كه‌مپین و ئیسلامی سیاسی و مه‌ترسییه‌كانی
دیاره دروستكردنی كه‌مپین و رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، له دیارترین سیماكانی بوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراسین و ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌كن كه تێیدا تاك ده‌توانێت بۆچوون و داواكارییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی بخاته‌به‌رده‌م ڕای گشتی و دواتریش ئه‌گه‌ر پێویستی كرد، ئیدی كۆمه‌ڵگه به‌جۆرێك له جۆره‌كان ڕای گشتی له‌سه‌ر دروست ده‌كات.
ئه‌وه‌ی ته‌نیا دێڕێكی له‌سه‌ر ئیسلامی سیاسی له جیهانی عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی خوێندبێته‌وه، ئه‌و راستییه‌ی بۆ ده‌ركه‌وتووه كه نێوانی ئیسلامی سیاسی و كه‌مپین و چه‌مكی دیموكراسی ته‌نانه‌ت تاله موێكیش به‌یه‌كیانه‌وه نابه‌ستێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌وپێیه‌ی كه ئیسلامی سیاسی چه‌مكێك یان رێكخراوێك نین له‌هه‌ناوی پێداویستییه دونیاییه‌كانی مرۆڤه‌وه دروست بووبێتن، به‌ڵكو ئه‌جێندای ئه‌و هێزو ره‌وته ئیسلامییانه له جه‌وهه‌ردا ئیشكردنه له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه بۆ دۆخی سه‌ره‌تایی و باڵاده‌ستی ئایین و شه‌رعییه‌تی پیاوانی ئایینی و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م باڵاده‌ستییه‌ی پیاوانی ئایینیشه‌وه هیچ هێز و ئاماژه‌یه‌كی دونیایی جێگه‌ی نابێته‌وه‌و ناتوانێت گه‌شه بكات، یاخود هه‌ر له سه‌ره‌تای دروست بوونییه‌وه له‌بارده‌برێت و وه‌ك راپه‌رینی (بابه‌كی خوڕه‌می) كه به به‌رگ سووره‌كانیش ناسراون و هه‌روه‌ها (راپه‌رینی زه‌نگ) كه دوو راپه‌رین بوون له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تدا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌و دواتریش له‌لایه‌ن پیاوانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ته‌وه به‌توندترین شێوه كۆتاییان پێهێنراوه‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌وانه دراوه كه ئه‌م راپه‌رینانه‌یان دروستكردووه، بۆیه‌ش به‌هیچ جۆرێك ئیسلامی سیاسی بڕوای به‌دروستكردنی كه‌مپین و داواكاری نییه به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسییانه‌و له‌چوارچێوه‌ی ئازادی تاك و راده‌ربڕینه‌وه، ئه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كانی كوردستان له ئێستاكه‌دا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن هه‌ر له دروستكردنی كه‌مپین و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری وه‌ك مافێكی مه‌ده‌نی تاك و كۆمه‌ڵگه، ئه‌مه له چه‌واشه‌كردنی ڕای گشتی به‌ولاوه هیچی دیكه نییه، له‌مێژووی دونیادا نه‌مانبینیوه كه ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی له‌ڕێگه‌ی دیموكراسییه‌وه ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی تێداكرابێت، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك كرابێت له ئه‌نجامی كوده‌تاو توندوتیژی سه‌ربازییه‌وه بووه، ته‌نانه‌ت بوونه‌ته هۆكارێكی ترسناكیش له‌سه‌ر ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتانی ناوچه‌كه‌و نێوده‌وڵه‌تی، نموونه‌ش ئیسرائیله كه كۆی وڵاته عه‌ره‌بییه ئیسلامییه‌كان ده‌ستی تۆمه‌ت و هێرشی ناره‌وای ده‌خه‌نه‌سه‌رو قه‌بووڵی ئه‌وه‌یان نییه كه ده‌وڵه‌تێكی بچووكی پێشكه‌وتووی غه‌یره ئیسلام و عه‌ره‌ب له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت. هه‌روه‌ها ئه‌وه ئیسلامیه‌كانن بوونه‌ته هۆكارێكی ترسناك له‌به‌رده‌م وڵاتانی ئه‌وروپا كه خه‌ریكه ئه‌وروپا وه‌ك كیشوه‌رێكی پێشكه‌وتوو به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی خۆیاندابچێته‌وه كه له‌گه‌ڵ وڵاته عه‌ره‌بییه‌كاندا هه‌یانبووه‌و ته‌نانه‌ت ئێستاكه وڵاتانی ئه‌وروپا خه‌ریكی گرێدانی ده‌یان كۆنفرانسی گه‌وره گه‌وره‌ن له‌سه‌ر ئه‌و ئیسلامییانه‌ی كه له وڵاته‌كانیاندا نیشته‌جێن و نه‌یانتوانیوه خۆیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كانی ئه‌وروپادا بگونجێنن و بوونه‌ته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ش به‌سه‌ر باری سایكولۆژی تاكی ئه‌وروپیه‌كانه‌وه.
كه‌واته پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی له‌مه‌ترسی ئیسلامییه‌كان هوشیار بكرێته‌وه له‌وه‌ی كه ئه‌وانه تۆسقاڵێك مه‌به‌ستیان خزمه‌تكردنی ئایین نییه‌و به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت ئایین وه‌ك خزمه‌تكارێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕو دواتریش به‌رنامه‌و پرۆژه سیاسیه‌كه‌ی ئێران له‌م هه‌رێمه‌دا جێبه‌جێ بكه‌ن. چونكه هه‌رێم هاوشێوه‌ی ئیسرائیل له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی عه‌ره‌بی ئیسلامی توندڕه‌و خه‌ریكه كیانێكی سه‌ربه‌خۆی خۆی دروست ده‌كات و له‌م قۆناغه‌شدا ته‌نیا یه‌كگرتوویی ته‌واوی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان پێویسته‌و به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه هه‌ر ناكۆكییه‌كی نێوانیان كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی به‌سه‌ر كۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌وه ده‌بێت و به‌جۆرێك له جۆره‌كانیش ئیسلامییه‌كانی كوردستان له‌م ناكۆكیانه‌دا سوودمه‌ند ده‌بن، كاتی خۆی یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌سوود وه‌رگرتن له شه‌ڕی ناوخۆی یه‌كێتی و پارتی خۆی راگه‌یاندو له‌م بۆشاییه سیاسییه‌دا نفوزی خۆیان به‌سوود وه‌رگرتن له ئایین زیاد كرد، بۆیه‌ش گۆڕان پێویسته هه‌ست به‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه‌ی ئیسلامیه‌كان بكات له‌وه‌ی كاتێگ ئیسلامییه‌كان ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات، ئه‌وكاته ئه‌وان واته ئیسلامییه‌كان به‌رنامه‌ی خۆیان كه ئیشكردنه له‌سه‌ر كولتووری توندڕه‌وانه‌ی ئایینی به‌سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌دا ده‌سه‌پێنن، بۆیه باشترین شت له ئێستاكه‌دا هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و رێكه‌وتننامانه‌ی نێوان گۆڕان و لایه‌نه ئیسلامییه‌كانه، چونكه مه‌ترسییه‌كه له‌وه‌دایه كاتێك ئیسلامییه‌كان به‌هێز ده‌بن، ئه‌وكاته خودی گۆڕانیش ده‌كه‌وێته به‌رده‌م مه‌ترسی ئیسلامییه‌كانه‌وه، چونكه ئه‌وانه مه‌ترسین به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌جێندای ئیسلامییه‌وه كار ده‌كه‌ن و دڵنیاشم له‌وه‌ی سه‌رانی گۆڕان نایانه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئیسلامی هاوشێوه‌ی تالبیبان له كوردستان هه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌وه ئیسلامییه‌كانن ده‌وڵه‌تێكی هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستانیان ده‌وێت.
تێبینی: ئه‌م وتاره تاوه‌كو ئێستاكه له هیچ یه‌كێك له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه.
Shaxewan_braim@yahoo.com