
تاوانباران و منداڵه بێ نازه‌كان*….. سواره كافرۆشی
كه‌سایه‌تییه‌كان:
سه‌كسیفۆن ژه‌ن
پیاوێك
دكتۆر: دكتۆری منداڵا بوونه و ئێستا نه‌خۆشێكی ده‌روونییه.
~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~~
دیمه‌نی 1
(سه‌ر شانۆ تاریكه، گریانی منداڵا و هه‌راو زه‌ناو ده‌نگه ده‌نگی پیاو).
(سێ ڕووناكی زه‌رد، كه سێ ئافره‌ت به جلی ڕه‌شه‌وه، قژه درێژه‌كه‌یان ده‌م و چاوی داپۆشیون، شیوه‌نی له ده‌ستدانی منداڵا ده‌گێڕن، لای ڕاستیشه‌وه كچێكی بچووك له‌سه‌ر جۆلانه‌یه‌ك یاری ده‌كات كه ڕووناكییه‌كی سه‌وزی له‌سه‌ره).
دیمه‌نی 2
(شوێن نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ده‌روونی، ژوورێك سێ قه‌ره‌وێڵه‌ی تێدایه، سه‌كسیفۆنێك له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی لای ڕاست دانراوه).
(پیاوه‌كه پشتی له بینه‌ره و ڕادوێیه‌كی بچووكی به ده‌سته‌وه‌یه، مۆسیقای كۆتایی هه‌واڵه‌كانه)
پیاوه‌كه: هه‌واڵه‌كان هیچ شتێكی نوێی تێدا نییه، هه‌موو شت دووباره كردنه‌وه‌ی ڕۆژه‌كانی پێش خۆیه‌تی، ده‌نگی ئه‌م كابرا نه‌عله‌تییه، (ده‌نگی خۆی ده‌گۆڕێ) كوشتنی ئه‌وه‌نده له شوێنێك، خۆسووتاندن، دزی، دادگاییكردنی فڵان، به نه‌عله‌ت بیت. (ئاوڕ ده‌داته‌وه، دكتۆر له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی پاڵكه‌وتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی منداڵی ببێ قاچه‌كانی به‌رز كردوونه‌ته‌وه)
هاوڕێ، ئه‌وه چییه؟ بۆ به‌وشێوه‌یه قاچه‌كانت به‌رز كردۆته‌وه؟ هاوڕێ له‌گه‌ڵا تۆمه.
دكتۆر: (جارێك ده‌بێته نه‌خۆش و جارێك ده‌بێته دكتۆر) ها چییه نابینی ئه‌م ناسكۆڵه‌یه‌م له‌به‌ر ده‌سته و منداڵدانی ده‌پشكنم؟
پیاوه‌كه: كام ناسكۆڵه‌یه؟ (چاوه‌كانی هه‌ڵده‌گڵۆفێت) من هیچ نابینم.. ده‌ی گرنگ نییه، من پرسیارێكم هه‌یه..
دكتۆر: چییه بیكه؟
پیاوه‌كه: (به‌ده‌نگی به‌رز) هاوڕێ مۆسیقاره‌كه‌مان له كوێیه؟
دكتۆر: جا من چوزانم، هاوار مه‌كه، كار له‌و منداڵه بچكۆلانه‌یه ده‌كات كه دوو مانگی تر دێته دنیاوه. به‌نه‌فره‌ت بیت له‌گه‌ڵا ئه‌و پیاوی جیقه جیقه. لێم گه‌ڕێ.
پیاوه‌كه: باشه باشه، هاوڕێَم تووڕه مه‌به من به‌س ئه‌و پرسیاره‌م هه‌بوو.
(دكتۆر، ده‌ڕوات وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ستی به پشتی یه‌كێكه‌وه بێت)
دكتۆر: خانم هیچ خه‌مت نه‌بێ، منداڵه زۆر باشه و پێویسته له‌سه‌رت ئاگات له‌خۆت بێ تا ئه‌و كاته‌ی له دایك ده‌بێ.
(دكتۆر بۆی پێده‌كه‌نێت، گوێ ڕاده‌گرێ وه‌ك ئه‌وه‌ی قسه‌ی بۆ بكرێت)
دكتۆر: ئائا، به‌ڵێ… هاهاهاهاها
(چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامه)
دكتۆر: بێ گومان ده‌بێ زۆر ئاگات له خۆت بێت و شتی قورس هه‌ڵنه‌گری، (بۆ دوور) ئائا… خوات له‌گه‌ڵا.(ده‌ستی به‌رز ده‌كاته‌وه).
پیاوه‌كه: ئه‌وه له‌گه‌ڵا كێ قسه ده‌كه‌ی؟
دكتۆر: ئه‌ی نابینی ئه‌مڕِۆ سه‌رم زۆر قاڵه‌و نه‌خۆشێكی زۆرم هه‌یه ده‌بێ پشكنینیان بۆ بكه‌م.
پیاوه‌كه: ئه‌ی بۆ من هیچ نابینم. ئه‌توانی واز له‌م یارییه قۆڕه بێنیت و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانم بده‌یته‌وه.
دكتۆر: جا من چی بكه‌م تۆ ئه‌و هه‌موو كه‌سه نابینی، ئه‌توانی بچیت بۆ لای پزیشكی چاو به‌ڵكو نه‌شته‌رگه‌رییه‌كت بۆ بكه‌ن.
پیاوه‌كه: ئه‌ی تۆ بۆ ناچی بۆ لای شه‌یتان نه‌وه‌ك شتێك له دواوه‌ت گیر بووبێ، با بۆت ده‌ربێنێ.
دكتۆر: هاهاهاها تۆ زۆر بێئه‌قڵی هاوڕێ، ته‌ماشاكه با من شتێكت پێ بڵێم، به‌ڵام ده‌بێ په‌یمانم پێ بده‌ی كه لای كه‌س نه‌یدركێنی؟
پیاوه‌كه: په‌یمان بێ.
دكتۆر: (سرنجێكی گه‌وره‌ی سه‌ر لاستیكی ده‌ردێنێ) هاوڕێ ئه‌و ژنانه‌ی كه دێنه لام زۆربه‌ی له‌به‌ر ئه‌وه منداڵیان نابێ كێشه له پاوه‌كانیاندایه، من ئه‌م ئامێره‌م داهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له جۆری مرۆڤایه‌تی بكه‌م، منداڵی ناو سكی ئه‌و ژنانه‌ی كه دێنه لام به‌رهه‌می ئه‌م ئامێره‌ن.
پیاوه‌كه: من تێناگه‌م چۆن؟
دكتۆر: با زیاتر بۆت ڕوون بكه‌مه‌وه، ئێمه له‌م شارۆچكه‌یه‌دا چه‌ند گه‌رماوێكمان هه‌یه كه ژنان بۆ مه‌به‌ستی نه‌خۆشی منداڵا بوون ڕووی تێده‌كه‌ن، زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ش كێَشه له هێلكه‌دانیان نییه، به‌ڵكو كێشه له ئامێری پاوه‌كانیاندا هه‌یه. منیش پاش بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه له‌و نه‌خۆشییه ڕزگار بكه‌م و مرۆڤایه‌تی له له‌ناوچوون بپارێزم ئه‌و ئامێره‌م دروست كرد. كه مادده‌كه‌ی ناوی ئه‌وه‌ی له‌شی خۆمه‌و به‌م سه‌رنجه مه‌مه‌یه ده‌یخه‌مه له‌شی ئافره‌تانه‌وه.
پیاوه‌كه: هاهاهاها به‌ڕاستی بیرۆكه‌یه‌كی جوانه، به‌ڵام تۆ پێم ناڵێی بۆ ده‌ته‌وه‌ێ مرۆڤ له له‌ناوچوون بپارێزی؟ ئه‌وه‌تا مرۆڤه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م شاره بۆگه‌نه، ئازاری یه‌كتر ده‌ده‌ن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌های پڕوپوچی ژیان.
(له‌و كاته‌دا سه‌كسیفۆن ژه‌ن فڕێ ده‌درێته ژووره‌وه، ده‌كه‌وێته سه‌ر زه‌وییه‌كه)
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: به نه‌فره‌ت بن. قاچه‌كانم ئازاری پێ گه‌یشت.
(هه‌ڵده‌ستێ ده‌ستی به پشتییه‌وه‌یه‌تی)
نه‌فره‌ت وا ده‌زانن من شێتم ده‌رزی هێور كه‌ره‌وه‌م لێده‌ده‌ن.
پیاوه‌كه: بێده‌نگ با دكتۆر گوێی لێ نه‌بێت.
دكتۆر: ئه‌وه چی بووه هاوڕێ؟
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: ئه‌و نه‌فره‌تییانه ده‌رزی هێوركه‌ره‌وه‌یان لێدام.
دكتۆر: جا چییه ئه‌و ده‌رزییه كاریگه‌ری خراپی نییه.
پیاوه‌كه: (بۆ دكتۆر) بینیت؟ ئه‌وه‌تا مرۆڤه‌كان ئازاری یه‌كتر ده‌ده‌ن، كه‌چی تۆش ده‌ته‌وێ مرۆڤایه‌تی بپارێزی. ئه‌م كاره‌ی تۆ هیچ مانایه‌كی نییه، ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێ ناخۆشی بۆ مرۆڤه‌كان داده‌هێنی، كاتێ مرۆڤ دێته دنیاوه ناخۆشترین ژیان ده‌ژی، پیسی ناخی مرۆڤ ده‌بینێ.
دكتۆر: نا وانییه من ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی ده‌پارێزم، به‌م كاره‌م وا ده‌كه‌م هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌یه‌كتر بچن و ئاره‌زووی شه‌ڕه‌نگێزییان كه‌م بێته‌وه.
پیاوه‌كه: مرۆڤ هه‌رگیز ئاره‌زووی شه‌ڕانگێزی نامرێت.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: له‌و بۆچوونه‌دا من پشتی ئه‌م هاوڕێیه ده‌گرم، به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌وه هه‌ر له‌وكاته‌ی مه‌سیحی پیرۆز هات و په‌یامه‌كه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت، مرۆڤه‌كان ئه‌و هه‌وڵه‌یان به‌باش نه‌زانی و ڕه‌تیان كرده‌وه، له ئاكامدا مه‌سیحی مه‌زن له خاچ درا.
پیاوه‌كه: (وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێ دكتۆر تووڕه بكات) دكتۆر پرسیارێكم له تۆ هه‌یه، (به‌گاڵته پێكردنه‌وه) مه‌سیح دروستكراوی ئه‌و سرنجه لاستیكییه‌ی به‌ڕێزتان نییه؟
دكتۆر: نه‌خێر ئه‌و ئامێره دروست كراوی هزری خۆمه و له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌ودا نه‌بووه.
پیاوه‌كه: ئه‌ی چۆن مه‌سیح به‌بێ ئه‌وه‌ی باوكی هه‌بێ له دایك بوو؟
دكتۆر: جا من چۆن بزانم…
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: تۆ ده‌ته‌وێ ڕه‌گه‌زی مرۆڤ بپارێزی بۆیه ده‌بێ سه‌رچاوه‌ی دروست بوونی مرۆڤ بزانی.
دكتۆر: به‌ڵام من لێكۆڵێره‌وه نیم تا بزانم مرۆڤ چۆن و كه‌ی دروست بووه.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: (وه‌ك ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵا بكات، له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی دایده‌نێ) به‌ڵام تۆ ده‌ته‌وێ مرۆڤ له له‌ناوچوون بپارێزی كه‌واته ده‌بێ وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كان بزانی كه سه‌باره‌ت به مرۆڤ ده‌كرێت.
(وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌كسیفۆن ژه‌ن و پیاوه‌كه لێكۆڵێره‌وه بن)
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: باشه مرۆڤ له چییه‌وه دروست بوو؟
(بێده‌نگی)
پیاوه‌كه: ئایا مرۆڤ چه‌ند چاخه بێ ئارام له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه نه‌فره‌تییه ده‌ژی؟
(بێده‌نگی)
دكتۆر: مرۆڤه‌كان له‌لایه‌ن خواوه دروست كراون و پێویسته بیپه‌رستن ئه‌وه‌ی پرسیاره لێره‌دا ئێستا مرۆڤه‌كان بۆ دژی ده‌جه‌نگن؟
پیاوه‌كه: ئاده‌م سێوه‌كه‌ی خوارد بۆیه له به‌هه‌شت ده‌ركرا، به‌ڵام به تێپه‌ر بوونی كات مرۆڤ تووڕه بوو له‌و ده‌ركردنه، بۆیه ئێستا دژی ده‌جه‌نگێت.
(بێده‌نگی)
(دكتۆره‌كه ده‌كه‌وێته بارێكی هیستریی و گوێی خۆی ده‌گرێ).
پیاوه‌كه: له‌گه‌ڵا تۆمه تۆ ده‌ته‌وێ مرۆڤایه‌تی ڕزگار بكه‌ی، بۆیه ده‌بێت وه‌ڵامی هه‌موو شتێكت لابێت.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه نه‌ده‌یته‌وه وه‌ك مه‌سیح له خاچت ده‌ده‌م.
دكتۆر: نازانم من گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و هه‌موو پرسیاره‌ی ئێوه بزانم لێره چی ده‌كه‌م.
(به سه‌كسیفۆن ژه‌ن و پیاوه‌كه قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ك به‌رز ده‌كه‌نه‌وه)
پیاوه‌كه: هاوڕێم ببووره خاچه‌كه‌ت له‌وه‌ی مه‌سیح ناشرین تره به‌ڵام لێره هه‌ر ئه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێ.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: ئا به‌ڵام گرنگ نه‌بێ به‌لاته‌وه تۆ به بزماره ژه‌نگاوییه‌كان هه‌ڵناواسرێی، بۆیه هیچ ئازارێكی نابێ، ته‌نها ئه‌وه‌یه له‌خاچ دان كارێكی ناخۆشه بۆ تۆ.
(به‌هه‌ردووكیان ئه‌ملاو ئه‌ولای ده‌گرن و له‌لای قه‌ره‌وێله‌كه‌وه ڕای ده‌گرن)
دكتۆر: واز له‌م یارییه بێنن، من بێزار بووم.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: تا ئێستا ئه‌مه به یاری تێگه‌یشتووی؟
پیاوه‌كه: جوان بیبه‌سته‌وه، با له ده‌ستمان ڕانه‌كات.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: (بۆ دكتۆر) هاوڕێ له‌وه ناخۆشتر نییه به ده‌ستی چه‌ند هاوڕێیه‌كت له خاچ بدرێی.
پیاوه‌كه: ئێستا ده‌ته‌وێ مرۆڤایه‌تی ڕزگار بكه‌ی؟
(بێده‌نگی)
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: ڕزگار كردنی مرۆڤایه‌تی چ سودێك به‌تۆ ده‌گه‌یه‌نێت، مرۆڤه‌كان تاكه زینده‌وه‌ری ناخ پیسن ئاره‌زووی خوێن ڕشتن و ئازاردانی خۆیان و گیانله‌به‌رانی دیكه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا له ده‌ره‌وه لێژنه‌یه‌كیان پێك هێناوه ئه‌و سه‌گ و پشیلانه ده‌گرن كه به ئازادی به‌سه‌ر كوچه و كۆڵانی ئه‌م شارۆچكه‌یه‌دا دێن و ده‌چن.
پیاوه‌كه: مرۆڤایه‌تی وه‌ك مه‌سیح تۆی له‌خاچدا. هه‌موو مرۆڤایه‌تی ئه‌وه ناهێنێ من ئه‌و پێلاوه بگۆڕم به یه‌كێكی تازه چونكه ئه‌وه كۆن بووه كاتێك ده‌چمه ناو باخچه‌كه گۆره‌وییه‌كانم ته‌ڕ ده‌كات.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: وازی لێ بێنه وه‌ره دانیشه، با هه‌ست به سه‌رما بكات، خۆی وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره نه‌زانراوه‌كانمان پێده‌ڵێت.
پیاوه‌كه: (له‌لایه‌وه داده‌نیشێ)، (خه‌ریكی پێڵاوه‌كانیه‌تی، به ددان گازی لێ ده‌گرێ)، (پاش كه‌مێك) من برسیمه چی بخۆین؟
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: كاتێك له ده‌ره‌وه بووم پارچه‌یه‌ك پسكیتم له سسته‌ره‌كه دزی و خواردم. ئه‌و حه‌یوانانه وا ده‌زانن من شێتم.
پیاوه‌كه: بزانم له جانتاكه‌مدا هیچ شك ده‌به‌م بیخۆم. (هه‌ڵده‌ستێ و له ژێر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی خۆیدا باوڵێك ده‌رده‌كات و بۆ شتێك ده‌گه‌ڕێت).
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: من هه‌ندێك ده‌خۆمه‌وه، تۆ ناخۆیته‌وه؟ تا برسێتیت بیر بچێته‌وه؟
پیاوه‌كه: با كه‌مێك ده‌خۆمه‌وه.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: من خۆم دوو پێكم پێیه له‌وه‌ی خۆت بخۆره‌وه.
پیاوه‌كه: من هیچم پێ نییه تا بیخۆمه‌وه.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: بزانه دكتۆر هیچی پێیه بیخۆیته‌وه.
پیاوه‌كه: (ده‌چێته لای دكتۆره) دكتۆر شه‌رابت لایه بیخۆمه‌وه؟
دكتۆر: هاوڕێ لێره دامبگره من وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه نازانم.
پیاوه‌كه: (زلله‌یه‌كی لێ ده‌دا) ده‌ڵێم هیچت پێیه بیخۆمه‌وه؟ ناڵێم پرسیاره‌كان وه‌ڵامی چییه.. نه‌فره‌ت له‌خۆت و له‌و پرسیارانه‌دا من ئێستا ده‌مه‌وێ شتێك بخۆم.
دكتۆر: هیچم پێ نییه تا بیخۆی.
پیاوه‌كه: ده‌ڵێ هیچم پێ نییه بۆ خواردن بشێ.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: په‌رداخێكت پێیه هه‌ندێك له‌و شه‌رابه‌ی خۆمت بده‌مێ؟
(پیاوه‌كه په‌رداخێك ده‌هێنێ، هه‌ر یه‌كه‌یان پێكێكی بچووك ده‌خۆنه‌وه)
(سه‌كسیفۆن ژه‌نه‌كه، ده‌ست ده‌داته سه‌كسیفۆنه‌كه‌ی و ده‌ژه‌نێ)
(مۆسیقایه‌كی غه‌مگین، به‌ره به‌ره نزم ده‌بێته‌وه)
پیاوه‌كه: (وه‌ك ئه‌وه‌ی له خه‌ودا بێت) هه‌میشه شتێك له ناخمدا ئازارم ده‌دات، شتێك ناخم تاوانبار ده‌كات به‌وه‌ی كه ده‌بوو هه‌ر زوو خۆم بكوشتایه، زۆرجار ده‌روونم هاوار ده‌كات بۆ نه‌مردم، ئه‌قڵم ده‌ڵێ هێنده سۆزدار مه‌به، ئه‌و ڕۆژانه‌ی شۆرش كه ده‌ستگیركرام به تاوانی ئه‌وه‌ی دژی شۆڕشم زیندان مه‌رگی پێ نه‌به‌خشیم، هاڕێیه‌كم هات و به‌تاوانی ئه‌وه‌ی دژی ئه‌وانم ده‌ستگیری كردم، ئه‌و ئه‌ركی خۆی له‌سه‌رووی هاوڕێیه‌تییه‌وه داده‌نا، له زینداندا ماوه‌یه‌كی درێژم به‌ڕێ كرد، دواجار بڕیاری له سێداره‌دانم بۆ ده‌رچوو، به‌ڵام هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی بارودۆخ به شێوه‌یه‌كی تر منی له په‌تی سێداره ڕزگار كرد، ئه‌وكات زۆر دڵخۆش بووم، به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێم خۆزگه هه‌موو شتێك وه‌ك خۆی ده‌ڕۆی، ئاه… هاوڕێم كه بارودۆخ گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، ئه‌و هاوڕێیه‌م كه منی ده‌ستگیر كرد، به‌ند كرا، كچێكی بچووكی هه‌بوو، ژنه‌كه‌ی چه‌ند مانگێك بوو مردبوو، كچه بچووكه‌ی هه‌شت مانگ ده‌بوو، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوڕێیه‌م به‌وه تاوانبار كرا ده‌ستی له دروست بوونی شۆڕشدا هه‌بووه، له سێداره‌یان دا، جارێكی تر هه‌ست و سۆزم جوڵا و كاریگه‌ری خۆی لێكردم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوڕێیه‌كی نزیكی باوكی بووم، بڕیارمدا به‌خێو كردنی ئه‌و بچكۆله‌یه له ئه‌ستۆ بگرم، هه‌میشه وه‌ك باوكێك ده‌ستم به‌سه‌ریدا ده‌هێنا، من به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه كه ده‌بێ ژن بهێنم و منداڵم هه‌بێ هه‌ر شه‌وه و له‌گه‌ڵا ئافره‌تێك، هه‌رگیز بیرم نایه له‌گه‌ڵا چه‌ندان نووستووم، قژ زه‌رد، سمت گه‌وره، سنگ خڕ…
ئا دواجار ئه‌و كچه بچكۆلانه‌یه گه‌وره بوو، به‌ڵام چ گه‌وره بوونێك، نه‌خۆش، لاواز، هه‌رگیز هه‌ست به كچێنییه‌كی پڕ تێیدا به‌دی نه‌ده‌كرا، دكتۆر بڕیاری دا بۆ ماوه‌یه‌ك له ژێر چاودێری ئه‌ودا بێت، مه‌مكه‌كانی بچكۆلانه بوون، سمتێكی باریك هه‌رگیز له كچ نه‌ده‌چوو، به‌ڵام كه‌سه‌یاتییه‌كی به‌هێزی مێیینه‌ی تێدا بوو، ده‌یتوانی به ئاسانی خۆیت لێ نزیك بكاته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌و كچێنییه‌ی ناخی ته‌قییه‌وه و به دیار كه‌وت، هه‌رگیز حه‌زی نه‌ده‌كرد وه‌ك باوكێك ده‌ست به سه‌ریدا بێنم، ده‌هات و له به‌رده‌مم خۆی با ده‌دا، سه‌مای ده‌كرد،(لاسایی ده‌كاته‌وه) ده‌یویست عاشقێك بم بۆی، به‌ڵام من نه‌مده‌توانی، دواجار من چووم بۆ لای بۆ ئه‌وه‌ی ماڵئاوایی لێبكه‌م، ئه‌و زۆری لێ كردم لای بمێنمه‌وه، چونكه من به‌خێوكه‌ری بووم، پێكه‌وه چوین بۆ سینه‌ما، (بۆ سه‌كسیفۆن ژه‌ن) هاتین بۆ كۆنسێرته‌كه‌ی تۆ، بیرته؟ ئه‌و شه‌وه له‌گه‌ڵا ئه‌ودا خۆشمان ڕابوارد، به‌ڵام كاتێك گه‌ڕاینه‌وه، كه دواجار بوو ئه‌م وڵاته‌و ئافره‌ته‌كانی ببینم، هاته باوه‌شم و پاڕایه‌وه، دواجار له‌گه‌ڵا ئه‌و منداڵه‌دا نووستم كه خۆم به‌خێوم كردبوو، ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تیم تێك شكاند، هه‌رچیم له‌گه‌ڵا سۆزانییه‌كان كردبوو له ویشدا كردم، ماچ، ڕامووسان، هه‌موو شتێك ته‌نانه‌ت هه‌موو ئاره‌زووكانی خۆمم له‌ودا هه‌ڵڕشت، به‌رهه‌می منداڵم له گیانییدا چاند.
(ئه‌گری) ئا ئه‌و كچه‌كه‌ی خۆم به‌خێوم كردبوو كردم به ژن، هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته تارمایی ژیانم و ده‌بێ تاهه‌تایه لێی ڕابكه‌م، هاوڕێ ئه‌مه باری ده‌روونیمی تێك‌شكاند، وای كرد بمهێننه ئه‌م نه‌خۆشخانه نه‌فره‌تییه، دواجار كه ئه‌و منداڵه‌م بینی مانگێك له‌مه‌وبه‌ر بوو، ده‌یگوت، یاكوب ئه‌م منداڵه‌ی ناو سكم له تۆیه، تۆ باوكی ئه‌وی، ئه‌و شته‌ی نه‌مده‌ویست هه‌رگیز تووشی ببم دواجار تووشی بووم.
(به‌ره‌و دكتۆر) تۆ ده‌ته‌وێ مرۆڤایه‌تی بپارێزی بۆ ئه‌وه‌ی دواجار باوك و كچ پێكه‌وه بخه‌ون؟
وه‌ڵام بده‌ره‌وه خه‌ریكه به ڕاستی شێت ده‌بم.
(یاری له سێداره‌دان ده‌كات، ئه‌و په‌تانه‌ی كه ده‌ست و قاچی دكتۆری پێ به‌ستۆته‌وه، زیاتر توند ده‌كات، ئه‌ویش هاوار ده‌كات بۆ سه‌كسیفۆن ژه‌ن، به‌ڵام گوێی پێنادات)
دكتۆر: (به‌گریانه‌وه) من ئه‌وه‌نده زیره‌ك نیم وه‌ڵامی ئه‌و هه‌موو پرسیاره‌ت بده‌مه‌وه، كاتێك له زانكۆ بووم بۆ په‌یدا كردنی بژێوییه‌كی باش هه‌ر جاره و كارێكم ده‌كرد، تووله به‌خێوكردن، مه‌ی گێڕی، ده‌رمان دروست كردن، زۆر شتی تر… به‌ڵام له هیچیاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیری داهێنانم نه‌بوو، جا چۆن ئێستا وه‌ڵامی ئه‌و هه‌موو پرسیاره بزانم.
پاشان كه بوومه دكتۆر هه‌وڵمدا شتێك بكه‌م سوودی هه‌بێ بۆ مرۆڤایه‌تی، ئێستاش كه سه‌یری منداڵه‌كانی ئه‌م شارۆچكه‌یه ده‌كه‌م هه‌موو وه‌ك یه‌كن، هه‌موویان كوڕی منن.. زۆر ژیام ژنم هێنا، به‌ڵام ژیانم وه‌ك پێویست نه‌بوو، خۆشم نه‌گوزه‌راند، هاوڕێیه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندم نه‌خۆشی دڵی هه‌بوو، ژنه‌كه‌ی خاوه‌نی منداڵێك بوو له‌م ده‌رزییه لاستیكییه، بۆیه هه‌وڵم ده‌دا ئه‌و پیاوه بمكات به‌هاوبه‌شی ژیانی له سه‌روه‌ته‌كه‌ی، ئاره‌زووم بوو بمكات به كوڕی خۆی، به‌ڵام ژیان ڕێی پێگرت و نه‌خۆشی زۆری بۆ هێنا، پاش ئه‌و هه‌موو ژیانه خۆشه‌ویستیم له ده‌ستدا، داهێنانێكی به‌به‌رهه‌م و گوزه‌رانێكی خراپ، ده‌روونم شێوا، ئێستاش ده‌بێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بزانم ئه‌گه‌رنا له خاچم ده‌ده‌ن!
(بێده‌نگییه‌كی سامناك وه‌ك ئه‌وه‌ی بیابان بێت)
پیاوه‌كه: (به‌ره‌و سه‌كسفۆن ژه‌ن) هاوڕێ من بیرۆكه‌یه‌كم هه‌یه.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: (سه‌كسیفۆنه‌كه‌ی ده‌خاته لاوه) ها چیت ده‌وێ؟
پیاوه‌كه: من بیرۆكه‌ی ڕاكردنم هه‌یه. تۆ چی ده‌ڵێی؟
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: بۆ كوێ؟
پیاوه‌كه: سه‌ره‌تا بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێره و پاشان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: نا هه‌رگیز ناتوانم.
پیاوه‌كه: بۆ؟
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێره له‌گه‌ڵتام به‌ڵام بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نا، من ناتوانم ژنه‌كه‌م به‌جێ بهێڵم.
پیاوه‌كه: به‌ڵام بۆ به‌جێی ناهێڵی؟ خۆ تۆ له‌گه‌ڵا ژنانی تریش په‌یوه‌ندیت هه‌بووه و كه‌چی به‌جێت هێشتوون.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: به‌ڵام ناتوانم به‌جێی بهێڵم، هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی خۆشم ویستوون، به‌هۆی ئه‌وه‌وه خۆشم ویستوون چونكه هه‌میشه له‌هه‌ر یه‌كێكیاندا ئه‌وم ده‌دۆزییه‌وه.
پیاوه‌كه: به‌ڵام بۆ خۆشه‌ویستی ئافره‌تێك ژیانی خۆت له‌ناو ده‌به‌ی؟
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: من ده‌مێكه خۆم له‌ناوچووم، نه‌ك ژیانم، هاوڕێ من ناتوانم خێزانه‌كه‌م به‌جێ بێڵم، من هه‌موو شتێك ده‌كه‌مه قوربانی ژنه‌كه‌م، ته‌نانه‌ت ئه‌و كچه‌ش كه خۆشم ده‌ویست بووه قوربانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه، ئه‌و ڕۆژه‌ی هاتم له‌م شارۆچكه نه‌عله‌تییه كۆنسێرتم ساز كرد، پاش ته‌واو بوونی كۆنسێرت له‌سه‌ر داوای هاوڕێیه‌ك چووم له ماڵه‌كه‌ی ئه‌و مامه‌وه و ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌ی ساز كردبوو، كۆمه‌ڵێك كچ و ژنی جوانی لێبوون، دوای ئه‌وه‌ی پڕ بووم له شه‌راب ده‌ستی یه‌كێك له‌و كچانه‌م گرت، داوای یارمه‌تیم له هاوڕێكه‌م كرد و له ژووری نووستنه‌كه‌ی ئه‌ودا تا به‌یانی، به‌ڕووتی له باوه‌شی ئه‌و ئافره‌ته‌دا مامه‌وه، كاتێك ده‌ستی بۆ ده‌بردم هه‌ستم ده‌كرد بارستاییه‌ك به پیاوه‌تیم ده‌به‌خشێ، ده‌تووت هه‌رگیز تامی وای له جه‌سته‌ی نه‌چه‌شتووه به تامه‌زرۆوه ده‌هات و خۆی تێدا ده‌دۆزییه‌وه، به‌حه‌زێكی زۆره‌وه ئه‌و یاری به من ده‌كرد، جه‌سته‌یه‌كی كچێنی جوانی هه‌بوو، لێزان بوو له كاره‌كه‌دا، كه ده‌هات و له‌سه‌ر پیاوه‌تیم ده‌جووڵا، ژنه‌كه‌مم بیرده‌كه‌وته‌وه، كاتێك ئاوا له‌گه‌ڵم ده‌بوو، به‌ڵام پاش چه‌ند مانگێك له هۆڵی پرۆڤه‌كان بووم، ده‌رگاوانه‌كه هات و وتی به‌ڕێز كلیما، له ته‌له‌فون بانگت ده‌كه‌ن، هه‌ستم ده‌كرد شتێكی ناخۆش ڕووده‌دات و ڕووداوه‌كان ناڕێك ده‌ڕۆن، به‌ڵام هه‌رگیز چاوه‌ڕێی هه‌واڵی وانه‌بووم، كه ده‌سكی ته‌له‌فونه‌كه‌م هه‌ڵگرت نام به گوێمه‌وه، له هه‌ناسه‌یدا زانیم رۆزینایه، زۆر به هێمنی پێی وتم كلیما خه‌ریكه ده‌بمه خاوه‌نی منداڵێك له تۆ، وتم: چۆن ده‌زانی؟ پێی وتم: مانگانه‌كه‌م زۆر دواكه‌وتووه، نزیكه‌ی پێنج هه‌فته‌یه، زۆر هه‌وڵمدا بڵێم وانییه، منداڵی من نییه، به‌ڵام نه‌هاته ڕایێ.
پیاوه‌كه: ئێ كه‌واته هه‌ر ده‌بێ بڕۆی، یان ده‌بێ تاهه‌تایه له‌م ژووره‌دا بیت.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: بۆ؟
پیاوه‌كه: گه‌ر لێره ده‌رچی، ئه‌و خۆی و منداڵێك و ژنه‌كه‌شت به ته‌نیا چاوه‌ڕێتن.
سه‌كسیفن ژه‌ن: نا، وانییه، پاشان هاتم بۆ ئه‌م شارۆچكه نه‌عله‌تییه، چه‌ندان جار یه‌كترمان بینی، لێره دڵخوازێكی هه‌بوو، هه‌میشه ڕێی لێده‌گرتین، هه‌ستم ده‌كرد منداڵه‌كه‌ی ناوسكی هی ئه‌و بێت، به‌ڵام زۆرم خۆشده‌ویست ده‌مویست هه‌میشه بۆ من بێ، به‌مه‌رجێ منداڵا له نێوانماندا نه‌بێت، زۆرم وت، زۆر به‌ڵێنی درۆم پێدا تا ڕازی بوو منداڵه‌كه‌ی ناو سكی له‌ناو به‌رێ، به‌ڵام دكتۆره‌كان ڕۆژی دواییان پێدا بۆ نه‌شته‌رگه‌ری كاتێك گه‌ڕابووه‌وه ئه‌و كوڕه گه‌نجه ڕێی پێ ده‌گرێ و تووڕه‌ی ده‌كات، ده‌رمانێكی هێور كه‌ره‌وه له جانتا ده‌ستییه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنێ و ده‌یخوات، دوای ماوه‌یه‌ك ده‌كه‌وێت و ئیتر هه‌ر ئه‌و كه‌وتنه بوو.
پیاوه‌كه: ئه‌ی تۆ له خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌وه شێت بووی؟
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: نا، هه‌رگیز گوێشم پێ نه‌دا، به‌ڵام دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس ده‌ستگیركرام به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی من ئه‌و ده‌رمانه‌م پێ داوه، چوومه زیندان، ئه‌وێ زۆر لێره ناخۆشتربوو، هاوڕێیه‌كم، كوڕێكی گه‌نجی گرووپه‌كه‌مه، ڕێنمایی كردم خۆم شێت بكه‌م، تا بمهێنن بۆ شێتخانه، لێره‌ش هه‌موو ڕۆژێ ده‌رزییه‌كی هێوركه‌ره‌وه و قسه هیچه‌كانی ئه‌م دكتۆره له‌باره‌ی پاراستنی ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی گێژم ده‌كه‌ن.
پیاوه‌كه: كه‌واته تۆ تاوانباری به‌وه‌ی ده‌ستت له كوشتنی كچێكدا هه‌یه؟
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: به‌ڵێ.
پیاوه‌كه: به‌ڵام نابێ ئه‌وان ئه‌وه به تاوان دابنێن، چونكه تۆ دوو كه‌ست له نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان ڕزگار كرد، ئه‌ویش منداڵه‌كه‌و دایكی، كه ئێستا له‌وانه‌یه له خۆشترین ژیاندا بن.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: له‌وانه‌یه!!
پیاوه‌كه: كه‌واته تۆ ئه‌گه‌ر لێره ده‌چیت ئه‌وا پۆلیس و ژنه‌كه‌ت به دواتدا ده‌گه‌ڕێن.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: نا به‌س ژنه‌كه‌م.
پیاوه‌كه: ئه‌ی پۆلیس.
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: چونكه دوای هاتنم بۆ ئێره و لێكۆلینه‌وه‌ی زیاتری ئه‌وان من پاك ده‌رچووم له تاوانی كوشتنه‌كه.
پیاوه‌كه: ئه‌ی كه‌واته بۆ لێره‌ی، بۆ پێیان ناڵێی من خۆمم شێت كردووه؟
سه‌كسیفۆن ژه‌ن: ئائائائاهه.. پێم وتن، به‌ڵام ڕاپۆرته‌كانی ئه‌م پزیشكه نه‌عله‌تییانه به درۆیان خستمه‌وه و ڕاپۆرتیان كردبوو كه من به‌راستی شێتم.
پیاوه‌كه: (بۆ دكتۆر) ئه‌مه مرۆڤایه‌تییه جوانه‌كه‌ته، ته‌ماشاكه (سه‌ری ده‌گرێ، بۆ ناو بینه‌ران) ئه‌وانه‌ی لێره‌ن هه‌موویان كارێكی قێزه‌ون له ژیانیاندا بوونی هه‌یه، ئه‌م به‌ڕێزه، ده‌ستی كوشتنی هه‌بووه، بۆ منداڵێكی بچكۆله و دایكی، به‌ڵام ئه‌م به‌وه‌فا بووه به‌رامبه‌ر به پاراستنی خێزانه‌كه‌ی. ده‌ته‌وێ مرۆڤایه‌تی بپارێزی؟
دكتۆر: به‌ڵێ.
پیاوه‌كه: كه‌واته لێره بمێنه‌ره‌وه، وه‌ك مه‌سیح هه‌تا گیانت ده‌رده‌چێ به‌م خاچه‌وه بمێنه‌ره‌وه. (ده‌می ده‌به‌ستێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هاوار نه‌كات) (به‌ره‌به‌ر خاچه‌كه به‌رز ده‌بێته‌وه)
(پیاوه‌كه و سه‌كسیفۆن ژه‌ن، لای ڕاسته‌وه ده‌رده‌چن).
ــــــــــــــــــــــــــــــ
* له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی (ئاهه‌نگی ماڵئاوایی) (میلان كۆندێرا) هه‌ستێكی سه‌یر دایگرتم و بیرۆكه‌ی ئه‌م شانۆییه‌م له ژێر كاریگه‌ری ئه‌و ڕۆمانه‌دا نووسیوه، گه‌ر سه‌یریش بكه‌ین هه‌مان ناوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌م به‌كارهێناوه‌ته‌وه.
سواره كافرۆشی
2/2/2011