چی له جه‌سته‌ی نیشتمان كه‌م؟
به‌م ناونیشانه مه‌به‌ستم ڕوونكردنه‌وه یان هه‌ڵسه‌نگاندنی سرودی هونه‌رمه‌ند دیاری قه‌ره‌داخی نیه هه‌رچه‌نده ئه‌م سروده شایه‌نی ستایشه وه بووه هۆی وروژاندنی ئه‌م بابه‌ته له لام.
هه‌موومان ئه‌زانین كه نیشتمان ئه‌و خاكه‌یه كه كۆمه‌ڵێك مرۆڤ (گه‌ل) له باو باپیرانه‌وه بۆیان ماوه‌ته‌وه و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێ بنه‌ماو ئیتیك بڕیاریان داوه كه ژیانێكی درێژخایه‌ن له‌سه‌ری بژین.
به‌ڵام ئه‌م پێناسه‌یه بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستامان سه‌د له سه‌د دروست نیه چونكه ده‌وترێ (نیشتمانی مرۆڤ ئه‌و شوێنه‌یه كه تێیدا ئازاد بێت) واته وشه‌ی نیشتمان ئازادی ئه‌گه‌یه‌نێ.
به بۆچونی من نیشتمان جگه له‌و خاكه هاوبه‌شه‌ی كه گه‌ل له سه‌ری ئه‌ژی زۆر مانای تر هه‌ڵئه‌گرێ, هه‌ر له چه‌مكه كانی ماف, ئازادیه‌كان, یه‌كسانی و ژیانێكی سه‌رفراز وه …..هتد
وه من ده‌سته‌واژه‌ی جه‌سته‌ی نیشتمان بۆ ئه‌و خاكه به‌كار ئه‌هێنم كه له‌سه‌ری ئه‌ژین, چونكه به بێ بوونی ماف و ئازادیه‌كان نیشتمان ته‌نها جه‌سته‌ی ئه‌مێنێته‌وه, چی له جه‌سته‌ی نیشتمان كه‌م كه تێیدا كۆمه‌ڵێك ماف و ئازادی یه‌كانیان له كۆمه‌ڵێكی زۆرینه زه‌وت كردوه؟
ئه‌ڵێن زۆربه‌ی دانیشتوانی كوردستان موچه خۆرن ومافی كاسپی و په‌یدا كردنی بژێوی ژیان بۆ هه‌موو كه‌سێكه(هه‌رچه‌نده سه‌رمایه‌داران كۆمه‌ڵێكی كه‌من و ده‌سه‌ڵاتداری حیزبه‌كانن) ئایا ئه‌م وته‌یه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه به هاوڵاتیان بڵێی بڕۆ بۆ خۆت بژی و له پله‌كانی خواره‌وه‌ی هه‌ره‌می ئابوری دا كاسپی بكه ئه‌مه مافی خۆته به‌ڵام ئه‌گه‌ر له خۆپیشاندانێكدا كوژرای كێشه‌ی من نیه؟
وه‌كو بیستمان له وڵاتی لیبیا سه‌رجه‌م هاوڵاتیان كه ژماره‌یان پێنج ملیۆن كه‌سه خاوه‌نی موچه‌ن و سه‌رجه‌میان خاوه‌نی موڵكن له خانوو و زه‌وه‌ی و شوقه و دوكان كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه پێیان دراوه به‌ڵام گه‌له‌كه‌ی له دژی ده‌سه‌ڵات ڕاپه‌ڕی و به گژ دیكتاتۆریه‌تدا چوه‌وه له پێناوی كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تیدا, له پێناوی ئازادی و دیموكراسیدا, دژ به ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وی و بنه‌ماڵه‌یی و ده‌سه‌ڵات له ده‌ره‌وه‌ی یاسا‌و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا.
ئه‌وه‌ی له وڵاتی ئێمه‌دا هه‌یه ده‌رچوونێكی ڕاسته‌وخۆو دووره ڕێیه له بنه‌ماكانی پێكهاته‌ی نیشتمان له ڕووی مافه ئابووریه‌كانه‌وه هه‌روه‌ها له ڕووی ئازادیه‌كانه‌وه كه باسمان كرد چونكه به‌شێك له نیشتمان له ئێمه زه‌وت ئه‌كرێ له كاتێكدا مافه‌كان كه‌م ئه‌بێته‌وه و ئازادیه‌كان سنوردار ئه‌كرێ.
خۆ من ئه‌گه‌ر هه‌ر خه‌می تێكچونی كار‌و كاسپیم هه‌بێ وه‌كو ئه‌و به‌هانه‌یه‌ی كه ده‌سه‌ڵات دژی خۆپیشاندان هه‌یه‌تی له وڵاتێكی تر ئه‌توانم داهاتێكی زۆر زیاتر كۆ بكه‌مه‌وه له‌وه‌ی كه ئێوه فه‌راهه‌متان كردوه.
به‌ڕاستی هه‌ر جه‌سته‌ی نیشتمانه بۆ ئێمه به‌جێماوه به بێ پێكهاته‌كانی تری پێكهێنه‌ری نیشتمان.
باشه من چی له جه‌سته‌ی نیشتمان كه‌م؟ كه خۆپیشانده‌ری له‌سه‌ر بكوژرێ؟ له گه‌نج و منداڵ.
چی له جه‌سته‌ی نیشتمانكه‌م؟ پاش كپكردنی ده‌نگی ناڕازی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی باسم كرد له سوتاندنی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و ڕفاندن و كوشتن و به تیرۆریست ناساندنی ڕۆژنامه‌نوسان و هه‌ڕه‌شه كردن لێیان؟
چی له جه‌سته‌ی نیشتمانكه‌م؟ پاش قه‌ده‌غه كردنی خوێندن له زیاد له هه‌ژده هه‌زار خوێندكار و هیچ به‌رپرسێك خۆی نه‌كا به خاوه‌نی؟
چی له جه‌سته‌ی نیشتمانكه‌م؟ پاش په‌لاماردانی شارێك له لایه‌ن هێزێكی وڵاته‌كه‌مه‌وه كه كه‌س نازانێ سه‌ر به كێیه وكه‌س خۆی ناكا به خاوه‌نی؟
چی له جه‌سته‌ی نیشتمانكه‌م؟ كه بۆ ڕێژوان نه‌ماوه له‌سه‌ری بژی به‌ڵام بۆ بكوژه‌كه‌ی مابێ؟
چی له جه‌سته‌ی نیشتمانكه‌م؟ كه تێیدا كه‌سێك له‌سه‌ر وتنی (نا بۆ گه‌نده‌ڵی) فه‌لاقه بكرێ و بگیرێ وحكومه‌تێكی بێگانه له‌سه‌ری بێته وه‌ڵام؟
چی له جه‌سته‌ی نیشتمانكه‌م؟ كه بێگانه به ده‌سه‌ڵاتداره‌كانم بڵێ شه‌رمه‌زاریه بۆتان كه ئازادی له گه‌له‌كه‌تان زه‌وت ده‌كه‌ن؟
چی له جه‌سته‌ی نیشتمانكه‌م؟ كه بۆم نه‌بێ بڕۆم بۆ پایته‌خت و زمان و كه‌لتورم بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی دابه‌شكرابێت؟
چی له جه‌سته‌ی نیشتمانكه‌م؟ كه هه‌موو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاسایش و پۆلیس و دژه تیرۆر وه‌ها تێكه‌ڵ بوون له یه‌كتری جیا ناكرێنه‌وه؟ به ده‌مامك و ئۆتۆمبێلی بێ ژماره‌وه ئه‌سوڕێنه‌وه و هاوڵاتیان ئه‌گرن و خێمه ئه‌سوتێنن و ته‌قه له هاوڵاتیان ئه‌كه‌ن و باره‌گای لایه‌نه‌كان ئه‌سوتێنن, هه‌ر بۆ زانیاریتان هاوڵاتی هه‌یه له ناو حه‌وشی ماڵه‌كه‌ی خۆیدا فیشه‌كی به‌ركه‌وتوه, په‌رله‌مانیش له پاداشتی ئه‌وه متمانه به حكومه‌ت ئه‌به‌خشێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی كارێكی باشی كردبێت.
چی له جه‌سته‌ی نیشتمانكه‌م؟ كه ڕۆڵه‌كانی بكوژرێن و سه‌رۆكه‌كه‌ی مه‌دالیا وه‌ربگرێت؟
چی له جه‌سته‌ی نیشتمانكه‌م؟ كه ڕۆڵه‌كانی شارێك به گێره‌شێوێن و دز ناو ببرێت كه سه‌رجه‌م پارته سیاسه‌كانی وڵاتی تێدا دامه‌زرابێت و لانه‌ی زۆربه‌ی شاعیر و روناكبیر و سه‌ركرده‌كانی وڵات بێت؟
به‌ڵام ئه‌كرێ بڵێین با سه‌ری خۆمان هه‌ڵگرین بۆ وڵاتێكی تر كه تێیدا ئازاد بین تا پێی بڵین نیشتمان؟
من ئه‌ڵێم نه‌خێر چونكه جه‌سته‌ی نیشتمان له‌وه شیرینتره كه له پێناوی ئازادی‌دا به‌جێی بێڵین,
باو باپیرانمان كه‌م قوربانیان بۆ نه‌داوه تا لێره‌دا به جێی بێڵین,
هه‌روه‌ك ئێمه بۆ دڕنده‌ترین هێزه‌كانی دوونیا به‌جێمان نه‌هێشت ئێستا بۆ كۆمه‌ڵێك هاونیشتیمتنی خاوه‌ن ئه‌قڵیه‌تێكی كۆنی به‌جێ ناهێڵین كه ته‌نها خه‌می پڕكردنی گیرفانیانه.
له كۆتایی دا ئه‌ڵێم گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌رامه‌ت و بنه‌ماكانی نیشتمان به یه‌كسانی دێته دی له ناو تاكه‌كانیدا وه‌ك سه‌ره‌تاش دوور خستنه‌وه‌ی ڕێكخستن و پایه‌كانی حیزبه له ناو دامه‌زراوه‌كان و كۆمه‌ڵگادا كه بووه‌ته هۆی دروست بوونی جیاوازی له نێو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵدا و هه‌روه‌ها قۆرخ كردنی سه‌رجه‌م هێزه چه‌كداره‌كان و ناوه‌نده‌كانی بڕیار له ڕێكخراوه‌كان وزانكۆكان وپایه ئابوریه‌كان به شێوه‌یه‌كی نا یاسایی.
خولیا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
سلێمانی