ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی
بێگومان مه‌ودای ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری زۆر فراوانه و ئیشكردن له‌م بواره‌دا ماندووبونێكی زۆریده‌وێت.به‌راستی دونیایه‌كه كاریگه‌ریه‌كی زۆری هه‌یه له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی.ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری زانستێكه وه‌كو هه‌موو زانسته‌كانی تر.
ئه‌م زاراوه‌یه بۆ یه‌كه‌م جار وه‌كو زاراوه‌یه‌كی زانستی كه بۆ ئه‌م لێكۆلینه‌وانه به‌كارهاتبێ له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م بوو كاتێ(ڤیلمان) ڕه‌خنه‌گری به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی له‌ساڵی(1827ز) له‌زانكۆی (سۆربۆن) له موحازه‌ره‌كانی به‌كاری هێناوه پاشان له ساڵی(1830ز) له‌زۆربه‌ی كۆڕوكۆبونه‌وه‌كانی به‌كاری هێناو ده‌یكرد به‌ناونیشانی موحازه‌ره‌كانی پاشان له ساڵی(1840ز) خستیه ناو كتێبه‌كانی و به‌ته‌واوی چه‌سپا. هه‌روه‌ها له‌ناو ئه‌ده‌بی ئینگلیزیش یه‌كه‌م كه‌س (متیۆ ئاڕنۆڵد) به‌كاری هێنا.
گومانی تێدا نییه سه‌ره‌تا ئه‌م وشه‌یه وه‌كو زاراوه‌یه‌كی زانستی به‌كارهاتووه دواتر وه‌كو زانستێك په‌ره‌ی سه‌ند و به‌تایبه‌تی له ووڵاتی فه‌ره‌نسا كه له‌نامه زانستیه‌كانیان و لێكۆلینه‌وه‌كانیان كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌یان كرده سه‌ر هێنانه كایه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری و چه‌سپاندنی وه‌كو زانستێك.
له‌م چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه بۆمان به‌دیاركه‌وت كه ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری وه‌كو زاراوه‌یه‌ك كه‌ی؟ و له‌لایه‌ن كێ؟ یه‌كه‌م جار به‌كارهات تا دواتر وه‌كو زانستێك چه‌سپا. ئێمه لێره‌دا نامانه‌وێ باس له مێژووی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری بكه‌ین، به‌ڵكو باسی ئه‌و پێشكه‌وتنه ده‌كه‌ین كه ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی به‌هۆی ئه‌ده‌بی به‌راوردكارییه‌وه به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ، هه‌روها باسی كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی.
ئێمه ئه‌گه‌ر هاتوو سه‌یری مێژووی شارستانیه‌تی مرۆڤ بكه‌ین. ده‌بینین هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به دوركه‌وتنه‌وه له شارستانیه‌تی مرۆڤایه‌تی شارستانیه‌تی خۆی نه‌هێناوه‌ته به‌رهه‌م بێگومان ده‌بێ به‌شارستانیه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی تر كاریگه‌ر بوبێ و كاریان لێك كردبێ له‌ڕووی پێشكه‌وتنی شارستانیه‌وه.به‌ڵام لێره‌دا پرسیارێك سه‌رهه‌ڵده‌دات ئایا هه‌موو لێكۆلینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی كه به‌راوردكردنی تێدا بێت وه‌كو به‌راوردكردنی دوو نووسه‌ر یا دوو ژانری ئه‌ده‌بی به ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری داده‌نرێت؟ لێره‌دا ده‌ڵێین نه‌خێر ، چونكه به‌راوردكردنی دوو ئه‌ده‌ب ئه‌و كاته ده‌بێته به‌راوردكردنێكی زانستی كه به‌ندوباری مێژوویی له‌نێوان هه‌ردوو ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌كه هه‌بێت و كاریگه‌ریان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه هه‌بێت. به‌مه هه‌موو لایه‌نه‌كانمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ی؟ و چۆن؟ و له‌كوێوه؟ ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌ییمان كه‌وتۆته به‌ر هێزی كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی بێگانه.
كه‌واته ده‌توانین بڵێین لێكۆلینه‌وه‌ی به‌راوردكاری بریتییه له لێكۆلینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی له ڕووی په‌یوه‌ندی مێژوویی ئه‌م ئه‌ده‌به‌وه به ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌كانی تر.لێره‌دا مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ هه‌یه ئه‌ویش ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تییه.بێگومان هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌سه‌ناییه‌تی خۆی هه‌یه و كه پێی له‌میلله‌تانی تر جیاده‌كرێته‌وه، چونكه خاسیه‌ت و ڕه‌گه‌زی تایبه‌تی خۆی هه‌یه كه له‌ناو میلله‌تانی تر پێی ده‌ناسرێته‌وه .جا ئه‌ده‌بی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك په‌ره ناسێنێ و گه‌شه‌ناسێنێ گه‌ر ده‌رگای به‌ڕووی ئه‌ده‌بی پێشكه‌وتووی میلله‌تانی تر نه‌كاته‌وه پێیانه‌وه كاریگه‌ر نه‌بێت. هه‌موو كه‌سێك و هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك به خۆشی بێت یاخود به‌ناخۆشی ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری كه‌سانی تر و نه‌ته‌وه‌ی تر ئه‌مه شتێكی به‌ڵگه نه‌ویسته ،به‌ڵام ئه‌وه‌ش نابێ له‌بیر بكرێت كه ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی له ده‌ست بدات .
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی ئه‌ده‌ب بكه‌ین ده‌بینین هه‌ر له‌كۆنه‌وه ئه‌م كاریگه‌ریه هه‌بووه.بۆیه به‌شێوه‌یه‌كی زه‌ق و به‌رچاو ئه‌گه‌ر سه‌یری كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی بكه‌ین و قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی باس بكه‌ین ناچارین وه‌كو هه‌موو باس و خواسێكی تری ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی و كۆمه‌لایه‌تی و ئایینی و گه‌ردوونزانی ..هتد بگه‌رێینه‌وه بۆ لای یۆنان(گریك) و ڕۆمان(لاتین). هه‌رچه‌نده ئه‌مه باسی ئێمه نییه ،به‌ڵام بۆ زیاتر ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م باسه و په‌یوه‌ندی پته‌وی به ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی باس بكه‌ین.
كاتێك له‌ساڵی(146پ.ز) كه ده‌وڵه‌تی یۆنان به‌هۆی نه‌هامه‌تی و شلۆقی و دارزانی ناوه‌خویی به‌رامبه‌ر ڕۆمانه‌كان ڕوخان ،به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ووردی سه‌یر بكه‌ین ده‌بینین یۆنانه‌كان هه‌ر ته‌نها له بواری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا ڕووخان ،چونكه له بواری رۆشنبیری و شارستانییه‌ت و هاوشانیان نه‌بوو. ئیدی له هه‌موو بواره‌كانه‌وه به ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی وڕه‌وشتناسی و ڕۆشنبیری گشتییه‌وه كارێكی زۆریان له ڕۆمانه‌كان كرد. به‌ڵام ڕۆمانه‌كان له ڕووی هێزی ده‌سه‌ڵاته‌وه هاو شانیان نه‌بوو. بۆیه (هۆراس 85-8 پ.ز) شاعیری ڕۆمانی ده‌ڵێ( بكه‌ونه دوای نمونه‌كانی یۆنان ، به‌شه‌و بكه‌ونه سه‌ر پاشماوه‌كانیان ،به‌ڕۆژ بكه‌ونه سه‌ر پاشماوه‌كانیان) . به‌مه‌ش ڕۆمانه‌كان هه‌ڵسان به لاسایی كردنه‌وه‌ی یۆنانییه‌كان و به‌مه‌ش خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به‌بواری خۆیان كرد‌و ده‌وڵه‌مه‌ندیان كرد له‌هه‌موو بوارێك. ئه‌م هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵایه پیرۆزه‌ی ڕۆمانه‌كان نمونه‌یه‌كی سه‌ره‌تای ئه‌ده‌بی به‌راوردكارییه.
له‌سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست تا ده‌گاته سه‌ده‌ی پانزه‌هه‌م واته له‌نێوانی ساڵه‌كانی(1395-1452ز) ده‌سه‌ڵاتی كلێسا هه‌موو بواره‌كانی ژیانی گرتبوویه‌وه .له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی ئه‌وروپا ده‌سه‌ڵاتێكی باڵای هه‌بوو و زمانی لاتینیش زمانی هه‌موو بواره‌كان بوو بۆ نووسین و خوێندنه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه گۆرینه‌وه‌ی رۆشنبیری زۆر بوو له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا و هه‌ندێك به هه‌ندێك كاریگه‌ر بوون.
له‌سه‌رده‌می ڕێنینسانس ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی ڕێره‌وی به‌ره‌و ئه‌ده‌بی یۆنانی و ڕۆمانی بوو. ئه‌مه‌ش ده‌رچوونێكی جدیانه بوو له كۆت و زنجیری سه‌ده‌ی ناوه‌راست و ده‌سه‌ڵاتی كلێسا له‌م سه‌رده‌مه پیاوانی ئه‌ده‌ب گه‌ڕانه‌وه بۆ تیۆری لاسایی كردنه‌وه ، لاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كۆن(یۆنان و ڕۆمان) هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه له فه‌ره‌نسا كۆمه‌ڵه‌یه‌ك دروست بوو به‌ناوی( كۆمه‌ڵه‌ی پیرۆ-لاپلیاد-الپریا) ئه‌م تاقمه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌و بڕوایه‌دا بوون كه ده‌بێ زمانی فه‌ره‌نسی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی خنكێنه‌ری لاتینیدا رزگاری ببێ.ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه له حه‌وت كه‌س پێكهاتبوون( رۆنسار،دوبیللی،رێمی بیلۆ،گۆدل،دۆرا،بایف،بلیتی) سه‌رۆكی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه (رۆنسار) بوو.
ئه‌مانه كه‌لاسایی پێشینانیان ده‌كرده‌وه كوێرانه لاساییان نه‌ده‌كرده‌وه ،یا هه‌ر بۆ به‌جێگه‌یاندنی ره‌وشێكی ئه‌ده‌بی ئه‌وسا نه‌یان ده‌كرد. بۆیه ملیان دابوویه لاسایی كردنه‌وه ،چونكه هه‌ستی ناسكی خۆیان ووریاكردبویه‌وه كه كۆنینه به‌هه‌مێكی پوخت و ڕوخته.(دوبیللی) ڕه‌خنه‌گر ده‌یگوت(به‌بێ لاسایی كردنه‌وه‌ی یۆنان و رۆمانی ناتوانین زمانه‌كه‌مان به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ین) هه‌روه‌ها وای به‌چاك ده‌زانی له‌كاتی خوێندنه‌وه‌و شت وه‌رگرتندا یا له‌كاتی به‌راوردكردنی ئه‌ده‌بیدا پشت به‌وه‌رگێڕان نه‌به‌سترێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رچه‌ند وه‌رگێرانه‌كه پوخت و روخت بێت پڕ به‌پێستی ده‌قه بنه‌ڕه‌تیه‌كه نابێت، به‌ڵام لێره‌دا ئێمه ده‌ڵێن وه‌رگێران هۆیه‌كی گرنگی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریه، چونكه به‌وه‌رگێرانه‌وه ده‌توانین ئاشنا بین به‌ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌كی تر ،به‌ڵام وه‌رگێرانیش ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی زانستی بێت . وه‌رگێران زۆر پێویسته له‌ناو هه‌موو میلله‌تان به هۆی ئه‌مه‌وه هه‌موو زانستێك به‌ره‌و پێش ده‌چێت چونكه هه‌موو كه‌سێك زمانی دووه‌م نازانێت بۆیه وه‌رگێران وامان لێده‌كات شاره‌زابین.
له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا سه‌ده‌ی ده‌ركه‌وتنی ڕێبازه جۆر به‌جۆره‌كانی هونه‌رو ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت و زانیاری .دیارده‌ی كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی هێنده‌ی تر گه‌شه‌ی كرد‌و به‌ره‌و پێشه‌وه چوو . ئه‌مانه هه‌موو سوودیان له‌یه‌كتر وه‌رگرت سوودیان به‌یه‌كتر گه‌یاند زۆر بیروڕاو زۆر ڕێبازی جیاواز‌و گه‌لێ نووسه‌ری گه‌وره له‌م مه‌یدانه هاتنه كایه‌وه .
خاتوو(مه‌دام دیستایل)(1766-1817ز) كه گه‌وره‌ترین لایه‌نگیری رێبازی رۆمانتیكی/فه‌ره‌نسا بوو. كاریگه‌ر بوو به فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمان و ره‌خنه‌گرانی .هه‌وڵیدا به‌هۆی تێگه‌یشتنی باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه له ئه‌ده‌ب بگات. ده‌یگوت(ئه‌ده‌ب ئاوێنه‌ی كۆمه‌ڵه) له‌باسكردن و شیكردنه‌وه‌و چه‌سپاندنی ئه‌م باوه‌ڕه‌یدا زۆرجار نمونه‌ی به ئه‌ده‌بی بێگانه ده‌هێنایه‌وه، واته لێكۆڵینه‌وه‌كانی په‌لیان به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی و ئه‌ده‌بی بێگانه ده‌كێشا.هه‌ندێ جار ده‌ستی ده‌خسته سه‌ر دیارده‌ی كاریگه‌ری ئه‌ده‌ب و چون یه‌كی و لێكچوونی ئه‌ده‌به‌كانی لێك ده‌دایه‌وه و هۆی لێكچوونه‌كه‌شی ده‌رده‌خست. هێرشی بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌برد كه بایه‌خیان به‌ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌كانی تر نه‌ده‌دا. ئه‌م خانمه ده‌ورێكی بالای هه‌بوو له ناساندنی ئه‌ده‌بی جه‌رمه‌نی به فه‌ره‌نسا و ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی به جه‌رمه‌نستان.ئه‌وه‌ی له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ته‌كانێكی زۆر به‌گوڕی به گه‌ڵاڵه بوونی بنه‌ماكانی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریدا ئه‌وه بوو دیارده‌ی به‌راوردكردنی زانستی هه‌موو مه‌یدانێكی بیری مرۆڤایه‌تی گرته‌وه.
له‌م كورته مێژووه‌ی سه‌ره‌وه‌دا بۆمان به‌دیارده‌كه‌وێ كه كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌سه‌ر یه‌كتری چ گوڕوتینێكی به پێشكه‌وتنی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی داوه و ده‌وڵه‌مه‌ندی كردووه. ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی كه له‌ڕۆژئاوا به‌رچاوه بنه‌ڕه‌ته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مانه كه هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌رگایان واڵاكردبوو به‌روِوی هونه‌رو زانست و ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌كانی تر به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆیان له‌بیر بكه‌ن، چونكه ئه‌م كاریگه‌ر بوونه بۆ پێشكه‌وتن و به‌ره‌وپێش بردنی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕه‌سه‌نه.
ئه‌م جۆره ئه‌ده‌به تا ئه‌مرۆ وه‌كو هه‌موو زانسته‌كانی تر جێگای خۆی گرتووه و ڕه‌گی خۆی داكوتاوه و سنوری خۆی كێشاوه‌و ده‌ورێكی گه‌وره‌ش ده‌بینێ له په‌ره‌پێدانی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی جیهانی و گه‌شانه‌وه و نه‌شونماكردنی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی. ئه‌م زانسته له ووڵاته پێشكه‌وتووه‌كان خراوه‌ته ناو پرۆگرامی خوێندن و له قوتابخانه‌كاندا به‌شێوه‌ی وانه ده‌گوترێته‌وه له ووڵاتێكی وه‌كو فه‌ره‌نسا هه‌ر له قۆناغی ئاماده‌یی و زانكۆ شانبه‌شانی ڕێزمان و ئه‌ده‌ب و ڕه‌ونبێژی ده‌خوێندرێت.
له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا به‌راستی جێگه‌ی داخه تا ئێستا بایه‌خێكی وا به‌م زانسته نه‌دراوه چ له‌بواری دانانی كتێب و له بواری پرۆگرامی خوێندن له قۆناغه‌كانی خوێندندا.تاكو ته‌را هه‌وڵ هه‌بووه‌و هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه زۆر كه‌مه بۆ ناساندن و چه‌سپاندنی ئه‌م زانسته پڕ به‌هایه له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا. له‌كۆتایی سالانی هه‌فتاكاندا مامۆستای گه‌وره (د.عزیز گه‌ردی)هه‌ر زوو هه‌ستی به بۆشایی ئه‌م زانسته‌كردبوو له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا بۆیه له هه‌وڵێكی پڕ بایه‌خدا هه‌ڵساوه به دانانی كتێبێك له‌سه‌ر ئه‌م زانسته به‌شێوه‌یه‌كی زانستی هه‌ڵسا به‌ناساندنی ئه‌م زانسته به‌كورد.هه‌روه‌ها له‌ناو لاپه‌ڕه‌كانی گۆڤاری (ڕامان)یش چه‌ندین هه‌وڵ هه‌یه كه جێگای ده‌ست خۆشیه.
ڕه‌نگه هه‌ندێك كه‌س لاسایی كردنه‌وه و كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر به حه‌رام بزانن و دژی ئه‌وه بن و هه‌ر خۆیان به‌ئه‌ده‌بی ڕه‌سه‌ن ببه‌ستنه‌وه .ئه‌م بیر‌و ڕایه زۆر هه‌ڵه‌یه و ده‌بێته هۆی دواكه‌وتنی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕۆژ به ڕۆژ ئه‌م ئه‌ده‌به(ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی) به‌ره‌و لاواز بوون و سیس بوون ده‌چێت. ئێمه ناڵێین با به‌شێوه‌یه‌كی كوێرانه لاسایی ئه‌ده‌بی بێگانه بكرێته‌وه و ده‌رگا واڵا بكه‌ین و ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی فه‌رامۆش بكه‌ین به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و بۆ پێشخستنی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی بێت ، به‌ڵام سوود وره‌گرتن له ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر كه به‌ندوباری مێژوویی له‌نێوانیان هه‌بێت(بۆ ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری) به‌راستی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یی پێ گه‌شه ده‌كات و ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌كات.
لێردا بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م بیروڕایه‌ی سه‌ره‌وه نمونه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌هێنمه‌وه.سه‌رهه‌ڵدانی قۆناغی نوێبوونه‌وه (تازه‌گه‌ری، رۆمانتیك) له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا ده‌گه‌رێته‌وه بۆ كاریگه‌ربوون به‌ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر كه به‌ندوباری مێژوویی له‌نێوانیاندا هه‌بووه.كاتێك هه‌ندێك ڕوناكبیری وه‌كو(پیره‌مێرد) و (زێوه‌ر) ده‌چن بۆ ئه‌سته‌نبول و له‌وێ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌خوێندن و ئاشنا ده‌بن به ئه‌ده‌بی بێگانه كه ئه‌ده‌بێكی پێشكه‌وتوو بوو و ئه‌ویش ئه‌ده‌بی توركی بوو. ئه‌ده‌بی توركیش به‌هۆی ئه‌و ڕۆشنفكرانه‌ی كه له‌فه‌ره‌نسا ده‌ژیان و كاریگه‌ر بوون به ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی .بۆیه ئه‌م دوو منه‌وه‌ره كه ده‌گه‌رێنه‌وه به‌خۆیان و هه‌گبه‌یه‌كی پڕ له‌زانیاری و نوێخوازی ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی دروست كرد.دواتر چه‌ندان لاوی تری وه‌كو (شێخ نوری و گۆران و رشید نجیب…هتد) یاخی ده‌بن به‌هۆی كاریگه‌ریان به‌ئه‌ده‌بی توركی و بێگانه، چونكه هه‌ریه‌ك له‌مانه چه‌ند زمانێكیان ده‌زانی و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌یان ده‌خوێنده‌وه به‌مه‌ش كاریگه‌ربوون و یاخی بوون و شۆرشێكی ئه‌ده‌بیان به‌رپاكرد.به‌مه‌ش جۆره ڕێباز‌و ئه‌ده‌بێكی نوێیان له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردی هێناكایه‌وه كه به رێبازی ڕۆمانتیكی ناسرا.
له‌م نمونه‌ی سه‌ره‌وه بۆمان به‌دیار ده‌كه‌وێت كه ئاشنابوون به ئه‌ده‌بی بێگانه چ كاریگه‌ریه‌كی هه‌یه. ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان نییه بڵێین لاسایی ئه‌ده‌بی بێگانه بكه‌ینه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی كوێرانه، نه‌خێر ده‌مانه‌وێ گه‌ر لاسایش بكرێته‌وه له سنووری كاریگه‌ری تێنه‌په‌ڕێ و به‌شێوه‌یه‌كی داهێنه‌رانه بێت، چونكه لاسایی كردنه‌وه هیچ داهێنانێكی تێدانییه جا بۆ به‌ره‌و پێش بردنی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وایه‌تی و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پێویسته كاریگه‌ربوونه‌كه و لاسایی كردنه‌وه‌كه داهێنه‌رانه بێت. ده‌بێت شتێك دابهێنیت له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌ده‌بی پێشتر ئه‌ویش به‌یاخی بوون له یاسا‌و ڕێساكانی ئه‌ده‌بی پێشتر بێگومان ناوه‌ڕۆكی یاخییبوون داهێنانی هونه‌ری نوێ و بیری نوێیه.
ئه‌م زانسته ده‌بێت بایه‌خێكی زۆری پێ بدرێت، چونكه ده‌یان شتی هاوبه‌ش هه‌یه له‌نێوان نه‌ته‌وه‌یه‌ك و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر له‌رێگای ئه‌م زانسته‌وه ده‌توانین په‌ی به‌م شته شاراوانه به‌رین.میلله‌تی كورد وه‌كو هه‌موو میلله‌تانی تر به‌ندوباری مێژوویی له‌گه‌ڵ چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌یه(بێگومان ئه‌مه مه‌رجی ئه‌ده‌بی به‌راوردكارییه) وه‌كو عه‌ره‌ب و فارس و تورك. ئه‌مانه زۆر له‌كورد نزیك بوونه و ته‌نانه‌ت چه‌ندان ساڵ وه‌كو داگیركه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان سه‌پاندووه به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان بێگومان له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌ڵساون بیر‌و ڕۆشنبیرو كلتور‌و فه‌رهه‌نگی خۆشیان سه‌پاندووه تاكو میلله‌تی كورد بتوێننه‌وه له‌ناو خۆیاندا. بۆیه ئه‌مه كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان له‌ناو ئه‌ده‌ب و فكر‌و كۆمه‌ڵی كوردی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه بۆ نمونه هیچ شاعیری كلاسیكیمان نییه كه شیعریان به زمانانی عه‌ره‌بی و فارسی و توركیش نه‌هۆنیبێته‌وه ته‌نانه‌ت لێهاتوویی شاعیر به‌وه بووه كه شیعری به‌م زمانانه هه‌بێت. بۆیه ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری هه‌ڵده‌ستێ به‌لێكۆلینه‌وه له‌به‌رهه‌می ئه‌وانه‌ی كه كاریگه‌ریان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه هه‌یه و یه‌ك به یه‌كێكی تر كاریگه‌ر بێت.
ئه‌ده‌بی كوردی له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه(1991) به هۆی ئه‌و ئازادییه‌ی كه فه‌راهه‌م بوو ده‌رگای به‌ڕووی دونیای ده‌ره‌ه‌وه‌دا كرده‌وه چه‌ندان ڕۆشنبیر له ده‌ره‌وه گه‌ڕانه‌وه ووڵات كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی گۆڕانێك له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا بێننه‌كایه‌وه .كه‌واته كۆچكردن و ئاواره بوونی نووسه‌رێ یا كۆمه‌ڵه نووسه‌رێ له وولاتێكه‌وه بۆ وولاتێكی تر جا چ به‌هۆی شله‌ژانی باری سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و ئایینی بێت هۆیه‌كی گرنگی ئه‌ده‌بی به‌راوردكارییه.بێگومان ئه‌مانه‌ش ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌كه‌و هه‌روه‌ها كار له‌ئه‌ده‌به‌كه ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش تاكو ئێستا ده‌ورێكی كاریگه‌ری هه‌یه،وه‌كو (فه‌رهاد پیرباڵ) و (به‌ختیار علی) و (مه‌ریوان ووریا قانع) و چه‌ندانی تر كه ده‌یان شتی نوێیان هێناوه‌ته ناو ئه‌ده‌ی كوردی و ده‌ورێكی باشیان هه‌بووه له ئاشناكردنی ئه‌ده‌بی بێگانه به‌كورد و ئه‌ده‌بی كوردی به ده‌ره‌وه به‌مه‌ش گڕوتینێكی زۆریان به‌ڕه‌وتی ئه‌ده‌بی كوردیدا.