
زمانی تووند به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆ؟
دریدا ده‌ڵێت” زمان ئه‌وه‌یه که تێگه‌یشتنمان بۆ دنیا لا درووست ده‌کات،به‌ڵام زمانی ئه‌ده‌بی له‌و پێوانه‌یه ده‌رده‌چێت،چونکه هه‌ڵچوون ده‌وروژێنێ نه‌ک گوزاره له واقع بکات”.
ئه‌گه‌ر فکر به‌دیهێنه‌ری چه‌مک و زاراوه‌کان بێت،ئه‌گه‌ر زمان بووبێته ئه‌فسانه‌یه‌ک و تا ئێستا گرێکانی نه‌کرابێته‌وه،خۆ ئه‌گه‌ر شیعریش ده‌لاله‌ت بێت بۆ چێژ وه‌رگرتن، نه‌خشاندنی هه‌موو ئه‌مانه له ژیانی مرۆڤ و سروشدا،دیاره به‌ده‌ر له‌چه‌ندین مانای تر،وه‌لێ باشترینیان،بۆ لێکتێگه‌یشتن و داهێنان و مانه‌وه‌و، ژیانێک که ماناکانی له مه‌داره دووره ده‌سته‌کانی ژیاندا بۆ مرۆڤ وگیان له به‌ره‌کان و سرووشت ده‌سته به‌ر بکات و بیبینێته‌وه‌و، بۆ سوڕاندنه‌وه‌ی هه‌تا هه‌تایی چه‌رخی گه‌ردوون.
ئه‌دۆنیس ده‌ڵێت” ڕۆشنبیری ئاینی ڕۆشنبیری ملکه‌چ کردنه”، گرێکه لێره‌دایه،ئایه ڕۆشنبیری سه‌ر به هه‌ر ئایدۆلۆژیایه‌ک، چ زه‌مینی بێت یان ئاسمانی، له‌م فه‌زایه‌دا ناسوڕێته‌وه ؟ به درێژای مێژووی هه‌موو دیکتاتۆره‌کان، چۆن بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های خۆیان، له شمشێره‌وه بیگره،تا هه‌موو جۆره چه‌که‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان به‌کار هێناوه،چۆن سه‌دان هه‌زار چه‌کدارو شمشیر به ده‌ستیان هه‌بووه، یه‌کێک له پایه‌کانیان بۆ مانه‌وه،قه‌ڵه‌م به ده‌ست و ڕۆشنبیره‌کان بووه، که‌سێکیش ناتوانێت له خزمه‌تی حه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆری‌دا بێت و، مل که‌چی یاساکانی سه‌ره‌وه‌ی خۆی نه‌بێت،بۆیه وای ده‌بینم ئه‌و ڕوانینه‌ی ئه‌دۆنیس بۆ ” ڕۆشنبیری ئاینی” به‌ده‌ر له‌وه‌ی که‌ڕاستییه‌که،هه‌مه لایه‌نه‌و بێ ئیشکالیه‌تیش نییه.
وه‌ک چۆن له ئه‌ده‌بدا هه‌ڵچون هه‌یه،به ڕۆحێکی جوان له پێناوی داهێناندا، هه‌رله ئه‌ده‌بیشدا توڕه‌بوون هه‌یه به باره هه‌ره نه‌گه‌تیفه‌که‌یدا،به زمانێکی ئه‌ده‌بی ڕوون داهێنان ده‌کات له سوتاندن و ڕه‌دکردنه‌وه‌ی هه‌موو جوانیه‌کاندا، بۆ قازانجی خود‌و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات،چوون ئێشگگر،که واته خوێندنه‌وه‌مان بۆ زمان ده‌بێت گشتگیر تر بێت و، له‌م ڕووانگه‌یه‌وه ئێمه خاوه‌نی دیدێکی تاک زمانی نین، به‌ڵکو چه‌ندین جۆر زمانمان هه‌یه، که به زاره‌وه‌کان گوزاره له به‌رژه‌وه‌ندییه خودی و نیشتیمانی و چینایه‌تییه‌کان ده‌که‌ین، ئه‌و زمانه‌ی که دژی خوێناوی کردنی خۆپیشانده‌رانی حه‌ڤده‌ی شوباته،هه‌ر زمانه‌و، ئه‌و زمانه‌یشی که به‌لایه‌وه “هه‌قه” هه‌ر زمانه.
به‌پێ ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه له وه‌سفی زمانداو، به پێی هه‌موو مه‌نتقێکی قووڵ،چۆن له ژیانی ڕۆژانه‌دا توڕه‌بوون هه‌یه،له زمانی سیاسیش‌دا توڕه‌بوون هه‌یه‌و ده‌کرێت زمان ڕۆڵێکی به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی نزمترین فه‌رهه‌نگی ده‌سه‌ڵات و کارکرده نه‌شیاوه‌کانی، ئه‌میش دابه‌زێت و گوزاره له خۆی بکات،په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک که وه‌ک کوێره ڕێگایه‌کی لێدێ و به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆمه‌ڵگا، کاتێکیان نییه بۆ گفتوگۆ‌و ده‌رده‌کانی کۆمه‌ڵگاو ،هه‌میشه‌ش خۆیان پێ له‌سه‌ر هه‌قه‌و ،بچوکترین هه‌ڵوێست یان داواکاری مه‌حکوم ده‌بیت به کاره‌ساتی”سه‌رده‌شت عوسمان و سۆران”، له‌م په‌یوه‌نده‌دا زمانی ” گوڵ” وه‌ک دوڕووه‌کان به‌کاری ده‌به‌ن، کام مانای هه‌یه؟ ئایه خاڵی کردنه‌وه‌ی خود له هه‌موو چه‌که‌کان و په‌نا برن بۆ چه‌مکی ده‌رۆزه‌که‌رانه‌ی” ڕه‌خنه به‌گوڵ” کۆتای دیکتاتۆره‌کان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ؟ئایه هیچ دیکتاتۆرێک له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه،به‌م تێزه بێپێزه داڕووخاوه؟ ئایه خودی داهێنانی”ڕه‌خنه به گوڵ”خاوه‌نه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کان نییه؟.
خۆناسین وده‌سه‌ڵات ناسین، به پێ هه‌موو پێوه‌ره ” زاو” ه کان،ناکاته خۆگونجاندن، ئه‌ندێشه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی مرۆی واقعی و، ڕێبواری خاوێنی ڕێگای خاوێن، بۆ هه‌واری خاوێن،باری کۆڵی خۆی له به‌رده‌رگاو ئاستانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شدا دانانێت ، له ژێر ناوی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ی”ڕه‌خنه به‌گوڵدا”.
مه‌زه‌نده‌ی ته‌واو مه‌زه‌نده‌ی ناته‌واو، به‌درێژای به‌راییه‌کانی مێژوو تا ئێستاهه‌بوون،
چه‌مکی هه‌موو شه‌ڕه‌کانیش مه‌رج نییه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ژیان دۆستی و مرۆڤ دۆستی، زۆر قوربانی و به‌ناو شۆڕشگێڕ، بووه‌ته‌وه به‌و دیکاتۆرو جه‌للاده‌ی، که ئه‌م به‌ناوی ئازادییه‌وه دژی بووه‌و، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستان،بلیمه‌تن له هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه دژی هه‌موو سروده‌کان و گوتاره درۆینه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌کان،که‌لاسایی گیڤاراکانیان ده‌کرده‌وه‌و،زۆرکه‌سیش به‌م عه‌شقه‌وه به‌دوایان که‌ووت وژیانی خۆی له خۆڕا دۆڕاند.
سارته‌ر ده‌ڵێت “مرۆڤ مه‌حکومه به ئازادی”،لێره‌وه ده‌پرسین، ئه‌وانه‌ی تا ئه‌وپه‌ڕی شێت بوون،خوێن ده‌ڕێژن بۆ زه‌وتکردنی ئازادی له تۆ،پێویسته مامه‌ڵه‌ی تۆ وه‌ک تاك چۆن بێت؟ ئه‌و که بڕیاری نه‌فیکردنه‌وه‌ی تۆ‌و ئازادی دابێت،گوێیه‌کی بۆ بیستن و زمانێكی بۆگفتوگۆ نه‌بێت،به‌کام ڕێگا ده‌توانی فۆرمه‌کانی مرۆڤ بوون وه‌ربگریته‌وه؟ ته‌سلیم بوون یان یاخی بوون؟ له حاڵێکدا ته‌سلیم بوون ماناکانی نه‌مانه‌و داماڵینه له ماناکانی مرۆڤ بوون، “یاخی بوون” پێچه‌وانه‌ی زمان، یه‌ک ده‌لاله‌ت، یه‌ک مانای هه‌یه له هزری مندا،ئه‌ویش یاخی بوونه له کۆی ئه‌و سیسته‌م و ئایدۆلۆژیایانه‌ی، مرۆڤی کۆیله به‌رهه‌م دێنن و،بازاڕێکن بۆ خستنه‌وه‌ی مرۆڤی خه‌سیوو.
له نیوه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا له کانت ده‌پرسن،ئایه ئێمه به ڕاستی له سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریدا ده‌ژین؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت” نه‌خێر به‌ڵام ڕوه‌و ڕۆشنگه‌ری هه‌نگاو ده‌نێین، به‌شه‌ریه‌تی ئه‌وروپی هێشتا به ته‌واوی له نائاگاییه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و ته‌مبه‌ڵیه ئارام به‌خشه‌که‌ی به ئاگا نه‌هاتۆته‌وه، به‌ڵام بێگومان دوای ماوه‌یه‌ک به ڕۆشنگه‌ری ده‌گات”.
ڕۆشنبیره‌کانی ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریکی چه‌له‌حانێی بڕووخێ و بژین ئه‌وه‌نده پێمان ناڵێن، کۆی کۆمه‌ڵگای ئێمه له کوێدا قه‌راری گرتووه،خۆ ژیان ته‌نها پێداویستییه فیسیۆلۆژیه‌کانی وه‌ک ، هه‌ناسه دان، خواردن ،ئاو، نووستن، سێکس، هاوسه‌نگی، ده‌رهاویشته‌ی پاشماوه نیه،هه‌موو ئه‌مانه سه‌ره‌تاین، به‌ڵام ئاکام نین و ده‌بێت ئه‌م شێوازه قۆناغه‌کانی خۆی ببڕێت به‌چه‌شنێک کۆمه‌ڵگا بگوێزینه‌وه بۆ قۆناغی ئێستا‌و ڕێکردن شانبه‌شانی دنیای سه‌رده‌م، تاکی کورد ده‌مێکه بیر له ئازادی ده‌کاته‌وه، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌یه‌کی دروست و گشتگیری بۆی نه‌بووه، بۆیه نه‌یتوانیووه به‌ده‌ستی بهێنێت، تێکۆشان بۆ ئازادی و به ده‌ستهێنانی کارێکی پڕ له خه‌ته‌ریاته، لێره‌وه‌یه هه‌ندێ نووسه‌رۆکه،که له دووره‌وه وا ده‌زانرێت دژه ده‌سه‌ڵاتن، هه‌میشه دژایه‌تیمان ده‌که‌ن و زمانمان به‌زبرو ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان ئه‌رکی ده‌سه‌ڵات به‌جێده‌هێنن و،وه‌ک ئه‌وان ده‌مان خه‌نه خانه‌ی”جنێو فرۆشییه‌وه”، داوا ده‌که‌ن وه‌ک خۆیان سه‌رکز بین و “ڕه‌خنه به گوڵ” بگرین، واته بچینه سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی که خۆیان ساڵانێکه پێیدا ده‌ڕۆن و بێ به‌رهه‌م بۆ کۆمه‌ڵگاو، نه‌یان توانیووه مووی سه‌ری ده‌سه‌ڵات بجوڵێنن، وه‌ک چۆن نووسه‌ری واقعی و ئازا، ده‌بێت پرسیار بو‌وروژێنێت، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتیش بوروژێنێت و تووڕه‌ی بکات،ده‌بێت په‌لاماری هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بدات که ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت وه‌ک ” پیرۆزی” یه‌کی درۆینه، به سه‌ر خه‌ڵك و مێژوودا ساخی بکاته‌وه، به درێژایی ساڵانی ڕابردوو، ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی که ئاوا دواون و هاتوونه‌ته سه‌رخه‌ت دژمان،یان له ده‌رگای ده‌سه‌ڵاته‌وه چوونه‌ته ژووره‌وه،یان ئه‌وه‌نده بچوک‌و زه‌نگیانه‌ین،ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتیش قبوڵیان ناکات و،هێشتاله چاوه‌ڕوانیدا ڕایگرتوون و فه‌رموویان لێ‌ناکات،یان ئێستا وه‌ک ئێمه به ” تووند”ی ده‌دوێن،بۆیه له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه،ئه‌وانه له خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدان و،ناتوانن شه‌ڕه‌که به‌رنه ئاستی بردنه‌وه‌و، له بناغه‌وه کاری ئه‌وان نییه‌و، ده‌رۆزه‌ی ژیان ده‌که‌ن و چاویان له ده‌رگای ده‌سه‌ڵاته، خه‌ڵکانێکی بێناوه‌رۆکو محافه‌زه‌کارن.
ئه‌وسیاسیانه‌یشی به هه‌مان زمان “ڕه‌خنه به‌گوڵ” ده‌دوێن و ده‌یانه‌وێت گۆڕانکاری له کۆمه‌ڵگادا بکه‌ن،جگه له مزه‌وه‌ری سیاسی شتێکی ترنین و ته‌نها ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان و درۆکردن له‌گه‌ڵ خود‌و خه‌ڵك و مێژوودا.
نیتشه له نامه‌یه‌کدا بۆ ئه‌لیزابێتی خوشکی ده‌نووسێت”به دوای چیدا ده‌گه‌ڕێی؟ به دوای خۆشی و شادی؟ نه‌خێر…..جگه له گه‌ڕان به دوای حه‌قیقه‌تدا ،به دوای هیچی دیکه‌دا ناگه‌ڕێین، هه‌رچه‌نده حه‌قیقه‌ت تاڵ و ترسێنه‌ره”.
که‌واته لێمان گه‌ڕێن،زمانی تووندی ئێمه،کاردانه‌وه‌یه‌که دژی توند بوون و بێدادی و قه‌هری ده‌سه‌ڵات له جوانی و ژیان دۆستی،کاردانه‌وه‌یه‌که دژی ئه‌و گوللانه‌ی نران به سه‌رسنگی گه‌رمیان و ڕێژوان و هه‌زاران لاوی تره‌وه.
ئارام ئه‌حمه‌د علی