
عه‌بدوڵلا په‌شێو قوربانیی مێژووی ئاوه‌ژوو
رووی زه‌مان ره‌ش بێت ، له مه‌ردان رووی كه وه‌رگێڕا ئیتر
دێنه مه‌یدان بڵح و نامه‌رد تێك ده‌ده‌ن ره‌سم و شیعار
( حه‌مدی )
مێژووی كورد له‌ناو كتێبی قوتابخانه‌كاندا و له رۆژنامه‌ی حزبه‌كاندا ، زۆر جیاوازه له‌و مێژووه‌ی هه‌موومان ده‌یزانین . له‌ناو كتێبه‌كاندا هه‌موومان پاڵه‌وانین ، كورد له مێژوویدا نه خیانه‌تی كردووه و نه شه‌ڕی براكان و خاڵۆزاكانیشی هه‌بووه . له‌و مێژووه شیرینه‌دا منداڵه‌كانمان له خه‌ونی پاكیزه‌ییدا خه‌وتوون ، تا هه‌راش ده‌بن و ده‌زانن مێژووی كورد حیكایه‌تێكی درێژ و بێ مانای هاوسه‌رگیرییه له نێوان پاره و سیاسه‌ت ، ده‌سه‌ڵات و خیانه‌ت . ره‌نگه هه‌بن بڵێن مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌سته‌ی سه‌دان ساڵه ناكرێت هێڵێكی چه‌وتی لێبدرێت و تا هێلكه‌ش نه‌شكێندرێت ، كێكی حوكمڕانی ده‌ستناكه‌وێت . منیش پێم وایه مێژووی كورد گه‌ر ژوورێكی تاریكیش بێت ، ئه‌وا ده‌لاقه‌ی روناكی تێدایه ، به‌ڵام قه‌ت ئه‌و ده‌لاقانه ( تاك و ته‌را نه‌بێت ) له‌سه‌ر ده‌ستی سیاسیه‌كان و ده‌سه‌ڵاتداران دروست نه‌كراون ، به‌ڵكو له‌سه‌ر ده‌ستی شاعیره‌كان بووه ، حیكمه‌ت و كه‌رامه‌تی نالی زۆر گه‌وره‌تره له دنیابینی حاكمه‌كانی بابان كه هه‌موو كرده‌ویان بریتی بووه له زووتر رووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵك و په‌یدا كردنی ئه‌و سی هه‌زار تومه‌نه‌ی ده‌یده‌نه والی كرماشان كه له كاتی خیانه‌تی براكانیاندا ده‌یگێڕانه‌وه بۆ حوكم . ته‌قه‌ته‌قی چاپخانه‌كه‌ی حاجی تۆفیقی پیره‌مێرد كاریگه‌رتر بووه له‌و شه‌وه زیكر و ته‌راویحانه‌ی شێخ مه‌حمود به كورده‌كانی ده‌كرد . ئه‌وه ئه‌حمه‌دی خانییه یه‌كه‌م دیكۆمێنتی بیری نه‌ته‌وه‌یی تۆمار ده‌كات . ئه‌وه حاجی قادره باسی گرنگی صه‌حافه و سه‌قافه ده‌كات له‌و كاته‌ی سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان و ئه‌و مه‌لایانه‌ی بازرگانیان به خه‌ڵكی خوا ده‌كرد ، دیوه‌خانانه‌یان له سوڵتانی ئه‌عزه‌می عوسمانلی بۆ بڕابۆوه . ئه‌و فیلمه ره‌ش و سپییه له ئێستادا به ره‌نگاوره‌نگی دوباره ده‌بێته‌وه . به‌ڵام چ ره‌نگێك ، به داخه‌وه فیلمه‌كه له ره‌نگی په‌ڕۆی سه‌ر باره‌گاكان تێپه‌ڕ ناكات ، كه به‌هۆیه‌وه مێژووێك نوسراوه‌ته‌وه و تۆماركراوه دوور و نزیك ناچێته‌وه سه‌ر راستی ، سوپای ئه‌دیبانی مه‌عاشخۆری حزبه‌كان سه‌رقاڵی گه‌وره‌كردنی ئه‌و ئه‌دیبانه‌ن كه هه‌موو توانا و كارامه‌ییان بریتییه له شێواندنی راستییه‌كان و بچووككردنه‌وه و په‌راوێز خستنی ئه‌و ئه‌دیبانه‌ش كه هه‌موو گوناهیان ئه‌وه‌یه پرسیار و گومان له وه‌ڵامه چه‌قبه‌ستووه‌كانی ئه‌و مێژووه بكه‌ن ، كه‌وا به‌سه‌ر منداڵانی قوتابخانه‌كاندا ساغكراوه‌ته‌وه . ئه‌رێ خوێنی ئه‌و هه‌موو قوربانیانه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ له كوێی ئه‌و مێژووه‌دایه ؟ ئه‌و مێژووه باسی زیاتر له ملیۆنێك كورد ناكات په‌راگه‌نده‌ی وڵاتان بوون و چه‌قه چه‌قی ددانیانه‌كانیان له ده‌ریای ئیجه‌دا ، پێ باشتر بوو له شایی و شایلۆغانی ئاهه‌نگی یادی حزبه‌كان ، له راپه‌ڕینه‌وه بڵاوكراوه‌كانی حزب یه‌ك ته‌قه‌ی ناهه‌قی تۆمار نه‌كردووه ، هه‌موو ئاژاوه‌كان ، هه‌موو ناهه‌قیه‌كانیش له ژێر درووشمی كوردایه‌تییه‌وه ئه‌نجامدراوه ! تا راده‌یه‌ك پرسیاری كه‌سوكاری بێسه‌ر و شوێنه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی لێنه‌گه‌ڕێن به‌رده‌وام بن له خه‌باتیان و كاتی به نرخیان بۆ ئه‌و پرسه لاوه‌كییه ته‌رخان بكه‌ن ، هه‌زاران هه‌زار وتار نووسراون ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی خۆڵ بكرێته چاوی ئه‌م میلله‌ته به‌شمه‌ینه‌ته ، ملیۆنه‌ها تیشك خستنه‌سه‌ر و ته‌ئكیدكردنه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه ، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی وێنای دنیایه‌ك بكرێت ، واقیع بشارێته‌وه . گه‌شتی بۆینباخكڕین و پێڵاوكڕینی مه‌سوله‌كان به‌و ئامرازه گۆبلیزیانه‌ی نهارا جهارا به كاری دێنن ، له بڵاوكراوه‌كانی حزبه‌كاندا هێنده پیرۆزن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیسرا و میعراج بووبێ . سه‌یره‌كه‌ش له‌وه‌دایه ئه‌و مێژووه‌ی ئه‌وان ئێستاش ده‌ستگرتن به‌سه‌ر موقه‌ده‌راته‌وه له ژێر درووشمی نه‌ته‌وه‌یی و كوردایه‌تیه‌وه تۆمار ده‌كرێت ! باشه ئه‌دی ئه‌گه‌ر به ئاشكرا باوه‌ڕی خۆت سه‌باره‌ت به‌و مێژووه ده‌ربڕی چیت به‌سه‌ردێ ؟ بێ قه‌ید و شه‌رت چاره‌نووست وه‌ك چاره‌نووسی عه‌بدوڵڵا په‌شێو لێدێت ، به زیندوویی له‌ناو مێژوودا ده‌نێژرێیت ، بایكۆتی نه‌ك به‌رهه‌م و فیكرت ده‌كرێ ، به‌ڵكو كار ده‌په‌ڕێته‌وه ئه‌وه‌ی وه‌كو مردووێكیش ناوت نه‌هێنرێت ، چه‌ندین ساڵه ، په‌شێو له‌ناو بڵاوكراوه‌ی حزبه‌كاندا حسێبی مردووشی بۆ ناكرێت ! چونكه شیعر و فیكری په‌شێو وه‌ك ئه‌وه‌ی دراوێك بێت ، له‌و بازاڕه هیچی پێنایه‌ت . گرفتی ئه‌و شاعیره ئه‌وه‌یه گه‌ر دراویش بێت ، دراوێكی یه‌كڕووه ، دوو ڕوو نییه .
من په‌شێوم نه‌ناسیوه ، ناشمه‌وێت بیناسم . نه‌مدیوه ، ناشمه‌وێت بیبینم ، ره‌نگه له‌گه‌ڵ نرخی ئیبداعیی شیعره سیاسییه‌كانیشی ناكۆك بم و له رووی شیعرییه‌تی شیعره‌كانییه‌وه چه‌ندین تێبینیم هه‌بێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ش نه‌نووسم گله‌ییم لێناكرێت ، گله‌یی له ئه‌دیبانی هاوته‌مه‌نی ئه‌و و نه‌وه‌ی ئه‌و ده‌كرێت كه هیچیان تاوه‌كو ئێستا نقه‌یان نه‌هاتووه ، له به‌رانبه‌ر ئه‌و په‌راوێز خستنه‌ی په‌شێودا مێشیان میوان نییه ! خۆ له‌وانه‌شه هه‌ندێكیان به ئاژاوه‌گێڕ و تێكده‌ری كاروانی كوردایه‌تی بزانن و به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی له قه‌ڵه‌م بده‌ن بۆ سه‌ر ئه‌زموونه ساواكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و ئاماده‌شبن تیشك بخه‌نه سه‌ر ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی شیعره‌كانی په‌شێو به‌سه‌ر بارودۆخی كوردستاندا هێناویه‌تی ! شاعیری هاو نه‌وه‌ی په‌شێو هه‌یه ، ئاماده‌یه شیعر له‌سه‌ر ف‌ت‌ق و مایه‌سیری مه‌سوله‌كان بنووسێت ، كه‌چی ئاماده نییه ستوونێك بۆ په‌شێو پڕكاته‌وه ، ، هه‌موو گوناهی په‌شێو ئه‌وه‌یه ، نمونه‌یه‌كی جوانی ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه به هه‌ڵچوونێكی شاعیرانه گومان له راستی مێژوویان ده‌كات . به توڕه‌بوونێك كه زۆر له توڕه‌یی منداڵێك ده‌چێت كاتێ باوكی غه‌در له دایكی ده‌كا : هاوار بۆ نه‌هێشتنی ناهه‌قی ده‌كات . په‌شێو له راستگۆیی هه‌ولێرییه‌كان ده‌چێ ، له دووری بیست مه‌تره‌وه له روخساریدایه خۆشی پێتدێ یان نا ؟ ماسك نابه‌ستێت و به لۆچه‌كانی خۆی رازییه . ئاماده نه‌بووه قژی بۆیاخێكی ره‌شی باینجانی بكات و ببێته خه‌بیری مكیاژ له یه‌كێك له ده‌زگاكانی حزبدا . نه‌یتوانی به شیعر درۆ بكات و له دڵیشدا تۆبه بكا ، نه‌یویست خۆی نه‌بێت . نه‌چووه سه‌ر ئامێری كۆپی و دیزاین تا به مقه‌ست لێواره زیاده‌كانی ببڕن . رووتیی سه‌ر كاغه‌زی پێباشتر بوو له بۆینباخی زه‌رد و سه‌وز و چاكه‌تی گیرفان گه‌وره . به‌سته‌ڵه‌كی ئۆرۆپای پێ گه‌رمتر بوو ، له هه‌ڵمی نانێكی دزراو . برسێتی هه‌ڵبژارد و نه‌بووه هه‌ریسه‌خۆری كوشتنی حوسێنه‌كان . په‌شێو فرمێسكی زۆری رشت و ده‌سه‌ڵات سه‌تڵ سه‌تڵ كردییه ناو موبه‌ڕیده‌كانی ئیعلامه مه‌ركه‌زییه‌كانه‌وه ، په‌شێو هاواری زۆری كرد و ده‌سه‌ڵات قیژه قیژه خستییه ناو مۆنتاربۆی سه‌ربانی باره‌گاكانی لا كۆڵانه‌وه . په‌شێوێك كه به‌ر له دروستبوونی زۆربه‌ی حزبه‌كانی كوردستان شاعیر بووه به‌روانگه‌یه‌كی كرمییانه ده‌یانه‌وێ ناو و به‌رهه‌می په‌شێو وه‌لابنێن !
من قه‌ت كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوومه ، باوه‌ڕیشم وایه نه‌ته‌وه ته‌نیا بازنه‌یه‌كی گه‌وره‌تره له هۆز و عه‌شیره‌ت ، به‌ڵام گه‌ر بێینه سه‌ر نیشتمان په‌روه‌ری : كێ هێنده‌ی په‌شێو كورد بووه ؟ له په‌نجا ساڵی رابردوودا كه‌سێكم پێ بڵێن هێنده‌ی ئه‌و به جوانی و مه‌ردایه‌تی كوردانی هه‌ڵدابێت . گه‌ردێكی ئه‌خلاقی و ماددی و مه‌عنه‌وی ئه‌و پیاوه بخه‌نه روو ؟ یه‌ك به هه‌زار قبوڵمانه ، تێبینیه‌ك له‌سه‌ر په‌شێو بدۆزنه‌وه و میلله‌ت له هه‌زار گوناحی حزبه‌كان خۆش ده‌بێ . تاكه شت له هه‌موو ژیاندا مارف خه‌زنه‌دار و عزه‌دین مسته‌فا ره‌سولی كۆكردبێته‌وه ته‌نیا شاعیر بوونی په‌شێو بووه ، كه هه‌ردووكیان پێشه‌كییان بۆ دیوانه‌كانی نووسیوه ! له تاریكترین ده‌یه‌ی شیعری كوردی كه بریتییه له ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ، په‌شێو تاكه چرا و ته‌نیا دره‌وشانه‌وه بووه . پیاوێك ئه‌و هه‌موو فرمێسكه‌ی بۆ كوردستان رژاندبێت ، مافی تانكه‌رێكی نه‌وتی قاچاغیشی نییه به مانشێتێك له رۆژنامه‌كانی حزبدا ناوی بێت ؟ له نیوه‌شه‌واندا مانكێتی لاپه‌ڕه‌یك هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆینباخی كونسوڵی توركی باش ده‌رنه‌چووه ، یان مه‌سولێك له گه‌شتی سه‌عات سێ و نیوی دوای نیوه‌ی شه‌و به فڕۆكه‌یه‌كی هێڵی توركیش ئێرلاین ته‌شریفی موباره‌كی هێنایه‌وه خاكی هه‌رێم و پێویسته بكرێته هه‌واڵی ته‌شریفات .. كه‌چی په‌شێوێك ئه‌و كاته‌ی بڕیاریشیدا كه‌سێكی خۆشبوێ هه‌ر ده‌بوایه ناوی ( كوردستان ) بێت ، كه‌چی له لاپه‌ڕه‌ی نه‌عییشدا له ته‌ندرووستی پرسیار ناكرێت . بێئومێدم له‌وه‌ی سوپای ئه‌دیبانی بێ ئه‌ده‌بیان ته‌سریح بكرێن و بیاننێرن بۆ سه‌رژمێری ژماره‌ی قوربانیانی شه‌ڕی ناوخۆ ؟ بێئومێدم له‌وه‌ی زه‌عیمه موفه‌داكان ، گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ راستیدا ببه‌ستن و پاره ته‌ڵاق بده‌ن ؟
به‌ڕاست .. بیرم نه‌بوو ئه‌وه بڵێم كه ره‌نگه په‌شێو پێش هه‌مووان له من توڕه بێت ، له‌وه‌ی پێم ناخۆشه بایكۆت بكرێت و گله‌یی ئه‌وه‌ش له من بكات كه به چ رووێك داوا ده‌كه‌م بخرێته مێژووێكه‌وه كه ئه‌و به زبڵدانیشی نازانێت !
له‌ته‌ك په‌شێودا .. من بێبه‌ریم له‌و مێژووه‌ی ئه‌وان و تا ماویشم خه‌ون به چوونه ناوییه‌وه نابینم :
اللهم قد بلغت .. اللهم فاشهد .
ته‌ڵعه‌ت تاهیر