Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
نیو- ملیۆن به‌ریتانی داوای ئه‌ڵته‌رناتیڤی سیاسیان کرد.

نیو- ملیۆن به‌ریتانی داوای ئه‌ڵته‌رناتیڤی سیاسیان کرد.

Closed
by April 7, 2011 گشتی

 

شه‌ممه‌ی ڕابردوو‌ 26.03.2011 زیاتر له‌ نیو –  ملیۆن به‌ڕیتانی هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی له‌نده‌نی پایته‌خت و له‌ ڕێپێوانێکی سه‌رتاسه‌ریدا له‌ به‌یانییه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو شه‌و ، ناڕه‌زایه‌تی خۆیان به‌رامبه‌ر حکومه‌تی به‌ریتانیا ده‌ربڕی  و داوای گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتیان کرد. به‌شێکی خۆپیشاندانه‌که‌ به‌ توندوتیژی و پێکدادان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئاسایش و پۆلیس کۆتایی هات. به‌پێی زانیاریه‌کانی پۆلیسی شاره‌وانی له‌نده‌ن، 149خۆپیشانده‌ر ده‌ستگیرکراون و 138  یان واته‌ 94% یان سزا دراون و “گه‌ڕان بۆ ده‌ستگیرکردنی تاوانباران له‌ به‌رده‌وامیدایه‌‌.”
(مارش بۆ ئه‌ڵته‌رناتیڤ) که‌ ناوی ڕێپێوانه‌که‌ بوو ، له‌لایه‌ن کۆنگره‌ی سه‌ندیکاکان و ڕێکخراوه‌ چه‌په‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانی ئه‌و وڵاته‌وه‌  ڕێکخرا بوو ، ته‌واوی سه‌ندیکاکانی خوێندکاران و پیشه‌وه‌ران و فه‌رمانبه‌ران و کرێکارانی له‌ خۆ گرتبوو. ئه‌م خۆپێشاندانه‌ به‌ گه‌وره‌ترین خۆپیشاندانی سیساسی ئه‌ژمار ده‌کرێت له‌ دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا، که‌ ‌ ته‌واوی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی به‌ڕیتانی تیایدا داوای گۆڕانکاری حوکمڕانییان کرد له‌ سیسته‌می سیاسی وڵاته‌که‌یاندا .
خۆپیشاندانه‌کان له ناوچه‌ی وێمبلی پارک و‌ یاریگای به‌ناوبانگی وێـــمبلییه‌وه‌ ده‌ستیان پێکرد و به‌ ناو شه‌قامه‌کانی شاردا رێره‌وی گرت. له‌ کاتژمیر 11ی به‌یانییه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو به‌یانی یه‌کشه‌ممه‌ ، جموجۆڵی شڵه‌ژاوی ئاسایی شاری له‌نده‌یان وه‌ستاند. به‌ مۆزیک و هه‌ڵپه‌رکێ و وتافه‌کانیان، خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و سه‌نته‌ری شاری له‌نده‌ن و گه‌وره‌ترین پارکی پایته‌خت (هاید پارک) گردبوونه‌وه‌ و  له‌ پشتی  ئاڵای سه‌ندیکاکانیانه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تی خۆیان ده‌رده‌بڕی و گوێێان بۆ لێدوانی ووته‌بێژانی سه‌ندیکا و پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان گرت، که‌ پێکهاتبوون له‌ نوێنه‌رانی پارتی کار و پارتی کۆمۆنیست و پارته‌ سۆسیالیسته‌ و سه‌وزه‌کانی تری ئه‌و وڵاته‌.
.
موره‌ین ژۆنسۆن ، که‌ چالاکوانی سیاسییه‌ له‌ باکوری ئینگلته‌ره‌ و یه‌کێکه‌ له‌ به‌رپرسانی رێکخستنی مارشه‌که‌ له‌ ناوچه‌ی یۆرکشه‌ر، راگه‌یاند که‌کاردانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی بڕینی بودجه‌ له‌ سه‌ر ژیانی خۆی و خێزانه‌که‌ی وای کردووه‌ ” به‌رپه‌رچی پلانه‌کانی حکومه‌ت بداته‌وه‌”. به‌  گریانه‌وه‌ ووتی :” پلانه‌کانی حکومه‌ت ماڵی منیان وێران کردووه‌. کوڕێک و کچێکم هه‌یه‌ و هه‌ردوکیان بڕیاریان داوه‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌جێبهێڵن، چونکه‌ کار نه‌ماوه‌ ، خۆشم به‌م زوانه‌ بێکار ده‌بم.” موره‌ین له‌گه‌ڵ جێبه‌جێکردنی بڕینی بودجه‌ی شاره‌وانی شاری لیدس له‌ باکوری به‌ڕیتانیا، له‌ داهاتویه‌کی زۆر نزیکدا ، وه‌ک سه‌دان هه‌زار فه‌رمانبه‌ری تر، له‌ پیشه‌که‌ی لا ده‌برێت.
ئه‌م ڕێپێوانه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌‌ به‌رهه‌می چه‌ند زنجیره‌ چالاکیه‌کانی فه‌رمانبه‌ران و کرێکاران و خوێندکارانه‌ که‌ ساڵی ڕابردوو له‌ چه‌ندین خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتی و داگیرکاری زانکۆکاندا, به‌رپه‌رچی پلانه‌کانی حکومه‌تییان دایه‌وه‌ له‌ هه‌مبه‌ر بڕینی بودجه‌ی که‌رته‌ گشتییه‌کان  وه‌ک خزمه‌تگوزارییکانی که‌رته‌کانی په‌روه‌رده‌ ، ‌ ته‌ندروستی، پیشه‌سازی و په‌یوه‌ندییه‌کان، که کۆنگره‌ی سه‌ندیکاکنی به‌ڕیتانیا پێشبینی ده‌کات ده‌ره‌نجام” زیاتر له‌ 2 ملیۆن له‌ فه‌رمانبه‌ران و کرێکارانی ئه‌و که‌رتانه‌ بێکاربن.” 
 سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ڕیتانیا ، ده‌یڤد کامیرۆن، به‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌که‌ی  راگه‌یاند، که‌ “هه‌مووان له‌م قه‌یرانه‌ ئابووریه‌داین پێکه‌وه‌ و پێویسته‌ کاربکه‌ین بۆ ده‌رچون لێی” هه‌ر له‌ لێدوانه‌که‌شیدا ڕاشکاوانه‌ ئاماژه‌ی دا که‌  بڕینی بودجه‌ و کار و فراوانکردنی که‌رته‌ تایبه‌تیه‌کانی بازاڕ ” پێویستییه‌کی مێژووییه.‌”
ئاندرو واڵکه‌ر، که‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی و کچه‌ ته‌مه‌ن چوارده‌-ساڵانه‌که‌یدا له‌ پشتی ئاڵای سه‌ندیکای مامۆستیانه‌وه‌ ڕێپێوانیان ده‌کرد، ووتی ئه‌و که‌سێکی سیاسی نییه‌و ئه‌وه‌‌ داهاتووی منداڵه‌که‌یتی وای کردووه‌ ته‌واوی خێزانه‌که‌ی ڕێپیوان بکه‌ن. ” ئێمه‌به‌ساڵاچوین، به‌ڵام ئه‌م حکومه‌ته‌ ڕێگا نادات کچه‌که‌مان هه‌مان په‌روه‌رده‌ی هه‌بێت که‌ ئێمه‌ هه‌مان بووه‌، به‌ ڕاستی ناتوانین خه‌رجی په‌یامانگه‌ و زانکۆی کچه‌که‌م دابین بکه‌م به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ حکومه‌ت سیسته‌می په‌روه‌رده‌ ده‌گۆرێت.”
 کۆتای ساڵی ڕابردوو په‌رله‌مان به‌ زۆرینه‌ی 21 ده‌نگ، کرێی خوێندنی زانکۆکانی کرده‌ 9.000 پاوه‌ند له‌ ساڵێکداو یارمه‌تی دارایشی بۆ خوێندکارانی په‌یمانگاکان به‌ ته‌واوه‌تی بڕی. ئارۆن پۆته‌ر، سکرتێری گشتی یه‌کێتی خوێندکارانی به‌ریتانیا له‌ لێدوانه‌که‌یدا بۆ خۆپیشانده‌ران ووتی:” به‌ناو چاکسازییه‌کانی حکومه‌ت گه‌وره‌ترین به‌ربه‌سته‌ له‌ به‌رده‌م خوێندنی ئه‌و خوێندکارانهی‌ له‌ خێزانه‌ هه‌ژاره‌کانن، له‌ کاتێکدا بێکاریش ڕوو له‌ زیادبونێکی بێپێشینه‌دایه‌‌، داهاتوویه‌کی تاریک چاوه‌ڕوانی نه‌وه‌ی نوێ ده‌کات ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام به‌ره‌نگاری حکومه‌ت نه‌بینه‌وه‌.”
ڕێپێوانه‌که‌ سه‌راپا که‌شوهه‌وایه‌کی ئارام و ئاسایش و ئاشتیخوازانه‌ی هه‌بوو، وه‌لێ له‌ ناوچه‌ی( ئۆکسفۆرد سێرکس) ، گروپی خوێندکاران و لاوه‌ ئانه‌رشیسته‌کان که‌وتنه‌ پێکدادانی ده‌سته‌ و یه‌خه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی پۆلیسی شاری له‌نده‌ن. ئانه‌رشیسته‌کان په‌لاماری بنکه‌ بازرگانییه‌ تایبه‌تیه‌کان و بینا سه‌ره‌کیه‌کانی هه‌ر سێ بانکه‌ گه‌وره‌که‌ی به‌ریتانیایاندا. به‌ بۆمبی ده‌ستکرد و گازی فرمێسک رێژ و ته‌قینه‌وه‌ی ده‌ستکرد که‌ خرابونه‌ ناو ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌وه‌، پاشه‌کشیان به‌ هیزه‌کانی پۆلیس ده‌کرد. له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی هه‌ر بۆمبێکی ده‌ستکرد یان شکاندنی په‌نجه‌ره‌ و باره‌گای بنکه‌ بازرگانییه‌کان، توندوتیژی له‌ نێوان هه‌ردوولا بڵێسه‌ی ده‌سه‌ند و پێکدادانه‌کان هه‌تا ده‌هات توندتر ده‌بوونه‌. توندوتیژی و ئاگرکردنه‌وه‌  وته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌ ده‌ستکرده‌کان که‌ چه‌ندین پۆلیسی بریندار کرد هه‌تاوه‌کو نیوه‌ شه‌و به‌رده‌وام بوون و به‌ره‌به‌یانی رۆژی یه‌کشه‌ممه هێور بوونه‌وه‌.‌. جێگای ئاماژه‌یه‌ پێکدادانه‌کان‌ زه‌ره‌ری 80.000 پاوه‌ندی به‌ریتانیان له‌ بنکه‌ بازرگانییه‌کان داوه‌.
زۆربه‌ی لێکۆڵه‌ره‌وه‌ و چاودێرانی سیاسی و ئه‌ندامانی ئۆپۆزسیۆن و ئه‌وانه‌ی بڕینی بودجه‌ کاریگه‌ری راستوخۆ ده‌کاته‌ سه‌ر ژیانیان، ئه‌م ئه‌جێنده‌یه‌ی حکومه‌ته‌ هاوپه‌یمه‌نیه‌که‌ی پارتی لیبراڵ- دیموکراته‌کان و پارتی پارێزگارانی به‌ڕیتانیا به‌ “هێرشی ئایدۆلۆژی ده‌سه‌ڵات” بۆ سه‌ر خه‌ڵکی  به‌ریتانیا له‌ پێناو ڕزگارکردنی بانکه‌کان له‌ داڕوخانی یه‌کجاری ئه‌ژمار ده‌که‌ن‌.
ئاندی سمیت، که‌ پاڵێوراوه ‌‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی داهاتووی شاره‌وانی ناوچه‌ی هۆرسفۆرت له‌ سه‌ر لیستی یه‌کیتی سۆسیالیست و سه‌ندیکاکن و نووسه‌ری رۆژنامه‌ی گاردیه‌نی به‌ڕیتانیایه‌، ووتی: “ئه‌ڵته‌رناتیڤ هه‌یه‌، به‌ڵام حکومه‌ت خۆی لێ گێل ده‌کات، ئه‌گینا بۆچی ده‌توانین بچینه‌ لیبیا به‌ڵام ناتوانین بودجه‌ی خوێندنی باڵاو په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی دابین بکه‌ین؟ ئه‌وه‌ حکومه‌ته‌ که‌ نایه‌وێت بانکه‌کان خۆماڵی بکرێنه‌وه‌، چونکه‌ به‌رپرسه‌کانی پارتی پارێزگاران و لیبڕاڵه‌کان شه‌ریکه‌ به‌شی ئه‌وانن و بنکه‌ بازرگانییه‌ تایبه‌تیه‌کان به‌ سیاسه‌تی ئه‌وان ئاراسته‌ ده‌کرێن.”
ئاندی پێێ وایه‌ که‌ حکومه‌ت هێرشێکی ناڕه‌وا ده‌کاته‌ سه‌ر هه‌ژارانی به‌ریتانیا چونکه‌ حکومه‌ت ده‌یه‌وێت ” ‌قازانج له‌ هه‌ژاری و نه‌داری خه‌ڵکدا په‌یدا بکه‌ن ، قازانج ته‌نها ئامانجی ئه‌وانه‌ هه‌ر بۆ قازانجیش ده‌ستیان خستۆته‌ بینه‌قاقای خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌وه‌.”
له‌ دوای داڕوخانی بانکه‌کان و ‌سه‌ره‌ولێژبوونه‌وه‌ی ئابووری جیهانی به‌هۆی ئه‌و داڕوخانه‌وه‌،  دوو هێڵی سیاسی له‌ ئه‌وروپا و به‌ تایبه‌تی له‌ به‌ڕیتانیا پیشنیاره‌ ئابووریه‌کانی خۆیان خسته‌ به‌رده‌م خه‌ڵکی بۆ ڕزگاربوون له‌و قه‌یرانه‌. باڵی ڕاست، پارتی لیبراڵ- دیموکراته‌کان و پارتی پارێزگاران، که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوو حکومه‌تی هاوپه‌یمانیان درووستکرد، پلانی سه‌پاندنی بڕینی بودجه‌ی گشتی و ‌ زیاتر تایبه‌تی کردنی بازاڕ و هه‌وڵدان بۆ ڕزگارکردنی بانکه‌کانی خسته‌ ئه‌جێندای سیاسی حکومه‌ته‌که‌یانه‌وه‌‌ . له‌ به‌رامبه‌ردا، پارتی کاری ئۆپۆزسیۆن و رێکخراوه‌ چه‌په‌ سۆسیالیست و شۆڕشگێره‌کانی ناو هه‌مان پارت،  پێشنیاری خۆماڵی کردنی بانکه‌کان و به‌ گشتیکردنی ته‌واوی ئابووری وڵاتییان کرد.
کاردانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حکومه‌تی به‌ڕیتانی بۆ رزگاری بانکه‌کان‌ ئه‌و بزووتنه وه‌‌ ئوپۆزسیۆنه‌ جه‌ماره‌ییه‌ فراوانه‌ی ئه‌مڕۆی لێ درووست بووه،‌ که‌  ململانێی ده‌سه‌ڵات و بڕیاره‌کانی ده‌کات و دوای چه‌ند ساڵ بێده‌نگی سیاسی له‌م وڵاته‌، ئێستا جه‌ماوه‌رێک هه‌یه‌ که‌ پیشنیاری ئه‌ڵته‌رناتیڤ ده‌که‌ن بۆ ئه‌و حکومه‌ته‌ی که‌ خۆیان به‌ ڕێژه‌ی زۆرینه‌ پێشتر ده‌نگیان پێدابوو.

•    ئه‌م ڕاپۆرته‌ هه‌واڵه‌ له‌ ژماره‌ 156ی هه‌فته‌نامه‌ی (رووداو)دا بڵاو بۆته‌وه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.