Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024

راهێنان له‌سه‌رته‌لی ستاتیكا …. بورهان ئه‌حمه‌د

Closed
by April 1, 2011 ئەدەب

رووناكی
ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی خۆی
له‌یادكرد
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا
ئه‌وه‌ی سوودمه‌نده‌
شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه‌
×          ×            ×
سێبه‌روو رۆشنایی
به‌رانبه‌ر یه‌كیان گرتووه‌
سه‌رئه‌نجام
په‌پووله‌ باجه‌كه‌ی ده‌داته‌وه‌
×            ×          ×
شیله‌ی گوڵ
ئه‌وه‌نده‌ زۆر بووه‌
هه‌نگ له‌ حه‌ژمه‌تدا
تاڵی كۆده‌كاته‌وه‌
×         ×          ×
شه‌ڕوو پێكدادان
كه‌وتۆته‌ نێوان
هه‌تاو  و  باخچه‌وه‌
له‌م نێوه‌نده‌دا
نێرگز زه‌ره‌رمه‌نده‌
زیان به‌ر گوڵاڵه‌ ده‌كه‌وێ‌
×         ×         ×
باخچه‌شیان فێره‌ فێڵ كرد
ئێستاكه‌ ره‌فه‌كانی گوڵ
خاڵێن له‌ شووشه‌
شووشه‌كان به‌تاڵن له‌بۆن
فه‌ریكه‌ درۆی
عه‌ترمان پێ‌ ده‌فرۆشن
×          ×       ×
بۆنی یار
به‌ته‌له‌ نه‌بینراوه‌كانی هه‌ستدا تێپه‌ری
كانییه‌ك له‌ژووره‌كه‌مدا ته‌قییه‌وه‌
پڕبووله‌ماسی ره‌نگاوره‌نگ
نیگایه‌كی ئه‌و
گه‌ڕایه‌وه‌ شاشه‌ی رووانینم
هه‌زاره‌ها جۆری باڵنده‌
هاتنه‌وه‌ به‌رپه‌نجه‌ره‌ ته‌نیاكه‌م
×           ×           ×
زیزكردنی زه‌وی+ناشتنی نۆتا=كۆچی باڵنده‌كان
سه‌رنه‌دان له‌ده‌ریا+دڵشكاندنی ئه‌ستێره‌=سه‌فه‌ری هه‌ور
ره‌نجاندنی مانگ+هه‌ڵنه‌گرتنی نازی تریفه‌=تووڕه‌یی باران
په‌ستبوونی باران+ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆگیانیپاكی هه‌نگ=(23)سه‌عات و(59)ده‌قیقه‌خه‌وبۆئێوه‌
1+12+4+30+365+24+60=مه‌زادخانه‌ی نیشتمان
×        ×            ×
فیتنه‌یی كه‌وتۆته‌ نێوان
هه‌ڵاڵه‌و گوڵه‌وه‌
له‌م نێوه‌نده‌دا
ره‌نجی هه‌نگ به‌باده‌چێ‌
×         ×        ×
بولبول
سه‌فه‌رهه‌وه‌سی بزواند
كه‌بینی قه‌ڵه‌ڕه‌ش
له‌جۆلانه‌ی په‌ڕه‌سێلكه‌دا
بێچووه‌كانی راده‌ژه‌ند
×         ×          ×
ئاوێنه‌
پۆشاكی ره‌شی پۆشی
كه‌زانی ئێمه‌
درۆی سپیمان
له‌به‌ركردووه‌
×        ×          ×
كونده‌په‌پوو
راهێنان له‌سه‌ر
ته‌ناف وته‌لی
ستاتیكا ده‌كا
×        ×         ×
هاوسه‌ره‌كه‌م كچی بوو
من ده‌چمه‌ باخچه‌ی گشتی شار
له‌وێدا
جێگا بۆ نه‌مامێكی تر
ده‌دۆزمه‌وه‌
قه‌ره‌نفڵێكی دی
ده‌نێژم
×            ×             ×
دراوسێكه‌مان
كوڕی بوو
ده‌وڵه‌ت له‌جبه‌خانه‌كه‌یدا
ده‌بێت جێگا
بۆتفه‌نگێكی تربكاته‌وه‌
×         ×           ×
له‌گه‌ڵ گسكدان عه‌شقمان ماڵی
وه‌ك ده‌رپێ‌
جوانیمان له‌سه‌رشۆسته‌كان
ریزكرد
وه‌ك ستیان
ئه‌ڤینمان
له‌دۆڵابه‌كاندا شارده‌وه‌
×         ×         ×
شه‌وبۆ
شه‌ونخوونی زۆری كێشا
مانگ بێدار
به‌دیار تریفه‌ی
ئازاره‌كانی شه‌وه‌وه‌ دانیشت
ئه‌ستێره‌ له‌توینێتی دره‌خت ڕاما
مێخه‌ك بووه‌ ئێشكگر
خه‌می قه‌ره‌نفڵی گه‌یانده‌  ده‌ریا
هه‌نگ ره‌نجی دا
په‌پووله‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ی رێكخست
مێرووله‌ له‌ ریزدا وه‌ستا
په‌ره‌سێلكه‌ مه‌راسیمه‌كه‌ی رازه‌نده‌وه‌
دڕك پاداشته‌كه‌ی وه‌رگرت

بورهان ئه‌حمه‌د
burhanahamad57@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.