ئەوانەکێن کەسوکایەتی بە ڕاپەڕینە جەماوەری یەکانی خەڵک ئەکەن ؟
پاش تێپەڕبوونی ٥٣ ڕۆژ بە سەر خۆپیشاندان وناڕەزایەتی یە جەماوەری یە بەرهەقەکانی سەرای ئازادی شاری سلێمانی و دواتریش برپابوونی لەشارەکانی تریشدا ، ئەمڕاپەڕینەجەماوەری یە نوێ وشکۆدارانەی شارەکانی کوردستان بەکۆمەڵێک ئەزمون و بەسەرهاتی جۆربەجۆردا تێپەڕیوەو ، لە هەموشیان ناخۆشتر گیان لە دەستدانی ژمارەیەکی زۆرلە گەنجان ولاوانی ئازادیخواز وتێکۆشەری سەر بەم جەماوەرە ستەملێکراو بەشمەینەتە، بەم شێوەیە ئەم بزوتنەوەی خۆپیشاندانانە چووە قۆناغێکی تازەترەوە.
بەدرێژایی ئەمماوەیەو بەشێوەیەکی سیستماتیک ولەسەر بناغەی بەرژەوەندی یەکانی تەواوی ئەوکەسایەتی یە خاوەن سەرمایە و بەرژەوەندی لەهێشتنەوەی ئەم هەلومەرجە ناهەموارو پڕ لەچەوساندنەوەو بێ مافی یەی ژیانی خەڵکانێکی بەرین لەزۆرینەی جەماوەری کوردستان ، وەلەو ڕوانگیەوە دەستیاندایە بڵاوکردنەوەو بەکەم بایەخ نیشاندان وچەندین زاراوەو قسەی ناشیرین بەرامبەر بەم جەماوەرە کەهاتۆتە سەرپێ وداوای کۆتایی بەم ژیانە ئەکەن .
دامودەزگا وڕاگەیاندنی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار لەیەکێتی وپارتی وهەموو ئەوهێزو لایەنە سیاسی یانەی تر کەبەرژەوەندیان لەگەڵ ئەم ئەزمونەو لە گەڵ ئەم دەسەڵاتداری یەتی یەدا هەیە، نووکی ڕمی تەبلیغاتەکانیان ئاراستەی ئەم جەماوەرە ڕاپەڕیوە کردووە. وبە هەرشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاسەوخۆ لەهەوڵی ئەوەدابوون وهەن کەلەبایەخی ئەم ناڕەزایەتی یانە کەم بکەنەوەو بەبێ بایەخ ناوزەدی بکەن وە وەک بەشێک لەکاری تێکدەرانەو وگێرە شێوێنی و وابەستە بەحیزبی بەعس و تیرۆریستەکان ، هه روەها ڕەنگدانەوەی ئەم تەبلیغاتانە لەسەر ئاستی شەقام و تاکە کەسەکان گەیشتۆتە سوکایەتی بە کەسانی بەشداربوو لەخۆپیشاندانەکاندا وە وەک کەسانی بێ بایەخ وناشایەستە ناوزەد ئەکرێن.
هەروەها دەسەڵاتداران ومێدیاکانیان هەمیشە کاربۆ ئەوەئەکەن کەبەرەی خۆپیشاندەران بکەن بە چەند بەشێکەوە و لە هەوڵی نانەوەو دروستکردنی دوو بەرەکی لەناو ڕیزەکانی خۆپیشاندەراندا، وە کارلە سەر ئەوە ئەکەن کەئەم خۆپیشاندانانە لە ژێر چاودێری ئەم لایەن یان ئەولایەنی سیاسی دایە و شێوەی بەرخوردی جەماوەری خۆپیشاندەر دیموکراتیانە نی یە.
جەماوەری ڕاپەڕیوی ئەمڕۆی شارەکانی کوردستان کەلەمەیدانی سەرای ئازادی شاری سلێمانی و شارەکانی تر کۆبونەتەوە ، شوێن شیعاراتی حیزبی ئەم لایەن یان ئەو لایەنی سیاسی نەکەوتووە، بەڵکە ئەم جەماوەرە لە دەوری کۆمەڵێک داواکاری حاشا هەڵنەگر کۆبونەتەوە کە مەشغەڵە وخواستی سەرتاسەری جەماوەری ناوچەکە و کوردستانە، هە لە بێ مافی سیاسی و ئابووری یەوە بیگرە تائەگاتە شێواندنی سیمای کۆمه ڵگا بو سیمایەکی چەکدارانە و حیزبی یانە کە تەشەنەی کردۆتە ناو پچوکترین تان وپۆکانی کۆمەڵگاوە .
ئەم داواکاری و ئامانجانە خواستی هاوبەشی بەرینترین جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانە و ئە م هەلومەرجە ئابوری وسیاسی یەی کە ئێستاش لە ئارادیە لە سەر ئەم بورکانی ناڕەزایەتی و داواکاری یە جەماوەری یانە ژیانی خۆی بە زەبری هەڕەشەو چەک و تۆقاندن و ڕفاندن و زیندان و هەرئیمکانیاتێکی تری نێو دەوڵەتی و ئیقلیمی درێژە پی ئەدات.
ئەگەرچی خۆشبەختانە ئەم داواکاریانە کۆکراونەتەوە و لیژنەیەک سەرپەرشتی بەدوادا چون و جێ بە جێ کردنیان ئەکات و ئەم لیژنەیەش هەڵبژاردەی یەک حیزب و لایەنی تایبەت نی یە .
بە جەماوەری خۆپیشاندەر و ڕاپەڕیو ئەڵێن” پێویستە ئاشتی یانە و هێمنانە خۆپیشاندانەکانتان بە ڕێوە بەرن، ئەگینا ئێمە بە زەبری چەک و گوللة و بەردو چەقۆ و دارو بەردو هەر شتێکی تر کە بۆمان بکرێت و ڕێگەتان پێ نادەین و ئەتان کوژین و بریندار ئەکەین وزیندانیتان ئەکەین “.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ تاکەی و تا چەندی تر ئەتوانن لێمان بکوژن و ببڕن و زیندانیمان بکەن؟ ئاخۆ تا کەی جەماوەرێکی بەرین لە چینە هەژار و کەم دەرامەتەکانی کوردستان وێڕای ئەم ژیانە کولەمەرگی یەی کە بە سەری ئەبات ، مافە مەدەنی و سیاسی یەکانیشی لێ زەوت کراوەو نەتوانێ لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە ژیانێکی مەدەنیانە بۆ خۆی هەڵبژێرێت؟
بەرژەوەندی یەکان جیاوازن بویە بیروبۆچونەکانیش جیاوازن، بەلام هەموشمان بە زمانی کوردی قسە ئەکەین، بەرژەوەندی ئەەوەی کەئەم بەهەشتەی کۆمەڵێک کوردزمان تیایدا دەژین ئەوەیە کە بە هەر نرخێک بێت ئەبێ درێژە بەم ژیانە ی خۆیان بدەن و تائەو جێگەیەی کە بۆیان دەرەخسێ ، هەروەک چۆن حوسنی موبارەک و زێن العابدین وعلی سالح و بەشیر ئەسەد کرددویانەو و ئەی کەن.
بەرژەوەندی جەماوەری بەرفراوانی چەوساوەو بێ مافی خەڵکی کوردستانیش لە وەدایە کە کۆتایی بەم هەلومەرجە نامرۆڤانە بهێنرێت کە ئەم جەماوەرە بەر فراوانە تیایدا ئەژین. بەرژەوەندی یەکەیان لە وەدایە کە مرۆڤ وەک تاکێکی ئازاد و تێروتەسەل بژی . بەڵام وادیارە سوننەتی ژیان لە نیزامی سەرمایەداریدا لە سەر ئە م یاسایە ئەڕوات کە ئەڵێت:
” ئەوەی بۆتۆ خێرە بۆ من شەرە ” .
هەربۆیە زاراوەو ووتەی لە وجۆرەی کە “ئێمە هەمومان کوردین بابەیەکەوە جەژن بگێڕین” پوچ وبێ مانایە هەورەک چۆن جەماوەری خۆپیشاندەر جەژنی نەورۆزی بەپێوە لە بەر دەرکی سەرای ئازادی بەڕێکرد ، و نەورۆز لای ئەوان مانای خەبات و تێکۆشانە نەک سفرەی دۆلار ڕاخستن ڕازاوە بە شوشەوات.
دیموکراتی یەت شەرمەزار ئەبێ کاتێک کە پەنا بۆ دەم کوتکردنی دام و دەزگا وبڵند گۆی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی لایەنگر لەم خۆپیشاندانە و لەم ناڕەزایەتیانە وەک ڕادیۆی دەنگ لە کەلار و کەناڵی نالیا ، بێ دەنگ کردنی ڕۆژنامەو نوسان و کوشتنیان.
ئەوەی کە گرنگە لێرەدا بۆ جەماوەری ڕاپەڕیوی بەردەرکی سەرای ئازادی سلێمانی و شارەکانی تری کوردستان ئەوەیە کە
هه میشە جەماوەر ئەبێ چاودێری ئەم لیژنەیە بکەن و لە هەموو هەنگاوێکدا جەماوەر داوای ئاشکرا کردنی هە رجۆرە گفتوگۆیەک و هەڵوێستێک کە ئەم لیژنەیە پێ ی هەڵئەسێت بۆ ئەوەی هیچ جۆرە سا ت سەودایەک کە بەم داواکاری یانەوە نەکرێت لە لایەن هەر هێزو تاقپێک کە بەشداریی یان لەم لیژنەیە دا کردووە کە مەبه ستی سەرەکی یان دەرخستن و سەرخستنی هێزە سیاسی یەکەی خۆیان .
لە هەلومەرجێکی ئاوادا کە بە جەماوەری کرێکار و بەشمەینەتانی کوردستان و ناوچەکە لە و هێزە سیاسی یە بی بەشن کە مەبەستی سەرەکی ڕزگاری ئەم جەماوەرە بەرینەبێت، زۆر دوور نی یە ئەم هێزانە وئەم خۆپیشاندانە بکەن بە قوربانی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان.
بۆیە چاودێری چالاکانەی جەماوەری ڕاپەڕیو لە ڕەوتی چونە پێشەوەی ئەم داواکاری یە شۆڕشگێڕانەیە کە ئەوان خاوەنی سەرەکین نەک هێزە لێبراڵە و دینی یە کوردی یە کان کە خۆیان لە ئۆپۆزیسیۆن دا نیشان ئەدەن .
هەروەها چەپە ڕیفۆرمیستەکان کە خۆیان بەم بزوتنەوە هەڵواسیوەو هەمیشە وەک پاشکۆیەکی ئەم نارەزایەتی و خۆپیشاندانە دەرکەوتون، ئەم هەڵوێستەش لە بەرژەوەندی چینایەتی ووردە بورژوازیانەی خۆیانەوە سەرچاوە ئەگرێت ، و بە و ئەندازەیە ش شۆڕشگێڕ ن و بەشداری لەم خۆپشاندان و ناڕەزایەتی یە جەماوەری یانە ئەکەن و بە ناوی کرێکارو زەحمەتکێشە وە ئەدوێن ، بۆ ئەوەیە کە دانەخزێن وڕانەماڵڕێن بۆ ناو چینە کرێکاری و هەژارەکانی ناو کۆمه ڵگا .
بزوتنەوە جەماوەری و کرێکاری و ستەملێکراوانی ناوچەکه دەسکەوتی گەورەیان بەدەست هێناوە کە گەیشتونەتە ئەم قۆناغەی ئێستاو داواکاری یەکانیان بەڕووی دەسەڵاتدارانی کوردستاندا بەرز کردۆتەوە و تائێستا قارەمانانەکۆڵیان نەداوە، کە ئەمە بریتی یە هەنگاوی یەکەمی شکۆداری ئەم ڕاپەڕینە.
هەنگاوی دووەم بریتی یە لە پاراستنی ئەم داکاریانەو ڕۆیشتن له گەڵیاندا هەنگاو به هەنگاو قۆناغ بە قۆناغ و بە ئیرادەیەکی پتەو کۆڵنەدەرانە و بە دوور لە هەر هەڵوێستێك کە ڕێگە بۆ دوژمنانمان خۆش بکات کە زەبروزەنگ و بە شێوەی چەکدارانە بڵاوە بە خۆپیشاندانەکانمان بکرێت و زۆر بە ووشیاری یەوە کاربکەین بۆ ئەوەی ئەزمونی لیبیا دووبارە نەبێتەوەو ڕێگە نەدان بە سات و سەودای هیچ کام لە و هێزو تاقمانه ی کە بەشداریان لە بەڕێوە بردنی کاروباری لیژنە ی چاودێری خۆپێنشاندانەکاندا هەیە تا گەیشتن بە ئامانجەکانمان.
هەنگاوی سێ یەم کە بریتی یە لە هەنگاوێکی سەرتاسەری ناوچەیی و جیهانی یە ئەویش هێز کۆکردنەوەی بەرەی ڕادیکاڵ و سەرپێ خستنەوەی ڕێگای ڕزگاری و شۆڕشگێڕانەی دروستی چینی کرێکارو زەحمەتکێشان و ستەم دیدەکانی کوردستانکە بە شێکن لە بە شە ری یەتی چەوساوەی ئە مڕۆ، هه روەها به دوور لە هەر تێڕوانینێکی ستالینیانە بۆ ڕێکخراوبوون ، وە لە سەر بنەمای ئیرادەی ڕاستەوخۆی نوێنەریەتی ئەم جەماوەرە بەشمەینەتە و چەوساوەیە کە لە خوارەوە بۆ سەرەوە هەڵئەبژێرێت.
بۆ تیشک خستنەر ئەم بابەتە کە ئیشارەم پێ دا ئەویش هەڵبژاردنی لە خوارەوە بو سەرەوە ، لە لایەن چەپە ڕیفۆرمیستەکانیشەوە دووبارەئەبێتەوە بەڵام جیاوزی یەکە لەوەدایە کە ئەوان ئەم هەڵبژاردنەیان لە پیناو بەرژەوەندی حیزبەکەیان ئەوێت ، چونکە ئەوان حیزبەکەیان ئامدە کردووە بۆ ئەم پڕۆسەیە ، نەک پرۆسەکە ئامادە بکەن بۆ ئەو ڕێکخراوبوونە .
لە دووائاکامیشدا دووباره کردنەوەی هەمان ئەو چارەنوسەیە کە شۆڕشی روسیا پێ ی گەیشت و ستالین حیزبی وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی خۆی بە سەر هەموو شوراو کۆمیتەیەک و ڕێکخراوبونێکی کرێکاری یان جەماوەری کە خەڵکی بەشمەینەت بە قوربانی و تێکۆشانی خۆیان دروستیان کردوون و پێکیان هێنابوون.
سەری ڕێزو نەوازش بۆ گیان بەختکردوانی ئەم ڕاپەڕینە شکۆدارانە
سەرکەوتوبێت داواکاری خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان و ناوچەکە
بڕوخێ دەسەڵاتدارێتی سەرمایەو بەڕێوەبەرانی لە کوردستان ناوچەکە
صابر .م. صالح (وەستا صابر)
٨/٤/٢٠١١