
کوڕه‌که‌م ئاوتیسته … بێریڤان جه‌مال حه‌مه سه‌عید
منداڵ بۆ گه‌شه‌کردنی لایه‌نی هۆشهکیو جهستهییو ده‌رونی، پێوستی بههاندانو بایه‌خدان‌و سه‌رپه‌رشتی تایبه‌تی هه‌یه. گه‌ر له‌منداڵه‌که “سیگناڵ-ئیعاز” وه‌ربگیرێت، که له‌بواری گه‌شه‌کردنیدا “پاشکه‌وتووی” یان “تێکچوونی گه‌شه‌کردن” “Developmental disordersd، به‌دی بکرێت، گرنگه “سیگناڵ”ه‌که به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت‌و هاوکات که‌سانی په‌یوه‌ندیدار له‌باوکو دایک‌و کارمه‌ندانی پرۆفشیناڵی تر ئاگادار بکرێنه‌وه. جا تێکچوونه‌که‌ش چ له‌بواری زمانبێربوون یاخود له‌کردارو ههڵوسکهوتو لایه‌نی سۆزی کۆمه‌ڵایه‌تییه بێت. ئه‌وا ئه‌رکی گرنگی سه‌رپه‌رشتیاری دایه‌نگاو باخچه‌ی ساوایان‌و مامۆستایه که ئه‌و” سیگناڵه” به راوشکانهو ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ دایک‌و باوکی منداڵه‌که باس‌بکات. دوابه‌داوی ئه‌وه‌ش هاوکاریو کارئاسانی بۆ دایک‌و باوکه‌که بکرێت تا کێشه‌ی منداڵه‌که‌یان له‌لایه‌ن تیمێکی پسپۆڕی تایبه‌تییه‌وه پشکنینی بۆ بکرێت‌و رێگه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه. روونتر بڵێین کاری سه‌رپه‌رشتیارو کارمه‌ندانی بنکه پهیداگۆکیهکان هه‌ر فێرکردن‌و په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ نییه به ته‌نها. به‌ڵکو ئه‌رکی “سیگناڵ” وهرگرتنو گه‌یاندنی ئه‌م سیگناڵهش به‌پله‌ی یه‌که‌م بهدایکو باوک‌و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش بهبنکهو سه‌نته‌ره تایبه‌تیه‌کانه.
لێره‌وه گه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه‌و باسکردنی “سیگناڵه”که له‌گه‌ڵ دایک‌و باوکه‌که، خۆی له‌خۆیدا. کارێکی ئاسان نییه‌و زۆربه‌ی جاریش ده‌بێته هۆی گرژی‌و ناکۆکی له‌نێوان دایک‌و باوکه‌که‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌که. له‌لایه‌ک هه‌موو دایک‌و باوکێک خوازایاری شادی‌و خۆشگوزه‌رانی منداڵهکهیهتیو به ره‌وای ده‌بینێت، که منداڵه‌که‌ی وه‌ک هه‌موو منداڵێکی تر به شێوازێکی ئاسایی قۆناغه‌کانی خوێندنی تهواوبکاتو له‌منداڵانی تر جودا نه‌کرێته‌وه‌و ره‌وانه‌ی قوتابخانه‌ی تایبه‌تی نه‌کرێت.
له‌لایه‌کی تره‌وه، “سیگناڵ” گه‌یاندن. بۆ هه‌موو دایک‌و باوکێک ئه‌وه‌نده روون‌و ئاشکرا نییه که ئه‌رکێکی گرنگی کارمه‌نده‌کانه، کارمهندکان به جۆرێک راهێنراوانو خولی تایبه‌تییان وه‌رگرتوه بۆ ناسینه‌وه‌ی ئه‌م جۆره “سیگناڵ”انه، بۆئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر مناڵێک هه‌ڵسوکه‌وتی به جۆرێک سه‌رنج رابکێشێت، ئیتر سهرنجڕاکێشانهکهی له‌هه‌ر ئاستێک‌دا بێت، ئه‌وا زوو پشکنینی بۆ بکرێت تا به گوێره‌ی ئاستی فێربوون‌و په‌روه‌ده‌ی خۆی، بنکه‌و شوێنی تایبه‌تی بۆ تهرخانکرێت، به‌ڵام له‌هه‌ندێ حاڵه‌تدا، کاتێک دایک‌و باوک گوێبیستی هه‌واڵی دواکه‌وتنی گه‌شه‌کردنی سروشتی‌و تێکچوونی هه‌ڵسوکه‌وتی منداڵه‌که‌یان ده‌بن، توشی نیگهرانیو شۆک ده‌بن. هه‌ندێکجار هه‌واڵه‌که ئه‌وه‌نده سه‌خته بۆیان، که ده‌بێته مایه‌ی توڕه‌و ههڵچوونیانو ده‌که‌ونه دژوه‌ستانه‌وه‌ی. ئه‌ویش له‌ڕێگای پاساو هێنانه‌وه، که گوایه منداڵه‌که‌یان له‌ماڵه‌وه زۆر باشن‌و هیچ که‌موکوڕییه‌کیان نییه. به‌م شێوازه هه‌موو ده‌رگایه‌کی دیالۆگ به‌ڕووی خۆیان دادهخهنو به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌که‌یان له‌پرۆسه‌ی فێربوون‌و په‌روه‌رده‌دا، ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه. روونتر بڵێین، لێره‌دا کێشه‌که ده‌بێته گرفتی نێوان دایک‌و باوک‌و سه‌رپه‌رشتیار یان مامۆستاکه. ئاکامه‌که‌شی ده‌بێت به‌ده‌رهێنانی منداڵه‌که لهدایهنگا، باخچه‌ی ساوایان‌و قوتابخانه‌یه‌و هاوکات ناونوسکردنی لهدایهنگا، باخچه‌ی ساوایان‌و قوتابخانه‌ی شاره‌وانییه‌کی تردا، وا ده‌زانن گه‌ر له‌شوێنکی تردا منداڵه‌که‌یان ده‌ستپێبکاته‌وه ئیتر كێشه‌که‌یان چاره‌سه‌ر ده‌بێت. به‌م شێوه‌یه منداڵه‌که ده‌بێت له‌ژینگه‌یه‌کی نوێ‌دا، له‌گه‌ڵ مناڵانێکی تردا رابێته‌وه. ئه‌م جێگۆڕکێیه ئه‌وه‌نده‌ی ناخایه‌نێت، که کارمه‌ندانی ژینگه‌ی تازه هه‌مان “سیگناڵ” ده‌ده‌نه‌وه بهدایکو باوکی منداڵه‌که. له‌هه‌ندێک بارودۆخی تردا، که به دواچوونو لێکۆڵینه‌وه بۆ کێشه‌ی منداڵ ناکرێت، به‌هۆی پێداگری دایک‌و باوکه‌که له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که گوایه منداڵه‌که‌یان ته‌ندروسته‌و هیچ کێشه‌یه‌ک لهڕهفتاریدا به‌دیناکرێت. به‌واتایه‌کی تر، چه‌کی به‌رگری هه‌ڵده‌گرن، دژی پشکنین ده‌وه‌ستنه‌وه‌و کێشه‌که ههڵدهگرێنهوه، که ئه‌وان خۆیان کێشه‌یان هه‌یه، ئه‌وا ئه‌وانن نازانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵه‌که‌یان بکه‌ن. واته کێشه‌که ده‌که‌ن به‌کێشه‌یه‌کی که‌لتووری یان سۆزی. به‌م جۆره له‌کرۆکی کێشه‌ی منداڵه‌که ده‌رباز ده‌بن.
له‌کاره‌که‌مدا، وه‌ک به‌رپرسی تۆڕی پهروهردهییو راهێنه‌ری کارمه‌نده‌کان بۆ “سیگناڵ” وه‌رگرتن، له‌ئه‌مستردام، یه‌کێک له‌و کێشه گه‌ورانه‌ی که یه‌خه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری باخچه‌ی ساوایان یان به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کان ده‌گرێت، کێشه‌ی گرانی ئه‌و منداڵانه‌یه که هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندی”ئاوتیسمن”*. ئه‌و منداڵانه‌ی که هێشتا “دیاگنۆس”،واته ده‌ستنیشانی تێکچونهکهیان بۆ نه‌کراوه، به‌ڵام گومانی ئه‌وه‌یان لێده‌کرێت، که قوتابخانه‌ی ئاسایی جێگه‌ی خوێندنی گونجاوی ئه‌وان نییه، به‌هۆی دواکه‌وتنیان لهزمانو کردار‌و سۆز‌و په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیدا. بۆ نمونه منداڵێکی کوڕی به ره‌چه‌ڵک کورد، که ئێستا ته‌مه‌نی نزیک 4 ساڵه، له‌دوو ساڵ‌و نیوه‌وه خراوه‌ته دایه‌نگایه‌ک له‌ئه‌مستردام، هه‌ر دوای ماوه‌یه‌کی زۆر که‌م ده‌رکه‌وتووه، که هه‌ڵسوکه‌وتی منداڵه‌که به‌جۆرێکی سه‌رنج راکێشه، گه‌شه‌کردنی نائاساییه‌و جێگای پرسیاره. ئه‌م منداڵه شێوازی تێکه‌ڵ نهبوونو یارینه‌کردنی له‌گه‌ڵ مناڵانی تر، گریانی بهکوڵو کتوپڕیو ترسی ناواقیعی، هاوکات قسه‌نه‌کردنی، گومانی ئه‌وه‌ی لێ‌کرا که “تێکچوونێک له‌گه‌شه‌کردنی” هه‌بێت، له‌ڕووی زمانه‌وه، به جۆرێک دواکه‌وتووه، که توانای ئه‌وه‌ی نییه رستیهک به رێک‌وپێکی بڵێت، ته‌نها وه‌ک تووتی ئه‌و وشانه دووباره‌ده‌کاته‌وه که گوێ لێ ده‌بێت، ئه‌م منداڵه گۆشه‌گیره‌و ئاره‌زووی یاریکردنی له‌گه‌ڵ منداڵانی تر نییه، له‌سه‌ر نوکی پێ دهڕاوتو ده‌سته‌کانی له‌کاتی قسه‌کردندا باده‌دا. یاری به هه‌ندێ شتی دیاریکراو ده‌کات، یارییه‌که‌ش لهخویهک ده‌چێت تا ئه‌وه‌ی خۆشی لێببینێت، که بۆ چه‌ندینجار دووباره‌ی ده‌کاته‌وه. بۆ نمونه، یاری به پاکه‌تی به‌تاڵ ده‌کات، به‌جۆرێک هه‌موویان به رێکیوپێکی له‌سه‌ر یه‌ک داده‌نێت، گه‌ر یه‌کێکی خوار بێت، دووباره ده‌ست به دانانه‌وه‌ی ده‌کاته‌وه. کاتێک قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌یت، چاوی له‌چاوت نابڕێت. واته په‌یوه‌ندی چاو دروست ناکات.
گه‌ر توڕه یا نیگه‌ران بێت، ئاماده‌یی دڵنهواییو ئاشتبوونه‌وه نییه، قبووڵی باوهشو ده‌ست له‌ملکردن ناکات. پاترۆنێکی خۆی له‌مێشکدایه، گه‌ر ئه‌و باردۆخه‌ی که خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه، له‌و پاترۆنهی ئه‌و ده‌ربچێت، ئیتر ده‌یکاته هه‌رایه‌ک که بۆ منداڵه‌کانی تر جێگای ترس‌و دڵه‌ڕاوکێیه. ئه‌م منداڵه رۆژێک داوای خواردنه‌وه‌ی کردووه، شه‌ربه‌تی سێوی پێدراوه، که‌چی کردویه‌تی به گریانێکی وه‌ها زۆر، که بۆ سه‌رپه‌رشتیارو به‌ڕێوه‌به‌ری دایه‌نگه‌که جێگه‌ی گومان بووه‌و بۆیان رۆشن نه‌بووه، که هۆکاری ئه‌م شین‌و گریانه چی بووه. دوایی بۆیان ده‌رکه‌وتووه، که پاکه‌تی شه‌ربه‌ته‌که، جۆرێکی تر بووه، وه‌ک له‌وه‌ی که ئه‌و فێری بووه. واته واقیعی ئه‌و شوێنه‌ی که خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه، ده‌بێت هاوتای واقیعی ئه‌و بێت. هه‌رچی شتێک له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و جیهانه‌ی ئه‌و بێت، که ته‌نها له‌مێشکی خۆی وێنه‌ی بۆ کێشاوه، ئه‌وا توشی ترس‌و پهشۆکاویو گریانی ده‌کات، واته ته‌حه‌مولی گۆڕانکاری ناکات، له‌به‌رئه‌وه‌ی که توانای قسه‌کردنی نییه، بۆ که‌سی دی زۆر گرانه که لێی تێبگات. له‌دوای ساڵ‌و نیوێک ده‌ستوپه‌نجه نه‌رمکردن له‌گه‌ڵ ئه‌م کێشه‌یه‌و چه‌ندین دیالۆگ‌و دانیشتن، ئینجا دایک‌و باوکی ئه‌م منداڵه رازی ده‌بن به‌وه‌ی منداڵه‌که‌یان دیاگنۆسی بۆ بکرێت. له‌دوای پشکنین‌و لێکۆڵینه‌وه، دایکی کوڕه‌که راپۆرتی لێکۆڵینه‌وه‌که ده‌گه‌یه‌نێته ده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌ری دایهنگهکهو ده‌ڵێت: “کوڕه‌که‌م ئاوتیسته”و ده‌بێت بچێته قوتابخانه‌ی تایبه‌تی.
بێگومان له‌زۆر که‌لتووردا، به‌تایبه‌تی له‌ناو ره‌وه‌ندی په‌نابه‌راندا بهگشتیو له‌ناو کوردا به‌تایبه‌تی، تائێستا نه‌بۆته دیارده‌یه‌کی ئاسایی که کهموکوڕیو که‌مئه‌ندامییه‌تی منداڵ قبووڵبکرێت. هێشتا شهرمو تابویه‌کی زۆر له‌ئارادایه، که راشکاوانه باسی تێکچوون یان گه‌شه‌نه‌کردنی سروشتی منداڵ بکرێت. له‌کۆمه‌ڵگادا ئه‌و نۆرمه باڵاده‌سته، که منداڵ له‌هه‌موو بواره‌کانی سایکۆلۆجی‌و هۆشهکیو جه‌سته‌ی ده‌بێت ته‌واو بێت، گه‌ر لایه‌نێکی که‌موکوڕی هه‌بێت، ئیتر دایک‌و باوک ئه‌مه‌ی پێ شهرمهو به هه‌مو جۆرێک هه‌وڵده‌دات، مناڵه‌که‌ی له‌قوتابخانه‌ی ئاسایی ناونوسبکات. که ئه‌مه‌ش له‌ڕاستیدا جۆریکه لهپێشلکردنی مافی منداڵ، چونکه لێره باسی ئه‌و منداڵانه ئه‌که‌ین که پێوستیان به بایه‌خی تایبهتیو گرنگی پێدانه، نه‌ک له‌ژێر فشاری دایک‌و باوک بچێته قوتابخانه‌ی ئاسایی‌و له‌پۆلێک که 25 تا 30 قوتابی تێدایه‌و مامۆستا فریای بایه‌خی تایبه‌تی ئه‌و منداڵانه ناکه‌وێت.
* ئاوتیسم: autism تێکچوونی گه‌شه‌کردنی مێشکه. تێکچوونێکه له‌په‌یوه‌ندی کۆمهڵایهتیو زمان‌و هه‌ڵسوکه‌وتدا ره‌نگده‌داته‌وه. ئه‌م تێکچوونه له‌بونیادی منداڵه‌که‌دایه. جۆری تێکچوونه‌که لهمناڵێکهوه بۆ مناڵیکی تر جیاوازه. ده‌ستنیشانی تێکچوونه‌که ئاسان نییه، له‌هه‌ندێ حاڵه‌تدا له‌دوای 4 ساڵیدا ده‌ستنیشان ده‌کرێت.