
شه‌وێك له‌بیاباندا … رحمان محمود احمد
ڕه‌نگه بیابان به‌ده‌ریا لماوییه‌كه‌ی و شهپۆلهتۆزاوییهكهیهوه خواوه‌ند پێش شاخ و دۆڵ و پێده‌شت بڕیاری خوڵقاندنی دابێت، بۆئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی و زینده‌به‌چاڵكردنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی مرۆڤی تێدا ئه‌نجامبدرێت. مردن به‌و ژماره زۆره كه ئیزرائیلیش فریای ڕۆح كێشانیان نه‌ده‌كه‌وت.
بیابان كه‌وتبووه ئه‌و دیو سنووری ده‌نگ و باس و هه‌واڵه‌كانه‌وه. سنوورێك بوو له‌نێوان به‌هه‌شت و دۆزه‌خدا. به‌سه‌ر بیابانه‌وه سێبه‌ری گۆڕستانێكی گه‌وره‌ی ناڕێك و پێك ده‌بینرا. گۆڕستانێك كه‌س سه‌ردانی نه‌ده‌كرد له‌ڕۆژانی هه‌ینی و ڕۆژانی جه‌ژندا. خۆشه‌ویستیی بیابان بۆ قوربانییه‌كانی بهزێوانێكی دڵسۆز‌و قاره‌مان ده‌رده‌كه‌وت بۆ پاراستنی جه‌سته‌یان. بیابان هیچ نابیستێ و هیچ نابینێ و وشه‌یه‌كی پێناوترێت، كاتێك تووڕه‌ش ده‌بێت به‌وشه‌ی بێده‌نگی باو به‌ڕسته‌ی ته‌پوتۆز جه‌سته‌ی ده‌شێوێت و گردۆڵكه‌ی لماوی لێره‌و له‌وێ له‌سه‌ر جه‌سته‌ی وشكهه‌ڵاتووی ده‌خوڵقێت.
ئهوشارۆچكهیهی كهبچووكتر بوو له‌ناوه‌كه‌ی ده‌كه‌وته خۆرئاوای بیابانه‌وه، شارۆچكه‌یه‌ك ژماره‌ی كه‌لاوه‌كانی و خانووه چۆڵه‌كانی زۆرتر‌بوو له‌ژماره‌ی ئه‌و كۆلیت و خانووانه‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌ی تێدا ده‌ژیا كه‌چیرۆكی گریان و ناڵه‌ی ئه‌و شه‌وه‌ی بیابان ده‌یگێڕایه‌وه. شارۆچكه‌یه‌ك سه‌وزایی تێدا نه‌ده‌بینرا وه‌ك پیره‌ژنه ده‌موچاو خاڵاوییهكه پێی وتم پێش ساڵی سه‌ركه‌وتن به‌ر نه‌فره‌تی خوا‌و جه‌لادی گه‌وره كه‌وتین و ژیانمان لێتۆرا. شارۆچكه‌یه‌ك پیاوه‌كانی نێردرابوون بۆ شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی باكوور بۆ كوشتنی پێكه‌نین و سووتاندنی سه‌وزایی و خاپووركردنی ئه‌و گوندانه‌ی كه‌خۆری ئازادی لێههڵدههات و دواتر له‌شه‌ڕه زۆره‌كانی باكوور‌و باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ده‌دران به‌كوشت بۆ خه‌ونه نه‌زۆكه‌كانی جه‌لادی گه‌وره و جارێكی‌تر نه‌ده‌گه‌ڕانه‌وه شارۆچكه‌كه‌و گۆڕغه‌ریب ده‌بوون، ته‌نها ئه‌و پیره‌مێردانه‌ی دوا ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نیان تێدا به‌سه‌ر ده‌برد و توانای چه‌ك هه‌ڵگرتنیان نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و پیره‌ژن و قه‌یره كچانه‌ی كه به‌ئاواته‌وه بوون ڕۆژێك له ڕۆژان جلی بووكێنی له‌به‌ربكه‌ن لهشارۆچكهكهدا مابوونه‌وه.
له‌خۆرئاوای شارۆچكه‌كه‌دا بازاڕێك ده‌بینرا به‌مانشێتێكی گه‌وره له‌سه‌ر ته‌خته‌یه‌ك كه‌هێنده‌ی دارتهختهی مردوو شۆرێك ده‌بوو به‌ده‌روازه‌ی بازاڕه‌كه‌وه هه‌ڵواسرابوو به‌زمانی بیابان به پیتی گه‌وره لێی نووسرابوو (تكایه بێ خه‌نده‌و پێكه‌نین وه‌ره ژووره‌وه ). له‌و بازاڕه‌دا كڕیار‌و فرۆشیار به‌درێژایی ته‌مه‌نیان یه‌ك جار سه‌وداو مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد. فرۆشیاره‌كان حیكایه‌تخوانێكی لێزان و سه‌رنج ڕاكیش بوون، زۆر به سانایی كڕیاره‌كانیان داگیرده‌كرد. كاتێك كڕیاره‌كان سه‌ودایان له‌گه‌ڵ فرۆشیاره‌كان دهكردو ڕێكده‌كه‌وتن لهسهرچیرۆكی زامه‌كانی بیابان و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان. كڕیاره‌كان جه‌سته‌یان ده‌بوو به دوو گوێ بۆ بیستنی ئه‌و چیرۆكه مه‌رگ ئامێزانه. دوای گوێبیستی چیرۆكی ناڵه و گریانی ئه‌و شه‌وه‌ی بیابان كڕیاره‌كان به‌چاوی ئاوساو و لێزمه‌ی فرمیسك و سیمای پڕ له‌ژانه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌پرسه‌ی مه‌رگی خۆیانهاتبێتنهوه ئه‌وێیان به‌جێده‌هێشت و له‌گه‌ڵ فرۆشیارهكاندا سه‌ردانی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و زامه‌كانی بیابانیان دهكردو جارێكی دی سه‌ردانی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌یان نه‌ده‌كرد. ڕه‌نگه كڕیاره‌كان هێنده غه‌م بۆ ته‌مه‌نیان به‌س بووبێت.
پیره‌ژنه ده‌م و چاو خاڵاوییهكه له ژێر تیشكی شاقووڵی خۆری بیاباندا له‌فرۆشگا بێڕهونهقهكهی دانیشتبوو، فرۆشگایه‌ك ته‌نها فرۆشیارو دوو سێ مه‌تر زه‌وی لماوی لادیوارێكی بێ هاوسێ و شه‌ربه‌یه‌ك تا قوڵفی ملی ئاو سجنكراو. پیره‌ژنه‌كه ئاوا چیرۆكی گریانی ئه‌و شه‌وه‌ی بیابانی گێڕایه‌وه:
(له‌نیوه شه‌وێكدا دوای ساڵی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره بهڕۆژمێری جه‌نگ هاوارو قیژه‌و گریانێكی زۆر لهبیابانهوه ده‌گه‌یشته گوێی دانیشتووانی شارۆچكه‌كه، هاوارێك هێنده ترسناك و جه‌رگبڕ بوو هه‌ر له‌هاواری له‌خاچدانی عیسا ده‌چوو له‌كاتی ڕۆحكێشاندا. ئه‌و شه‌وه له‌م شارۆچكه‌یه‌دا كه‌س خه‌و له‌چاوانی نه‌كه‌وت ته‌نانه‌ت ئه‌و منداڵانه‌ش كه له‌ئامێزی دایكیاندا ئۆقره‌یان گرتبوو. تانزیكی پشكوتنی چاوی خۆر ده‌نگی چه‌كه‌كان و گریانی بیابان خامۆش نه‌بوو. یه‌كه‌م جاربوو بیابان ده‌نگی گریانێكی وای لێوه بهزبووبێتهوه مه‌گه‌ر سه‌رده‌می شه‌ڕی رووناكی و تاریكی. بۆ به‌یانی سیمای بیابان ده‌گۆڕێت و جێگه‌ی برینی قووڵ قووڵ له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌و ساڵه‌دا پیاوه‌كان و كوڕه‌كانمان كرابوونه جه‌للادی بچووك بچووك و له‌ژێر جه‌به‌روتی جه‌لادی گه‌وره‌دا نێردرابوون بۆ باكوور بۆ راوكردنی ئه‌و قوربانیانه‌ی كه له‌و شه‌وه‌دا له‌ناو ده‌ریای لماویی بیاباندا خنكێنران. لهشارۆچكهكهماندا پیره‌مێردێك كه‌ته‌مه‌نی له‌بیاباندا به‌سه‌ر بردبوو شه‌وێك دوای گریانی بیابان خه‌ون ده‌بینێ له‌خه‌ونیدا خودای گه‌وره بهجوبرهئیل ده‌ڵێت بچێت بۆبیابان و بزانێت ئه‌و هاوار و قیژه‌و گریانه چییه لهبیابانهوه دێت. به‌یانی له گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی خۆردا پیره‌مێرده‌كه له‌ماڵی خودادا دوای نوێژی به‌یانی خه‌ونه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه بۆ ئاماده‌بووانی ماڵی خودا و ده‌ڵێت دوێنێ شه‌و له خه‌ونه‌كه‌یدا بیابان بۆنی ڕیحانه‌و مێخه‌كی لێده‌هات. هێشتا ماڵی خودای چۆڵ نه‌كردبوو خوێنی ده‌ڕژن به‌سه‌ر كتێبه پیرۆزه‌كه‌ی ئامێزیدا وماڵی خودا‌ش به خوێنی سوور ده‌بێت).
كاتێك بڕیارمدا سه‌ردانی ئه‌و شارۆچكه‌یه بكه‌م دوای ئه‌ندێشه‌و خواستی ده‌ستكه‌وتنی پاوانهیهك بووم كه بێگومان بووم له‌بازاڕه بێڕهونهقهكهی شارۆچكه‌كه‌دا ده‌ستم ده‌كه‌وێت. ئه‌وێ بازاڕێك بوو كهمهرگی به‌و كڕیارانه ئاشنا دهكردكهسهردانیان ده‌كرد.
بهپیرهژنه ده‌م و چاو خاڵاوییهكهم وت: پاوانهیهكی زهنگۆڵهدارم ده‌وێت.
پێیوتم : كڕیارێكی سه‌یریت مه‌گه‌ر ئیزرائیل بزانێت پاوانهیهكی وا له‌كوێی بیاباندا ده‌ست ده‌كه‌وێت!
پێموت : دیاره ده‌بێت له كاتی ڕۆحكێشانمدا ئه‌و وه‌ڵامه‌م ده‌ستكه‌وێت.
چاوی سووری خۆر هێدی هێدی له ئامێزی بیاباندا ون ده‌بوو. كاتێك دوكانه تهپوتۆزاوییهكانی بازاره‌كه قوفڵیان له غهمهكانیان ده‌دا و داده‌خران و فرۆشیاره‌كان به‌ره‌و كولیتهكانیان ده‌بوونه‌وه من و ئه‌و به‌ره‌و بیابان ڕێمان كرد. ڕێكردن به‌ناو لمی بیاباندا له‌ژێر ئاسمانێكی كه‌م ڕۆشناییدا تا گه‌یشتن بهزامهكانی بیابان كارێكی سانا نه‌بوو. گه‌یشتن به‌گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و مه‌رگی ئه‌و هه‌موو مرۆڤه كه له‌ژێر لمی بیاباندا ئۆقره‌یان گرتبوو لهخهونێكی قورس و ترسناك ده‌چوو.
كاتێك ئاسمان بوو به‌چراخان و بیابان ڕووناك بووه‌وه ئێمه گه‌یشتین، بۆنی ڕیحانه‌و مێخه‌ك ده‌گه‌یشته عه‌رشی خودا. ئه‌و پێیوتم ئاگاداربم یاسای مه‌مله‌كه‌تی خامۆشان پێشێل نه‌كه‌م. داوایه‌كی سه‌یربوو، باسی چیده‌كات، نازانم، یاسای چی؟
له‌نێوان دووگردۆڵكهی لماویدا ڕاوه‌ستاین. پیره‌ژنه ده‌م وچاو خاڵاوییهكه پێیوتم ده‌بێت چاوه‌ڕێبین تاڕێگهمان پێده‌ده‌ن بچینه شوێنی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان.
پێموت : كێ ڕێگه‌مان پێده‌دات؟
پێیوتم : چاوه‌ڕوانبه.
چاوه‌ڕوانی… چاوه‌ڕوانی… چاوه‌ڕوانی له‌به‌رده‌م مه‌رگی ( ئای ئای و ئه‌وه‌ڵ سه‌حه‌ره‌و حه‌یران و قه‌تارو ئه‌لاوه‌یسی و ئه‌گه‌ر دنیا هه‌می گول بێت و له‌به‌رنازی چاوبازان و پاوانه‌كانی ده‌زرنگێته‌وه) ( چاوه‌ڕوانی له‌به‌رده‌م مه‌رگی یه‌كه‌م ژووان و دوو وسێ و ده و سه‌د).
– مۆڵه‌تیان داین بابڕۆین.
– چی، ها، بڕۆین مۆڵه‌ت، كێ؟
پاش كه‌مێك ڕێكردن به‌سه‌ر گردۆڵكهیهكدا سه‌ركه‌وتین، چیم دی خودایه ئه‌و هه‌موو ئێسكه په‌یكه‌ره‌ی مرۆڤ له ژێر لمی بیابانه‌وه ده‌هاتنه ده‌ره‌وه به‌جلوبه‌رگه ڕزیوه‌كانی به‌ریانه‌وه به‌ره‌و ڕۆشناییهك ڕێیان ده‌كرد كه له‌ئاسمانه‌وه دابارییه سهرگردۆڵكهیهكی لماوی. ڕۆشناییهك كهچاو نه‌یده‌توانی تێی بڕوانێت. كاتێك به‌ناو ڕۆشناییهكهدا گوزه‌ریان ده‌كرد له‌و دیو ڕۆشناییهكهوه به‌جلی ئاڵ واڵاو ده‌م به‌خه‌نده‌و پێكه‌نین و گۆرانی وتنه‌وه ده‌هاتنه‌ده‌ره‌وه.
– كاری من لێره‌دا كۆتایی دێت.
– ها، كۆتای كار، دێت!
– ده‌كرێت پرسیار بكه‌یت و به‌دوای خاوه‌نی پاوانهكهدا بگه‌ڕێیت.
– پرسیار!
– ئاگاداربه لهبووڵێی به‌یانیدا ئه‌م جیهانه كۆتایی دێت.
سه‌یرێكی چوارده‌وری خۆم كرد، چی ده‌بینم، بڕوام نه‌ده‌كرد به‌په‌نجه‌كانم چڕنوكم له‌جه‌سته‌ی خۆم ده‌گرت كهبزانم خه‌ونه‌یان نا. چڕینی ئاوازیك له‌دووره‌وه دههاتهگوێم (شه‌وه دنیا وه‌كو زولفت سیاپۆش- وه‌ره با ده‌ردی دڵ بكه‌ین فه‌رامۆش ).
– فه‌رموو كاكه.
– ها.
– فه‌رموو چیت ده‌وێت.
– نازانم، ده‌مه‌وێت ئه‌و ببینم.
– ئه‌و كێیه؟
– نێرگس.
– باشه وه‌ره له‌گه‌ڵم.
ده‌ستی گرتم به‌ره‌و ڕۆشناییه‌كه‌ی بردم، تا نزیك ده‌بوومه‌وه لهڕۆشناییهكه چاوه‌كانم توانای بینینیان له‌ده‌ست ده‌دا. كاتێك گه‌یشتین هه‌ستی بینینم له‌ده‌ستدا.
گویم لهدهنگیك بوو پێی وتم به‌دوای كێدا هاتوویت ده‌ته‌وێت كێ ببینیت؟
– ده‌مه‌وێت نێرگس ببینم.
– لێره ژماره‌یه‌كی زۆر نێرگسی لێیه.
– ئه‌و كه‌سه‌ی من ده‌مه‌وێت بیبینم پاوانهیهكی زیوی زه‌نگۆڵه‌داری له‌پێدایه.
– لێره هه‌موو كه‌س چیرۆكێكێكی هه‌یه به‌و چیرۆكه ده‌ناسرێته‌وه‌و كه له‌نامه‌ی كرداریدا تۆمار كراوه، چیرۆكی ئه‌و چییه؟
گوندێك له بناری شاخێكدا ئۆقره‌ی گرتبوو و له‌نێوان پێده‌شتی سه‌وزایی و گونده‌كه‌دا ڕووبارێك هه‌بوو دانیشتوانی گونده‌كه یه‌كه‌م ڕۆژی هه‌موو سه‌ری ساڵێك له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیاكان ئاگریاندهكردهوه ده‌یان كرد به‌جه‌ژن. پیره‌كان له‌ده‌ووری ئاگرێكی گه‌وره وێردیان ده‌خوێندو لاوه‌كان به‌گۆرانی وتن و تهمبوورلێدانهوه به‌ناو كۆڵانه‌كانی گونده‌كه‌دا تێده‌په‌ڕین و كچان ڕیحانه بارانیان ده‌كردن. ئه‌وێ دنیایه‌كی قه‌شه‌نگ بوو كه‌خودای گه‌وره ده‌یتوانی شانازی بكات به خوڵقێنراوهكانییهوه و به‌شه‌یتان بڵێت ئه‌وه خوڵقاندنی پڕ خۆشه‌ویستیی و میهری منه. له‌ڕۆژێكی سه‌ره‌تای ساڵی جوانیماندا له‌به‌رده‌م هاژه‌ی ڕووبار‌و گۆرانی و ڕیحانه باراندا نیگامان له‌گه‌ڵ نێرگسدا ئاوێته بوو. ئه‌و به‌به‌رچنه‌ی خه‌نده‌و ڕووبارێك خۆشه‌ویستییه‌وه ئاوێته‌ی ڕۆحم بوو، من بهپاوانهیهكی زیوی زه‌نگۆڵه داره‌وه كهقافلهی له عه‌رعه‌ر ده‌گێڕایه‌وه به ئاتهشگهیهك خۆشه‌ویستییه‌وه ئاوێزانی ڕۆژانی داهاتووی بووم.
چاوانم ڕووناكی تێكه‌وت و هه‌ستی بینینم بۆ گه‌ڕایه‌وه. هه‌ورێكی ڕۆشن به‌ری ئاسمانی بیابان داده‌گرێت و لێزمه‌ی رووناكی داده‌بارێت، ڕووناكییه‌ك كه له‌نووری خوادهچوو. ڕووناكییه‌ك بیابان ده‌كات بهپێدهشتێكی سه‌وزایی پڕ لهڕیحانهو نێرگس. دیتم پیره‌كان وێردیان ده‌خوێندو لاوه‌كان به‌ده‌م گۆرانی وتن و ته‌مبور لێدانه‌وه كۆڵانی سه‌وزی بیابانیان تهی دهكردو كچانی كه‌بۆنی هه‌رمێ و سێویان لێده‌هات ڕیحانهبارانیان ده‌كردن، ڕهوهباڵنده له‌ژێر لێزمه‌ی ڕووناكییدا به‌ره‌و باكوور كۆچیان ده‌كرد.
لهپیرێكم پرسی كه‌سه‌راپای ڕووناكی بوو خه‌نجه‌رێكی له‌به‌ر پشتوێنی نابوو له‌كوێ ده‌توانم نێرگس ببینم پاوانهیهكی زیوی زهنگوڵهداری له پێدایه. به‌په‌نجه ئاماژه‌ی بۆ باكووری ده‌شته ڕووناكییه‌كه كرد.
له‌ژێر تریفه‌ی ڕووناكی‌دا به‌ره‌وو باكوور چووم. دیتم خۆی بوو كراسێكی ئاودامانی ڕیحانه‌و تاجێك گوڵی نێرگسی له‌سه‌ر نابوو. كاتێك له‌به‌رامبه‌ر پاوانه‌ی قاچی و ڕووناكی باڵایدا ڕاوه‌ستام ده‌ستم بۆ درێژكرد، چاوانم قورس بوو پێڵوه‌كانم كه‌وته پرته پرت و زمانم له گۆ كه‌وت و هه‌ناسه‌م سواربوو. به‌ئاگاهاتم له‌ژێر تیشكی شاقووڵی خۆری بیاباندا جه‌سته‌م كه‌وتبووه سه‌ر ئاره‌قه‌یه‌كی گه‌رم و چاوانم توانای بینینی كزبوو.
كاتێك به‌ره‌و شارۆچكه‌كه گهراِمهوه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی پیره‌ژنه ده‌م وچاو خاڵاوییهكه بكه‌م مردبوو.