Skip to Content

Friday, September 13th, 2024
ده‌رفه‌ت وهه‌ڵوێست … تاهیر ڕه‌حیم

ده‌رفه‌ت وهه‌ڵوێست … تاهیر ڕه‌حیم

Closed
by April 13, 2011 گشتی

کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و ڕاستییه‌ ئه‌زانن که ئه‌زموونی بیست ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان‌، ئه‌زموونێکی دوور له‌ دادپه‌روه‌ری و دیموکراتی بوو و له‌و ماوه‌یه‌دا و ئیستاشی له‌گه‌ڵ بێت گه‌نده‌ڵی باڵێ كێشاوه‌ به‌سه‌ر هه‌موو جمگه‌کانی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌ریمی کوردستاندا. سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ون و ئاواتی سه‌دان ساڵه‌ی گه‌لی کورد، هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار، بێجگه‌ له‌ هه‌ژارکردنی خه‌ڵک و تاڵانکردنی سامانی کوردستان و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی توێژێکی بێویژدان و ملکه‌چکردن بۆ دوژمنان و له‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک، شتێکی ئه‌وتۆیان بۆ خه‌ڵکی کوردستان به‌دی نه‌هێناوه‌.
بۆیه‌ ئێستا خه‌ڵکی کوردستان ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و به‌ هه‌زاران له‌ پیاوان و ژنانی چین و توێژه‌ جیاجیاکان و به‌ تایبه‌تی گه‌نجان  بۆ زیاتر له‌ په‌نجا ڕۆژه‌ ‌ به‌رده‌وامن له‌ خۆپێشاندان، داواکاری نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیین و دژ به‌ ده‌ستێوه‌ردانی حزب له‌ کاروباری حکومه‌تی هه‌رێم و قۆرخکردنی داهات و سامانی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی میدیا و هێزی چه‌کداری کوردستان. هه‌روه‌ها داواکاری دادگاییکردنی هه‌موو ئه‌و به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵکاره‌کانه‌ی که‌ سووکایه‌تی به‌ ئیراده‌ی خه‌ڵک ئه‌که‌ن‌،

بۆیه‌ به‌شداریکردن له‌م خۆپێشاندانه ‌و کارکردنی بێ ووچان له‌ پێناو سه‌رخستنی ئه‌ر‌کی ئه‌خلاقی هه‌موو مرۆڤێکی خاوه‌ن ویژدانه‌‌. ده‌بێت ئه‌م خۆپێشاندانه‌ سه‌رکه‌وێت، چونکه‌ ته‌نیا ڕێگایه‌‌ له‌به‌رده‌م خه‌ڵکدا،‌ بۆ لابردنی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی یه‌کێتی و پارتی که‌ نزیکه‌ی نیو سه‌ده‌یه‌ داهاتی خه‌ڵک قۆرخئه‌که‌ن و ڕێگرن له‌ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان.
ئێستا له‌ کوردستان هه‌لێک له‌باره‌ بۆ خه‌ڵکی به‌شخوراوه‌ کۆتایی به‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ بێنێت. له‌ پێناو ئه‌وه‌ش ئه‌رکی مێژوویی نووسه‌ران، هونه‌رمه‌ندان، مامۆستایان به‌ گشتی ڕووناکبیران ڕۆڵی سه‌ره‌کی بگێڕن. له‌ هه‌مان کاتیشدا ڕۆژی نواندنی هه‌ڵوێسته‌.
شیعرێک با هه‌رچه‌نده‌ حه‌ماسی و به‌ هێزبێت هیچ ناگه‌یه‌نێت که‌ له‌ شاعیرێکی بێ هه‌ڵوێسته‌وه‌ ‌بێت و نه‌وێرێت بچێته‌ به‌ره‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه‌. هه‌ڵسه‌نگاندنی شاعیر به‌ شاعیری نه‌ته‌ویی به‌وه‌ نییه‌ بۆ جوانی کوردستان شیعر بڵێت. به‌ڵکوو شاعیری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ڵوێستی هه‌بێت و له‌ڕیزه‌کانی خه‌ڵکدا بێت. خه‌ڵک چی له‌ هونه‌رمه‌ندێک بکات نه‌توانێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا گۆرانی بۆ ئازادی و ژیان بڵێت. ڕووناکبیر  ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه‌ پڕ به‌ده‌نگ  دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کی و حکومه‌تی حزبی هاوار ده‌کات.
به‌هه‌مان شێوه‌ش ئیمانداران نابێت له‌ پشت مه‌لایه‌که‌وه‌ نوێژ بکه‌ن، دژ به‌ ڕووناکبیران و خۆپێشانده‌ران ئه‌وه‌ستێته‌وه‌ و به‌گێره‌شوێن ناویان ئه‌بات. ئیمانداری ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ دژ به‌ ناعه‌داله‌تی ئه‌وه‌ستێته‌وه‌ که‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی حزب وبنه‌ماڵه‌ په‌یڕه‌وئه‌کرێت. ئه‌مڕۆ ڕۆژێتی هه‌ر که‌سه‌و هه‌ڵوێستی خۆی یه‌کلایی بکاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ کام لایه‌ندا بێت له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کی و حکومه‌تی حزبی؟ یان له‌ گه‌ڵ خه‌ڵکدا به‌ره‌و گۆڕینی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ.
سه‌رده‌م‌ سه‌رده‌می فره‌ڕه‌نگی و فره‌ ده‌نگییه‌، ده‌رکه‌وتن و هه‌ماهه‌نگی هه‌موو ره‌نگه‌کان و هه‌موو ده‌نگه‌کان زامنی سه‌ر‌که‌وتنه‌ بۆ ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌. زامنکردنی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ تاکه‌ ڕه‌نگێک نایهێنێته‌‌دی، ئه‌مه‌ شۆڕشی گشت ڕه‌نگه‌کانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڕه‌نگی ڕه‌ش، ئه‌مڕۆ پێویست به‌وه ‌ده‌کات، ئیمانداران چ موسڵمان، ئێزیدی یان کرستییان له‌گه‌ڵ ئاته‌ئیست، عه‌لمانی و کۆمۆنیست و چه‌پ و لیبڕاله‌کاندا له‌ یه‌ک ڕیزدا ڕاوه‌ستن. ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ به‌ ته‌نها به‌  عه‌لمانی یان ئیسلامی ناکرێت به‌ڵکوو هه‌موو پێکه‌وه‌ ده‌توانن سه‌ریخه‌ن. ‌‌ هێچ لایه‌نێک  ناتوانێت خۆی به‌ خاوه‌نی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ بزانێت، به‌ڵکو هه‌موو ئه‌و‌ که‌سانه‌ی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی ڕاوه‌ستاون،خاوه‌نی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ن. چونکه‌ هه‌موویان یه‌ک ئامانج کۆیان ده‌کاته‌وه‌، ئه‌ویش لابردنی گه‌نده‌ڵی و ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی حزبی بۆ به‌دیهێنانی ده‌سه‌ڵاتێکی دادپه‌روه‌رانه‌ و کۆمه‌ڵگایه‌ی مۆدێرن‌. ده‌بێت ئه‌م سیسته‌مه‌ نادادپه‌روه‌رییه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، سیسته‌مێک جێبگرێته‌وه‌ که‌ ڕێز له‌ به‌ها ئینسانییه‌کان گه‌لی کوردستان بگرێت. دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندێکانی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ و گه‌نده‌ڵی یه‌کێتی و پارتی یه‌کناگرێته‌وه‌ بۆیه‌ به‌ خۆپێشانده‌ران ده‌ڵێن ئه‌وانه‌ گێره‌شوێنن ده‌یانه‌وێت  ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان تێکبده‌ن. به‌ڵام پرسیاره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌وه‌ چ ئه‌زموونێكه‌ ده‌یانه‌وێت تێکی بده‌ن ؟؟؟

تاهیر ڕه‌حیم
ئه‌ڵمانیا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.