شاری سلێمانی بۆته جه‌هه‌ننه‌مێك كه بۆنی گوڵی تیا نه‌ماوه!
نه‌نگییه بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی گۆرانی ده‌ڵێت و ڕۆماش بسووتێت
(نیرۆن/ شاعیری جیهانی)
كاتێك پاره‌و كورسی سه‌روه‌ر بوون، خۆری ئازادی و ژیاندۆستی ئاوا ده‌بێت
(په‌ندێكی رووسی)
(به‌شی یه‌كه‌م)
ئه‌وه‌ی له‌م نووسینه‌مدا ده‌ینه‌خشێنم، نه سیاسه‌ته‌و نه دیپلۆمات، نه لۆژیك و فهلهسهفهش به كه‌س ده‌فرۆشمه‌وه، به‌ڵكو وه‌كو هاووڵاتی و هاونیشتمانییه‌كی كوردستان و دڵسۆزێكی شاری سلێمانی دوور له لایه‌نگیری بۆ هیچ لایه‌نێك، چونكه خۆم ئازادم و سه‌ر به هیچ حزب و لایه‌ن و ده‌زگاو كۆمه‌ڵه‌و سهندیكاو رێكخراوێك نیم له گه‌ردووندا.. نه مووچه‌م هه‌یه‌و نه پاره‌و دراو له هیچ كه‌سێكی كوردستانه‌وه وه‌رئه‌گرم.. دیاره ئه‌وه‌ش ئه‌یسه‌لمێنێت بۆ هه‌موو دونیا كه ئازادێكی عه‌یاره 24 بم و له هیچ رۆژنامه‌و گۆڤار‌و رادیۆ‌و تهلهفزیۆنێكیشهوه ده‌رناكه‌وم و ئه‌ندام و سه‌رنووسه‌رو سهرنۆسهریش نیم.
ئه‌وه‌ی به‌نده وه‌كو چاودێرێك و نووسه‌رو كۆمهلچناسێك هه‌ستی پێده‌كه‌م، دوای ئه‌وه‌ی پازده ساڵی غوربه‌تم له هه‌نده‌ران برده سه‌ر، بڕیارمدا بگه‌ڕێمه‌وه زێدی بیره‌وه‌ری و نیشتمانی باو‌و باپیرانم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێكم له ژیاندا ماوه‌و بتوانم له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ براو كه‌سوكارو هاوڕێكانی نیشتمانه‌كه‌مدا به‌رمه سه‌ر، ئه‌گه‌ر كراش وه‌كو ده‌رچوویه‌كی زانكۆی ساڵی 1986 ی كۆمه‌ڵناسی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، كاری توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌م و دابمه‌زرێم ئه‌وا باشتر و ده‌توانم به‌رده‌وامی به ژیانی ساده‌ی خۆم و هاوسه‌رگیریی و خێزانیش مه‌یسه‌ر بكه‌م، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ویستم به ئازادی بمێنمه‌وه‌و نه‌چمه پاڵ هیچ حزبێك، ئه‌وا نزیكه‌ی حه‌وت ساڵه له سلێمانی ده‌ژیم و نه‌متوانی دابمه‌زرێنم و ئومێدیش نییه به‌و هیوا بچووكه‌م بگه‌م و ئه‌مێستاكه نانی ره‌ق به‌ڵام ئازادانه ده‌خۆم و به قه‌ناعه‌ته‌وه هه‌ژارانه ده‌ژیم.
ئه‌وه‌ی گرنگه وه‌كو چاودێرێك ده‌رباره‌ی ره‌وشی سیاسیی ناو شاری سلێمانی لێوه‌ی بدوێم ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ی له‌م حه‌وت ساڵه‌دا ده‌یبینم ئه‌وه‌یه كه ژیانی تاك و گوزه‌رانی خێزان و كۆمه‌ڵگای ناو شاری سلێمانی زۆر نائاساییه‌و ژیان زۆر دژوار‌و نه‌هامه‌تییه، به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگاكان زۆر خراپن.. دامه‌زراندنی ده‌رچووان زۆر خراپه‌و هه‌رگیز داوه‌ری تیا نییه، به واسته‌و خزم خزمێنه‌یه، به‌ته‌له‌فۆن و ناسینی به‌رپرس و پشتوپهنابوون ده‌چێت به‌ڕێوه.. جیاوازی و جیاكاری نێوان حزبییه‌ك ( واته یه‌كێتییه‌ك) له‌گه‌ڵ ناحزبییهكدا ئه‌رز و ئاسمانه..
حزبییه‌كان هاووڵاتی پله یه‌كن و خه‌ڵكی ئازاد پله نزمهكانن و موعاره‌زه‌ش پله‌كانی ژێر سفر.. جاده‌و كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و رێگه‌وبانه‌كان هه‌تاكو ساڵی 2010 زۆر زۆر خراپ بوون ( ئێستاكه تۆزێك باشتره!!)..
خزمه‌تگوزاری نێو نه‌خۆشخانه‌و خوێندنگه‌و مزگه‌وت و چێشتخانه‌و میوانخانه‌كان زۆر خراپن.. زۆریی سه‌یاره‌و خراپی و ته‌سكی جاده‌كانی سلێمانی شڵه‌ژان و نائاسووده‌یی و نائارامی و تووڕیی لای دانیشتوان دروستكردووه.. خزمه‌تی به‌نزینخانه‌و سه‌یرانگاكان زۆر خراپن.. جێگه‌ی ئازاد‌و خۆڕایی له گشت سه‌یرانگاكانی سلێمانی و ده‌وروبه‌ریدا نه‌ماوه‌ته‌وه، سه‌یرانگاكان و ده‌شت و دۆڵ و دۆنمه زۆر‌و بێشومارهكان موڵكی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتین.. هه‌موویان و بنه‌ماڵه‌و كهسوخزمیان وه‌كو حوت و نه‌هه‌نگ و كه‌شتی بێ‌سنوور له سامان و بودجه‌و ماڵ و موڵكی ئه‌مشاره هه‌تیوو بێكه‌سه ده‌خۆن..
به‌رپرسه‌كان خۆیان ژن و ماڵ و مناڵیان له خێر‌و به‌ره‌كه‌تی ئه‌مشاره‌یان خواردووه‌و هه‌ژارانیش رۆژ دوای رۆژ له‌زیادبووندان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به ئه‌سڵ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ن، له شارۆچكه‌و ناحیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مشاره‌دا ده‌گوزه‌رێن، چونكه كرێچین و كرێی خانووش له‌مشاره‌دا ئاگر ئه‌كاته‌وه، بۆیه ناچار به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی شار ڕه‌و ده‌كه‌ن. شاریش له‌لایه‌ن ئه‌م حزبه‌وه داگیر كراوه.
ژیان له شاری سلێمانیدا، نائارامتر‌و نائاسوودهتره له ژیانی كه‌سێكی ناو هه‌ولێر یان دهۆك یان سۆران، هه‌ژار له‌و شارانه‌شدا هه‌ن به‌ڵام وه‌كو هه‌ژاری سلێمانی به كوله‌مه‌رگی و نه‌هامه‌تی و بێئومێدی و دوور له نازو میهره‌بانی ژیانی كه‌ساسی ناژی.
بۆیه ئه‌وه‌ی له‌مشاره‌دا ره‌خساوه، ئه‌و په‌نده‌مان دێنێته‌وه یاد كه ده‌ڵێت: ((چی بچێنیت هه‌ر ئه‌وه ده‌دوریته‌وه)).. ئه‌م حزبه ستالینییهو بارگرژی بۆ ژیانی تاكه‌كان دروستكردووه، ره‌فتاره‌كانی زۆر له به‌عسییه‌كان ده‌چێت، سكرتێره‌كه‌ی نزیكه‌ی په‌نجا ساڵه سكرتێرهو ئاغا‌و گه‌وره‌ی یه‌كه‌م و دواهه‌مینی ئه‌م حزبه‌یه.. گۆڕان و ئاڵوگۆڕكردنی مه‌حاڵه و پله‌و پایه‌و مه‌قامی ئه‌م سكرتێره نزیكبۆته‌وه له خواوه‌ندێكی فیرعه‌ونی یان ئه‌فه‌ریقی!!
چه‌ندان كه‌سی به‌توانای وه‌كو كێ و كێ هه‌ن، كه‌چی دژایه‌تی ده‌كرێن و فه‌رمانه‌كانی ئه‌و سه‌رۆكی حكومه‌ته ناگاته تاسلوجه، پووچه‌ڵكراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش كارهساتنه، چونكه له‌مشاره‌دا فره‌كوێخایی هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش گوزارشتێكی ده‌قاوده‌قی نێچیرڤان بارزیانییهو زۆر راستیشه!
مامه‌ڵه‌ی ئه‌م حزبه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای شاری سلێمانیدا، مامه‌ڵه‌یه‌كی ستالینیزمی-به‌عسیزمه، جیاكاری و نادادوه‌ری و غه‌درو نایه‌كسانی بۆته عورف‌و عاده‌تێكی رۆژانه، ئه‌گه‌ر تۆ ئازاد بیت، له ئاست مامه‌ڵه‌ی ئه‌واندا، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌یت كه بوونه‌وه‌ر نیت و شتێكی خشۆك یان جڕو جانهوهریت و شێوه‌ت له قالۆنچه ئه‌چێت نه‌ك بوونه‌وه‌ری سێ سووچ.
بۆچی؟ چونكه، نه ئه‌بیته خاوه‌نی زه‌وی یان خانوو یان دوكان، یان كورسی یان پله‌و پایه یان سه‌یاره یان پاره یان……..تاد.
به‌كورتی و به‌كوردی ئه‌گه‌ر تۆ له شاری سلێًمانیدا یه‌كێتی نه‌بیت ژیانت نزیك بۆته‌وه له دۆزه‌خ و جه‌هه‌ننه‌م، بوویته دراوسێی جانه‌وه‌رو حه‌شه‌رات، هیواكانت وه‌كو گه‌ڵای پایز ده‌وه‌رن، ژیانت كلۆر ده‌بێت و چاوت كوێر ده‌بێته‌وه، ده‌سته‌كانت هه‌ڵده‌له‌رزن و قاچه‌كانت كزۆڵ و له‌رزۆك و باریك ده‌بنه‌وه، گیرفانه‌كانت ساردوسڕ ده‌بنه‌وه‌و بهكرێێتی و زه‌لیلی و سهفیلی ژیانی مردوو ئاسا ده‌به‌یته سه‌ر. له‌نێو ئاخ و حه‌سره‌ت و ئازار‌و مه‌ینه‌تی و نامۆییدا به‌كه‌نار دیوار‌و حه‌سارو بن گوێسوانه رزیوهكاندا گوزه‌ر ده‌كه‌یت، كه‌س به هیچت نازانێت.. چونكه تۆ نیت، تۆی ئازاد له سلێمانیدا هاوڕێی قالۆنچه‌و ده‌عباو جڕو جانهوهریت..!
ئه‌و كه‌سه‌ی له‌مشاره‌دا بڵێت:
من ئازادم و زه‌نگین و ئاسووده بێت درۆ ئه‌كات درۆی شاخدار.. ئه‌و كه‌سه‌ی بڵێت من كاری ئازادانه ده‌كه‌م و به‌خته‌وه‌رو مووچهدارو سهیارهدارو ڤیلهدارم، یان سه‌ری بۆ ئه‌م حزبه دانهنهوانبێت و سه‌رسه‌رێتی بۆ نه‌كردبن.. درۆ ئه‌كات درۆی شاخدار..
(به‌شی دووه‌م)
یه‌كێتی له حوكمڕانی خۆیدا له مێژووی دوور‌و نزیكی ئه‌مشاره‌وه، چ له شاخ و چ له‌نێو شاره‌كه‌دا، هه‌میشه خه‌ریكی دووبه‌ره‌كی و ئاژاوه‌نانه‌وه بووه له‌نێو پێكهاته جیاجیاكان و ڕه‌نگ و ده‌نگه جیاوازه‌كاندا، له نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌و پشێوی و هاژو هوژدا، له مه‌یدانی سیاسی و عهسكهریدا پشكی گه‌وره به‌ر یه‌كێتی ده‌كه‌وێت، دوواكه‌وتن و پاشه‌كشه‌ی ره‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی و هزری و مه‌عریفی خه‌ڵكی سلێمانی له ئه‌ستۆی ئه‌م حزبه ستالیینیهدایه، به‌حزبیكردن و به عهسكهرتاریكردنی شار‌و شارۆچكه‌كانی ده‌ڤه‌ری سلێمانی له ئه‌ستۆی ئه‌م حزبه‌دایه كه هه‌میشه له ره‌فتاردا وه‌كو به‌عسییه‌كان بۆ دووبه‌ره‌كی نانه‌وه‌و نه‌مانی متمانه‌ی نێوان تاكه‌كانی ئه‌مشاره رۆشنبیر‌و ئازایه تێكۆشاوه.
شاری سلێمانی پێش راپه‌ڕین، جۆرێكی دیكه بوو له ستراكتۆری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سایكۆلۆژیی، به واتایه‌ی كه ته‌بایی و برایه‌تی و ده‌ستی هاوكاری و ئاستی متمانه‌ی نێوان تاكه‌كانی و خێزان و گه‌ڕه‌كه‌كانی زۆر به‌رزترو به‌رفراوانتر بوو، بیره‌وه‌ری هه‌موومان بۆ جوانییه‌كانی ئه‌مشاره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مانی پێش راپه‌ڕین، به‌ڵام دوای راپه‌ڕینی خه‌ڵكی ئازا‌و بوێری ئه‌مشاره دژی به‌عس و جهبهرووتهكانی، ستراكتۆرو پێكهاته‌و په‌یوه‌ندی تاكه‌كان و كهسو خزمان له شاری سلێمانیدا ئه‌وه‌نده گۆڕاوه كه گه‌رمی په‌یوه‌ندی و ویژدان ته‌بایی و برایه‌تی و متمانه‌ی نێوان كه‌سه‌كان نزیك بۆته‌وه له ژماره سفر..
چونكه به‌رژه‌وه‌ندی و خۆپه‌رستی و دوور كه‌وتنه‌وه له نیشتمانپه‌روه‌ری زاڵبووه به‌سه‌ر هه‌موو كه‌سێكدا، پاره‌په‌رستی و خۆفرۆشی و نه‌فس نزمی و ماستاو ساردكردنه‌وه‌و ملكه‌چی و مه‌رام پیسی و كورسی و پایه په‌رستی جێگه‌ی چه‌مكه جوانه‌كانی دیكه‌ی مرۆڤی راسته‌قینه‌ی گرتۆته‌وه.. یه‌كێتی سیاسه‌تێكی پیاده‌كردووه له‌مشاره‌دا كه كه‌س متمانه‌ی به كه‌س نه‌مێنێت، ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی گه‌یشتوونه‌ته پله‌كانی ژێر سفر، ته‌بایی و برایه‌تی ته‌واو تێكچووه‌و وێنه‌ی جوانی مرۆڤ و هاوڕێیه‌تی و خزمایه‌تی خاپوور و داغان كراون.. به‌جۆرێك ژیان قێزه‌ون بووه و خه‌ڵكان به‌یه‌كتر نامۆ كراون كه ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه له:
مامه‌ڵه‌ی نێوان كڕیار‌و فرۆشیار، دراوسێكان، مامۆستا‌و قوتابی، به‌ڕێوه‌به‌رو فه‌رمانبه‌ر، ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی نێوان ژن و مێرد، باوك و كوڕ، دایك و كچ، دكتۆر‌و نه‌خۆشه‌كانی، شۆفێری تاكسی و سه‌رنشینه‌كانی….تاد. زۆریتر له‌و وێنانه‌ی نێو كۆمه‌ڵگای شاره جوانه‌كه‌ی سلێمانی ئه‌وه‌نده وێران و ڕماون كه به ده‌یان و سه‌دان ساڵی دیكه‌ش ناگه‌ڕێته‌وه بارودۆخی جارانی ( واته پێش راپه‌ڕینیش كه به‌عسی فاشی حوكمی ده‌كردین!!)..
خۆشه‌ویستی و ڕێز،.. په‌یمان و گفتی رۆژانه‌ی نێوان كه‌سه‌كان،.. وشه‌ی جوان و وێنای ناسك و رۆمانسیانه‌ی نێوان كه‌سه‌كان وه‌كو مرۆڤ،.. پته‌وی و تینی هاوڕێیه‌تی و دڵسۆزی ئه‌وان بۆ یه‌كتر،..په‌یوه‌ندیی خۆشه‌ویستی نێوان كوڕان و كچان،.. په‌یوه‌ندیی نێوان دوكانداره‌كان،.. ته‌نانه‌ت پۆلیسه‌كانیش، هه‌موو ئه‌مانه سه‌ره‌ونخوون كراونه‌ته‌وه، كه‌س نامه‌ی كه‌س ناخوێنێته‌وه، كه‌س به فریای كه‌س ناكه‌وێت، ئینتیما بۆ خێزان و گه‌ڕه‌ك و شه‌قام و شار‌و نیشتمان كز‌و كزتر بوونه‌ته‌وه..گه‌یشتۆته ئه‌و راده‌یه‌ی كه ئینتیما بۆ ژیان و خودی مرۆڤیش نه‌ماوه..
كه‌سه‌كانی هاوشاری و هاو گوندی له‌م ده‌ڤه‌ره‌ی سلێمانییهدا كه جاران بۆ یه‌كتر ده‌سووتان و خۆبه‌خش و قوربانی بوون، براو برادارو هاوڕێ و كه‌سوكار بوون، ئه‌مڕۆكه ته‌واو پێچه‌وانه بوونه‌ته‌وه به حوكمی سیاسه‌تی ستالینییانهو بهعسیییانهی ئه‌م یه‌كێتییه ( كه نیشتمانی و كوردستانی نییه!!) براش له ئاست برادا به‌رژه‌وه‌ندخوازو خۆپه‌رسته‌و گیانی قوربانی خۆبه‌خشی تیادا به‌تاڵ بۆته‌وه.. هاوشاری له ئاست هاوشاری خۆیدا بیری لای قۆڵ بڕین و ئه‌تككردن و سهرنگونكردن و له‌خشته‌بردن و ماشینه‌وه‌ی سامان و دراو‌و غه‌در كردنییه‌تی له ماف و خه‌ونه‌كانی..
رۆحی نیشتمانپه‌ره‌وه‌ری و كوردایه‌تی و خه‌ونی به‌ده‌وڵه‌ت بوونمان له گیانه‌ڵاو شه‌ڵاڵی مه‌رگدایه.. سیاسه‌تی پاره‌به‌خشینه‌وه‌و خۆپه‌رستی و چاوچنۆكی و داوێن پیسی و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و سامانی دزراو كۆكردنه‌وه‌و چاوخستنه سه‌ر شه‌ره‌ف و نامووسی ژن و خوشكی یه‌كتر، واتای به‌رزی بۆ ژیان و مرۆڤ و نیشتمان و كوردستان نه‌هێشتۆته‌وه، ژیانی له مه‌رگ نزیك كردۆته‌وه، مانا‌و واتای بۆ موحیبه‌ت و خۆشه‌ویستی و متمانه‌و رێز له‌یه‌كترگرتن و عه‌شق و مرۆڤایه‌تی و دینداری و خواپه‌رستی و …..تاد. به پله‌ی 180 پێچه‌وانه كردۆته‌وه.
به كورتی و كوردی: ئه‌وه‌ی ئه‌مێستاكه له‌مشاره جوان و قاره‌مانه‌دا ده‌گوزه‌رێت، له هیچ شارێكی دیكه‌ی كوردستان و عه‌ره‌بستاندا ناگوزه‌رێت، چونكه ته‌نیا شتێك كه گرنگی پێنه‌درێت و به‌سه‌نته‌ری تۆژینه‌وه‌و بایه‌خ پێدان و خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكردن نه‌كرابێت ، مرۆڤه، هه‌موو رۆژێك بیناو باڵه‌خانه‌و هۆتێل و به‌نزینخانه‌و هه‌زاران دۆنمێك بۆ سه‌یرانگاو رابواردن و به‌سه‌ربردنی شه‌وانی سووری به‌رپرسانی ئه‌مشاره دروست ده‌كرێت، رۆژانه مه‌لهاو قومارخانه‌و شاری یاریی گرانبه‌های قۆڵبڕ له‌مشاره كڵۆڵهدا قووت ده‌بێته‌وه..
یه‌كێتی نوشتمانی كوردستانی بۆته كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی پاره په‌یداكردن و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و بازرگانیكردن به مرۆڤی كورده‌وه، به‌رپرسه‌كانی ئه‌م حزبه ستالینییه، خۆیان ژنیان و منداڵیان و كوڕزاو كچهزایان بوونه‌ته ملیاردێر، شه‌ق له دۆلار‌و دینار هه‌ڵده‌ده‌ن، به ده‌یان هه‌زاریش له مرۆڤی پیرو گه‌نج و منداڵ و ژنان له‌مشاره‌دا عه‌لاگه‌و بنێشت و لوقم و گوڵه‌به‌ڕۆژه‌و به‌نه‌خوێن و ته‌زبیح ده‌فرۆشن یان قۆنه‌ره‌ی به‌رپرسانی ئه‌م حزبه قه‌شه‌نگه نیشتمانپه‌روه‌ره بۆیاخ ده‌كه‌ن و دهیبریسكێننهوه.. له‌وه‌ش زیاتر به ده‌یان پیاو و پیره‌پیاو ده‌بینین، شه‌وانه له لا كۆڵان و شه‌قامه بێبهزهییهكاندا ده‌خه‌ون و ده‌ژین و رۆژانه‌ش، سواڵ ده‌كه‌ن و ده‌ستی بێنازو قڵیشاویان له مرۆڤی كه‌ساس و بێنه‌واو خه‌مبارو بێئومێدی ئه‌مشاره پانده‌كه‌نه‌وه..
بۆیه رۆژ دوای رۆژ له شوێنی خۆشه‌ویستی، رق و كینه زیاتر ده‌بێت.. له شوێنی ئارامی و هێوری و سه‌برو ته‌حه‌مول، تووڕه‌یی و بێزاری و نائارامی جێگه‌ی ده‌گرێت.. له شوێنی ده‌ستی یارمه‌تی درێژكردن، یه‌كتر به‌قوڕدا بردن دێته ئاراوه‌و ته‌شه‌نه‌ی زیاتر ده‌كات.
ده‌ره‌نجامیش، متمانه به ناخی زه‌ویدا ده‌چێت، رێز‌و حورمه‌ت بۆ مرۆڤ و خه‌ونه‌كانی و ئاره‌زووكانی ده‌چێته ژێر گڵه‌وه، تا وای لێدێت ده‌بێته دۆزه‌خ و جه‌هه‌ننه‌م، تام و چێژی هیچ شتێكی تیا نه‌مێنێت، به‌جۆرێك كه‌س بیر له بۆنكردنی گوڵێك نه‌كاته‌وه، چونكه له دۆزه‌خدا كوا گوڵی جوان و بۆندار ده‌ڕوێت!!!؟
* تێبینی: من وه‌كو كۆمه‌ڵناس و چاودێرێك ته‌نیا باسم له ره‌وشی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری كردووه له‌ڕووی سۆسیۆ-سایكۆلۆژییه‌وه، ناتوانم باسی هه‌ولێرو دهۆك بكه‌م، چونكه له‌و ده‌ڤه‌رانه نه‌ژیاوم، ئه‌وه‌ش ئه‌ركی كۆمه‌ڵناس و چاودێرێكی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌یه. ده‌سه‌ڵاتیش له‌مشاره‌دا به‌ده‌ست یه‌كێتییه‌وه‌یه، هه‌رچییه‌كیش لێره بگوزه‌رێت، خه‌تابارو به‌رپرسیاری گه‌وره ئه‌وه. نه‌ك هیچ لایه‌ن و حزبێكی دیكه.