جوانیی مه‌حاڵ له هۆنراوه‌ی (سه‌رده‌مانێ… تاریكی سپی بو‌و)ی ته‌یب جه‌باردا
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كانیاوی شیعر له‌لای ته‌یب جه‌بار به جۆرێكی سه‌رنجڕاكێش ته‌قیوه‌ته‌وه، ئه‌ویش پاش ساڵانێكی دوور‌و درێژ له خه‌فتانی شیعریی كه بیستویه‌ك ساڵی خایاندووه، وه‌ك بڵێی تازه به تازه پاش ئه‌و تێڕامانه دوور‌و درێژه له‌م پایزه عومره‌دا به‌و راستییه گه‌یشتبێت كه شیعر دونیای راستینه‌ی ئه‌وه‌و ئامرازی دوواندنی ناوه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی خۆیه‌تی نه‌ك سیاسه‌ت و وه‌زاره‌ت و ده‌وڵه‌تداریی و ئه‌ندازیاریی. ره‌نگه بۆ ئه‌ندازیارییه‌كه ئاهێكی تیادا بێت، چونكه له نێوان ئه‌ندازیاریی و شیعردا پێوه‌ندییه‌كی په‌نهان هه‌یه، به‌وه‌ی شیعریش جۆریكه له ئه‌ندازیاریی وشه و وێنه و ریتم و كێش و به‌ڵانس و هارمۆنیا… هه‌رچۆنێك بێت ئه‌و دابڕانه شیعرییه ناچارمان ده‌كات ته‌یب جه‌بار به‌سه‌ر دوو قۆناغی شیعریدا دابه‌ش بكه‌ین. قۆناغی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو كه ناوی ده‌نێم (قۆناغی سه‌ره‌تاكان)و دونیا بینییه‌كی رۆمانسی شۆڕشگێڕانه به‌سه‌ریدا زاڵبوو وه‌ك له دیوانی (لاواندنه‌وه‌ی خۆله‌مێش)دا ده‌رده‌كه‌وێت،… ئه‌وجا ئه‌م به‌خۆكه‌وتنه‌وه‌و دۆزینه‌وه شیعرییه نوێیه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی كه ده‌كرێت به (قۆناغی پاییزانه‌ی) ببینم. له‌م قۆناغه‌یاندا رۆمانسیزمی شۆڕشگێڕانه به‌سه‌رچووه‌و چیدی ئه‌و حوزووره شیعرییه‌ی نه‌ماوه، ئه‌وه‌ی له ئارادایه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تییه له ئاڕاسته‌ی ریالیسمی سیحری. ده‌توانم وه‌ك رایه‌كی تایبه‌تی بڵێم: ئه‌و دوو قۆناغه شیعرییه‌ی ته‌یب جه‌بار له رووی دونیابینی شیعریی و له جۆرایه‌تییه‌وه ئه‌وه‌نده له‌یه‌كتر دوورن كه ئه‌گه‌ر كه‌سێكی نامۆ بیانخوێنێته‌وه به‌لایه‌وه زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت، ئه‌و به‌رهه‌مه شیعرییانه به داهێنانی یه‌ك شاعیر تێبگات…، كۆڵینه‌وه له‌و به‌راووردكارییه مه‌به‌ستی ئه‌م نووسینه‌ی ئێمه نییه‌و جێی ده‌هێڵم بۆ پسپۆرانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی. ئه‌و دابه‌شكردنه بۆ ئه‌م نووسینه تا ئه‌وه‌نده پێویسته به خوێنه‌ر رابگه‌یه‌نم كه ته‌یب جه‌بار-ی ئێستا وه‌كو شاعیر نوقمی (شیعری پاییزانه)ی بووه‌و یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مه جوانه پاییزییانه‌ی بریتییه له هۆنراوه‌ی (سه‌رده‌مانێ… تاریكی سپی بو‌و) كه بابه‌تی تێڕامانی ئێمه‌یه له‌م نووسینه‌دا (بڕوانه ره‌خنه‌ی چاو‌دێر، ژ 168ی رۆژی دووشه‌ممه 8\6\2009)
سه‌رده‌مانێ… تاریكی سپی بو‌و
سه‌رده‌مانێ… دونیا زۆر جوان بو‌و.
زه‌وی… هێلانه‌ی گوڵ،
ئینجانه‌ی مرواری،
سه‌به‌ته‌ی په‌پووله،
قۆزاخه‌ی كپی بو‌و.
ئاسمان… باخی تیشك،
ده‌سماڵی تریفه،
گوڵدانی ئه‌ستێره،
تاریكی سپی بو‌و.
سه‌رده‌مانێ… ژیان زۆر خۆش بو‌و.
دره‌خت… به شنه‌ی سێبه‌ری خۆی…
(با)ی باوه‌شێن ده‌كرد.
ئاو… قاچی رێبواری…
به‌خه‌نینه ختووكه ده‌دا.
هه‌تاو… ده‌موچاوی…
به گه‌واڵه ده‌سڕی.
مانگی چوارده… جارجار…
له سایه‌ی په‌رچه‌می په‌ڵه‌هه‌ور،
سه‌رخه‌وی ده‌شكان.
زینده‌وه‌ر… به موچڕكی گزنگ…
له خه‌و بێ‌دار ده‌بوو.
دایكم به نیگای گیا…
به‌رهه‌یوانی ئاوڕشێن ده‌كرد.
ئه‌ركی گران، به رۆژ…
شوانی ئاو، گه‌نمه‌وان،
به‌زمی سێ بازو هه‌لوكێن بو‌و.
به شه‌وان…
چنینی حه‌كایه‌ت،
برژاندنی شیعر،
كۆڕی كڵاوێن بو‌و.
زه‌خیره‌ی زستان… زۆر ساده بو‌و.
باوه‌شێ كڕێوه،
چارۆكه‌یه‌ك سروه،
له‌گه‌نێ شه‌قه‌ی باڵ،
چه‌ند ده‌سكێ چاوشاركێ،
یه‌ك دوو چنگ گه‌رمایی،
مه‌ڵۆیه‌ك پاڵكه‌وتن،
قرتاڵه‌یه‌ك كڕبوون،
دوو چه‌پك گڕ‌وگاڵ،
سێ تاڵ قسه‌ی نه‌سته‌ق،
كوپه‌یه‌ك ته‌ڕایی.
بژێویی… ئاسان بو‌و.
سێ ژه‌مه…
قڵپه‌ی قریوه بو‌و.
به‌یانیان… به‌رچایی…
جامێ جریوه بو‌و.
نیوه‌ڕوان…
دوو كه‌وگیر پێكه‌نین،
كولێره‌ی خه‌نده‌و شله‌ی خۆشیی.
ئێواران…
له‌تێ مانگ… هێلكه‌و زریوه بو‌و.
خه‌وتنان…
پاش دوعا‌و شایه‌تمان،
به سایه‌قه‌ی دووبه‌ر…
خۆمان داده‌پۆشی.
ئه‌مێستا…
ره‌شه‌با، مان ده‌گرێ،
هه‌ڵناكا، نایه‌ته خواره‌وه.
جۆگه‌له توڕه‌یه،
به باڵای شاخا هه‌ڵده‌گه‌ڕێ.
ده‌ریا… له هه‌ڵمی خۆی بێزاره،
خه‌ریكه ده‌خنكێ.
ئاگر نه‌فره‌ت له دووكه‌ڵ ده‌كا،
ده‌تاسێ.
بیابان… لم ده‌له‌وه‌ڕێنێ،
ره‌وڕه‌وه‌ی تۆز‌و خۆڵ،
ده‌خاته به‌رده‌ستی گه‌رده‌لوول.
به‌ڕه‌ی شێ…
له‌ژێر پێی رووبار راده‌كێشێ.
ئه‌مێستا…
كێ‌و به ئاسانی ده‌گا به كێ‌و،
گرد ده‌چێ به‌گژ گرددا.
ده‌ست ناخرێته ناو ده‌ست،
لێویش ناگا به لێو.
شه‌م، وه‌لی ناناسێ.
مه‌م، پشت ده‌كا له زین.
شوێنی ماچ…
ده‌بێته دارستانی برین.
جێژووان ده‌بێته…
گۆڕستانی (شیرین).
ئێستا… من…
له‌رزی گه‌رمم لێ دێ.
هه‌ندێ جار…
(تا)ی سارد دامده‌گرێ.
سێ ژه‌مه… وه‌ك كرم،
قوڕ ده‌خۆم.
خودایه، هاواره… فریادێ،
راوه دووكه‌ڵ ده‌كه‌م،
له‌ناو وه‌ردو شۆمێكی ته‌ڕدا.
پاسه‌وانی ده‌نگم،
له ده‌روازه‌ی شارێكی كه‌ڕدا.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌م من ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی هونه‌ری نیم و ئه‌وه كاری من نییه‌و ناشتوانم به پێوه‌ره ئه‌كادیمییه‌كانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه‌و سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانیتری ته‌یب جه‌بار یان هه‌ر شاعیرێكی تر بكه‌م، به‌ڵكو ته‌نها وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌م بابه‌ته ده‌نووسم كه ده‌قێك ده‌خوێنێته‌وه‌و چێژی ئیستاتیكی تایبه‌تی لێده‌بینیت یان به پێچه‌وانه‌وه! هه‌ستی به ئه‌رێنی یان نه‌رێنی ده‌ورووژێنێت و كۆمه‌ڵه سه‌رنجێكی له‌لا درووست ده‌كات و به پێویستی ده‌زانێت ئه‌و جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌ی خۆی بۆ ئه‌م به‌رهه‌م و ده‌قه دیاریكراوه وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی جوانكاری به خوێنه‌رانیتر رابگه‌یه‌نێت. من وای تێده‌گه‌م هه‌موو خوێندنه‌وه‌یه‌كی ده‌ق تاقیكردنه‌وه‌ی جوانكارییه. دیاره خوێندنه‌وه‌ی ده‌قیش ده‌شێت له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر، له كاتێكه‌وه بۆ كاتێكی تر و له شوێن و كه‌لتوورێكه‌وه بۆ شوێن و كه‌لتوورێكی تر جیاوازی كه‌م و زۆری لێبكه‌وێته‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌شێت پێچه‌وانه‌ی یه‌كتریش بن. كه‌وابوو ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ی من بۆ قه‌سیده‌ی (سه‌رده‌مانێ… تاریكی سپی بو‌و) خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تییه‌و ده‌شێت هه‌ر خوێنه‌رێكی تری ئه‌و هۆنراوه‌یه خوێندنه‌وه‌یتری تایبه‌ت به خۆی بۆ بكات.
له لایه‌كیتره‌وه به‌شبه‌حاڵی خۆم بڕوام به‌وه نییه ده‌قی ئه‌ده‌بی پاش ئه‌وه‌ی ده‌نووسرێت و بڵاوده‌بێته‌وه په‌یوه‌ندی به نووسه‌ره‌كه‌یه‌وه نه‌مێنێت و به‌شێوه‌ی میكانیكی لێك جیابكرێنه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه، ده‌قی ئه‌ده‌بی به تایبه‌تی له شیعردا قووڵترین شێوازی ده‌ربڕینه له دیده جوانكاریی و ژیانییه‌كانی شاعیر(هه‌ریه‌كه‌و به راده‌و توانا‌و ستایلی خۆی)و كلیلی خوێندنه‌وه‌ی به‌شێك له كه‌سایه‌تی نووسه‌ره‌كه‌یه‌تی وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی ژیان.
2
سه‌ره‌تا له‌وێوه ده‌ست پێده‌كه‌م كه هیچ ده‌قێكی شیعری به‌بێ بیرۆكه نابێت به ده‌ق. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شاعیر له رووی جیهانبیینییه‌وه بۆ خۆی نه‌هلیستی-عه‌ده‌می-یش بێت، هه‌ر خودی ئه‌و عه‌ده‌مییه‌ته ده‌بێته بیرۆكه‌یه‌كیتر. به‌وجۆره ده‌قی (سه‌رده‌مانێ… تاریكی سپی بو‌و) كه له سه‌رپایه‌ی بیرۆكه‌یه‌ك بنیاتنراوه كه بیرۆكه‌یه‌كی زۆر ساده‌ی ئاساییه‌و رۆژانه خه‌ڵك له به‌ر باری گرانی ژیان دووباره‌و چه‌ند باره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌تا كێرڤی ژیانیش به‌مجۆره رووی له خراپی بێت هه‌ر ده‌مێنێته‌وه. پوخته‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه له یه‌ك رسته‌دا ئه‌مه‌یه: دوێنی ژیان چۆن بو‌و؟ ئێستا چۆنه؟ له ده‌ره‌نجامی وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیارانه له كورده‌واریدا وتراوه: ساڵا به ساڵا خۆزگه‌م به پار، به‌ڵام چۆن ده‌كرێت ئه‌و بیرۆكه به رووكه‌ش ساده‌یه بخرێته قاڵبێكی ئه‌ده‌بی، هونه‌ریی و شیعریی ئه‌وتۆوه كه جوانی، داهێنان و نه‌مریی لێببارێت وه‌ك نه‌مریی خودی بیرۆكه میللییه‌كه؟ ئه‌وه له‌لایه‌كه‌وه په‌یوه‌سته به توانای داهێنانكارانه‌ی هونه‌ریی و شیعریی شاعیره‌وه، له لایه‌كیتریشه‌وه په‌یوه‌سته به ئاست و قووڵیی موعاناتی شاعیر به ده‌ستی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌وه كه پوخته‌ی ژیانێك ده‌گرێته‌وه. شاعیری سه‌نعاتكار ده‌توانێت هه‌موو جۆره بیرۆكه‌یه‌ك وه‌ربگرێت‌و به‌بێ هیچ موعاناتێك شیعرێكی بۆ بهۆنێته‌وه. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شیعری (بۆنه)كان له‌و جۆره شیعره دروستكراوانه‌ن، به‌ڵام شاعیری ره‌سه‌ن تا بیرۆكه‌كه‌ی له‌لا نه‌بێت به حاڵه‌تێكی ویژدانی و وجودیی و تێكه‌ڵ به موعاناته‌كانی نه‌بێت، ناتوانێت بیكات به شیعر، چونكه شیعر بۆ ئه‌و سه‌نعه‌ت نییه، به‌ڵكو رێگایه‌كه بۆ ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له (بوون)دا كه به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته جوانكارییه‌كانی داهێنانی شیعر، ئامرازه‌كه‌یه‌تی.
له وه‌رگێڕانی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌دا بۆ زمانی شیعری، ته‌یب جه‌بار به پرسیاری (دوێنێ ژیان چۆن بو‌و؟ ئێستا چۆنه؟) ده‌ست پێناكات، به‌ڵكو به وه‌ڵامه‌كه رووبه‌ڕووی خوێنه‌ر ده‌بێته‌وه‌و پێمان راده‌گه‌یه‌نێت.
سه‌رده‌مانێ… تاریكی سپی بو‌و
…
سه‌رده‌مانێ… دونیا زۆر جوان بو‌و
…
ئه‌مێستا…
…
سێ ژه‌مه… وه‌ك كرم،
قوڕ ده‌خۆم.
له‌نێوان ئه‌و سه‌رده‌مه سپی و جوانه‌ی دوێنێ و ئه‌مه‌ی (ئه‌مێستا)ی تاریكدا سه‌فه‌رێكی سیزیفی به‌دیده‌كرێت به دوای (به‌هه‌شتی گومبوو)دا (الفردوس المفقود) به‌هه‌شتێك كه له ده‌ستچووه‌و تیایدا:
زه‌وی… هێلانه‌ی گوڵ،
ئینجانه‌ی مرواری،
سه‌به‌ته‌ی په‌پووله،
قۆزاخه‌ی كپی بو‌و.
ئاسمان… باخی تیشك،
ده‌سماڵی تریفه،
گوڵدانی ئه‌ستێره،
تاریكی سپی بو‌و.
…
زینده‌وه‌ر… به موچڕكی گزنگ،
له خه‌و بێ‌دار ده‌بوو
دایكم به نیگای گیا…
به‌رهه‌یوانی ئاوه‌ڕشێن ده‌كرد.
ئه‌و به‌هه‌شته گومبووه-له ده‌ستچووه- ده‌شێت سه‌رده‌مانی منداڵی بووبێت كه تیایدا هه‌ستكردن بریتییه له پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامی دۆزینه‌وه‌ی به‌رهه‌سته‌كیی(حیسسیی)بوون. بوون له‌و سه‌رده‌مه‌دا بریتییه له زنجیره‌یه‌ك گه‌مه‌ی بێگه‌ردی بێبڕانه‌وه له‌سه‌رووی عه‌قڵی هۆشداره‌وه. ئه‌وه خه‌ونێكی به‌چێژی به‌رده‌وامه تا ساتی پێكدادان له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و فه‌رمانڕه‌وایی عه‌قڵدا به هه‌ردوو دیوی خێر‌و شه‌ڕه‌كه‌یدا، به‌ڵام ده‌شێت ئه‌و به‌هه‌شته له ده‌ستچووه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی نه‌ست بێت بۆ ناو ره‌حمی دایك (به پێی لێكدانه‌وه فرۆیدییه‌كه) كه تیایدا هه‌ستكردن به خه‌مه‌كانی بوون و ژیان له ئارادا نیین‌و هه‌موو شتێك پێرفێكت‌و بێ كه‌م و كوڕییه، هه‌روه‌ها ده‌شێت ئه‌و به‌هه‌شته سومبولێك بێت بۆ گه‌ڕان به په‌رۆشییه‌كی هزری به دوای به‌هه‌شتێكی فه‌نتازیادا، چ له‌سه‌ر زه‌وی بێت یان به‌و جۆرانه بێت كه ئایینه‌كان به جیاوازی زۆره‌وه باسیان ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش بێ هۆ نییه، چونكه جاویدانی(ئه‌به‌دبیه‌ت)و هه‌رمان (خلود) وه‌كو حه‌زره‌تی سوله‌یمان له كتێبی كۆمكار (جامعه) دا ئاماژه‌ی بۆ كردووه: له دڵدایه، هیچ كه‌سێك نییه له قووڵترین قووڵایی ناخیدا ئاواته‌خوازی جۆرێك له جۆره‌كانی به‌هه‌شت و ژیانی جاویدانی نه‌بێت. ئه‌وه به‌شێكه له پێكهاته‌ی سروشتی مرۆڤ و ره‌نگدانه‌وه‌ی غه‌ریزه‌ی (مان)ه له مرۆڤدا وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی (عاقڵ) كه به غه‌ریزه د‌رك به (بوون) و(نه‌بوون)ده‌كات و (نه‌بوون) به (تاریكی)ی ره‌ها ناوزه‌د ده‌كات یان ده‌یشوبهێنێت. به‌پێی چیرۆكی ئه‌فراندن له ته‌وراتدا (ئاده‌م و حه‌وا) له هیچیان كه‌م نه‌بوو، پێرفێكت بوون به‌و واتایه‌ی بێ كه‌موكووڕی بوون، نه‌خۆش نه‌ده‌كه‌وتن، پیر نه‌ده‌بوون، نه‌ده‌مردن و ژیانی جاویدانییان له به‌رده‌مدا بو‌و. هه‌موو زه‌وی به ئه‌وان به‌خشرابوو بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان و نه‌وه‌كانیان بیكه‌نه به‌هه‌شت، یان بیكه‌نه (وه‌ك ته‌یب ده‌ڵێت): هێلانه‌ی گوڵ و ئینجانه‌ی مرواری‌و قۆزاخه‌ی كپی، به‌یانیانیش به موچڕكی گزنگ له خه‌و بێ‌دار ببنه‌وه‌و دایكه(حه‌وا)ش به نیگای گیا به‌رهه‌یوانی به‌هه‌شت ئاوڕشێن بكات. به‌دیهێنانی ئه‌و به‌هه‌شته جاویدانییه كه (له‌زه‌تبردن له بوون) تیایدا هه‌میشه‌ییه، بۆ ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ی ئێستا كه پێی ده‌ڵێن مرۆڤ و نه‌خۆش و پیر ده‌بێت و ده‌مرێت، چووه‌ته خانه‌ی مه‌حاڵ و یۆتۆپیاوه. موماره‌سه‌كردنی ژیان به‌مجۆره‌ی (ئه‌مێستا) له ئارادایه و ئیسقاتێكه به‌سه‌ر هه‌موو مێژوویی مرۆڤایه‌تییدا، ئه‌و راستییه تاڵه پڕ له ئازاره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه كه ئه‌و به‌هه‌شته ئیتر له ده‌ستچووه‌و جارێكی تر نایه‌ته‌وه دی. ئیغتییرابی وجوودی، هه‌روه‌تر بێهووده‌یی له‌و قه‌سیده‌یه‌دا له‌و راستییه‌ی سه‌ره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. وه‌ك ده‌ره‌نجامێكی لۆجیكیش بۆ ئه‌و حاڵه‌ته وجوودییه شاعیر به ده‌ربڕینێكی جوان و بوركان ئاسای شیعریی پڕ به‌م دونیا جه‌نجاڵ و بێسه‌رو به‌ره‌و پڕ ئاشووبه ده‌قیژێنێت:
خودایه، هاواره… فریادێ،
راوه دووكه‌ڵ ده‌كه‌م،
له‌ناو وه‌رد و شۆمێكی ته‌ڕدا،
پاسه‌وانی ده‌نگم،
له ده‌روازه‌ی شارێكی كه‌ڕدا.
په‌نابردن بۆ فریادره‌سێك له هزری مرۆیی‌دا بۆ ده‌ربازبوون له‌م (بوون)ه ناپه‌سه‌نده واقیعێكی مێژووییه، واته له هزری مرۆیی‌دا هه‌میشه هه‌بووه، كه ده‌شێت له مه‌سیحێكدا به‌رجه‌سته بووبێت یان له دۆناودۆنی رۆحدا، له سپارتاكۆسدا، یان (ته‌نانه‌ت) له خۆكوژیدا، یان (به‌بێ سه‌رسووڕمان) له به پیرۆزكردنی زه‌برو زه‌نگدا، یان شه‌هووه‌ته‌كانی پاره‌و ده‌سه‌ڵات و جه‌سته‌دا، یان له سۆفیگه‌رییدا، یان (تا ده‌گاته) له‌زه‌تپه‌ره‌ستیی (ئه‌بیكۆر)ی وه‌ك ستایلێك بۆ ئه‌م ژیانه سنوورداره. ته‌یب جه‌بار له‌وپه‌ڕی بێ وه‌ڵامیدا داوای فریاد له خوا ده‌كات. ئه‌وه‌ش داوایه‌كی زۆر لۆجیكییه، چونكه (به ئاگایه) كه بۆ خۆی وه‌ك مرۆڤێك و هه‌موو ئه‌وانیتریش نه‌یانتوانیوه‌و ناتوانن وه‌ڵام به پرسیاره (وجوودی)ییه‌كانی مرۆڤ بده‌نه‌وه: مرۆڤ بۆ هه‌یه؟ له كوێوه هاتووه؟ به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟… رۆجێ گارۆدی له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا له وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه چۆن بڕوای به خوا هێناوه، ده‌ڵێت: كاتێك وه‌ڵامم بۆ هه‌ندێك پرسیار نه‌دۆزییه‌وه په‌نام بۆ خوا برد.
ته‌یب جه‌بار به ستایلی خۆی یاخییه به‌سه‌ر ئه‌م (بوون)ه ناپه‌سه‌نده‌دا، بێزاره له په‌یوه‌ندییه ناشرینه زاڵه‌كان به‌سه‌ر ژیانی (ئه‌مێستا)ی مرۆیی‌دا، رقی له تێكدانی ژینگه و سروشت ده‌بێته‌وه‌و په‌سته له ته‌پوتۆزی خنكێنه‌ری ئه‌م (ئه‌مێستا) پووچه، تا سه‌ر مۆخی ئێسقانه‌كانی و به روحێكی شاعیرانه‌ی ناسك و پڕ له سۆز و عیشق بۆ بوون و ژیانێكی هه‌میشه سپیی به‌هه‌شتییانه دژی ئه‌م شاره كه‌ڕه‌یه‌و ده‌یهه‌وێت ده‌روازه‌كه تێكبشكێنێت. كاتێكیش په‌نا بۆ خوا ده‌بات، ئه‌وه‌یان (لانیكه‌م به لای منه‌وه) نیشانه‌ی بێده‌سه‌ڵاتی یان خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان به دیفاكتۆ نییه هه‌ر به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی كه ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی نووسیوه، به‌ڵكو ره‌نگدانه‌وه‌ی بێهووده‌ییه له په‌نابردنه به‌ر فریادره‌سه‌كانیتر و هێمای یاخیبوونه به‌سه‌ر رێگاچاره‌كانیتردا. ئه‌وه له‌لایه‌كیتره‌وه موماره‌سه‌كردنی ئازادی هه‌ڵبژاردنه.
هه‌رگیز مه‌رج نییه ته‌یب جه‌بار له داهێنانی ئه‌و هۆنراوه‌یه‌دا به‌و جۆره بیری كردبێته‌وه كه له‌و په‌ڕه‌گرافانه‌دا باسمانكردن. له‌وانه‌شه به شێوازی (ته‌داعی حوڕ) ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی له‌و شیعره‌دا داڕشتبێت و پاشان پاكنووسی كردبێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌و شیعره‌دا (وه‌كو گشتێك) ده‌یخوێنمه‌وه عه‌وداڵییه‌كی سیزیفانه‌یه به دوای به‌هه‌شتێك له جوانیی مه‌حاڵ كه زه‌مین تیایدا (هێلانه‌ی گوڵ، ئینجانه‌ی مرواری…) بێت. ریشه‌ی ئه‌و عه‌وداڵییه‌ش له قووڵترین قووڵایی ناخ و نه‌سته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، چونكه (ئه‌به‌دییه‌ت له دڵدایه).
3
ناكرێت و مه‌حاڵه جیایی ره‌ها و ته‌واو له نێوان جیهانی ناوه‌كی و مرۆڤ، به تایبه‌تی شاعیر، له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌كی و ده‌وربه‌ره‌كه‌ی بكرێت. ئه‌و ده‌وروبه‌ره كه له زه‌مه‌ندا خۆی ده‌بینێته‌وه، بۆ ئێستاكانێ بریتییه له‌م زه‌مه‌نه هه‌نووكه‌ییه‌ی (بوون) و تێپه‌ڕبوونی سه‌رده‌مانێك به‌بێ هاتنی سه‌رده‌مانێكی تری سپی و بێئه‌وه‌ی ئاسۆیه‌كی رۆشن له ئارادا بێت. هه‌ر بۆیه‌شه ئه‌و سه‌رده‌مه سپییه له لای شاعیر بووه‌ته رابوردوویه‌كی له ده‌ستچوو. ئه‌مه سه‌رچاوه‌ی ئازاردانێكی به‌رده‌وامی جیهانی ناوه‌وه‌ی شاعیره‌و مایه‌ی غوربه‌تییه‌كی وجوودییه: له لایه‌كه‌وه له ده‌ستچوونی، یان چاكتر بڵێین، داڕووخانی هاوكێشه ساده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی جاران و ریتمی ساده‌ی ژیان. بۆ نموونه هاوكێشه‌ی نێوان (دۆست-دوژمن) به واتا سیاسییه‌كه‌ی له هه‌مووان ئاسانتر، ساده‌تر‌و ئاشكراتر بو‌و دوژمنی مرۆڤ (رووكه‌شیانه) دیاربوو، تۆی مرۆڤیش له‌و نێوانه‌دا له ناخی خۆته‌وه خۆت ساغ ده‌كرده‌وه‌و ده‌كه‌وتیته لایه‌نێكه‌وه كه (به رووكه‌ش) به‌ری ژیانی ده‌گرته‌وه. ئه‌وه پتر هه‌وڵ و رێگا بو‌و بۆ ئه‌وه‌ی واتایه‌ك به بوون و ژیانی خۆت ببه‌خشیت و له‌وێدا خۆت بدۆزیته‌وه. جیهانی ناوه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بناغه و لێكدانه‌وه رووكه‌شییه بۆ ده‌وروبه‌ر گۆرانی بۆ ژیانێكی تر ده‌چڕی، بڕوای به هیوایه‌ك په‌یداده‌كرد و زه‌وی (شاعیر گوته‌نی) ده‌بووه (هێلانه‌ی گوڵ). راسته له‌وێدا شاعیر باسی سه‌رده‌مانێكی رابوردوو، به‌سه‌رچوو ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و باس و ئاماژه‌یه هێمایه‌كی په‌نهانی تیادایه بۆ داهاتوو، بۆ هیوایه‌ك، به ته‌مه‌ننا و خواستێك. هیواش ئاماژه‌یه‌كی دواڕۆژه‌كییه، چونكه سه‌رجه‌می ئه‌و وه‌سفه‌ی شاعیر بۆ رابوردووی ده‌كات له واقیعدا (ئه‌و واقیعه لێره‌دا نه‌ستی شاعیر ده‌گرێته‌وه) ئاواته‌خوازییه‌كه بۆ ژیانێكی له‌و جۆره، واته هیوایه‌ك بۆ (بوون) و ژیانێك كه تیایدا هه‌موو شته‌كان (سروشت) و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كان (مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و سروشت) بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ساده‌یی سروشتی و (مۆسیقا) بیانبات به‌ڕێوه، هارمۆنیای جوانیی ریتمی ئه‌و ژیانه پێكبهێنێت و ته‌وه‌ری ژیانیش ببێته چێژ وه‌رگرتن له جوانی.
به‌دیهاتنی ئه‌و هیوایه ئێستا بووه‌ته مه‌حاڵ، چونكه داڕووخانێك له په‌یوه‌ندییه‌كاندا‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌ك له هاوكێشه‌كاندا له ئارادایه. له‌ناو ئه‌و پشێوی و جه‌نجاڵی و بێنه و به‌رده‌و بێسه‌روبه‌رییه‌ی ئێستادا ئاشكرا نییه ژیان (له گشتێتی خۆیدا) به‌ره‌و كوێ ده‌چێت، ئه‌وه ئه‌گه‌ر رازاندنه‌وه‌ی درۆینه‌ی ئه‌م ژیانه هه‌نووكه‌ییه بخه‌ینه لاوه. ئه‌و داڕووخانه بۆ هه‌ندێكیان (ئه‌وانه‌ی ته‌نها بۆ له‌زه‌تی هه‌نووكه‌یی ده‌ژین و به دوای شه‌هوه‌تی ده‌سه‌ڵات و پاره‌و جه‌سته‌وه‌ن) شۆڕش و پێشكه‌وتنه، بۆ هه‌ندێكی تریش (ئه‌وانه‌ی به دوای هارمۆنیا له بوون و ژیان و به دوای جوانی ره‌هاو مه‌حاڵدا كه‌وتوون له په‌یوه‌ندییه‌كاندا) كاره‌ساته‌و تیایدا مرۆڤ له باری روحییه‌وه تێكشكاوه‌و بووه به‌بوونه‌وه‌رێكی نوقمبووی خۆپه‌رستی و دڕه‌نده‌یی كه له پێناوی (ئێستا)ی خۆیدا هه‌موو (بوون) ده‌كات به قوربانیی.
له‌و نێوانه‌دا ته‌یب جه‌بار تووشی غوربه‌تییه‌كی ئینسانی بووه. له ئه‌نجامدا ئه‌وێك كه نه‌توانێت زه‌وی بكاته هێلانه‌ی گوڵ و به‌خه‌نینه‌ی ئاو قاچه‌كانی ختوكه بدات و به موچڕكی گزنگ له خه‌و بێ‌دار بێته‌وه‌و ژیان سێ ژه‌مه نه‌بێته قڵپه‌ی قریوه، به پێچه‌وانه‌وه سێ ژه‌مه قوڕ بخوات، ئیتر ناچاره و (نه‌ست) پاڵی پێوه ده‌نێت ئه‌و هیواو ئاره‌زووه له داهاتوویه‌كی مه‌حاڵ و نادیار‌و ناڕۆشنه‌وه بگێڕێته‌وه بۆ رابوردوویه‌كی به‌سه‌رچوو وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر موماره‌سه‌ی كردبێت و تیایدا ژیابێت. ئه‌وه‌ی ئیسقاتی ئێستایه‌كی ناپه‌سه‌ند‌و نه‌خوازراو و ئازاربه‌خشه به‌سه‌ر رابوردوویه‌كی سپی و جوان و پڕ هارمۆنیدا. ره‌نگبێ به پێوه‌ری جیاجیا‌و له روانگه‌ی تری جیاجیاوه ئه‌و زه‌مه‌ن گۆڕین و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ رابوردوو به كۆنسێرڤاتیزم، موحافه‌زه‌كاری و كۆنه‌په‌ره‌ستی لێك بدرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه ئاوات و هیوایه‌كی دوارۆژه‌كییه بۆ ژیانێك و سه‌رده‌مانێك كه له واقیعی ژیانی ئێستای مرۆڤایه‌تییدا له داهاتووی دیاریشدا مه‌حاڵه بێته‌دی و بووه‌ته خه‌ون، ئه‌ویش نه‌ك هه‌ر خه‌ونێك، به‌ڵكو خه‌ونێكی ئاماڵ سوریالی كه زه‌مه‌ن تیایدا رابوردوو یان ئێستا و داهاتووی بۆ نییه و فانتازیای شاعیره‌كه نه‌ست رۆڵی سه‌ره‌كی تیادا بینیوه به‌و شێوازه شیعرییه هه‌ره جوانه ده‌ریبڕیوه. ئه‌وه به رای من یه‌كێكه له خاڵه هه‌ره‌گه‌ش و سه‌ركه‌وتووه‌كانی لایه‌نی هونه‌ریی ئه‌و قه‌سیده‌یه بۆ پێكه‌وه گرێدانی زه‌مه‌نه‌كان له رایه‌ڵه‌یه‌كی په‌نهاندا كه له خوێندنه‌وه‌ی گشتی و له بونیاتی گشتی نیوه‌ی یه‌كه‌می شیعره‌كه‌دا (تا ده‌گاته وشه‌ی ئه‌مێستا) ده‌كرێت خوێنه‌ر هه‌ڵیبێنجێنێت و تێیبگات و تێكه‌ڵی ببێت. ئه‌وه جۆره یاخیبوونێكی شاعیرانه‌یه به‌سه‌ر ژیانێكی شارستانی-هه‌نووكه‌یی كه له سایه‌یدا روحی ئینسانی هه‌موو رۆژێك هه‌نجن هه‌نجن ده‌كرێت و هه‌موو جوانییه واقعی-خه‌یاڵییه‌كان پووچ ده‌كرێن و پێكه‌نینی درۆینه و نوقم بوون له‌ناو ده‌ریای له‌زه‌تبردنی هه‌نووكه‌ییدا ده‌بنه (یان بوونه‌ته) پره‌نسیپ بۆ ژیان و په‌یوه‌ندییه‌كان.
له لایه‌كیتره‌وه سه‌رچاوه‌یه‌كی تری غوربه‌ته وجوودییه‌كه‌ی ته‌یب جه‌بار ئه‌و تێڕوانین و مامه‌ڵه ئه‌ندازه‌ییه‌یه بۆ ژیان كه ده‌یهه‌وێت پشێوی تێك بشكێنێت و رێكوپێكی و (سیستم)و هارمۆنیا له شوێنی‌دا بكات به كۆشكێك له جوانی. هه‌ڵه‌ی چه‌ند میلیمه‌ترێك له بناغه‌ی ساختومانێكدا یان فێڵكردن له رێژه‌و كوالێتی كه‌ره‌سته‌كانیدا ده‌شێت ببێته مایه‌ی هه‌رسهێنانی ئه‌و ساختومانه و كاره‌ساتی لێبكه‌وێته‌وه. ژیانی ئێستا له‌و دیده ئه‌ندازیارییه‌وه سه‌رتاپای له‌سه‌ر هه‌ڵه بونیاتنراوه‌و حیساب له‌وه‌دا نه‌ماوه به میلیمه‌تر بپێورێت، چونكه ئه‌وه روحی ئینسانه به ناوی شارستانییه‌ته‌وه رۆژانه تێك ده‌شكێندرێت و هه‌نجن هه‌نجن ده‌كرێت و “ده‌ریا… له هه‌ڵمی خۆی بێزاره، خه‌ریكه ده‌خنكێت.” و “ده‌ست ناخرێته ناو ده‌ست، لێویش ناگا به لێو، شه‌م وه‌لی ناناسێت، مه‌م پشت ده‌كات له زین، شوێنی ماچ.. ده‌بێته دارستانی برین. جێژووان ده‌بێته… گۆڕستانی(شیرین)…” ئه‌وانه ده‌ربڕینی ئه‌بستراكت (ته‌جریدی) و فانتازی نیین بۆ ستایلی ژیانی ئه‌مێستا، به‌ڵكو دیفاكتۆیه‌كی تاڵن وه‌كو حوكمی (زیندانی كردنی هه‌تاهه‌تایی) به‌بێ ویست و ئیراده‌و هه‌ڵبژاردنی خۆمان به سه‌رماندا سه‌پێنراون و پێمان ده‌ڵێن ده‌بێت چێژ له‌و ناشرینیانه وه‌رگرن! راكردنی ته‌یب جه‌بار (كه له راستییدا یاخیبوونه) له‌و دیفاكتۆ تاڵه‌ی ژیان كه ده‌بێت سێ ژه‌مه وه‌كو قوڕ بیخوات، ده‌ربڕینێكی جوانكارییانه‌ی شیعرییه له‌و غوربه‌تییه وجوودییه ئینسانییه‌ی به‌سه‌ر مرۆڤدا سه‌پێندراوه كه به پێی سه‌رده‌م و زه‌مه‌نه‌كان به شێوه‌ی جیاجیا، به‌ڵام به هه‌مان ناوه‌رۆكه‌وه دووباره‌بۆته‌وه‌و هه‌تا ئه‌و كاته‌ش كه شه‌هوه‌تی ده‌سه‌ڵات و پاره‌و جه‌سته له جێگای عیشق و خۆشه‌ویستی بزوێنه‌ری ژیان بن، هه‌ر ده‌مێنێت.
خه‌ریكه بڵێم ئه‌و دیفاكتۆ تاڵه به‌شێكه له پێكهاته‌ی مرۆڤ (وه‌كو گشتێك) كه فه‌لسه‌فه‌ی (بوون)ه‌كه‌ی له‌سه‌ر بناغه‌ی خۆویستی و زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌ویتر و ئه‌وانیتردا دامه‌زراوه. ده‌ربازبوون له‌و بازنه بۆشه‌ی (زاڵبوون-ژێرده‌سته‌كردن-یاخیبوون-دووباره بوونه‌وه‌ی زاڵبوون) بووه‌ته جۆرێك له هه‌وڵێكی سیزیفی، چونكه هه‌رچی ده‌كه‌یت ناتوانێت رێگا له سه‌ربڕینی رۆژانه‌ی روحی ئینسانی بگریت و نا‌توانیت روحی (زاڵبوون) له مرۆڤدا هه‌ڵوه‌شێنیته‌وه‌و له ناوی به‌ریت.
روحی زاڵبوون ئه‌و روحه شه‌ڕانگێز‌و ناشیرینپه‌رستییه كه هه‌موو ناشرینییه‌كانی ژیانی ئافراندووه‌و پیرۆزی كردوون. ئاخر ئه‌وه چ مۆڕاڵ و به‌هایه‌كی مرۆییه كه له‌زه‌ت و جوانی له داهێنانی چه‌ك و جه‌نگ و كوشتن و رقدا ببینرێت؟ ده‌بێت ئه‌م شارستانێتیه شانازی به چییه‌وه بكات كه رۆژانه پتر له ملیارێك مرۆڤ له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییدا بیگوزه‌رێنن؟ دزێوییه‌كانی ئه‌م شارستانێتیه كه له پشتی په‌رده ته‌نكه‌كانی پێشكه‌وتنه‌وه خۆیان مه‌ڵاس داوه زۆرن، له ئه‌ژمار نایه‌ن و ته‌واویش نابن. به‌ربه‌ریزمی ئه‌م شارستانییه‌ته كه به ناوی راشیۆنالیزمه‌وه (عه‌قلانییه‌ت) “جێژووان ده‌كاته گۆڕستانی شیرینه‌كان” و رق له جێگای خۆشه‌ویستی ده‌په‌روه‌رێنێت، ئه‌و به‌رگه هه‌واییه په‌نهانه‌ی ده‌وری گۆی زه‌وییه كه له‌گه‌ڵ ئۆكسجیندا هه‌ڵده‌مژدرێت و ئه‌و هه‌ناسه بۆگه‌نانه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه كه له لاشه‌ی كوژراوانی گۆڕێكی به كۆمه‌ڵه‌وه هه‌ڵده‌ستێت. ده‌بێت لێی رابكه‌یت، ده‌نا له بێهووده‌یی و نامۆییدا ده‌خنكێیت.
له‌وانه‌یه ته‌یب جه‌بار له‌و ئاست و دیده یۆنیڤێرساڵییه‌وه ته‌ماشای ئه‌و لایه‌نه دزێوانه‌ی شارستانییه‌ت و ئه‌و دیفاكتۆ تاڵه نه‌كات وه‌ك “مرۆڤی یۆنیڤێرساڵ” ره‌فتاری له‌گه‌ڵدا نه‌كات، به‌ڵكو ته‌نها له سنوور و چوارچێوه‌ی وڵات و قه‌وم و گه‌له‌كه‌ی خۆیه‌وه له‌و ناشرینییانه بڕوانێت و به‌و خه‌یاڵه شیعرییه ده‌ریان ببڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش دیسانه‌وه دوورنمایه‌كی (مرۆڤی یۆنیڤێرساڵی) هه‌یه چونكه ئه‌و وڵاته تێكشكاوه‌ی ئه‌و و ئه‌و دیفاكتۆ تاڵه‌ی له‌وێشدا هه‌یه هه‌ر به‌شێكه له‌و شارستانییه‌ته سه‌رتاپاگیره‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای (زاڵبوون) دامه‌زراوه‌و روحی ئینسانی هه‌نجن هه‌نجن ده‌كات و خۆویستی و شه‌هوه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵات و پاره‌و جه‌سته ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه.
4
ره‌سه‌نایه‌تی شاعیر له‌و شیعره‌یدا له پله‌ی یه‌كه‌مدا له‌وه‌دایه ئازایانه‌و راستگۆیانه ئه‌و چركه‌ساته‌ی بێهووده‌یی و غوربه‌تی راده‌گرێت، تێی ده‌فكرێت، ململانێی رۆحی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، ئازاری قووڵی لێده‌چێژێت و له ناخه‌وه بریندار ده‌بێت، به‌سه‌ریدا یاخی ده‌بێت و… هیچ چاره‌سه‌رێكیش به ده‌سته‌وه نادات بۆ ده‌ربازبوون له‌و دیفاكتۆ تاڵه. بێگومان ئه‌ركی شیعر و شاعیریش نییه چاره‌سه‌ر پێشكه‌ش بكات مه‌گه‌ر له‌و شیعرانه‌دا نه‌بێت كه پێیان ده‌وترێت (سیاسی). ئه‌گه‌ر ته‌یب جه‌بار ئه‌وه‌ی بكردایه، له‌و حاڵه‌ته‌دا له به‌ها و جوانی شیعره‌كه‌ی داده‌گرت و ئه‌ركی وتار و لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌كرد به به‌رگی شیعره‌كه‌دا و ده‌بوو به‌و جۆره شیعره (سپرتۆ) ئاسایانه‌ی جارێك ده‌خوێندرێنه‌وه‌و باویان نامێنێت. هه‌ر بۆیه له بێچاره‌سه‌ریدا هاوار بۆ خوا ده‌بات بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ك و ده‌رباز بوون له‌و عه‌زابه.
له‌وێدا گه‌ڕانه‌وه بۆ نه‌ست یان به‌رهه‌ڵداكردنی نه‌ست‌و بیناكردنی ئه‌لته‌رناتیڤێك بۆ ئه‌م ناشرینی و دیفاكتۆ تاڵه‌ی ئێستا ئاستێكی باڵایه له ره‌هاكردنی خه‌یاڵ و هه‌ڵچنینی ته‌لارێك له جوانیی به ئه‌ندازه‌ی هه‌موو دونیا بۆ ئه‌وه‌ی تیایدا موماره‌سه‌ی ژیان بكه‌یت به پێی بنه‌ما و پرنسیپێك كه ده‌كرێت ناوی بنێین (له‌زه‌تبردنی هه‌میشه‌یی له جوانی ره‌ها). ئه‌وه شتێكه له سه‌رووی یان له ده‌ره‌وه‌ی (زه‌مه‌ن)ی مرۆیی و فیزیكیدایه‌و مه‌حاڵه بێته‌دی، به‌ڵام له خه‌یاڵدا‌و له به‌ره‌ها كردنی خه‌یاڵ مومكینه و ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره خه‌یاڵ و فه‌نتازیا جوانانه‌ش له مرۆڤدا نه‌مێنێت یان زه‌وت بكرێن، ئیدی خۆكوشتن به واتا فیزیكییه‌كه‌ی یان به مه‌عنه‌وییه‌كه‌ی ده‌بێته دیفاكتۆیه‌كیتر و تاڵی سه‌ر بار. وێنه‌ی شیعری ئامرازی به‌رجه‌سته‌كردن و وێناكردنی ئه‌و خه‌یاڵانه‌یه كه له نه‌ستی شاعیره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. توانای ئه‌ندازیاریی ته‌یب جه‌بار له چنینه‌وه‌ی ئه‌و وێنه شیعریانه‌دا ده‌رده‌كه‌ون كه له دره‌ختی نه‌سته‌وه دانه دانه هه‌ڵده‌ڕژێن و ده‌كه‌ونه خواره‌وه. چۆنییه‌تی چنینه‌وه‌ی ئه‌و وێنه شیعرییانه و وێناكردنیان له رێگای (وشه)وه كه كه‌ره‌سته‌ی خاوی ئه‌و ته‌لارسازیه‌یه لایه‌نی توانای جوانكاری شاعیرمان بۆ ده‌رده‌خات. له‌و بواره‌دا و له شێوازی ره‌هاكردنی فه‌نتازیادا بۆ بیناكردنی وێنه شیعرییه‌كان، ته‌یب جه‌بار له ستایلی سوریالییه‌كان زۆر نزیك ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌رچی شیعره‌كه‌ی ته‌یب جه‌بار له‌سه‌ر بناغه‌ی خه‌ونی فیزیكی-ئاسایی هه‌ڵنه‌چنراوه‌و له‌وه‌دا له سوریالیزم جیا ده‌بێته‌وه. لایه‌نی هه‌ره جوانكارانه‌ی ئه‌و وێنه شیعرییانه له‌وه‌دایه كه له شێوه‌ی زنجیره‌یه‌ك تابلۆی ته‌شكیلییدا وێناكراون به جۆرێك كه خوێنه‌ر ده‌ستبه‌جێ په‌لكێش ده‌كه‌نه ناو دونیا فانتازی و نیمچه سوریالییه‌كه‌ی شاعیره‌وه‌و تێكه‌ڵ به لایه‌نه جوانكارییه‌كانی (له‌زه‌ت بردنی هه‌میشه‌یی له جوانی ره‌ها) ده‌بێت كه شاعیر له چركه‌ساته‌كانی هه‌ڵچنینی ئه‌و شیعره‌دا نوقمی بووه. ئاستی گه‌یاندنی شیعری له نێوان شاعیر و خوێنه‌ردا به هۆی وێنه-تابلۆ شیعرییه‌كانی ئه‌و هۆنراوه‌یه‌وه له ئاستی دوواندنی نه‌ستدایه كه باڵاترین شێوازی حیواره له نێوان مرۆڤ و مرۆڤدا. جوانی و نه‌مریی وێنه‌ی شیعریش له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه تا چه‌نده ده‌توانێت له‌گه‌ڵ نه‌ستی ئه‌وانیتردا بدوێت و تێكه‌ڵ به خه‌یاڵه شیعرییه‌كه‌یان بكات.
ئێمه ئه‌گه‌ر به فانتازیا پێشانگایه‌كی هونه‌ری ته‌شكیلی له‌و وێنه شیعرییانه‌ی ئه‌و قه‌سیده‌یه وێنا بكه‌ین، له ئه‌نجامدا پێشانگایه‌كی ده‌گمه‌ن، نایاب، جوان و له‌كردن نه‌هاتووی نیمچه سووریالی ده‌بینین كه به‌شێك له تابلۆكانی بریتی ده‌بن له‌مانه‌ی خواره‌وه وه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و لایه‌نه ته‌شكیلییه‌ی كه له كه‌سایه‌تی شاعیردا ئاماده‌یی هه‌یه:
تابلۆی یه‌كه‌م: ناونیشان: زه‌وی
فیگه‌ره‌كان: هێلانه‌ی گوڵ، ئینجانه‌ی مرواری، سه‌به‌ته‌یه‌ك په‌پووله، كپی له قۆزاخه‌دا. ده‌شێت له تابلۆیه‌كدا گوڵ هێلانه‌ی هه‌بێت و مرواری بخرێته ئینجانه‌وه‌و په‌پووله‌ش له سه‌به‌ته‌دا كۆبكرێته‌وه و هه‌موو ئه‌وانه‌ش (هێلانه و ئینجانه و سه‌به‌ته) هه‌موویان هه‌ر زه‌وی بن. ده‌كرێت سوریالیستێك له تابلۆیه‌ك یان زیاتر له هه‌موو ئه‌وانه بنه‌خشێنێت، هه‌روه‌تر ده‌شێت زه‌وی له شێوه‌ی قۆزاخه‌دا وێنا بكرێت و بكێشرێت، به‌ڵام مه‌حاڵه بتوانرێت وێنه‌ی (كپی) بكێشرێت و ئه‌وه‌یان له سه‌رووی سوریالیزمه‌وه‌یه. به ده‌ربڕێنێكی تر: سوریالیزم له بواری هونه‌ری ته‌شكیلیدا هه‌ر په‌نا ده‌باته‌وه به‌ر توخمه به‌رهه‌سته‌كی(حسی)یه‌كان، به‌ڵام به جۆرێك وێنایان ده‌كات و لێكیان ده‌دا كه له واقیعدا نابن و نیین و مه‌گه‌ر له خه‌ونبینیندا روو بده‌ن، لایه‌نه جوانكارییه‌كه‌شی هه‌ر له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه له ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌نی واقیعیدا ته‌عبیر له خه‌ون و نه‌ست ده‌كات، سه‌ره‌ڕای لایه‌نه ته‌شكیلییه ته‌كنیكییه‌كان. ته‌یب جه‌باریش له‌و تابلۆ شیعرییه‌دا (تابلۆكانیتریش) ئه‌وه‌ی كردووه كه له هونه‌ری سووریالیزمدا به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و له‌وه‌ش واوه‌تر چووه‌و زه‌مین ده‌كاته قۆزاخه‌ی كپیی كه به هێڵ و ره‌نگ مه‌حاڵه بكێشرێت. ئه‌وه ته‌نها به‌و ده‌ربڕینه شیعرییه مومكینه. دیاره مه‌ودای ده‌ربڕینی سوریالیانه‌یه له شیعر و ده‌قی ئه‌ده‌بیدا زیاتره وه‌ك له تابلۆ، چونكه له تابلۆدا ده‌ربڕین ته‌نها له توخمه حسییه‌كان ده‌كرێت، ئه‌ویش له پێكهاته‌یه‌كی تازه و په‌یوه‌ندی و لێكدانێكی سه‌روو واقیعیانه‌ی ئه‌و توخم و فیگه‌رانه‌دا، كه‌چی له شیعر و ده‌قی ئه‌ده‌بیدا توخمه حسییه‌كان‌و مه‌عنه‌وییه‌كانیش جێگایان ده‌بێته‌وه.
ئه‌فراندنی وێنه‌ی شیعری وه‌ك توخمێكی سه‌ره‌كی له بونیادی شیعردا پێوه‌رێكی ئیستاتیكییه بۆ ده‌رخستنی توانای داهێنانكاریی و جوانكاریی له شیعردا. ئه‌فراندنی وێنه‌ی شیعریی لای ته‌یب جه‌بار، به تایبه‌تی له‌و هۆنراوه‌یه‌دا له ئاستێكدایه خوێنه‌ری جیددی ناتوانێت له بیستن و خوێندنه‌وه‌یدا نوقمی سه‌ر له نوێ وێناكردنه‌وه‌یان نه‌بێت و تێكه‌ڵ به‌و واقیعه سیحریی و سوریالییه نه‌بێت كه له تابلۆ شیعرییه‌كاندا نه‌خشێنراون. ئه‌گه‌ر له كیمیادا گۆڕینی ئاسن بۆ زێر له دێر زمانه‌وه له خانه‌ی سیحردا ئه‌ژمار كرابێت و له هه‌ره مه‌حاڵه‌كان بووبێت، ئه‌وا ته‌یب جه‌بار ده‌چێته خانه‌ی ئه‌و سیحربازانه‌وه كه له تاقیگه شیعرییه‌كه‌یدا وشه‌ی ئاسایی وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی خاو به جۆرێك تێكه‌ڵ كردۆته‌وه‌و لێكی داون كه له چۆنایه‌تییه‌كی نوێ و له به‌رگی كانزایه‌كیتردا ده‌ركه‌ون. ئه‌و وێنه شیعرییانه كه هێزی وێناكردن له‌لای خوێنه‌ر و بیسه‌ر راده‌چڵه‌كێنن و بێداری ده‌كه‌نه‌وه و تێكه‌ڵ به‌و فانتازیا سیحرییانه‌ی ده‌كه‌ن كه شاعیر پێیدا تێپه‌ڕیوه، نیشانه‌یه‌كی داهێنان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تاقیكردنه‌وه شیعرییه‌كه‌ی ته‌یب جه‌باره. من پێموایه كۆڵینه‌وه له وێنه‌ی شیعریی و تابلۆی شیعریی له شیعره تازه‌كانی ته‌یب جه‌باردا پێویستی به لێوردبوونه‌وه‌ی قووڵتر و هه‌مه لایه‌نه‌تر‌و پسپۆرانه‌تر هه‌یه، چ وه‌ك ستایلێكی تایبه‌تی و نموونه‌یه‌كی ده‌گمه‌نی ریالیزمی سیحری، چ وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاو(ده‌ق) بۆ لێكۆڵینه‌وه له باره‌ی كاریگه‌ریی وێنه‌ی شیعری به‌سه‌ر خوێنه‌ردا‌و رۆڵی خوێنه‌ر له وێناكردنه‌وه‌ی وێنه‌و تابلۆ شیعرییه‌كاندا. دیاره رۆڵی داهێنانكارانه‌ی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌قی شیعریدا له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات، چونكه وێنه‌ی شیعری كلیلی چوونه ژووره‌وه‌ی دونیای ناوه‌وه‌ی شیعره.
تابلۆی دووه‌م: ناونیشان: ئاسمان
فیگه‌ره‌كان: باخێك له تیشك، ده‌سماڵێك له تریفه، گوڵدانێك بۆ ئه‌ستێره، تاریكییه‌كی سپی.
پۆپه‌ی خه‌یاڵی سیحری له‌م تابلۆیه‌دا له‌و “تریفه”دایه كه له شێوه‌ی ده‌سماڵێك بخرێته سه‌ر تابلۆ یان وێنا بكرێت. ره‌نگه بوترێت ئه‌ی چۆن تاریكی سپی ده‌بێت؟ له تابلۆیه‌كی سوریالیدا ئه‌وه ده‌كرێت: به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ دایكی هه‌موو ره‌نگه‌كان كه سپییه وه‌ك سیمبۆلێك بۆ ئاشتی ره‌های ناوه‌كی و بێگه‌ردیی ره‌ها. دیاره ته‌یب جه‌باریش به‌دوای ئاشتی ره‌هاوه‌یه له‌ناوه‌وه‌و ناخی خۆیدا و ده‌یهه‌وێت به ده‌ستی بهێنێت. تایتڵی هۆنراوه‌كه ئه‌و گه‌ڕان و پشكنینه‌مان پێڕاده‌گه‌یه‌نێت به دوای دونیایه‌ك له سپێتیدا وه‌ك هێمایه‌ك له ئاشتی له هزردا(سلام العقل) و ئاشتی له رۆحدا(سلام الروح). له ده‌ستچوونی ته‌بایی له نێوان مرۆڤ و (بوون)دا نیگه‌رانی وجوودی لێده‌كه‌وێته‌وه و تاریكی ده‌كاته ئه‌و مێرده‌زمه‌یه‌ی (بوون) ركێف ده‌كاته ژێر باڵی خۆیه‌وه و ئاشتی له هزر و رۆحدا ناهێڵێت. به ده‌ستهێنانی ته‌بایی و ئاشتی ره‌ها له‌گه‌ڵ (بوون)دا له رێگای به‌دیهێنانی دونیایه‌كه‌وه كه تاریكی تیایدا سپی بێت ئه‌و مه‌حاڵه‌یه كه له واقیعدا نایه‌ته دی، به‌ڵام له دونیای ناوه‌كی مرۆڤدا، له تێڕامان و هزری فانتازیدا ده‌شێت و ده‌كرێت دروستبكرێت. ئه‌وه له سۆفیگه‌ریدا له پله‌ی ئیشراقدایه و له‌وێدا ده‌رگاكانی تاریكی كڵۆم ده‌ده‌رێن و ده‌رگای (نوور) ده‌كرێته‌وه‌و خوودی تاریكی سپی ده‌نوێنێت.
تابلۆی سێیه‌م:
ناونیشان: ژیان
فیگه‌ره‌كان: ده‌رختێك به شنه‌ی سێبه‌ری خۆی(با) باوه‌شێن ده‌كات، دیمه‌نێكی ئاو به خه‌نینه ختووكه‌ی قاچی رێبوار ده‌دا، هه‌تاو خه‌ریكی سڕینی ده‌موچاوی خۆیه‌تی به گه‌واڵه هه‌ورێك، دیمه‌نی مانگی چوارده كاتێك له سایه‌ی په‌رچه‌می په‌ڵه هه‌ورێكدا سه‌رخه‌وێك ده‌شكێنێت، گزنگ له ساتی موچڕكداندایه و زینده‌وه‌ر (به گشتی به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه كه له روانگه ئایینییه‌كانه‌وه نادیار و ئاسمانییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه) له خه‌و بێ‌دار ده‌كاته‌وه، دایكێك به نیگای گیا به‌رهه‌یوان ئاورشێن ده‌كات،… تاد.
ئه‌م تابلۆیه زۆر ئاڵۆز و هه‌مه بابه‌ت و ره‌نگه و پێكهاتووه له زنجیره‌یه‌ك تابلۆی سیحری له‌ناویه‌كدا ده‌كرێت هه‌ر دیمه‌نێكیان له تابلۆیه‌كی سه‌ربه‌خۆدا به خه‌یاڵ وێنابكرێت و بنه‌خشێنرێت.
وێناكردنی هه‌تاوێك كه به گه‌واڵه هه‌ورێك خه‌ریكی سڕینی سه‌روچاوی خۆیه‌تی و دڵۆپه ئاره‌ق به‌ملاولایدا دێته خوارێ، یان وێناكردنی دیمه‌نی مانگی چوارده كاتێك له سایه‌ی په‌رچه‌می په‌ڵه هه‌ورێكدا باوێشك ده‌دا و سه‌رخه‌وێك ده‌شكێنێت، له‌و دیمه‌نه سیحرییانه‌ن كه ته‌نها له دونیای فه‌نتازیای منداڵاندا ده‌كرێت روو بده‌ن، ئه‌و دونیا بێگه‌رده‌ی كه تاریكی تیایدا سپییه و بوونه‌وه‌ر له‌گه‌ڵ (بوون)دا له ته‌بایی ره‌هادایه. له زۆر فیلمی كارتۆنیدا ئه‌و جۆره دیمه‌ن و تابلۆ هه‌ره‌جوان و سیحرییانه ده‌بینرێن و كاریگه‌ری زۆر به‌هێزیان به‌سه‌ر توانای فه‌نتازیی منداڵاندا هه‌یه. منداڵ ئه‌گه‌ر لێی گه‌ڕێیت ئازاد بێت و هێزێكی سه‌ركوتگه‌ر و چه‌پێنه‌ری به سه‌ره‌وه نه‌بێت، نوقمی دونیای فانتازی و سوریالیانه‌ی خۆی ده‌بێت و سواری پشتی (با) ده‌بێت و به حه‌وت ته‌به‌قه‌ی ئاسمانی خه‌یاڵدا ده‌فڕێت.
له دوا شیكردنه‌وه‌شدا ئێمه‌ی گه‌وره‌ساڵانیش منداڵی گه‌وره‌ین و ئه‌گه‌ر و كۆت و به‌نده عه‌قلییه‌كان (وه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ك بۆ كۆت و به‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان) وه‌لا بنرێن و هێزی خه‌یاڵ ئازاد بكرێت و شه‌رمی لێنه‌كه‌ین، ئیدی هه‌ر ده‌گه‌ڕێینه‌وه ئه‌و جیهانه فه‌نتازیی و سیحرییه‌یی منداڵی و ئا له‌وێوه وێنای شته‌كان ده‌كه‌ینه‌وه.
یه‌كێك له كاره هه‌ره سه‌خته‌كانی نووسه‌ری ده‌ق بۆ منداڵان ئه‌وه‌یه چۆن ده‌توانێت له دیدی منداڵانه‌وه ته‌ماشای (بوون) و شته‌كان، ره‌نگه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كان بكات و ده‌ریانببڕێت. یه‌كێك له دیمه‌نه هه‌ره‌جوانه‌كانی ناو ئه‌و هۆنراوه‌یه كه نیشانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌سته بۆ دونیای بێگه‌ردی منداڵی، ئه‌و مامه‌ڵه تایبه‌تییه سیحرییه منداڵانه‌یه‌یه كه له‌گه‌ڵ هه‌تاو و مانگی چوارده‌و په‌ڵه هه‌ور كردوویه‌تی. ئه‌وه ئه‌گه‌رچی وه‌ك وێناكردن تازه نییه و هه‌ر وه‌ك وتم له زۆر فیلمی كارتۆندا (ئه‌ویش به شێوه‌ی كاریكاتێری) نیشاندراون، به‌ڵام وێناكردنیان به‌و شێوازه شیعرییه سیحرییه داهێنانێكی جوانكارانه‌ی تایبه‌ته به‌و شیعره و ئاراسته نه‌كراوه بۆ منداڵی ئاسایی، به‌ڵكو ئاراسته‌ی منداڵی ناوه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێك له ئێمه‌ی گه‌وره‌ساڵان كراوه و هانمان ده‌دات له‌گه‌ڵ ته‌یب جه‌باردا به‌و جۆره ته‌ماشای ئه‌و دوو بوونه‌وه‌ره سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه بكه‌ین كه منداڵێك ده‌یبینێت و نازانێت ئه‌گه‌ر بای یان هه‌نده‌ی یه‌ك سه‌ره ده‌رزی ئاسایی له (هه‌تاو) بهێنرێته سه‌ر زه‌وی به پانتایی سه‌د و په‌نجا كیلۆمه‌تری ده‌وروبه‌ری ئه‌و سه‌ره ده‌رزییه ده‌كات به قه‌ره‌برووت و ته‌فرو تونای ده‌كات! به‌ڵێ: منداڵ به چاوی (خێر) و (شه‌ڕ)ه‌وه ته‌ماشای شته‌كان و (بوون) ناكات و ئه‌و (=منداڵ) له ده‌ره‌وه‌و له سه‌رووی خێر‌و شه‌ڕه‌وه‌یه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه (وه‌كو باوه و ده‌ڵێن) منداڵ چاكه و خراپه نازانێت و بێگه‌ردی و به‌رائه‌تیش له‌لای منداڵ ده‌بینرێته‌وه. (تێبینی: ئه‌و بۆچوونه‌م رێژه‌ییه، چونكه منداڵیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماكی مردن و غه‌ریزه‌ی ترس له مردنی تێدایه، كه‌واته ماكی خۆویستی و خۆپه‌ره‌ستی تیادایه وه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی سروشتی بۆ غه‌ریزه‌ی مان‌و ژیان.)
ته‌یب جه‌باریش بێزاره له‌و ململانێ بێكۆتاییه‌ی نێوان (خێر)و (شه‌ڕ) و ده‌یهه‌وێت ئه‌م هاوكێشه داسه‌پێندراوه‌ی ژیان وه‌لاوه بنێت له‌گه‌ڵ هه‌موو ئاكامه كاره‌ساتباره‌كانیدا. ئه‌وه ته‌نها به گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌ست ده‌كرێت بۆ ئه‌و دونیا بینییه‌ی منداڵی كه یاسای به‌ڕێوه‌چوونی ژیان تیایدا له‌سه‌ر كۆڵه‌كه‌كانی بێگه‌ردی به‌رائه‌ت دامه‌زراوه‌و ته‌نها له‌وێدا زینده‌وه‌ر ده‌توانێت ده‌ست له‌ملانی هه‌تاو بكات و(مه‌حاڵ) له ئامێز بگرێ و ماچی بكات. ئه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كیتری نه‌سته بۆ (به‌هه‌شتی له ده‌ستچوو) كه له‌وێدا (خێر) و (شه‌ڕ) له ئارادا نامێنێت و حه‌سانه‌وه‌ی ره‌ها و ئه‌به‌دی له سایه‌ی (له‌زه‌ت بردنی هه‌میشه‌یی له جوانیی-بوون-) ده‌بێته ژیان. له‌و به‌هه‌شته ونبووه‌دا كه مرۆڤی ئازاركێش خوازیاری به‌دیهاتنه‌وه‌یه‌تی، هه‌موو شته‌كان سه‌ر له نوێ دروستده‌كرێنه‌وه، تاریكی ده‌بێت به سپی و ژیان به جۆرێكی لێدێت كه (مه‌حاڵ) تیایدا مومكین بێت. سه‌رجه‌می ئه‌و ئاواته سیزیفیانه له هزری مرۆیی‌دا تازه نیین، به‌ڵام به شێوه‌ی تازه ده‌ریانده‌بڕین وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌یب جه‌بار كردوویه‌تی. له پێشبینییه‌كانی یوحه‌ننای په‌یامبه‌ردا له دواهه‌مین كتێبی په‌رتووكی پیرۆزدا له سوره‌تی (21) و ئایه‌تی (1)دا ده‌ڵێت: “ئاسمانێكی نوێ و زه‌مینێكی تازه‌م بینی، چونكه ئاسمانی پێشوو و زه‌مینی جاران به‌سه‌ر چوون (یان له‌ناوچوون)…” له ئایه‌تی (یان پێشبینی) چواره‌می هه‌مان سووره‌تدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له‌وێدا (له فیرده‌وسی داهاتوودا) خودا هه‌ر خۆی “هه‌موو فرمێسكی چاوانیان ده‌سڕێته‌وه، چیتر مردن له ئارادا نامێنێت، چیتر شیوه‌ن و هاوار و ئازار كێشان نامێنن، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێشوو به‌سه‌رچوونه”. له ئه‌نجامدا كاتێك كه (شه‌ڕ)ی گه‌وره واته (مردن) له‌ناو ده‌چێت و غه‌ریزه‌ی ترس له مردن نامێنێت و (ئه‌شعیا) گوته‌نی “گورگ و پڵنگ له‌گه‌ڵ مه‌ڕ و بزندا پێكه‌وه ده‌له‌وه‌ڕین…و منداڵێك شوانییان ده‌كا…” (بڕوانه ئه‌شعیا11\6)، ئیتر ئاسایی ده‌بێت منداڵێك “له‌گه‌ڵ تووله‌ماردا یاری بكات و شیره‌خۆره‌یه‌كیش ده‌ست بنێته سه‌ر كونه مار “(ئه‌شعیا 11\8)، یان منداڵێك به‌و جۆره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆر و مانگدا بكات كه ته‌یب جه‌بار له‌و قه‌سیده‌یه‌دا وێنای كردووه. ئه‌وه فانتازیای ته‌جاوه‌زكردنی (خێر)و(شه‌ڕ)ه له بوونی شته‌كانه‌وه بۆ خۆیان (الوجود لژاته) كه خێر و شه‌ڕی لێده‌كه‌وێته‌وه به‌ره‌و بوونی شته‌كان له خۆیاندا (الوجود فی ژاته) كه هارمۆنیا و ته‌بایی لێده‌كه‌وێته‌وه و ده‌بێته یاسای بوون. ئیدی به‌و جۆره پێكه‌وه گونجانی ره‌های شته‌كان به‌ده‌ر له خێر‌و شه‌ڕو ترس و مردن ده‌بێته ریتمی ژیان. ئه‌وه گه‌ڕانه به دوای ژیانی پێرفێكتایه‌تی و جاویدانی و یه‌كێكه له جوانترین داهێنانه هزرییه-سیحرییه‌كانی مێژووی مرۆیی بۆ ده‌ربازبوون له (ئه‌مێستا)ی تاریكی. ئه‌و دونیا سپییه مه‌گه‌ر ته‌نها له فانتازیای منداڵاندا یان له فانتازیای شیعریدا یان له ئیشراقی سۆفیگه‌ریدا یان له‌لای پێغه‌مبه‌ره گه‌وره‌كاندا وێناكردنیان مومكین بێت له چه‌شنی ئه‌شعیا و دانیال و یۆحه‌ننای پێشبینیكاردا.
یه‌كێكی تر له‌و وێنه شیعرییه سیحراویانه‌ی ئه‌و تابلۆ سوریالییه ئه‌و دیمه‌نه‌ی ئاوه كه به خه‌نینه ختووكه‌ی قاچی رێبوار ده‌دا. ئه‌گه‌ر رێگاكردنی رێبوار هێمایه‌ك بێت بۆ موماره‌سه‌كردن و به‌سه‌ربردنی ژیان له زه‌مه‌ندا، ئه‌وا ختووكه‌دانی قاچی رێبوار به خه‌نینه‌ی ئاو ده‌بێته هێمایه‌ك بۆ له‌زه‌تبردنێكی حسسیی و بێگه‌رد و ره‌ها له‌و ژیانه. ئه‌م وێنه شیعرییه به به‌راورد له‌گه‌ڵ وێنه‌ی شیعریی (ده‌نگی پێی ئاو)ه‌كه‌ی سۆهرابی سپهری (به لای منه‌وه)جوانتره. له‌وه‌ی سۆهرابدا ئه‌گه‌ر ره‌وتی ئاو ئاماژه بێت بۆ ژیان و ره‌وتی زه‌مه‌ن، ئه‌وا موماره‌سه‌كردنی ئه‌و ژیانه له رێگای (ده‌نگ)و گوێ و هێزی بیستنه‌وه ئه‌نجامدراوه یان وێنا كراوه، له حاڵێكدا له‌و وێنه شیعرییه‌كه‌ی ته‌یب جه‌باردا په‌یوه‌ندی نێوان بوون و بوونه‌وه‌ر و موماره‌سه‌كردنی ژیان په‌یوه‌ندییه‌كی (بیسته‌نی)نییه، به‌ڵكو به‌رهه‌سته‌كی و راسته‌وخۆیه له رێگای (له‌مس)ه‌وه كه له هه‌ستی (بیستن) له پێشتر و به‌هێزتره. ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌رهه‌سته‌كییه سیحرییه‌ی نێوان بوون و موماره‌سه‌كردنی ژیان له چه‌ند وێنه‌ی تری شیعریی ئه‌و به‌هه‌شته له ده‌ستچووه‌ی ناو هۆنراوه‌كه‌دا نیشاندراوه له چه‌شنی ئه‌و گزنگه‌ی له ساتی موچڕكه‌داندایه و زینده‌وه‌ر له خه‌و بێ‌دار ده‌كاته‌وه، یان ئه‌و لیسته وێنه شیعرییانه‌ی له (زه‌خیره‌كانی زستان)دا ریزی كردوون كه هه‌ریه‌كێكیان له‌ویتریان حه‌په‌سێنه‌رتر‌و جوانتره: “باوه‌شێ كڕێوه، چارۆكه‌یه‌ك سروه، له‌گه‌نێ شه‌قه‌ی باڵ، چه‌ند ده‌سكێ چاوشاركێ، یه‌ك دوو چنگ گه‌رمایی، مه‌ڵۆیه‌ك پاڵكه‌وتن، قڕتاڵه‌یه‌ك كڕبوون، دوو چه‌پك گڕ‌وگاڵ، سێ تاڵ قسه‌ی نه‌سته‌ق، كووپه‌یه‌ك ته‌ڕایی “به هه‌مان ریتم ئه‌و وێنه شیعرییه فانتازیانه‌ی تایبه‌تن به ستایلی (ریالیزمی سیحری) له ریزبه‌ندی لیستی (بژێوییه‌كانی ژیان)دا درێژه ده‌كێشن: “بژێوی… ئاسان بو‌و: سێ ژه‌مه… قڵپه‌ی قریوه بو‌و… به‌یانیان… به‌رچایی… جامێ جریوه بو‌و. نێوه‌ڕوان دوو كه‌وگیر پێكه‌نین، كولێره‌ی خه‌نده‌و شله‌ی خۆشی. ئێواران… له‌تێ مانگ… هێلكه‌و زریوه بو‌و. خه‌وتنان… پاش دوعا و شایه‌تمان، به سایه‌قه‌ی دووبه‌ر… خۆمان داده‌پۆشێ”.
تابلۆی چواره‌م: ناونیشان: زه‌خیره‌ی ژیان.
فیگه‌ره‌كان: بڕوانه لیستی وێنه شیعرییه‌كانی زه‌خیره‌كان كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كردوون.
تابلۆی پێنجه‌م: ناونیشان: بژێوی ژیان.
فیگه‌ره‌كان: بڕوانه لیستی وێنه شیعرییه‌كانی بژێوییه‌كان كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كردوون.
هه‌موو ئه‌و وێنه شیعرییانه به‌سه‌ریه‌كه‌وه یان به تاك تاك ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تییان بۆ بكرێت و قسه‌یان له‌سه‌ر بكریێت، به‌ڵام ئه‌م وتاره ناتوانێت هه‌موو ئه‌و به‌دواداچوونانه له‌خۆبگرێت. به شێوه‌یه‌كی گشتی: به‌شێكی ئه‌و وێنه شیعرییانه ده‌كرێت وێنای تابلۆیی- هونه‌رییان بۆ بكه‌ین، به‌ڵام ئاشكرایه كه به‌شێكی زۆریان (هه‌روه‌كو پێشتر ئاماژه‌ممان بۆ كرد) له تابلۆی ئاسایی‌دا وێنا ناكرێن، به تایبه‌تی شته مه‌عنه‌وی و ناحسییه‌كانی ناو وێنه شیعرییه‌كان، به‌ڵكو ته‌نها له ئه‌ندێشه‌ی شیعریدا جێگایان ده‌بێته‌وه‌و چێژی ئێستاتیكی ته‌واوی خۆیان له‌و رێگایه‌وه سه‌ره‌تا به نووسه‌ر و پاشان به خوێنه‌ر ده‌به‌خشن و له‌گه‌ڵ هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی تردا ئه‌و چێژه دووباره و چه‌ندباره ده‌بێته‌وه. نه‌مریی له داهێنانی شیعریی و ئه‌ده‌بیدا هه‌ر له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت. هه‌رچۆنێك بێت ئه‌و مامه‌ڵه هونه‌رییه ته‌شكیلییه‌ی ته‌یب جه‌بار له‌گه‌ڵ وێنه‌ی شیعریدا دوورنمایه‌كی ئێستاتیكی تایبه‌تی و زیاتری به‌و ستایله شیعرییه به‌خشیوه‌و به زۆر (به‌ڵام ئاره‌زووخوازانه) خوێنه‌ر په‌لكێش ده‌كه‌نه ناو ده‌ریایه‌كه‌وه له بینینی دیمه‌نی تابلۆی-سیحری و ره‌نگه بێپایانه‌كانی گه‌مه‌ی فانتازی به وشه و سه‌رسووڕمان له ئاست ئه‌و جیهانه خه‌یاڵییه ره‌نگینه‌دا.
5
با له گۆشه‌نیگایه‌كیتره‌وه سه‌ر له نوێ ئه‌و شیعره بخوێنینه‌وه.
یه‌كێك له‌لایه‌نه جوانكارییه هونه‌رییه‌كانی ئه‌و هۆنراوه‌یه شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی شاعیره له‌گه‌ڵ كه‌ره‌سته شیعره‌ییه‌كانیدا كه سه‌ره‌نجام یه‌كێتییه‌كی پته‌وی هۆنراوه‌كه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه. به‌ده‌ر له‌وه‌ی سه‌رجه‌می هۆنراوه‌كه له‌سه‌ر بناغه‌ی گه‌یاندنی په‌ندو حیكمه‌تێك دامه‌زراوه كه ده‌كرێت باوكێك به زمانی ئاسایی بۆ منداڵه‌كانی بگێڕێته‌وه، یان دونیا دیده‌یه‌كی دانا‌و به ئه‌زموون بۆ نه‌وه‌ی تازه‌ی باس بكات، یان فه‌یله‌سووف و سیاسه‌توانێك به زمانی تایبه‌تی خۆی پێچه‌ڵپێچ و ئاڵۆزی بكات، یان سۆفییه‌ك به زمانی ئیشراق تێی بڕوانێت، به‌ڵام ته‌یب جه‌بار به زمانێكی شیعری تایبه‌تی ئه‌وتۆ ده‌ریبڕیوه كه خوێنه‌ر ناچار ده‌كات له ده‌ستپێكه‌وه تێكه‌ڵی ببێت و تا كۆتایی له‌گه‌ڵیدا بڕوات و وه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ك بۆ یه‌كێتی بونیادی هۆنراوه‌كه، ته‌ماشای بكات.
بونیادی گشتی و یه‌كێتی ناوه‌وه‌ی هۆنراوه‌كه له‌سه‌ر شێوازی (به‌راوردكردن) هه‌ڵچنراوه له نێوان (سه‌رده‌مانێ…)ك له رابردوودا له‌گه‌ڵ (ئه‌مێستا…)یه‌كی داڕووخاو به دوورنمایه‌كی په‌نهانه‌وه كه رووی له داهاتووه. له‌و شێوازه‌دا ناكرێت باسی ئه‌و رابوردووه روو له داهاتووه ئه‌رێنی و جوان و له ده‌ستچووه مه‌حاڵه بكرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی باسی ئه‌م (ئێستا) نه‌رێنی و ناپه‌سه‌ند و ناشرین و داڕووخاوه نه‌كرێت. ناكرێت له جوانی تێبگه‌یت و ده‌ربڕینی گونجاوی بۆ بكه‌یت ئه‌گه‌ر ناشرینی و دزێوی و قێزه‌وه‌نیت نه‌بینیبێت و هه‌ستت پێنه‌كردبێت یان لانیكه‌م نه‌تبیستبێت. ریتمی (بوون) له‌سه‌ر بناغه‌ی جوانی هه‌ڵچنراوه‌و رێده‌كات، رێكوپێكی و یاسا و هارمۆنیای پێكه‌وه‌گونجان و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان بوونه‌وه‌ره‌كان (مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و سروشت، سروشت و گه‌ردوون له خۆیدا) ده‌یبات به‌ڕێوه، یان لانیكه‌م مرۆڤ بۆ خۆی ئه‌وه ده‌خوازێت بوون و پێوه‌ندییه‌كان به‌و جۆره ته‌باو هارمۆنییه بن. ناوێزه‌یی له‌و (بوون)ه‌دا و لادان له‌و ریتمه رێكوپێكه یان تێكدانی به ئه‌نقه‌ستی ئه‌و هارمۆنیا سروشتكرده‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤی (ئه‌مێستا) به‌رامبه‌ر به ره‌گه‌زی مرۆیی به‌رامبه‌ر به سروشت ئه‌نجامی ده‌دات، هه‌موو ئه‌و ناشرینی و دیارده قێزه‌ونه (مرۆیی و سروشتی)یانه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه كه هه‌موو مرۆڤێكی ئاقڵ ناچار ده‌كات له خۆی و له‌وانیتریش بپرسێت: ئه‌و هه‌موو ناشرینییانه له پای چی؟ چما ئه‌م سه‌رزه‌مینه پان و به‌رین و جوان و ده‌گمه‌نه به‌شی هه‌موومان ناكات به ئاشتی و تێروته‌سه‌لی تیایدا بژین و به ده‌ستی خۆمان بیكه‌ینه فیرده‌وس؟ مه‌حاڵه.
له‌و بونیاده شیعرییه به‌راوردكارییه‌دا په‌نا نه‌براوه‌ته به‌ر به‌كارهێنانی ئامرازه زمانه‌وانییه‌كانی (شیكاری) و (راڤه كردن) و (لێكچواندن) و (ته‌علیل) له چه‌شنی (چونكه، له‌به‌رئه‌وه-ی، واته، هه‌روه‌ها، وه‌ك، ئه‌وجا، پاشان، بۆیه، كه،…). به‌كارهێنانی ئه‌وانه له زمانی شیعردا لاوازی ده‌كه‌ن و تاڕاده‌یه‌كی زۆر لایه‌نه ویجدانییه‌كه‌ی شیعر ده‌خنكێنن كه به‌ر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌قڵدا بدوێت له‌گه‌ڵ ناوه‌وه‌ی مرۆڤدا ده‌دوێت. له ته‌واوی شیعره‌كه‌دا ته‌نها یه‌كجار ئامرازی لێكچوواندن (وه‌ك) له دێڕه شیعری (سێ ژه‌مه… وه‌ك كرم، قوڕ ده‌خۆم)دا به‌كارهێنراوه كه ده‌كرا ئه‌ویش به‌كارنه‌هێنرایه‌و هه‌ر بوترایه (سێ ژه‌مه… قوڕ ده‌خۆم) كه وه‌ك ده‌ربڕین گشتگیرتره، به‌ڵام ئه‌و (شۆك)ه‌ی تێدانییه كه (وه‌ك كرم) ده‌یبه‌خشێت یان ده‌یورووژێنێت. ئه‌و كورته راوه‌ستانه‌ی به دوای (وه‌ك كرم)ه‌كه‌دا به هۆی به‌كارهێنانی ئه‌و (كۆما)یه‌وه خوێنه‌ر ناچار ده‌كات بۆ چركه‌ساتێك سه‌رنجی حاڵه‌ته‌كه بدات و وێنای بكات و بچێته پێستی كرمه‌كه‌وه‌و له‌گه‌ڵ شاعیردا قوڕ بخوات، (شۆك)ه‌كه‌ش له‌وێوه دروستده‌بێت. پێموایه ته‌یب جه‌بار ئه‌و كۆمایه‌ی له خۆڕا دانه‌ناوه، به‌ڵكو به ئاگاوه بۆ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی ئه‌و شۆكه له‌و شوێنه‌دا جێگیریی كردووه، ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه سیاقی دێڕه شیعرییه‌كه (وه‌ك رسته‌ی ئاسایی) ئه‌و كۆمایه ناخوازێت. له‌لایه‌كیتره‌وه پێده‌چێت ئیقاعه شیعرییه‌كه ئه‌وه‌ی خواستبێت ئه‌و (وه‌ك كرم)ه له‌و دێڕه‌دا به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام ئه‌وه هه‌رچۆنێك بووبێت ناوازه‌یی به‌پێكهاته‌ی گشتی زمانه‌كه نه‌به‌خشیوه، به پێچه‌وانه‌وه، ره‌نگبێ ئه‌و (وه‌ك)ه هێزێكی واتایی (شۆك هێنه‌ر)ی زیاتر به خوێنه‌ری شیعره‌كه ببه‌خشێت به ره‌چاوكردنی ئه‌و كۆمایه‌ی به دوایدا هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی تێبفكرین له‌م زه‌مه‌نه وێرانه بێئاسۆیه‌دا (به به‌راورد له‌گه‌ڵ قه‌سیده‌ی وێرانه خاكه‌كه‌ی ئیلیۆتدا) به‌شێكین له قوڕخۆره‌كان، جا دركی پێ بكه‌ین یان نه‌كه‌ین ئه‌وه‌یان هیچ له هیچ ناگۆڕێت. وه‌ك په‌راوێزێك ده‌ڵێم: ئه‌وه یه‌كێكه له ده‌ربڕینه هه‌ره به‌هێز‌و جوانه‌كانی ناو ئه‌و هۆنراوه‌یه به گه‌یاندنی ئه‌و حاڵه‌ته شیعرییه‌ی شاعیر به خوێنه‌ر به مه‌به‌ستی په‌لكێش كردنی بۆ ناو ئه‌و دیفاكتۆ تاڵه‌ی ناوی نراوه (ژیان) و هاوبه‌شیكردنی ویجدانی له‌و چركه‌ساته‌ی داهێنانه ئیستاتیكییه‌كه‌دا. له لایه‌كیتره‌وه له‌و هۆنراوه‌یه‌دا (واو)ی پێكه‌وه گرێدان له حوكمی (نه‌بوو)دایه. به چ واتایه‌ك؟ له سه‌رجه‌می هۆنراوه‌كه‌دا حه‌وت جار ئه‌و ئامرازه ناچاره‌كییه به‌كارهێنراوه، ئه‌ویش له‌م به‌شه دێڕه شیعرییانه‌دا: (هه‌تاو… ده‌موچاوی…)، (به‌زمی سێ باز و هه‌لوكێن بو‌و)، (كولێره‌ی خه‌نده و شله‌ی خۆشی)، (هێلكه‌و زریوه…)، (پاش دوعا‌و شایه‌تمان…)، (ره‌وره‌وه‌ی تۆز و خۆڵ)و (له‌ناو وه‌رد و شۆمێكی تردا). كه‌واته ئه‌و (واو)انه به‌شێك نیین له بونیادی پێكه‌وه‌گرێدانی وێنه شیعرییه‌كان و كۆپله شیعرییه‌كان، به‌ڵكو به‌شێكن له پێكهاته‌ی ئه‌و چه‌ند رسته و ده‌ربڕینه شیعرییه.
ئه‌و شێوازه زمانه شیعرییه كه بۆ پێكه‌وه‌گرێدانی ده‌ره‌كیی وێنه شیعرییه‌كان په‌نا ناباته به‌ر (واو)، رێزی تایبه‌تی بۆ سه‌ربه‌خۆیی تاك تاكی بوونه‌وه‌ره شیعرییه‌كان (وێنه شیعرییه‌كان)داده‌نێت و خوێنه‌ر ناچار ده‌بێت له ئاستی هه‌ریه‌كێكیاندا له‌گه‌ڵ هه‌ر (كۆما) و (پونت)ێكدا راوه‌ستێت و تێی رامێنێت و له زه‌ین و ئه‌ندێشه‌ی خۆیدا وێنای بكات. له تاڤگه‌یه‌كدا هه‌ر دڵۆپه ئاوێك به سه‌ربه‌خۆیی دێته خواره‌وه‌و سه‌رجه‌می ئه‌و دڵۆپه سه‌ربه‌خۆیانه‌ن كه تاڤگه پێكده‌هێنن. هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كانی ئه‌م گه‌ردوونه له ئه‌تۆم و گه‌ردیله‌یه‌كه‌وه تا ده‌گاته هه‌ساره و كۆمه‌ڵه هه‌تاوییه‌كان و… تاد، سه‌ربه‌خۆیی رێژه‌یی خۆیان هه‌یه و ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه گرێیان ده‌دات هێزێكی په‌نهانی نادیاره، به‌ڵام هێزێكی راسته‌قینه و فیعلییه. وێنه‌ی سه‌ركه‌وتووی شیعریش ئه‌وانه‌ن كه سه‌ره‌ڕای لایه‌نه هونه‌رییه جوانكارییه‌كه‌یان، له سه‌ربه‌خۆییه‌كی رێژه‌یی به‌هره‌مه‌ندن و له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا به‌هۆی (واو)ه‌وه نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه، به‌ڵكو هێزێكی نادیاری ناوه‌كی و په‌یوه‌ندییه‌كی روحی-وجوودی كۆیان ده‌كاته‌وه له هارمۆنیایه‌كی شیعرییدا داده‌ڕێژنه خواره‌وه. ته‌یب ده‌ڵێت:
(كۆپله‌ی یه‌كه‌م):
سه‌رده‌مانێ… دونیا زۆر جوان بو‌و.
زه‌وی… هێلانه‌ی گوڵ،
ئینجانه‌ی مرواری،
سه‌به‌ته‌ی په‌پووله،
قۆزاخه‌ی كپی بو‌و.
ئاسمان… باخی تیشك،
ده‌سماڵی تریفه،
گوڵدانی ئه‌ستێره،
تاریكی سپی بو‌و.
(كۆپله‌ی دووه‌م):
سه‌رده‌مانێ… ژیان زۆر خۆش بو‌و.
دره‌خت… به شنه‌ی سێبه‌ری خۆی…
(با)ی باوه‌شێن ده‌كرد.
ئاو… قاچی رێبواری…
به خه‌نینه ختووكه ده‌دا.
هه‌تاو… ده‌موچاوی…
به گه‌واڵه ده‌سڕی.
مانگی چوارده… جار جار…
له سایه‌ی په‌رچه‌می په‌ڵه هه‌ور،
سه‌رخه‌وی ده‌شكان.
زینده‌وه‌ر… به موچڕكی گزنگ…
له خه‌و بێ‌دار ده‌بوو.
دایكم به نیگای گیا…
به‌ر هه‌یوانی ئاورشێن ده‌كرد.
…. تاد
په‌یوه‌ندی نێوان كۆپله شیعرییه‌كان، هه‌روه‌ها له نێوان وێنه شیعرییه‌كاندا له رێگای (واو)ێكی ره‌ق و ته‌قه‌وه نییه. شاعیر ناڵێت (سه‌رده‌مانێ دونیا زۆر جوان و خۆش بو‌و)، به‌ڵكو دونیای جوان و دونیای (خۆش)ی لێك جوداكردۆته‌وه. ئه‌وه‌ش بێهۆ نییه. جوان بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستێكی ده‌ره‌كییه به‌رامبه‌ر به ئه‌ویتر، به‌رامبه‌ر به ده‌ره‌وه. خۆش هه‌ست و حاڵه‌تێكی ناوه‌كییه، ئه‌گه‌ر (دونیای جوان) دونیای بابه‌تی و (عه‌یان)یه‌كه بێت، ئه‌وا (دونیای خۆش) دونیای زه‌ینییه كه په‌یوه‌سته به بوونی مرۆڤه‌وه وه‌ك تاكه بوونه‌وه‌ر كه به‌هره‌ی هه‌ستكردن به (بوون)ی هه‌یه و هێزی ته‌جرید شك ده‌بات بۆ درككردن به زه‌مه‌نی سه‌رمه‌دی و چه‌مكه‌كانی بوون، نه‌بوون، خێر، شه‌ڕ، جوانی، ناشیرینی، هارمۆنی، پشێوی، خۆیه‌تیی(الانیه)،… تاد. هه‌ڵبه‌ت هێزی درككردن مه‌رج نییه تێگه‌یشتن بدات به ده‌سته‌وه ئه‌گه‌رچی درككردنی به‌رهه‌سته‌كی (حسی) سه‌ره‌تا‌و ده‌ره‌وازه‌یه بۆ مه‌عریفه‌ی زانستی و تێگه‌یشتن. به‌و لێكدانه‌وه‌یه تێگه‌یشتن ئاستێكی باڵاتره له درككردن. درككردنی حیسسی بۆ ده‌ركه‌وته‌كانی (بوون) ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنی به دوادا نه‌یه‌ت، یان لاموبالاتی لێده‌كه‌وێته‌وه به‌رامبه‌ر به (بوون)یان بێهووده‌یی. درككردنی حیسسی به دیارده‌كانی (بوون)، بۆ نموونه درككردن به (ژیان، مردن، خێر، شه‌ڕ، من، ئه‌و…) ناچێته خانه‌ی مه‌عریفه‌وه، واته مه‌عریفه‌ی چییه‌تی ئه‌و دیاردانه، به‌ڵكو ئه‌وه (تێگه‌یشتن)ه له‌و دیاردانه كه له پرۆسه‌ی مه‌عریفه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه و ده‌شێت هه‌میشه له هه‌ڵگوڕان (إرتقا‌و)دا بێت. هێزی (ته‌جرید) رۆلێكی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له‌و پرۆسه‌یه‌دا.
بابه‌تی گشتی درككردنی حیسسی بریتییه له (بوونی ده‌ره‌كی). لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه تاقیكردنه‌وه له‌سه‌ر بناغه‌ی درككردنی حیسسی بۆ بوونی ده‌ره‌كی هه‌ڵده‌چنرێت و كه‌ڵه‌كه ده‌بێت. خودی له‌شی مرۆڤ بابه‌تێكه له بابه‌ته‌كانی بوونی ده‌ره‌كی بۆ دركپێكردنی حیسسی، ئه‌وه له به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌دا. پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه ئامرازی تێگه‌یشتنه له (بوونی ده‌ره‌كی)و هه‌ڵگۆڕانی درككردنی حیسییه به‌ره‌و مه‌عریفه‌ی ئه‌مپریستی (ته‌جریبی) و ئه‌بستراكت (ته‌جریدی). ئالێره‌وه‌یه تاقیكردنه‌وه‌كان دوورنما‌و قووڵییه‌كیتری سه‌رباریان پێده‌به‌خشرێت، ئه‌ویش به هۆ و له رێگای ئه‌و لێكدانه‌وه‌و خستنه‌سه‌ره مه‌عریفییه‌ی پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ته‌جریدی. ئه‌گه‌ر ئه‌ركی سه‌ره‌كی فه‌لسه‌فه بریتی بێت له ناسینی هه‌موو (ده‌ره‌كییه‌كان)و ئه‌و لێكدانه‌وه مه‌عریفییانه‌ی به‌هۆی پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌و بۆیانكراوه یان ده‌كرێت، ئه‌وا ده‌كرێت بڵێین (شیعر)یش به شێواز‌و زمانی تایبه‌تی خۆی ده‌چێته خانه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه، چونكه لێكدانه‌وه‌یه‌ك به زمانێكی ته‌جریدی بۆ (ده‌ره‌كییه‌كان) ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌گه‌ر ئامرازێكی یان ده‌ستاوێژێكی مه‌عریفه‌ی فه‌لسه‌فی بریتی بێت له (لۆجیك) به گشتی بۆ واوه‌ترچوون له درككردنی حیسسی و تاقیكردنه‌وه‌كان به‌ره‌و مه‌عریفه‌ی ته‌جریبی و ته‌جریدی، ئه‌وا (شیعر) به پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه لۆجیك تێكده‌شكێنێت و له رێگای ده‌ستاوێژی تایبه‌تی خۆیه‌وه كه (وێنه‌ی شیعری)یه له درككردنی حیسسی تاقیكردنه‌وه‌كانه‌وه واوه‌تر ده‌چێت به‌ره‌و مه‌عریفه‌یه‌كی تایبه‌تی كه رێ به خۆم ده‌ده‌م ناوی بنێم: (مه‌عریفه‌ی وێناگه‌رایی یان ترانسندنتالی Transcendentalism). له رووی چۆنایه‌تییه‌وه وێناگه‌رایی فه‌لسه‌فی به‌وه له وێناگه‌رایی شیعری جیا ده‌بێته‌وه كه یه‌كه‌میان عه‌قڵییه و ده‌ره‌نجامی ته‌جریبی و ته‌جریدی عه‌قڵی ده‌دات به ده‌سته‌وه بۆ تێگه‌یشتن(!!) له بوونی ده‌ره‌كی و تاقیكردنه‌وه‌كان، به‌ڵام دووه‌میان زه‌ینییه و رووی له‌وه‌یه له رێگای وێنه‌ی شیعرییه‌وه تاقیكردنه‌وه‌كان له قاڵب و چوارچێوه‌یه‌كی نوێی حیسسی -ناوه‌كی-ته‌جریدی-فانتازی- ناواقعی-نامومكینی مه‌حاڵدا دابڕێژێته‌وه. ئه‌وه دروستكردنه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێیی (بوونی ده‌ره‌كی)یه له (بوونێكی ناوه‌كیدا) كه خه‌یاڵ رۆڵی سه‌ره‌كی تیادا ده‌بینێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی هارمۆنیا له نێوان (ده‌ره‌كی)و(ناوه‌كی)دا. واته شاعیر له رێگای هه‌ستی ناوه‌كییه‌وه (ده‌شێت نه‌ست بێت) ره‌فتار له‌گه‌ڵ تاقیكردنه‌وه‌كاندا ده‌كات كه خه‌یاڵ-فانتازیا- له رێگای ته‌داعی ئازادانه‌ی وێنه شیعرییه‌كانه‌وه رۆڵی سه‌ره‌كی تیادا ده‌بینێت نه‌ك عه‌قڵ و لۆجیكی فه‌لسه‌فی. شیعریش (به‌رهه‌می شاعیر) ئاراسته‌ی هه‌ستی ناوه‌وه‌ی (ئه‌وانیتر)و خوێنه‌ر ده‌كرێت نه‌ك عه‌قڵ و لۆجیك. شیعری نه‌مر به‌و پێوه‌ره ئه‌وه‌یه بتوانێت له ئاستێكی باڵادا و له زه‌مه‌ن و نه‌وه‌ی جیاجیادا هه‌ستی ناوه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌كانی بجووڵێنێت و ئه‌و حاڵه‌ته زه‌ینییه-شیعرییه‌یان- تیادا بخوڵقێنێت كه تێكه‌ڵ به تاقیكردنه‌وه ئێستاتیكییه‌كه‌ی شاعیر ببن و هاوبه‌شیكردنێكی ویجدانی له نێوانیاندا دروست ببێت.
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌دا ده‌توانم بڵێم ته‌یب جه‌بار له‌و هۆنراوه‌یه‌دا توانیویه‌تی له درككردنی حیسسیی ئاساییه‌وه زۆر واوه‌تر بچێ و له رێگای ته‌جریدی زه‌ینی و خه‌یاڵییه‌وه زنجیره‌یه‌ك وێنه‌ی شیعریی-سیحریی-باڵا پێشكه‌ش بكات. خودی وێنه شیعرییه‌كان وێنه‌ی(حیسسی)ین، واته له هه‌مان ئه‌و توخم و بابه‌ته حیسسییانه پێكهاتوون كه له واقیعدا هه‌ن، به‌ڵام له پێكه‌وه گرێدانێكی نوێ و له ئاستێكی زه‌ینی و ته‌جریدی و فانتازی ئه‌وتۆدا كه له واقیعدا مه‌حاڵن رووبده‌ن. كه‌چی به زمانی هه‌ستی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ (كه ده‌كاته زمانی شیعر) مومكین و واقیعیین. ئه‌وه‌ش بێهۆ نییه، چونكه ئه‌و وێنه شیعرییانه‌ش له دوا شیكردنه‌وه‌دا له‌سه‌ر بناغه‌ی هه‌ستی دامه‌زراون، هه‌سته ده‌ره‌كییه‌كان بن یان ناوه‌كییه‌كه بێت، توخمه هه‌سته‌كییه واقیعییه‌كان تیایاندا سه‌ر له نوێ له پێكهاته‌یه‌كیتردا له یه‌كدراونه‌ته‌وه بۆ ئه‌فراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی نوێی باڵای ترانسندنتاڵی (متعالی) له نێوان (شته‌كان)ی بوونه ده‌ره‌كییه‌كه‌دا. داهێنانی ره‌سه‌نی شیعریش له شێوازی ئه‌و لێكدانه‌وه تازه‌و ته‌جریدی و فانتازییه‌ی شته حسییه‌كانه‌وه (شته فیكری و زه‌ینییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه) ده‌رده‌كه‌وێت و به‌رجه‌سته ده‌بێت بۆ ئه‌فراندن و نیشاندانی (بوون)ێكی تر بۆ ئه‌و شت و پێوه‌ندییانه. پرۆسه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی شاعیر و له (بوونی ده‌ره‌كی)یه‌وه ده‌ست پێده‌كات (ده‌رككردنی حیسسی و كه‌ڵه‌كه‌بوونی تاقیكردنه‌وه‌كان) به‌ره‌و ناوه‌وه‌و (بوونی ناوه‌كی).
پاشان له‌وێوه دوای زه‌مه‌نێكی كورت یان درێژ له شێوه‌ی وێنه‌ی شیعرییه‌وه (به ریتم و هارمۆنیاوه) ده‌درێته‌وه ده‌ره‌وه كه پشت به ته‌جرید و فانتازیا ده‌به‌ستێت. داڕژان (انسیاب)ی ئه‌و وێنه شیعرییانه پێویستییان به هیچ ئامرازێكی په‌یوه‌ندی نییه، چونكه ئه‌وان له بنه‌ڕه‌تدا (ئازاد)ن و له رێگای ته‌داعی ئازادانه‌وه له دایك ده‌بن. له زمانی شیعریدا و له په‌یوه‌ندی نێوان وێنه شیعرییه‌كاندا به پێچه‌وانه‌ی زمانی ئاسایی و زانستی و فه‌لسه‌فی و رۆژنامه‌وانی و… پشت به لێكدانه‌وه‌ی هۆ‌و به‌رهۆ (عله و معلول) نابه‌سترێت تاكو (چونكه)و (له‌به‌رئه‌وه)ی تیایدا به‌كاربهێنرێت. ئه‌وه جیاوازییه‌كی سه‌ره‌كییه له نێوانی زمانی ده‌ره‌كی (زمانی عه‌قڵ)و زمانی ناوه‌كی (له پله‌ی یه‌كه‌مدا زمانی شیعری و ئه‌ده‌بی). له‌به‌رئه‌وه جوانترین شیعر (به‌لای منه‌وه) ئه‌وه‌یه كه‌مترین ئامرازی په‌یوه‌ندییه‌كانی تیادا به‌كارهێنرابێت و دانه‌دانه‌ی مروارییه خه‌یاڵییه‌كان به هێزی سه‌ربه‌خۆی خۆیانه‌وه داڕژێنه ده‌ره‌وه (نه‌ك خواره‌وه) به بێ ئه‌وه‌ی له كۆت و به‌ندی (واو)و ئه‌و جۆره ئامرازانه‌دا ببه‌سترێنه‌وه و له هێز و حورمه‌ت و جوانیان كه‌مبكرێته‌وه.
ته‌یب جه‌بار به جیاكردنه‌وه‌ی دونیای ده‌ره‌وه(عه‌یان) له دونیای ناوه‌وه(اژهان) دوورنمایه‌كی مه‌عریفی-شیعریی به‌و دركپێكردنه وجوودییه به‌خشیوه‌و به‌و شێوه (ئینسیابی)یه به بێ (واو)ی پێكه‌وه گرێدانی زۆره ملێی وێنه‌كانی داڕشتووه. له‌ناو هه‌ركامێك له‌و دوو دونیا (عه‌یانی)و (زه‌ینی)یه‌دا له نێوان ئه‌و دڵۆپه شیعرییانه‌دا(وێنه شیعرییه‌كان) هیچ نێوانێك به‌دی ناكرێت تا به (واو)ێك پڕبكرێته‌وه، به‌ڵكو وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی بونیادی به دوای یه‌كدا داباریونه‌ته خواره‌وه. هێزی هه‌ریه‌كێك له‌و دیمه‌نه شیعرییانه هێزی سه‌ربه‌خۆیه‌و وه‌ك ئه‌وه وایه هه‌ر دڵۆپه ئاوێك به تاك تاك، به‌ڵام چه‌كوش ئاسا بكێشرێت به سه‌روچاوی خوێنه‌ردا و چاوی پێبكاته‌وه تا به جۆرێكی تر له شته‌كان بڕوانێت. هه‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌ركه مه‌عریفی و ئێستاتیكییه‌كه‌ی شیعر و ده‌قی ئه‌ده‌بییه، ئه‌گه‌ر ته‌یب بینووسیبا:
(زه‌وی… هێلانه‌ی گوڵ‌و
ئینجانه‌ی مرواری‌و
سه‌به‌ته‌ی په‌پووله‌و
قۆزاخه‌ی كپی بو‌و.
ئاسمان… باخی تیشك‌و
ده‌سماڵی تریفه‌و
گوڵدانی ئه‌ستێره‌و
تاریكی سپی بو‌و.)،
پێموایه له‌و حاڵه‌ته‌دا (ئینسیابی)یه‌ته شیعرییه‌كه ئه‌و كاریگه‌ری و هێزه چه‌كوشییه‌ی له ده‌ست ده‌دات و پتر ده‌چووه خانه‌ی رسته‌ی(خه‌به‌ر)ییه‌وه. بێگومان ته‌یب جه‌باریش(هه‌واڵ)ێكمان پێڕاده‌گه‌یه‌نێت، هه‌واڵی ئێستا، به‌ڵام به زمانێكی تری جیاواز له زمانی ئاسایی، زمانێك كه وێنه‌ی شیعری تیایدا دڵۆپ ئاسای تاڤگه‌یه‌ك دێته‌گۆ و به‌سه‌ر بووندا ده‌پرژێت و واقیع ده‌كات به خه‌یاڵ و هه‌واڵ ده‌كات به سیحر و بوون ده‌كات به شتێكی خوازراو له به‌رامبه‌ر (نه‌بوون) و بێهووده‌یی ژیانی(ئه‌مێستا…)دا. ئه‌و شێوازه ئینسیابییه له وێنه شیعرییه‌كاندا چ وه‌ك ئیقاع و چ وه‌ك كێش هیچ پێویستییه‌كی به ئامرازه‌كانی پێكه‌وه گرێدان نییه. له‌و لایه‌نه‌وه ئه‌و هۆنراوه‌یه وه‌ستایانه هۆنراوه‌ته‌وه به به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ درێژكردنه‌وه‌یه‌كی ناپێویست به رسته شیعرییه‌كان درابێت. ئه‌وه هۆكارێكی ئیستاتیكییه بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به زۆره‌ملێی نه‌به‌سترێته‌وه به ده‌قه‌كه‌وه، به‌ڵكو له رێگای په‌یوه‌ندییه‌كی ویجدانی-رۆحییه‌وه تێكه‌ڵ به خوێندنه‌وه‌و وێناكردنی وێنه‌كان ده‌بێت و له ئه‌نجامدا چێژ به واتا ئیستاتیكییه‌كه‌ی له‌لای خوێنه‌ر به‌رجه‌سته ده‌بێت.
6
سیحری هونه‌ر به گشتی له‌وه‌دایه دوورتر له‌وه‌ی بیری لێده‌كه‌یته‌وه ده‌ڕوانێت، شوێنی ره‌نگه‌كان و چۆنێتی بینینیان به جۆرێكی تر نیشان ده‌دات و سنوور و په‌یوه‌ندی ئاسایی نێوانیان تێكده‌شكێنێت و سه‌ر له نوێ تێكه‌ڵیان ده‌كات و (نوێ) ده‌خوڵقێنێت. ئه‌و گه‌مه سیحرییه به هه‌مان شێوه هێڵ، پانتایی، ره‌هه‌ند، تیشك و سێبه‌ر،… ده‌گرێته‌وه. هونه‌رمه‌ند له ساته‌كانی داهێناندا جۆرێك له نه‌ست به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و ئازادی له فانتازیادا ده‌بینێته‌وه، ره‌نگ بێت ئه‌وه خۆشترین و به‌چێژترین ساته‌كانی هه‌ستكردن بێت به ئازادی تاكه‌كی. ده‌شێت له ساته‌كانی كاركردنی هونه‌ریدا ئه‌فراندنی هونه‌ریی بگاته ئاستی داهێنان، داهێنانی شتێكی نوێ كه پێشتر نه‌كرابێت و نه‌بینرابێت. ئه‌وه‌ش دیوه‌كه‌یتری دورنمای سیحرییه له هونه‌ردا.
له هونه‌ری شیعردا سیحر له پله‌ی یه‌كه‌مدا له جێگای ره‌نگ له وشه‌دایه به واتای لێكدانی سه‌ر له نوێی وشه‌كان و خوڵقاندنی وێنه‌ی شیعری. ئه‌و وشه ئاساییانه‌ی رۆژانه بۆ مه‌به‌ستی گه‌یاندن به‌كارده‌هێنرێن، له شیعردا دوورنمایه‌كیتریان پێده‌به‌خشرێت، له به‌رگی جوانییه‌كی په‌نهان و شاراوه‌دا ده‌پێچرێنه‌وه و نیشان ده‌درێن، هه‌ردانه‌یه‌كیان ده‌بێته نۆته‌یه‌ك له پارچه ئاوازێكی شیعریی و له‌ناو ریتمی ئاوازداری دابارینی وشه هاوه‌ڵه‌كانیدا به سه‌نگ و تۆنی خۆی جینگڵ ده‌دا، هه‌ڵده‌به‌زێته‌وه و سه‌ما ده‌كات:
به شه‌وان…
چنینی حه‌كایه‌ت،
برژاندنی شیعر،
كۆڕی كڵاوێن بو‌و.
چنینی حه‌كایه‌ت؟ برژاندنی شیعر؟ باوه‌شێ كڕێوه؟ له‌گه‌نێ شه‌قه‌ی باڵ؟ چه‌ند ده‌سكێ چاوشاركێ؟ یه‌ك دوو چنگ گه‌رمایی؟ مه‌ڵۆیه‌ك پاڵكه‌وتن؟ قڕتاڵه‌یه‌ك كڕبوون؟ دووچه‌پك گڕ‌وگاڵ؟ سێ تاڵ قسه‌ی نه‌سته‌ق؟ كووپه‌یه‌ك ته‌ڕایی؟… تاد. دوورنمای سیحری و ئیستاتیكی له‌و گه‌مه‌یه‌دا له‌وه‌دایه كه له وه‌زیفه‌ی ئاسایی وشه زۆر واوه‌تر چووه و ئه‌و وه‌زیفه ئاساییه لۆجیكی و عه‌قڵییه رۆژانه‌ییه‌ی گه‌یاندنیان تیادا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، تێك شكێنراون و سه‌ر له نوێ لێكدراونه‌ته‌وه و فانتازیای ئه‌فراندنی جوانی له‌و وێنه و پێكهاته مه‌حاڵانه‌دا چڕكراونه‌ته‌وه. ئه‌وه له خه‌وندا روو ده‌ده‌ن، واته تێكشكانی په‌یوه‌ندی لۆجیكی و عه‌قڵیی نێوان شته‌كان. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه (خه‌ون) به جۆرێك له شێتی لێكدراوه‌ته‌وه‌و (فۆكۆ) گوته‌نی شێتییه‌كی كاتییه له‌گه‌ڵ بێداربوونه‌وه‌دا نامێنێت. خه‌ون و خه‌یاڵ بۆ كه‌س حه‌ڵاڵ نه‌بن بۆ شێت و شاعیر حه‌ڵاڵن، چونكه ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت ئه‌ی چۆن به‌سه‌ر دیفاكتۆی تاڵی ژیاندا یاخی ده‌بن و په‌یوه‌ندییه‌كی نوێی نێوان شته‌كان له لای شێت له شێوه‌ی وڕێنه‌ی بێسه‌رو به‌ره‌دا‌و له‌لای شاعیر له شێوه‌ی داهێنانێكی ئیستاتیكی مه‌به‌ستداردا) پێشكه‌ش ده‌كه‌ن؟ له لایه‌كیتره‌وه ئه‌گه‌ر خه‌ون (به واتا گشتییه‌كه‌ی نه‌ك به واتا حه‌رفییه‌كه‌ی) به دونیایه‌كی جوانتره‌وه له‌لای شاعیر نه‌بێت، ئیدی چ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌هلی سیاسه‌تدا نامێنێت كه دونیای (ئه‌مێستا…)مان به جوان پێده‌فرۆشن. نووسه‌ری ده‌قی ئه‌ده‌بی به گشتی و شاعیر به تایبه‌تی خه‌ون ده‌بینن بۆیه هه‌ن. ئه‌هلی سیاسه‌تیش پیشه‌یان خنكاندنی خه‌ونه له جێگادا له پێناوی (ئه‌مێستا…)ی ناشیریندا. ته‌یب جه‌بار له رێگای گه‌مه‌ی وشه‌كانه‌وه ده‌رگای خه‌یاڵی شێتانه‌ی یاخیبوونی به‌رهه‌ڵدا كردووه و په‌یوه‌ندییه‌كی نوێی جوانكارانه‌ی نێوان شته‌كانی پێشكه‌شكردووه كه تاریكی تیایدا سپی ده‌كاته‌وه. هیچ یه‌كێك له‌و وشانه له‌گه‌ڵ تاكه‌كه‌ی ته‌نیشتیدا، له به‌كارهێنانی رۆژانه‌ی وشه‌دا ناگونجێن و كۆنابنه‌وه. له داهێنانی ره‌سه‌نی هونه‌ریی-شیعریدا (مه‌حاڵ) ده‌بێته مومكین و خه‌ون ده‌بێته واقیع! ئه‌وه‌ش له ئاوه‌زی ئه‌هلی سیاسه‌تدا جێگای نابێته‌وه و نه‌خوازراو و نه‌ویستراوه.
ئه‌وه له راستییدا عیشقه بۆ (بوون)ێكی تر له جێگای ئه‌م (بوون)ه دزێوه‌ی ئه‌مێستا كه خه‌ون و خۆشه‌ویستی تیادا حه‌رامه و به‌رژه‌وه‌ندی و زاڵبوون به‌سه‌ر (ئه‌ویتر)و(ئه‌وانیتر)دا پره‌نسیپ و ئامانجه‌كه‌یه‌تی. هه‌موو شاعیر و هونه‌رمه‌نده‌كان، ئه‌وانه‌ی روحی خۆیان له ده‌ست نه‌داوه، عاشقن، عیشقێكی ره‌ها. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه هه‌میشه سركن، نیگه‌رانن له‌م بوونه، له غوربه‌تیی خود-دا ده‌یگوزه‌رێنن، ده‌یانه‌وێت ئه‌و دونیایه به جۆرێكی تر ببینن و دروستی بكه‌نه‌وه، جێگۆڕكێ به ره‌نگه‌كان-وشه‌كان بكه‌ن و دروستی بكه‌ن و مه‌حاڵ بخولقێنن، دایكان به نیگای گیا به‌رهه‌یوانی (بوون) ئاوڕشێن بكه‌ن. روحی عاشق له هونه‌رمه‌ندی داهێنه‌ردا وێنای غوربه‌تیی ده‌كات، یان ده‌رهاویشته‌ی غوربه‌تیی خودی عاشقه‌و ده‌یهه‌وێت له رێگای ده‌ستدرێژكردن بۆ (مه‌حاڵ)ه‌كان له چركه‌ساتێكی سیحرییدا ئه‌به‌دییه‌ت به‌و عیشقه ببه‌خشێت. ده‌یهه‌وێت زه‌مه‌ن له‌و چركه ساته ئه‌به‌دییه‌ی جوانیی ئه‌فراندندا رابگرێت. ئامرازی ئه‌و ته‌حه‌ددایه به‌كارهێنانه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێی وشه‌كانه، یان راستتر بڵێم، خوڵقاندنه‌وه‌ی سه‌ر له نوێی په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كانه، دروستكردنی حاڵه‌تێكی وێنه‌ییه كه له واقیعدا، مه‌حاڵه. ره‌نگبێ یه‌كێك له هه‌ره مه‌حاڵه‌كانی ژیانی مرۆیی به‌دیهاتنی ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌یی-جیهانی بێت، نه‌مانی چه‌ك بێت له جیهاندا‌و له گۆڕنانی هه‌تاهه‌تایی زه‌بر‌وزه‌نگ و زاڵبوونی مرۆڤ بێت به‌سه‌ر مرۆڤدا، به‌ڵام له‌وه مه‌حاڵتر ئه‌وه‌یه كڕێوه له باوه‌ش بگریت، شه‌قه‌ی باڵ له له‌گه‌نێكدا كۆبكه‌یته‌وه، گه‌رمایی له چنگدا مه‌ڵاس بده‌یت، چاوشاركێ بكه‌یت به ده‌سك و گڕ‌وگاڵ به چه‌پك، ته‌ڕایی له كوپه‌دا بشارێته‌وه‌و كڕبوون به قرتاڵه‌ی میوه بپێوی… ئه‌وه سیحری كۆكردنه‌وه و لێكدانی سه‌ر له نوێی ئه‌و شتانه (ئه‌و وشانه ئه‌و په‌یوه‌ندیانه)یه كه كۆ ناكرێنه‌وه‌و لێكنادرێن، به‌ڵام روحی عاشق بۆ جوانی و مه‌له‌وانكردن له غوربه‌تیدا ده‌یانخوڵقێنێت. غوربه‌تی له خۆیدا ئازار به‌خشه‌و زۆر زۆریش ئازار به‌خشه و ده‌شێت بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی ببێته مایه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كی كوشنده، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر دركی پێبكات. له حاڵه‌تی ته‌یب جه‌باردا وه‌ك له‌و هۆنراوه‌یه‌وه ده‌یبینم و ده‌یخوێنمه‌وه، غوربه‌تیی بووه‌ته ده‌ریایه‌ك بۆ مه‌له‌كردنی بێپایان به دوای جوانی مه‌حاڵدا، ده‌ریایه‌ك كه تیایدا خودی غوربه‌تی غه‌رق ده‌بێت و ته‌یبیش له‌و فانتازیا داهێنانكارییه‌دا بۆ ساتێك (به‌ڵام ئه‌به‌دی) له‌و غوربه‌تییه ده‌رباز ده‌بێت. راسته ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تر ده‌خوات، ده‌نوێت، زۆر به زه‌حمه‌ت و قورس پێده‌كه‌نێت، به ئاسانی له هه‌موو شتێك زویر ده‌بێت، ئه‌ركه ژیانییه‌كانی له ئه‌ستۆ ده‌گرێت و موسایه‌ره‌ی ژیان ده‌كات، سیاسه‌ت ده‌كات و ناكات …، به‌ڵام ئه‌وانه په‌راوێز‌و رووكه‌شه‌كانی ژیانن. له‌و شیعره‌دا ده‌كرێت واتایه‌كیتر بۆ ژیان له دیدی ته‌یب جه‌باره‌وه هه‌ڵێنجێنین: ژیان بریتییه له ئامێزگرتنی (مه‌حاڵ) بۆ ده‌ربازبوون له غوربه‌تی. تێڕامان له (مه‌حاڵ)ه‌كان، له ئامێزگرتن و هه‌ڵگڵۆفین و تێر تێر ماچكردنیان و تێرنه‌بوون، واته چڕكردنه‌وه‌ی ئه‌به‌دییه‌ت له چركه‌ساتێكی (مه‌حاڵ)ی جوانكاریدا ئه‌و ژیانه راسته‌قینه شاراوه‌یه‌یه كه روحی عاشق له ته‌یب جه‌باردا وێڵ و شه‌یدایه‌تی و (به‌ئاگاوه یان به بێ ئاگا) له جێگای ژیانی رۆتینی ئاسایی (كه مایه‌ی غوربه‌تییه) له پشتی كه‌سایه‌تییه رۆژانه‌ییه‌كه‌یه‌وه موماره‌سه‌ی ده‌كات. له‌و شیعره‌وه وا ده‌بینم ئه‌گه‌ر ته‌یب جه‌بار ئه‌و (مه‌حاڵ)انه نه‌خوڵقێنێت و ئه‌و جیهانه فانتازیه هه‌ره ناسك و جوان و شوشه‌ییه دانه‌هێنێت و له ئامێزی نه‌گرێت و نه‌یلاوێنێته‌وه‌و هه‌ڵینه‌گڵۆفێنێت و عیشقبازی له‌گه‌ڵدا نه‌كات، غوربه‌تی ده‌یخنكێنێت و له‌ناوی ده‌بات.
ته‌قینه‌وه‌ی كانیاوی داهێنانی جوانكارانه‌ی كوتوپڕی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی شاعیر و ره‌نگدانه‌وه‌ی په‌نگخواردنی ده‌یان ساڵه‌ی ئه‌و غوربه‌تییه كوشنده‌یه‌ی(خود)ه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك (یان لانی كه‌م زۆر به زه‌حمه‌ت) له‌گه‌ڵ ریتمی تاقیكردنه‌وه شیعرییه ساده‌كانی ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانیدا پێك ناكه‌نه‌وه كه له چوارچێوه‌ی درككرنی حسسیدا په‌نگیان خواردبۆوه و ته‌جاوز نه‌كرابوون. (بڕوانه دیوانی: لاواندنه‌وه‌ی خۆله‌مێش…و به‌راوردی بكه له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی (سه‌رده‌مانێ… تاریكی سپی بو‌و)دا كه له هه‌مان كاتدا ناونیشانی دواهه‌مین دیوانییه‌تی). له یه‌كه‌میاندا فانتازیای ده‌ستدرێژكردن بۆ خوڵقاندن و له ئامێزگرتنی (مه‌حاڵ) له ئارادا نییه‌و (وشه) نه‌بووه به سیحر، به‌ڵكو له سنووره په‌راوێزه‌یی و رووكه‌شی و رۆتینی و ئاساییه واقیعه‌كانی ژیاندا ده‌خولێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌مێستا، له‌م هۆنراوه‌یه‌دا و له داهێنانه شیعرییه‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی (له ئاست و ڕاده‌ی جیاجیادا) ته‌یب جه‌بار وه‌ك ئه‌وه‌ی راوه مرواری له ده‌ریادا بكات، ئا به‌و جۆره ره‌فتار له‌گه‌ڵ وشه‌دا ده‌كات‌و ئه‌و سیحره‌ی له وشه‌دا په‌نهانه به نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی عاشقانه‌ی ناسك و جوان ئاشكرا ده‌كات و مرواری له‌ته‌ك مرواری ده‌یانهۆنێته‌وه، یان ده‌یانكاته به‌رده‌باز به‌ره‌و له ئامێزگرتنی (مه‌حاڵ)ه‌كان بۆ ده‌ربازبوونێكی چركه‌یی له غوربه‌تی و بێهووده‌یی. ئه‌و شیعره پاییزییانه‌ی ته‌یب موژده‌یه‌كی جوانن بۆ ئێستای شیعری كوردی، هیوادارم جارێكی تر سه‌رچاوه‌ی ئه‌و كانیاوه وشك نه‌كاته‌وه. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ش له‌وه زیاتر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌م وتاره لێره‌دا ده‌وه‌ستم.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* له ژماره (60)ی گۆڤاری (هه‌نار)دا بڵاوبووه‌ته‌وه.