هه‌ولێر جیگایه‌ک پڕ له توڕه‌یی، جیگایه‌ک پڕ له پۆلیس و ترس
سه‌رباری نووسینی چه‌ندین بابه‌ت سه‌باره‌ت به‌و دۆخه نه‌خوازراوه‌ی کوردستان له سه‌رکوتکردنی ئازادی ڕاده‌ربڕین به‌تایبه‌ت له‌سنووری هه‌ولێر و ئه‌و ناوچانه‌ی که له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی پارتیدان، پێناچێت ده‌سته‌ڵات ئاماده‌ی گوێگرتن و چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌کان بێت. له کوردستان ده‌سته‌ڵات نه‌ک ئاماده نییه وه‌فاداربێت بۆ لێدوان و به‌ڵێنه‌کانی خۆی، به‌ڵکو هه‌لومه‌رجێکی درووستکردووه که تێیدا تووڕه‌بوونه‌کانی خه‌ڵکی شاره‌کان ڕۆژ دوای ڕۆژ له په‌ره‌سه‌ندندایه. ئه‌فسووس دوای ئه‌و قوربانییه زۆره‌ی خه‌ڵکی کوردستان بۆ رزگار بوون له ترس و تۆقاندن که له‌لایه‌ن رژێمه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی عێراقه‌وه دژ به‌خه‌ڵکی کوردستان کرا، ئێستا باوکان و دایکان ترس و دڵه‌ڕاوکێی ئه‌وه‌یانه که رۆڵه‌کانیان نه‌که‌ونه به‌ر په‌لاماری هێزه تایبه‌ت و پۆلیسی حزبه‌کانی ده‌سته‌ڵاتدار له هه‌رێمدا. ئه‌گه‌ر روویه‌کی شاره‌کانی هه‌رێمی کوردستان گه‌شه‌ی ئابووری و پاراستنێتی له ته‌قینه‌وه ، ئه‌وه دیوه‌که‌ی تری گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و بنیاتنانی جۆرێکه له‌ده‌سته‌ڵات که‌له‌رێگه‌ی ترس و تۆقاندنه‌وه کۆمه‌ڵگای کوردستانی له هه‌لومه‌رجێکی نه‌خوازراودا گیرساندوهتهوه. ئێمه ده‌کرێت زۆر نموونه سه‌باره‌ت به سه‌رکوتکردنی ئازادی راده‌ربڕین و چاوسوورکردنه‌وه‌ی هیزه‌کانی ده‌سته‌ڵات له هه‌ولێردا باس بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌م چه‌ند په‌ره‌گرافه‌ی خواره‌وه واقیعی ئێستای شاری هه‌ولێره که له‌زاری هه‌ندێک له هاوڵاتییانی ئه‌و شاره‌وه گوزارشتی لێده‌که‌ن.
کاتێک سواری تاکسییه‌که بووین به‌ره‌و ناو بازاڕی هه‌ولێر، وه‌ک ئاخاوتنێکی ئاسایی نێوان دوو که‌س، له شوفێره‌که‌م پرسی: چۆنی برا؟ کاکی شۆفیر زۆر به بێزارییه‌وه وه‌ڵامی دامه‌وه‌و پێی ووتم: “به‌خودای چ باش نیمه.” به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی من بێت لێی بپرسم بۆ، له‌گه‌ڵ قایمترکردنی ده‌ستی راستی له‌سه‌ر سووکانی تاکسییه‌که‌ی، په‌نجه که‌ڵه‌ی ده‌ستی چه‌پی پیشاندام و دیار بوو مۆری پێ‌کردبوو. کاکی شۆفێر که‌وته قسه‌کردن و ووتی: “لۆ ئه‌و په‌نجه مۆره‌ی، ئه‌وڕۆ لهدایئیرهی لۆ چوار سه‌عاتان ئه‌و قسم و ئه‌و قسمیان پێکردیمه، توخوا ئه‌وه حاره؟ توخوا ئه‌وه ئیهانه نییه به ئه‌مه‌ی ده‌که‌ن؟” منیش لێم پرسی، باشه بۆ خه‌ڵکی ئه‌وه قبووڵ ده‌که‌ن؟ ووتی ” ئه‌وجه چ ده‌که‌ی مامۆستا، خه‌رک ماروێرانه مامۆستا، ئه‌توو له‌وانه‌یه برێی خه‌رک ترومبێلی نوێ داژواتن و بڕه‌ک هه‌ولێر گۆڕایه، بهرام خه‌رکیش گه‌له‌ک بێزارن”. پێم ووت ئه‌ی باشه بۆ ئه‌م گله‌ییانه ئاراسته‌ی ده‌سته‌ڵاتداران ناکه‌ن؟ وه‌ڵامی دامه‌وه و ووتی: ” وه‌ڵاهی برێم چ، خه‌رکه‌که ده‌ترسێ ده‌ترسێ” به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی قسه‌یه‌کی زیاتر بێت له ئێمه‌وه، درێژه‌ی به گله‌یه‌کانی دا‌و ووتی: “مامۆستا به‌خودای به هۆردوو چاوی خۆم دیتم، کابرایه‌ک به ‘هی خۆیان ده‌چوو’، له‌پێش چاوی ئه‌و عاله‌مه‌ی خۆی له‌دوڕ ژۆری موهزهفهکانی ناو به دوو دهقان حه‌موو معامه‌له‌که‌ی لۆ خلاس کرا، ئه‌وه ئه‌توو ده‌رێی چ.” بۆ دریژه‌دان به گفتوگۆکه‌مان پرسیارم لێکرد سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ری ڕێگه‌دان به‌خه‌ڵکی هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م گله‌ییانه‌ی ناو تاکسهیهکه به‌ئاشکرا له‌ڕێگه‌ی خۆپیشاندان یان مانگرتنه‌وه رووبه‌ڕووی به‌رپرسانی هه‌رێم بکرێنه‌وه؟ کاکی شوفێر هه‌ڵوێسته‌یه‌کی کرد و له رووخساریدا ئه‌وه‌ی پیشاندا که وه‌ک بڵێ هه‌ڵه‌یه‌کی کردبێت، بۆیه که‌وته هه‌وڵدانی گۆڕینی باسه‌که. به‌ڵام من زۆر تامه‌زرۆی بیستنی گله‌یه‌کانی بووم و هه‌وڵم دا زیاتر بیدوێنم. رووی ده‌مم کرده ئه‌و و پێم ووت، باشه خه‌ڵک تاکو که‌ی ئه‌مه قبووڵ ده‌کات؟ دڵه راوکێ و ترسێک له رووخساری شۆفێری تاکسیه‌که‌دا به‌دی ده‌کرا، به‌ڵام بۆ گۆڕینی باسه‌که، دووباره که‌وته‌وه قسه‌کردن و ووتی “مامۆستا ئه‌من کاسبی مارێ خۆمم چ عهقم به‌و شتانه‌وه نییه.” ناره‌حه‌تییه‌کی زۆر به رووخساری شۆفێری تاکسییه‌که‌وه به‌دی ده‌کرا، وه‌ک بڵێی ئاره‌زووی بوو قسه‌و گله‌ییه‌کانی دڵی خۆی بۆ که‌سێک باس بکات، به‌ڵام دیار بوو ترس به‌ربه‌ستێکی گه‌وره بوو له‌ناخیدا. دوای ماوه‌یه‌ک له بێده‌نگی، خۆی پێڕانه‌گیرا و دووباره لێی پرسیم: “مامۆستا ده‌رێی لێروکانه ناژیت؟” منیش وه‌ڵامم دایه‌وه‌و ووتم: به‌ڵێ من لێره ناژیم، به‌ڵام خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌م و گشت که‌سوکاره‌که‌م لێره ده‌ژین، وه‌ئه‌گه‌ر له‌شوێنێکی تریش بژیم، ئه‌بێت جار جاره سه‌ردانی کوردستان بکه‌م. کاکی شۆفێر دڵنیا بوو له‌وه‌ی که قسه‌وباسه‌کانی له‌گه‌ڵ مندا تووشی هیچ گرفتێکی ناکات، بۆیه به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی زیاتر بێت، گه‌ڕایه‌وه سه‌ر گله‌ییه‌کانی و ووتی: “مامۆستا ئێروکانه جوودایه، به‌خودای هه‌ر ماره‌ک دوو ئاسایشیان لۆ دانایه، ئه‌وه ئه‌توو چ ده‌رێی. دیمۆکراتی چ به‌خودای هیچ شته‌ک له‌گه‌ر ئه‌مانه‌ی فایده‌ی نییه، وه‌کی زه‌مانی جارانی لێ هاتییه، هه‌ر خودا چاکی بکاتن مامۆستا. لۆخۆمان کاسبیه‌که‌ی ده‌که‌ین، ئه‌من پێم خۆشه وه‌زعه‌که‌ی چا بیت و ئه‌و دزانه‌مان لهکۆر ببیته‌وه، بهرام به‌خودای له هه‌ولێر لێناگه‌ڕێن خه‌رک قسان بکات.” ئه‌مه دوا وته‌ی کاکی شۆفێر بوو. ته‌کسیه‌که گه‌یشته ناو بازاڕی هه‌ولێر، ئێمه‌ش له جاده‌ی باته دابه‌زین.
زۆربوونی ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌سه‌ر شۆسته‌که‌دا هامووشۆیان ده‌کرد دیارده‌یه‌کی سه‌رنج راکێش بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیمه‌نی ئه‌م خه‌ڵکه‌ی ناشیرین کردبوو ئه‌و ژماره زۆره‌ی پۆلیسه‌کان بوو که به‌کۆمه‌ڵ وه‌ستابوون و له عهشاماتهکهیان ده‌نۆڕی. ئێمه زۆر سه‌یرمان به جۆری ته‌ماشاکردنی پۆلیسه‌کان ده‌هات. پێده‌چوو پۆلیسه‌کان له‌چاوه‌ڕوانی روودانی رووداوێکدا بن، به‌ڵام بێجگه له هامووشۆکردنی ئاسایی خه‌ڵکه‌که هیچ جوڵه‌یه‌کی تری نائاسایی ترمان به‌دی نه‌ده‌کرد. کاتێک له‌سه‌ر شۆسته‌که‌ی شه‌قامی باته‌دا ئێمه‌ش تێکه‌ڵی كاروانی ئه‌و خه‌ڵکه زۆره بووین، ئیتر هه‌ر ده هه‌نگاوێک پۆلیسه‌کان وه‌ستابوون. دیمه‌نی پۆلیسه‌کانی هه‌ولێر زۆر ناڕێک و نا پرۆفیشناڵبوون. هه‌ندێکیان به کۆمه‌ڵ و هه‌ندێکیان دوو دوو وه‌ستابوون. ئه‌وان له گشت که‌سێکیان ده‌نۆڕی، به‌ڵام لهتێڕوانینهکانیاندا هیچ پێکه‌نین، یاخوود بزه‌یه‌ک به رووخساریانه‌وه به‌دی نه‌ده‌کرا. ئه‌م دیارده‌یه زۆر ترسناک بوو، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک وه‌ک بڵێیت پۆلیسه‌کان له ئه‌ستێره‌یه‌کی تره‌وه هاتبێتنه هه‌ولێر و کاریان به‌ته‌نیا درووست‌کردنی ئه‌و که‌شه پڕ له‌ترسه بێت. له‌م دیارده‌یه‌ش نادیار تر ئه‌وه‌بوو که ئه‌سته‌مه مرۆڤ بزانێت له‌روودانی هه‌ر جووڵه‌یه‌کدا که به‌دڵی ئه‌وان نه‌بێت ئه‌م که‌سه چه‌ک به‌ده‌ستانه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا ده‌که‌ن. دوای بینینی ئه‌و ژماره زۆره‌ی پیاوه‌کانی ده‌سته‌ڵات به‌باشی له نیگه‌رانی و ترسه‌کانی شۆڤێری تاکسیه‌که حاڵی بووین. ئه‌و دیمه‌نه ئه‌وه‌ی پیشانداین که کاکی شۆفێر وه‌ک زۆربه‌ی هاوڵاتییانی تری کوردستان سه‌رباری زۆری گله‌یی و گازه‌نده‌کانی له ده‌سته‌ڵاتداران، زۆری ژماره‌ی پۆلیسه‌کان و ترسی ئه‌و له خوێنڕشتن بێجگه له سنووری ناو ته‌کسیه‌که‌ی جیگه‌یه‌کی تری نه‌هێشتبووه‌وه بۆ ده‌ربڕینی ئازاره‌کانی.
دوای گه‌ڕانێکی زۆر به‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی هه‌ولێردا و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی که کۆمه‌ڵێ یادگاری خۆشیان وه‌بیر هێناینه‌وه، رێگه‌مان که‌وته ده‌رمان خانه‌یه‌ک. له‌و چه‌ند ده‌قه‌یه‌ی که ئێمه له‌ده‌رمانخانه‌که بووین چه‌ند که‌سێک بۆ کڕینی دا‌و ده‌رمان سه‌ردانی ئه‌و شوێنهیانکرد، به‌ڵام که‌سه‌کان به‌بێ هیچ ڕاسپارده‌یه‌کی دکتۆر به‌ئاره‌زووی خۆیان داوای ده‌رمانێکیان ده‌کرد و کاکی سهیدهلانیش به‌بێ هیچ دوو دڵیه‌ک ده‌رمانه‌که‌ی ده‌خسته نێو ده‌ستیان. ئه‌و دیارده‌یه زۆر نیگه‌رانی کردین، بۆیه له کاکی سهیدهلانیم پرسی بۆچی کارێکی وا ده‌کات. ئه‌و وه‌ڵامی دامه‌وه‌و ووتی: “ئه‌من ده‌زانم ره‌نگه به‌هۆی خراپ به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌رمانانه‌وه خه‌ڵکانێک گیان له‌ده‌ست بده‌ن، به‌ران ئه‌گه‌ر ئه‌منیش نه‌یده‌مێ ئه‌وانی دی ده‌یده‌نێ.” ووتم باشه بۆ ده‌سته‌ڵات رێگه به‌مه ده‌دات؟ له رووخساری کاکی سهیدهلانیدا بزه‌یه‌کی تهوساویم به‌دیکرد، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و دیمه‌نه‌ی ده‌موچاوی، که‌وته ده‌ست راوه‌شاندن و وتی: “چما ئه‌وانه له‌به‌ر دزی و فزی ئاگایان له عاله‌مێ مایه برا.” دیار بوو کاکی سهیدهلانیش به ئه‌ندازه‌ی شۆفێری ته‌کسیه‌که کۆڵی گله‌یی له ناخیدا ئازاری ده‌دان، بۆیه فرۆشتنی ده‌رمان به‌و شێوه خراپه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ گه‌نده‌ڵ بوون و خراپی مۆدێلی ده‌سته‌ڵات له کوردستاندا. سهیدهلانییهکه درێژه‌ی به قسه‌کانی دا‌و وتی ” لۆ چما که‌س ده‌وێرێ قسانبکات، به‌خودای خه‌ریکه وه‌کی بهعسیانیان لێدێت. ئه‌وه ئه‌تو ده‌رێی چی؟ ئه‌وه‌ی قسان بکات ده‌یگرن، ئه‌وڕۆ خه‌رکی گه‌له‌ک بێزارن، هه‌ر خودا لۆ خۆی چای کات.” لیکچوونێکی زۆر له نێوان قسه‌کانی شۆفێری تاکسییه‌که و کاکی سهیدهلانیدا به‌دیده‌کرا، پێم خۆش بوو زیاتر بڵێت، به‌ڵام ئه‌و که‌وته ئاخاوتن له گه‌ڵ که‌سێکی تردا که داوای ده‌رمانی ده‌کرد، ئیتر ئێمه‌ش ده‌رمانخانه‌که‌مان به‌جێهێشت.
دیتنی کاکی شۆفێری تاکسی و زۆری ژماره‌ی پۆلیسه‌کان و کاکی فرۆشیاری ده‌رمان له شه‌قامی دکتۆره‌کان، ئێمه‌ی نه‌ک به‌ته‌نیا بێتاقهتکرد، به‌ڵکو کۆمه‌ڵی پرسیاری ترسناکیشی له‌لا درووستکردین. ئیتر که‌وتینه قسه‌کردن و له‌نێو خۆمانداو پرسیمان، دوای ئه‌و ماوه دوور‌و درێژه‌ی ئه‌زموونی ده‌سته‌ڵاتدارێتی کوردی، بۆ ده‌بیت خه‌ڵکی بترسن له‌ده‌سته‌ڵات؟ بۆمان زۆر پرسیار بوو ئه‌م ده‌سته‌ڵاته له کوردستان به چاوسوورکردنه‌وه و گرتن و راونانی خه‌ڵکانی ناڕازی ده‌یه‌وێت کۆمه‌ڵگای کوردستان به کوێ بگه‌یه‌نێت؟ بۆمان پرسیار بوو که ئایه ئه‌م ده‌سته‌ڵاته به زیادکردنی ژماره‌ی پۆلیس و ئاسایش و چه‌کداره تایبه‌ته‌کانی حزب، ده‌توانێت تاکو که‌ی به‌ر به توڕه‌بوون و ناڕه‌زاییه‌تیه‌کانی کاکی شۆفێر و کاکی سهیدهلانی و ئه‌و خه‌ڵکه زۆره ناڕازییه‌ی شاره‌کانی کوردستان بگرێت؟ له گشت ئه‌مانه‌ش گرنگتر، ئایا له‌ڕیگه‌ی سه‌رکوتکردن و چاوسوورکردنه‌وه له‌خه‌ڵکی، ئه‌بێت ده‌سته‌ڵاتدارانی هه‌رێم چ جۆره کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌رهه‌م بهێنن؟
کاوه حه‌سه‌ن
kja21@sfu.ca
کۆتایی ئازاری 2011
هه‌ولێر