Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
مێژووی حکومەتی هەرێمی کوردستان گاڵتەکردن بووە بە ئازادی و خەباتی خەڵک

مێژووی حکومەتی هەرێمی کوردستان گاڵتەکردن بووە بە ئازادی و خەباتی خەڵک

Closed

هەر لەدوای کۆڕەوەکەی ساڵی 1991 و گەڕانەوەی بەرەی کوردستانی بۆ شارەکان، ساتوسەودا کردن لەگەڵ سەدام حوسێنی خوێنمژ لەپێناو لەباربردنی خەبات و داخوازییەکانی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان دەستی پێکرد لەژێر ناوی گفتوگۆ. بەرەی کوردستانی ئەوسای ناڕێکخراو و بێئەزموون لەبوارەکانی ئیدارە و حکومەتکردن و بەئەزموون لەبواری ملکەچکردن و گوێڕایەڵی حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و دەزگا هەواڵگرییەکانیان، لەهەوڵی جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی بوو و بۆ ئەو مەبەستە هەموو تواناکانی خستبۆوە کار . یەکەمین کارێک کەبەرە دەستی دایێ کارکردن بوو لەسەر کوشتنی ڕوحی شۆڕشگێڕانەی خەڵک و بەلاڕێدابردنی خەبات و تێکۆشانی خەڵک بوو و کورتکردنەوەیان بوو لە دژایەتیکردنی حیزبی بەعس و دەرکردنی دەزگا ئەمنییە شڕوشەقەکانی ئەوسای بەعس. دوای دروستبوونی حکومەتی 50×50 ی هەرێمی کوردستانی عێراق لەساڵی 1992 (یەکێتی نیشتمانی کوردستان + پارتی دیموکراتی کوردستان) و دابەشکردنی دەسەڵات و ڕێکەوتن لەسەر دزین و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی کوردستان لەنێوان خۆیان، کەوتنە مشوورخواردن بۆ بەهێزکردن و پیادەکردنی ئەو سیاسەتە دژی ئازادییەی کەبۆتە پەڵەیەکی ڕەش بەنێوچەوان و مێژووی ئەم حکومەتە. بۆ ئەم مەبەستەش دەبوایە دوو کار بکەن :
یەک : بەهێزکردنی هێزی چەکداری و سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسی و ژێرچەپۆککردنی لایەنە لاوازەکان بوو.
 دوو : کارکردن بوو بۆ بەرتەسکترکردنەوەی ئازادییەکان لە کوردستان.
ئەمە ئەو ستراتیژیە بوو کەحکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر دامەزرا و بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆش بەرئەنجامی ململانێی ئەو دوو باڵەی حکومەت بوو لەسەرکوتکردن و فراوانترکردنەوەی قەڵەمرەوی دەسەڵاتیان. یەکەمین کارێک لەو بوارەدا دەرکردنی قانوونی جەمعیاتی حکومەتی هەرێم بوو لە ساڵی 1992 کە هەوڵی دەدا ڕێگری دروست بکات لەبەردەم ئازادی پێکهینانی حیزبی سیاسی و ڕێکخراوی سیاسی و جەماوەری. لەوە پاشیش کارنامەی حکومەتی هەرێم بریتی بووە لە دژایەتیکردنی هەر جوانییەک و هەر دەنگیکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەی کوردستانی باشوور و بەرتەسکترکردنەوەی ئازادییەکان و تیرۆری سیاسی و جەستەیی هەڵسوڕاوانی سیاسی و جەماوەری و بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆ و پێکدادانی سەربازی نێوان لایەنەکان و زاڵکردنی فەزای ترس و شەڕ بەسەر کۆمەڵگە. لەم نێوەشدا دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بەسود وەرگرتن لە دەست ئاوەڵاکردنی هێزە ئیسلامییەکان زۆرێک لەمەرامەکانی بۆ مەیسەر بووە. هەر لەتیرۆرکردنی محەمەد حەلاق و هاوڕێکانی و نەزیر عومەر و فەرهاد فەرەج و شاپوور عەبدولقادر و قابیل عادل و بەکر عەلییەوە بگرە تادەگاتە دامەزراندنی کوشتارگای چەکدارە تێکۆشەرەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی و دواتریش ئەو ستراتیژ و کارنامە کۆنەپەرستانەیە درێژە دەکێشێت بەتیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و عەبدولستار تاهیر شەریف تا دەگاتە وەڵامی کوشتن و بڕینی خەڵکی ناڕازی کوردستان کەئەمڕۆ گۆڕەپانی کوردستانیان بەخوێنی خۆیان نەخشاندووە وەک ڕێژوان و شێرزاد و سورکێو و زمناکۆ و گەرمیان و بیلال و تاد. هەروەها نووسەران وڕۆشنبیرانیش بەردەوام کەوتوونەتە بەر هێرشی کۆنەپەرستانە و دادگایی کردنی نووسەران و شاعیران و سەرنووسەری ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و بەبەشداری مەلا و بزووتنەوە ئاینییەکان و دەست ئاوەڵا کردنیان لە دەرکردنی فتوا و بەکارهێنانی مزگەوتەکان بۆ تیرۆری مەعنەوی ئەدیبان و نووسەران. درێژەپێدانی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانەیە لەمڕۆشدا خۆی لە ڕەشبگیری و ڕفاندنی نووسەران گرتن و ئەشکەنجەدانی هەڵسوڕاوانی وەکو  عەلی سیاسی و دکتۆر پشتیوان و سوکایەتیکردن بە میدیاکاران و پەیامنێرانی ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفیزیۆنەکان دەبینێتەوە  تا دەگاتە ڕفاندنی نووسەر و ڕوناکبیر ڕێبین هەردی کە زۆرتر نیشانەی داماوی دەسەڵاتی بۆگەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات و ترسێکی گەورەی ئەو حکومەتەشە لە نووسەران و ڕۆژنامە و ئازادی سیاسی.
ئێستا حکومەتی هەرێم بەو کارە ناشایستانەی کەدژی مرۆڤایەتی و ئازادییە سەلماندی کەدوژمنی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، دوژمنی ئازادییە، دوژمنی گەشەکردن و بەرەوپێشچوونە. بەرژەوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرقەراربوونی ئازادییە سیاسییەکان نییە لە کوردستان. بەرژەوەندی ئەو حکومەتە کۆنەپەرستە لەوەدا نییە خەڵکی ڕێکخراو بن، چاوکراوە بن، داوای مافەکانیان بکەن. ئەوان میللەتێکیان ئەوێت بێدەنگ و ڕازی و شوکرانەبژێو بەو نەهامەتییانە. ئەوان ئامادە نەبوونە و ئامادەش نین دەستبەرداری تاڵان و بڕۆی سامانی گشت بن و هەرگیزیش دەستبەرداری کورسییەکانیان نابن.
بە تێگەیشتنی من هەر جۆرە خۆشباوەڕییەک بەرامبەر ئەم حکومەتە مانای تێگەیشتنی نادروستە لە ناوەڕۆک و ماهییەتی ئەو دەسەڵاتە. ناخۆشتر لەمەش خۆشباوەڕی ڕووناکبیرە بە دەسەڵات. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ڕۆشنبیران و نووسەران بەڕاشکاوی بۆچوونەکانیان دەرببڕن و بێ هیچ دوودڵییەک خاڵ بخەنە سەر وشەکان و هەڵوێستەکانیان بەئاشکرا ڕابگەێنن؟ کاتی ئەوە نەهاتووە لەبەرامبەر بە سەربازگە کردنی شار و کوشتن و ڕفاندن خەڵکی ڕاپەڕیو و ڕاگەیاندنی نایاسایی بوونی هەر خۆپیشاندانێک بەبێ مۆڵەت ئەو خۆشباوەڕییە کاڵ بێتەوە؟
ململانێی سیاسی لەگۆرەپانی سیاسی کوردستان ئەمڕۆ میدیای دەسەڵات بەکێشمەکێشی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ناو دەبات. ئەم چەواشەکارییەی میدیای دەسەڵات و ئەم سیناریۆ بێبەهایەی حکومەتی هەرێم لەڕاستیدا خۆڵکردنە چاوی خەڵکی ناڕازییە. ململانێی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان ململانێی نێوان ئازادی و کۆنەپەرستییە، ململانێی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە، نەک دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن. هەرچەندە ئۆپۆزیسیۆن لێرەدا گەمەکەرێکی ناشرینە و شوێن بەرژەوەندییەکانی خۆی کەوتووە، بەڵام دەسەڵات بۆ بەتاڵکردنەوەی بایەخی شۆڕشگێڕانەی ڕاپەڕینی خەڵکی ناڕازی، سوود لەم ئامڕازی ئۆپۆزیسیۆنە وەردەگرێت. خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان پێویستە زۆر بە وریاییەوە برواننە گەمەکانی ئۆپۆزیسیۆن و چەواشەکارییەکانی دەسەڵات. خەڵکی ڕاپەڕیو ئەبێت مەیدانی تێکۆشانیان لەمەیدانی ئازادییەوە بگوێزنەوە بۆ سەرجەم کوچە و کۆڵانەکانی شارەکانی کوردستان و بەیەک دەنگی شۆڕشگێڕانە “نەخێر”ێکی گەورە بدەن نەک تەنها بەگوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بدەن بەگوێی سەرجەم بزووتنەوە کۆنەپەرستی و دژی مرۆییەکانی عێراق و ناوچەکە.
ڤانکۆڤەر – کەنەدا
20-04-2011

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.