هه‌ناسه یوسفییه‌كانی دڵ …. هێمن عومه‌ر خۆشناو(شه‌قڵاوه)
له‌نێو شووشه سپییه‌كانی رۆحه‌وه منت ده‌رهێنا، كه به ده‌سته موباره‌كه‌كانی تۆ له گوشینی رۆحه‌وه رسكام. ئه‌و هێزی په‌یوه‌ندییه‌ی هه‌مه، به‌هیچ هێزێك ناكوژێته‌وه، به دار، به به‌رد، به رۆحه ره‌شه‌كان…هتد. ئه‌و رۆژانه‌ی كه به سه‌ر داوی نێو ده‌نكه ته‌سبیحه‌كاندا پیاسه‌یان ده‌كرد، هه‌ر رۆژه ده‌نكێك شریخه‌ی ده‌هات‌و له‌و سه‌ر رۆحێكی من له په‌نجه‌كانت دوور ده‌كه‌وته‌وه. نێوانی رۆحی من‌و سه‌ری په‌نجه سه‌ر ته‌سبیحه‌كه‌ت، رۆژ به رۆژ له گه‌رمایی رۆحت دوور ده‌كه‌وته‌وه، ده‌نگی ترپه‌ی دڵ‌و شه‌قه‌ی رۆحم هێشتا له زه‌ین ماوه، رۆحێك به قادرمه‌كانی دا سه‌ركه‌وتم، به‌ڵام نه‌مده‌ویست بیگه‌مێ، نه‌مده‌ویست تێیبگه‌م، له كۆتاییشدا تێنه‌گه‌یشتم، یه‌ك یه‌ك پارچه‌ی په‌یژه‌كانم شكاند، كه پارچه‌یه‌ك لێده‌بۆوه، رۆحم ده‌رووشا، دواتر پارچه‌یه‌كی لێ هه‌ڵده‌كرووزا، چه‌شنی مۆرانه‌یه‌ك…نا.. خۆركه‌ی لێده‌دا.. وامده‌زانی كیفی تازه‌بوونه‌وه ده‌خه‌مه‌وه به‌رم.
كه ئێستا قه‌ڵه‌مم ده‌یه‌وێ وشه‌ی رۆح له‌سه‌ر ئه‌م رووپه‌ڕه بنووسێ، له پیتی یه‌كه‌مه‌وه دندوكێك‌و له‌پیتی دووه‌مه‌وه نقورچه‌یه‌ك‌و له پیتی سێیه‌مه‌وه نوكێكی تیژ ده‌خێوێنێته رۆحم، كه تۆش ده‌یخوێنیته‌وه، یان بۆت ده‌خوێندرێته‌وه، یان به چاو ده‌یبینی، رۆحت ئازاری پێده‌گا، به ئازارێك قه‌ڵه‌مم له‌باوه‌ش كردووه، به‌ئازارێك بیر ده‌مپێچێته‌وه. باشه ده‌بێ عه‌قڵ هێنده گه‌مژه بێ، نه‌توانێ دوگمه‌ی بیرچوونه‌وه‌م دابگرێ، چیتر نقومی نێو ئازارم نه‌كاته‌وه، ئاخر بیره‌وه‌ری، رۆح ده‌گوشێته‌وه، وه‌ك چۆن به گوشینی رۆحی تۆ، من سازام. ئه‌گه‌ر هه‌موومان له ده‌ریای ئازاردا مه‌له بكه‌ین، ئه‌گه‌ر رۆح ئاگری ناخی دانه‌گیرسێنێ، كوا به‌های ئازار؟
له‌بیرمه رۆحی من هێشتا دانه‌گیرسابوو، ئه‌و كاتانه‌ی ئێوه له‌نێو ئازاردا كوڵی بووبون، له‌ژوورێكی تاریكدا بووین، به‌ڵام چرایه‌كانی ناختان شۆقی ده‌دا، شۆقێك كه چاوی ئێمه نه‌یده‌توانی بیانبینێ، رۆحی ئێمه نه‌یده‌توانی په‌ی پێ ببا، ئێستا ده‌زانم بۆنی ئه‌و چرایانا بۆنی میسك‌و عه‌نبه‌ره‌كانی ئه‌ودیو وڵاتی راسته‌قینه‌ش به شاگردی نه‌ده‌بوون، تامیان، جوانییان، به‌هایان،… نه‌ده‌پێوران… ئه‌وانه ئازار دایده‌یساندن، ئازار ده‌یخستنه سه‌ما، ئازار دڵداری پێده‌كردن.
ئه‌وان له ژوورێكدا بوون، خه‌م دیواره‌كانی بوو، ره‌حم ساپیته‌و گریان زه‌ویه‌كه‌ی بوو. ته‌نیا له‌نێو پارچه‌كانی رۆحدا، گوێ ترپه‌ی دڵی ده‌هات، ده‌یانخسته به‌رده‌م ئازاره نه‌پشكوتوه‌كانی من‌و حه‌زیان ده‌كرد، زمانی من‌و گوێی ئه‌وان له ئاهه‌نگێكی شه‌وانه‌ی نێو دیواره‌كانی حوزندا زه‌ماوه‌ند بكه‌ن، حه‌زیان ده‌كرد گوێ له زه‌ماوه‌ندێك بگرن، كه تێیدا جه‌مالی یوسف.. ئازاری یوسف.. خه‌م‌و گریان‌و نه‌هامه‌تییه‌كانی یوسف، شۆق بخاته ژووره‌كانیان، جارێكی تر بیانخاته‌وه سه‌ما، سه‌مای گریان‌و كارگه‌ی فرمێسكان بخاته‌وه گه‌ڕ.
ئه‌و ساتانه چه‌ندت حه‌ز ده‌كرد بانگمكه‌یته‌وه نێو مه‌جلیسی رۆحه‌كان، له‌وێ بمكه‌یته‌وه سه‌رده‌ستی زه‌ماوه‌ندان‌و ئاگر به‌ربده‌مه نێو هه‌ناو‌و دڵی گوێچكه‌ی هه‌میشه ته‌زیویان‌و خه‌مه به‌ستووه‌كانی ناویان گه‌رم‌و گوڕ بكه‌مه‌وه.
من له‌نێو رۆحه هه‌ڵكرووزاوه‌كانی ئه‌واندا، له ناوه‌ڕاسته‌وه سه‌رم به‌سه‌ر كتێبه به فرمێسك ره‌قبووه‌كه شۆڕكردبۆوه، تێكڕا هه‌موو به‌یه‌ك ده‌نگ گوتیان یووسف، نه‌مده‌زانی بۆ هێنده‌یان یوسف خۆشده‌وێ، ده‌ستم پێده‌كرد، به‌تاسه‌وه چاوه‌ڕێی كۆتاییه‌كه‌ی بوون، سه‌یر ئه‌وه بوو هه‌موو شه‌وێ به هه‌مان شێوه ئه‌و دڵانه داده‌خورپان ئه‌و رووحانه هه‌ڵده‌كرووزانه‌وه، ئه‌و جه‌رگانه ده‌سووتانه‌وه، ئێستا كه دێته‌وه بیرم هێنده‌م به‌زه‌یی به‌واندا دێته‌وه هێنده به یوسف نا، پێده‌چوو له پێش چاوی ئه‌وان من یوسف بم، نا!! ئه‌وان به‌دوای یوسفه‌كانی خۆیان ده‌گه‌ڕان، جار جار لێم نزیك ده‌بوونه‌وه، وایان گومان ده‌برد هه‌ر بینا یوسفێك له‌نێو كتێبه‌كه دێته ده‌ره‌وه. یوسفه‌كانی ئه‌وان ناو به ناو له‌سه‌ر دێره‌كان به‌رزده‌بوونه‌وه‌و دواتر له كه‌لێنی په‌ڕه‌كاندا بزر ده‌بوون، كه ته‌واو ده‌بووم رۆحه بچوكه‌كه، هه‌مووجارێ ده‌یگوت كتێبه‌كه دابته‌كێنه، تومه‌ز له‌پێش چاوی، یوسفه‌كه‌ی له یه‌كێك له‌نێو 23 دێری لاپه‌ره‌كه‌دا خۆڵی وه‌سه‌ر گه‌ڕابوو، دام نه‌كوتابان ده‌خنكان، یان له داخستنی كتێبه‌كه‌دا لاپه‌ڕه قورسه‌كانی، كه وه‌ك ده‌رگای ئیڤاكان وابوون به‌سه‌ر‌و مێشكیان ده‌كه‌وتن‌و تا سبه‌ی شه‌وێ ده‌بوورانه‌وه. یوسفم به نیوه ده‌كرد، له‌گه‌ڵ گریانی ئه‌وان، قورگم پڕ ده‌بوو له گریان، هاڵاوی بۆنێك نه‌یده‌هێشت بگریم، كه یوسف ده‌كه‌وته نێو بیره تاریكه‌كه، ئه‌وان له لوتكه‌ی ئازار ده‌بوون، سه‌ری ئه‌و رۆحانه ده‌كرایه‌وه، هاڵاوێك بۆن ده‌یتاساندم، له‌ده‌ورم ده‌ئاڵان، دوكه‌ڵی بۆنه‌كه ژووره‌كه‌ی پڕ ده‌كرد، له سه‌ركۆش‌و پشت‌و سه‌ر‌و بن پێیان هه‌ڵده‌ستا، چاویان له تۆ ده‌كرد، تۆ یوسفێكت مابوو، ئه‌وان چش. تۆ گوڵێكت مابوو، ئه‌وان هیچ!!!.
پووره خه‌زێم هێنده به ئارام بوو، ئه‌وانی هێواش ده‌كرده‌وه. به‌ڵام من نه‌مده‌زانی ئارامی ئه‌و له ده‌نگ بوو، شه‌پۆڵه‌كانی خه‌می ئه‌و ناوه‌ی ره‌ش كردبوو، بۆنی خه‌زێمێكی خه‌ماوی داده‌گیرساند، ده‌م‌و چاوێكی هێند سپی هه‌بوو، له به‌فر سپی تر، هه‌موو جارێ له‌تۆم ده‌پرسی، ده‌تگوت ئه‌و، شاره به‌زۆر چنراوه‌كانی ئێره‌ی نه‌دیوه، ته‌نیا ئاوی (بواره كانی)ێی به رووان كه‌وتووه، سه‌یر بوو له‌و رووه سپییه‌ی ئه‌و هاڵاوه ره‌شه، له‌و رووه به‌فره ئه‌و خه‌مه قیره.
جار جار رووحه خه‌زێم هه‌ڵیده‌دایه:
-ئه‌یوبێكمان بۆ وه‌خوێنه.
ملم له‌به‌ر ملی ئه‌یوب ده‌نا، ئه‌یوب ساردی ده‌كردنه‌وه، ئارامی پێده‌به‌خشین، هه‌ریه‌كه‌یان وه‌ك دوو ماڵی جیا، ماڵی خۆیان له هاڵاو‌و گریانی ره‌ش ده‌كرد‌و دوای كه‌نه‌فت بوون ده‌سه‌نگرانه‌وه. له رووحه خه‌زێمه‌وه ده‌ستم پێده‌كرد، روومه‌تی من ده‌بووه جێ ماچی هه‌موو رووحه‌كان، دوایین ماچ به‌ر تۆ ده‌كه‌وت.
دایه ئێستا من ده‌زانم تۆ وه‌ك ئه‌وان نه‌بوویت، ئه‌وان زولێخایه‌ك بوون، بونیامین بوون، یه‌عقوبێكی دیده تاریك بوون، دوایین ماچ له‌تۆدا ده‌گیرسایه‌وه، تۆ ده‌ردی قرانی یوسفانت بۆ نه‌هاتبوو نا!!.
ئاخر رۆحی تۆ واناڵێ، خۆ من یه‌هودا بووم بۆ تۆ، نه‌مده‌زانی به‌و ده‌ستانه‌م، به‌و بیره رزیوانه‌م، ده‌بمه داگیرسێنه‌ری خه‌م، نه‌مده‌زانی تامی خه‌م چییه. ئێستا ده‌ركه‌وت شاخێكی چه‌ند گه‌وره‌یه هه‌ر ساتێك ده‌كه‌وێته سه‌ر سینگت، ده‌تورخێیته‌وه، دووباره وه‌ك خۆت لێ دێته‌وه، ئه‌مجاره به‌سه‌رت دا ده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌و دۆخینه‌ی كه له(ژیری)ی ئێمه گرێدرابوو، به‌داوی خه‌م، گریان، نه‌هامه‌تی، چنرابوو. هه‌موو شه‌وێ ئه‌ستێره‌ی ئه‌و رۆحانه‌ی به‌سه‌ر دا ده‌ڕژا‌و هه‌ڵده‌كرووزا، ره‌ق ده‌بوو، ده‌بووه كه‌ڵه‌كه چنراوێك، كه ته‌نیا بۆنی ئازاری ده‌به‌خشی، ئه‌و بۆنه وه‌ك هه‌وێنی مانمان، هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌پرژێنرایه نێو (بواره‌كانی)و له به‌ره‌كه‌تی ئه‌م خاكه‌دا ده‌پنگایه‌وه.
من ئێستا چیتر نامه‌وێ قه‌ڵه‌م دوگمه‌كانی بیره‌وه‌ریم بسووڕێنێ، له هاتنه‌وه‌ی چاخه‌كانی ژیریمدا دێمه سه‌ر گۆڕه‌كه‌ت‌و له‌پاڵ كێلی راستت داده‌نیشم، چاوه‌كانم ده‌خه‌مه سه‌ر یه‌ك تریسكایی له كه‌لێنی هه‌ردوو پێلوومدا، له‌م نووسینه‌م راده‌مێنم، لێره‌وه خوێنه‌ری ئه‌و چیرۆكه ده‌بێ جێم بهێڵێ، ده‌مه‌وێ به ته‌نهایی له‌نێوان من‌و دایكمدا كه‌شێك، وه‌ك كه‌شی رۆحی نێو ژووره خه‌مه‌كه بسازێنم…
دایه گوێم لێبگره، ئه‌مجاره چیرۆكی یوسفت بۆ ناخوێنمه‌وه، گوێ له یوسفی خۆت بگره، یوسفێكی ترت بۆ ده‌سازێنێته‌وه.
شه‌قڵاوه- پایزی 2008