Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
ئەوەی لە شەقامدایە هێزێكی جەماوەری بەئیرادە‌و پشت بەخۆبەستووە

ئەوەی لە شەقامدایە هێزێكی جەماوەری بەئیرادە‌و پشت بەخۆبەستووە

Closed
by April 7, 2011 گشتی

 

دەبێت هەر لە سەرەتاوە ئەو بۆچوونە بەتاڵ بكەینەوە كە كۆی ئەوەی لە شەقام دا هەیە، بە دەركەوتنێكی هێزی ئۆپۆزیسۆن دادەنێت. ئەم جۆرە تێڕوانینە تەنیا لەلایەن دەسەڵاتەوە نییە، بەڵكو خودی ئۆپۆزیسیۆنیش كەوتۆتە ئەو هەڵەیە كە نەتوانێت بوونی سەربەخۆ بۆ شەقام دابنێت‌و هەرچییەك هەیە وەك دیوی دەرەوەی خۆی سەیری بكات.
بەڵام لە نێوان  ئۆپۆزیسیۆن‌و شەقام دا چەندان رایەڵەی پەیوەندی هەیە، ئەمە بە جۆرێكە، كە وایكردووە هەردوو ئەم دووانە لە ئەجێنداكانی خۆیاندا پشت بە یەكتر ببەستن.
تێكەڵاوبوونی ئەجندای هێزە سیاسییەكان، تەنانەت هێزە سیاسییەكان لەلایەكەوە‌و هێزی شەقام كە گوزارشتێك لە رای گشتی، لەلایەكی ترەوە دەكات، نەك مەسەلەیەكی ئاساییە، بەڵكو لە زۆر كاتدا دەركەوتنێكی رووە سروشتییەكەی سیاسەتە.
باشییەك كە ئەم تێكەڵاوبوونە بە دوای خۆیدا دەیهێنێت، بەرزبوونەوەی هوشیارییە لە گشت ئاستەكاندا، چونكە هەرچۆنێك بێت هەستی هەستكردن بە بوونی ئەوانی تر لە پەنا دەستادا، دەتوانێت جۆرێك لە دڵنیایی‌و كامڵبوونت ببەخشێت.
بەڵام لایەنە خراپەكەی ئەمە مەسەلەیە ئەوەیە كە شەقام هەمیشە وەك كیانێكی سیاسی رێكخراو نییە‌و ناتوانێت بەهەمان توانای هێزە سیاسییە رێكخراوەكان بەشداری لە سیناریۆ‌و یارییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان بكات، یان زۆری دەوێت تا دەكەوێت.
هەرچۆنێك بێت، ئەمڕۆ لەشەقام دا هێزێكی جەماوەری بە ئیرادە‌و بە هێز هەیە، كە لە دروستكردنی روداوەكاندا خۆی بە خاوەن پشكی سەرەكی دەزانێت‌و ناچار نییە شوكرانە بژێری هیچ هێزێكی سیاسی تر بێت. ئەم هێزە ریشاڵەكانی بەناو كۆی كۆمەڵگای كوردی دا رۆچووە، دەكرێت سەرێكی لەناو خوێندكارانی زانكۆ گەنجان بێت‌و سەرەكەی تریشی لەناو پاشماوەی ئەنفال‌و لەناو یادگارییەكانی هەڵەبجە بێت، دەكرێت بەشێكی تا ئێستا ئەندامی هیچ حزبێك نەبووبێت‌و بەشەكەی تریشی شوناسی گۆڕان‌و یەكگرتوو، كۆمۆنیست‌و یەكێتی‌و حزبەكانی تری لە گیرفاندا بێت.
لەراستیشدا، 17/2 توانیویەتی لە دروستكردنی رۆحیەتی ئەم نەوە نوێیەی شەقام دەبات بەڕێوە رۆڵێكی گەورەی هەبێت. ئێستا رۆحیەتێكی بەرزی هەست بە بوون‌و هەست بە رۆڵ لەناو بەشێكی زۆری كۆمەڵگای ئێمەدا بوونی هەیە‌و رێگا نادات هەروا بە ئاسانی بكرێتە دەرەوەی رۆڵە سەرەكییەكانەوە.
لە 17/2 تا ئەمڕۆ، رێگایەك بڕاوە‌و، كە هێشتا نەگەیشتۆتە 2 مانگێك، بەڵام ئەگەر ئەم ماوەیە بە زەمەنی رووداوەكان‌و ئاڵوگۆڕەكان بپێوین، دەتوانین بڵێین زەمەنێكی زۆر تێپەڕبووە‌و لەناو چركەكانی ئەو زەمەنەیشدا، گەلێك كامڵبوون‌و پێگەین هاتۆتە دی‌و جۆرێك هوشیاری بەوەی كە دەكرێت خۆت هێزی چالاك بیت، دروست بووە.
مرۆڤ لەپرۆسەی كارو بەریەك كەوتن هوشیاری زیاتر بەدەست دەهێنێت، هوشیارییەك كە ئەم ماوەیە لەناو شەقام دا بەدەستهاتووە، گەیشتۆتە ئاستێك كە دەتوانرێت زۆر تێز‌و رێگای نەوەی پێش 17/2 تێبپەڕێنێت. بەڕاستی ئەوە جیهانی دوای ئەو بەروارە بوو، كە پێی وتین مەرج نییە ئاڵوگۆڕ‌و گۆڕانكارییەكان تەنیا لەناو هۆڵەكانی پەرلەمان‌و لە كۆبوونەوەی ناو هۆڵە سارد‌و فێنكەكانەوە بێت. لەو بەروارە بەدواوە چەمكەكان سەرلەنوێ‌ پێناسەكرانەوەو وشەكان بەشێوەیەكی تر ریزكراونەتەوە.
ئێستا شەقامی ئێمە، بەدەست پانتاییەك لە هاوار‌و بەشداری‌و ئومێدی كەسانێكی بە ئیرادە‌و خاوەن قوربانییەوەیە.
هەر وەك چۆن دەسەڵات هەڵە دەكات، ئەگەر هێزی سەر شەقام نەبینێت‌و هەر تەنیا سەرنجی لەسەر توڕە بوونەكەی بێت، ئەوا لە هەمانكاتیشدا ئەو ئۆپۆزیسیۆنە پەرلەمانییەی كە بوونی ئەم هێزە لە دەرەوەی خۆی نابینێت، بەهەمان شێوە‌و تایپ دەكەوێتە هەڵەوە. هەردوو جۆری هەڵەكە لەوەدا كۆ دەبێتەوە كە سیاسەتكردن، شەڕ‌و رێكەوتن‌و دانانی ئەجێندا لە خەڵكی سەر شەقام بەدوور بگرن، یان نادیدەی بگرن، یان بیخەنە لاوە‌و لە جۆری ئەوانە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.