گه‌ڕانه‌وه‌ی پیاوێك له مردن
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ چیرۆكی (هاوشێوه‌كانی سه‌لیم جه‌وده‌ت)ی (مه‌حمود نه‌جمه‌دین)
مردن هه‌میشه له تێكستی ئه‌ده‌بیدا ئاماده‌یی هه‌بووه، ئه‌و ئاماده‌ییه زۆرجار راسته‌وخۆ ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی له داستانی (گلگامێش)دا بوونی هه‌یه. له زۆر تێكستدا مردن به شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆ كاریگه‌ریی خۆی جێ هێشتووه، وه‌كو ئه‌وه‌ی له رۆمانی (له ئاوێنه‌یه‌دا، له نێهنییهكدا)ی (یۆستاین گارده‌ر)دا دیاره، به‌وه‌ی كاره‌كته‌رێكی فریشته جیاوازیی نێوان ژیانی خۆیان و مرۆڤه‌كان بۆ كچه گه‌نجێكی نه‌خۆش ده‌گێڕێته‌وه، له‌وێوه ئه‌و پرسیاره دێته ئاراوه، ئاخۆ مردن ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه جیاوازیی نێوان فریشته (Angel) و مرۆڤ نه‌مێنێت.؟ یان روونتر ئه‌م كاردانه‌وه‌یه له به‌رهه‌مه‌كانی (شێكسپێر)دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له شانۆگه‌ریی (هاملێت)دا به‌رجه‌سته بووه.
له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییشدا شیكاری یه‌كجار زۆر بۆ ئه‌م ره‌نگدانه‌وه‌یه كراوه. به بڕوای من ئه‌و خاڵه به هۆی جیاوازیی بیركردنه‌وه‌مان له مردن‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه. (Esther Lombardi)ی ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بیی ئینگلیزی، پێی وایه ئاماده‌بوونی مردن له ناو ئه‌ده‌بدا، به قه‌د شیكارییه‌كانی فه‌له‌سه‌فه و ئایین وایه بۆ ئه‌م پرسه ئاڵۆزه. (Spotlight: About Death in Literature)
له چیرۆكی (هاوشێوه‌كانی سه‌لیم جه‌وده‌ت)ی (مه‌حمود نه‌جمه‌دین) مردن هه‌م به شێوه‌ی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ، خۆی نمایش ده‌كات. ئه‌م چیرۆكه له نێوان دنیای واقیع و خه‌یاڵ دایه، له‌وه‌دا كارلێكی روداوه‌كان له نێوان ئه‌م دوو دنیایه روو ده‌دات، ئه‌م وێنه‌یه زۆرجار خه‌یاڵه و هه‌ندێكجاریش به شێوه‌ی واقیعی ده‌رده‌كه‌وێت. به هۆی ته‌كنیكیشه‌وه چیرۆك و شانۆگه‌رییه‌كه تێكه‌ڵ به یه‌كتر بووینه. له سه‌ره‌تادا چیركۆنووس ئاماژه به‌وه ده‌دات كه شانۆگری (ده‌نگی پێیی مردن دێت) بینه‌رێكی كه‌م ئاماده‌ی بینینی شانۆگه‌رییه‌كه بوون، ئه‌وا ئه‌م ده‌ستپێكه سه‌ره‌تا به ترسێكی سایكۆلۆژییانه‌ی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به مردن ئاشنامان ده‌كات. له‌م چیرۆكه‌دا ئێمه رووبه‌رووی حه‌قیقه‌تێك ده‌بینه‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت هه‌موومان ئه‌زموونی مردن بكه‌ین، به‌ڵام ناوی مردن خۆی گوزارشتێكه بۆ نادیاری و سه‌فه‌رێكی نه‌زاندراو.
(سه‌لیم جه‌وده‌ت) ی كاره‌كته‌ر، خۆیشی رۆڵی ئه‌كته‌رێك له شانۆگه‌ریی (ده‌نگی پێی مردن دێت) ده‌بینێت، بۆیه له رۆژی نمایشه‌كه به ڕێكه‌وت (سه‌لیم جه‌وده‌ت) به‌ر تاكسییه‌ك ده‌كه‌وێت و ده‌مرێت! پێكه‌وه‌گرێدانی رووداوه‌كان به مردنی ناونیشانی شانۆگه‌رییه‌كه‌وه، ته‌كنیكێكی یه‌كجار جوانه و ئاشنامان ده‌كات به جۆرێك پێوه‌ندی له نێوان مردن و ڕووداوه‌كان، مردن و ژیانی ئاسایی. هه‌ر له‌م چیرۆكه‌دا ئێمه ڕووبه‌روی دوو لایه‌نی دژ به‌یه‌ك ده‌بینه‌وه. بۆ نموونه له چیرۆكه‌كه‌دا هاتووه: (ئه‌و به‌یانییه ئه‌گه‌ر سه‌لیم جه‌وده‌ت به پێ نه‌چووبایه بۆ هۆڵه‌كه، ره‌نگه مردنی بۆ په‌نجاساڵی دی دواكهوتبایه). هه‌ر له دوای ئه‌مه‌دا، هاتووه: (كاتژمێر ده‌ی سه‌ر له به‌یانی رۆژی 29-9-2010 دواهه‌مین وێستگه‌ی ژیانی سه‌لیم جه‌وده‌ت بوو، له هه‌ر كوێیه‌ك بووایه ده‌بوو بمرێ). له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه مردنی (سه‌لیم جه‌وده‌ت) ڕووداوێكی له‌ناكاو بووه، ئه‌گین نه‌ده‌مرد، به‌ڵام له بۆچوونی دووه‌مدا ئه‌گه‌ر ڕووداویش نه‌بووایه، ئه‌وا (سه‌لیم جه‌وده‌ت) هه‌ر ده‌مرد. له لایه‌ك ڕووداو وه‌ك هۆی سه‌ره‌كیی مردن نیشاندراوه، هه‌رچی بۆچوونی دووه‌میشه مردن وه‌ك حه‌تمییه‌كی كردارییه و رووداو ته‌نها هۆكارێكه مردن خۆی ده‌ستنیشانی ده‌كات، تا ئه‌و كارلێكه له‌گه‌ڵ ژیان بكات.
دوای رووداوی مردنی (سه‌لیم جه‌وده‌ت) (عیرفان ئه‌شره‌ف)ی ده‌رهێنه‌ر، به دوای هاوشێوه‌یه‌كی (سه‌لیم جه‌وده‌ت) ده‌گه‌ڕێت، پرسیارێك كه لێره‌دا دێته ئاراوه، ئه‌وه‌یه: ئایا هه‌ر ده‌بێت كه‌سێك رۆڵی (سه‌لیم جه‌وده‌ت) بگێڕێت كه له‌و بچێت؟ لێره‌دا ئێمه رووبه‌رووی دوو شیكاریی ده‌بینه‌وه. یه‌كه‌میان: (مردن) له‌م چیرۆكه‌دا به‌رۆكی ئه‌و كه‌سه ده‌گرێت كه رۆڵی ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی له شانۆگه‌ریی (ده‌نگی پێی مردن دێت) ده‌گرێت. دووه‌میشیان: (سه‌لیم جه‌وده‌ت)ی كاره‌كته‌ر خۆی وابه‌سته‌ی مردنه و ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ی رۆڵی ئه‌و بگێڕێت ده‌كه‌وێته داوی مردنه‌وه. ئه‌مه‌ش هێنده‌ی دیكه ئه‌م چیرۆكه به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی مه‌رجی (Conditional) ده‌بات. چونكه بوونی شانۆگهركهش به ئه‌گه‌ری مردن داده‌ندرێت.
له شانۆگهركهدا (مردن) وه‌ك كاره‌كته‌رێك ده‌رده‌كه‌وێت، واته له شێوه‌ی مرۆڤ یان كه‌س. ئه‌مه‌ش زیاتر له بۆچوونه ئاینییه یه‌كتاپه‌رسته‌كان (یه‌هودیه‌ت، مهیسعیهت، ئیسلام) رۆشنتر بوونی هه‌یه، به‌وه‌ی (فریشته‌ی مردن) رۆحی مرۆڤه‌كان ده‌كێشێت.
(حه‌كیمی خه‌یاڵ) كه ئه‌ویش ئه‌كته‌رێكه و ده‌یه‌وێت (كچی سه‌رۆك) له مردن رزگار بكات، زیاتر له كاره‌كته‌ره ئه‌فسانه‌ییه‌كان ده‌چێت، چونكه مردن ته‌نها له ئه‌فسانه‌كاندا تێكشكێندراوه، ناوه‌كه‌شی گوزارشتێكه له‌م بابه‌ته‌دا. (سه‌لیم جه‌وده‌ت) له كاتی ده‌ستپێكردنی شانۆگهركه ده‌گه‌ڕێته‌وه! گه‌ڕانه‌وه‌ی (سه‌لیم جه‌وده‌ت) له مردن، رۆحی باوكی (هاملێت)ی بیر خستمه‌وه، رۆحی باوكی (هاملێت) داوای ئه‌وه له كوڕه‌كه‌ی ده‌كات كه تۆڵه‌ی بۆ بكاته‌وه. هه‌رچی (سه‌لیم جه‌وده‌ت)یشه له‌گه‌ڵ خۆیدا مردن بۆ (كچه‌كه‌ی سه‌رۆك) مسۆگه‌ر ده‌كات.
ماوه‌ته‌وه بڵێین له‌م چیرۆكه‌دا ته‌نها (خه‌یاڵ) ده‌توانێت رووبه‌رووی مردن ببێته‌وه و سه‌ری لێ بشێوێنێت، هه‌ر وه‌ك له ئه‌فسانه‌كاندا به چه‌ندین شێوازی جیا جیا ژیان و مردن رووبه‌رووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، (داستانی گلگامێش) یه‌كێكه له‌و شاكاره ئه‌ده‌بیانه‌ی كه له رێگه‌ی ئه‌فسانه‌وه ژیان و مردن رووبه‌رووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه.
له روانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بونیارهوه مردن ته‌واوكردنی گشت پرۆژه‌كانی بوونه، ئه‌م میتۆده زیاتر فه‌یله‌سوفێكی وه‌كو (هایدیگه‌ر) پێی له‌سه‌ر داگرتووه، چونكه له‌گه‌ڵ مردن‌دا پرۆژه‌كانی بوون كۆتایان پێدێت.
خاڵێكی تری ئێستاتیكانه و سه‌رنجراكێشی ئه‌م چیرۆكه بوونی تارمایییه‌كی سوریالییه، ئه‌و تارماییه ئابلۆقه‌ی سهرتاپی چیرۆكه‌كه‌ی داوه، لێره‌دا ئێمه رووبه‌روی كێشه‌ی مانا ده‌بینه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه مانا له‌م چیرۆكه‌دا چییه؟ خوێندنه‌وه‌ی من بۆ ماناداریی ئه‌م چیرۆكه ئه‌وه‌یه كاتێك مردن له‌سه‌ر شێوازی كاره‌كته‌رێك به‌رجه‌سته ده‌بێت، مانای وایه كه مردن هه‌میشه قاچێكی له‌نێو ژیاندایه و به‌شێكی دانهبڕاویهتی. سوریالییه‌تی مردن ته‌واوكردنی گشت مانا واقیعییهكانی مردنه، چونكه دنیای سوریالی خوێندنه‌وه‌ی سه‌روو واقیعه به گشت ره‌هه‌نده قووڵهكانییهوه، به‌ڵام لێره‌دا زمانی ته‌عبیركردن رۆڵی سه‌ره‌كی له بونیادنانی ئه‌م دنیا سوریالییه ده‌بینێت، هه‌رچه‌ند خه‌یاڵ قووڵتر بێت، زمان زیاتر بۆ گوزارشتكردن به‌ره‌و سه‌رووتر هه‌ڵده‌كشێت، كه ئه‌مه‌ش پێوه‌ندییه‌كی خۆرسكی نێوان زمان و خه‌یاڵه. له‌م چیرۆكه‌دا زمان به شێوازی جیا جیا گوزارشت له خه‌یاڵ ده‌كات، له ئه‌نجامدا خاڵێكی سوریالی پێكه‌وه ده‌یانبه‌ستێته‌وه، ئه‌ویش گوزارشتكردنه له مردن. له‌م چیرۆكه‌دا هه‌م له روودهوهكان و له شانۆگه‌رییه‌كه‌دا مه‌یلێكی جاویدانی هه‌یه بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی مردن، كه (حه‌كیمی خه‌یاڵ) ده‌وری سه‌ره‌كیی ئه‌و مه‌ته‌ڵه ده‌بینێت.
بۆ شانۆگه‌ریه‌كه ئه‌كته‌رێك ده‌بێت هه‌بێت رۆڵ له‌نێو گه‌مه‌ی مردن‌دا ببنێت. ئه‌م ته‌كنیكه لای (دانا فایه‌ق)یشدا بوونی هه‌یه، به تایبه‌ت له چیرۆكی (چیرۆكی ونبوونی هابیل)، به بڕوای من بوونی ئه‌م شێوازه هێنده‌ی دیكه رێگه له به‌رده‌م كرانه‌وه‌ی ده‌رگای نهێنی و ماناداره‌كانی ئه‌ده‌ب ده‌كاته‌وه، به تایبه‌ت چیرۆك.
سۆران ئازاد – چۆمان