
گۆڕان چی كرد؟ … عه‌زیز ڕه‌ئووف
دوای ده‌ركردنی به‌یاننامه حه‌وت خاڵه‌كه له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه، ئیدی شه‌قامی كوردی جوڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ناڕه‌زایی تێكه‌وت، ئه‌م جوڵه‌یه‌ش هه‌ڵكشا به‌ره‌و خۆپیشاندان و دواجار له حه‌ڤده‌ی شوباتدا ده‌سه‌ڵات وه‌ك پڵنگێكی بریندار خوێنی له سه‌ر شه‌قام رشت و هێنده‌ی تر دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كرد. لێره‌وه ده‌كرێ بڵێین ئه‌وه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو كه‌م تا زۆر ڕۆڵی هه‌بوو له جوڵاندنی شه‌قام و به‌م هۆیه‌شه‌وه كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش وه‌ك دوو هێزی ئیسلامی دوور و نزیك چ له به‌شداریكردنیان و چ له گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كان ڕۆڵی كاریگه‌ریان بینی به‌جۆرێك گۆڕانێك له سیاسیه‌تكردنیاندا به‌دی كرا.
ئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا له‌سه‌ر ئاستی سلێمانی و زۆرێك له شار و شارۆچكه‌كان به‌دی ده‌كرا، بێشك ئه‌نجام بوو. ئه‌نجامی ئه‌م هه‌موو كه‌ڵه‌كه‌بوونی توڕه‌ییه بوو له‌به‌رامبه‌ر كه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدا. لێره‌وه ئه‌م دۆخه هه‌ر ده‌بوو دروست بێت و له‌وه‌ها دۆخێكیشدا خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی و گرتنی شه‌قامه‌كان ساده‌ترین و مه‌ده‌نیترین وه‌زیفه‌ی خۆپیشانده‌رانه.
سه‌باره‌ت به هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، بۆ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ ئه‌م دۆخه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره بوو. ئه‌م دوو هێزه له‌م ماوه‌یه‌دا ڕادیكاڵتر بوون و باش هاتنه پێشه‌وه و بۆ یه‌كه‌مجار زۆر داواكاری ده‌سه‌ڵاتیان ڕه‌ت كرده‌وه و گرنگترینیشیان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دانیشتن بوو له ئێران له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتی. ئه‌مه‌و سه‌رباری ئه‌وه‌ی زۆر سودیان له‌وه بینی كه ئایین بگه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌قام و كه‌م تا زۆر دیمه‌نی پیاوانی ئاینی له‌به‌رده‌م خۆپیشانده‌راندا جوانتر بوو.
به‌ڵام بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌جۆرێكی تره. بێشك گۆڕان له‌م دوو هێزه ڕادیكاڵتر بوو. به‌ڵام وه‌ك ئه‌م دوو هێزه ڕێكخسته‌كانی تۆكمه نیه و تا ئێستاش ستراتیژی دوورمه‌ودای گۆڕان دیار نییه. گۆڕان چونكه به‌یاننامه حه‌وت خاڵه‌كه‌ی ده‌ركرد، بۆیه به‌رپرسیارێتی گه‌وره ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌م هێزه. گۆڕان خۆپیشاندانی مسر و تونسی به‌سته‌وه به كوردستانه‌وه، دیاره بێشك لێكچوون له‌نێوان ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان و مسر و تونس‌دا هه‌یه، به‌ڵام له‌و دوو ولاته گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ڕه‌ت كرایه‌وه، كه‌چی له كوردستان ئۆپۆزسیۆن به گفتوگۆ ڕازی بوو. ئه‌مه ئه‌و هه‌ڵه‌یه بوو كه گۆڕان به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕی. به‌بڕوای من گۆڕان و سه‌رۆكه‌كه‌ی، یه‌كێتی و پارتی باش ده‌ناسن كه ئه‌م دوو هێزه سیاسه‌ت ناكه‌ن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵیان هیچ سودێكی نیه، ئه‌ی خێره له كه‌ناڵه‌كانته‌وه گه‌نجانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره له ده‌سه‌ڵات پڕ ده‌كه‌یت و سه‌رئه‌نجام ده‌چی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات داده‌نیشیت و مۆز و سێ‌و به‌یه‌كه‌وه ده‌خۆی؟ براده‌ران كه خوێن ڕژا حكومه‌تی ئینتیقالی و بنكه فراوان به كه‌س و كاری شه‌هیده‌كان چی؟ تۆ كه نه‌توانی ته‌قه‌كردن ڕاگری، ده‌سه‌ڵاتێك سه‌رگه‌رمی دسگیركردنی پیاوانی ئاینیه و كه‌رامه‌تی خه‌ڵك له‌م ده‌ڤه‌ره ده‌شكێنێت پێم ناڵێن براده‌ران هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت مانای چی؟ به‌ڕاستی گۆڕان له‌سه‌ره‌تاوه چ له به‌یاننامه‌كه‌ی و چ له‌سه‌ر ئاستی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌یان سه‌رگه‌رمی به‌مسر و تونسكردنی كوردستان بوو، ئه‌مه‌ش لای زۆرێك له خه‌ڵك به بنبه‌ستگه‌یشتن بوو له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، كه‌چی پاش ماوه‌یه‌ك ڕازیبوون له گفتوگۆ.
دیاره من له‌گه‌ڵ دیالۆگم و كێشه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ش هه‌ر ده‌بێت به دیالۆگی عه‌قڵانی چاره‌سه‌ر بكرێت. به‌ڵام تۆ له‌سه‌ره‌تاوه له ڕاگه‌یاندنه‌كانته‌وه جۆرێك خه‌ڵك هان ده‌ده‌یت دژ به ده‌سه‌ڵات و ده‌شزانی كه ده‌سه‌ڵات ته‌قه ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆت بزانیت ژماره‌ی پیاوكوژه‌كان له‌م هه‌رێمه زیاد ده‌كه‌یت. تۆ ده‌زانی یه‌كێتی و پارتی چه‌كداره‌كانیان له‌نێوان خۆپاندا دابه‌ش كردووه، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانی كه گه‌ر ئه‌م هێزانه بریندار بكه‌یت ته‌قه‌ت لێده‌كه‌ن. ئه‌و كاته‌ی كه مه‌ترسی ده‌كه‌وێته سه‌ر خۆت وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئاماده‌ی چه‌ك هه‌ڵبگریت و هاوار بۆ خه‌ڵك بكه‌ی له‌ده‌ورت كۆ ببنه‌وه، ئه‌ی چی به‌و خۆپیشانده‌رانه ده‌ڵێی كه ده‌سه‌ڵات وه‌ك نێچیر شوێنیان ده‌كه‌وێت و ده‌ستگیریان ده‌كات و ده‌یانكوژێت و كه‌سیش نیه به‌رگریان لێبكات؟
ده‌بوو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بێپرسی كه‌سوكاری شه‌هیدان هیچ دیالۆگێكی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتی نه‌كردایه. چیه براده‌ران ئێوه ده‌تانه‌وێ خوێنی خه‌ڵك بكه‌نه قه‌ڵغان و به‌سه‌ریدا سه‌ركه‌ون و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات دانیشن و باس له حكومه‌تی بنكه‌فراوان بكه‌ن؟ چ ده‌بوو له كۆبونه‌وه‌كانتاندا چه‌ند ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی سه‌رای ئازادیتان له‌گه‌ڵ بوایه، لانی كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن ئه‌وه نوێنه‌ری خه‌ڵكن و فه‌رموون له‌گه‌ڵ ئه‌وان قسه بكه‌ن.
ئه‌م جۆره له سیاسه‌ت كۆمه‌ك به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ناكات و دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان جیهانبینی یه‌كێتی و پارتیه، بۆ ئه‌م دۆخه‌ش ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌مه ئه‌و مرۆڤانه‌ن له‌م دۆخه‌دا خه‌مبار بوون و خوێنی دۆسته‌كانیان ڕژا. ئێستا قوربانی له‌سه‌ر شه‌قامه و هێزێكی وه‌كو گۆڕانیش به‌ناوی نوێنه‌ری قوربانیه‌وه سه‌رگه‌رمی مفه‌وه‌زاته. ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یه كه گۆڕان كردی و به‌ناوی شه‌قامه‌وه كه‌وته گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتێك كه تا ئێستا پیاوكوژه‌كانی ڕاده‌ستی یاسا ناكات “سه‌رباری گۆمانه‌كانیشمان له‌و یاسایه “.
Azizrauf2003@yahoo.com