه زیان و دۆڕانیش بێت، هێشتا گۆڕان به‌نرخێكی هه‌رزانتر له ئیسلامییه‌كان لێی دێته ده‌ره‌وه.
Shamzini79@yahoo.com
ستیڤان شه‌مزینانی