
مام.. چیتر مه‌گه‌ڕێوه ….. فه‌ره‌یدون عارف
مامی سهركۆمار سڵاو، تۆ من ناناسی، دڵنیام هه‌رگیز ناته‌وێ بمناسی، وه‌ك چۆن ئێمه‌ش هه‌رگیز ته‌مه‌ننای له نزیكه‌وه بینینتمان نه‌كردووه. به‌ڵام ناچارم چه‌ند دێڕێكت بۆ بنووسم، خۆ ده‌شزانم كاتی خوێندنه‌وه‌ت نییه‌و له‌وه‌ته‌ی بوویته سهركۆمار، ره‌نگه ستونی رۆژنامه‌یه‌كی كوردیت نه‌خوێندبێته‌وه. به‌كورتی (من له وڵاتێكی دوور خه‌ریكی خوێندنی ماسته‌رم، وه‌لێ زیاتر له دوو مانگه بیرمچۆته‌وه، كه بۆ خوێندن سه‌ری خۆم هه‌ڵگرتووه). مامی به شاره‌كه‌م نامۆ، ده‌مه‌وێت له رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی گفتوگۆیه‌كی كورتی نێوان خۆم و هاوپۆله عهرهبهكهمهوه، نامه‌یه‌كت بۆ بنێرم. ئه‌م به‌یانییه، كه چوومه كۆلێژ، هاوڕێ عه‌ره‌به‌كه‌م (كه له پۆلێكی 43 كه‌سیدا ته‌نها ئێمه خه‌ڵكی ئه‌م عێراقه هه‌ش بهسهرهین و بۆ به‌دبه‌ختی تۆ سهرۆكمانی)، پرسیاری بارودۆخی كوردستانی لێكردم. دوای ئه‌وه‌ی رووداوه‌كانی دوێنێم بۆ گێڕایه‌وه. ئاخر من فێر نه‌بووم رووی دزێوی ده‌سه‌ڵاتداران رتووش بكه‌م و ئه‌وه‌ش گرنگ نه‌بوو به‌لامه‌وه، كه هاورێكه‌م بڕوام پێده‌كات یان نا. بۆیه ئه‌وه‌ی دوێنێ به وێنه‌و ڤیدیۆ بینیبووم و خوێندبوومه‌وه‌و توانای گێڕانهوهیم هه‌بوو، هه‌موویم بۆ باسكرد.
به سه‌رسوڕمانێكه‌وه لێی پرسیم، ئه‌ی (كاكه جه‌لال) چی ئه‌ڵێ؟ خۆ ئه‌و زۆر دیموكراسخوازو مرۆڤدۆست و پیاوێكی یاساناسه. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شی وه‌بیرهێنامه‌وه، كه جه‌نابتان به قۆشمه‌چی و قسه‌خۆش و نوكته‌باز ناسراون. (ئاخر ناهه‌قی نه‌بوو، ئاوا واق وڕماو لێم بڕوانێ، چونكه تۆ لای ئه‌و برا عه‌ره‌به چاو ڕه‌شانه، خۆت كردووه به فریشته‌و فریادڕه‌سی وان، به‌ڵام نازانن میلله‌ته‌كه‌ی خۆت و هاوزمانه‌كانت له چ نههامهتییهكدا ده‌ژین و هه‌رێمه نیمچه سهربهخۆكهمان له بێباكی و خه‌مساردی عالی جه‌نابتان، تووشی چ داڕمان و پاشاگه‌ردانییه‌ك بووه. ره‌نگه ئه‌وان نه‌زانن، كه تۆ نامه‌ی پاكانهت بۆ دادگای باڵای دانیمارك و وڵاتانی رۆژئاوا ناردوه‌و (خه‌زره‌جی) ژه‌نه‌راڵی ئه‌نفالت وه‌ك بێ گوناهـ و مرۆڤدۆست ناساندووه. هه‌روه‌ك بڕواناكه‌ن تۆی شۆڕشگێڕه‌كه‌ی دوێنێ، ئه‌مڕۆ هاتوویت و نیشتمان و هه‌موومانت گێڕ و ئیفلیج و تاریق ره‌مه‌زانی بكوژی مناڵانی ههڵهبجهشت ته‌كریم كردووه‌و به پاسه‌وانی تایبه‌تییه‌وه گه‌یاندووته وڵاتانی ئه‌وروپا). ئیتر كاتی وانه خوێندن هات و ده‌رفه‌تم نه‌بوو، رستێك له هه‌ڵوێسته به‌رزو جوانه‌كانی ئێوه‌ی بۆ باس بكه‌م!!. گه‌رچی چوومه هۆڵی وانه خوێندنه‌وه، وه‌لێ ته‌نها جه‌سته‌م له‌وێ بوو، هه‌ر بۆیه دوای ته‌واوبوونی ئه‌و وانه‌یه‌م راسته‌وخۆ گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه. له‌كاتی ماڵئاواییكردنم له هاوڕێكه‌م، پێی وتم: هێشتا (3) وانه‌ی ترمان ماوه. وتم ئه‌زانم، به‌ڵام ئه‌بێت بڕۆم و نامه‌یه‌ك بۆ (كاكه جه‌لال) بنێرم. بزه‌یه‌كی بۆ كردم و وتی، چۆن نامه‌یه‌ك؟! وتم نامه‌یه‌كی كورت، ته‌نها لێی ئه‌پرسم، مامی سۆسیال دیموكرات، فڕاندن و فه‌لاقه‌كردنی رووناكبیران و رۆژنامه‌نووسان و خوێندكارانی زانكۆ، له كوێی فه‌رهه‌نگی سۆسیال دیموكراتدا جێی ده‌بێته‌وه؟ چۆن جارێكی تر له رووت هه‌ڵدێت، شانازی به‌و پۆسته وه‌همییه‌وه بكه‌ی؟.. وتم پێی ئه‌ڵێم، ئه‌ی پیاوه یاسایی و مرۆڤ دۆسته‌كه، تۆ كه ئیمزای له‌سێداره‌دانی جه‌للادانی كورد ناكه‌ی، ئه‌وه خێره پیلانی ره‌شه‌كوژی و ره‌شبگیری بۆ گه‌نجانی شاره‌كه‌ی (برایم ئه‌حمه‌د)ی مامۆستات دائهڕێژیت. ئه‌رێ به‌ڕاست ئه‌و مامۆستایه‌ت ئاوای فێركردیت؟!.
پێی ئه‌ڵێم، چ زوو له بیرتان كرد، كه هه‌ر دوێنێ بوو له شاخ درووشمی نان و ئازادیتان بۆ نووسه‌ران به‌رزكردبۆوه، هه‌ر خۆتان بوون به‌رگریتان له (سه‌گوه‌ڕ)ه‌كه‌ی موكری و (مولازم ته‌حسین و شتی تریش) پیرباڵ كرد. ئه‌وه خێره ئێستا نوسه‌ران و رۆشنبیران ده‌درێنه به‌ر لیس و كێبڵی پۆستاڵ ره‌شه‌كانت و پاسه‌وانانی ماڵه‌كه‌شت كه‌ناڵێكی ئاسمانی گڕ ده‌ده‌ن.
وتم به خه‌تێكی درشت بۆی ئه‌نووسم و پێی ئه‌ڵێم: كه‌مێك چاویلكه‌كه‌ت راست بكه‌ره‌وه‌و ببینه، كه جاران تۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سه‌رۆكی پارتی بووی، كه‌چی ئێستا له‌وه‌ش واوه‌تر چۆن بوویت به دارده‌ست و قه‌ره‌وڵ و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و براده‌ره بێ‌باك و خه‌م و خوێنسارده.
لێی ئه‌پرسم، ئێستا، كه هه‌واڵی سه‌ركوت و ره‌شبگیری و سوكایه‌تیپێكردنی رۆشنبیر‌و هونه‌رمه‌ند و رۆژنامه‌نووس و كچانی شۆخ و گه‌نجانی هۆشیاری شاره حه‌یاته‌كه له‌لایه‌ن میلیشیاو مافیا‌و چهتهكانتهوه ئه‌بیستی، نازانم چۆن یاری به ته‌سبیح و گۆچانه‌كه‌ت ده‌كه‌یت؟ ناشێ ئاگادار نه‌بیت، كه ئه‌و زانكۆیه‌ی یه‌كه‌م وانه‌ی قوربانیدان و به‌رخودانی فێری سه‌دان سه‌ركرده‌و تێكۆشهرو سیاسه‌تمه‌داری كورد كردووه، ئه‌وه‌تا پۆستاڵی ره‌شی مافیاكانت گڵاوی ده‌كه‌ن!. نازانم بۆ وا زوو وه‌فای ئه‌م شاره‌ت له‌بیر كرد!.. ئاخر له هیچ سوچێكی ئه‌م دنیایه‌دا شارێكی تر نابینیته‌وه، به مه‌ردی و جوامێری (كامه‌ران موكری و دیلان و عه‌وله سیس) و به دڵفراوانی و سه‌خاوه‌تمه‌ندی (كه‌ریمی ئه‌له‌كه‌و عه‌لی بۆسكانی)یه‌وه باوه‌شی بۆ سه‌ركرده‌یه‌ك كردبێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی سلێمانی بۆ ئێوه‌ی كرده‌وه. وتم: وه‌بیری ده‌هێنمه‌وه، كه ئه‌و به‌بێ سلێمانی هیچ نه‌بووه‌و لێره‌ش بترازێت هیچ. عه‌رزی به خزمه‌تیان ئه‌كه‌م، كه ساویلكهترین و خۆشباوه‌ڕترین كه‌س نییه بڕوا بكات جه‌نابتان بێ ئاگابن له‌وه‌ی، كه له‌ماوه‌ی ته‌نها دوو مانگدا میلیشیای زه‌رد دوو جار له‌شكر كێشی بكاته سه‌ر شاره حه‌یاته‌كه. لێی ئه‌پرسم ئه‌ی (فریادڕه‌سی برایانی عه‌ره‌بی چاوڕه‌شمان) كوێڕا ئه‌و هه‌موو خزمه‌ت و میواندۆستییه‌ی شاره‌كه‌ی منتان له‌بیركرد؟!.. ده‌ڵێم (میواندۆستی)، چونكه ئێمه له ئاست كه‌سدا خۆمان به خانه‌خوێ نه‌زانیوه و ئێوه‌شمان له سه‌ره‌وه‌ی دیوهخانهكهمان دانابوو. به‌ڵام دیاره ئێوه شایانی ئه‌وه نین بۆ هه‌میشه به‌ڕێزه‌وه میوانداریتان بكه‌ین، و ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه، بڵێین بڕۆ بگوێزه‌ره‌وه.
وتم دواجار به زمانی سلێمانچییهكهوه، به‌ڵێ (شارچییانهو سلێمانچییانه) هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێده‌ڵێم، ئێوه نامۆن به‌م شاره‌و به كولتووره مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازانه‌كه‌ی. ئێره جێگای ئینسانی بێوهفاو بێهه‌ڵوێست و هه‌لپه‌رستی تێدا نابێته‌وه، فه‌رموو بارگه‌و بنه‌تان بپێچنه‌وه‌و بڕۆنه‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی، كه لێوه‌ی هاتوون. (مامه گیان، مامی سۆسیال دیموكرات، مامی سهركۆمار، مامی ئه‌نفالچی پارێزم، مامی یاساناس، مامی وه‌فادار)م چیتر ئێره شاره حه‌یاته‌كه‌ی تۆ نییه، ئه‌مه شاره‌كه‌ی (عه‌لی بۆسكانی و به‌كر عه‌لی و ئارام)هكهمه، كه ئێستا كردووتانه به سه‌ربازگه. هاوڕێكانم ئه‌وانه‌ی ئێوه پێتانوایه، دڕنده‌یی به‌عسیان نه‌بینیووه، دوێنێ مولازم موحسین و له‌شكرێك جه‌للادیان بینی بوو، كه به زمانه شیرینه‌كه‌ی خۆمان ناشرینیترین جنێویان به خوشك و دایكمان ئه‌دا. بڕۆن و به‌غدا نیوه‌ی رێتان بێت، سلێمانی چیتر شاری ئێوه نییه‌و پێویستیشمان به میلیشیاو چه‌ته‌و مافیاكانت نییه، بڕۆ‌و هه‌موو شه‌لاتی و چه‌قۆكێش و نووسه‌ره دهربارهكانیشت له‌گه‌ڵ خۆت ببه. بیرت نه‌چێت هه‌موویان ببه له‌گه‌ڵ خۆت، كهسیانت بیر نه‌چێت، چیتر پێویستمان به دڕنده‌یی و به‌دڕه‌فتاری مافیاكانتان نییه. ئه‌و كاته‌ی دۆسته ئاخوند‌و كهمالیستهكانتان به تۆپباران سنووره‌كانی نیشتمانیان ده‌كردینه قه‌قنه‌س پێویستمان به‌و غیره‌ت و شههامهتهتان هه‌بوو، كه نه‌تان بوو. چیتر پێویستمان به راگه‌یاندنه روو زه‌ردو درۆزنهكانیشتان نییه، ئه‌وه‌نده‌یان درۆ‌و بوختان كردووه، رووی گۆبڵز و سه‌حافیان سپی كردۆته‌وه. نا مامه گیان هیچی ئێوه‌مان ناوێت. خۆمان ته‌له‌فزیۆنه سووتاوهكانمان چاك ده‌كه‌ینه‌وه‌و برینی رۆشنبیر‌و هونه‌رمه‌ندو هه‌موو ئازادیخوازهكانمان تیمار ده‌كه‌ین، چیتر پێویستمان پێتان نییه. نا پێویست ناكات ئێوه بێنه‌وه‌و ئه‌رك بكێشن، خۆمان به باری سه‌د حوشتر هه‌موویتان بۆ ده‌نێرینه‌وه. تكایه چیتر مه‌گه‌ڕێوه.. هیچ مه‌ڵێ و چیتر مه‌گه‌ڕێوه.