
نامه‌یه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵات …. بژار
ئه‌و که‌سانه‌ی گورزه تیشك ، له چاویانا مه‌ڵۆ ده‌کرێت
به تاریکی ده‌روونیانا ، بۆڵه شه‌وقی چرا ده‌برێت
ئه‌و که‌سانه‌ی گه‌شانه‌وه‌ی گوڵ پیایاندا هه‌ڵزناوه
بیرکردنه‌وه له سه‌ریاندا ، کڵپه‌یه‌کی ڕاکشاوه
ئه‌و که‌سانه‌ی جوانیی پرشنگ ، له ڕوخساری دڵیان ده‌ده‌ن
ووره چه‌کی ناو ده‌ستیانه و به ڕووی ترسا ده‌ستڕێژ ده‌که‌ن
ئه‌و که‌سانه‌ی نان حه‌ز ئه‌کات وه‌کو ئه‌وان خۆشه‌ویست بێت
ئاو ده‌یه‌وێت وه‌کو ئه‌وان خزمه‌ت بکا و خۆنه‌ویست بێت
هه‌رچی شار‌و شارۆچکه‌یه له ، ده‌نگیانا مه‌نزڵ ده‌خه‌ن
هه‌رچی جۆری جوانییش هه‌یه ، له ڕه‌نگیانا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
_ _ _
ئه‌و مرۆڤه سه‌رکه‌شانه‌ی
له ناو ووشه‌ی ئازادی‌دا ، سیمای خۆیان هه‌ڵده‌که‌نن
به هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی
بیر و پاره‌ی ئێوه‌ی به‌ڕێز، به قاقاوه پێده‌که‌نن
ئه‌و مرۆڤه سه‌رکه‌شانه‌ی
ماوه‌یه‌که مرۆیی بوون به سه‌رمانا ده‌وه‌رێنن
سه‌ری شه‌و و چه‌وساندنه‌وه و
سام و غه‌م و سڵکردنه‌وه له ناوماندا ده‌په‌ڕێنن
ئه‌و مرۆڤه سه‌رکه‌شانه‌ی
لوتکه ده‌که‌ن به کڵاو و له ڕووتانا ڕاوه‌ستاوون
له ژێر په‌تی هه‌ڵواسین و گولله‌ی سوور و
شمشێری ده‌ست جه‌للاده‌کان ڕاپسکاوون
ئه‌و مرۆڤه سه‌رکه‌شانه‌ی
نووستن له نێو گلێنه‌یان خه‌وی شیرین ده‌یباته‌وه
مێژوو دێته ناویانه‌وه و
ئه‌و قه‌رزانه‌ی له سه‌ریه‌تی به ڕاپه‌ڕین ده‌یداته‌وه
نامه‌یه‌کتان پێشکه‌ش ده‌که‌ن
به خوێنی دڵ ، به ئاوی چاو ،
به‌و ئومێده‌ی گیان ده‌یچنێ نووسیویانه
دروشمێکتان بۆ ڕاده‌گرن
وه‌ڵامێکن به‌و که‌سانه‌ی
به عه‌شقه‌وه بۆ هه‌واڵی ده‌مه‌وبه‌یان پریسیویانه
_ _ _
وازناهێنن له‌و هه‌تاوه‌ی دزیوتانه و
له زیندانی ئێوه‌ش هه‌تاو ئیتر ئاوا ڕاناگیرێ
وازناهێنن له‌و زه‌رده‌یه‌ی
له‌سه‌ر لێویان داگیراوه و
زه‌رده‌خه‌نه‌ش به‌و زۆرییه له‌سه‌ر لێوتان هه‌ڵناگیرێ
وا جمه‌ی دێت له سه‌ریانا
ئه‌و بروسکه وه‌ریوانه‌ی
به‌ناو یه‌کدا تێکچڕژاون و له‌گه‌ڵ یه‌کیش ئۆقره ناگرن
ئه‌و هه‌ڵمه‌ته یاخییانه‌ی
له ناخه‌وه دێنه ده‌رێ و
گه‌ڕانه‌وه له ده‌م لووله‌ی تفه‌نگه‌وه داناگرن
بیناییتان ته‌واو نییه‌و نایانبینن
چۆن به گڕی سه‌وداسه‌ریی لابردنتان له مه‌یداندا داگیرساوون
چۆن ئه‌وانه‌ی سنگ ده‌که‌نه
ده‌فی ده‌روێش ، به خۆ ڕانان ،
له ڕوویانا قسه‌خۆش و میهره‌بان و داته‌پاوون
بیناییتان ته‌واو نییه و نایانبینن
چۆن بوونه‌ته ئه‌و هه‌ڵمانه‌ی
بۆ بارینی خه‌ونه‌کانمان هه‌ڵکشاوون به ئاسمانا
چۆن بوونه‌ته سیمای گه‌شی
ئه‌و ئاڵایه‌ی سپارتاکۆس
به مێژوودا خۆی هێنای و خۆیشی داینا له ده‌سیانا
لاکه‌نه‌وه به لایاندا
نێرگزه‌جاڕ ده‌مێکه‌یه
به پیر داوای ئه‌وانه‌وه چاوه‌ڕوانه و له‌سه‌ر ڕێیه
لاکه‌نه‌وه ئه‌م خه‌ڵکانه
بیانه‌وێ لێتان بده‌ن
به قه‌د به‌ردی گوێ چه‌مه‌کان که‌ڵه پشکۆی سووریا‌ن پێیه
_ _ _
داوا ده‌که‌ن لایانبه‌رن
ئه‌و غه‌مانه‌ی وه‌کو خاشاك ،
ئه‌و گه‌نجانه له قه‌راغی جاده‌کاندا فڕێی ده‌ده‌ن
ئه‌و ترسانه‌ی له دڵتانا
مۆڵ دراوون و به چاوتانا ،
به‌ئه‌سپایی هه‌موو ڕۆژێ بۆ مه‌یدانی شاری ده‌به‌ن
داوا ده‌که‌ن لایانبه‌رن
ئه‌و قسانه‌ی له شاشه‌وه
به به‌رده‌وه دێنه ده‌رێ و سه‌ری ڕاستی ده‌پژێنن
ئه‌و ده‌نگانه‌ی هه‌موو ساتێك
له چه‌ند لاوه ، ده‌به‌نگانه ،
بێشه‌رمانه ، سه‌ربه‌ستانه ، به گوێماندا ده‌گرمێنن
داوا ده‌که‌ن لایانبه‌رن
ئه‌و کۆمه‌ڵه پریاسکانه‌ی
له چاووڕاو بۆ ئه خه‌ڵکه فریشته‌یه پڕ کراوون
ئه‌و به‌ڵێنه ڕه‌نگینانه‌ی
به پانتایی کوردستاندا
چۆنت بوێ وه‌کو تووتن به گوونیه‌دا ئاخنراوون
داوا ده‌که‌ن لایانبه‌رن
ئه‌و ویقاره درۆیینانه‌ی
مرۆڤ کوشتن له ژێره‌وه له ناویاندا پاڵ که‌وتووه
ئه‌و مێژووه‌ی چرکه چرکه
به ڕشتنی خوێنی لاوان
ده‌یان ساڵه له‌م هه‌رێمه به ئێمه‌تان فرۆشتووه
_ _ _
گوێ ڕاگرن
گوێ گرتنتان پێکه‌نینه و
به تاسه‌وه ڕژاوه‌ته بێشه‌ی چڕی لێوکرۆشتن
ساماڵێکه له بیرتانا
ڕه‌وه‌یداوه ڕه‌وه‌هه‌وری که‌ویی بوون و شه‌ڕ فرۆشتن
گوێ ڕاگرن ، گوێ گرتنتان
ئاڵایه‌که و تریفه‌ی مانگ
بۆی ده‌بێته شه‌ماڵێك وله ناوتانا ده‌یشه‌کێنێ
دره‌ختێکی هیواکانه و
ده‌ستی شه‌قام بۆ گه‌یشتن
به کازیوه ، له ئێستاوه ، به سه‌رتانا ده‌یته‌کێنێ
گوێ ڕاگرن ، گوێ گرتنتان
کلیلێکه ده‌رگای هه‌تاو
به ڕووی شه‌وی یه‌ڵداکانی هه‌مووتانا ده‌کاته‌وه
له هه‌ر کوێ بێت ئه‌ندێشه‌تان
به ناو په‌لکه‌زێڕینه‌دا
تێگه‌یشتن بۆ قۆزاخه‌ی ئاوریشمینی ده‌باته‌وه
گوێ ڕاگرن گوێ گرتنتان
گه‌رماوێکه تۆزی گیانتان
به ڕوانینی سه‌رده‌مانه بۆ کێشه‌کان ، ده‌شواته‌وه
ئاسووده‌یی به ئازادی
له مه‌یخانه‌ی به‌خته‌وه‌ری
پێکی پڕی بێوه‌ییتان له‌م قه‌یرانه ده‌خواته‌وه
_ _ _
فریاکه‌وون به‌ڕێزه‌کان
خۆپیشاندان ، ته‌نینه‌وه‌ی به پانتایی کوردستاندا به‌رده‌وامه
خه‌ون و نه‌خشه و هێز و پیلان
ده‌نگێکی ده‌م وڕێنه‌یه و سه‌ودایه‌کی بێ ئه‌نجامه
فریاکه‌وون به‌ڕێزه‌کان
کات گوڵێکی په‌ژمورده‌یه و
گه‌شانه‌وه و بۆن و جوانیی ، جێێ دێڵن و نایه‌نه‌وه
کات ده‌ڕوات و ئێوه‌ش ده‌بنه نێچیرێکی له دا‌و گیراو
به ده‌ست دنیای یاده‌وه‌ری کۆن و درێژخایه‌نه‌وه
فریاکه‌وون به‌ڕێزه‌کان
خه‌یاڵی خۆش بۆ مانه‌وه‌ی کورسییه‌کانتان ، بێهووده‌یه
خه‌یاڵی خۆش ، وه‌ك دۆڕان و تێکشکان و مایه‌پووچیی
ڕووداوێکی ترسناك و په‌تایه‌کی کوشنده‌یه
فریاکه‌وون به‌ڕێزه‌کان
مێژووی ده‌یان ساڵه‌ی ئێوه
ئاوابوونی له ناخه‌وه ده‌مێکه‌یه ده‌رهێناوه
ئاوابوونتان گه‌ردنێکی
هێنراوی به‌ر مه‌قسه‌له‌یه و
خۆپیشاندان ، تاجه گوڵی رزگار بوونی له‌سه‌ر ناوه
_ _ _
بژار 17 – 4 – 2011