سه‌باره‌ت به ئێلزا لاسكه‌ر-شویله‌ر
هه‌موو وشه‌یه‌كم ئاوێته‌ی زێڕ كرد. ئه‌وه قسه‌ی ئێلزا لاسكه‌ر-شویله‌ره سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ وشه‌دا. له‌و قسه‌یه‌ی ئێلزا هه‌ستێكی جوان و متمانه‌یه‌كی پته‌و ده‌بارێت. قسه‌كه هاوكات ساده‌یه و قوڵ، به‌ڵام هه‌ستێك به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت كه دڵنیا گه‌شت له‌گه‌ڵ وشه‌كانیدا بكات، وشه‌گه‌لێك ئاوێته‌ی زێڕ كراون. كاتێك ئێلزا ئه‌و قسه‌یه‌ی كردووه ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵان بووه. ئێلزا شاعیرێك بوو له‌وانه‌ی ئازارێكی بێ بن له دڵدا هه‌ڵده‌گرن، ئازارێك ده‌بێـت به هاوڕێی گیانی به گیانی ژیان و ده‌ستبه‌رداری یه‌كتر نابن. به‌ڵام ئازارێك هه‌رگیز ناتوانێ و بۆی نالوێ دزه بكاته نێو ئه‌ده‌بیات و نووسینه‌وه. ئازارێك به‌رده‌وام وه‌كو هاوڕێیه‌كی گیانی به گیانی زه‌وتی كردووه و دڵ‌نشین ماوه‌ته‌وه. ئه‌و له بری رێ بدات تۆزی ئه‌و ئازاره بێ بنه بنیشێت به‌سه‌ر وشه‌یه‌وه، وشه‌ی ئاوێته‌ی زێڕ كردووه و به‌و جۆره نایابه خستوویه به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ر.
راستییه‌كه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ئێلزا به‌و جۆره‌یه، نازانم چه‌ند توانیوومه ئه‌و وشه به زێڕ ئاوێتانه بگوازمه‌وه نێو زمانی كوردی؟ به‌ڵام له ده‌قه ره‌سه‌نه‌كانی ئێلزادا ئه‌و ئاوێـته كردنه‌ی وشه و زێڕ به روونی ده‌بیندرێت. ئێلزا ئازاری بێ بنی له دڵدا داڵده داوه، به‌ڵام هاوكات له پای نووسینی ئه‌ده‌بیاتێكی چێژبه‌خشدا وشه‌ی زێڕكاری كردووه. نیگایه‌كی خێرا به هه‌ندێ رسته‌ی ئه‌و شاعیره‌دا به سانایی دیمه‌نی روونی ئه‌و زه‌ڕكارییه ده‌بینین.
ئاسمان له هه‌ناسه‌ی زێڕین، ئێمه دروست كرد/ له پشت هه‌زار ماچه‌وه، هه‌میشه بۆ لێوه‌كانت ده‌گه‌ڕێم/ “با” به نه‌خۆشی به كۆڵانه‌كاندا گوزه‌ری ده‌كرد/ وه‌كو چاوی مرواریی ئاسات، ئه‌و دوو ئه‌فسانه هه‌ڵقرچاوه/ ده‌زانم له به‌رزایی ئاسمانه‌وه، به‌رده‌بمه‌وه نێو ده‌سته‌كانت/ ده‌ستی له دڵی لاسارم گیربایه/ نیگاكانمان چون پرسیاری ئه‌ستێران یه‌كیان گرت/ به ناو هه‌ناسه‌ی تۆدا، من به‌ره‌و ماڵ ده‌بمه‌وه…
نمونه‌ی ئه‌و رسته و وشانه زۆرن به زه‌لالی ئه‌وه پێشان ده‌ده‌ن ئه‌م شاعیره چۆن هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ وشه كردووه. بڕوانه له شیعری “یه‌كه‌م به‌هار”دا چۆن باس له ئه‌فسانه‌ی ئاده‌م و حه‌وا ده‌كات. چه‌ند سه‌رنجبه‌ر و نازگانه شیعری خستۆته به‌ر دیده!
مه‌رگ، چیت له من ده‌وێ، دڵم له‌گه‌ڵ زه‌رده‌په‌ڕ دا، له‌گه‌ڵ گوڵجاڕ و حه‌زی هاوینه دا، یاری ده‌كات. گوڵان له قژی منه‌وه ده‌فڕن،
ئێلزا لاسكه‌ر-شویله‌ر چۆن روو له مه‌رگ ده‌كات و ده‌ڵێت:
ئه‌ی مه‌رگ، من، له‌گه‌ڵ خۆشی مه‌مانم دا/ له شاری مردووان چی بكه‌م؟
ئێلزا پێیوایه، خه‌ونی كه‌ونینه‌ی جیهان ده‌بێت پیرۆزبایی له خۆی و ئه‌ڤینداره‌كه بكات، خه‌ونی كه‌ونینه‌ی جیهان، ده‌بێ چ پیرۆزباییه‌ك، به چ شێوازێك بنووسێت و بنێرێت، بۆ چونكه جوڵه‌یه‌كی ناسك له خه‌ونی خۆی و ئه‌ڤینداریدا، له‌نجه ده‌كات.
چ ئه‌ده‌بیاتێكه؟ چ خه‌یاڵێكی ته‌ڕه؟
له نه‌واكانی شه‌و دا چ ده‌ڵێت:
به‌ر له بوونی ئه‌ستێرانه‌وه
ئاره‌زووی
ئه‌م ئه‌ڤینه شینه،
ئه‌م ئه‌ڤینه زه‌لاله
ئه‌م ئه‌ڤینه شینه پرشنگداره
بۆ خۆم ده‌كه‌م.
ئه‌ڤینه‌كه هه‌رچه‌نده نایابه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌ڤینێكه له جۆری ئه‌ڤینه ناوازه‌كان، به‌ڵام هێشتا ئێلزا خوازیاره بیخاته فڕِین و ده‌ڵێت: “باڵ له‌و ئه‌ڤینه ده‌ڕوێنم”. گه‌لۆ ئه‌مه هه‌مان ئه‌ڤینی ئێلزا نییه بۆ وشه؟ هه‌مان ئاوێته‌كردن نییه به زێڕ؟ پێده‌چێت هه‌مان ئه‌ڤینی گه‌وره بێت، ئه‌ڤینێك نه‌ك له دڵدایه، به‌ڵكو ئاوێته‌ی دڵ بووه و دابڕانی ل دڵ ئه‌سته‌مه.
ئێلزا شاعیرێك بووه هه‌ڵگری روحێكی دارستان ئاسا، “روحی دارستانێك بووه، به چڵی داره‌كانیدا ئه‌ڤین هه‌ڵواسرابوون”.
من جیهانم له پشتمه‌وه به جێهێشتووه، ئه‌ستێره‌كان به‌سه‌ر باڵنده‌گه‌لی زێڕین دا، ده‌فڕن.
له تۆوه هه‌موو گه‌شانه‌وه‌كان سه‌رچاوه ده‌گرن/ تۆ هه‌موو ئه‌ستێره‌كانی، ئاسمانی دڵمت برد/ دوا شه‌و به نێو خوێنم دا،
به‌ڕێوه‌یه و ده‌ڕوات.
ئێستا ده‌زانین كه‌سێك ئه‌م وشانه بكات به كه‌ره‌سته‌ی نووسین، له‌و وشانه‌وه رسته‌ی له‌و جۆره كاریگه‌ر و پڕ وزه، وزه‌ی به‌رده‌وام هه‌ڵهێنجێت، دیاره ئه‌ده‌بیاتی به‌رده‌وام له فڕین‌دا ده‌بێت، بۆیه ئاساییه ئێلزا كه هێشتا ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵان بووه له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ڵه‌مانیدا ناوێكی دیار و ناسراو بووه. ناوێك خوێندراوه‌ته‌وه و گۆڤار و رۆژنامه گرنگه‌كان خوازیاری بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می بوون.
ناتبینمه‌وه، له ژێر لقی خه‌ونه‌كاندا/ من تۆم له نێو هه‌موو، ئه‌ستێره‌كاندا هه‌ڵبژارد/ لێوه‌كانمان مه‌به‌ستیانه هه‌نگوین ببارێنن،
شه‌و به پرشنگه‌كانمان ده‌گه‌شێته‌وه/ له پیرۆزی شه‌وقی جه‌سته‌تدا، دڵم ئاسمانی خۆی داده‌گیرسێنێت/ هه‌ر هه‌موو خه‌ونه‌كانم،
به زێڕی په‌تی تۆوه ئاوێزانن/ من له نێو هه‌موو ئه‌ستێره‌كاندا، تۆم هه‌ڵبژارد/ ئه‌ستێره‌ی زێڕین له جه‌سته‌ماندا، ده‌یانه‌وێ یه‌كتر ماچ بكه‌ن ماچ..
ئه‌وانه نمونه‌ن له رسته زێرینه‌كانی ئێلزا، ئه‌و رستانه‌ی كۆتاییان نایه‌ت، له‌و رستانه‌وه ده‌چینه هه‌واری رسته و ده‌ربڕینی دیكه. چ ناونیشانێكی جوانه؟ چ رسته‌یه‌كی كاریگه‌ره كاتێك به هێمنی ده‌ڵێت:
ئه‌وه‌نده بێ ده‌نگ خه‌ونت پێوه ده‌بینم….
رسته نایاب و دڵكێشه‌كانی ئێلزا یه‌ك و دوو نین. به راستی ئه‌و هه‌موو وشه‌یه‌كی ئاوێته‌ی زێڕ كردووه و له زێڕی خۆشه‌ویستی و رامانێكی قوڵی هه‌ڵكێشاوه.
ئێلزا له خۆی ده‌پرسێـت، “ئایا چۆن من شیعر ده‌نووسم؟” وه‌ها وه‌ڵامی خۆی ده‌داته‌وه: “شیعر به ده‌ستی روح ده‌نووسم.. شیعر به به باڵێك ده‌نووسم كه لام ئاماده‌یه. باڵێك نیازه به‌ده‌كانی ژیان له كاریان خستووه”.
خۆ من چیرۆكی ئه‌ستێره گه‌وره‌كانم بۆ تۆ گێڕایه‌وه، به‌ڵام تۆ هه‌ر زه‌وی ده‌بینیت/ له پای چی، ده‌ستبه‌رداری زه‌وی نه‌بوویت،
بۆ من؟
ئاهـ، كه لێوه‌كانم تاسه‌ی یاری كردن ده‌كه‌ن/ به‌ڕێوه له‌سه‌ر رێگه‌ی گۆڕ، ده‌مانه‌وێ یه‌كتر بگرینه باوه‌شی ئه‌ڤین/
ده‌مه‌وێ، له هه‌وراندا بنێژرێم/ له‌وێ، كه له هه‌موو شوێن رۆژ باڵا ده‌كا
هه‌موو په‌پوله‌كانی خۆم هاندا، به‌ره‌و باغه‌كه‌ی تۆ بفڕن/ جیهان له ئه‌ڤیندا، سه‌رتاپا ده‌سوتێ…
راسته‌وخۆ پاش ئه‌وه‌ی هیتله‌ر ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها له ئه‌ڵه‌مانیا وه ده‌ست ده‌خات “1933”، ئێلزا به‌ره‌و شاری زویرخ-سویسرا هه‌ڵدێت. له‌وێ له ره‌وشێكی دژوار‌دا رۆژانی خۆی به‌سه‌ر ده‌بات، وه‌ك ده‌ڵێن: “به‌ندبوون له ته‌نیاییدا، روحی له برسێتیدا هه‌ڵده‌له‌رزێ”. مۆڵه‌تی نووسینی لێده‌سه‌ندرێته‌وه، نووسین بۆ ئێلزا ده‌بێت به كارێكی قه‌ده‌غه. به‌رده‌وام سێبه‌ری پۆلیسی نهێنی به‌سه‌ره‌وه ده‌بێت. ناچاری وه‌های لێده‌كات بێ خواستی دڵ تابلۆكانی بفرۆشێت و پاره‌كه‌ی بدات به نان.
له مانگی هه‌شتی هه‌مان ساڵدا ئێلزا له‌سه‌ر پۆست كارتێك كه بۆ هاینریش تزیمه‌ر “1890-1943″ی هندیناسی ده‌نێرێت، ده‌نووسێت: سه‌ره‌تا له شاری زویرخ بووم، پێنج رۆژ له هه‌لومه‌رجی سه‌ختدا ده‌خه‌وتم. پاشان به‌ره‌و ژوور هه‌ڵكشام، چونكه وه‌ڵامی شاعیرانی ئینگلیز و فه‌ره‌نسایی و هۆڵه‌ندیم پێگه‌یشت كه چه‌ند شیعره‌كانی منیان خۆش ده‌وێت. ئه‌وه وای لێكردم هه‌موو شته‌كان به‌ره‌و ژوور بچن.
به‌ڵام شه‌ڕ بۆ ئه‌و ره‌وشێكی نامۆ نه‌بوو، ئه‌و پێشتر هه‌ستی به‌وه كردبوو شه‌ڕ چ به‌ڵایه‌كی له هه‌ناودا هه‌ڵگرتووه. ئێلزا لاسكه‌ر-شویله‌ر نه‌ك له‌گه‌ڵ هاتنی هیتله‌ردا، ته‌نانه‌ت به‌ر له شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانییش، ساڵی 1904 شیعری كۆتایی جیهان- ی نووسیوه:
كۆتایی جیهان
هێرڤارت ڤالده‌ن*
گریانێك دنیای پڕ كردووه
وه‌كو ئه‌وه‌ی خودای خۆشه‌ویست
مردبێ.
گولله ده‌بارێ و
باری گۆڕه‌كان قورس تر ده‌كه‌ن.
وه‌ره،
ئێمه ده‌مانه‌وێ نیزیك تر خۆ حه‌شار ده‌ین
ژیان
وه‌كو له‌ناو تابوت دایه
ئاوا له ناخی دڵیش دایه.
تۆ!
ئێمه ده‌خوازین
قوڵ یه‌كتر رامووسین
تاسه‌باری له دنیا دا ده‌زرینگێته‌وه
زرنگاندنه‌وه‌ی مردنی ناچاریی ئێمه.
ئیلزا پێشتریش هه‌ڵگری ترسێكی بیده‌نگ بووه سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤه‌كان به‌رانبه‌ر به یه‌كتر و حه‌زی ئه‌وان بۆ كوشتن و وێران كردن. بۆیه ئه‌و ده‌نووسێت “ئێمه ناچارین بمرین”. له دژی ئه‌و ترسه‌ی جیهانی داپۆشیوه، له دژی بێ وه‌ڵاتی و له دژی لێكحاڵی نه‌بوون، ئه‌و به‌رده‌وام ده‌نووسێت، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه وا بكه‌ن ده‌ستبه‌رداری خۆشه‌ویستی بێت. ئه‌و دژی شه‌ڕ ده‌نووسێت و هاوكاتیش “نزاكانی ئه‌ڤین” ده‌ئافرێنێت.
كاتێك ئێلزا له ده‌ستی نازییه‌كان هه‌ڵدێت، كاتێكه له دوندی كار و كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌بی خۆیایه‌تی، ته‌مه‌نی 64 ساڵه و چه‌ندین كتێبی سه‌ركه‌وتووی بڵاوكردۆته‌وه. هه‌ر هه‌مان ده‌م هه‌ڵگری چه‌ندین خه‌ڵاتی گرنگه. ئه‌و ده‌مه ئێلزا ئه‌ده‌بیاتێكی بڵاوده‌كرده‌وه كه وه‌كو نووسه‌ر، شاعیر، ساتیرنووس و وه‌شانكاری نێودار و گرنگی ده‌سپێكی سه‌ده‌ی بیستی نه‌مسایی كارل كراوس “1874- 1936″ سه‌باره‌ت به شیعری ئێلزا گوتویه‌تی: ” شعره‌كانی ئێلزا به هێزترین و پته‌وترین شیعری ئه‌ڵه‌مانیای مۆدێرنن كه تا ئێستا بڵاوكرابێتنه‌وه.”
نووسه‌ری سویسری فریدریش دویرنمات “1921-1990” كاتێك سه‌باره‌ت به ئێلزا قسه‌ی كردووه، پَیی وابووه، ئه‌و خاتوونه جوله‌كه‌یه فریادڕه‌سێك بوو بۆ رزگاركردنی زمانی ئه‌ڵه‌مانی، ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌ڵه‌مانه‌كان جوله‌كه‌كانیان راو ده‌كرد. هه‌روه‌ها به ئازاره‌وه له‌وه ده‌دوێت كه، به تۆمه‌تی ئه‌ده‌بیاتی قاوه‌خانه ئه‌و ژنه‌یان به‌ره‌و بیابان تاراند.
د. ئادۆلف ڤاگنه‌ر، دكتۆری ئێلزا بووه له به‌رلین و پاشان له ئۆرشه‌لیمیش دوباره له ساڵی 1943 هه‌ر دكتۆری بووه و كۆمه‌ڵه شیعرێكی ئێلزا-یشی به ناوی ” پیانۆ شینه‌كه‌م” بڵاوكردۆته‌وه، به پێی گوته‌ی ناوبراو بێت، “دواگۆرانی ئێلزا له تاریكیی جیهانی بێ وه‌ڵاتدا، گه‌ڕان بوو به دوای وه‌ڵاتدا”.
بێگومان ژیان بۆ جوله‌كه‌كان له فه‌له‌ستین به‌سه‌ربردنی ژیان نییه له تاراوگه، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ زێد. به‌ڵام بۆ ئێلزا له‌وێ زۆر شت هه‌وێنی تاسه‌باری بوون. ئه‌و له‌وێ ته‌نهاباڵ بوو بێ خانه‌واده‌كه‌ی، بێ هاوڕێكانی، بێ كۆڕ و كۆبوونه‌وه و وتووێژی سه‌رنجڕاكێش بوو. هه‌روه‌ها زمانی دایك، واته ئه‌ڵه‌مانی له‌وێ زمانێكه نامۆ، به‌تایبه‌تیش پاش په‌لاماری ئه‌ڵه‌مانه‌كان بۆ سه‌ر جوله‌كه. سه‌رباری نه‌بوونی ناوه‌ندی وه‌شان بۆ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و. هه‌روه‌ها سه‌ختی باری ئابوری بۆ ئه‌و له‌وێ كارێكی پڕوكێنه‌ر بوو. له نامه‌یه‌كیدا، ساڵی 1939، ئێلزا سه‌باره‌ت به بوونی له‌وێ ده‌نووسێت ” نزیكی به‌رگه نه‌گرتم”. ئێلزا خوازیاری ئه‌وه بووه به‌ره‌و ئه‌وروپا و به تایبه‌تی به‌ره‌و سویسرا بگه‌ڕێته‌وه تا ئه‌و ده‌مه‌ی ره‌وشی شه‌ڕ به‌لادا ده‌كه‌وێت، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ده‌می سویسرا مۆڵه‌تی مانه‌وه و نیشته‌جێ بوون له ئێلزا ده‌سه‌ننه‌وه و نایانه‌وێت جارێكی دی ئه‌و ناوه گرنگه له دۆسیه‌كانیاندا بنووسرێته‌وه.
له شیعری به نێوبانگی پیانۆ شینه‌كه‌م دا سه‌باره‌ت به جێهێشتنی وه‌ڵات، هه‌سته‌كانی به‌رانبه‌ر به بێ هیوایی له وێنه‌یه‌كی پڕ جوڵه و شین‌دا به‌رجه‌سته ده‌كات. شین، ئه‌و ره‌نگه‌ی پڕه له تاسه‌باری. هه‌روه‌ها ره‌نگی شین ره‌نگێكه به پێی بۆچوونی ئێلزا ره‌نگی پڕ حه‌زی خوداوه‌نده.
پیانۆ شینه‌كه‌م
له ماڵه‌وه پیانۆیه‌كی شینم هه‌یه
بێ ئه‌وه‌ی هیچ نۆته‌یه‌ك بزانم
له‌و ده‌مه‌وه چه‌وسانه‌وه جیهانی ته‌نیوه
پیانۆكه‌م وا له تاریكی ژێر زه‌مین دا.
ئه‌ستێره‌كان به چوار ده‌ست ده‌یانژه‌نی
مانگی ژن سترانی له‌گه‌ڵ ده‌چڕی
ئێستا مشك سه‌مای تێیدا ده‌كات.
ژێیه‌كانی هه‌لاهه‌لا
من تازییه‌باری مردووی شینم
ئاه، فریشته‌ی ئازیز ره‌حمێ به من
ئه‌وه‌نده نانی تاڵم خوارد
ده‌رگای ئاسمانم تێدا ده‌كرێته‌وه
هاوكاتیش دوووباره قه‌ده‌غه‌بوون
ساڵی 1939 شه‌ڕی جیهانی دووه‌م هه‌ڵده‌گیرسێت. ئێلزا گه‌شتی فه‌له‌ستین ده‌كات، به‌ڵام ناتوانێ به‌ره‌و سویسرا بگه‌ڕێته‌و، چونكه داخوازی ئه‌و بۆ وه‌ده‌ستخستنی ڤیزای سویسرا ره‌ت ده‌كرێته‌وه. له مانگی سێی ساڵی 1939 به دواوه ئه‌و له شاری ئۆرشه‌لیم نیشته‌جێ ده‌بێت. له‌وێ دوا كاره‌كانی خۆی ده‌نووسێت. درامای “من و من” كه ئه‌و ده‌مه نووسیویه‌تی سه‌باره‌ت به خواستی رووخانی هیتله‌ره، هه‌میشه ئێلزا نوقمی ئه‌و تێڕوانینه بووه، تێڕوانین و نیگایه‌ك كۆتایی هیتله‌ر به روونی ده‌بینێت. ئه‌و به‌ر له رووخانی هیتله‌ر به چوار ساڵ به شێوه‌یه‌كی به هێز ئه‌و هه‌ستی رووخانه ده‌خاته روو. هه‌روه‌ها باس له كۆتایی ئه‌و ئیمپراتۆره ده‌كات، ئیمپراتۆرێك خۆی خه‌ونی نه‌مری و به‌رده‌وام مانه‌وه ده‌بینێت. به‌داخه‌وه ئێلزا رۆژانی راسته‌قینه‌ی ئه‌و هه‌ره‌س و رووخانه نه‌ژیا. هه‌ره‌سێك ئه‌و پێشتر ده‌یبینی و به وشه‌كانی بۆ ئه‌وانی دیكه وێنای ده‌كرد. دیاره بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه باوه‌ڕ به‌و بۆچوونه‌ی ئه‌و بكه‌ن. ئه‌و رۆژانه ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه كه‌م نه‌بوون كه ئه‌و بۆچوونانه‌ی ئێلزایان وه‌كو خه‌ونی خۆشی شاعیرێك ده‌نرخاند.
كاتێك ئه‌و له ئۆرشه‌لیم ده‌بێت له نامه‌كانیدا سه‌باره‌ت به ره‌وشی دژواری خۆی له‌وێ رسته‌گه‌لی غه‌مهاوه‌ر ده‌نووسێت. هه‌سته‌كانی ده‌روونی به نووسین ده‌كاته به‌ڵگه‌ی كه‌سێكی دابڕاو كه مه‌گه‌ر هه‌ر خۆی بزانێت دابڕان چ ده‌گه‌یه‌نێت.
” من له پێرێوه زۆر نه‌خۆشم. هه‌ڵاتن و ئاوابوونی رۆژ غه‌مگینن وه‌كو من. من به جۆرێكی دیكه بیرم له ژیان ده‌كرده‌وه له ئۆرشه‌لیم. به جۆرێكی سه‌یر هیوام شكا. وه‌ڵاته‌كه هیچ ناگۆڕێت. به‌ڵام من له خۆمدا نوقوم ده‌بم. من لێره به‌رانبه‌ر به غه‌مگینی و تاسه‌باری ده‌مرم. منداڵه‌كه‌م له به‌رلین به ته‌نیا له گۆڕستاندا ئارام ده‌گرێت. مرۆڤ نازانێت هه‌موو شته‌كان چۆن ده‌بن. به‌ڵام ئه‌وه باش ده‌زانم كه ژیان ده‌ڕوات، به‌ڕێوه‌یه و ده‌ستی له ده‌ستی مه‌رگ دایه”.
سه‌رباری تاریكی ساڵانی تاراوگه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و غه‌مه قوڵ و له بن نه‌هاتووه، ئێلزار لاسكه‌ر-شویله‌ر ده‌ستبه‌رداری وشه‌ی جوان و پێناسه‌ی خۆشه‌ویستی نابێت. سه‌ره‌ڕای مه‌رگه‌سات، سه‌ختی ژیان و كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هه‌سته‌كانی گۆرانی ده‌ڵێت. سه‌رباری چوونه ساڵه‌وه، ترس و ته‌نیایی، ئه‌ڤین له بیر ناكات. دوا خۆشه‌ویستیی ئێلزا ئه‌ڤینێكه پرۆتۆنی “ئه‌فلاتونی” بۆ ئێرنست سیمۆن كه زانیارێكه و سی ساڵ له ئێلزا بچوكتر بووه. ده‌بینین، به روونی خویایه ئێلزا به‌ر له مردنیشی هه‌ر له ناو ئه‌ڤیندا بووه.
تۆم خۆشده‌وێ
تۆم خۆشده‌وێ
ده‌تبینمه‌وه
ئه‌گه‌ر رۆژ ته‌واو تاریش بێت.
به درێژایی هه‌موو ژیانم
ئێستایش
هه‌ر له سۆراخی تۆ دام.
تۆم خۆشده‌وێ
تۆم خۆشده‌وێ
تۆم خۆشده‌وێ
لێوه‌كانت ده‌پشكون
جیهان كه‌ڕه،
جیهان كوێره و
هه‌ور و گه‌ڵایش
له ته‌نها هه‌ر ئێمه نه‌بێ
كه له هه‌ناوی تۆزی زێڕین
ره‌خسێندراوین!
!
ئێلزه لاسكه‌ر- شویله‌ر له 22.1.1945دا له شاری ئۆرشه‌لیم پاش به‌رخۆدانێكی گه‌وره له‌گه‌ڵ ته‌نیایی و نه‌خۆشیدا ده‌مرێت. ئه‌و له 11. 2. 1869 له شاری ڤوپه‌رتال- ئه‌ڵه‌مانیا له دایكبووه. یه‌كێك له شاعیره ناسراوه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ڵه‌مانی بوو. ئێلزه لاسكه‌ر- شویله‌ر جوله‌كه‌ی ئه‌ڵه‌مانیا بوو. ئێلزه پاش خۆی به‌رهه‌می زۆری به جێهێشتووه، كه بریتین له شیعر، دراما، په‌خشان و چیرۆك. جگه له‌وانه نامه‌گه‌ل، به‌ڵگه و كۆمه‌ڵێ هێڵكاری زۆری له پاش به‌جێ ماوه.
یه‌كه‌م به‌رهه‌می ئێلزه لاسكه‌ر- شویله‌ر، كتێبێكی په‌خشانه ساڵی 1906 بڵاوكراوه‌ته‌وه. ساڵی 1907 سه‌رجه‌می په‌خشانه‌كانی كه تا ئه‌و كاته نووسیبوونی بڵاوده‌كرێته‌وه، به ناوی ” شه‌وانی تینۆ له به‌غدا”. پاشان شانۆنامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه. ساڵی 1911 له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه شیعری “په‌رجوی من” ئێلزه لاسكه‌ر- شویله‌ر بوو به سه‌ركێشی ئه‌ده‌بی “ته‌عبیری”ی ئه‌ڵه‌مانیا.
پاش ئه‌وه له لایه‌ن نازییه‌كانه‌وه ساڵی 1938 مافی هاووڵاتی بوونی ئه‌ڵه‌مانی لێده‌سێندرێته‌وه. ناوی ئێلزه لاسكه‌ر- شویله‌ر مینا ئه‌ستێره هه‌میشه به ئاسمانی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ڵه‌مانییه‌وه چاوێكی شین و گه‌شه.
من ده‌زانم
ده‌زانم، ناچارم به‌م زووانه بمرم
خۆ هه‌موو داره‌كان
بۆ ماچی مانگی گه‌لاوێژ ده‌دره‌وشێنه‌وه
ماچێك كه زۆر تینووه.
خه‌ونه‌كانم ره‌نگ په‌ڕیوون
هه‌رگیز شیعرم به
كۆژان كۆتایی نه‌هاتووه
له كتێبی سه‌رواكانما
له سۆنگه‌ی سه‌ڵاودا گوڵێكم بۆ هه‌ڵده‌وه‌رێنیت
ئه‌وم له یه‌كه‌م هێلانه‌دا خۆشده‌ویست
به‌ڵێ ده‌زانم كه ده‌بێ
به‌و زووانه بمرم
هه‌ناسه‌م به‌سه‌ر رووباری خوداوه ده‌فڕێ
هێدی هێدی پێم له‌سه‌ر خاكێك داده‌نێم
خاكێك به‌ره‌و ماڵی هه‌میشه‌ییم ده‌بات
دوا كۆمه‌ڵه شیعری ئێلزا پیانۆ شینه‌كه‌م له ساڵی 1943 به تیراژی زۆر كه‌م له ئۆرشه‌لیم بڵاوده‌كرێته‌وه. ئێلزا ئه‌م دیوانه‌ی وه‌ها پێشكه‌ش ده‌كات:
” به وه‌فدارییه‌وه بۆ هاوڕێكانم له شاره‌كانی ئه‌ڵه‌مانیا كه هه‌رگیز له بیریان ناكه‌م. بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌كو من دوورخرانه‌وه و ئێستا به جیهاندا بڵاو بوونه‌ته‌وه”.
سه‌رچاوه‌كان:
1. Elsa Lasker-Schüler. Gesämmtliche Gedichte
Jüdischer Verlag
Frankfurt am Main 2004
2. Mein Blaues Klavier Gedichte.
3. Westdeutsche Zeitung.. Anne Grages.. Jubiläum die Else Lasker-Schule.
* هێرڤارت ڤالده‌ن (16.9.1878-31.10.1941) نووسه‌ر، وه‌شانكار و موزیكاری ئه‌ڵمان. هاوسه‌ری ئێلزه لاسكه‌ر- شویله‌ر بوو.