
بۆ مام جه‌لال …. فریاد هیرانی
گومان له‌وه‌دا نیه كه هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه له دۆخێكی قه‌یراناویدایه، ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ پێویستی به هه‌نگاوی جدی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رچه‌رخانێك بێنینه به‌رهه‌م، ئه‌م وه‌رچه‌رخانه ببێته مایه‌ی خۆ نوێكردنه‌وه و به جێ نه‌مان له شه‌مه‌نده‌رفه‌ری گۆڕانكارییه خێراكان، ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه زۆر به خێرایی چه‌ند وڵاتێكی خۆرهه‌ڵاتی ته‌نیوه‌ته‌وه و وا كۆمه‌ڵێ وڵاتی تریش له نێو جه‌رگه‌ی پڕۆسه‌ی گۆڕانكارییه‌كه‌دان، به دڵنیاییه‌وه هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێكیشی له‌م وڵاتانه نه‌چێت كه گۆڕانكاریان به‌سه‌ر داهات یان خه‌ریكه گۆڕانكاریان به‌سه‌ر دێ، به‌ڵام ئه‌كرێت بایی ئه‌وه‌نده‌ی كه له یه‌ك ئه‌چین و ده‌ردی هاوبه‌شمان هه‌یه ئێمه‌ش قۆڵی لێهه‌ڵماڵین و ده‌ست بكه‌ین به گۆڕانكاری.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئه‌مه‌وێ عه‌رزی جه‌نابتان بكه‌م و بیخه‌مه‌ڕوو له رێگه‌ی ئه‌م ووتاره‌دا زیاتر پێداگرتنه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌رێمه‌كه‌مان بۆته‌وه، كه هێشتا به روونی و به ته‌واوه‌تی مه‌ترسیه‌كان دیار نین، به‌ڵام مه‌ترسی جدی هه‌یه و جار جاره به سه‌ره‌تاتكێیه‌ك خۆمان نیشان ده‌دا!!
نزیكه‌ی 45 رۆژ زیاتره له شاری سلێمانی و هه‌ندێ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه ئه‌و ناوچانه هه‌موویان له ژێر ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه‌ی دیموكراسیه‌تی یه‌كێتیدان، ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان به‌رده‌وامه و به داخه‌وه جار جاره لێره و له‌وێ رووداوی نه‌خوازراو و توند و تیژی روویداوه و كۆمه‌ڵێ گه‌نجی تازه پێگه‌یشتووی خێرله‌خۆنه‌دیو بوونه‌ته قوربانی، ئه‌و داواكاریانه‌ی كه داوا ده‌كرێن زۆربه‌ی داواكاریه‌كان داواكاری خه‌ڵكن، ته‌نیا چه‌ند داواكارییه‌كی (ته‌عجیزی و توند و به ئیستیفزاز)هه‌یه، ئه‌وه نه داواكاری خه‌ڵكه، نه په‌یوه‌ندی به‌و شه‌پۆلًَی گۆڕانكاریانه‌وه هه‌یه كه ناوچه‌كه و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرتۆته‌وه ! بۆیه پێم وایه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ئه‌كرێت ئه‌گه‌ر داواكاریه‌كان به گشتی به داواكاری لایه‌نه سیاسیه‌كان له قه‌ڵه‌م بدرێ و به‌و نه‌فه‌سه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت.
یه‌كێتی له مێژووی خۆیدا چه‌ندین جار رووبه‌رووی كاره‌ساتی وا بۆته‌وه كه گه‌یشتۆته‌وه سه‌ر خاڵی سفر، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵقوڵاوی ناو خه‌ڵك بووه به كاتێكی زۆر دیاریكراو و كه‌م به هێزتر هاتۆته‌وه مه‌یدان، ئه‌وه لاوازی یه‌كێتی نیه، كه له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا خه‌ڵك ده‌رژێنه سه‌رشه‌قامه‌كان و خۆپیشاندان ئه‌كه‌ن، ئه‌وه شانازییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ یه‌كێتی كه پڕۆسه‌ی دیموكراسی به كرده‌وه له ژێر سێبه‌ری ئه‌ودا پیاده ده‌كرێت و خه‌ڵك ناڕه‌زایی هه‌یه و داواكاری هه‌یه، به‌ڵام له په‌نای ئه‌م داواكاری و ناڕه‌زایه‌تیه هه‌ق و ره‌وایه‌دا، له چه‌ندین لایه‌نه‌وه مه‌رامی خراپ و مه‌ترسییه جدیه‌كه هه‌یه!! كه نه‌ك هه‌ر مه‌ترسییه بۆ سه‌ر یه‌كێتی به‌ڵكو مه‌ترسییه بۆ سه‌ر هه‌موو هه‌رێمی كوردستان، كه ئه‌یانه‌وی (ئه‌ده‌بی ئێمه، ئه‌ده‌بی دیموكراسیخوازانه‌مان ئیستیغلال بكه‌ن) بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو پردێك به‌سه‌ریدا بپه‌ڕنه‌وه و كوردستان‌مان بۆ بكه‌نه ئه‌فغانستانێكی سه‌رده‌می تاڵیبان!! له‌به‌ر ئه‌وه باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه داواكاریه‌كانی خه‌ڵك به كرده‌وه جێ به‌جێ بكرێت، ئه‌ویش رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و جیاكردنه‌وه‌ی حزب و حكومه‌ت و گێڕانه‌وه‌ی ماڵی گشتی و چاكسازییه له زۆر لایه‌نی تر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپه‌یمانه و به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه و چاكسازیكردن، به‌ڵام پێویسته یه‌كێتی خۆیشی به ته‌نیا به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت بۆ چاكسازی و ده‌سپێشخه‌ری به كرده‌وه‌ی هه‌بێت له‌م بواره‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه بگرێت هه‌ندێ لایه‌نی ده‌ره‌كی یان ناوخۆیی ئیستیغلالی داوا ره‌واكانی خه‌ڵك بكه‌ن (كه خۆیان مه‌به‌ستیان جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كانی خه‌ڵك نیه) یه‌كێتی ئه‌توانێ ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی خۆیدایه بیكا و له خۆیه‌وه ده‌ست پێ بكا و به كرده‌وه ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه جێ به‌جێ بكات:
1- به هۆی هه‌ر بار و زوروفێكی رابردوو بووبێت، كۆمه‌ڵێك بینا و موڵكی گشتی لای یه‌كێتی یه پێویسته یه‌كێتی ده‌ستیان له‌سه‌ر هه‌ڵگرێت و ته‌سلیمی حكومه‌تیان بكاته‌وه له‌وانه‌ش باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی، كه موڵكی حكومه‌ته و پێشتر موڵكی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی بووه.
2- هه‌رچی وه‌زیر و وه‌كیل وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مانی خانه‌نشینكراوی یه‌كێتی هه‌یه، كه به مووچه‌ی زۆر و زه‌وه‌ند خانه‌نشینكراون، پێویسته ئه‌م پله به‌رزانه‌یان له خانه‌نشین لێوه‌ربگیرێته‌وه و به شه‌هاده و خزمه‌تی خۆیان خانه‌نشین بكرێنه‌وه. له داهاتووشدا پێویسته یه‌كێتی هه‌موو شێوه‌یه‌كی (مه‌رجی حزبی بوون و مه‌حسوبیه‌ت ) له دانانی كه‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو له حكومه‌ت ره‌تبكاته‌وه و له ئێستاشدا هیچ ده‌خاله‌تێكی نه‌بێت بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌ی دكتۆر به‌رهه‌م.
3- ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه موڵكی یه‌كێتین ئه‌گه‌ر موڵك و زه‌ویان پێش ئێستا به‌بێ كڕین له حكومه‌ت وه‌رگرتووه هه‌مووی ته‌سلیم به حكومه‌ت بكه‌نه‌وه و به پاره و سه‌رمایه‌ی خۆیان سه‌رمایه‌گوزاری و بازرگانی بۆ یه‌كێتی بكه‌ن و، به‌و هۆیه‌ش كه كۆمپانیای یه‌كێتین خۆیان به‌سه‌ر بازاڕ و بازرگانی و وه‌به‌رهێنان نه‌سه‌پێنن و وه‌ك باقی كۆمپانیا و بازرگانان كاری خۆیان بكه‌ن و داهات بۆ یه‌كێتی په‌یدا بكه‌ن. پێویسته ئه‌م كۆمپانیایانه هه‌لی كار بۆ كادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتی بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ببنه مرۆڤی به‌رهه‌مهێن هه‌م بژێوی ژیانیان دابین بكرێت و چیتریش حزبی بوون به مووچه نه‌بێت.
4- هیچ فه‌رق و جیاوازییه‌ك نه‌هێڵدرێت له نێوان وارس و كه‌سوكاری شه‌هیدان و زاراوه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده (له مووچه و ئیمتیازات) نه‌مێنێ و هه‌موو شه‌هیدان یه‌كسانن و یه‌ك پله‌ی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یان هه‌یه ئه‌ویش شه‌هیدبوونه. ئه‌وه‌ی گیانی خۆی بكاته قوربانی بۆ گه‌له‌كه‌ی ئه‌وه سه‌ركرده‌یه، بۆ جێ به‌جێكردنی ئه‌مه‌ش پێویسته كه‌سوكاری شه‌هیدانی سه‌نگه‌ر قه‌ره‌بووبكرێنه‌وه كه له مووچه و ئیمتیازات پێش ئێستا حسابی شه‌هیدانی سه‌ركرده‌یان بۆ نه‌كراوه
5- ئه‌م هه‌موو باره‌گا زۆر و زه‌وه‌نده‌ی حزبی نه‌مێنێت و ته‌نیا له پارێزگا و قه‌زاكان یه‌ك باره‌گای حزبی هه‌بێت و له ناحیه و گونده‌كانیش باره‌گای حزبی پێویست نیه. ئه‌م هه‌موو خه‌رجیانه‌شی كه له‌م باره‌گا زۆرانه پێش ئێستا خه‌رجكراون له‌مه‌ودوا بخرێته سندوقێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌ندام و كه‌سانی موسته‌هه‌قی یه‌كێتی كه ئاستی ژیانیان نزمه و پێداویستیه سه‌ره‌كی و بنچینه‌یه‌كانیان نیه.
6- پێویسته یه‌كێتی له بواری راگه‌یاندنه‌وه ته‌نیا یه‌ك هه‌فته‌نامه‌ی چاپكراو و یه‌ك كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانی هه‌بێت بۆ چالاكیه‌كانی خۆی و رووماڵكردنی چالاكی سیاسی و په‌یامه‌كانی خۆی، سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانیتری بداته ده‌ستی دۆست و لایه‌نگره غه‌یره حزبیه‌كانی خۆی و ئازادانه كار بكه‌ن و خۆشیان ئیداره‌ی خۆیان بكه‌ن.
7- هه‌ر به‌رپرسێكی یه‌كێتی له داموده‌زگاكانی حكومه‌ت تۆمه‌تباره به گه‌نده‌ڵی، لیپرسینه‌وه‌ی حزبی له‌گه‌ڵ بكرێ و ئه‌گه‌ر له‌سه‌ری ساغ بۆوه سزای حزبی بدرێت، ئینجا راده‌ستی دادگاش بكرێته‌وه. ..هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌ندام و كادیرێكی یه‌كێتی ئه‌گه‌ر گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت ده‌ستپێشخه‌ربووه له توند و تیژی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به هه‌مان شێوه سزای حزبی بدرێت و راده‌ستی دادگاش بكرێته‌وه.
جێ به‌جێكردنی ئه‌م داواكاریانه هه‌م داواكاری زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌ندام و كادیر و دۆست و لایه‌نگرانی یه‌كێتیه، كه جێبه‌جێكردنیان ئه‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی به جۆش و خرۆشێكی نوێ گه‌شه‌ی زیاتر به یه‌كێتیه‌كه‌یان بده‌ن، هه‌م هاوكاری كردن و ئاسانبوونی جێبه جێكردنی ئه‌و به‌رنامه هاوبه‌ش و گشتییه‌ی حكومه‌ت و یه‌كێتی و برایانی پارتی دیموكراتی كوردستانه كه له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كوردستان به‌رنامه‌تان بۆ داڕشتووه و پلانتان بۆی داناوه، ئه‌م حه‌وت خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ش به‌شێكه له به‌رنامه گشتی و سه‌رتاسه‌ریه‌كه. یه‌كێتی له رابردوودا به‌رده‌وام داهێنه‌ر و پێشه‌نگ بووه و له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه نوێیه‌كان ئاوێته بووه، با له‌م بارودۆخه‌ی ئێستاشدا ده‌ستپێشخه‌ر و داهێنه‌ر و پێشه‌نگ بێت.