Skip to Content

Thursday, August 18th, 2022

(هەڵوەشاندنەوەی) حکومەتی هەرێم نمونەی هەڵماتێکیدەستکەلا

Closed
by April 16, 2011 گشتی

کە منداڵ بووین، لە کاتی موشێن و هەڵماتێندا، کام هەڵمات دەستمان زۆر پێی ڕابهاتایە و بردنەوەی بۆ بەدەست بهێناینایە و زۆرترین نیشانەی بپێکایە، ناومان دەنا”دەستکەلا”،هەلماتی دەستکەلا ئەوەندە ئازیز بوو لامان هەتا لە کاتی دۆڕاندنیشدا، تا دوانەفەس و دوا موش ئامادەبووین دەستکەلاکە بهێڵینەوە، هەندێک جار ئامادەبووین دۆڕاویەکەمان بە قەرز بقەبڵێنین، تەنها بۆ ئەوەی کە هەڵماتە دەستکەلاکەمان لە دەست نەچێت، چونکە لە دونیا پڕ خەیاڵ و فانتازیاکەی منداڵی ئێمە، هەڵماتە دەستکەلاکە، هۆکاری مانەوە و ململانێمان بوو لە گۆرەپانی یاری هەڵماتێندا، ئەگەرچی هەڵماتە دەستکەلاکە نە لای منداڵە هاوڕێکانی ترمان بایەخی هەبوو، نە لای کەسانی لە خۆمان گەورەتر، چونکە هونەری بردنەوە لە هەڵماتە دەستکەلاکەدا نەبوو، بەڵکو ئەوە ئێمە بووین کە نەماندەتوانی گەمەی موشێن بەرینەوە و هەوڵمان دەدا هەڵماتە دەستکەلاکە شانسمان بۆ دروست بکات و بەهانەیەک بۆ زانینی گەمەی هەڵماتێن.
لە ڕاستیدا مانەوە یان هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، کە کێشمەکێشێکی زۆری لەسەرە، بە شێوەیەک ئۆپۆزسێۆن سەرەداوی هەموو گفتوگۆکانی بەستۆتەوە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتەی ئێستا کە بەرهەم ساڵح سەرۆکیەتی، دەسەڵاتیش بە پێچەوانەوە هەموو قسەکردنێک لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەت بە هێڵی سوور دەزانێت و ئامادەنییە هیچ گفتوگۆیەک بکات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، وەک هەڵماتە دەستکەلاکەی منداڵی دێتە بەرچاو، چونکە هەم سەرکردە باڵادەستەکانی ئوپۆزسێۆن و هەم سەرکردە باڵادەستەکانی دەسەڵاتی ڕاستەقینە (کە خۆی لە مەکتەب سیاسییەکان و سەرۆکەکانی یەکێتی وپارتیدا دەبینێتەوە)، لەوە ئاگادار و دڵنیان، حکومەتی هەرێم بە کۆی گشتی دامودەزگاکانییەوە، بە کۆی وەزارەت و دادگا و خودی پەرلەمانیشەوە،  هیچ ئەرزش و ستاتوسێکیان نییە، جگە لە دەستکەلا و بەهانەیەک، کە شەڕێک لەسەر مانەوە یان هەڵوەشاندنەوەی دەکەن، کە لە بناغەدا شەڕی حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی خودی حکومەت نییە، بەڵکو شەڕێکە لەسەر “ملنەدان بۆ داواکارییەکانی ئەوی دی و بەرامبەر” بنیاتنراوە، بەلام وەک هەڵماتە دەستکەلاکەی منداڵی ئێمە، حکومەت دەکرێتە بەهانە.

سەرۆکی هەر پێنج حزبە خاوەن جەماوەرەکە (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ) لەوە دڵنیان ، چ حکومەت و سەرۆکەکەی، چ وەزیرەکان و وەزارەتەکانی، چ پەرلەمان و پەرلەمانتارەکانی، نە دەسەلاتییان هەیە و نە دەتوانن چۆنێتی و چەندێتی هاوکێشەکان و قەیرانەکان و خودی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕن، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٩ ساڵی ڕابردوودا خاوەنی دەسەڵات نەبووە، تا ئێستا و لەسەردەمی بەدبەختێکی بێدەسەڵاتی وەک بەرهەم ساڵحدا خاوەنی دەسەلات بێت و بتوانێت چارەسەری قەیرانەکانی پێبێت و هاوکێشەکان بە ئەنجامی هەڵبژاردنیشەوە بگۆڕێت، سەلماندنی ئەم ئارگومێنەتە ڕەنگە ئاسانترین کار بێت، چونکە مێژووی ١٩ ساڵەی حکومەتی هەرێم، پڕاوپرە لە دەستکەلابوونی حکومەتی هەرێم وەک کارتۆنێکی بۆش بەدەست دەسەڵاتدارە ڕاستەقینەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بە تایبەتی تر کابینەی شەش و ئەم پەرلەمانەی ئێستا، چونکە جولاندنی زێڕەڤانی بێ ئاگاداری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پێشمەرگە، دەرکردنی بەیاننامەیەکی ٧ خاڵی لەلایەن گۆڕانەوە بێئاگاداری هەندێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی، بردنی پێشمەرگە بۆ کەرکوک لەگەڵ ئامادەبوونی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، داخستنی زانکۆکان بێ ئاگاداری وەزیر، نمونە نزیکەکانی ئێستان، خۆ ئەگەر لە نمونەی ڕابردوو بگەڕێین، ئەوا پێویستمان بە کتێبێک هەیە و مێژووی حکومەتی هەرێم لێوانلێوە لە دەستکەلابوونی حکومەت.
بۆیە پێویستە لەوە تێبگەین، کە هەڵوەشاندنەوە یان بەردەوامی حکومەتی هەرێم لە ئێستادا، جگە لە دەستکەلابوونی حکومەت بە دەست هێزە سیاسییەکان و هێنان و بردنی وەک تەنافی ئەو یارەیەی، کە دوو گروپ دەکەونە ڕاکێشانی ئەم سەرو ئەوسەری تەنافەکە، تا بە لای خۆیاندا بیبەن و هێزی خۆیانی پێ تاقیبکەنەوە و بەرامبەری پێ ببەزێنن، هیچ شتێکی تر و واتایەکی تری نییە، چونکە لە ڕابردوو و ئێستادا، بێدەسەلاترین کەس لەناو حیزبەکاندا دەکرێن بە وەزیر و دەخزێنرێنە ناو حکومەتەوە، تا سیستەمی سیاسی کوردستانیش بەم شێوەیە و بەم ئاڕاستەیە بەردەوام بێت، پێموانییە حکومەتی هەرێم بتوانێت خاوەن دەسەڵاتی راستەقینەی هەرێم بێت، بەڵکو وەک هەڵماتە دەستکەلاکەی منداڵی ئێمە بەهانەیەک دەبێت بۆ شەرعیەتدان بە خودی خاوەندارە ڕاستەقینەکەی گەمەکە.


Arei1976@hotmail.com
لە گۆشەی هەناسەی ژمارە ٧٢٠ هاوڵاتی دا بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next