
ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی له په‌یامی چاکسازی مه‌سعود بارزانیدا شوێنیان نه‌بوو
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز ئاماژه‌ی به کۆمه‌ڵێ پێشێلکاری کرد و به‌ڵێنی داوه چاره‌یان بکات، به‌لام ئاماژه به گه‌لێ پێشێلکاری گرنگ ناکرێت که ئه‌و خۆی، پارت و ده‌سه‌لاته‌که‌ی ئه‌و، هه‌روه‌ها تاله‌بانی و پارت و ده‌سه‌لاته‌که‌ی سه‌ر به‌و به‌رپرسیاری سه‌رکین لێی. واپێده‌چێ ئه‌و و هاوکارانی ئه‌و پێیان وایه ئه‌وه‌ی چوو چوو و تاوانه‌کانی رابردووی ئه‌وان ئیتر بوونه میژوو، خه‌ڵکیش لهبیریانی کردووه. به‌ڵام پیشێلکاریه‌کانی رابردوو وه‌کو پیشێلکاریه‌کانی ئێستا ده‌چنه‌خانه‌ی تاوان و له‌سه‌ریان ماڵه. ئه‌و پێشیلکاریانه‌ی که ئه‌و ناویان ناهێنێ یا ئه‌و به‌کێشه و بهتاوانیان نازانێ لیستیان درێژه، پێشێلکاری و تاوانی له‌وانه گه‌وره‌ترن که ئه‌و ناوی هێنان. لێره‌دا کۆمه‌ڵی له‌و پیشێلکاریانه ده‌خه‌ینه‌ڕوو که ئه‌و ناوی نه‌هێنان و له فه‌رهه‌نگی ئه‌ودا به پێشێلکاری و تاوان داناندرێن:
– په‌یوه‌ندی و رێککه‌وتنی نهێنی له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران له ماوه‌ی 50 ساڵی رابردوودا و تا ئێستا
– راکێشانی هێزه‌کانی وڵاتانی داگیرکه‌ر بۆ کوردستان له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی سه‌رۆک و پارت
– کوشتن و شوێنبزرکردنی هه‌زاران مرۆڤی کورد له شه‌ڕی ناوخۆدا له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه
– پارچه‌کردنی باشوری کوردستان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان و پارته‌کانیان
– دروستکردنی دوو ناوچه‌ی خاوه‌ن دوو که‌لتوری جیاواز
– فه‌رمانره‌وایی حکومه‌ت و نابووتکردنی حکومه‌تی پارتگه‌را له‌لایه‌ن پارته‌وه
– قۆرغکردنی گۆڕه‌پانی رامیاری کوردستان و دانانی گه‌ماڕۆ بۆسه‌ر پارته بچوکه لاوازه‌کان یا قه‌ده‌غه‌کردنیان
– لێدان و گه‌ماڕۆ بۆسه‌ر ئه‌و رێکخراو و پارتانه‌ی مه‌ترسی دروستکردنی ئهلتهرناتیڤیان له‌باردایه
– ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی داهاتی نه‌ته‌وه و دابڕینی بودجه‌ی گه‌ل بۆ خۆیان
– فرۆشتنی نه‌وتی ژیرزهوی کوردستان له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، له‌ڕیگه‌ی ده‌زگای سه‌ر به‌خۆیان و وه‌زیری سه‌رچاوه سروشتیه‌کانه‌وه. کاریگه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی تورکه‌کان له‌سه‌ر نه‌وت و کۆنتراکته‌کاندا.
– داگیرکردن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ناوچه‌ی تایبه‌ت له‌لایه‌ن سه‌رۆک و بنه‌ماڵه و پارت وه‌کو سهریرهش بۆنمونه.
– ده‌وله‌مه‌ندبوونی کتوپر و بێنسنوری سه‌رۆک و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆک به پاره‌ی گه‌ل
– دروستکردنی هێزی تایبه‌تی سه‌ر به سه‌رۆک و پارتی ده‌سه‌لاتدار له‌ژێر ناوی جیاجیادا و ناوزه‌دکردنیان وه‌کو هێزی نیشتیمانی و بڕینه‌وه‌ی بودجه بۆیان
– بوونی ده‌زگای هه‌واڵگری و سیخوری سه‌ر به پارت وه‌کو زانیاری و پاراستن ناوزه‌دکردنیان وه‌کو ده‌زگای نیشتیمانی وه بڕینه‌وه‌ی بودجه بۆیان
– تاوانکاریه‌کانی هه‌ردوو ده‌زگای زانیاری و پاراستن له‌ژێر ناوی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لدا
– به پارتکردنی هێزه‌چه‌کداره‌کانی وه‌کو ئاسایش و پێشمه‌رگه
– سه‌پاندنی به‌های تایبه‌تی پارت به‌سه‌ر خه‌ڵکدا
– زیندانیکردن، ئازاردان و کوشتنی خه‌ڵک له‌رێگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ناره‌وای نهێنی پارت
– تاوانکاریه‌کانی به‌رپرسان و چه‌کداره‌کانی سه‌ر به‌خۆیان دژی خه‌ڵکی بێده‌سه‌ڵات
– په‌نادان و پاراستنی بکوژان و تاوانکارانی سه‌ر به خۆیان وه سه‌پاندنی چاره‌سه‌ری خێڵه‌کیانه به به‌رتیل
– دهستبهسهرگرتن و دابه‌شکردنی زه‌وی به‌سه‌ر خه‌ڵکی سه‌ر به خۆیان
– به‌کارهێنانی رێکخستنه‌کانیان وه‌ک ده‌زگای سیخوری به‌سه‌ر کۆمه‌لگه‌وه
– هه‌ره‌شه‌کردن، فراندن، زیندانیکردن، تیرۆرکردنی ره‌خنه‌گران
– بوونی زیندانی تایبه‌ت به خۆیان
– قۆرغکردنی بازرگانی و کۆنتراکته‌کان له لایه‌ن بنه‌ماڵه و پارتی ده‌سه‌لاتداره‌وه
– ساخته‌کاری له کۆنتراکت و پرۆژه‌کان و دزینی پاره‌یه‌کی زۆر له‌م ڕێگه‌یه‌وه
– ده‌ست به‌سه‌راگرتنی زانستگه‌کان له لایه‌ن پارتی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه
– گه‌ماڕۆ و گوشارخستنه‌سه‌ر خه‌لك بۆ حزبیبوون له رێگه‌ی جیاجیاوه
– قۆرغکردنی دامه‌زراندنی خه‌ڵک له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه
– دامه‌زراندن و پێکهێنانی میدیا و راگه‌یاندنی پارت به بودجه‌ی گه‌ل
– بڕینه‌وه‌ی بودجه بۆ ده‌زگا و پرۆژه حیزبیه‌کان
– بڕینه‌وه‌ی موچه بۆ ئه‌ندامانی سه‌ر به پارتی ده‌سه‌لاتدار له ژێر ناوی جیاجیادا
– به‌خشینه‌وه‌ی پله و پایه‌ی سه‌ربازی به‌سه‌ر هه‌وادارانیاندا
– به‌رزکردنه‌وه‌ی خێڵ و هه‌وادارانی سه‌رۆک و ئه‌ندامانی پارته‌که‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵکی دیکه له هه‌موو بواره‌کاندا
– به‌خشینه‌وه‌ی زه‌وی، خانوو، پاره و شتی دیکه له‌لایه‌ن سه‌رۆک، نزیکه‌کانی سه‌رۆک و به‌رپرسه پله‌به‌رزه‌کانی پارت.
– دامه‌زراندنی سه‌دان هه‌زار که‌س و بڕینه‌وه‌ی موچه‌ی خۆڕایی (به‌رتیل) بۆیان له شوێنی جیاجیادا
– برینه‌وه‌ی موچه‌ی خۆڕایی له‌ژێر ناوی جۆراوجۆر وه‌کو به‌رتیل بۆ رازیکردن و که‌مۆکردنی خه‌ڵک له‌لایه‌ن پارتی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه
– به‌هێزکردنی دیارده‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و بڕینه‌وه‌ی موچه بۆ ئاغا و کێخوکان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی پارت
– داڕشتنی کانون به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پارت و سه‌رۆک
– کهنترۆڵکردن و ده‌ستتێکه‌ڵاوکردن له دادگاکاندا
– په‌راوێزکردنی قوربانیانی گه‌لکوژی و پشتگوێخستنی داواکانیان
– جوداکاری له نێوان قوربانیانی گه‌لکوژی
– جوداکاری له نێوان گیانگهشانی (شه‌هید) خه‌باتی رزگاری
– په‌راوێزکردنی ئه‌و گیانگهشانهی که سه‌ر به پارتی ده‌سه‌لاتدار نین
– به‌تورککردن و به‌عه‌ره‌بکردن له بواری جیاجیادا
– به‌کارهێنانی مزگه‌وت و مه‌لاکانی سه‌ر به خۆیان و بڕینه‌وه‌ی موچه و به‌رتیل بۆیان
– بره‌ودان به کۆنه‌په‌رستی و نه‌ریته کۆنه‌پارێزه‌کان
– رێگه‌گرتن له ره‌وتی مۆدێرن و سیکولاری ره‌خنه‌گرانه
– هتد.
ئه‌وانه و خالێ دیکه‌ش هه‌ن که ئاماژه‌یان بۆ بکرێت که له‌ماوه‌ی 20 ساڵی فه‌رمانره‌وایی ئه‌واندا روویان داوه و رووده‌ده‌ن، ئه‌و پیشێلکاریانه ده‌کرێ وه‌کو به‌رتیل، له‌خشته‌بردن، ناچارکردن، گه‌نده‌ڵی، جوداکاری، په‌راوێزکردن، پاوانکاری، داستبه‌سه‌راگرتن، تاوانکاری و ناپاکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی دابندرێن.
بۆیه گوتنهکانهی مه‌سعود بارزانی که خۆدزینه‌وه‌ن له فاکت و راستیه‌کان، گوتنی زۆر و ره‌خنه‌ی تووند هه‌لده‌گرن. ئه‌و جۆره گوتنانه‌ی مه‌سعود بارزانی شتێکی نوێ نین، ئه‌و هه‌میشه خۆی، بنه‌ماڵه‌که‌ی و پارته‌که‌ی له کێشه‌کان ده‌باته ده‌ر و وه‌کو فریشته سه‌یری خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی ده‌کات، وه کۆمه‌لێ وشه‌ی جوان و رازاوه به که‌موکوڕی و کرچوکاڵیهوه ههلدهرێژێت و کۆمه‌لێ به‌لێن ده‌دات. ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی ئه‌و ناویان ده‌هێنێ و دانیان پێده‌نێ یا خۆیان لێ گێل ده‌کات و دانیان پێنانێ هه‌میشه هه‌بووین، به‌ڵام ئه‌و و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له‌جیاتی چاره‌سه‌ر و به‌خۆداچوونه‌وه، لایان وانه‌بووه که پێشێلکاریان کردبێ، به‌خه‌باتی خۆیاندا ههلگوتووه و ده‌ستکه‌وتیان به‌خه‌ڵک فرۆشتووه. ئه‌وان هه‌میشه له‌سه‌ر ره‌وتی خۆیان به‌رده‌وام بووین، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو ناووناتۆره‌یان بۆ ره‌خنه‌گران دۆزیوه‌ته‌وه، هه‌ڕه‌شه‌یان لێکردوون، راویان ناون، لێیان داون، ده‌ریان پهراندوون، زیندانیان کردوون، سزایان لێیان سه‌ندووه یا تیرۆریان کردوون.
ئه‌و ده‌سه‌لاته پارتگهرایهی بارزانی و تاڵه‌بانی سه‌رتاپای پیشێلکارییه، به‌ڵام تائێستا له‌ماوه‌ی 20 فهرمانرهواییاندا ته‌نها یه‌ک که‌سی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی بارزانی یا تاڵه‌بانی به سێ پشت دوور لێیان له‌سه‌ر پێشێلکاری نه‌درایه دادگا. تائێستا له‌و 20 ساڵه‌ی که ئه‌و و تاله‌بانی قۆرغی باشوری کوردستانیان کردووه و له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شیان کردووه، ته‌نها یه‌ک به‌رپرسی سه‌رووی سه‌ر به پارته‌کانیان بۆ یه‌کجاریش له‌سه‌ر گه‌نده‌لی یا تاوانکاری نه‌درایه دادگا. ته‌نها یه‌ک وه‌زیری سه‌ر به خۆیان له‌سه‌ر پێشێلکاریه‌کان بۆ یه‌کجاریش نه‌درایه دادگا. ئیستا دوای 20 ساڵ له پێشێلکاری و تاوان، سه‌رۆکی پێشێلکار هاتووه و ده‌لێ خۆم سه‌رپه‌رشتی چاکسازیه‌کان ده‌که‌م!؟
شاخه‌وان شۆڕش
28ی مارسی 2011