Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
چاکسازیى، چەمکە بێ ئالتەرناتیڤەکە

چاکسازیى، چەمکە بێ ئالتەرناتیڤەکە

Closed

ئاشکرایە بارودۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان ئەوەندەى بە ئاراستەى نالەباربوون هەنگاو دەنێت، ئەوەندە بە ئاراستەى باشبوون هەنگاونانێـت، بەو پێیەى کە رۆژ لەدواى رۆژ هەواڵى ناخۆش دەبیستین، هەوالى وەک کوشتن و خوێنڕژانى خەڵک، ناڕەزایی زیاترو کێشمەکێشمى بێ ئەنجام، دەستێوەردان و دانپێدانانى ئاشکراى هەبوونى گەندەڵى لە دامودەزگاکانى حکومەت، بێباکى  و بێمننەتى هەندێک لە بەرپرسان و بێدەنگکردنى خەڵک لە دەربڕینى ناڕەزایی لە هەندێک شوێنى کوردستان، هەروەها تێکئاڵان و نەگونجانى گوتارى راستەقینەى رەخنەو ئەو ئیرادەیەى دەسەڵات کە لە چەندین بۆنەدا جاڕى ئەنجامدانى چاکسازیى راستەقینەى داوە، نەبوونى متمانەى راستەوخۆى نێوان خەڵک و حکومەت، چەندین تەوەرى تر کە لەراستیدا مایەى هەڵوەستە لەسەرکردنن.
هەموو ئەم هۆکارانە کە بوونەتە هۆى هاتنەکایەى گەندەڵیى، راستەوخۆ رۆڵیان هەیە لە هەرەسهێنانى گوتارى نیشتیمانیى کە دواجار ئەو کەسانە بەرپرسیاریەتى مێژوویى هەرەسهێنانەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ کە لەنێو خەڵکدا بە گەندەڵ ناسراون، کاتى ئەوە هاتووە لێرەوە بپرسین لادانى ئەو بەرپرسانەى کە بوونەتە بنێشتە خۆشەى سەرزارى هاوڵاتیان بەهۆى خراپ ئیدارەدانى فەرمانگەکانیان، بە قازانجى کێ تەواو دەبێت؟ هەقوایە حزبە دەسەڵاتدارەکان گەیشتبنە ئەو بڕوایەى کە لادانیان پێش ئەوەى جێبەجێکردنى داواى جەماوەر بێت، لە قازانجى خۆیاندا دەبێت، بەمانایەک لە ماناکان راکێشانى ئەو جەماوەرەیە بۆ خۆیان، بێگومان گەر بە کردار بەرپرسە قسە لەسەرەکان لابدرێن، رەنگە بەم کارە، بەرپرسەکەو خزم وکەسوکارەکانیان لە حزب بتۆرێن، بەڵام بەدڵنیاییەوە گەر حزبێک ئامادەبێت ئەو بەرپرسە قسە لەسەرانە لابدات، بەقەد هەزار ئەوەندەى خزموکەسوکارەکانى بەرپرسى گەندەڵ، جەماوەر بۆلاى خۆى رادەکێشێت، لەبەر ئەوەیە ئێمەو مانان کە نامانەوێ ئەزموونەکە شڵەژاو بێت، بەئەرکى خۆمانى دەزانین داوابکەین کاتى ئەوە هاتووە چاکسازیى لە گۆڕینى ئەو دەموچاوانەوە دەستپێبکرێت کە بوونەتە واجیهەى ناشرینکردنى وڵات، دواتریش دەستبکرێت بە گۆڕینى ئەقلییەتى سیستم و ئیدارەدانى وڵات.
بۆیە لەئێستادا بوارى ئەوە نەماوە کەس خۆى بە شتى لابەلاو بابەتى ترى وەک خوێندنەوەو خراپ نیشاندانى رابردووى یەکترەوە خەریک بکات، بەڵکو وابەپێویست دەزانرێ، دوور لە هەڵگرتنى رق و کینەو ناشیرینکردنى وێنەى یەکترو گاڵتەو گەپ و  هەوڵدان بۆ تێکشکاندنى هەیبەتى ناوچەو شارە جیاجیاکانى کوردستان و پەرەپێدانى نەخۆشیى ناوچەگەرێتیى و شارچێتى بیربکەینەوە، با ئیتر بیرکردنەوە لە چاککردنى بارودۆخەکە  بەیەکەوە خەمى حزب و روناکبیران و هاوڵاتیان بێت،
لەبەر هەموو ئەم هۆکارانەى سەرەوە بەبۆچونى خۆم بارودۆخى هەرێم ناسەقامگیرە، ئەگەرچى زۆر کەس پێیوایە بۆچونەکە راست نییە، بەڵام باوەڕناکەم هیچ بیانویەک بگاتە شوێنى خۆى بۆ پێچەوانەکردنەوەى ئەم بۆچونەى کە تەئکید لە ناسەقامگیریى بارودۆخەکە دەکاتەوە.
لەسەرووى ئەمەشەوە دیارە ئەو کارەى تا ئێستا نەکراوەو پێویستە لەم کاتەدا بکرێت کۆبونەوەى راستەوخۆى بێ شەرتو شروتى سەرکردەکانى هەرێمى کوردستانە، کە رەنگە تا راددەیەکى باش بە هەنگاوێکى ئیجابى لەقەڵەمبدرێت، بۆیە هەق وایە هەمووان بەبێ جیاوازى ئینتیماو بیروڕاى سیاسیى، بپرسین، بۆچى ئەوان تا ئێستا کۆنەبوونەتەوە؟ لەکاتێکدا لە خوارەوە خەریکە روبەڕووبونەوەى گەورەو ناشیاو دێتەکایەوە.
ئەگەر بویسترێت ناڕەزایەتییەکان نەکرێن بەموڵکى لایەنێکى دیاریکراو، پێویستدەکات بە راستى هەنگاو بۆ چاککردنى دۆخەکە بنرێت هەروەها شەرم نەکرێت لە تێهەڵدان و دواتریش دادگاییکردنى قسەلەسەرەکان، هاوکات لە هەموو ئەوانەش بپرسرێتەوە کە لەپەناى بەڕێوەبردنى فەرمانگەکانیانەوە دەوڵەمەند بوون و  بوونەتە خاوەنى چەندین زەوى و موڵک و ئۆتۆمبێڵ و خانووى جۆراوجۆر، لەنێویاندا هەیانە بەناوى جیاجیا تۆماریان کردووە.
بۆیە لێرەوە دەتوانین رایبگەیەنین، هەنگاونان بۆ چاکسازیى بووە بە پێداویستییەکى حەتمیى، هاوکات خودى چاکسازیى بوو بە بەو چەمکەى هیچ ئالتەرناتیڤێکى ترى نەبێت، ئەگەر ئەم کارەش جێبەجێ ناکرێ جاڕدان و پڕوپاگەندەکردن بۆ ئەنجامدانى ریفۆرم و چاکسازیى لەشوێنى خۆیدا هیچ مانایەک نادات بەدەستەوە.

جەمال پیرە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.