Skip to Content

Thursday, September 29th, 2022

چاوپێکەوتنی ڕووبەری داهێنان لەگەڵ شاعیر و نووسەر عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed

 

ڕووبەری داهێنان : ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌ق چین و پێتانوایه‌ نووسه‌رانی كورد چه‌نده‌ په‌یوه‌ست و سەركەوتوو بوون له‌ به‌كارهێنانی ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌ق له‌ناو ده‌قه‌كاندا؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرەتا کە ئەڵیین ڕەگەزەکانی دەق دیارە مەبەست دەقی ئەدەبییە. لێرەش ئەبێ هەڵوەستەیەکی تر بکەین چونکە دەقی ئەدەبیش چەندین جۆری هەیە و هەر جۆرەش ڕەگەز(Element  )ی هاوبەش و تایبەت بەخۆی هەیە. هەر بۆ نموونە چڵەپۆپە وەک ڕەگەزێکی چیرۆک و ڕۆمان مەرج نییە لەژانری شیعر بەکار بێت. ڕەگەزی گێڕانەوە، شیعری نوێی کوردی تێپەڕاندووە و ئێستا ڕەگەزێکی بنچینەیی ڕۆمان و چیرۆکە. بۆیە ئەو پرسیارە گشتییەی کە ئەڵێ ڕەگەزەکانی دەق چین لەڕاستیدا ئەتخاتە بەردەم نووسینی وتارێکی درێژ لەسەر دەق و ڕەگەزەکانی دەق. لەمسەری دەقی ئەدەبی لێوڕێژ لە خەیاڵ تا ئەوسەری دەقێکی زانستی.
بە تێگەیشتنی من ڕەگەزەکانی دەقی ئەدەبی ئەمانەن: گرێچنە، کارەکتەر، گۆشەنیگا، مەغزا(Theme )، شوێنکات، بونیاد، زمان، شێواز، میزاج، هێما،وێنە، لێکچواندن، ڕەمز، میتافۆر(خوازە)، لێکچواندنی دەنگی سەرەتای وشەکان، لێکچواندنی پیتە بزوێنەکان، وشە بژێری، دەربڕین، پارادۆکس(شیعردژوازی)، تەشەر، تەمومژ، (بونیادی داڕشتن)، کێش، سەروا، بەرز و نزمی دەنگ، کەسایەتی پێدان، زیاد پێوەنان.
بەبڕوای من ئەگەر بێتو دەقێک وەربگرین و بەسەر ڕەگەزەکانیدا ورد بکەینەوە و بەوردی بەشوێن دەستڕەنگینی و شارەزایی نووسەرەکەی بگەڕێین ئەوا ئەو کات دوور لەهەر ناهەقییەک بە دەقەکە و بە نووسەرەکە ئەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەو دەقە تا چ ڕادەیەک هونەری تیدا بەرجەستە کراوەتەوە و داهێنانی تێدا کراوە. ئەمە ئەو ئەرکەیە کەڕەخنەگر ئەنجامی ئەدات و لەو پرۆسەیەشدا دەقێکی تر لەدایک دەبێ پەیوەست بەدەقی یەکەمەوە. دەقی دووەم کە دەقی ڕەخنەی ئەدەبییە وەک بەرئەنجامی دەقی یەکەم دێتە بوون، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ڕەخنەگر چ میتۆدێکی فیکری بەکارهێناوە و سەر بە چ قوتابخانەیەکی فیکرییە. واتە شێوازی هەڵسەنگاندنی زانستی دەقی ئەدەبی لەڕووی تەکنیکی هونەرییەوە گەڕان و پشکنینە بەدوای ئەو ڕەگەزە ئەدەبییانەی کە جوانی دەبەخشنە دەق و چێژ دەبەخشنە خوێنەر. ئێمە ئەزانین دەق خوێندنەوەی جیا جیا هەڵئەگرێت. دەقی باش یان داهێنان دەکرێت زیاد لە خوێندنەوەیەکی بۆ ئەنجام بدرێت. دواجار ئەوە دەقەکەیە ڕەخنەگر دێنێتە سەر ئەو ڕایەی کەچۆن بیخوێنێتەوە. نووسەرانی کورد، ئەوانەی من بەرهەمەکانیانم خوێندۆتەوە تیایاندا هەیە ئاگاهانە لەدەقەکەیدا ئیشی لەسەر ڕەگەزەکانی دەق کردووە و خۆی پێوە ماندوو کردووە، هەشیانە بەپێی پێویست ئیشی لەسەر ئەو توخمانە نەکردووە. بەڵام ئەوەشمان لەیاد نەچێت کە ئەشێت دەقێک بەچڕی ئیش لەسەر ڕەگەزێک بکات زیاد لەڕەگەزەکانی تر. شیعری بەرگری بەچڕی ئیشی لەسەر مەغزا کردووە و ناوەڕۆکی بۆ مەبەست بووە تا شێوە وەک شیعرەکانی عەبدوڵا پەشێو و جەمیل ڕەنجبەر. لەتیف هەڵمەتی شاعیرشمان هەیە کە لەچەندین شیعردا کاری لەسەر هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنی ڕەگەزی شیعر کردووە. ئیدریس عەلی شاعیری لاو زۆر سەرکەوتووانە لەشیعریکدا سیفەتی کەسایەتی (Personification )بە هەڵەبجە دەدات. ڕەگەزی شوێن لای عەبدوڵا سەراجی چیرۆکنووس و جێگای بایەخە و خەیاڵ لای شیرکۆ بێکەس و کات لای شێرزاد حەسەن و زمان و خەیاڵ لای بەختیار عەلی و گێرانەوە لای کاروان عومەر کاکەسوور و وێنەی شیعری لای دلاوەر قەرەداغی و زۆری تر.
من لام وایە ئەو نووسەرانەی قوڵایی دەق نابینن و بایەخی ئەو ڕەگەزانە بەهەند وەرناگرن لەتوانایاندا نابێت دەقی داواکراو(مطلوب) بخەنە بەردەستی خوێنەران. من ئەتوانم لێرەدا بە دەیەها نموونە بهێنمەوە کە بەپێویستی نازانم چونکە ئەم دیدارە تایبەتە بە دەق و ڕەخنە و بواری ئەوەم نییە شیکردنەوە و ڕاڤە بۆ دەیەها و سەدەها دەق بکەم. ئەمە ئیشی ڕەخنە و ڕەخنەگری ئەدەبییە کەئەو ئیشە ئەنجام بدەن.


ڕووبەری داهێنان : كلتوور و ئایین وه‌ك دوو لایه‌نی په‌یوه‌ست به‌ ده‌قه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان به‌گشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌تایبه‌تی كاریگه‌ریان جێهێشتووه‌، پێتانوایه‌ كاریگه‌ری ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ده‌قی كوردی به‌ چ ئاڕاسته‌یه‌كدا بردووه‌؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئەگەر کلتوورمان لەڕوانگەی ئەو پێناسە هەمەلایەنەی مرۆڤناسی بەریتانی ئێدوارد بێرنت تایلەرەوە قەبووڵ بێت کە دەڵێت” کلتوور یانی ڕۆشنبیری و شارستانی لەگەڵ بوونی هەستی زانستی تەتبیقی مرۆڤ بەمانا گشتییەکەی بەپێی زانستی کۆمەڵگا سەرەتاییەکان بەکۆی تێكچڕژانەکان کە مەعریفە و باوەڕ و هونەر و ئەخلاق و یاسا و داب و نەریت و هەر توانا و نەریتێکی تر کە مرۆڤ بەو هۆیەی ئەندامی کۆمەڵگەیە ئەتوانێت بەدەستی بهێنێت، ئەگرێتەوە”. ئەم داب و نەریت و هونەر و ئەخلاق و باوەڕە ڕەگی خۆی بەتوندی لەناو خاكی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان دائەکوتێ و بەدرێژایی مێژوو شانبەشانی ئایین ڕۆڵی گەورەیان گێراوە لەشێوەپێدانی ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان. کلتووری کوردی کلتورێکی دڵڕەقانەی کۆمەڵگەیەکی نێرسالارییە کەمۆری خۆی لە گشت هەنگاوێک ناوە کە کۆمەڵی کوردەواری ویستویەتی هەڵی بهێنێ. شەڕ و توندوتیژی نێوان خێڵ و هۆز و بنەماڵەکان، ئافرەت و مەسەلەی خۆشەویستی و خۆ بەخاوەن ئافرەت زانین نەک لەبواری ڕوحی بەڵکو لەبواری جەستەیی و عەقڵی، کار دابەشکردن و پەروەردەی منداڵ و خێزان و کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانی تر کە هەموومان پێیان ئاشناین. دەقی ئەدەبی کوردی هەتا ئەم ساڵانەی دوایش هەر خەریکی بەرهەمهێنانەوەی شەڕ و توندوتیژی بوو وەک چەکێکی بەرگری لەدژی داگیرکردن و چەوسانەوە. ئەم کلتوورە کەبەکلتووری شۆڕشگێڕانە ناسراوە سێبەری خستبووە سەر ئەدەبی کوردی کە ئەتوانم بڵێم دەیەی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەیەی زێڕینی ئەو سێبەرخستنە سەرە بووە. ئەگەر کلتووری بەرگری کلتووری زاڵی سەر ئەدەب و هونەری کوردی بووە، ئەوا کلتووری پیاوسالاری و نێرسالاریش لایەکی ئەو مەیدانەی بەدەستەوە بووە. پیاوان هەروا بەئاسانی شوێنیان بۆ ژنان چۆڵ نەکردووە. بۆیە لەدەیەکانی شەستەکان و حەفتاکان تەنها چەند ژنێکی نووسەر هەبوون و ناویان دیارە لەوانە دکتۆر شوکریە ڕەسوڵ و دکتۆر کوردستان موکریانی و نەجیبە ئەحمەد و شیریک کاف و ئەحلام مەنسوور و ئەرخەوان. تەنانەت لەبواری هونەریشدا تا ئەمساڵ جگە لە گەزیزە عومەر هیچ ئافرەتێک نەیتوانیوە وەک دەرهێنەری شانۆ جی پێی خۆی لەگۆڕەپانی هونەری شانۆی کوردی قایم بکات. ڕیگری بەردەم باڵادەستی ژنان لەئەدەب و هونەر و بوارەکانی تری ژیان ئایین و عەقڵییەتی نێرسالاریی کۆمەڵگەی کوردی بووە. بۆیە ژنان ئێستاشی لەگەڵدابێ گیرۆدەی عەقڵییەتی کلتورێکی دژ بەخۆیانن، کلتوری شتە حەرامەکان و دوورکەوتنەوە لێیان وەکو سێکس و ئایین و دەسەڵات. ئەگەر چی دەسەڵات تا دێت کاڵتر ئەبێتەوە و ئەمڕۆ بەهۆی ئەو بارودۆخە تایبەتەی کۆمەڵگەی کوردستان زۆرترین قسەی لەبارەوە ئەکرێت. ئایینیش وەک بەشێکی جیانەکراوەی کەلەپووری مرۆڤایەتی جێدەستی دیارە. کلتور و ئایین دەقی کوردییان تووشی جۆرێک لە داخوازی کردووە. چونکە کۆمەڵێک مەرج دادەنێن بۆ دەق و ئازادی نووسەر. بانموونەیەک بێنینەوە تائێستا لەڕۆمانی کوردیدا شێوازێک نییە بەناوی ڕۆمانی ڕۆمانسی. کەتایبەت بێت بە ڕۆمانس و ئیرۆتیک و سێکس. لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ڕۆمانێکی لەو چەشنە زەنگێک لەلایەن کۆنەپەرستانی کۆمەڵگەوە لێدەدریت کەگوایە ئەمە دژ بە دابونەریت و ئەخلاق و کلتور و ئایینە. لەکاتێکدا لەوڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا  ئەم جۆرە ڕۆمانانە لەئاستێکی بەربڵاودا خوێنەری هەیە و پشتیوانی لێئەکرێت. من لەیادمە کاتی خۆی چیرۆکی”بەرد و خوێن”ی ئەمین میرزا کەریم و ڕۆمانی”نازە”ی ئیسماعیل ڕەسوڵ (هیوادارم ناوی ئەو بەڕێزەم بەهەڵە نەنووسیبێت) ساڵی 1980 بڵاو بوونەوە ئەوکات لەنێو گەنجان دەستاودەستیان پێئەکرا. نۆرا ڕۆبەرتسی ڕۆماننووسی ڕۆمانسی ئەمریکی  کە خاوەنی زیاتر لە دووسەد ڕۆمانی ڕۆمانسییە خاوەنی گروپێک لە خوێنەرانی سەوداسەری خۆیەتی کە بە (نۆراهۆلیک) ناسراون و ساڵانە خوێنەرەکانی لەگۆشە جیاجیاکانی دونیاوە ئەچن بۆ سەردانیکردنی نۆرا ڕۆبەرتس وەک ڕێزلێنانێک سەبارەت بەو کارە ڕۆمانسییانەی کە دەینووسێت. لای ئێمە لەکوردستان ئەگەر نووسەرێک ژن بێت یان پیاو ڕۆمانێکی سێکسی بنووسێت هەم داوای یاسایی لەسەر تۆمار ئەکرێت و هەمیش لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەیان ناو و ناتۆرەی ناشیرینی بۆ هەڵدەبەستن و سووک و ڕیسوای دەکەن. کەوابوو کلتوور و ئایین دەقی کوردی دووچاری دابڕان و گۆشەگیری کردووە لەو ڕەوتە ئەدەبی و شێوازە نووسینانەی کە کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی. ئایین و کلتووری کوردی هیچیان پێشکەش بە دەقی ئەدەبی کوردی نەکردووە و بگرە ڕێگریشن لە بەردەم داهێنای ئازادانەی ئەو سەدەها نووسەرە پیاو و ژنانەی کەڕەنگە بەنەمان و لابردنی ئەو ئاستەنگانە(ئایین و کلتوور) بتوانن دەقی زۆر جوان پێشکەش بە خوێنەری کورد و مرۆڤایەتی بکەن.

ڕووبەری داهێنان : هێشتا پیاوانی ئایینی له‌ كوردستان هه‌زمی كۆمه‌ڵێك ده‌ق ناكه‌ن و له‌گه‌ڵ خستنه‌ بازاڕی ئه‌و ده‌قانه‌وه‌ ده‌نگیان لێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ندێك جاریش فتوای كوشتنی نووسه‌ر ده‌ده‌ن، خوێندنه‌وه‌ی ئێوه‌ وه‌كو نووسه‌رێك بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ و ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی پیاوانی ئایینی كوردستان چۆنه‌؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : پێش هەموو شتێک ئەبێ ئەوەمان لا ڕوون بێت کە هەر کاتێک چینێک یان توێژێکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە لەبەرامبەر دەقێکی ئەدەبیدا دەنگیان لێبەرز ببێتەوە مانای وایە ئازادی لەژێر پرسیاردایە. بەمانایەکی تر وەختێک پیاوانی ئاینی هەزمی کۆمەڵێ دەقی ئەدەبی ناکەن ئەوە گرفتی ئەو بەڕێزانەیە خۆیانە و ئەوانیش بە سوود وەرگرتن لەو بۆشاییەی کەلەفەزای ئازادیدا هەیە دەنگیان بەرز ئەکەنەوە و نەک هەر ناڕەزایی دەرئەبڕن بەڵکو هەندێکجار ناڕەزایەتییەکە هەڵکشاوە بۆ فەتوا و تەنانەت هاندانی خەڵک لەڕێگەی مینبەری مزگەوتەکانەوە بۆ کوشتنی نووسەر و کاری توندوتیژی وەک ئەوەی لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بینیمان. من ڕام وایە ئەو دەقانەی کە لەڕێگەی مەجازەوە خودا دەدوێنێ یان هەندێجار ڕاستەوخۆ لەڕێی خەیاڵەوە کۆنسێپتەکانی ئایین نیشان ئەدا و یان ئەیخاتە ژێر پرسیارەوە مافێکی بێئەملاوئەولای هەر نووسەرێکە و قسەکردنیان لەسەر نییە. چونکە ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە ڕێکبکەوین کە دەقی ئەدەبی وەک کارێکی دا‌هێنان کاتێک بەئەنجام ئەگات کەنووسەر لەوپەڕی ئازادی خۆیدا خەیاڵی خستبێتە گەڕ تا بتوانی پرۆسەی داهێنان ئەنجام بدات، ئیتر ڕێگری لەو پرۆسەیە ڕێگرییە لە ئازادی. بۆیە هەرکاتێک پیاوانی ئایینی لەسەر ئازادی بەکارهێنانی خودی خەیاڵی شاعیرێک یان چیرۆکنووسێک  ناڕەزایی دەردەبڕن پێی بزانن یان نا کەوتوونەتە وێزەی ئازادی و خراپ بەکارهێنانی ئازادی. مامۆستایانی ئایینی مافیان نییە لەبەرامبەر هیچ دەقێکدا جا ناوەڕۆکەکەی هەرچییەک بێت لەڕێرەوی ئاسایی ئەرکەکانی خۆیان لابدەن. ئەو بەڕێزانە هیچ مافێکیان نییە بڕیاری سەندنەوەی مافی ژیان لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بدەن. من ئەڵێم نووسەران ئازادن چی ئەنووسن و چۆن باسی خودا ئەکەن و کڕنۆشی بۆ ئەبەن یان نا، ئازادن باسی لەشی مرۆڤ و وشەگەلی کێر یان قوز یان مەمک یان ڕان بکەن، ئازادن تەنانەت پرۆسەی جووتبوونی نێر و مێ لە دەقدا بوروژێنن بێ ئەوەی کەس پێیان بڵێ بەری چاوتان کلی پێوەیە. هەر وەک چۆن ئەو مامۆستایەش ئەگەر ڕۆژانە بەچ شێوازێک نوێژ و دوعا و زیکر و تەهلیلە ئەکات بێ ئەوەی کەس مافی هەبێت بڵێ بۆ وا نوێژ ئەکەی بۆ بەم شێوەیە دوعا ئەکەیت. بە بۆچوونی من لەباشووری کوردستان هێشتا شێوازی ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤەکان نەیتوانیوە لەڕووی یاساوە بەئاکام بگات. ئێوە بڕوانن لەباشووری کوردستان هیچ میدیایەک و هیچ بەرپرسێکی سیاسی و سەربازی نییە باسی سەروەری یاسا نەکات بەڵام ئەوەی سەروەر نەبێت یاسایە لە کوردستان. ئەگەر یاسا سەروەر بێت مەلایەک چۆن ئەتوانێت فەتوای تیرۆری کۆمەڵایەتی شاعیرێک یان ئەدیبێک دەربکات؟ ئەگەر یاسا بۆ هەمووان وەکو یەک سەروەر بێت ژنە چیرۆکنووسێک بۆ ئەترسێت باسی سێکس بکات لەچیرۆکەکەی؟ من هێشتا چۆڵەوانییەکی بەرفراوانی مەعریفی و بیابانێکی کاکی بەکاکی کۆمەڵایەتی گەورە دەبینم لەپشت ئەو دەستەواژانەی کەلەکوردستاندا وەک بنێشتە خۆشەی بن ددانی میدیا و سیاسەتمەدارانی کورد دەوترێنەوە لەچەشنی سەروەری یاسا و ئازادی و مافی هاوڵاتیبوون.


 ڕووبەری داهێنان : ئامادەنەبوونی میتۆد لە گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی تاچەند كاریگەری لەسەر لاوازبوونی گوتاری ڕەخنەیی لە ئەدەبی كوردیدا هەیە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : کەباس لە میتۆد دەکرێت لە گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی کوردی هەست ئەکەیت ڕەخنەی ئەدەبی کوردی  بەتاڵە لەهەر میتۆدێک. بەڵام لەهەقیقەتدا وا نییە. ڕەخنەی ئەدەبی کوردی هەمیشە میتۆدیکی بەدەستەوە بووە بۆ خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی دەق. بەڵام بەدەستەوەگرتنی ئەو میتۆدانە سەراپاگیر نەبووە و زیاتی کۆششی تاکەکەسیی ( Individual ) بووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە ڕەخنەگری ئەدەبی کوردی بەپێی ئەو ئایدۆلۆژیایەی بڕوای پێبووە هاتووە دەقی ئەدەبی پێ لێکداوەتەوە و لەم گۆشەنیگایەشەوە ڕەتی کردۆتەوە یان ستایشی کردووە. بەواتایەکی تر ڕەخنەگری ئەدەبی یان هاتووە خەریکی کەشفی بەرژەوەندییە گشتییەکان بووە یان دەقەکەی وەلا ناوە و خەریکی نووسەرەکە بووە. دیارە ئاشکراشە کە ڕەخنەیەک لەسەر ئەم دیدگایانەوە بنیاد بنرێت پەیگیر نابێت و توانای بەرەوپێشچوونی نابێت. ڕێبازە تیئۆری و ڕەخنەییەکان زۆرن لەچەشنی ڕەخنەی ترادیسیۆنی و ڕەخنەی نوێ، ڕەخنەی ڕەوانبێژی، ڕەخنەی پۆست کۆلۆنیالیزم، ڕەخنەی وجودی، ڕەخنەی دیاردەگەرایی و لێکدانەوە، ڕەخنەی شێوەخوازی ڕوسی، ڕەخنەی تەلیعیەکان و سوریالیزم و دادایزم، ڕەخنەی میتافۆری(خوازەیی)، ڕەخنەی بونیادگەری، ڕەخنەی پاش بونیادگەری و( هەڵوەشانەوە) و ڕەخنەی پۆستمۆدرینیزم، ڕەخنەی هەڵوێستی خوێنەر، ڕەخنەی تیۆری ئەفسانە، ڕەخنەی فرۆیدیزم (دەروونشیکاری)، ڕەخنەی جەنگی ( داهێنەری ئەم شێوازە کارڵ جەنگە1875 – 1961)، ڕەخنەی مێژوویی نوێ، ڕەخنەی کۆمەڵناسی، ڕەخنەی مارکسیستی، ڕەخنەی مۆڕالیستی یان ڕەوشتناسی، ڕەخنەی فیمینیزم.
هەموو دەزانین کە پرۆسەی خوڵقاندنی دەق پرۆسەی خستنەکاری ئازادی ئیرادە و عەقڵ و خەیاڵە و ئەدەبیش وەک ڕۆلان بارت ئەڵێت”پرسیاریکە وەڵامی لێدەربچێت” . ڕەخنەگری ئەدەبی کوردی لەدەرەوەی ئەم پێناسە و تێگەیشتنەوە خوڵقاندنی دەقی ئەدەبی وەک پرۆسەی هەڵویستگیری بەیان کردووە. ڕەخنەگری ئەدەبی کوردی بێئاگا بووە لەو میتۆد و ڕێبازە فکرییانەی خۆرئاوا، ئەگەر ئاگاشی لێبووبێت ئاگالێبوونێکی ڕووکەشانە یان ئیندیڤیجواڵانە بووە. ئەم بێئاگاییە کاریگەری زۆری داناوە بەسەر لاوازبوونی گوتاری ڕەخنەیی. چونکە لەو پرۆسەیەدا ئەوەی گرنگ نەبێت جوانی و بەهایە. ڕەخنەی سیاسی کاری لەسەر کوشتنی جوانییەکانی ژیان و ئەدەب کردووە.  لەو ڕەخنەیە ئایدۆلۆژیا سەنگی مەحەکی لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە ئەدەبی و هونەرییەکانە. ئیتر ئەو ڕەخنەیە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بووبێت یان ناسیونالیست.
ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کە نەیتوانیوە شیعری کلاسیکی کوردی بخوێنێتەوە، کەنەیتوانیوە خوێندنەوەی وردی بۆ کلتوور هەبێت، کەنەیتوانیوە تەکان بە بزووتنەوەی ئەدەبی بدات، هۆیەکەی دوورە دەستیی بووە لە گەشەی ڕێبازە فیکرییەکانی خۆرئاوا. ڕەخنەی ئەدەبی بۆ ئەوەی بتوانێ ڕۆڵی کارا بگێرێت ئەبێت ئەو ڕابردووەی خۆی جێبێڵێ کە بەبڕوای من تا ڕادەیەکیش هەنگاوی هەڵهێناوە بۆ جێهێشتنی ئەو ڕابردووە.

 ڕووبەری داهێنان : خودی ڕەخنەی ئەدەبی لە كوردستان هەمیشە ڕەخنەی لەسەر بووە، پێتانوایە فاكتەرەكان كامانەن كە بەربەست بوون لەوەی تائێستا كورد نەیتوانیوە خاوەنی ڕەخنەیەكی ئەدەبی جدی بێت؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئێمە چونکە لەلایەکەوە خوێندنەوەیەکی وردمان بۆ مێژووی ئەدەبی کوردی نییە و بەچاکی ئاگاداری ڕەوتی بەرەوپێشچوونی بزووتنەوە فیکرییەکانی خۆرئاوا نین، بۆیە ئەدەبی کوردی نەیتوانی ئەو هەنگاوە پێویستە بنێت. لەلایەکی ترەوە ئێمە بەرهەمهاتووی هەلومەرجێکی تایبەتی سیاسین بۆیە بەهیچ ڕازی نین و هەمیشەش خۆمان وەک بەرچاوڕوونێکی بێوێنە دێتە بەرچاو و وا ئەزانین ئێمەی خوێنەر لەسەرەوەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردییەوەین. بۆیە پێمان وایە ئەو نووسینەی نەبێتە مایەی ڕازەمەندیمان ئەوە ئیتر ڕەخنە نییە. ئەم بەسووک تەماشاکردنەی ڕەخنەی ئەدەبی سەرچاوەکەی ئەو بارودۆخە تایبەتەی کورد بووە کەپێیدا تێپەڕ بووە. تا کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمیش ئەتوانم بڵێم ڕەخنەی ئەدەبی کوردی دەقی ئەدەبی کوردی بەتەرازووی سیاسی و بەرژەوەندی نەتەوەیی کێشاوە و هەڵسەنگاندووە. لەجیهانبینی ئەو شێوازە ڕەخنەیەدا هونەر و ئیستاتیکا ئەو جێگا گرنگەی نەبووە لەچاو ناوەڕۆک و بەرژەوەندی نەتەوایەتی. بۆیە ئەو جۆرە ڕەخنەیە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکە و بەرەوپێچوونی ئەدەبی کوردی تووشی پووکانەوە هات و ئەو کەفوکوڵییەی کەجاران هەیبوو، نەیما. لەملاشەوە ئەدەبی کوردی توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی نەبوو کەدووچاری ببوو و بۆیە تووشی جۆرێک لە کولبوون یان سستی هات. بە بۆچوونی من ڕەخنەی ئەدەبی کە نەیتوانیوە بەکاری خۆی هەستێت هۆکارەکانی ئەتوانین بەم شێوەیە بیخەینە ڕوو:
یەک : تا دوو دەیە پێش ئێستاش ڕەخنەی ئەدەبی کوردی نەیتوانیبوو وابەستەیی هیچ قوتابخانەیەکی فیکری – تیئۆری بێت جگە لە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی واقیعیەتی سۆشیالیستی و ڕەوتی ناسیونالیستی. بەواتایەکی تر ئەتوانم بڵێم تەنها ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و ڕەخنەی سیاسی ناسیونالیستی بووە کە دەیەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی نەخشاندووە. بەڵام لەکۆتایی هەشتاکان بەدواوە کۆمەڵی هەوڵ یان ڕەخنەی پراکتیکی ئەبینرێن و دواتریش لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا خۆیان لە گروپی ڕەهەند ڕێکدەخەن و بەگشتی ئیش لەسەر گوێزانەوەی چەمک و فیکری خۆرئاوا ئەکەن بۆ ناو گۆرەپانی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی کەتا ئەم ساتەش درێژەی هەیە.
دوو : هەمیشە ململانە سیاسییەکان لەڕیزی پێشەوەی ئەولەویاتی ڕەخنەی ئەدەبی کوردییەوە بوونە. هەڵوێستگیری لەپلەی یەکەمدا بووە بۆ هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکان. ڕەخنەی ئەدەبی کوردی قەبوڵکردن و ڕەتکردنەوەی هەر دەقێکی سپاردووە بەهەڵوێستی نووسەرەکەوە. لێرەشەوە جێی خۆیەتی ئەوەش بڵێم کە چەندین دەقی ئەدەبی جوان لەدەرەوەی ململانێیە سیاسییەکان کەوتوونەتە دەرەوەی ئاوڕدانەوەی ڕەخنە و تەنانەت تا سەر ئێسک فەرامۆشکراون.
سێ : سەرچاوە مەعریفییەکانی ڕەخنەگر بریتی بوونە لەو سەرچاوانەی کە ڕۆشنبیرانی فارس و عەرەب  خستویانەتە بەردەست. ڕەخنەگرەکانی کورد هەر ئەو نووسەر و ئەدیبانە بوون کە خەریکی ئەفراندن بوون و سەرباری بایەخی تایبەتییان بە شیعر یان چیرۆک ڕەخنەشیان نووسیوە. بۆیە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی نەیتوانیوە ڕەخنەگر بەرهەم بهێنێت، ئەوەی هەشبووە ڕەخنەگری لۆکاڵ بووە و زۆر دوور بووە لە بونیادی یونیڤێرساڵی.
چوار : هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ژێردەستەیی کورد و چەوسانەوەی نەتەوایەتی و چینایەتی کە زەمینەیەکی ناتەندروستی وای خوڵقاندبوو کە نزیکبوونەوە لەو سەرچاوە مەعریفیانە تەنها وەک ئارەزوو دەبینران نەک وەک مەرجی گەشە و هەناسەی ڕەخنە. ئەمەش وای کردبوو سیاسییەکانمان بەئاسانی بتوانن کاری ڕەخنەگر ئەنجام بدەن و تێڕوانینی سیاسیان وەک ئامڕازی ڕەخنە بگرنە دەست بۆ شرۆڤە و ڕاڤەی دەقی ئەدەبی.
ئیتر نەک هەر ڕەخنەی ئەدەبی بەڵکو سەرجەم ئەدەب لەبەردەم وەڵامدانەوە بەئەرکەکانی ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر کۆمەڵگایەک بەها سیاسییەکانی لێزەوتکرابێت و حیزبی سیاسی خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیە بێت کەلەئەنجامی ئامادەنەبوونی ئازادی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە، ئیتر ڕەخنە چلۆن دەتوانێ لەو کەش و هەوایە گەشەبکات و بەرەو پێش بچێت. پرسیارگەلێکی گرنگ لەو هەلومەرجە تایبەتەدا ئەوەیە ئەرکی گەوهەری ئەمڕۆی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی چییە؟ ئایا ڕەخنەی ئەدەبی کوردی لە بارودۆخێکی ئاوا تایبەتدا ئەتوانێت بەردەوام ڕەخنەگری جیددی بەرهەم بهێنیت؟ ڕەخنەی ئەدەبی کوردی چۆن لەو دۆخە قەیراناوییە دێتە دەرێ و چۆن لەسەر قاچی خۆی ئەوەستێت. ڕۆڵی خوێنەری کورد لە بنیادنان و بەهێزکردنی ڕەخنەی ئەدەبی کوردیدا چییە؟ هاوکێشەی دەق و نووسەر و خوێنەر لە چ ئاستێکی پێویستی گەشەی بزووتنەوەی ئەدەبی کوردییەوەن و گەلێ پرسیاری تریش کەدەتوانرێت وەک پێشمەرجی هەنگاونانی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بەرەو پێشەوە چاو لێبکرێن.


ڕووبەری داهێنان : بۆچی ڕەخنەگر كاری جدی لەسەر ئەو هەموو دەقە كرچ و كاڵانە نەكردووە كە جۆرێك لە سەرلێشێوانیان بۆ خوێنەری كورد درووست كردووە، ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، پێتانوایە چارەنووسی دەق بەم هەموو كارە بێ كەڵكەوە بەرەو چ ئاقارێك هەنگاو هەڵدەگرێت؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : دیاردەی دەقی کاڵ و کرچ و بڵاوکردنەوەی بێشووماری دەقی لاواز هەقیقەتێکە کەس ناتوانێت نکووڵی لێبکات. تۆ ئەگەر دەمی هەر نووسەرێک بکەیتەوە ناسراو و نەناسراو، داهێنەر و ناداهێنەر ئەڵێت لافاوێک لە بەرهەمی ناداهێنەر هەفتانە یان مانگانە لەڕۆژنامە و گۆڤارو و سایتە ئەلەکترۆنییەکاندا بڵاو دەبنەوە”. بەڵام کێ بەرپرسیارە لەو بارودۆخە نووسەر یان ڕۆژنامەکان، یان ڕەخنەی ئەدەبی؟ من پێموایە بەرپرسیارەتییەکە لەئەستۆی هەرسێکیانە. لایەکی بەرپرسیارەتییەکە لەئەستۆی نووسەرە چونکە نووسەر بەهەر هۆیەک بێت نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانێ لەپرۆسەی داهێنان بگات و دەقی جوان پێشکەش بکات. نووسەر هێشتا لەو ئاستەدا نییە بتوانێ بەرهەمی چێژبەخش بنووسێت و ڕێز بۆ دەق و خوێنەر بگێڕێتەوە. ئەو دەقنووسانەی کەخەریکی بەرهەمهێنانی دەقی لاوازن باشترین خزمەت بە ئەدەبی کوردی ئەکەن ئەگەر بتوانن وردتر بیر بکەنەوە و پەلە نەکەن لەبڵاوکردنەوە و کاتی زیاتر بۆ دەقەکانیان تەرخان بکەن و نەفەس درێژی لەخۆیان نیشان بدەن. بەشێکی تری بەرپرسیاریەتەکە لەئەستۆی  ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانە چونکە ئەو شوێنانە بەمیزاجی سەرنووسەرەکە یان بەڕێوەبەری سایتەکە بەرهەم هەڵئەسەنگێنرێ و هەندێ گۆڤار و ڕۆژنامەش لەهەوڵی ئەوەشدان لاپەڕەکانیان پڕبکەنەوە. من تا بواری خوێندنەوەی ڕێم ئەدات پێموایە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان هەندێ ئیلتزامی زیاتریان هەیە وەک لە سایتە گشتییەکان. ( دیارە مەبەست لە سایتە گشتییەکان ئەو سایتانە ئەگرێتەوە کەبەرهەمی ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکری بۆ نووسەران بڵاو ئەکەنەوە ، نەک سایتە شەخسییەکان) چونکە ئەوە ڕاستە لەو سایتانە سانسۆر نییە و ئازادییەکی لەبەردڵان لەبڵاوکردنەوە هەیە، بۆیە گەلێ بەرهەمی ناکامڵ و دوور لەچێژ بڵاو دەبنەوە.  ڕەخنەش بەشێکی بەرپرسیارەتی دەکەوێتە ئەستۆ چونکە بەهیچ شێوەیەک لای لەم مەسەلەیە نەکردۆتەوە. لەپانتایی نووسین و ڕەخنەی ئەدەبیدا ئێستاش ئەو عەقڵییەتە برەوی هەیە کە ئەڵێت من چۆن ئەچم لەسەر ئەو شیعرە یان چیرۆکە یان ڕۆمانە لاوازە ئەنووسم، یان ئەو نووسەرانە خۆیان چین تا من ئیعتباریان بدەمێ. ئەم تێڕوانینە تاسەر ئێسک لەخۆباییبوون تێیدا شەپۆڵ ئەدات و بەئەندازەی لووتبەرزی ئەو ڕەخنەگرە یان ئەو نووسەرە خاوەن دەنگە، کۆنەپەرستانە و دژ بە پێشکەوتنە. ڕەخنەگەری جیددی مەبەستییەتی یارمەتی نووسەر بدات بۆ پێشخستنی پۆزەتیڤانەی کارەکەی. زۆربەی نووسەرانی کورد زیاد لە کایەیەک ئیش ئەکەن ئیتر شیعر و چیرۆک بێت، یان شیعر و ڕۆمان. یان چیرۆک و شانۆ، تاد. ڕەخنەی ئەدەبی ئەتوانێت ئەو کۆمەکییە بە نووسەران بکات و ئەو تواناییەی نووسەر ببینێت کەئەتوانێ لەبوارێکی تایبەتدا بەرهەمی جوان دابهێنێت. ئەوەی ولیەم تۆپاز مەکگۆناگاڵ 1830 – 1902  وەک خراپترین شاعیر لە مێژووی بەریتانیا کە نزیکەی 200 شیعری نووسیەوە بە خوێنەرانی بەریتانیا و دونیا ئاشنا کرد ڕەخنەی ئەدەبی بوو. یەکێک لە کەموکوڕییەکانی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی فەرامۆشکردنی ئەو دەقە پێنەگەیشتووانەی نێو جیهانی بڵاوکردنەوەی کوردین و ئاور لێ نەدانەوەیانە.. ڕەخنە بەکاری خۆی نەزانیوە و نازانێت کە ئەرکییەتی خوێنەری کورد لەو سەرلێشێواویە ڕزگار بکات کە خۆت گووتەنی ئەو دەقانە خوێنەری کوردیان تووشی سەرلێشێواوی کردووە. ڕەخنەی کوردی بەبڕوای من تائێستا بۆ لای خوێنەر نەگەڕاوەتەوە. ڕەخنەی کوردی لە دوو سێ دەیەی ڕابردوودا بەدڵی خۆی ئیشی لەدەر دەق و نووسەر کردووە بەڵام ئاوڕی لەخوێنەر نەداتەوە. من ئەوەش ئەڵێم لەپانتایی دونیای بڵاوکردنەوە و حەشاماتی دەقی لاواز و نووسەرانی زۆروزەبەندی کورددا تەنها چەند دەنگێکی بەتوانا ئەتوانن ئەم بارودۆخە ببڕن و لەم قەیرانە ڕزگاریان بێت.

ڕووبەری داهێنان : پێتانوایە ڕەخنە لەسەر دەقی باش یان خراپ زیاتر دەتوانێت شوێن پەنجەی خۆی دابنێت و خۆی بونیاد بنێت؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : دەقی ئەدەبی چ باش بێت یان خراپ بێت دواجار دەقە و خراوەتە بەردەم خوێنەر و ئەرکی ڕەخنەیە لەوێستگە جیاجیاکاندا بەسەریان بکاتەوە. ئەدەبی کوردی دەقی جوانی هێندە تێدایە کە ڕەخنە بتوانێت ئیشی لەسەر بکات و هێندەش دەقی خراپ بڵاو دەبنەوە کە ڕەخنە بتوانێ وەڵامیان بداتەوە و ڕاڤەیان بکات  یان باشتر بڵێم بتوانێ وەریان بگێڕێتە سەر زمانی خوێنەران و تێبکۆشێ بۆ ڕاستکردنەوەی چێژی خوێنەر. دەقی خراپ جوانی تێیدا وێڵە و کار لەچێژی خوێنەر ئەکات و ئەو چێژە ئەشێوێنێت. ئەوە ڕەخنەی ئەدەبییە هەوڵی ڕاستکردنەوەی چێژی خوێنەر ئەدات. ماڵکەم ئێکس ڕەشپێستی ئەمریکی ئەڵێت” ئەگەر ڕەخنەگرت نەبێت ئەوا سەرکەوتنیشت نابێت” یان وەک ڕۆماننووسی ئەمریکی ولیەم گیلمۆر ئەڵێت ” ترس لە ڕەخنە، مردنی بلیمەتە”.ڕەخنەی ئەدەبی ئەتوانێت لەناو سەرجەم بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی چالاکییەکانی خۆی ئەنجام بدات. ڕەخنەی ئەدەبی ئەتوانێ لەسەر دەقی ئەدەبی جوانەوە هەوڵی دۆزینەوەی نهێنییەکانی دەق بدات و دیوی پشتەوەی وشە و دێرەکان ببینێت و ئەو پرسیارانە بوروژێنیت کە ئەبێت بوروژێن. لەهەمان کاتیشدا ئەتوانێت میکانیزمێک بدۆزیتەوە بۆ ڕاڤەکردن و خوێندنەوەی ئەو دەقانەی کەبەناچار دەبێ شانی بداتە بەر. ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ئەبێ زۆر جەسوورانە ئەو دەقە ناکامڵ و پێنەگەیشتوانەی کە ڕۆژانە لەسەر رووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەبینرێن لەڕووی زمانەوە شیبکاتەوە و ئینجا دەقەکە لەت بکات و شتی تازەی لێدروست بکات و پاشانیش قسە بۆ دەقەکە بکا و نووسەرەکەش بخاتە بەردەم ئەو ڕاستییەی کەڕێز لە خوێنەر و دەق بگرێت. لێرەدا مەبەستم ئەرکی ڕەخنەیە، نەک شکاندنی نووسەر و تیرۆری کەسایەتی نووسەر لەسەر حیسابی ڕەخنە. هەروەها ئەبێ ئەو دیاردە بێتامەشمان لەبیر نەچێت کە ڕەخنەگرێک هاوڕێیەتی و خزمایەتی و ناسیاوی و سیاسی و شتیتر لەبەرچاو ئەگرێت و دەقی ئەو کەسانە هەڵئەبژێرێت کە هاوڕێی خۆین و بەپەیمانێکی نهێنی ئەخلاقی لەسەر یەکتر ئەنووسن تا ناو وناوبانگی یەکتر بەرجەستەتر بکەنەوە. خوێنەری زیرەک بەهەڵدانەوەی لاپەڕەکانی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی چەند ساڵی ڕابردوو دەتوانێ چەندین نموونە بۆ ئەم دیاردە ناشرینە بهێنێتەوە کە جگە لەناشرینکردنی خۆیان و هەڵخەڵەتاندنی خوێنەرانی سادە هیچی تری بۆ ڕەخنە و ئەدەبی کوردی تێدا نییە. لێرەدا بەشێوەیەکی گشتی مەبەستم ئەوەیە کە ڕەخنە لەئەرکە جەوهەرییەکەی بەتاڵ ئەکرێتەوە. چونکە ڕەخنەگران وەکو دروستکەری دەقی دووەم، داهێنەرن و خاوەن دەقێکی تازەن و کۆمەڵێ بەرپرسیارەتی ئەخلاقیان لەسەرە. لەهەمان کاتیشدا دڵڕەقی ڕەخنە و ڕەخنەگرانیش بەدرێژایی مێژوو و لە ئەدەبی گەلانیشدا بوونی هەبووە و هەیە. ئێدوارد ئەلبی گەورە شانۆنامەنووسی ئەمریکی ئەڵێ” جیاوازی لەنێوان بینەرانی شانۆ و ڕەخنەگران ئەوەیە کە یەکەمیان کۆمەڵێ مرۆڤن ودووەمیان مرۆڤ نین”. یان وەک شاعیر و ڕەخنەگری بەریتانی سامۆئیل جۆنسۆن ئەڵێت” ڕەخنەگرانیش وەکو باقی مرۆڤەکانی تر گەلێکجار بەرژەوەندی لەخشتەیان ئەبات”. من جارێکیتر جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ئەتوانێ لەسەر هەردوو دەقی باش و خراپ خۆی بنیاد بنێت و مێژوویەکی نوی بۆ خۆی تۆمار بکات.

ڤانکۆڤەر – کەنەدا
ئازاری 2011

Previous
Next